گوتاری پەروەردەیی؛ زمان و نەتەوەسازی لە هەرێمی کوردستان

هەرچەند سیستەمە فێرکارییەکان زیاتر بە شێوەی پەرت و لێکبڵاو دەبینرێن، بەڵام وەک هەر سیستەمێکی دیکە، کۆمەڵەیەکی پێچەڵاون لە بەشە بەرانبەر بە یەکەکان کە ناسنامەیەکی گشتیی هاوبەش پێک دێنن و لە گوتارێکی پەروەردەییدا دەکەونە ڕوو. هەر بۆیە، ئەوەی لە بەشێک ڕوو دەدات، کار دەکاتە سەر بەشەکانی دیکەیش. پەروەردە لە هەر وڵاتێک، بناغەیە بۆ خەمڵاندن و گەشەپێدانی زمان، ناسنامە، ڕۆشنبیری، زانست و تێڕوانینە ئەرێنییەکان لە خود. خەڵکانی هەر وڵاتێک لە ڕێگه‌ی پەروەردەوە و بە هۆی دەقە پەروەردەیی –فێرکارییەکانەوە تێکەڵ بە جیهانی زانست و زانیارییەکان دەبن و ڕۆشنبیرییان گەشە دەکات. کەواتە، گوتاری پەروەردە پێوەندییەکی ڕاستەوخۆی بە پرۆسەکانی نەتەوەسازی و پێشکەوتنەوە هەیە، چونکە قوتابخانە و دامەزراوە کۆمەڵایەتییە گرنگەکانی تر، بە هۆی گوتار و پێوەندییە گوتارییەکانەوە دادەمەزرێن. پرسیارەکە ئەوەیە کە لە هەرێمی کوردستان گوتاری پەروەردە، چەندە لە خزمەت پرۆسەی نەتەوەسازیدایە؟ یان گەلۆ، وەک پێویست دەوری خۆی بینیوە؟ دەقە پەروەردەییەکان چەندە ڕەوان و پاراو و تۆکمەن و، چ جۆر مەعریفەیەک بڵاو دەکەنەوە؟

شیکردنەوەی گوتاری پەروەردە

شیکردنەوەی گوتار و بابەتی پەروەردە و فێرکردن، بە شێوەیەی لۆژیکی، دوو بواری بەکارهێنانیان هەیە. یەکیان دەکرێ بە تاووتوێکردن و گوتاری وانەگوتنەوە، وەک بەشێک لە تاووتوێکردنی زمانی فەرمییەوە خەریک بێت و لە بەرانبەردا، ئەوەی دیکەیان لەبارەی گوتار و پێوەندییەوە، وەک بەشێک لە باسەکانی پلانێکی وانەیی لەبارەی زمانی دایکەوە، یان زمانی بیانییەوە، بە فێرکردنەوە خەریک بێت. لە بواری یەکەمدا، واتە تاووتوێکردنی گوتار لە پۆلەکانی خوێندندا، دوو بابەت دێنە ئاراوە: یەکیان کارلێککردنی ئاخاوتنی ناو پۆل لە نێوان مامۆستایان و قوتابییاندایە، کە لە کۆتایییەکانی دەیەی ١٩٦٠دا، بوو به‌ بابەتی سەرەکیی توێژینەوە لە زانستە کۆمەڵایەتییەکاندا و، ئەوەی دیکەیان تاووتوێکردنی پێکهاتەی گوتار لە دەقە نووسراوە فێرکارییەکاندایە کە زیاتر "کتێبە وانەیییەکان" و باسە پێوەندیدارەکان بەوانەوە دەگرێتەوە. کەواتە فێرکردن لە قوتابخانە و زانکۆکاندا ئاخاوتنیانە و نووسراویانەیە (ڤاندایک، ١٩٨١:٢).

سەبارەت بە بواری دووەم، واتە وانەدانەوەی گوتار و پێوەندی، زیادکردنی ئاستی تواناییی پێوەندیکردنی قوتابییان لە ڕێگه‌ی بەرزکردنەوەی ئاستی توانایییان لە جۆرە جیاوازەکانی گوتار و، لە ئەنجامدا زیادکردنی تواناییی ئەرکیی متبووی زمانە (هالیدەی، ١٩٧٨: ٥٧). لە لایەکی دیکەیشەوە، تیۆریی گوتار شیکاری، دەکرێ وەک بەشێک لە دەورەیەکی فێرکردنی زمان، یان زمانناسی سەیر بکرێت کە دەستوور و ئەدەبیاتی ئەو زمانەیش دەگرێتەوە. ئەو بوارەی لەم وتارەدا دەمەوێت شیی بکەمەوە، لقی تاووتوێکردنی پێکهاتەی گوتار لە دەقە نووسراوە فێرکارییەکاندایە کە زیاتر "کتێبە وانەیییەکان" و باسە پێوەندیدارەکان بەوانەوە دەگرێتەوە (مایکل استابز، ١٣٨٦:٤٦).

زمانناسیی پەروەردەیی لە سیستەمی پەروەردەدا

سیستەمی پەروەردە و فێرکردنی قوتابخانە و زانکۆکان لە سێ بواردا لەگەڵ مەسەلەی زمان بەرەوڕوون:

  1. فێربوونی زمان و فێرکردنی کارامەیی/شارەزایییە زمانییەکان
  2. فێربوونی زانستەکان لە ڕێگه‌ی زمانەوە: فێرکردنی زانست لە ڕێگه‌ی جۆری زانستیی زمانەوە: زمان ئامرازی سەرەکیی دانانی کتێبە وانەیییەکان، هەروەها بابەتی وانەگوتنەوەیە.
  3. پەروەردەکردنی ڕۆشنبیری-کۆمەڵایەتی لە ڕێگه‌ی زمانەوە: پەروەردەکردنی هێزی مرۆیی و خاوەن داهێنان، کە دەبێ بتوانێت لە ڕێگه‌ی گوتن و نووسینەوەی چالاکییەکانی خۆیەوە پلان دابنێت و، خەریکی بەرهەمهێنان و پەرەپێدانی فکر و ڕۆشنبیری بێت.

لە بابەت خاڵی یەکەمەوە، فێربوونی زمان و فێرکردنی کارامەیی/شارەزایییە زمانییەکان (پلاندانان بۆ زمان و سیاسەتی زمانی، وشەفێرکردن، ڕێزمانی فێرکردن، توێژینەوە بەراوردییەکان، بارودۆخی زمانی کوردی، کتێبی خوێندن بە زمانی کوردی، زانیاریی مامۆستاکان لەسەر زمانی کوردی و گرنگیپێدان بە شکۆی زمانەکە) دەگرێتەوە.

لە بابەت "فێربوونی زانست لە ڕێگه‌ی زمانەوە"، شەش تەوەر شایانی گرنگیپێدانن:

  1. زمان و بیر
  2. زمان و ئیستدلال (بەڵگاندن)
  3. زمان و درکپێکردن
  4. بەکارهێنانی جۆری زانستیی زمان لە گفتوگۆکاندا
  5. بەکارهێنانی جۆری زانستیی زمان لە داڕشتنی دەقە زانستییەکاندا
  6. بەکارهێنانی بنەما زمانناسییەکانی دەق لە دانانی کتێبە وانەیییەکاندا

لە بابەت خاڵی سێیەم (پەروەردەکردنی ڕۆشنبیری-کۆمەڵایەتی لە ڕێگەی زمانەوە)، کە لەسەرەوە ئاماژەم پێ کرد، بە بۆچوونی هاڵیدەی (١٩٧٨:١٢) لاوازیی بنەڕەتیی قوتابخانەکان لەوەدایە کە پێوەندیی زمان و کۆمەڵ، ناناسن و جیا ناکەنەوە کە گشت تیۆری و ئەرکی پەروەردە و فێرکردن، بەندە بە پێوەندیی نێوان زمان و خەڵکەوە، وەک هەبوونێکی کۆمەڵایەتی.

بۆیە سەبارەت بە خاڵی سێیەم، واتە "ئەرکی ڕۆشنبیریی و پەروەردەیی زمان" شەش تەوەر جێگه‌ی تێڕامانن:

  1. ڕۆڵی زمان لە پتەوکردنی ناسنامەی نەتەوەیی
  2. ڕۆڵی ڕەگەزایەتیی زمان
  3. شێوازەکانی پێوەندیکردنی زمانی (زمانی فەرمی، ڕێزدارانە، خۆمانە)
  4. زمان و داهێنان
  5. ڕۆڵی زمان لە پلاندانانی چالاکییەکانی ڕۆژانە (خۆڕێکخەری Self-regulation، خۆبەڕێوەبەری Self-managing و خۆنرخاندن Self-assessment)
  6. ڕۆڵی زمان لە گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیریی تاک و کۆمەڵ

 

کتێبە پەروەردەیییەکان لە ڕووی داڕشتن و ڕێکخستنەوە

یەکێک لە گرینگترین و باوترین سەرچاوەکانی مسۆگەربوونی فێربوونێکی کاریگەر و بەردەوام، کتێبە فێرکارییەکانن. ئەم کتێبانە توانیویانە لە پاڵ ڕاگەیەنە ئینتەرنێتی و ئەلیکترۆنییەکاندا، هەروا گرنگیی خۆیان بپارێزن. لە ئێستادا "بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پرۆگرام و چاپەمەنییەکان"ی سەربە وەزارەتی پەروەردە، بەرپرسی توێژینەوە، پلاندانان و هەڵسەنگاندنی کتێبە فێرکارییەکانە. "دەقە پەروەردیی- فێرکارییەکان ئەو کتێبانەن کە بەپێی پلانێکی وانەییی دیار و بە ئامانجێکی دیاریکراو لە لایەن دەزگه‌ی پێوەندیداری ڕێگەپێدراوەوە لە وەزارەتی پەروەردە و فێرکردن پەسند و پشتگیری کراون و، لە چوارچێوەی کاتێکی دیاریکراوی فێرکاری و بەپێی پێگە، لقی خوێندن، بارودۆخی زەینیی قوتابییان، ئامادە و چاپ دەکرێن و لە پۆلەکانی خوێندندا دەگوترێنەوە. هەروەها، تاقیکردنەوەیان لەسەر دەکرێت و فێربوونی ناوەڕۆکەی ئەم کتێبانە، ئەنجامەکەی وەرگرتنی بڕاوانامەیە" (سازمان پژوهش و برنامەریزی آموزشی دفتر انتشارات کمک آموزشی. ص٣).

  1. هەر بەشێکی کتێبێک، دەبێت بۆ کەرتی نە زۆر کورت و نە زۆر درێژ دابەش بکرێت و، بابەتەکانی بەپێی ڕیزبەندییەکی لۆژیکی دابنرێن.
  2. هەر کەرتێک بۆ چەند پاراگرافێکی نە کورت و نە درێژ دابەش بکرێن و، پێوەندییەکی لۆژیکی لە دانانیان و ریزکردنیاندا هەبێت.
  3. هەر پاراگرافێک خۆیشی بە شێوەیەکی ڕێکخراو نووسرابێت و ڕستە پشتیوانەکان بە شێوەیەکی گونجاو و باش، پشتگیریی ڕستەی بابەتەکە بکەن. بۆ ئەوەی هەم تێگەیشتنی بابەتەکە بۆ قوتابی ئاسان بێت، هەمیش یارمەتیی قوتابی بدات کە بابەتەکان و چەمکەکان بە ڕێزبەندییەکی لۆژیکییانە بەبیر بێننەوە و لەبەری بەکەن.
  4. ڕستەکان زۆر ڕوون و ئاشکرا بن و ژمارەی ڕستە کورتەکان لە ڕستە درێژەکان زیاتر نەبێت. لە قۆناغی سەرەتاییدا ڕستەی ٦ تا ٧ وشەیی، لە قۆناغی ناوەندیدا تا ١٥ وشە و لە قۆناغی دواناوەندیدا ٢٥ یان ٣٠ وشە گونجاوە (یونسکۆ، ڕاپۆرتی لینگۆپاکس، ١٩٩٧).
  5. ئەو وشانەی بۆ شرۆڤەکردنی چەمک و بابەتەکان بەکار دەبردرێن، دەبێت لە سنووری توانای زمان فێربوونی قوتابییانی قۆناغە جیاوازەکاندا بن.

بەپێی بۆچوونی کەسانی وەک "چاپلین مایێرز" (٢٠٠٦) و "بیچ" (٢٠٠٩) ناوەڕۆکی دەقێک بۆ چەند پاراگرافێک دابەش دەکرێت بۆ ئەوەی بابەتە جیاوازەکان لێك جیا بکاتەوە. لە ڕووی پێکهاتەیییەوە هەر پاراگرافێک لە ڕستەیەکی بابەت، چەند ڕستەیەکی سەرەکی و لاوەکی پێک دێت. ڕستەی بابەت هەمان بیرۆکەی سەرەکیی پاراگرافەکەیە کە لەنێو ئەو پاراگرافەدا فراوان دەبێت و پانتای زانیارییەکانی ئەو پاراگرافە سنووردار دەکات. ئەم ڕستەیە، بناغەی ئەو زانیارییانەیە کە لە پاراگرافێکدا دێتە بەرچاو. ڕستەی بابەت، پێویستە بە شێوەیەکی پوخت و تەواو لە پاراگرافەکەدا ڕوون بکرێتەوە. ئەرکی ڕستەکانی دیکە لە پاراگرافەکەدا فراوانکردنی بیرۆکە سەرەکییەکەیە، کە لە ڕستەی بابەتدا هاتووە. بیرۆکە سەرەکییەکە، دەکرێ لە سەرەتا، یان کۆتاییی ڕستەی بابەتدا بێت، بەڵام باشترە لە کۆتاییی ڕستەکەدا بێت. بەم کارە، نووسەر دەتوانێ زانیارییە ناپێوەندیدارەکان لە دەقەکەدا لا بدات و خوێنەریش بەئاسانی و بەخێرایی، دەزانێت کە چ زانیاریگەلێک بڕیارە لە پاراگرافەکەدا بخرێنە ڕوو.

جگە لە ڕستەی بابەت، ڕستەکانی دیکەی پاراگرافەکە ڕستەی سەرەکی و ناسەره‌کی پێکی دێنن. ڕستەی سەرەکی، ئەو بیرۆکانەن کە بە شێوەی ڕاستەوخۆ ڕستەی بابەت ڕوون دەکەنەوە و، ڕستە ناسەرەکییەکانیش ڕستە سەرەکییەکان ڕوون دەکەنەوە. ڕستە سەرەکی و ناسەرەکییەکان بۆ پشتیوانیکردن لە ڕستەی بابەت و فراوانکردنی بە نموونەکان، وردەکارییەکان، چیرۆک، زانیاری، فاکت، ئامار و ژمارەکان بابەتەکە زیاتر ڕوون دەکەنەوە.

زمانی دایک لە دەقە فێرکاری – پەروەردەیییەکان لە هەرێمی کوردستاندا

پاشی ٢٦ساڵ لە تەمەنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، یەکێک لەو گرفتانەی لە پێشدا قوتابییانی کورد و، پاشانیش مامۆستا و دایک و باوکان پێیەوە دەناڵێنن، زمانی داڕشتنی دەقە فێرکاری-پەروەردەیییەکانە.

هەر دەقێکی فێرکاری-پەروەردەیی، چەند تایبەتمەندییەکی خۆی هەیە: کاغەزێکی باشی هەبێت، بەرگ و قەبارە و لاپەڕەکانی لەگەڵ تەمەنی قوتابییەکان و ئامانجی نووسینی دەقەکە گونجاو بێت، فۆنت و پیتەکانی بەباشی بخوێندرێنەوە و شێوازی نووسینەکەیان سادە بێت. تایبەتمەندییەکی گرنگی دیکەیش ئەوەیە کە دەقی پەروەردەیی، زمانێکی زانستیی هەیە و هەر ئەم تایبەتمەندییەیش لە دەقە ئەدەبی و ڕۆژنامەیییەکانی جیا دەکاتەوە.

 ئامانجی نووسین و داڕشتنی هەر دەقێکی زانستی، دەرکپێکردن و تێگەیشتنی دەقەکەیە. هەرلەبەر ئەمە، چۆنێتیی داڕشتنی لە ڕووی هەڵبژاردنی وشە، ڕیزکردنیان و دروستکردنی ڕستە و پاراگرافی شیاوی تێگەیشتن و ناوەرۆکی بەپێز لە دەرهێنانی دەقێکی تۆکمەدا گرنگە. ئاگاداریی نووسەران و دانەرانی دەقە فێرکاری-پەروەردەیییەکان لە ئامرازەکانی تۆکمەکردنی دەقی فێرکاری لە ڕووی چەندی و چۆنییەوە، وا دەکات کە بەرانبەر بە پێویستییەکانی خوێنەر و وەرگرانی خۆیان هەستیارتر و بەرپرسیارتر بن و دەقی پوخت و بەپێز بەرهەم بهێنن. لە ئەنجامیشدا پەیامە زانستییەکەیان بە شێوەیەکی کاریگەر، بگا بە زەینی خوێنەران و، زانست و شارەزایییە مەعریفییەکانیان پەروەردە بکات.

"زۆربەی وڵاتانی پێشکەوتووی جیهان سەرەتا زانست بە زمانی دایک لە یەکتر تێ دەگەیەنن و پاشان دەیکەن بە زمانی نێودەوڵەتی... ئاشکرایە کە وەرگرتن و گەیاندنی زانست بە زمانی دایک، بەخێرایی و ئاسانییەکی لەڕاددەبەدەرەوە دەکرێت (شکوهی، جلال و حسین نیا، عبدالحمید (١٣٧٢:١٨٩-١٩٤)." بە بۆچوونی ویدۆوسن (1979) چەمک و لێکۆڵینەوە زانستییەکان پێڕەوێکی کەلتووریی دووەم دروست دەکەن کە لە پێڕەوە کەلتوورییە سەرەتایییەکە جیایە. ڕاستییه‌كه‌ی، پێڕەوی کەلتووریی سەرەتایی لە پێوەندی لەگەڵ کۆمەڵەکاندا جیاوازە و هەر تاکێک لە هەر کۆمەڵەیەک شێوەی جیاوازی ژیان، باوەڕ، سەرقاڵیی زەینی، نرخاندنی پێشەکی هەیە، کە لەو کەلتوورە سەرەتایییەوە هاتووە کە ئەو کۆمەڵە تێیدا دەژی. بەڵام وەک زانای بوارێکی زانستی، کەلتوورێکی هاوبەشی لەگەڵ زاناکانی دیکەی هاوڕشتەی خۆی هەیە لە تەواوی دونیادا.

بۆ ئێستای کوردستان و لە پرۆسەی نەتەوەسازیدا، گرنگە کە بتوانین زانست خۆماڵی بکەین؛ واتە بە زمانی کوردی، دەقە زانستییەکان بە شێوەیەکی پاراو و ئاسان داڕێژین. ئەگەر زانست بە زمانی بێگانە و دەستەواژەی بیانی وەرگرین، پێویستیمان بە بیرکردنەوەی زانستی لە چوارچێوەی ئەو زمانەدا دەبێت. پێکهاتەی زمانی دەقەکان کە وشە، ڕستە و پاراگرافەکان پێکی دێنن، جۆری زانستیی زمانی دەق و لایەنی که‌لتووری- کۆمەڵایەتییەکەی بەناتەواوی و کرچوکاڵی چەندین ساڵە دەرخواردی منداڵانی کورد دەدرێ، بەبێ ئەوەی هیچ پلانێکی زانستی، زمانی و سیاسی بۆ ئەم مەسەلەیە لە ئارادا بێت.                          

بۆ سەلماندنی ئەم بانگه‌شه‌یه‌، نموونەیەک لە دەقی وانەی سێیەمی کتێبی "پەروەردەی ئیسلامی بۆ پۆلی هەشتەمی بنەڕەتی" کە چاپی یەکەمی لە سالی ٢٠١٥ به‌ ژمارەی سپاردنی (٣٧٦) و تیراژی (١١٠٣٠٠) دانە لە لایەن وازارەتی پەروەردە، بەڕێوەبەرایه‌تیی گشتیی پرۆگرام و چاپەمەنییەکانەوە بڵاو کراوەتەوە، دەخەمە ڕوو(دەقەکە، دەقاودەق وەک خۆی بڵاو دەکەمەوە).

نموونەی دەقێکی پەروەردەیی

"وانەی سێیەم

دوای مردنی مرۆڤ چ شتێک بەسوودە

پێغەمبەر (د.خ) فەرموویەتی: ((إِذامات ابن آدم انقطع عملە الا من ثلاث صدقة جاریة أو علم ینتفع بە أو ولد صالح یدعو له

واتە: مرۆڤ دوای مردنی دادەبڕێ لە دونیا و هیچ کردارێکی بۆ نامێنێت تەنها لە سیانیان ئەوانیش: چاکەی نەبڕاوەیە، وەک تەرخانکردنی بەرهەمی باغەکەی بۆ خواردنی هەژاران، یان خانوویەک بۆ نیشتەجێبوونی هەژارێک، یان کەم دەرامەتێک، کەبەردەوام سوودی لێ وەردەگرێت، دووەمیان سوود وەرگرتن لە زانست وزانیاری هەرکەسێک دوای مردنی بەبێ کەمکردنەوەی پاداشتی چاکەکەی لە دونیاو دواڕۆژدا بەردەکەوێت، سێیەمیان پاڕانەوەو نزای وەچەیەکی سوودمەندن بۆ کەسی مردوو کە پێغەمبەر (د.خ) فەرموویەتی: "وَلَدٌ صَالِحٌ یَدْعُو لَهُ." مرۆڤی بێ سوود نە بایەخ بەخۆی ونە بە دایکی وباوکی دەدات، ئەمەش ئاماژەیە بەگرینگیدان بە پەروەردەی ڕاستەقینەی منداڵان، تاسوود بەخش بن  لەژیان و دوای مردنی کە پێغەمبەر(د.خ) ئاماژەی پێکردووە نزا بۆ باوک و دایک لەدوای کەسانی دیکە لەخزمان، باشترە لەوەی پاداشتی پەرستش بۆ بکەی، لەبەر ئەوەی پێغەمبەر (د.خ)نەی فەرمووە وەچەیەکی چاک نوێژو ڕۆژو...(لاپەڕە ١٢)"[کۆتایی نموونەکە].

شیکردنەوەی دەقەکە

لە وتارێکی ئاوادا مەجالی لێکدانەوەیەکی وردم نییە. بەڵام بەکورتی چەند خاڵێک لەبارەی کتێبەکەوە باس دەکەم، پاشان دێمە سەر ئەو دەقەی سەرەوە. یەکەم، ناوەرۆکەکەی لە دوو وەرزدا دابەش کردووە؛ کە دەبێ بڵێم کتێب بە وەرز دابەش ناکرێ. ئەوە، دەبوو لە کتێبی ڕێبەری مامۆستادا ئاماژەی پێ بکرابایە. دیارە مەبەستی لە وەرز، کۆرسەکانی خوێندنە و لە هەر وەرزێکدا چەند وانەیەک کۆ کراونەتەوە.  بابەتی گشتین و دابەشکردنیان بە شێوەی بەش-بەش نییە، کە هەر بەشە ناونیشانێکی گشتیی هەبێت و وانەی پێوەندیدار بەو بەشە بگرێتە خۆی. دووەم، کتێبەکە لە سەرەتادا، هیچ شتێکی بۆ مامۆستا، قوتابی و دایک و بابەکانی لەبارەی ناوەرۆکی کتێبەکەوە تێدا نییە؛ هەر بە چاوخشانێک، دەزانرێ کە گشتین و ئامانجێکی تایبەتیان نییە. بەگشتی، کتێبەکە دەبوایە دابەش بکرێت و هەر بەشێک ناونیشانی خۆی هەبوایە و هەر وانەیەکیش لە پێوەندی لەگەڵ بەشەکەدا ناونیشانی تایبەت بە خۆی هەبوایە.

ئەوجا لەبارەی دەقەکەی وەک نادەق لە سەرەوە بە نموونە هێنامەوە، پێویستە بڵێم پێکهاتەی هەر دەقێک بەگشتی لە سێ بەش پێک دێت: ناونیشان، سەرەتا، جەستە و ئەنجامی دەقەکە. بۆ شیکردنەوەی دەقەکە لە ناونیشانەکەیەوە دەست پێ دەکەم، پاشان لە دوو لایەنی فۆرم و ناوەرۆکەوە بەکورتی شیی دەکەمەوە.

 یەکەم، ناونیشانەکە پرسیارە، بەڵام هیچ نیشانەیەکی پرسیاریی نییە (دوای مردنی مرۆڤ چ شتێک بەسوودە؟).

دووەم، هەر ناونیشانەکە لە خۆیدا لێڵە و، نازانین سوودمەندییەکە بۆ مردووەکە دەگەڕێتەوە، یان بۆ کەسانی دیکە. کە دەکرا ''ئەنجامی کردارەکانی مرۆڤ لە پاش مەرگی"، یان "ئەو شتانەی لە پاش مردن لە مرۆڤ دانابڕێن"، بوایە.

سەبارەت بە دەقەکە، ئەم وانەیە لەسەر ئەم فەرموودەیەی پێغەمبەری ئیسلام[د.خ] دانراوە. "إِذَا مَاتَ ابن آدم انْقَطَعَ عَمَلُهُ إِلَّا مِنْ ثَلَاثٍ صَدَقَةٌ جَارِیَةٌ أو عِلْمٌ یُنْتَفَعُ بِهِ أو وَلَدٌ صَالِحٌ یَدْعُو لَهُ" واتە، کاتێ کە مرۆڤ دەمرێ لە [لە هەموو] کردارەکانی دادەبڕێ جگە لە سێیان [کە هەر وا لەگەڵی دەبن]؛ چاکەی نەبڕاوە، زانستی سوودمەند و ئەولادێکی چاک کە نزای بۆ دەکات).

بەبێ سەرەتا و بەبێ وەرگێڕانی دەقاودەق بۆ ئەوەی قوتابی لێی تێ بگات، بە زمانێکی غەیری زمانی دایکی دەست پێ دەکات کە تەنانەت سەر و ژێر و بۆریشی بۆ وشە عەرەبییەکان نەکردووە.  کە دەکرا دەقەکەی بە سەرەتایەکی نەرم و چیرۆکئاسا دەست پێ بکات. هەر لەسەر بنەمای ئەو فەرموودەیە، دەقەکەی بەسەر سێ ناونیشان دابەش کردبایە.

  1. چاکەی نەبڕاوە: لێرەدا ئاماژەی بە دروستکردنی قوتابخانە، خەستەخانە و وەقف کردبایە و ئەو نموونانەی خۆیشی هێناونییەتەوە. لەگەڵ واقعی ژیانی منداڵ بە نموونەی چیرۆکییانە، تێگەیشتنی قوتابیی ئاسان بکردبایە.
  2. زانستی سوودمەند: وەک ئەو کەسەی چارەسەریی نەخۆشییەکی درێژخایەن دەدۆزێتەوە، داهێنانێکی زانستیی سوودمەن بۆ مرۆڤایەتی دەکات، دەقێکی فێرکاری و ڕەوشتمەندانە بۆ پەروەردەی مرۆڤایەتی دەنووسێ.
  3. پاڕانەوەی ئەولادی چاک: ئەولادی باش پەروەردەکراو و پێگەیەنراو، کە بەرهەمی پەروەردەکاری و خزمەتی دایک و باوکانە. کە بە نموونە چیرۆکییانە جوان و سەرنجڕاکێش ڕوون کرابانەوە. ئەوجا فەرموودەکە بە عەرەبی هاتبایە.

لەم دەقەدا سەر و بنی ڕستەکان دیار نییە و دوور درێژن. خاڵبەندی ڕەچاو نەکراوە. ئامرازەکانی ئاماژەدانەوە و لکاندنی دەقەکەی ناتەواون. بە زمانی زانستی و خوێندەوارانە نەنووسراوە و، بە شێوەی ئاخاوتن و زارەکییە. سەیر ئەوەیە ئەم پاراگرافە هەر بێ ئەنجام و بێ ئەوەی ڕستەی ئەنجامی هەبێ، بچڕاوە، کە بیری قوتابی هەڵدەواسێ و بەو هەموو ڕستە ناپێوەندیدارە، قوتابی بە سەرلێشێواوی بەجێ دێڵێت.

لە ئەنجامدا، ئەم کتێبە و زۆربەی کتێبە پەروەردەیییەکانی هەرێمی کوردستان کە بە کوردی نووسراون، لە لایەک دەریدەخەن کە لە چوارچێوەی سیاسەتێکی کەلتووری، پەروەردەیی و زمانیدا کار نەکراوە. پاش ئەوەندە ساڵ، ئەو کتێبانە هەروا بەناتەواوی و بەو زمانە دەرخواردی قوتابی دراون و، ئەمەیش لە پێشدا بەسەر زمانی کوردیدا شکاوەتەوە و، وایشیان قاو کردووە کە زمانی کوردی لاوازە و توانای گەیاندنی پەیامی زانستیی نییە و، پاشانیش قوتابی و مامۆستای تووشی سەرلێشێوان کردووە. ئەوە لە كاتێکدایە کە خوێندن بە زمانی کوردی لە حوجرەکانەوە گەشەی کرد و ئەوانەی لە داڕشتنی کەسایەتیی نەتەوەییدا ڕۆڵیان هەبوو وەکخانی، خانا قوبادی و نالی و حاجی قادر لەم مەکتەبانەوە پەروەردە بوون و، جگە لەوەیش ئێستایش کوردیزانی زۆر بەتوانا لەناو پیاوانی ئایینی و مەلاکانی کوردستاندا هەن. بە دەقی ئاوا و بەم شێوە پەروەردە کردنە هەم ناسنامە، هەم زمان و هەم تێگەیشتنی نەتەوەیی بەرهەم نایە و لاواز دەبێت.

لە لایەکی دیکەیشەوە، کەمتەرخەمییەکی گەورەی حزب و لایەنانەکان دەگەیەنێ کە تەنیا بە سیاسەتێکی ڕۆژانەوە خەریکن و پەروەردە و فێرکردنیان لەبیر کردووە. بەتایبەتی، ئەو حزبه‌ ئیسلامییانەی کە زۆر، بەردی پەروەدە لە سینگی خۆیان دەدەن.

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples