بەرایی:
تاوانەکانی داعش لە چەند ساڵی ڕابردوو و، بەتایبەت پاش داگیرکردنی مووسڵ و ڕاگەیاندنی خەلافەتی ئیسلامی لە ساڵی ٢٠١٤، هێندە قێزەون و هەژێنەر بوون کە ویژدانی مرۆڤایەتییان بەتەواوی بریندار کرد. کردار و ناوەڕۆکی ئەم گرووپە تیرۆریستییە، لەم چەند ساڵەی دوایی، بەردەوام جێگەی باس و گفتوگۆ بووە. ڕەفتارەکانی بە ڕادەیەک نالۆژیکی و دژ بە پێوەر و بەها مرۆیییەکانی سەردەم بوون، کە بە هیچ جۆرێک لە لایەن کۆمەڵگهی نێودەوڵەتییەوە پەسند ناکرێن. هەر لە سۆنگەی ئەم هەڵسوکەوتانەیش بوو، کە لە ١٥/٨/٢٠١٤ ئەنجوومەنی ئاسایش بە دەرکردنی بڕیاری ژمارە (٢١٧٠) جەختی لەسەر ئیدانەکردنی ڕێکخستنی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام کردەوە، بەرەی نوسرە هەروا ئەو تاک و گرووپ و دامودەزگه و کیانانەی کە پەیوەندییان بە ڕێکخستنی قاعیدەوە هەیە، بە هۆی ئەو کردەوە تیرۆریستی و تاوانکارییە بەردەوامەی کە دەیکەن لە کوشتنی خەڵکی سڤیل، لەناوبردنی دامودەزگه و شوێنە ئایینی و کەلتوورییەکان و لەناوبردنی سەقامگیری.
بە هۆی مەترسیی تیرۆر لەسەر کۆمەڵگهی مرۆیی و ئاشتی و ئارامیی جیهان، تا ئێستا (١٥) ڕێککەوتننامەی نێودەوڵەتی و ناوچەیی بۆ بەرەنگاربوونەوە و لەناوبردنی تیرۆر گرێ دراون، کە دەوڵەتەکان پابەند دەکات دژ بەو گرووپانە بوەستنەوە و هاوکارییان نەکەن. جگە لەمەیش لەو وڵاتانەی کە گیرۆدەی دەستی تیرۆریزمن، یاسای تایبەت بۆ نەهێشتن و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر هەیە؛ لەوانەیش عێراق و هەرێمی کوردستان.
ئەو تاوانانەی کە گرووپی تیرۆریستیی داعش ئهنجامی داون، بریتیین لە تاوانەکانی جینۆساید، تاوانە دژەمرۆیییەکان و تاوانەکانی جەنگ، کە لە ڕیزی تاوانە نێودەوڵەتییەکانیش پۆلێن دەکرێن. پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە، ئایا دەوڵەتان و کۆمەڵگهی نێودەوڵەتی، دەتوانن چی بکەن لە هەمبەر ئەو تاوانانەی کە ئەم گرووپە كردوونی؟ چ ڕێگهچارەیەک هەیە بۆ نەهێشتن و کەمترکردنەوەی ئەم ڕەفتارە نامرۆیییانە؟ ئایا کاردانەوەکانی کۆمەڵگهی نێودەوڵەتی، تەنیا لە ئاستی مەحکوومکردندا دەمێنێتەوە، یاخود دەستی ئاوەڵایە کە هەنگاوی کرداریی زیاتر بنێت؟ ڕۆڵی دەوڵەتانی عێراق و سووریا، کە تاوانەکانی داعش بەزۆری لەسەر خاکی ئەوان ڕوویان داوە و ڕوو دەدەن، لەم بارەیەوە دەتوانێ چۆن بێت؟ لە چ ڕێگهیەکەوە، دەکرێ ئەنجامدەرانی ئەو تاوانانە بە سزای خۆیان بگەن؟ لەم وتارەدا تیشک دەخەینە سەر ئەم بابەتە و، ڕێگهچارە جۆراوجۆرەکانی دەخەینە بەر باس.
ڕێگهچارەکانی سزادانی تۆمەتبارانی داعش:
هەروەک ڕوونە، هەر جۆرە تاوانێک دەستدرێژیکردنە بۆ سەر مافی ئارامی و ئاسایش و سەقامگیریی کۆمەڵگه و هاووڵاتیان، بەتایبەت تاوانەکانی تیرۆر، کە مەترسیی زیاتری بە دوادا دێت. بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزمی کوێری داعش و بەسزاگەیاندنی ئەنجامدەرانی ئەو تاوانانە، دوو ڕێگهچارەی یاسایی لە بەردەمماندایە کە لە خوارەوە ئاماژەیان پێ دەکەین:
١- دادگه ناوخۆیییەکان
لە کاتی ئەنجامدانی هەر تاوانێک لەسەر خاکی وڵاتێکی دیاریکراو بەپێی تایبەتمەندیی هەرێمی (الاختصاص الاقلیمي)، ئەوا دادگه سزایییە ناوخۆیییەکان، دەتوانن بەپێی یاسا بەرکارەکانی ئەو وڵاتە، ڕێکاری یاساییی پێویست بگرنە بەر. تەنانەت بۆ دەربازنەبوونی تۆمەتباران وەک ڕیزپەڕێک بۆ ئەم ڕێسایە، بەپێی تایبەتمەندیی کەسی (الاختصاص الشخصي)، دەکرێ ڕێکاری یاسایی بگیرێتە بەر، بەرامبەر بە هەر عێراقییەک (لێرەدا پتر پشت بە یاسای سزای عێراقی دەبەستین) کە ئەنجامدەر یا هاوبەشی تاوان یا کەتنێک بێت لە دەرەوەی وڵات. هەروا بەپێی تایبەتمەندیی گشتگیر (الاختصاص الشامل)، دەکرێ ئەو ڕێکارانە بەرامبەر بە هەر تۆمەتبارێک بگیرێتە بەر، کە لە دەرەوەی عێراق چ وەک ئەنجامدەر یا وەک هاوبەش، ئەم تاوانانەی خوارەوەی ئەنجام دابێت و لەناو خاکی عێراقدا دۆزرابێتەوە: تێکدان یان وەستاندنی ئامێرەکانی پەیوەندی و گەیاندنی نێودەوڵەتی و بازرگانیکردن بە ئافرەتان، یان منداڵان، یان کۆیلایەتی، یان ماددە هۆشبەرەکان. چونکە بەشێک لە تاوانەکانی داعش بریتیین لە: بازرگانیکردن بە ئافرەتان، یان منداڵان، یان بە کۆیلەکردنیان، هەر بۆیە تایبەتمەندیی گشتگیر ئەو جۆرە تاوانانە دەگرێتەوە.
هەروا لە حاڵەتێکدا کە تاوانی زۆر ترسناک و دڕندانە ئەنجام درابێت، دەکرێ دادگهیەکی تایبەتمەند بۆ گرتنەبەری ڕێکارە یاسایییەکان دابمەزرێت، ئەگەر هات و یاسا ناوخۆیییەکان باسیان لەو جۆرە تاوانانە نەکردبێت و، دەکرێت ئەمە بە یاسایەکی تایبەت ڕێک بخرێت. بۆ نموونە لە عێراق، پاش ڕووخانی ڕژێمی بەعس لە ٩/٤/٢٠٠٣ و ئەو تاوانە دڕندانەی کە دەسەڵاتدارانی ئەو ڕژێمە ئهنجامی دابوون، وەک تاوانی جینۆساید، تاوانە دژەمرۆیییەکان و تاوانەکانی جەنگ، کە ئەمانەیش لە یاسای سزادانی عێراقیدا باس نەکرابوون، هەر بۆیە، دادگهی باڵای تاوانی عێراق بەپێی یاسای ژمارە (١٠) ساڵی ٢٠٠٥، دامەزرا. یاسای ئەم دادگهیە بە پشتبەستن بە پەیڕەوی بنەڕەتیی ڕۆما و ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکان، هەر سێ تاوانی جینۆساید، تاوانە دژەمرۆیییەکان و تاوانەکانی جەنگی لەخۆ دەگرت.
هەروا هەندێجار ڕەنگە بە هۆی گرنگیی تاوانەکان، زۆربوونی داواکان و سەرقاڵبوونی دادگه ناوخۆیییەکان بە کاروباری ڕۆژانەی هاووڵاتیان، ئەوا بەرژەوەندیی گشتی و یەکلاییکردنەوەی خێرای داواکان، وا دەخوازێت کە دادگهیەکی تایبەتمەند بۆ ئەم بوارە دابمەزرێت. جگە لەمەیش، بەپێی بەندی یەکەم لە پەیڕەوی بنەڕەتیی ڕۆما، کە دادگهی تاوانی نێودەوڵەتی ڕیک دەخات، دادگهی تاوانی نێودەوڵەتی، تەواوکەری دادگه نیشتمانییەکانە، واتە تەنیا سەیری ئەو داوایانە دەکات کە دادگه نیشتمانییەکان ناتوانن سەیری بکەن یا لێکۆڵینەوەی تێدا بکەن یا حەز ناکەن کاری لەسەر بکەن. هەر بۆیە، دەکرێت دادگه ناوخۆیییەکانی هەر وڵاتێک، سەیری داوای لەو چەشنە بکەن و بڕیاری یەکلاکەرەوەی تێدا دەربکەن.
بە سەرنجدان له ئەزموونی دادگهی باڵای تاوانی عێراق لە دادگهییکردنی سەرانی ڕژێمی بەعس، ئەوا دەکرێت ئەندام و سەران (سهركردهكان)ی گرووپی تیرۆریستیی داعشیش لە دادگهیەکی ناوخۆییی لەو جۆرەدا دادگهیی بکرێن. سەبارەت بە جۆری تاوانەکانی داعش، ئەوا بەپێی ڕێکكەوتننامە نێودەوڵەتییەکان (ڕێککەوتننامەی قەدەغەکردنی تاوانی جینۆساید و بەسزاگەیاندنی ئەنجامدەرانی لە ساڵی ١٩٤٨) و پەیڕەوی بنەڕەتیی ڕۆما، دەکەونە چوارچێوەی تاوانەکانی جینۆساید، تاوانی دژەمرۆیی و تاوانەکانی جەنگ. هەروەک گوتمان، بەپێی تایبەتمەندیی هەرێمی، بەو پێیەی کە بەشێک لە تاوانەکانی گرووپی داعش لەسەر خاکی عێراق ئەنجام دراون، ئەوا دادگه ناوخۆیییە عێراقییەکان بە پلەی یەکەم، لایەنی تایبەتمەند و شایستەن بۆ دادگهییکردنی ئەو کەسانەی کە تاوانەکانیان ئەنجام داوە. بۆ دەربازنەبوونی هەر تۆمەتبارێک کە لە ڕیزی ئەو گرووپەدایە و، تاوانەکانی لە دەرەوەی سنوورەکانی عێراق ئەنجام داوە، ئەوا دەکرێ بە پشتبەستن بە تایبەتمەندیی کەسی، یان گشتگیر، لە دادگه عێراقییەکان دادگایی بکرێن و سزا بدرێن.
٢- دادگهی تاوانی نێودەوڵەتی
هەرچەند جەنگی گرووپی داعش دژ بە خەڵکی عێراق و سووریا، بە جەنگێکی چەکدارانەی نانێودەوڵەتی لە قەڵەم دەدەرێت، بەڵام بە سەرنجدان بەوەی کە بەشێک لە ڕێساکانی دەستێوەردانی مرۆیی، سیمایەکی نەریتی (عورفی)یان هەیە، هەر بۆیە تاوانەکانی داعش لە عێراق و سووریایش لەم ڕێسایە بەدەر نین و تەنانەت بە ئەندامنەبوونی عێراق و سووریایش لەو ڕێککەوتننامانە، ئەوا هەر جۆرە سەرپێچییەک لەم ڕێسایانە، بە پێشێلکاریی یاسا و ڕێسا نێودەوڵەتییەکان دادەنرێن، وەک تاوانەکانی جەنگ و تاوانە دژەمرۆیییەکان و جینۆساید. بۆیە، ئەنجامدەرانی ئەو تاوانانە، بەرپرسیارێتیی سزایییان دەکەوێتە سەر و، دەکرێت لە دادگه نێودەوڵەتییەکانیش دادگهیی بکرێن.
لەمێژە دەوڵەتان و یاسازانانی نێودەوڵەتی، لە هەوڵی ئەوەدا بوون کە بتوانن دادگهیەکی نێودەوڵەتیی تایبەتمەند دابمەزرێنن، کە بتوانێ ئەو کەسانە دادگهیی بکات کە تاوانی نێودەوڵەتیی وا ئهنجام دهدهن، کە ویژدانی مرۆڤایەتی دەهەژێنێ. لە ئەنجامی ئەم هەوڵانە، پەیڕەوی بنەڕەتیی ڕۆما هاتە ئاراوە. ئەم پەیڕەوە لە ١٧/٧/١٩٩٨ لە ڕۆما پەسند کرا و لە ١/٧/٢٠٠٢ کەوتۆتە بواری جێبەجێکردن و تاکوو ئێستا (١٠٨) وڵات تێیدا ئەندامن. ئۆردن، تاکە دەوڵەتی عەرەبییە کە ئەندامە لەم پەیڕەوەدا.
بەپێی بەندی یەکی ئەم پەیڕەوە، دادگهی تاوانی نێودەوڵەتی، تەواوکەری دادگه نیشتمانییەکانە، واتە تەنیا سەیری ئەو داوایانە دەکات کە دادگهی نیشتمانی ناتوانێ سەیری بکات، یان لێکۆڵینەوەی تێدا بکات، یا حەز ناکات کاری لەسەر بکات.
بەپێی بەندەکانی (٥) هەتا (٨)ی پەیڕەو، ئەو تاوانانەی کە دادگه دەتوانێ سەیریان بکات بریتیین لەمانەی خوارەوە: تاوانی جینوساید، تاوانە دژەمرۆیییەکان، تاوانەکانی جەنگ و تاوانی دوژمنکاری.
بەپێی بەندی (١٣) لە پەیڕەو، دادگه لە سێ حاڵەتدا دەتوانێ سەلاحییەتی خۆی دەربارەی ئەو تاوانانەی کە ئەنجام دراون بەکار بهێنێ، کە بریتین لەمانەی خوارەوە:
آ) ئەگەر دەوڵەتێکی ئەندام بەپێی بەندی (١٤)، لە حاڵەتی ڕوودانی تاوانێک ڕەوانەی لای داواکاری گشتیی بکات.
ب) ئەگەر ئەنجوومەنی ئاسایش بەپێی فەسڵی حەوتەم لە چارتی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە حاڵەتی ڕوودانی تاوانێک یان چەند تاوانێک، ڕەوانەی داواکاری گشتیی بکات.
ج) ئەگەر داواکاری گشتیی دادگهی تاوانی نێودەوڵەتی، بەپێی بەندی (١٥)ی پەیڕەو، ڕاستەوخۆ دەست بە لێکۆڵینەوە بکات لەو تاوانانەی کە ڕوویان داوە.
ئەگەر سەرنج بدەین، هیچ کام لە دەوڵەتانی عێراق و سووریا، کە داعش لەسەر خاکی ئەوان تاوانی ئەنجام داوە، ئەندامی پەیڕەوی ڕۆما نین، کە واتە جێبەجێکردنی بەندی (١٣) بڕگەی (آ) لەسەر ئەوان ناچەسپێت، بەڵام بەپێی بەندی (١٢) بڕگەی (٣)، ئەگەر بێت و دەوڵەتێک کە ئەندام نییە لە پەیڕەو، ئەوا دەتوانێ بەپێی ڕاگەیاندراوێک لە لای بەڕێوەبەری تۆماری دادگه، قبووڵی ئەوە بکات کە دادگه سەلاحییەتی خۆی بەکار بهێنێ، دەربارەی ئەو تاوانەی کە لەسەر خاکی وڵاتەکەی ڕووی داوە و، ئەو دەوڵەتە لەسەریەتی بەبێ دواکەوتن یا ڕیزپەڕێک هاوکاریی دادگه بکات. پێ ناچێت هیچ یەک لەو دوو دەوڵەتە، ئارەزووی کارێکی لەو جۆرەیان هەبێت، یان لانی کەم تا ئێستا ئارەزووی خۆیان بۆ کارێکی لەو جۆرە دەرنەبڕیوە.
بژاردەیەکی دیکە ئەوەیە، کە ئەنجوومەنی ئاسایش داوا لە داوکاری گشتیی دادگه بکات، کە دەست بە لێکۆڵینەوە بکات سەبارەت بەو تاوانانەی کە ئەنجام دەدرێن. دەربارەی عێراق و سووریا، پێ دەچێ ئەمە باشترین بژاردە بێت، بەڵام بە هۆی هەڵسوکەوتی سیاسیی ئەندامانی ئەنجوومەنی ئاسایش لەگەڵ کێشەکان، مافی ڤیتۆی پێنج ئەندامی هەمیشەیی و تێکەڵبوونی کێشەی عێراق و سووریا لەگەڵ بەرژەوەندیی زلهێزە ناتەباکان، پێ ناچێت ئەم بابەتە وەک پێویست سەرکەوتن بەدەست بهێنێت. هەروەک چۆن پێشتر بینینمان، لە کاتی ڕەوانەکردنی کێشەی سووریا بۆ دادگه، بە (١٣) دەنگی ڕازی و (٢) دەنگی ناڕازی، شکستی هێنا. کێشەیەکی دیکەیش ئەوەیە، کە هەنووکە هەندێک لە ئەندامانی هەمیشەییی ئەنجوومەنی ئاسایش، لەسەر خاکی عێراق و سووریا هێزی چەکدارییان هەیە و، بە کردەوە تێکەڵ بە جەنگەکەن و، لە کاتی لێکۆڵینەوەی دادگهی تاوانی نێودەوڵەتی، ئەوا پێ دەچێ وردبینی لە چالاکیی سەربازیی ئەو وڵاتانەیش بکرێت، کە ئەمەیش نیگەرانی لای ئەو دەوڵەتانە دروست دەکات.
یەکێک لە گەورەترین کێشەکانی دادگه ئەوەیە، کە بۆ جێبەجێکردنی بڕیار و سەلاحییاتی خۆی، توانایەکی زۆر کەمی هەیە. دادگه بۆ بچووکترین کار، وەک پێڕاگەیاندن یان دەستگیرکردنی تۆمەتباران، پێویستیی بە هاوکاریی دەوڵەتانی ئەندام هەیە، ئەمەیش وا دەکات دادگه توانای ئەوەی نەبێت، وەک پێویست و بەخێرایی خزمەت بە پرۆسەی دادپەروەری بکات. بۆیە ئەگەر داواکاری گشتی، بەپێی سەلاحییەتی خۆی، ڕاستەوخۆ بیەوێت دەست بە لێکۆڵینەوە بکات لەو تاوانانەی کە ڕوویان داوە و، لەو بارەیەوە زانیاریی پێویستی پێ گەییشتووە، ئەوا بەکردەوە تووشی گرفتی لەو جۆرە دەبێت. لە ڕاستیدا پەیڕەوی بنەڕەتیی ڕۆما، دەیەوێت سازش لە نێوان سەروەریی دەوڵەتان و ڕێساکانی یاسای نێودەوڵەتیدا بکات، کە ئەمەیش کارێکی ئەستەمە و لە لایەن دەوڵەتانی خاوەن سەروەرییەوە ئاستەنگی بۆ دروست دەکرێت.
بەپێی ئاراستەی هاوچەرخ لە یاسای نێودەوڵەتیی گشتی، تاک، هەروەک دەوڵەت، بە کەسێک لە کەسەکانی یاسای نێودەوڵەتی هەژمار دەکرێت، هەر بۆیە بەرپرسە لە بەرامبەر کردارەکانی خۆی. پەیڕەوی ڕۆمایش بە پشتبەستن بەم ئاراستەیە، لە بەندی (٢٥)دا ئاماژە بەوە دەکات، کە هەر تاکێک لە ڕووی سزایییەوە بەرپرسە و تووشی سزا دەبێت لەو تاوانانەی، کە دەکەوێتە چوارچێوەی تایبەتمەندیی ئەم دادگهیەوە؛ جا ئەم تاوانە بە شێوەی تاک، یان بە هاوبەشی لەگەڵ کەسانی تر، یان لە ڕێگهی کەسێکی ترەوە بێت. هەروا بەپێی بەندی (٢٨) لە پەیڕەو، بەرپرسی سەربازی، یان هەر کەسێک کە کارەکانی بەرپرسی سەربازی جێبهجێ دهكات، ئەوا لە ڕووی سزایییەوە، بەرپرسە لەو تاوانانەی کە دەکەوێتە ژێر تایبەتمەندیی ئەم دادگهیە و، لە لایەن گرووپەکەی ژێردەسەڵاتی ئەوەوە ئەنجام دەدرێن.
ئەنجام:
پاش وردبوونەوە لە شێوازەکانی گرتنەبەری ڕێوشوێنی یاسایی بۆ دادگهییکردنی تۆمەتبارانی داعش، سەبارەت بەو تاوانانەی کە ئەنجامیان داوە، ئەوا دەگەینە ئەو ئەنجامە، کە ڕێگهی یەکەم، پەنابردنە بۆ دادگه ناوخۆیییەکان. چونکە، لەم حاڵەتەدا ڕێکارەکان ئاسانتر و خێراترن و بابەتەکە تێکەڵ بە ململانێ نێودەوڵەتییەکان و بەرژەوەندیی زلهێزەکان نابێت، هەروەک چۆن لە دادگهییکردنی سەرانی ڕژێمی بەعسدا بینیمان. ڕێگهی دووەم، پەنابردنە بۆ دادگهی تاوانی نێودەوڵەتی. هەروەک باسمان کرد ئەمەیشیان سێ حاڵەت لەخۆ دەگرێت. بە سەرنجدان لەوەی کە عێراق و سووریا ئەندامی دادگهی تاوانی نێودەوڵەتی نین، ئەوا لەم کاتەدا باشترین حاڵەت ئەوەیە، کە ئەم کێشەیە لە لایەن ئەنجوومەنی ئاسایشەوە بۆ داواکاری گشتیی دادگه ڕەوانە بکرێت، بۆ ئەوەی دەست بە لێکۆڵینەوە بکات. چونکە لەم حاڵەتەدا، ویست و ئیرادەی نیودەوڵەتی لە پشت دادگاوە دەبێت بۆ سزادانی تۆمەتباران، کە ئەمەیش یارمەتیدەرە بۆ سەرکەوتنی پرۆسەی دادگهییکردن و دەستگیرکردنی تۆمەتباران، کە پێویستیی بە هاوکاریی وڵاتانی خاوەن بڕیاری جیهان هەیە.