ئاییندەى پارێزگاى مووسڵ و چۆنیەتیى دابەشکردنى

لە ڕۆژی شەممە (٥/١١/٢٠١٦)، "پەنێل"ێک لە خانەی هزریی کوردستان بە ناوی "مووسڵ؛ هەڕەشە و دەرفەتەکان" بۆ به‌ڕێزان د. حیسامەددین عەلى گلى، سەرۆکى بەشى زانستە سیاسییەکان، زانکۆى سەلاحەددین، ئاسۆ کەریم، ئەندامی پێشووی پەرلەمانی کوردستان، دکتۆر بڕیار شێرکۆ بابان، پرۆفيسۆری یاریدەدەر، زانکۆی سەلاحەددین، په‌رویز ڕه‌حیم، مامۆستای زانسته‌ سیاسییه‌كان له‌ زانكۆی سه‌لاحه‌ددین و، عەبدولڕەحمان كەريم دەروێش، مامۆستای زانستە سیاسییەكان، زانكۆی سەلاحەددین ڕێک خرا.

ئەمە بەشێکە لەو گوتارەی کە "د. حیسامەددین عەلی گلى" لە "پەنێل"ه‌کەدا و لەژێر ناوی "ئاییندەى پارێزگاى مووسڵ و چۆنیەتیى دابەشکردنى" پیشکەشی کرد.

 

د. حیسامەددین عەلی گلى:

"شەڕى مووسڵ لە دیدگەى جیۆ-ستراتیژیى هەرێمى کوردستانەوە، نابێت تەنیا خۆى لە هەڵکێشاندنى ڕێکخراوى داعش لە ڕووى سەربازییەوە و نەهێشتنى پاشماوە کۆمەڵایتییەکانیدا بنوێنێت، یان شەڕه‌کە تەنیا بریتی بێت لە هەڵکێشاندنى داعش وەکوو هزرێکى تاکڕەوى تەکفیریى شۆڤینى، بەڵکوو شەڕە ڕاستەقینەکەى هەرێمى کوردستان بریتییە لە چۆنیەتیى بەرجەستەکردنى ئاسایشى نەتەوەییى هەرێمى کوردستان، بەو شێوازەى کە چیتر هەڕه‌شەدار نەکرێت ئەگەر جارێکى تر شارى مووسڵ داگیر بکرێت. واتا پرسیارە سەرەکییەکەى ئەم خوێندنەوەیە ئەوەیە:

چۆن دەتوانین ئاسایشى هەرێمى کوردستان لە دیدگەیەکى کوردییەوە، بەرانبەر پارێزگاى نەینەوا، بنیات بنێن؟

بۆ ئەوەى ئەم چۆنێتییە ڕوون بکرێتەوە، پێویستە بزانین کە سیاسەتەکانى ناوەندیى دەوڵەتى عێراق لە ساڵى (1923)وە، لەسەر بیرۆکەى زاڵبوونى زۆرینەیەکى عەرەبى سوننى لەسەر ناوەندى پارێزگاى نەینەوا (شاری مووسڵ) و یەکە ئیدارییەکانى دەوروبەرى دامەزراوە، ئەمە سەرەراى ئەوەى کە ڕێژەى سەرجەم پێکهاتە نەتەوەیی، ئێتنى و ئاینییەکان (پێکهاتە کەلتوورییەکان) زیاترە لە (55%) لە کۆى دانیشتووانى پارێزگاکە. جا بە هۆى سیاسەتە بەردەوامەکانى تەعریبەوە، هەر (9) قەزا و (24) ناحیە (شارۆچكه‌)کانى پارێزگاکە، کەوتنە ژێر ڕکێفى ئەو زۆرینە عەرەبیییه‌وه‌.

ئەم دەرەنجامەیش، لە کۆتاییى هەشتاکانى سەدەى ڕابردوودا بەڕوونى دیار کەوت، بە شێوازیک کە هەموو پێکهاتە نەتەوەیی و ئێتنى و ئایینییەکان، بوونە دیلى بازنەى تایبەتمەندییەکى کەلتوورى (دروستکراو و ئامانجدار)، ئەویش بریتییە لە "ناسنامەى مووسڵاوى". واتا، کردنى ناسنامەى ناوەندى قەزاى مووسڵ بە ناسنامەیەکى گشتگیر بۆ سەرجەم قەزا و ناحیەکانى پارێزگاى نەینەوا لە ڕووى: میراتى کەلتوورى، زمان و ئەکسێنتى عەرەبى، دابونەریتەکان و هتد. ئامانجە هەرە سەرەکییەکەى ئەم سیاسەتەیش خۆى لە ئاوێتەکردنەوەى ناسنامەى هەموو پێکهاتە کەلتوورییەکان لەناو بازنەى (ناسنامەى مووسڵاوى) لە ئاییندەدا، دواى دەرکردنیان لە بازنەى شوناسى کوردستانی بەتایبەتى، دەنوێنێت. بۆ ئەوەى لە کۆتاییدا هەر هەوڵدانێکى کوردى بۆ جیابوونەوە لە عێراق، خودى پارێزگاى نەینەوا نەگرێتەوە.

بەرامبەر ئەم جۆرە سیاسەتە، هەرێمى کوردستان دەتوانێت بەپێچەوانەى سیاسەتەکانى ناوەندى عێراق کار بکات، بۆ ئەوەى بتوانێت ئاسایشى نەتەوەییى کوردستان بپارێزێت. ئەویش لە ڕێگەى دابەشکردنه‌وه‌ى یەکە ئیدارییەکانى پارێزگاى نەینەوا، بەو شێوازەى کە ڕکێفى پێکهاتەى عەرەبى سوننە لە بازنەى ئەو ناوچانە دەرباز نەبێت کە بەکردەوە تێیدا زۆرینەن. پاشان گۆڕینى بارودۆخى هەر کەمینەیەکى کەلتوورى، بۆ ئەوەى ببێتە زۆرینەیەکى کەلتووریى خاوەن دەسەڵات لە چوارچێوەى یەکە ئیدارییەکەى خۆى. بە مانایەکى دیکە، دووبارەدابەشکردنه‌وه‌ى یەکە ئیدارییەکان بەو شێوازەى کە تێیدا هەر یەکەیەکى ئیدارى، لەگەڵ شووناسى پێکهاتە کەلتووییەکەیدا هاوتەریب بێت، شان بە شانى هەبوونى چەند کەمینەیەکى کەلتوورى له ئەو یەكە ئیدارییە. ئەمە لە لایەک، لە لایەکى دیکەوه‌ دووبارەگرێدانى خودى یەکە ئیدارییە که‌لتوورییەکان، بۆ ئەوەى ببێتە پارچەیەک لە هەرێمى کوردستان؛ بە شێوەیەک کەوا هەر یەکەیەکى ئیدارى کەلتوورى، ببێت به خاوەن دەسەڵاتێکى ئیداریى فراوان بێت، بۆ ئەوەى تواناى هەبوونى کەلتوورى خۆى هه‌بێ و، سەربەخۆییی ئیداریى خۆى بپارێزێت، لە هەمان کاتیشدا بتوانێت لە پرۆسەى دروستکردنى بڕیار و جێبەجێکردنى لەناو بازنەى هەرێمى کوردستاندا بەتایبەتى، بەشدار بێت.  

لەژێر تیشکى ئەوەى باسمان کرد، پرسیارێک دێتە گۆڕێ: ئەم دابەشکردنە ئیدارییە لە ڕووى جیۆ-ستراتیژی و ئاسایشى نەتەوەیییەوە، چ سوودێک دەبەخشێتە کورد و کوردستان؟

 دروستکردنى ناوچەى "کەوانەى کوردستان"، دەبێتە قەڵغانێكی ئابووری مەزن کە پێک دێت لە کۆمەڵێک یەکەى ئیداریی که‌لتوورى، کە لەگەڵ ناوەندى هەرێمدا خاوەن پەیوەندییەکى ڕاستەوخۆن. لە هەمان کاتدا، ئەم یەکە ئیدارییانە، بە دوو ڕێگه‌ى سەرەکى بەشدارى لە دروستکردنى بڕیار و جێبەجێکردنیدا دەکەن: یەکەم لە ڕێگەى گۆڕینى سیستەمى سیاسیى هەرێمى کوردستان (ئاستى ماکرۆ Macro) بێت، بەتایبەتى لە ڕێگەى دابەشکردنى پەرلەمانى کوردستان بۆ دوو ئەنجوومەن: یەکێکیان"ئەنجوومەنى نوێنەران" بێت، دووه‌میشیان "ئەنجوومەنى پارێزگاکان" بێت. بەم پێیەیش بە شێوەیەکى یەکسان و دادپەروەرانە، هەموو پێکهاتە ئیدارییەکانى هەرێم بەشدارى لە پرۆسەى یاسادانان و چاودێریکردنیدا دەکەن. دووەمین ڕێگه‌یش بریتییە لە گۆڕینى خودى سیستەمەکە لەسەر ئاستى مایکرۆیش (Micro)، بەتایبەتى لە ڕێگەى پەنابردن بۆ سیستەمى کۆتاى ئێتنى و کۆتاى ئافرەتان، هەروەها پشتبەستن بە دیموکراسیى تەوافقى (Deliberative Democracy) لەناو سنوورى یەکە ئیدارییەکانى (کەوانەى کوردستان) بەتایبەتى؛ چونکە پێکهاتە که‌لتوورى و کۆمەڵایەتییەکانى ئەم ناوچەیه فرەجۆر و فرەوردن، بۆيه ئەگەر بەم ڕێبازە نەبێت، زۆر ئەستەمە دادپەروەرى لەو ناوچانەدا بچەسپێت.

 لە لایەکى ترەوە، ئەم دابەشکردنە ئیدارییە، بەتایبەتى کار لەسەر لاوازکردنەوەى "ناسنامەى مووسڵاوى" و زۆرینە سوننییەکە دەکات بە شێوازێکى فراوان. چونکە ئێمە، بەپێى ئەم دابەشکردنە ئیدارییە، کۆنترۆڵی دەروازە نێودەوڵەتییەکەى پارێزگاى نەینەوا لەگەڵ سووریادا دەکەین (دەروازەى وەلید یان دەروازەى تەنەف)، هەروەها ڕکێفکردنەوەى زۆربەى ڕەگەزەکانى زەمبیلە خۆراکەکەى شارى مووسڵ دەکەین؛ واتا دەشتى نه‌ینەوا و دەشتى هەولێر، هەمووى دەکەوێتە ژێر دەستى ناوەندى هەرێمى کوردستان. ئەم زەمبیلە خۆراکییەیش کە بریتییە لە خۆراکە کشتوکاڵییەکان بەتایبەتى، شان بە شانى ڕەگەزەکانى نەوت و گاز، ئاراستەى کەوانەى کوردستان و بەشەکانى دیکەى کوردستان دەکرێت، بە شێوەیەک کە خودى کەوانەکە هەرێمى کوردستان لە ڕووى ئابوورییەوە قەڵغان دەکات. بەپێچەوانەى ئەم دیمەنە ستراتیژییە، پارێزگاى مووسڵ پاش دابەشکردنەوەى و لە ڕووى ئابوورییەوە زۆر لاواز دەبێت، چونکە به‌رده‌وام پێویستیى بە هەرێمى کوردستان دەبێت بۆ ئەوەى ڕێگەى پێ بدات هەندێ لە پێکهاتەکانى زەمبیلەکەى کەوانەى کوردستانى بەرکەوێت. بۆیە، ئەم پارێزگایە بەبەردەوامى دەکەوێتە ژێر کاریگەریى مەترسیى برسێتى و مەترسیی ئاسایشی لە ناوەندى هەرێمەوە، هەروەها مەترسیى ئاسایشى و کۆمەڵایەتى لە پارێزگاى بەعاج و پارێزگاى تەلەعفەر. بەم شێوازەیش پارێزگاى مووسڵ، هه‌میشه‌ بە پاراستنى ئاسایشى خۆیه‌وه‌ سەرقاڵ دەبێت، چ بەرامبەر هەرێمى کوردستان بێت، چ بەرامبەر پارێزگاى بەعاج و پارێزگاى تەلەعفەر بێت، لەسەر ئاستى ناوەند و درێژخایەن."

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples