مافی گەیشتن بە دەریا لە یاسای نێودەوڵەتیی گشتیدا

پێشەکی:

دەوڵەتانی دەورەدراو بە وشکانی، دیاردەیەکی تا ڕاددەیەک نوێیە لە جوگرافیای سیاسی و یاسای نێودەوڵەتیی گشتیدا، کە هیچ سنوور، یان ڕێگه‌یەکیان بۆ دەریا و ئوقیانووسەکان نییە. گەیشتن بە دەریا، یەکێکە لەو ئامانجانەی کە ئەم دەوڵەتانە بەردەوام هەوڵی بۆ دەدەن، هەتا لە ڕێگه‌یەکی یاسایی و بە ڕێککەوتن لەگەڵ وڵاتانی کەنار دەریا بەو ئامانجە بگەن؛ چونکە گەیشتن بە دەریا، ڕۆڵێکی بەرچاوی لە گەشەی ئابووری و بازرگانیی ئەو وڵاتانە و پەیوەندیی لەگەڵ جیهانی دەرەوە هەیە. یاسای نێودەوڵەتیش لەم بارەیەوە بێدەنگ نەبووە و، بۆ ئەم مەبەستە ڕێککەوتننامەی مافی دەریاکان لە ساڵی ١٩٨٢ هاتۆتە ئاراوە، کە تاکوو ئێستا ١٦٨ دەوڵەت تێیدا ئەندامن.

ژمارەی دەوڵەتانی دەورەدراو بە وشکانی، ئەمڕۆ دەگاتە (٤٥) دەوڵەت و لە چوار کیشوەری ئەفریقا (١٦ دەوڵەت)، ئەوروپا (١٥ دەوڵەت)، ئاسیا (١٢ دەوڵەت) و ئەمەریکای باشوور (٢ دەوڵەت) بڵاو بوونەتەوە. ئەم دەوڵەتانە زۆربه‌یان، دەرەنجامی دابەشکردنی ئیمپراتۆرییەکان، دەوڵەتە گەورەکان، کۆلۆنیالیزم و ڕێککەوتننامەکان بوون. سروشتییە کە ڕەوشی ئەم دەوڵەتانە، لە کیشوەرێکەوە بۆ کیشوەرێکی تر دەگۆڕێت. بۆ نموونە، دەوڵەتێکی وەک سویسرا یان نەمسا لە ناوەڕاستی ئەوروپا کە لە ڕووی جوگرافییەوە بە وشکانی دەورەدراون، دۆخەکەیان جیاوازە لەگەڵ دەوڵەتێکی ئەفریقیی وەک زامبیا یا نایجر، هۆی ئەمەیش بۆ پێشکەوتنی تەکنۆلۆژیا، نزیکیی مەودایان لە کەناری دەریاکان، نزیکبوونیان لە بازاڕە گەورە جیهانییەکان، ئاسایش و سەقامگیری، پێشکەوتنی سیستەمی هاتۆچۆ و پابەندبوونیان بە یاساکان دەگەڕێتەوە؛ کە لە ئەفریقا و ئاسیا ڕەوشەکە بەو شێوازە لەبار و گونجاو نییە.

 لەو ڕووەوە کە کوردستانی باشوور، لە ئەگەری سەربەخۆبوونیدا دەبێتە یەک لە دەوڵەتانی دەورەدراو بە وشکانی، هەر بۆیە توێژینەوە لەم بارەیەوە لە ڕوانگەی یاسای نێودەوڵەتی و زانینی ئەرک و مافەکانی ئەم جۆرە دەوڵەتانە، گرنگیی تایبەتی خۆی هەیە. بەداخەوە ئەم بابەتە تاکوو ئێستا لای لێ نەکراوەتەوە و بایەخی پێ نەدراوە. بۆ ڕوونکردنەوەی زیاتری ئەم بابەتە و ڕاکێشانی سەرنجی توێژەران بۆ بایەخپێدانی، هەوڵ دەدەین لە کورتە وتارێکدا مافەکانی دەوڵەتانی دەورەدراو بە وشکانی بخەینە بەر باس و توێژینەوە.

پێناسەی دەوڵەتانی دەورەدراو بە وشکانی:

لە کتێب و نووسراوە یاسایی، سیاسی و جوگرافییەکاندا، ئەم دەوڵەتانە ناوی جۆراجۆریان هەیە وەک: ئەو دەوڵەتانەی ڕێگه‌یان بۆ دەریا نییە، دەوڵەتانی ناوکیشوەری، ئەو دەوڵەتانەی کەنار دەریایان نییە، دەوڵەتانی کیشوەری، دەوڵەتانی دەورەدراو بە دەوڵەتانی تر، دەوڵەتە بەستراوەکان و دەوڵەتانی دەورەدراو بە وشکانی. لە ڕووی جوگرافییەوە پێناسەی دەوڵەتانی دەورەدراو بە وشکانی بریتییە "لەو دەوڵەتانەی کە بەهرەمەندن لە پێگەیەکی کیشوەری و، بێبەشن لە تایبەتمەندیی هەر دەروازەیەکی دەریایی کە بیانبەستێتەوە بە دەریا و ئوقیانووسەکان، کە بەسەر کەشتیوانیی نێودەوڵەتیدا کراوەن".

زانای بەناوبانگی ڕووسی لە بواری یاسای دەریاکان "ڤلادیمیر ڤلادیمیرۆڤیچ گالیسین" بەم جۆرە پێناسەی دەکات: "دەوڵەتانی دەورەدراو بە وشکانی، ئەو دەوڵەتانەن کە خاوەن کەناری دەریایی نین و، ڕاستەوخۆ دەستیان بە دەریا و ئوقیانووسەکانی جیهان ناگات."

هەروا لە ڕێککەوتننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ یاسای دەریاکان لە ١٠ دیسەمبەری ساڵی ١٩٨٢ (لە ١٦ نۆڤەمبەر ١٩٩٤ بەرکار بووە) کە لە بەشی دەیەمی ڕێککەوتننامەکەدا، پێناسەی دەوڵەتانی دەورەدراو بە وشکانی (land-locked stastes) دەکات و لە بەندی ١٢٤دا دەڵێ:

زاراوە بەکارهاتووەکان

١- بۆ مەبەستەکانی ئەم ڕێککەوتننامەیه‌:

  1. واتای "دەوڵەتی دەورەدراو بە وشکانی"، هەر دەوڵەتێکە کە کەناری دەریاییی نەبێت.
  2. واتای "دەوڵەتی ترانزیت"، هەر دەوڵەتیک کە کەناری دەریاییی هەبێت یان نا، بکەوێتە نێوان دەوڵەتێکی دەورەدراو بە وشکانی و دەریا و، جموجووڵی ترانزیت لەسەر هەرێمەکەیدا ئەنجام بدرێت.

ئەم پێناسەیەی کە لەم ڕێککەوتننامەیەدا هاتووە، دەتوانین بە نوێترین و باشترین پیناسەی یاساییی بزانین بۆ دەوڵەتانی دەورەدراو بە وشکانی کە دەرەنجامی هەوڵ و ماندووبوونی یاسازانانی نێودەوڵەتییە و، کۆدەنگیی نێودەوڵەتیی لەسەر هەیە.

کورتەیەکی مێژوویی دەربارەی مافی گەیشتن بە دەریا

بەردی بناغەی یاسای نێودەوڵەتیی دەریاکان بریتییە لە ئازادیی دەریاکان، کە بە درێژاییی چەندین سەدە بەدی هاتووە. ئەم بنەمایە لە کۆتاییی سەدەی هەژدەیەم و سەرەتای سەدەی نۆزدەیەم، بووە بنەمایەکی پەسندکراو لە یاسای نێودەوڵەتیی گشتی. بەڵام هێشتا یاسای نێودەوڵەتی، بە گومانەوە سەیری ئەوەی دەکرد کە وڵاتانی دەورەدراو بە وشکانی، بە ئاڵای خۆیان کەشتییان لەناو دەریاکاندا هەبێت.

یەکێک لەو بابەتانەی کە ئەمڕۆ لە یاسای نێودەوڵەتیدا گرنگییەکی تایبەتیی پێ دەدرێ، کێشەی گەیشتنی وڵاتانی دەورەدراو بە وشکانییە بە دەریا. تا جەنگی جیهانیی یەکەم، گرنگییەکی ئەوتۆ بەم بابەتە نەدەدرا. تەنیا ژمارەیەکی کەم لە نووسەران، کە پرەنسیپی ئازادبوونی دەریاکانیان قبووڵ کردبوو، لەو باوەڕەدا بوون کە ئەم پرەنسیپە، دەبێ بگاتە ئاستی داننان بە مافی وڵاتانی دەورەدراو بە وشکانی بۆ گەیشتن بە دەریا.  

لە ساڵی ١٨٦٤، سویسرا پاش ڕاوێژکردن بە ١٤ وڵاتی دەریاییی گرنگی ئەو سەردەمە، لە ژاپۆن، کەشتییەکی بە ئاڵای خۆی خستە ناو دەریاوە. ئەم هەوڵەی سویسرا بێ گرفت نەبوو، بەڵام ئەو وڵاتە کۆڵی نەدا و سەرەنجام توانیی لە کۆمەڵگه‌ی نێودەوڵەتیدا پاڵپشت بۆ خۆی بدۆزێتەوە و یاسازانانی وەک ف.ف.مارتێنس و ئا.ریفیە و ئا. ئایهلمەن پشتیوانیی خۆیان بۆ مافی وڵاتانی دەورەدراو بە وشکانی دەربڕی، بۆ ئەوەی خاوەن کەشتی بن بە ئاڵای خۆیان. بلونچیلی لەم بارەیەوە وتی: "وەک چۆن هەموو گەلان لە بازرگانیی جیهانیدا بەشدارن، بە هەمان ئەندازەیش هەموو گەلان مافی دەریاوانییان لە هەموو جیهاندا هەیە."

یەکەمین هەوڵ بۆ چارەسەری گرفتی وڵاتانی دەورەدراو بە وشکانی بۆ گەیشتن بە دەریا، لە ساڵی ١٩٥٦ لە کۆمیسیۆنی ئابووریی ئاسیا و ڕۆژهەڵاتی دوور هاتە ئاراوە، کە لە دانیشتنی ژمارە دوازدەی خۆیان، بڕیارێکیان دەرکرد و تێیدا داوایان لە هەموو دەوڵەتان کرد، تا لە پێویستیی وڵاتانی دەورەدراو بە وشکانی لە بواری بازرگانیی ترانزیت، تێ بگەن.

هەوڵەکان هەر بەوەندە کۆتایی نەهات و وڵاتانی دەورەدراو بە وشکانی کۆششێکی زۆریان کرد، تا لەناو ڕێککەوتننامەی ساڵی ١٩٥٨ بۆ مافی دەریاکان، ئەم مافەی خۆیان بچەسپێنن. لە بەندی ٣ی ئەم ڕێککەوتنەدا هاتووە: "دەوڵەتانی بێکەنار، بۆ ئەوەی مافی یەکسانیان هەبێ لەگەڵ دەوڵەتانی خاوەن کەنار بۆ سوودمەندبوون لە ئازادیی دەریا، ئەوا دەبێ بە شێوەیەکی ئازاد دەستیان بە دەریا بگات." هەرچەند ئەم مافە بۆ دەوڵەتانی دەورەدراو بە وشکانی لە چوارچێوەی ڕێککەوتنێکی نێودەوڵەتیدا دانی پێدا نرا، بەڵام ئەمەیش خۆی لە خۆیدا بە شێوەیەکی تێروتەسەل ڕێک نەخرابوو و وەڵامدەرەوەی خواستی ئەو دەوڵەتانە نەبوو بەتەواوی. هەر بۆیە، هەوڵەکانی کۆمەڵگه‌ی نیودەوڵەتیش بەوەندە نەوەستا و، لە ئەنجامدا ڕێککەوتننامەی مافی دەریاکان ساڵی ١٩٨٢ گرێ درا، کە لە ساڵی ١٩٩٤ەوە بەرکارە.

بنەما تیۆرییەکانی مافی گەیشتن بە دەریا

مافی گەیشتنی ئازادانە بە دەریا بۆ دەوڵەتانی دەورەدراو بە وشکانی، لەسەر سێ تیۆری بنیات نراوە، کە بریتین لەمانەی خوارەوە:

١) تیۆریی ئازادیی پەیوەندییەکان: ئەم تیۆرییە مافی گەیشتن بە دەریا بۆ پرسێکی گەورەتر دەگەڕێنێتەوە، کە ئەویش ئازادیی پەیوەندییەکانە و،  بنچینەکەی بۆ تیۆریی مافە سروشتییەکانی سەدەکانی ١٧ و ١٨ دەگەڕێتەوە. هزرڤانانی قوتابخانەی مافە سروشتییەکان، وا بیریان دەکردەوە کە دەوڵەتەکان، جگە لە مافی ڕیزپەڕی خۆیان بۆ کەڵکوەرگرتن لە سەرزەوییەکانیان، ناتوانن بەربەست لە بەردەم دەوڵەتانی دیکە و هاووڵاتیانی ئەو دەوڵەتانەدا دروست بکەن، بۆ ئەوەی بتوانن بە شێوەیەکی بێ زیان کەڵک لە ڕێگه‌ وشکانی و ئاوییەکان وەربگرن، هەتا بتوانن پێداویستییە مادی و مەعنەوییەکانی خۆیان دەستەبەر بکەن.

هۆگۆ گرۆسیۆس، یاسازانی بەناوبانگ، لەم بارەیەوە نووسیویەتی: "ئەگەر سەرزەوییەکان، ڕووبارەکان، یان بەشێک لە دەریاکان دەبنە موڵکی نەتەوەیەک، کەسانێک کە دەیانەوێ بە نیازپاکی پێیدا تێ پەڕن...و یان کەسانێک کە دەیانەوێ لەگەڵ خەڵکێکی دوورەدەست پەیوەندیی بازرگانی دروست بکەن، دەبێ بتوانن دەستیان پێی ڕابگات." بەپێی ئەم بۆچوونەی گرۆسیۆس، دی واتڵ و لایەنگرانی قوتابخانەی سروشتی، هیچ جیاوازییەک نییە لە نێوان دەوڵەتانی کەنار دەریا و دەوڵەتانی ناو کیشوەری بۆ دەستڕاگەیشتن بە دەریا، چونکە هەموو ئەم وڵاتانە خاوەن مافی سروشتیی یەکسانن بۆ ترانزیتی بێزیان لە خاکی وڵاتانی دراوسێ.

٢) تیۆریی مافی هاوشانییەتی (Easement): بەپێی ئەم تیۆرییە، دەکرێ گرفتی گەیشتنی ئازادیی وڵاتانی دەورەدراو بە وشکانی بە دەریای ئازاد، لەسەر بنەمای مافی هاوشانییەتی لە یاسای شارستانیدا پێناسە بکرێت. مافی هاوشانییەتی، یەکەم جار لە ڕۆمای کۆن سەری هەڵدا و، بەو واتایە دێ کە کەسێک مافی ئەوەی هەبێ، لە شتێک کەڵک وەربگرێت، کە هی کەسێکی دیکەیە، بە مەبەستی گەیشتن بە قازانجێک یا کەڵکوەرگرتن لە پارچە زەوییەک، کە موڵکییەتی، بۆ کەسێکی دیکە دەگەڕێتەوە. هەموو پێناسەکان لە مافی هاوشانییەتیی نیودەوڵەتی، یەک خاڵی هاوبەشیان هەیە و ئەویش سنووردارکردنی هەمیشەییی سەروەریی دەوڵەتانە، لە پێناو خزمەتکردن بە بەرژەوەندیی وڵاتانی تر. ئەم تیۆرییە، نەیتوانی جێی خۆی بکاتەوە و، دادگه‌ی هەمیشەییی نێودەوڵەتی داد، لە بڕیاری خۆی لەسەر کێشەی ماسیگرتن لە دەریای ئاتلانتیک، تیۆریی مافی هاوشانییەتیی ڕەت کردەوە، چونکە لەگەڵ پرەنسیپی سەروەریی دەوڵەتاندا یەک ناگرێتەوە.

٣) تیۆریی ئازادیی دەریا ئازادەکان: بەپێی ئەم تیۆرییە، ئەو دەوڵەتانەی کە لە کەناری دەریا نین، مافی ئەوەیان هەیە کەڵک لە دەریا ئازادەکان وەربگرن. بەگوێرەی تیۆرییەک لە یاسای نێودەوڵەتی، مافی گەیشتنی ئەم دەوڵەتانە بە دەریای ئازاد، بۆ پرەنسیپی ئازادیی دەریا ئازادەکان دەگەڕێتەوە. جۆرج سێل، یاسازانی بەناوبانگی فەڕەنسی دەڵێت: "ئەو ڕێسایەی کە دەڵێ ئەو کەسانەی کەناریان نییە، مافی کەڵکوەرگرتن لە دەریایان نابێت، لەگەڵ سروشتی ئازادیی دەریاکاندا ناکۆکە، لە کاتێکدا دەریای ئازاد بە موڵکی گشتیی نێودەوڵەتی دادەنرێت."

بۆ یەکەم جار ئەم تیۆرییە، لە کۆنفرانسی جنێڤ لە ساڵی ١٩٥٨ دانی پێدا نرا و، مافی گەیشتن بە دەریا وەک دەرەنجامی پرەنسیپی ئازادیی دەریا ئازادەکان چەسپا. لە بەندی ٣ی ئەو پەیمانەدا هاتووە، ئەو دەوڵەتانەی کە کەناریان نییە، بۆ کەڵکوەرگرتن لە ئازادیی دەریا ئازادەکان و، بۆ ئەوەی ببنە خاوەنی مافی یەکسان لەگەڵ وڵاتانی خاوەن کەنار، ئەوا دەبێ بەئازادی، دەستیان بە دەریا ئازادەکان بگات. ئەم تیۆرییە، ئەمڕۆ لە یاسای نێودەوڵەتیدا چەسپاوە و لە ڕێککەوتننامەی مافی دەریاکانی ساڵی ١٩٨٢ جەختی لەسەر کراوەتەوە.

مافەکانی دەوڵەتانی دەورەدراو بە وشکانی

بۆ زانینی مافەکانی دەوڵەتانی دەورەدراو بە وشکانی، باشترین شێواز ئەوەیە بۆ نوێترین ڕێککەوتننامەی نێودەوڵەتیی پەیوەندیدار بگەڕێینەوە، کە تێیدا باس لە مافی ئەم جۆرە دەوڵەتانە دەکات و، هەروا باس لە پابەندییەکانی دەوڵەتانی کەنار دەریا و ترانزیت دەکات بۆ گەیشتنی وڵاتانی دەورەدراو بە وشکانی بە دەریا و، بەپێچەوانەوە.

لە بەندی ١٢٥ی ڕێککەوتننامەی مافی دەریاکان ساڵی ١٩٨٢دا هاتووە: "مافی گەیشتن بە دەریا و بەپێچەوانەوە و ئازادیی ترانزیت."

  1. دەوڵەتی دەورەدراو بە وشکانی، مافی گەیشتن بە دەریای هەیە و بەپێچەوانەوە بە مەبەستی مومارەسەکردنی مافەکانی هاتوو لەم ڕێککەوتننامەیەدا و، لەوانەیش ئەوەی کە پەیوەندیی بە ئازادیی دەریا ئازادەکان و کەلتووری هاوبەشی مرۆڤایەتییەوە هەیە. بۆ بەدیهێنانی ئەم ئامانجە، دەوڵەتانی دەورەدراو بە وشکانی، ئازادیی ترانزیتیان هەیە لە ڕێگه‌ی دەوڵەتانی ترانزیتەوە بە هەموو ئامرازەکانی گواستنەوە.
  2. ڕێککەوتن دەکرێ، لەسەر حوکمەکان و شێوازەکانی بەکارهێنانی ئازادیی ترانزیت لە نێوان دەوڵەتی دەورەدراو بە وشکانی و دەوڵەتی ترانزیتی پەیوەندیدار، لە ڕێگه‌ی ڕێککەوتنی دوولایەنە، یان خوارهەرێمی، یان هەرێمی.
  3. دەوڵەتی ترانزیت، بۆ مومارەسەکردنی سەروەریی تەواوی خۆی بەسەر هەرێمەکەیدا، مافی ئەوەی هەیە هەموو ڕێوشوێنی پێویست بگرێتە بەر، کە گەرەنتیی ئەوە دەکات کە ماف و ئاسانکارییەکانی هاتوو لەم بەشە بۆ دەوڵەتانی دەورەدراو بە وشکانی، بە هیچ شێوەیەک دەستدرێژی نییە بۆ سەر بەرژەوەندییە ڕەواکانی ئەو."

  لە بەندی ٨٧ی ڕێککەوتننامەی ئاماژەپێکراودا هاتووە: "دەریا ئازادەکان بەسەر هەموو دەوڵەتاندا کراوەن، چ لە کەنار دەریا بن، یان دەورەدراو بن  بە وشکانیی و، مومارەسەی ئازادیی دەریا ئازادەکان دەکەن بەپێی ئەو مەرجانەی کە ئەم ڕێککەوتنە، یان ڕێساکانی دیکەی یاسای نێودەوڵەتی دیاریی دەکەن. کە ئەمەیش سەبارەت بە دەوڵەتانی کەنار دەریا یا دەورەدراو بە وشکانی، بەم جۆرەی خوارەوەیە:

أ) ئازادیی کەشتیوانی،

ب) ئازادیی فڕین،

ج) ئازادیی دانانی کێبڵ و بۆرییە ژێردەریایییەکان، وێڕای لەبەرچاوگرتنی بەشی شەشەم،

د) ئازادیی دروستکردنی دوورگە دەستکردەکان و دامەزراوە ڕێپێدراوەکانی دیکە بەپێی یاسای نێودەوڵەتی، وێڕای لەبەرچاوگرتنی بەشی شەشەم،  

ه) ئازادیی ماسیگرتن، وێڕای لەبەرچاوگرتنی مەرجەکانی هاتوو لە لقی ٢،

و) ئازادیی توێژینەوەی زانستی، وێڕای لەبەرچاوگرتنی بەشەکانی شەش و سێزدە.

هەروا لە بەندی ٩٠ی هەمان ڕێککەوتننامەدا هاتووە: "هەموو دەوڵەتێک، چ لە کەنار دەریا بێت، چ بە وشکانی دەورە درابێت، مافی هەیە کەشتی بە ئاڵای خۆی، لەناو دەریا ئازادەکاندا هەبێت."

پاش وردبوونەوە لە دەقی بەندەکانی سەرەوەی ئەو ڕێککەوتنە، کە باس لە مافەکانی دەوڵەتانی دەورەدراو بە وشکانی دەکات، بۆمان ڕوون دەبێتەوە کە ئەو دەوڵەتانە، بەپێی یاسای نێودەوڵەتی، چەندین مافی جۆراوجۆریان هەیە کە بریتیین لەمانەی خوارەوە:

١) مافی گەیشتن بە دەریا و بەپێچەوانەوە: داننان بەم مافە خۆی لە خۆیدا بە پێشکەوتنێکی گەورە لە بواری یاسای نێودەوڵەتی دادەنرێ و، دەرگه‌ی بەسەر دەوڵەتانی دەورەدراو بە وشکانیدا کردۆتەوە کە مومارەسەی ئەم مافە بکەن. هەروا لە هەمان کاتدا ئەو پابەندییەی بۆ دەوڵەتانی کەنار دەریا داناوە، کە وەک دەوڵەتانی ترانزیت ڕێز لەم مافەی دەوڵەتانی دەورەدراو بە وشکانی بگرن لە ڕێگه‌ی ڕێککەوتنی دووقۆڵی، خوارهەرێمی، یان هەرێمی. ئەم مافە، هەروا مافی گەیشتن بە بەندەرەکانی وڵاتانی کەنار دەریایش دەڕەخسێنێ.

٢) داننان بە ئازادیی دەریا ئازادەکان: ئەمەیش پاش هەوڵ و کۆششی وڵاتانی دەورەدراو بە وشکانی و یاسازانانی یاسای نێودەوڵەتی، هەر لە سەدەی نۆزدەیەم تا بە ئەمڕۆ، هاتۆتە دی.

٣) سەیرکردنی مافی کەڵکوەرگرتن لە دەریا ئازادەکان، وەک بەشێک لە کەلتووری هاوبەشی مرۆڤایەتیی.

٤) داننان بە ئازادیی ترانزیت بۆ دەوڵەتانی دەورەدراو بە وشکانی لە ڕێگای وڵاتانی ترانزیت و بە هەموو ئامرازەکانی گواستنەوە.

٥) مافەکانی هاتوو لەم ڕێککەوتنە، وەک ئازادیی گەیشتن بە دەریا و ئازادیی ترانزیت گەرەنتی دەکرێت و، بە دەستدرێژی بۆ سەر ماف و سەروەریی وڵاتانی ترانزیت یان کەنار دەریا دانانرێت.

٦) ئازادیی کەشتیوانی لە دەریا ئازادەکان بە ئاڵای دەوڵەتی دەورەدراو بە وشکانی.

٧) ئازادیی ئەنجامدانی هەر کار و چالاکییەکی ڕێپێدراوی دیکە، کە لە دەقی ڕێککەوتنەکەدا هاتووە وەک: ئازادیی فڕین، ئازادیی ماسیگرتن، دروستکردنی دوورگەی دەستکرد، توێژینەوەی زانستی و دانانی کێبڵ و بۆری لەبن دەریا.

شیوازی چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان

سروشتییە کە پاش هەر ڕێککەوتنێک، لە قۆناغی جێبەجێکردندا، ناکۆکی و ڕاڤەکردنی جیاواز دێتە ئاراوە. هەر بۆیە، لە هەر ڕێککەوتنێکدا میکانیزمی یاساییی پێویست بۆ چارەسەرکردنی گرفت و ناکۆکییەکان دادەنرێ.

لە حاڵەتی ڕوودانی هەر ناکۆکییەک لەسەر ڕاڤەکردن، یان پراکتیزەکردنی ڕێککەوتنی مافی دەریاکانی ساڵی ١٩٨٢، سەرەتا لایەنە ناکۆکەکان دەگەڕێنەوە بۆ ئەو شێوازانەی چارەسەرکردنی ئاشیتیانەی ناکۆکییەکان کە بۆ خۆیان لە چوارچێوەی ڕێککەوتنە تایبەتەکاندا لەسەری ڕێک کەوتوون و، ئەو ڕێکارانە جێبەجێ نابن کە لەم ڕێککەوتنەدا هاتوون. ئەگەر هات و بەپێی ئەو میکانیزمە نەگەیشتنە ڕێککەوتن، ئەوا دەگەڕێنەوە سەر ئەو ڕێکارانەی کە لە ڕێککەوتننامەی مافی دەریاکانی ساڵی ١٩٨٢دا هاتوون و بریتین لە ئامرازەکانی ئاشتییانە، وەک پابەندبوون بە ئاڵوگۆڕی بیر و ڕا بە شێوەی دانوستان، یان هەر شێوازێکی ئاشتییانەی دیکە. هەروا سازان، پەنابردن بۆ دادگه‌ی نێودەوڵەتیی دەریاکان، دادگه‌ی نێودەوڵەتیی داد، دادگه‌ی ناوبژیوانی، کە لە پاشکۆی حەوتی ڕێککەوتننامەکەدا هاتووە و، دادگه‌ی ناوبژیوانیی تایبەت، کە لە پاشکۆی هەشتی ڕێککەوتننامەکەدا باسی لێوە کراوە.

ئەنجام

پاش وردبوونەوە و سەرنجدان لە ڕێککەوتننامەی تایبەت بە مافی دەریاکانی ساڵی ١٩٨٢ و ڕێساکانی یاسای نێودەوڵەتی لەم بارەیەوە، دەگەینە ئەو ئەنجامە، کە یاسای نێودەوڵەتی، دانی بە مافی دەوڵەتانی دەورەدراو بە وشکانیدا ناوە بۆ گەیشتن بە دەریا و، ئەمەی وەکوو مافێک لە یاسای نێودەوڵەتیدا چەسپاندووە. ئەگەرچی دەورەدران بە وشکانی، تەنگانەیەکی جیۆپۆلیتیکی بۆ ئەو جۆرە دەوڵەتانە دروست دەکات، بەڵام لە هەمان کاتدا، یاسای نێودەوڵەتی، هەندێ ڕێسای لەم بارەیەوە داناوە بۆ ئەوەی لەو تەنگانەیە دەربازیان بێت. ئەو دەوڵەتانە دەتوانن بە ڕێککەوتن لەگەڵ دەوڵەتانی کەنار دەریا، مافی گەیشتن بە دەریا بۆ خۆیان مسۆگەر بکەن. هەروەک چۆن زۆرێک لەو دەوڵەتانە، بەم شێوازە و بە پشتبەستن بە ڕێساکانی یاسای نێودەوڵەتی، بەسەر ئەو گرفت و تەنگانەیەدا زاڵ بوون؛ بۆ نموونە بۆلیڤیا لەگەڵ هەموو وڵاتانی کەنار دەریای دراوسێی خۆی وەک بەرازیل، پیرۆ و شیلی، ڕێککەوتنی لەو جۆرەی هەیە. یەکێکی دیکە لەو ڕێگه‌یانە، بەکرێگرتنی بەندەرەکانە، وەک چۆن سویسرا بەندەری جێنوڤای ئیتالیا و، نەمسا بەندەری تریستای لە ئیتالیای بەکرێ گرتووە. کوردستانیش لە حاڵەتی سەربەخۆبوونیدا دەتوانێ سوود لەم شێوازانە وەربگرێت، بەتایبەت کە عێراق لە ڕێککەوتننامەی مافی دەریاکانی ساڵی ١٩٨٢ ئەندامە، هەروا ئێرانیش واژووی لەسەر کردووە، بەڵام پەسندی نەکردووە. تورکیا و سووریا واژوویان لەسەر ئەم ڕێککەوتنە نەکردووە.

 

سەرچاوەکان:

١) ڕێککەوتننامەی مافی دەریاکان ساڵی ١٩٨٢.

٢) ولادیمیر ولادیمیرۆڤیچ گالیسین، دولتهای محاط در خشکی و حقوق بین الملل دریاها، ترجمە عید محمد عزیزپور، روابط بین المللی، مسکو، ١٩٧٨.

٣) د.عطاءاللە سلیمان الحدیثي و هبة عادل مطرود، الدول الحبیسة الافریقیة مشکلاتها و منافذها و تصنیفها، مجلة کلیة التربیة للبنات، المجلد ٢٦ (٢) ٢٠١٥.

 

 
© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples