ڕاگەیاندنی یەکلایەنەی جیابوونەوە، لە یاسای نێودەوڵەتیی گشتیدا

پێشەکی

هەروەک دیارە ڕاگەیاندنی جیابوونەوە و سەربەخۆیی لە جیهاندا، شێواز و ڕێگه‌ی جۆراوجۆری هەیە و، هەر نەتەوە و سەرزەوییەک بەپێی دەرفەت و هەلومەرجی خۆی یەک لەو شێوازانە هەڵدەبژێرێت کە بۆی گونجاوترە. یەک لەو شێوازانە، ڕاگەیاندنی یەکلایەنەی جیابوونەوەیە. هەربۆیە، ئەم بابەتە لەناو یاسازانان (فقهاء)ی یاسای نێودەوڵەتی، بووەتە جێگه‌ی گفتوگۆ و مشتومڕی جۆراوجۆر و هەر یەکە، لە گۆشەنیگای خۆیەوە بۆی دەڕوانێت. هەندێک لە یاسازانان، ڕاگەیاندنی یەکلایەنەی جیابوونەوە بە نادروست و پێچەوانەی ڕێسا چەسپاو و فەرمانکەرەکانی یاسای نێودەوڵەتیی لە قەڵەم دەدەن. هەندێکی تر، بەپێچەوانەی دەستەی یەکەم، بە ڕەوای دەزانن و دەڵێن مادام هیچ قەدەغەکردنێکی ڕوون و ئاشکرا بۆ ئەم بابەتە لەناو ڕێساکانی یاسای نێودوەڵەتیدا نییە، ئەوا کارێکی ڕێپێدراوە.

ئەم بابەتە، کاتێک زیاتر بووە مژاری ڕۆژ و جێی گفتوگۆ، کە  هەرێمی کۆسۆڤۆ لە ١٧/٢/٢٠٠٨ بە شێوەیەکی یەکلایەنە و بەبێ گەڕانەوە بۆ دەوڵەتی دایک، واتە سربستان، سەربەخۆییی ڕاگەیاند. سربستان، ڕووسیا و چین بەتوندی دژی ئەم ڕاگەیاندنە وەستانەوە. لەم وتارەدا هەوڵ دەدەین تیشک بخەینە سەر لایەنە جۆراوجۆرەکانی ئەم بابەتە و بەرچاوڕوونی زیاتر بە خوێنەران ببەخشین.

 

بۆچوونە یاسازانییەکان

پرسی جیابوونەوە و ڕاگەیاندنی یەکلایەنەی سەربەخۆیی، یەک لەو بابەتانەیە کە هەر لە کۆنەوە لە لایەن زانایانی یاسای نێودەوڵەتییەوە باس و مشتومڕی زۆری لەسەر کراوە. ئەم پرسە، بەتایبەت پاش ڕاگەیاندنی یەکلایەنەی سەربەخۆییی کۆسۆڤۆ و کێشەی داواکاریی هەرێمی کیبک بۆ جیابوونەوە لە کەنەدا، کەوتە بەرباس. لەم بارەیەوە یاسازانان بەسەر سێ دەستەدا دابەش بوون، کە بەم جۆرە ئاماژەی پێ دەکەین:

١- ناڕەواییی جیابوونەوەی یەکلایەنە لە یاسای نێودەوڵەتی:  هەر لە سەرەتای سەرهەڵدانی دەوڵەت – نەتەوەکان لە سەدەی حەڤدەیەم هەتا ئێستا، دەوڵەتەکان دژایەتیی خۆیان بۆ جیابوونەوەی بەشێک لە وڵاتەکەیان ڕاگەیاندووە و، ئامادە نین شتێکی لەو جۆرە قبووڵ بکەن. ئەم هەڵوێستەی دەوڵەتانی جیهان، بە شێوەیەکی سروشتیی لە بڕیاری ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و ناوەندە دادوەرییەکاندا ڕەنگی داوەتەوە؛ بۆ نموونە دەتوانین ئاماژە بە بۆچوونی کۆمیسیۆنی یاساناسانی  کۆمەڵەی گەلان لە ساڵی ١٩٢٠، سەبارەت بە داواکاریی یەکلایەنەی دانیشتووانی دوورگەی ئالاند و لکاندنەوەیان بە سوید، بكه‌ین. کۆمیسیۆن لەو باوەڕەدا بوو کە مافی چارەی خۆنووسین بنەمایەکی سیاسییە و، نەهاتۆتە ناو یاسای نێودەوڵه‌تیی دانراو.

لایەنگرانی ئەم بۆچوونە، تێڕوانێنێکی تەسکیان هەیە بەرامبەر بە مافی نەتەوە و کەمینەکان بۆ بەکارهێنانی مافی جیابوونەوەیان لە دەوڵەتی دایک، هەربۆیە جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە ئەو دیکۆمێنتە نێودەوڵەتییانەی، کە باس لە مافی چارەی خۆنووسین دەکەن، لەناو خودی دیکۆمێنتەکان، یان لانی کەم لە کۆنووسی گفتوگۆکانیدا، نوێنەری دەوڵەتان جەختیان لەسەر ئەوە کردۆتەوە، کە بەکارهێنانی ئەم مافە، نابێ بە مانای مافی جیابوونەوە و سەربەخۆیی بۆ گرووپە ئێتنییەکان و کەمینەکان لە قەڵەم بدرێت. بۆ وێنە، بەندی (٦) لە بڕیاری ژمارە ١٥١٤ و بڕیاری ژمارە ٢٦٢٥ کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێ:

 " هیچ کام لە بەندەکانی سەرەوە، هاندەری دابەشکردن، یان خەوشدارکردنی لاوەکی، یان به‌تەواوەتی یەکپارچەییی خاک  و، یان یەکگرتووییی سیاسیی دەوڵەتە دەسەڵاتدار و سەربەخۆکان نییە کە نوێنەرایەتیی هەموو گەلانی پەیوەست بە سەرزەویی خۆیان دەکەن بەبێ جیاکاری لە ڕووی نەژاد، بیروباوەڕ، ڕەنگی پێست و هیچ دەلالەتێکی لەو جۆرەیشی نییە".  

تەنانەت، پێویستیی پاراستنی یەکپارچەییی خاک لە دیکۆمێنتەکانی تایبەت بە پاراستنی مافی کەمینەکانیش ئاماژەی پێ کراوە، وەک بڕگەی (٤) لە بەندی (٨)ی ڕاگەیه‌ندراوی کەمینەنەتەوەیی یان ئێتنییەکان، ئایینی و زمانییه‌كان کە لە کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی ١٩٩٢ دەرچووە، هەروا لە بەندی (٢١) لە ڕێککەوتننامەی چوارچێوەی پاراستنی کەمینە نەتەوەیییەکانی ئەنجوومەنی ئەورووپا  لە ساڵی ١٩٩٤.

بە سەرنجدان بەو بەڵگەنامانە، وا دیارە کە هەر جۆرە هەوڵدانێک لە لایەن کەمینەکان یان گرووپە ئێتنی و نەتەوەیییەکان دژ بە یه‌کپارچەییی خاکی دەوڵەت، چ بە شێوازی ئاشتییانە بێت و، چ لە ڕێگه‌ی بەکارهێنانی هێزەوە بێت، قەدەغەیە.

پرۆفیسۆر کرافۆرد و لۆزیۆس وایلد هابێر، کە لە لایەن داواکاری گشتیی کەنەداوە داوایان لێ کرابوو، کە بۆچوونی ڕاوێژکاریی خۆیان لەمەڕ بوون یان نەبوونی مافی جیابوونەوەی کێبک لە کەنەدا بخەنە ڕوو، بەم جۆرە بۆچوونی خۆیان خستە ڕوو: "لە ساڵی (١٩٤٥)ەوە هەتا ئێستا کۆمەڵگه‌ی نێودەوڵەتی، دەربارەی قبووڵکردنی جیابوونەوەی یەکلایەنە، لە گریمانەیەک کە دەوڵەتی پێشوو یان دایک دژی بووبێ، بەتوندی، خۆی بواردووە و، پێشینەی دەوڵەتەکان لەم بارەیەوە ڕوونە".  

 هەربۆیە، لەسەر ئەو بنەمایانەی کە باس کران، بەشێک لە یاساناسان لەو  باوەڕەدان کە یاسای نێودەوڵەتیی هاوچەرخ، مافی جیابوونەوە و دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆ بە کەمینەکان نابەخشێ، بەڵکوو ئەو مافە تەنیا بە سەرزەوییەکانی ژێر دەسەڵاتی کۆلۆنیالیزم، یان ژێر داگیرکاریی دەرەکی دەبەخشێ. ئەوان هەندێ ڕێسای یاسای نێودەوڵەتیی گشتیی وەک "قەدەغەکردنی دەستتێوەردان" و "یەکپارچەییی خاک"، بە بەڵگەی قدەغەبوونی جیابوونەوەی یەکلایەنە دەزانن.

٢) ڕەوایی (قەدەغەنەبوونی) جیابووەنەوەی یەکلایەنە لە یاسای نێودەوڵەتیی گشتی: پێویستە سەرەتا ئاماژە بەو خاڵە بکەین، کە ڕەوابوونی جیابوونەوە لە یاسای نێودەوڵەتی، بەو واتایە نییە کە بەدەر لە دۆخی کۆلۆنیالیزم، لە یاسای نێودەوڵەتیدا ڕێسایەک هەیە، کە ئەم مافە بە گرووپێکی جوداخواز دەدات، کە مافی جیابوونەوەیان لە دەوڵەتی پێشووی خۆیان هەبێت، بەڵکوو چەمکەکە ئەوەیە کە جیابوونەوەی یەکلایەنە لە یاسای نێودەوڵەتیدا قەدەغە نییە و، بە گوتەیەکی باشتر، ڕاستە یاسای نێودەوڵەتی، ڕێگه‌ بە جیابوونەوەی یەکلایەنە نادات، بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە کە جیابوونەوە بە قەدەغە بزانێت. پرۆفیسۆر فرانک دەڵێت: لە یاسای نێودەوڵەتیدا مافی کۆده‌تا نییە، بەڵام لە هەمان کاتدا، نەبوونی ئەم مافە بە واتای قەدەغەبوونی نییە. ئەو دەڵێ، دەبێ جیاوازی دابنێین لە نێوان چەمکەکانی "هەبوونی ماف" و "ڕێپێدراوبوون"، واتە ئەو شتەی کە قەدەغە نییە، ڕێپێدراوە.

هەروەک گوتمان، لایەنگرانی ئاراستەی یەکەم، هەندێ ڕێسای وەک "قەدەغەکردنی دەستێوەردان" و "یەکپارچەییی خاک" لە یاسای نێودەوڵەتیدا، بە بەڵگەی قه‌دەغەبوونی جیابوونەوەی یەکلایەنە دەزانن، بەڵام زانایانی وەک پرۆفیسۆر ژۆرژ ئەبی سەعب و مەلکوم شاو، خویندنەوەیەکی لەو جۆرەیان بۆ ئەم ڕێسایانە نییە و دەڵێن ئەم ڕێسایانە، لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و لە بەرامبەر دەوڵەتانی دیکەدا سەربەخۆیی و یەکپارچەییی خاکیان دەپارێزێت، نەک لە چوارچێوەی پەیوەندی و سنووری ناوخۆییی دەوڵەتاندا. هەروا، دەوڵەتانی دیکە ئەو مافەیان نییە كه‌ مافی چارەی خۆنووسینی خەڵکێک کە لە وڵاتێکی دیکەدا نیشتەجێن، بۆ پێشێلکردنی یەکپارچەییی ئەو دەوڵەتە بەکار بهێنن. هەربۆیە، ئەگەر جیابوونەوە دەرەنجامی دەستێوەدانی دەرەکی بێت، ئەوا بە پێشێلکردنی بڕگەی (٤) لە بەندی (٢)ی چارتی نەتەوە یەکگرتووەکان دادەنرێت، بەڵام ئەگەر جیابوونەوە دەرەنجامی ململانێیەکی تەواو ناوخۆیی بێت، ئەوا بە پێشێلکردنی ئەو ڕێسایانە دانانرێت، چونکە دانیشتووانی ناوخۆی وڵاتێک، ناچار نین ئەو ڕێسایانە لەبەرچاو بگرن.

هەندێک لە لایەنگرانی ئەم بۆچوونە وەک پرۆفیسۆر پلە، بەپێچەوانەی کرافۆرد، لەو باوەڕەدان کە ڕەزامەندیی دەوڵەتی پێشوو مەرج نییە بۆ جیابوونەوە، چونکە ڕەنگە ئەم ڕەزامەندییە هەبێت و، لەوانەیشە نەبێت. بە ڕای پلە، بوونی ڕەزامەندی، تەنیا دەبێتە هۆی بوونی کاریگەریی دەوڵەتی جیابووەوە، وەک چۆن لە حاڵەتی دەوڵەتانی ژێرکۆلۆنیالیزم، دەوڵەتی کۆلۆنیالیست بە هۆی ڕێککەوتنێک، دانی بە سەربەخۆییی دەوڵەتی کۆلۆنیکراودا دەنا. بەڵام هیچ یاساناسێک، بنەمای سەربەخۆییی سەرزەویی کۆلۆنیکراو، بە ڕەزامەندیی دەوڵەتی کۆلۆنیالیست نابەستێتەوە، بەڵکوو سەربەخۆیی، بە دەرەنجامی بەکارهێنانی مافی چارەی خۆنووسین دەزانێ.

پرۆفیسۆر ئەبی سەعب و مەلکوم شاو، وێڕای ڕەخنەگرتنیان لە تێڕوانینی کرافۆرد و وایلدهابر دەربارەی ڕاڤەکردنی پێشینەی دەوڵەتەکان لەسەر جیابوونەوەی یەکلایەنە، جەخت لەسەر ئەم خاڵە دەکەنەوە کە یاسای نێودەوڵەتی، نە جیابوونەوە بەڕەوا دەزانێ و نە قەدەغەیشی دەکات. ئەبی سەعب ڕای گەیاند کە "جیابوونەوە لە بنەڕەتدا دیاردەیەکە و، یاسای نێودەوڵەتی هیچ ڕێسایەکی لەم بارەیەوە نییە". بە ڕای ئەوان، ئەگەر بەشێک لە سەرزەویی دەوڵەتێک لە وڵاتی دایک جیا بووەوە و، سێ فاکتەری دامەزراندنی دەوڵەت واتە حکوومەت، دانیشتووان و خاکی هەبوو، ئەوا دەتوانین وەک دەوڵەت ناوی ببەین. تەنیا مەرجی پێویست بۆ بەڕەواناسینی ئەم سەرەزەوییە، "کاریگەر"بوونیەتی.

هەروا ئەگەر بۆ پێشینەی هەڵسوکەوتی دەوڵەتانی جیهان لەگەڵ ڕاگەیاندنی یەکلایەنەی جیابوونەوە بگەڕێینەوە، ئەوا دەبینین کۆسۆڤۆ وەک نموونەیەکی لەو جۆرە کە لە ١٧/٢/ ٢٠٠٨ بە شێوەی یەکلایەنە سەربەخۆییی ڕاگەیاند، تاکوو ئێستا ٤١ دەوڵەت دانیان بەم سەربەخۆیییەدا ناوە، کە ئەمەیش سەلمێنەری ئەوەیە کە یاسای نێودەوڵەتی بە شێوەیەکی ڕەها، جیابوونەوەی یەکلایەنە بەقەدەغە نازانێت.

٣) پەسندکردنی جیابوونەوەی یەکلایەنە لە کاتی نکۆڵیکردن لە مافە بنەڕەتییە مرۆیییەکان: ماوەیەکە یاساناسانی نێودەوڵەتی، گرووپێکی دیکەیان بۆ دوو گرووپی پێشووی خاوەن مافی چارەنووس زیاد کردووە (دانیشتووانی سەرزەویی ژێردەستەی کۆلۆنیالیزم و دانیشتووانی سەرزەویی ژێر داگیرکاریی دەرەکی) و، پێشینە دادوەرییەکانیش لە چەند بڕیارێکی دەگمەنی خۆیاندا پێشوازییان لەم تیۆرییە کردووە لە یاسای نێودەوڵەتیدا. ئەم گرووپە ئەو کەسانەن، کە مافە بنەڕەتییە مرۆیییەکانیان لە لایەن گرووپی دەسەڵاتدارەوە نکۆڵیی لێ کراوە. واتە حکوومەتی وڵاتێک، نکۆڵیی لە مافی بوونی فیزیکی، یان مافە بنەڕەتییەکانی دیکەی گرووپە ئێتنیی و زمانییەکان دەکات و، ئەوان لە بەشداریی کاریگەر لە بەڕێوەبردنی کاروباری وڵات بێبەش دەکات و بە شێوەیەکی سیسته‌ماتیک جیاکاری دژ بەوان بەکار دەهێنێ. لەم حاڵەتەدا، ئەو گرووپە ژێرستەمە، مافی جیابوونەوە لەو وڵاتە و دروستکردنی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆی هەیە.

جێی باسە، ئەم بۆچوونە لە بڕیاری ژمارە ٢٦٢٥ کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان ئیلهام وەردەگرێت. لەم بڕیارەدا وێڕای لەبەرچاوگرتنی یەکپارچەییی خاک و یەکێتیی سیاسیی دەوڵەتانی ئەندام، پاراستنی یەکپارچەییی خاکی دەوڵەت، بەستراوەتەوە بەوەی کە جیاکاری لە ڕەفتارکردن لەگەڵ هەموو گرووپەکانی ناو وڵات نەکرێت:

" هیچ کام لە بەندەکانی سەرەوە، هاندەری دابەشکردن، یان خەوشدارکردنی لاوەکی، یان بەتەواوەتی یەکپارچەییی خاک  و، یان یەکگرتووییی سیاسیی دەوڵەتە دەسەڵاتدار و سەربەخۆکان نییە کە نوێنەرایەتیی هەموو گەلانی پەیوەست بە سەرزەویی خۆیان دەکەن بەبێ جیاکاری لە ڕووی نەژاد، بیروباوەڕ و ڕەنگی پێست و هیچ دەلالەتێکی لەو جۆرەیشی نییە." 

خاڵی جێی سەرنج ئەوەیە، هەموو ئەو یاساناسانەی کە لە خستنەڕووی بۆچوونی خۆیان بۆ دادگه‌ی باڵای کەنەدا بەشدارییان کردبوو و خاوەن دوو تێڕوانینی جیاواز بوون و پێشتر ئاماژەمان پێ کرد، بەڵام هەر دوو لایان لەسه‌ر دروستبوونی مافی جیابوونەوە و بەکارهێنانی مافی چارەی خۆنووسین لە حاڵەتی پێشێلکردنی مافە بنەڕەتییە مرۆیییەکان، هاوڕا بوون. لەم نێوانەدا تەنیا پرۆفیسۆر کرافۆرد بەڕاشکاوی باسی لە دروستبوونی ئەم مافە نەکردوو، بەڵام دەکرێ بە شێوەی ناڕاستەوخۆ ئەم مافە لە ناوەڕۆکی نووسینەکانیدا هەڵبهێنجرێت.

سەرچاوەی سەرەتاییی ئەم بۆچوونە، بۆ بڕیاری داگه‌ی ئەورووپی بۆ مافەکانی مرۆڤ لە کێشەی لۆزیدۆس دژ بە تورکیا دەگەڕێتەوە، کە ئەمەیش لە ڕاپۆرتی پێشکەشکراو بۆ دادگه‌ی باڵای کەنەدا، بەم جۆرە ڕەنگی داوەتەوە:

" تا ئەم دوایییانە، لە پێشینەی نێودەوڵەتیدا، مافی چارەی خۆنووسین بەکردەوە هاوتای نەهێشتنی کۆلۆنیالیزم بووە. بەڵام لەم ساڵانەی دواییدا، وا دەردەکەوێ هاودەنگییەک دروست بووبێ کە ئەگەر مافی مرۆییی گرووپێک لە خەڵک بە شێوەی بەردەوام و سیسته‌ماتیک پێشێل بکرێت، یان ئەگەر بێت و بەبێ سەرکوت، بە شێوەیەکی گشتی و بەربڵاو و، بە شێوەیەکی نادیموکراتی و جیاکارانە بەشدارییان (لە پێکهاتەی حکوومەت) پێ نەکەن، ئەوا ئەوان دەبنە خاوەنی مافی چارەی خۆنووسین. کەواتە ئەگەر ئەم وەسفە دروست بێت، ئینجا مافی چارەی خۆنووسین ئامرازێکە کە دەتوانین لە دامەزراندنی پێوەرە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ و دیموکراسیدا کەڵکی لێ وەربگرین".

پرۆفیسۆر تۆماس فرانک، مالکوم شاو و ئالن پلە، هەر یەکەیان بەڕاشکاوی لە ڕاپۆرتی خۆیان پشتگیری لە بەدیهاتنی مافی چارەی خۆنووسین لە دۆخە ڕیزپەرەکانی سەرەوە لە یاسای نێودەوڵەتیدا دەکەن. پرۆفیسۆر پلە، بە گێڕانەوە لە پرۆفیسۆر ئانتۆنیۆ کاسسە دەڵێ، ئەگەر مافی بوونی خەڵکێکی ژێرستەم لەناو وڵاتێکدا نکۆڵیی لێ بکرێت، ئەوا لە مافی جیابوونەوە سوودمەند دەبن. پرۆفیسۆر شاویش پاڵپشتیی ئەم بۆچوونە دەکات.

دەکرێت پاساو بۆ جیابوونەوەی یەکلایەنەی کۆسۆڤۆ لە سربستان لەسەر بنەمای "مافی جیابوونەوە بە هۆی نکۆڵی لە مافە بنەڕەتییە مرۆیییەکان" بهێنینەوە. چونکە دەوڵەتی سربستان بە درێژاییی دەیەی ١٩٩٠، بە شێوەی سیسته‌ماتیک مافە مرۆیییەکانی خەڵکی کۆسۆڤۆ و، لەوانەیش مافی ژیانی ئەوانی پێشێل کردووە و دەستێوەردانی ناتۆیش بۆ ڕاگرتنی کوشتاری ئەوان بەپێی تیۆریی "دەستێوەردانی مرۆیی" لێک دەدرێتەوە. ئەم بۆچوونە لە ڕاگەیه‌ندراوی بەفەرمیناسینی دەوڵەتی کۆسۆڤۆ لە لایەن بریتانیا، ئەمەریکا، کەنەدا، سوید و یەکێتیی ئەورووپا (بە شێوەی ناڕاستەوخۆ)، ڕەنگی داوەتەوە. سەرەڕای ئەوەی تا ڕاده‌یەک یەکدەنگی لەبارەی ئەم تیۆرییە لەناو یاساناساندا هەیە، بەڵام ئەم تیۆرییە لە لایەن دەوڵەتەکانەوە پێشوازییەکی زۆری لێ نەکراوە، چونکە تەنیا لەو چەند حاڵەتەدا نەبێ کە ئاماژەمان پێ کرد، دەوڵەتانی دیکە لە ڕاگەیه‌ندراوی بەفەرمیناسینی کۆسۆڤۆ، باسیان لەم تێڕوانینە نەکردووە.

 

ئەنجام

پاش باسکردن و خستنەڕووی بیر و بۆچوونی جیاوازی یاساناسان لەمەڕ ڕاگەیاندنی یەکلایەنەی جیابوونەوە لە یاسای نێودەوڵەتیدا، دەگەینە ئەو ئەنجامە کە دوو بۆچوون و ئاراستەی سەرەکی لەم بارەیەوە هەن. یەکەمیان، مافی جیابوونەوەی یەکلایەنە بەپێچەوانەی ڕێساکانی یاسای نێودەوڵەتی و دژ بە پاراستنی یەکپارچەییی خاکی دەوڵەتان دەزانێت. لە بەرامبەر ئەمەیشدا تێڕوانینی دووەم هەیە، کە دەڵێ یاسای نێودەوڵەتی لەم بارەیەوە بێدەنگە و، بەپێی بنەما یاسایییەکان ئەوەی قەدەغە نەبێ، ڕێپێدراوه‌. هەروا بەم دوایییانەیش، ئاراستەیەکی دیکەیش دروست بووە، کە لە کاتی پێشێلکردنی مافە بنەڕەتییە مرۆیییەکان، مافی جیابوونەوەی یەکلایەنە پەسند دەکات، بەڵام دەوڵەتانی جیهان زۆر بەپارێزەوە هەڵسوکەوت لەگەڵ ئەم ئاراستەیەدا دەکەن. هەستیاریی دەوڵەتان دەربارەی جیابوونەوە و، ترسی ئەوان لە پشتبەستن بە مافی چارەی خۆنووسین، بووەتە هۆی ئەوەی کە تەنانەت ئەنجوومەنی هەرێمیی کۆسۆڤۆیش لە ڕاگەیه‌ندراوی سەربەخۆییدا، بەڕاشکاوی، خۆی لە بەکارهێنانی ئەو دەستەواژەیە بپارێزێت.

 

سەرچاوە:

د. ستار عزیزی، استقلال کوزوو: بررسی مشروعیت جدایی یک جانبە در حقوق بین الملل، مجلە حقوقی، مرکز امور حقوقی معاونت حقوقی و امور مجلس ڕیاست جمهوری، شمارە سی وهشتم، سال ١٣٨٧، صص ١١-٤٥، تهران.

 

 
© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples