ئاو و ئاسایش

پێشەکی

ئاو بە سەرچاوەی سەرەکی و دەماری ژیان لەسەر گۆی زەوی دادەنرێت. لە پەندی پێشینانی کوردیدا گوتراوە "ئاو و ئاوەدانی". ئەم پەندە خۆی لە خۆیدا دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کە بەبێ ئاو، ئاوەدانی و ژیان دروست نابێ. هەر وەک دەڵێن ژیان بەبێ نەوت مومکینە، بەڵام بەبێ ئاو مومکین نابێ؛ چونکە نەوت جێگرەوەی هەیە، بەڵام ئاو هیچ جێگرەوەیەکی نییە. هەر بۆیە، لە کۆنەوە مرۆڤ بەردەوام هەوڵی دەستبەسەرداگرتنی سەرچاوە ئاوییەکانی داوە. یەکەمین شارستانییەتە گەورەکانی جیهان وەک دەوڵەتەکانی بابل، ئاشوور، میسر و ... لە گوێی ڕووبارەکاندا دروست بوون، کە بە یەکێک لە سەرچاوەکانی ئاوی شیرینی جیهان دادەنرێن.

نزیک بە (٧١%) ڕووبەری زەوی لە ئاو پێک دێت. لەم ڕێژەیە (٩٧،٥%) ئاوی سوێری دەریا و دەریاچەکانە و، تەنیا (٢،٥%) سەرچاوەکانی ئاوی شیرینە، لەم ڕێژەیەیش (٠٣%) ئاوی ڕووبارەکانە و (٣٠،٨%) ئاوی ژێرزەوییە و (٦٨،٩%) لە سەهۆڵبەندەکان و بەفری سەر چیاکان پێک دێت. بە وردبوونەوە لەم ئامار و داتایانە، هەر وا ئەو ئامارانەی کە ساڵانە، لەسەر مەسرەفی ڕۆژانەی ئاو و کەمبوونەوەی سەرچاوە ئاوییەکان دەخرێنە ڕوو، قووڵاییی کارەساتەکەمان بۆ دەردەکەوێت و، گرنگیی ئەو ململانێیەمان بۆ ڕوون دەبێتەوە کە لەسەر ئەم سەرچاوە ئاوییانە دروست دەبن. ئاو، کە دەتوانێ فاکتەری جەنگ و ململانێ بێت، لە هەمان کاتدا دەتوانێ فاکتەری ئاشتی و هاوکاری و دەستلەملانێش بێت؛ واتە لە یەک کاتدا هەم ئاڵۆزە و هەم ئاسان. ئەگەر بۆ چارەسەری کێشەکان پشت بە یاسا و نەریتە نێودەوڵەتییەکان ببەسترێت، ئەوا سووک و ئاسان دەبێت، بەڵام ئەگەر لە گۆشەنیگایەکی تەسکەوە سەیری کێشەکان بکرێ و یاسا و نەریتە نێودەوڵەتییەکان پشتگوێ بخرێن، ئەوا ئاڵۆز و گران دەبێت. هەروا کێشە و ململانێکانی تایبەت بە پرسی ئاو، جگە لە کاریگەریی لەسەر ژیان و بژێویی ڕۆژانەی هاووڵاتیان، کاریگەریی تەواوی لەسەر کەرتەکانی کشتوکاڵ، پیشەسازی و ژینگەیش هەیە. هەر بۆیە ئەمەیش وای کردووە ئەم پرسە بچێتە ڕێزی بابەتەکانی پەیوست بە ئاسایشی نیشتمانی لە هەر وڵاتێکدا. لەم کورتە وتارەدا هەوڵ دەدەین تیشک بخەینە سەر پەیوەندیی نێوان پرسی ئاو و ئاسایش و، هەروا تیۆرییەکانی ململانێ لەسەر ئاو بخەینە بەرباس.

ئاو و ئاسایش

گرێدانی وشەی ئاو بە ئاسایش، لە ڕاستیدا سەرەتا جۆرێک لە ترس و نیگەرانی لە لای خوێنەر دروست دەکات، کە ئاخۆ بۆ دەبێ ئاو بە ئاسایشەوە گری بدرێت، یا خود ئاو، چ گرنگییەکی ئاسایشیی هەیە، کە دەبێ لە چوارچێوەی ئاسایشی نیشتمانی و تەنانەت ئاسایشی جیهانیدا بۆی بڕوانین؟ بەکارهێنانی زاراوەی ئاسایش لەگەڵ ئاو، ئەو بیرۆکەیەمان لا دروست دەکات کە ئاو لە بەردەم هەڕەشە و مەترسیدایە؛ بۆیە مرۆڤ و دەوڵەتەکان هەوڵی پاراستنی دەدەن و بازنەیەکی ئاسایشی بە دەوردا دروست دەکەن.

لە ڕاستیدا هەڕەشەکان لەسەر ئاو کەم نین و، بگرە ڕۆژ بە ڕۆژ لە پەرەسەندان. له‌به‌ر ئه‌وه‌ دەوڵەتەکان بە تەنینی بازنەیەکی ئاسایشی لە دەوری ئاو، هەوڵی پاراستنی سەرچاوە ئاوییەکان دەدەن. ئەم هەڕەشانە بەسەر دوو جۆر هەڕەشەی ناوخۆیی و دەرەکیدا دابەش دەبن. هەڕەشە ناوخۆیییەکان پتر لایەنی کارگێڕی، ئابووری و ڕۆشنبیری دەگرێتەوە وەک ئیدارەدانی خراپی سەرچاوە ئاوییەکان، نەبوونی بەرنامە و ستراتیژێکی ڕوون و زانستی لە بەکارهێنانی سەرچاوەکان و نەبوونی وشیاری لە لایەن هاووڵاتیان لە بەکارهێنانی سەرچاوە ئاوییەکاندا. هەڕەشە دەرەکییەکانیش، پتر لە سەرچاوە ئاوییە هاوبەشەکان لە نێوان دەوڵەتانی هاوکەناردا ڕوو دەدەن.

 "ئەحمەد کەمال ئەبولمەجد" دەڵێ: "ئاسایشی سەربازی بۆ هیچ گەلێک لە دەرەوەی ئاسایشی ئابووری، دروست نابێ و، ناوەڕۆکی ئاسایشی ئابووریش ئاسایشی خۆراکە و، کاکڵەی ئاسایشی خۆراکیش ئاوە." ئەگەر لە ناوەڕۆکی ئەم وتەیە بەجوانی ورد ببینەوە و ئەو واتایە ببینین، کە لە پشت ئەم وتەیەدا هەیە، بۆمان دەردەکەوێ بۆچی دەوڵەتانی جیهان ئەمڕۆ تا ئەم ڕاددەیە گرنگی بە بابەتی ئاو دەدەن و، بە ئاسایشی وڵاتەکەیانەوە گرێی دەدەن.

دەوڵەتانی جیهان تا ئەو ڕاددەیە گرنگی بەم بابەتە دەدەن، کە ئاسایشی ئاو بە ئاسایشی خۆراک و ئاسایشی نیشتمانی و پرسە ستراتیژییەکانەوە گرێ دەدەن. هەر بۆیە زۆر لە دەوڵەتان، تەنانەت لە بڵاوکردنەوەی زانیاری و ئامار و داتا و توێژینەوەکانی تایبەت بە ئاو، خۆ دەبوێرن و، ڕەنگە هەندێ جار بۆ بەلاڕێدابردنی بابەتەکان، زانیاریی هەڵە و دوور لە ڕاستیش لەسەر ئەم بابەتە بڵاو بکەنەوە. توێژینەوە گرنگ و ستراتیژییەکان لەسەر ئاو لە هەندێ دەوڵەت، لە ڕیزی بابەتە نهێنی و ئاسایشییەکاندایە و، تەنیا بە ڕیژەیەکی کەم و سنووردار و بۆ کەسانی پلە باڵا و توێژەرانی نزیک لە دەسەڵات و پەیوەندیدار بە بابەتەکە بڵاو دەبێتەوە، هەر وەک چۆن لە عێراق و دەوڵەتە عەرەبییەکان لەژێر ناوی (للتداول المحدود/ دەستاودەستکردنی سنووردار) و، لە ئێران لەژێر ناوی (مطالعات راهبردی یا طبقەبندی شدە/ توێژینەوە ستراتیژییەکان یا پارێزراوەکان) و، لە تورکیا لەژێر ناوی ڕاپۆرتە نهێنییە ستراتیژییەکان (Stratejik Gizli Raporlari)  ناو دەبرێن و هەڵدەگیرێن و ناخرێنە بەردەستی هەموو کەسێک.

ئاو وەک سەرچاوەیەک بۆ ململانێ، یان دەستلەملانێ

لەمێژە گوێبیستی ئەم قسە و باسانە دەبین، کە جەنگەکانی داهاتووی جیهان لەسەر ئاو ڕوو دەدەن. ڕاستییه‌كه‌ی، ئەم بیرۆکەیە هەر لە کۆنەوە هەیە و، مرۆڤەکان لە کۆمەڵگە سەرەتایییەکانەوە تا بە ئەمڕۆ بە هەزاران جار لەسەر ئاو و دەستگرتن بەسەر سەرچاوەكانی ئاودا بە شەڕ هاتوون. تەنانەت دەوڵەتانیش لەم بوارەدا ئەسپی خۆیان تاو داوە و تاکوو ئێستا ٣٧ جەنگ لەسەر ئاو لە جیهاندا ڕوویان داوە و، بۆی هەیە لە داهاتوویشدا هەمان ئەزموونی تاڵ دووبارە ببێتەوە. نزیکترین نموونەی ئەو جەنگانەیش، جەنگی ساڵی ١٩٦٧ی عەرەب – ئیسراییل بوو لەسەر ڕووباری ئۆردن و، جەنگی یەکەمی کەنداو لە ساڵی ١٩٨٠ لە نێوان ئێران - عێراق، کە لە ڕاستیدا هۆکارەکەی بۆ ڕووباری "شەتولعەرەب" دەگەڕێتەوە. لەبارەی دەرەنجامەکانی ململانێ لەسەر ئاو، دوو تێڕوانینی جیاواز و دژبەیەک هەن کە لە خوارەوە دەیانخەینە ڕوو.

١- تێڕوانینی ڕیالیستی بۆ کێشەکانی ئاو: بەپێی ئەم تێڕوانینە بۆ سیاسەتی جیهانی، پەیوەندییەکی ئەرێنیی لە نێوان کەمبوونی سەرچاوە ئاوییەکان و دروستبوونی کێشمەکێش و ململانێکاندا هەیە. لەم ڕوانگەیەوە، مێژووی مرۆڤ پڕاوپڕە لە جەنگ و پێکدادان لەسەر سەرچاوە ئاوییەکان. "فالکون مارک" و "ویدزتراند" پاش بەکارهێنانی ئەم شرۆڤەیە لەسەر سەرچاوەکانی ئاوی شیرین، دەڵێن "بە درێژاییی مێژووی جیهان، دەستگەیشتن بە ئاو بووەتە هۆی سەرهەڵدانی کێشمەکێشە سیاسی و سەربازییەکان". ئەو توێژینەوانەی کە لە لایەن دەزگه‌ی ئاشتیی نێودەوڵەتیی ستۆکهۆڵم SIPRI)) و ڕێکخراوی بەرنامەی ژینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان (UNEP) لە سەرەتای دەیەی هەشتا لەمەڕ چالاکیی سەربازی لە بواری ژینگەدا ئەنجام دراون، ئەوەی پیشان دا کە دابەشبوونی جوگرافیاییی سەرچاوەکان، بەردەستبوونی سەرچاوەکان و لەناوچوونی سەرچاوە سروشتییەکانی جیهان (لەوانەیش نەوت و ئاوی شیرین و...هتد) کاریگەریی لەسەر ئاسایشی نێودەوڵەتی و سیاسەتی ستراتیژیی دەوڵەتان هەیە و، وا لە دەوڵەتان دەکات هێزی سەربازی بەکار بهێنن. فالکون مارک، پرسی ئاوی شیرین بە چەقی ململانێ نێودەوڵەتییەکانی ئێستا و داهاتوو دەزانێ و بە هۆکاری دروستبوونی کێشمەکێشەکان لە قەڵەمی دەدات. ئەو لەو باوەڕەدایە، کە کێشمەکێش لەسەر کەمبوونی ئاو و وابەستەبوون بە ئاوی وڵاتانی سەرووی ڕووبار، دەبێتە هۆی ئەم کێشە و مشتومڕانە. تەنانەت ئەگەر گرنگیی ئاویش لەبەرچاو نەگیرێت، هێشتا هەر دەتوانێ هۆکارێکی بەهێزی کێشمەکێشی سەربازی بێت.

بەپێی ئەم بۆچوونە کە دیدگه‌ی زاڵە لە ئەدەبیاتی پەیوەست بە ئاو، کەمبوونی ئاو پرسێکی زۆر قەیراناوییە، کە کاریگەریی لەسەر ئاسایشی نیشتمانی و مانەوە و بەردەوامیی هەر کۆمەڵگەیەک هەیە. بۆ سەلماندنی ئەم گریمانەیەیش، بەردەوام باس لەوە کراوە کە مشتومڕ لەسەر ئاو، بووەتە هۆکاری زۆر لە جەنگەکان، لەوانەیش جەنگی ساڵی ١٩٦٧ لە نێوان عەرەب و ئیسڕاییل و...هتد.

٢- تێڕوانینی ئاشتییانە بۆ کێشەکانی ئاو: بەپێی ئەم تێڕوانینە، هەموو مشتومڕەکان لەسەر ئاو ناگاتە ئاستی کێشمەکێشی توندوتیژ. لە ڕاستیدا زۆر لەو کێشانە لە ڕێگه‌ی باس، گفتوگۆ، بیرکردنەوە و ڕێگه‌چارەی ئاشتییانەوه‌ چارەسەر دەبن. بۆ نموونە میسر و سوودان دەیان ساڵە لە حەوزی ڕووباری نیل هاوکاریی یەکتر دەکەن و، چەندین پرۆژەی وەک بەنداوی ئەسوان، دەریاچەی ناسر و کەناڵی جانگلیان بەیەکەوە دروست کردووە. ئەم دوو وڵاتە هەروا لە ڕێگه‌ی گفتوگۆ لەسەر دابەشکردنی ئاوی ڕووبارەکە ڕێک کەوتوون. هەروا مۆریتانیا و سینیگال نزیکەی چارەکە سەدەیەکە لەسەر بەڕێوەبردنی ڕووباری سینیگال ڕێک کەوتوون. لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، سەرەڕای ئەوەی کە ناوچەیەکی پڕ لە جه‌نگ و شەڕ و ئاژاوەیە، بەڵام پرسەکانی تایبەت بە ئاو، کەمتر لە کێشەکانی دیکە بوونەتە هۆی جەنگ. کەواتە هیج یاسا و ڕێسایەک نییە بۆ ئەوەی کە بیسەلمێنێ کەمبوونی ئاو، دەبێته‌ هۆی جەنگ و ململانێ و کاوڵکاری، یاخود پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆ هەیە لە نێوان کەمبوونی سەرچاوەکانی ئاو و جەنگ و پێکدادانەکان. ئەم بابەتە پتر لە لایەن جوزێف دێلاپنا، ئارون ئێلهانس و دانیێل دودونی خراوەتە بەرباس. بۆ نموونە دێلاپنا دەڵێ: گرنگیی ئاو وا دەکات هاوکاریی پتر لەو بوارەدا بێتە ئاراوە. ئەو هەروا لەو باوەڕەدایە، وەک سەردەمە کۆنەکان، پێویستیی هاوبەش بۆ بەڕێوەبردنی باشتری ئەم سەرچاوە نایابە، وا دەکات لە بری ناکۆکی، یەکگرتنی هەرێمی لە نێوان وڵاتاندا بەهێزتر ببێت.

هەروا دودونی باس لەوە دەکات، کە ناکۆکی لەسەر ئاو کەمتر دەبێتە هۆی جەنگ و، گەشەکردنی سەرچاوە ئاوییەکان پتر ئاشتی بەهێز دەکات و بەم جۆرە بیرۆکەی جەنگی ئاو، دەباتە ژێر پرسیارەوە. ئەو لەو باوەڕەدایە، کە کەڵکوەرگرتن لە سەرچاوە ئاوییەکان، پێویستیی بە دامودەزگه‌ی گرانبایی هەیە و، بوونی بەنداو و دامەزراوە ئاوییەکان بە جۆرێک لە جۆرەکان دەبنە ئامانج لەبەردەستی دوژمن. هەر بۆیە، ئەمەیش زیانمەندبوون و وابەستەبوونی دووسەرە دروست دەکات، کە لە ڕاستیدا بە ڕێژەیەکی بەرچاو پاڵنەرەکانی پەنابردن بۆ توندوتیژی، کەمتر دەکاتەوە. جگە لەمەیش، گەشەپێدانی سەرچاوە ئاوییەکان لە لایەن وڵاتانی ناکۆک، تۆڕێک لە پەیوەندی و بەرژەوەندی و قازانجی هاوبەش دروست دەکات، کە ئەمەیش ئەگەرەکانی جەنگ کەمتر دەکاتەوە.

هەر لە دێرزەمانەوە، فاکتەرە یاسایییەکان وەک هۆکارێک بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ئاو لەبەرچاو گیراون و، ئەم فاکتەرەیش ڕەهەندی دووقۆڵی، هەرێمی و جیهانیی هەیە. بۆ نموونە مشتومڕی هیندستان و چین لەسەر ئاو، بۆ نەبوونی ڕێککەوتنێکی یاسایی دەگەڕێتەوە لەم بوارەدا. لە بەرامبەردا لە هۆڵەندا، لە بەر هەبوونی سیستەمێکی یاساییی ڕوون لەم بوارەدا، ئەو ململانێیە بەدی ناکرێت. دەوڵەتان گرنگیی فاکتەری یاسایییان بۆ دەرکەوتووە بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشانە. بۆیە، تاکوو ئێستا ٢٠٠٠ ڕێککەوتننامە بۆ ڕێکخستنی چۆنیەتیی بەکارهێنانی سەرچاوە ئاوییەکان لە نێوان وڵاتاندا گرێ دراون، جگە لەمەیش ٢٨٦ ڕێککەوتننامەی نێودەوڵەتی بۆ ئەم مەبەستە هەیە، کە نوێترینیان ڕێککەوتننامەی بەکارهێنانی ڕێڕەوە ئاوییە نێودەوڵەتییەکانە بۆ مەبەستی ناکەشتیڕانی لە ساڵی ١٩٩٧، کە کۆمەڵێک بنەمای گشتیی یاسایی داناوە بۆ کەڵکوەرگرتن لە ڕیڕەوە ئاوییە نێودەوڵەتییەکان.  

دەرەنجام

پاش سەرنجێکی کورت لەسەر پرسەکانی تایبەت بە ئاو، بۆمان دەرکەوت کە بە هۆی گرنگیی ئەم پرسە و کاریگەریی لەسەر بژێویی هاووڵاتیان، ئاسایشی خۆراک و پیشەسازی و  بەهێزکردنی پێگەی سیاسی و سەربازیی وڵات، بە پرسێکی گرێدراو بە ئاسایشی نیشتمانیی وڵاتان لە قەڵەم دەدرێ. هەروا لە بواری کاریگەریی کێشەکانی پەیوەست بە ئاو، دوو تێڕوانینی جیاواز و دژیەک لە ئارادان. تیۆریسیه‌نه‌كان لەم بارەیەوە بەسەر دوو دەستەدا دابەش بوون: دەستەی یەکەم، ئاو بە سەرچاوەی گرژی و پەرەسەندنی ململانێکان لە قەڵەم دەدەن و، لەو باوەڕەدان جەنگەکانی داهاتووی جیهان لەسەر ئاو ڕوو دەدەن و، لەم بارەیەوە کەمبوونەوەی سەرچاوە ئاوییەکان بە هەڕەشە لەسەر ئاسایشی وڵاتان دەزانن، کە لە ئەنجامدا دەبنە هۆکاری جەنگ و پێکدادان. هەر بۆیە، ڕێگه‌چارەی سەربازی بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشە و گرفتانە، بە ئەگەری چاوەڕوانکراو دەزانن. لە بەرامبەریشدا تێڕوانینێکی تر هەیە، کە بەپێچەوانەی دەستەی یەکەم بیر دەکاتەوە و، ئاو بە هۆکارێک دەزانن بۆ پەرەپێدانی هاوکاری و ئاشتی لە نێوان وڵاتاندا و، کێشەکانی تایبەت بە ئاو بە هۆکارێک دەزانن بۆ دەستلەملانێ، نەک هۆکارێک بۆ ململانێ. سەرەڕای ئەوەی کە لە ئەدەبیاتی تیۆریی تایبەت بە کێشەکانی ئاو، ئەدەبیاتی ڕیالیستیی زاڵە و کێشەکانی ئاو تاکوو ئێستا، جەنگ و پێکدادانیشی لێ کەوتۆتەوە، بەڵام لە واقعی کرداری، تێڕوانینی ئاشتیخوازانە کاری پێ دەکرێ و، ئەمڕۆ ویست و ئیرادەی کۆمەڵگه‌ی نێودەوڵەتی پتر بەو ئاراستەیە هەنگاو دەنێت، کە کێشە و گرفتەکانی ئاو بە کەڵکوەرگرتن لە ئامرازەکانی ئاشتییانە چارەسەر بکرێن. دوا نموونەیش لەم بوارەدا ڕێککەوتننامەی بەکارهێنانی ڕێڕەوە ئاوییە نێودەوڵەتییەکانە بۆ مەبەستی ناکەشتیڕانی لە ساڵی ١٩٩٧ کە لە لایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە ئامادە کراوە و لە ١٧/٨/٢٠١٤ ەوە کەوتۆتە بواری جێبەجێکردن.

 

سەرچاوەکان:

١- د.مصطفی دولتیار و پروفسور تیم اس. گری، سیاست آب در خاورمیانە.

٢- د.منذر خدام، الأمن المائي العربي الواقع و التحدیات.

٣- د.عبدالرحمن صالح مزوري، الوزن الجیوبولیتیکي لمیاە الأنهار في کوردستان.

٤- د.صبحي أحمد زهیر العادلي، النهر الدولي المفهوم والواقع في بعض أنهار المشرق العربي.

٥- د.سلمان شمران العیساوي، أزمة میاە الرافدین بین أطماع الجوار الجغرافي والقانون الدولي.

٦- ئازاد وەڵەدبەگی، ڕێکخستنی یاسایی ڕێڕەوەی ئاویی سیروان لەبەر ڕۆشنایی یاسای نێودەوڵەتیی گشتیی. 

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples