هۆکارەکانی شکستهێنانی فیدرالیزم لە عێراقدا

پاش دەیان ساڵ لە ئەزموونی حوکمڕانیی شکستخواردوو و سیستەمی حکوومەتی سادە، یان یەکبوو لە عێراق، پاش دەیان ساڵ لە شۆڕش و بەرخۆدانی گەلی کورد لەم وڵاتە، سەرەنجام ڕژێمی بەعس کە هێمای سیستەمێکی فەرمانڕەواییی خۆسەپێنەر و نادیموکراتی بوو، لە ٩/٤/٢٠٠٣ بە دەستی هێزی دەرەکی ڕووخا و،  شکستی هێنا. هاوکات لەگەڵ ئەم گۆڕانکارییە تازەیە، گەلانی عێراق هیوایەکی نوێیان وەبەر هاتەوە، بەو ئومێدەی بتوانن لەژێر سێبەری هەلومەرجی نوێ و بە پاڵپشتیی کۆمەڵگه‌ی نێودەوڵەتی، سیستەمێکی حوکمڕانیی نوێ بنیات بنێن و ئارەزووە بەدینەهاتووەکانیان بەدی بهێنن، کە یەک لەوانەیش چەسپاندنی سیستەمی فیدرالی بوو.

بەڵام ئێستا، پاش ١٣ ساڵ لەو هەلومەرجە و چەسپاندنی فیدرالیزم لە دەستووری ساڵی ٢٠٠٥، هێشتا حوبری دەستوورەکە وشک نەببووه‌وە، کە پیشێڵکردنی دەستی پێ کرد. پاش ١١ ساڵ لە بەرکاربوونی دەستوور، ئێستا ئەو پرسیارە لای زۆر کەس هاتۆتە ئاراوە، کە بۆچی فیدرالیزم نەیتوانی لە عێراقدا سەرکەوتوو بێ، لە کاتێکدا کۆمەڵگه‌ی نێودەوڵەتیش تا ڕادەیەکی باش بۆ پیادەکردنی فیدرالیزم لە عێراقدا، هاوکار بوون؟ نهێنیی شکستهێنانی ئەم ئەزموونە نوێیە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە چیدایە؟ لێرەدا، بەکورتی هەوڵ دەدەین باس لە کۆمەڵێک لەو فاکتەرانە بکەین، کە بوونەتە هۆی شکستهێنانی فیدرالیزم لەم وڵاتەدا، بەم جۆرەی خوارەوە:

١) بەر لە هەموو شتێک، سەرکەوتنی فیدرالیزم یان هەر بیرۆکەیەکی تر، پێویستیی بەوەیە کە زەمینەیەکی پیتێنراو و شیاو لەبارەی ئەو بیرۆکەیە، لەناو بیر و هزری هەموو تاکەکانی ئەو کۆمەڵگه‌یەدا دروست بکرێت، بۆ ئەوەی هزرەکە بتوانێ لەناو کەشوهەوای شیاوی خۆیدا گەشە و نەشونما بکات. واتە، پێویستە ڕۆشنبیریی تایبەت بە سیستەمی فیدرالی لەناو هەموو چین و توێژ و پێکهاتەکانی کۆمەڵگه‌ی عێراقیدا بڵاو بکرێتەوە و قازانجەکانی ئەم سیستەمە، بۆ خەڵک ڕوون بکرێتەوە. بەڵام ئەوەی لە عێراقدا بینیمان و هەنووکەیش دەیبینین ئەوەیە، تەنیا کوردە کە باس لە فیدرالی دەکات و بە شان و باڵیدا هەڵدەدات، ئەویش بە تامی سەربەخۆیی، واتە لە کوێ بە قازانجی بوو، ئەوا فیدرالیستێکی عەیار بیست و چوارە و، لە کوێیش بە زیانی بوو، ئەوا توخنی ناکەوێت. سەبارەت بە عەرەبی شیعە و سوننەیش، ئەوا نوخبەی سیاسیی شیعە لە سەرەتادا هەتا ماوەیەک باسیان لێوە دەکرد، بەڵام کە دەستیان لە دەسەڵات گیر بوو، ئەوا ئێستا باوەڕیان پێی نەماوە و لە دژی دەوەستنەوە. هەرچەند ئەوانیش لەسەر ئاستی جەماوەری، هیچ ڕۆشنبیرییەکیان لەناو خەڵکدا بڵاو نەدەکردەوە و ڕەشە جەماوەرەکەیان هەر له‌سەر بالۆرەی عێراقی یەکپارچە ڕاهاتبوون. سەبارەت بە عەربی سوننەیش، ئەوا سەرەتا زۆر دژی بوون و هەنووکەیش کە باسی لێوە دەکەن، لە ڕاستیدا مەبەستیان چەسپاندنی فیدرالیزم نییە، بەڵکوو بۆ کەمکردنەوەی گوشاری شیعەیە لەسەر ناوچەکانی سوننە و، تەنیا وەک تاکتیک لەم قۆناغەدا بەکاری دێنن. بۆ سەرکەوتنی فیدرالیزم، پێویستە جۆرێک لە ڕەزامەندیی گشتی لەسەر ئەم سیستەمە هەبێت، کە ئەمەیش بە ناسینی باشتری فیدرالیزم و بڵاوکردنەوەی ڕۆشنبیریی تایبەت بەم بوارە، دێتە دی.

ئەوەی هەنووکە لە عێراقدا دەبینرێت ئەوەیە، کە هێز و لایەنە سیاسییەکان بە گوێرەی پێویست کاریان بۆ ئەم ئامانجە نەکردووە و ڕۆشنبیریی فیدرالیزمیان بڵاو نەکردۆتەوە. بۆیە، زەمینەی لەبار بۆ چەسپاندنی فیدرالیزم لە عێراق لە ئارادا نییە و، وەک پێویست داکۆکیی لێ ناکرێت.

٢) فیدرالیزم سیستەمێکی یاسایییە کە لەسەر بنەمای کۆمەڵێک ڕێسای دەستووری ڕێک دەخرێت بۆ پێکەوەژیانی کۆمەڵێک نەتەوە و ئایین و ئایینزا لە چوارچێوەی یەک وڵاتدا، کە تێیدا دامەزراوە دەستوورییەکانی خۆیان بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری وڵات ڕێک دەخەن. لەم سیستەمەدا، دوو لایەنی سەرەکیی دەسەڵاتداری هەن کە بریتین لە هەرێمەکان و حکوومەتی فیدرالی. لە دەستووری عێراقدا، باس لە دروستکردنی ئەم یەکانە و دامەزراوەکانی کراوە، بەڵام بە کردەوە، پاش ١١ ساڵ، تەنیا هەر یەک هەرێم دروست بوو، کە ئەویش بە شێوەی دیفاکتۆ بوو و، هەوڵەکان بۆ دامەزراندنی هەرێمی دیکە، بەکردەیی لە لایەن حکوومەتی فیدرالییه‌وه‌ شکستیان پێ هێنرا (وەک هەوڵەکانی مالیکی بۆ شکستپێهێنانی دروستبوونی هەرێمی سەلاحەددین و بەسرە). ئەمەیش ئەو ڕاستییەمان بۆ ڕوون دەکاتەوە، ئەوانەی لە بەغدا بە ناوی فیدرالییەت حوکم دەکەن لە ڕاستیدا هەر باوەڕیان پێی نییە، دەنا دەبوایە خۆیان، بۆ پێکهێنانی هەرێمی نوێ لە عێراقدا ئاسانکارییان بکردایە.

هەروا، یەکێکی تر لە تایبەتمەندییەکانی دەسەڵاتی یاسادانانی فیدرالی، دووانەییبوونی دەسەڵاتی یاسادانانە لە نێوان ئەنجوومەنی نوێنەران و ئەنجوومەنی هەرێمەکان، یان ئەنجوومەنی فیدرالی، کە لە بەندی (٦٥)ی دەستووری عێراقدا ئاماژەی پێ کراوە و، ئێستا خراوەتە خانەی فەرامۆشبووەکان. زۆر خاڵی دیکەیش لەم بارەیەوە هەن کە شیاوی هەڵوەستەلەسەرکردنن، کە بۆ درێژنەبوونەوەی وتارەکە باسیان لێوە ناکەین. بەم جۆرە، بۆمان دەردەکەوێ فاکتەرێکی گرنگی سەرکەوتنی هەر کار و پرۆژەیەک، کە ویست و ئیرادەی دەسەڵاتدارانە بۆ سەرخستنی پرۆژە و بەرنامەکانیان، لە عێراقی بەناو فیدرالیدا، بوونی نییە.

٣) فیدرالیزم، واتای بەشداریی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە دەسەڵاتدا دەگەیەنێت، ئەمەیش بە هۆی پەیوەندییەکی خۆویستانە لە نێوان گەل و نەتەوە و پێکهاتەکانی وڵاتدا دێتە دی. هەروا لە نێوان هەرێمەکان و دەسەڵاتی فیدرالیدا، سەرەڕای ئەوەی کە هەر کیانێک سنووری جوگرافیی خۆی هەیە و شوناس و تایبەتمەندیی زمانی و ئایینیی خۆی دەپارێزیت، لە هەمان کاتدا ڕۆڵی تەواوی لە داڕشتن و دروستکردنی بڕیاری سیاسی لە وڵاتدا هەیە، چونکە دەسەڵاتەکان بەپێی کۆمەڵێک بنەما لە دەستووردا ڕێک خراون و هەر یەک لە دەسەڵاتی فیدرالی و هەرێمەکان، سنووری دەسەڵاتەکانیان دیاری کراوە. لە لایەکی ترەوە، دەبێ پابەندی بەو بڕیارانەوه‌ هەبێ، بە مەرجێک کیانی سیستەمەکە پارێزراو بێت، ئەمەیش خۆی لە خۆیدا پێویستیی بەوەیە جۆرێک لە دابەشکردنی دەسەڵاتەکان لە نێوان پێکهاتە جۆراوجۆرەکانی وڵاتدا هەبێت و هەر پێکهاتەیەک لە ڕێگه‌ی کیان و نوێنەرانی خۆیەوە بەشدار بێت و، لە دروستکردنی بڕیار و پابەندبوون بە بڕیارەکاندا ڕۆڵی خۆی ببینێت.

ئەوەی کە لە عێراقی ئەمڕۆدا دەیبینین، نەمانی بەشداریی سیاسیی هەرێم و پێکهاتەکانە لە دروستکردنی بڕیاری سیاسی و، بەئاشکرا پێکهاتەی شیعە، دەسەڵات و دروستکردنی بڕیاری بۆ خۆی مۆنۆپوڵ کردووە و لایەنەکانی دیکەی بەتەواوی خستۆتە پەراوێزەوە.

٤) لە هەر سیستەمێكی فیدرالیدا، ئەوەی کە پێی دەگوترێ حکوومەتی فیدرال، پێویستە لە نێوان هەرێم و پێکهاتە جۆراوجۆرەکانی ئەو وڵاتەدا کیانێکی بێلایەن بێت و، لاگیریی بۆ هیچ هەرێم و پێکهاتەیەک نەبێت. واتە حکوومەتی فیدرالی، دەبێ یەکێتیی نیشتمانی لە وڵاتدا بەدی بهێنێ و لایەنگیریی هیچ شوناس و پێکهاتەیەک نەکات لەسەر حیسابی ئەوی تر. جگە لەمەیش، دەبێ لە چوارچێوەیەکی نیشتمانیی گشتیدا، هەوڵی لێکنزیککردنەوەی پێکهاتەکانی وڵات بدات. لە ئەزموونی عێراقدا ئەوەی کە بینراوە و دەبینرێت، لایەنگیریی حکوومەتی فیدرالییە بۆ پێکهاتەی شیعە، نەک هەر لەسەر حیسابی پێکهاتەکانی تر، بەڵکوو لەسەر بنەمای چەوساندنەوە و ستەمکردن لە ئەوی تر. دەرەنجامی ئەم جۆرە ڕەفتارەیش، بووەتە هۆی نەمانی کەمترین  متمانە لە نێوان هەرێم و پێکهاتەکانی عێراقدا، کە ئەمەیش بەکردەیی، دەوڵەتی عیراقی گەیاندۆتە لێواری هەڵوەشاندنەوە و لەناوچوونی یەکجارەکی و شکستهێنانی لە بەڕێوەبردنی وڵاتدا.

پاش وردبوونەوە لە هۆکارەکانی شکستهێنانی فیدرالیزم لە عێراق، لە کۆتاییدا دەگەینە ئەو ئەنجامەی کە هۆکارەکانی شکستهێنانی سیستەمی فیدرالی، بۆ چوار هۆکاری سەرەکی دەگەڕێنەوە، کە ئەوانەیش بریتین لە:

ا) نەبوونی ڕۆشنبیریی جەماوەری و زمینەی لەبار، بۆ گەشەکردن و چەسپاندنی بیری فیدرالیزم لە عێراقدا.

ب) نەبوونی ویست و ئیرادە لە لایەن دەسەڵاتدارانی عێراق، بۆ چەسپاندنی فیدرالیزم و، وەلاوەنانی بەند و بنەما دەستوورییەکانی پەیوەندیدار بەم بابەتە.

ج) نەمانی بەشداریی سیاسی لەناو سیستەمی سیاسیی عێراق و مۆنۆپۆڵکردنی دەسەڵات و بریاری سیاسی لە لایەن پێکهاتەیەکەوە و پەراوێزکردنی پێکهاتەکانی دیکە. کە ئەمەیش، لەگەڵ ڕۆحی بیرۆکەی فیدرالیزمدا ناگونجێ، کە لەسەر بنەمای دابەشکاریی دەسەڵات لە نێوان هەرێمەکان و ناوەند بنیات نراوە.

د) نەمانی متمانە لە نێوان پێکهاتەکان و هەروا هەرێمەکان و ناوەند، بەوەی کە حکوومەتی فیدرالی نەیتوانیوە لەم بارەیەوە هاوسەنگی بپارێزیت و بێلایەن بێت، بەڵکوو بەپێچەوانەوە، لاگیریی ئاشکرای بۆ پێکهاتەیەکی دیاریکراو هەیە، کە ئەمەیش کاردانەوەی پێکهاتەکانی دیکە و هەرێمی کوردستانی لێ کەوتۆتەوە.

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples