فیدراڵیزمی دارایی لە دەوڵەتە فیدراڵییەکان؛ عێراق وەک نموونە

پێشەکی

دارایی و سامان بە گرنگترین فاکتەری ژیانی هەر دەوڵەتێکی فیدراڵی دادەنرێت. چونکە فاکتەری دارایی، کاریگەریی بەرچاوی لەسەر هێز و توانای ئابووریی دەوڵەتە فیدراڵییەکان و حکوومەتە هەرێمییەکان و ژیانی ڕۆژانەی هاووڵاتیان هەیە. بۆیە، دابەشکردنی سەرچاوە دارایییەکان لە وڵاتانی فیدراڵی، بە یەکێک لەو گرنگترین کێشانە دادەنرێ کە حکوومەتە فیدراڵییەکان ڕووبەڕووی دەبنەوە، بەتایبەت لە وڵاتانی گه‌شه‌ستێندا ئەم بابەتە دەبێتە کۆسپێکی گەورە لە بەردەم گەشەکردن و بەرەوپێشچوونی وڵات و، هەندێ جار گرفت و ناکۆکیی سیاسی و یاساییی دیکەی لێ دەکەوێتەوە. نموونەی هەرە زیندووی ئەم بابەتەیش، پەیوەندییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵیی عێراقە. لە چەندین ساڵی ڕابردوو، چەندین کێشەی جۆراجۆری سیاسی و یاسایی لە نێوان هەر دوو حکوومەتدا سەریان هەڵدا، بەڵام هیچ کام لەو کێشانە، بە قەد بڕینی بوودجەی حکوومەتی هەرێم لە لایەن بەغداوە، کاریگەریی نەرێنیی لەسەر پەیوەندییەکانی هەر دوو لا دانەناوە.

ڕاستییه‌كه‌ی، کرۆک و ناوەڕۆکی فیدراڵیزم بریتییە لە دابەشکردنی دەسەڵات و دارایی لەسەر هەر دوو ئاستی حکوومەتی فیدراڵی و هەرێمە فیدراڵییەکان. بەڵام لە ڕاستیدا، لە هەندێ لەو حکوومەتانە، ئەم بنەمایە وەک پێویست جێبەجێ ناکرێ و، ئەم چەمکە وەک خۆی بۆ هەموو دامودەزگه‌ و جومگەکانی دەسەڵات شۆڕ نابێتەوە. سەرکەوتنی هەر سیستەمێکی فیدراڵی، بەوە دەبەسترێتەوە کە تا چ ڕاددەیەک بتوانێ فیدراڵیزمی دارایی جێبەجێ بکات. چونکە دارایی، ئامرازێکی گرنگ و سەرەکییە بۆ پاراستنی سەربەخۆیی و مافی هەرێمەکان و، هەروا  بۆ دەستەبەرکردنی پێداویستییەکانی هەر وڵاتێک لە ڕووی دابینکردنی خزمەتگوزاری بۆ هاووڵاتیان و بەرنامەکانی گەشەکردنی وڵات و...هتد.

ئەمرۆ لە جیهاندا (٢٥) دەوڵەتی فیدراڵی هەن، کە هەر یەکەیان لە ڕووی سیاسی، یاسایی و دارایی، سیستەم و شێوازی تایبەت بە خۆیان هەیە و، سەبارەت بە جۆری فیدراڵیزمی دارایی، یان ڕێکخستنی شێوازی پەیوەندییە دارایییەکان بە شێوازی ستوونی و ئاسۆیی (لەسەر هەر دوو ئاستی دەوڵەتی فیدراڵ و حکوومەتە هەرێمییەکان) شێواز و میکانیزمی جیاوازیان گرتۆتە بەر. هەر بۆیە، ناتوانین شێواز و نموونەیەکی گشتگیر بەسەر هەموویاندا بسەپێنین و، چارەسەرە دەستووری و یاسایییەکان بەپێی سروشتی سیستەمی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتیی وڵاتان جیاوازن.

واتا و پێناسەی فیدراڵیزمی دارایی

فیدراڵیزمی دارایی، لە یەک کاتدا هەم بابەتێکی سیاسییە و هەم ئابووری. سیاسییە، چونکە سامان و دارایی، شێوازێکە لە شێوازەکانی دەسەڵات و، شێوازی کۆکردنەوە و بەکارهێنانی سامان پەیوەندییەکی توندوتۆڵی لەگەڵ پەیکەری بڕیاردان و دینامیکییەتی سیاسی لە وڵاتانی فیدراڵیدا هەیە. لە هەمان کاتیشدا ئابوورییە، چونکە بەڕێوەبردنی سەروەریی دابەشکراو، لە هەندێ بابەتی وەک باج و خەرجییە حکوومییەکان و دانانی دەزگه‌ی چاودێری، کاریگەریی گەورەی لەسەر کار و سەقامگیریی ئابووری و دابەشکردنی سامان هەیە.

فیدراڵیزمی دارایی، بە واتای تەرخانکردنی سەرچاوە دارایییەکان دێت بۆ هەر دوو ئاستی حوکم و بەڕێوەبردن  (حکوومەتی فیدراڵی و هەرێمەکان) بۆ جێبەجێکردنی ئەو ئەرک و بەرپرسیارێتییەی کە لە ئەستۆیانە و، بەدەستهێنانی داهاتە بۆ ڕووبەڕووبەنەوەی خەرجییەکان و بارگرانییەکان، لە هەموو ئاستەکانی حوکم لە دەوڵەتە فیدراڵییەکاندا. فیدراڵیزمی دارایی، گەرەنتیی بەدیهێنانی لێهاتوویی و کارایی لە وەرگرتنی باج و داهاتەکان دەکات و، هەروا دەستەبەرکردنی گەشەکردن و ڕێکخستنی خەرجییەکان. جەوهەری فیدراڵیزمی دارایی، کۆکردنەوەی سەرچاوە دارایییەکان، یان قەرزکردن و خەرجکردنیەتی لە دەوڵەتە فیدراڵییەکاندا. بە گوتەیەکی تر، دابەشکردنی داهاتی سامانە سروشتییەکان و سەرچاوەکانی دیکە و دیاریکردنی دەسەڵاتە دارایییەکانە بە شێوەیەکی دادپەروەرانە، لە نێوان حکوومەتی فیدراڵی و حکوومەتە هەرێمییەکاندا.

 بەزۆری لە دەستووری دەوڵەتانی فیدراڵیدا، وێڕای دیاریکردنی دەسەڵاتەکانی یاسادانان، جێبەجێکردن و دادوەری، دەسەڵاتە دارایییەکان لەسەر هەر دوو ئاستی حکوومەتی فیدراڵ و هەرێمەکانیش دیاری دەکرێن، بۆ ئەوەی جۆرێک لە سەربەخۆییی دارایی بۆ هەرێمەکان دەستەبەر بکرێ؛ بۆیە، دەسەڵاتی کۆکردنەوە و وەرگرتنی سەرچاوە دارایییەکان و خەرجکردنیان بۆ دیاری دەکرێت.

کاکڵەی بیری فیدراڵیزمی دارایی، بریتییە لە چڕنەکردنەوەی داهاتەکان و خەرجییەکان و پێدانی دەسەڵاتی باج بە حکوومەتە هەرێمییەکان. چڕنەکردنەوەی دارایی، ئە دەرفەتە دەڕەخسێنێ کە سەرچاوەکان بە شێوەیەکی خێراتر کارا بکرێن و، حکوومەتە لۆکاڵییەکان بتوانن پێداویستییە ناوچەیییەکان دابین بکەن و، لە بەرامبەر هاووڵاتیاندا بەرپرسیار بن. جگە لەمەیش بەپێی توێژینەوەکان دەرکەوتووە، کە چڕنەکردنەوەی دارایی، دەبێتە هۆی ڕکابەری لە نێوان دەوڵەتی فیدراڵی و حکوومەتە هەرێمییەکان.

ناکرێت نموونەیەکی ئامادەکراو و گشتگیر بۆ دابەشکردنی داهاتەکان لە نێوان حکوومەتی فیدراڵ و هەرێمەکان دەستنیشان بکرێ، بەڵکوو ئەمە دەکەوێتە سەر سروشتی گفتوگۆ و بەرژەوەندیی هاوبەشی هاووڵاتیانی دەوڵەتی فیدراڵی و دەسەڵاتە دەستوورییەکانی هەر دوو لایەن. مەرجی بەرایی بۆ بەرەوپێشبردنی سیاسەتێکی سەربەخۆ لە لایەن پێکهاتەکانی دەوڵەتی فیدراڵی، ئەوەیە کە ئەو هەرێمانە خاوەن بناغەیەکی داراییی پتەو و تەواو بن؛ ئەمەیش دەکرێ لە ڕێگه‌ی دانانی سیستەمێکی باج  بێتە دی.

فیدراڵیزمی دارایی، لە بنەڕەتدا هەم دەردە و هەم دەرمان. دەردە، ئەگەر بێت و تەنیا واتایەکی ڕواڵەتیی هەبێت و ئامرازێک بێت بۆ خۆدەربازکردن لە بەرپرسیارێتی. دەرمانە، ئەگەر بێت و، وەک خۆی و بەدروستی بە مەبەستی دابەشکردنی دادپەروەرانەی سامان و دارایی، لەسەر هەر دوو ئاستی حکوومەتی فیدراڵ و حکوومەتە هەرێمییەکان جێبەجێ بکرێت. دابەشکردنی دەسەڵات، بەبێ دابەشکردنی سەرچاوەی داراییی پێویست، وا دەکات پێکهاتە و دامەزراوەکانی دەوڵەتی فیدراڵی لە واتا و ناوەڕۆک بەتاڵ بن و، تەنیا ببنە دروشمێکی بریقەدار و لەسەر زەمینەی واقع، هیچ کارایی و کاریگەرییەکیان نەبێت. بەپێچەوانەوە، دابینکردنی سەرچاوەی داراییی پێویست، دەبێتە گەرەنتییەک بۆ یەکپارچەییی وڵات، سەربەخۆیی و توانای دامودەزگه‌ فیدراڵییەکان لە بەجێگەیاندنی ئەرکەکانیاندا.

وەک چۆن فیدراڵیزمی سیاسی، دەربڕینێکی دیموکراتییانەیە بۆ ڕێزگرتن لە مافی هاووڵاتیان، ئەوا فیدراڵیزمی دارایی، ڕێزگرتنە لە مافی هەرێمەکان و حکوومەتە لۆکاڵییەکان لە سەرچاوە دارایییەکان و لە گەشەکردنی هاوسەنگ. فیدراڵیزمی دارایی، لەسەر بنەمای دادپەروەری لە دابەشکردن بەپێی پیوەرێکی پەسندکراو و شەفاف و، بە مەبەستی کەمکردنەوەی هۆکارەکانی شک و گومان لە پەیوەندییە دارایییەکانی نێوان حکوومەتی فیدراڵ و هەرێمەکان، بنیات نراوە. بەپێچەوانەوە، دەبێتە هۆی پەراوێزخستنی هەرێمەکان و دروستبوونی مشتومڕ و ناکۆکی لە نێوان لایەنەکان و دوورکەوتنەوە لە ئامانجەکانی فیدراڵیزم.  

فیدراڵیزمی دارایی لە عێراق

پاش ساڵی ٢٠٠٣ و ئەو گۆڕانەی کە لە سیستەمی سیاسیی ئەم وڵاتەدا هاتە ئاراوە، بەپێی یاسای بەڕێوەبردنی دەوڵەت، ساڵی ٢٠٠٤ و، پاشان دەستووری ساڵی ٢٠٠٥، عێراق بوو بە دەوڵەتێکی فیدراڵی. هەر بۆیە، ئەمەیش وای دەخواست شان بە شانی ئەو گۆڕانە، سیستەمی داراییی وڵاتیش گۆڕانی بەسەردا بێت. بۆ ئەم مەبەستە، دەسەڵاتی کاتیی هاوپەیمانان، فەرمانی ژمارە (٧١)ی ساڵی ٢٠٠٤ تایبەت بە دەسەڵاتی حکوومەتە لۆکاڵییەکان و فەرمانی ژمارە (٩٤)ی لەژێر ناوی یاسای بەڕێوەبردنی دارایی و قەرزی گشتی، دەرکرد. پاش بەرکاربوونی دەستووری ساڵی ٢٠٠٥، لە بەندی ١١٢، ڕێکخستنی ئەم بابەتەی بۆ یاسا بەجێ هێشت.

عێراق (بە هەرێمی کوردستانیشەوە) وڵاتێکە کە ٩٥%ی داهاتەکەی لە ڕێگه‌ی فرۆشتنی نەوتەوە دابین دەبێت و، بە درێژاییی چەندین ساڵی ڕابردوو نەیتوانیوە هیچ سەرچاوەیەکی دیکەی داهات بۆ خۆی دروست بکات، هەتا بتوانێ خۆی لەژێر باری ئابووریی تاکسەرچاوە ڕزگار بکات. هەر بۆیە،  کێشەی سەرەکی لە عێراق لە نێوان حکوومەتی فیدراڵ و هەرێم و پارێزگاکان، کێشەی موڵکییەتی سامانە سروشتییەکانە، وەک نەوت. لە وڵاتانی فیدراڵیی پێشکەوتوو، بەو پێیەی کە چالاکییە ئابوورییەکان جۆراوجۆر و فرەڕەنگن و، ئابووریی ئەو وڵاتانە تاکسەرچاوە نییە، له‌به‌ر ئه‌وه‌ بابەتی موڵکییەتی سامانە سروشتییەکان بەزۆری بۆ هەرێمەکان دەگەڕێتەوە (سەرەڕای هەندێ جیاوازی لە موڵکییەتی ئاوە هەرێمییەکان) و، لەم بارەیەوە کێشەیەکی ئەوتۆ بەدی ناکرێت، وەک: سویسرا، کەنەدا، ئوستورالیا و ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی.

لە بەندی (١١١)ی دەستووری عێراقیدا هاتووە: "نەوت و غاز، موڵکی هەموو گەلی عێراقە  لە هەموو هەرێم و پارێزگاکاندا." هەروا لە بەندی(١١٢)ی دەستووردا هاتووە: "یەکەم/ حکوومەتی فیدراڵ لەگەڵ هەرێم و پارێزگا بەرهەمهێنەرەکان، نەوت و گازی دەرهێنراو لەو کێڵگانەی ئێستا، به‌ڕێوه‌ ده‌بات؛ بە جۆرێک داهاتەکان بە شێوەیەکی دادپەروەرانە بەگوێرەی دابەشبوونی دانیشتووان لە هەموو پارچەکانی وڵات دابەش بکرێ، لەگەڵ دیاریکردنی پشک بۆ ماوەیەک بۆ هەرێمە زیانلێکەوتووەکان، کە ڕژێمی پێشوو بە شێوەیەکی ستەمگەرانە بێبەشی کردبوون و ئەوانەی کە دواتر زیانیان لێ کەوت، بە جۆرێک کە گەشەسەندنێکی هاوسەنگ بۆ ناوچە جۆراوجۆرەکانی وڵات مسۆگەر بکات و، ئەمەش بە یاسا ڕێک دەخرێت.

دووەم/ حکوومەتی فیدراڵیی و حکوومەتە هەرێمییەکان و پارێزگا بەرهەمهێنەرەکان، پێکەوە سیاسەتە ستراتیژییە پێویستەکان بۆ پەرەپێدانی سامانی نەوت و غاز داده‌ڕێژن؛ بە جۆرێک کە بەرزترین قازانج بۆ گەلی عێراقی دەستەبەر بکات، بە پشتبەستن بە نوێترین تەکنیکی بنەماکانی بازاڕ و هاندانی وەبەرهێنان."

پاش سەرنجدان لە ناوەڕۆکی بەندی ١١١، بۆمان دەردەکەوێ کە دەستووری عێراق، نەوت و غازی بە موڵکی گەلی عێراق داناوە؛ چونکە گەل، کەسایەتیی مەعنەوی نییە و، ناتوانێ بەرپرسیارێتی هەڵبگرێت و، موڵکییەت بەو پێیەی کە مافێکی ڕاستینەیە (حق عیني)، بۆیە ئەم مافە بۆ دەوڵەت دەگەڕێتەوە، چونکە دەوڵەت بەپێی بەندی ٤٧/أ لە یاسای شارستانیی عێراق، خاوەن کەسایەتیی مەعنەوییە و، وا ڕاستتر بوو كه‌ لانی کەم دەستوور، سامانی نەوت و غازی بە موڵکی دەوڵەتی عێراقی فیدراڵ دانابا (گەرچی هەرێمەکان لەم ڕووەوە لەپێشترن). هەروا لەم بەندە، بەپێچەوانەی هەندێک لە سیستەمە فیدراڵییە ڕەسەنەکان، ئەقڵییەت و ئاراستەی دەوڵەتی سادە و ناوەندی گیراوەتە بەر، نەک دەوڵەتێکی فیدراڵی و، وا باشتر بوو کە خاوەندارێتیی سامان و سەرچاوە سروشتییەکانی، بە هەرێمەکان درابا. لە بەندی ١١٢، بەناچاری دانی بە مافی هەرێم و پارێزگا بەرهەمهێنەرەکاندا ناوە، بۆ بەڕێوەبردنی کێڵگەکانی ئێستا و داڕشتنی سیاسەتی ستراتیژی بۆ پەرەپێدانی سامانی نەوت و غاز لە داهاتوودا.

هەروا لە هەمان بەند، باس لەوە دەکات کە دابەشکردنی داهاتەکان بە شێوازی دادپەروەرانە، بە یاسا ڕێک دەخرێت. ئەگەر سەرنجی واقعی چەندین ساڵی ڕابردوو بدەین، دەبینین کە یاسایەکی لەو جۆرە هەتا ئێستا دەرنەچووە، کە باس لە چۆنێتیی دابەشکردنی دادپەروەرانەی داهاتەکان بکات. پرۆژەیاسای نەوت و غاز، کە دەیتوانی بەشێک لەو کێشانە چارەسەر بکات، لە ساڵی ٢٠٠٧ەوە تاکوو ئێستا هەر لە مشتومڕدایە و، دەوڵەتی عێراق و هەرێمی کوردستان نەیانتوانی بگەنە هیج ڕێککەوتنێک بۆ پەسندکردنی ئەم پرۆژەیاسایە. جگە لەمەیش دەوڵەتی عێراق و هەرێمی کوردستان، نەیانتوانی لەو کاتەوە تاکوو ئێستا هیچ سەرچاوەیەکی گرنگی دیکەی داهات بۆ وڵات دروست بکەن، جگە لە دەستبردن بۆ سامانی نەوت نەبێت.

دەربارەی سیستەمی فیدراڵی لە عێراق، ئەوەی کە جێی سەرنجە ئەوەیە کە بەپێی بەندی ١ لە دەستوور، عێراق وڵاتێکی فیدراڵییە، بەڵام دەبینین لە زۆر بەندی دیکەی دەستوور، باس لە پارێزگا ڕێکنەخراوەکان لە هەرێم دەکات. ئەمەیش دەمانگەیه‌نێتە ئەو باوەڕەی کە بڵێین سیستەمی فیدراڵی لەم وڵاتەدا، فیدراڵییەتێکی ناتەواوە و، لە ڕاستیدا تێکەڵەیەکە لە فیدراڵیزمی سیاسی و ناناوەندێتیی کارگێڕی (اللامرکزیة الاداریة)، کە لە بەندی ١٢٢/دووەم بەئاشکرا باسی لێوە دەکات. هەتا ئێستا کە ١١ ساڵ لە پەسندکردنی دەستوور تێ دەپەڕێ، هیچ هەرێمێکی دیکە دروست نەبووە و، بەکردەوە ڕێگری لە دروستبوونی هەرێمی نوێ کراوە. ئەمەیش خۆی لە خۆیدا، هۆکار بووە بۆ ئەوەی سیستەمی فیدراڵی لەم وڵاتەدا، به ‌نیوه‌چڵی بمێنێتەوە و، نەتوانێ گەشە بکات و ڕێچکەی خۆی وەربگرێت. شان بە شانی ئەمەیش، فیدراڵیزمی دارایی نەیتوانیوە بکەوێتە سەرپێ و، ئاراستەی دروستی خۆی وەربگرێت.

یەکێکی دیکە لە گرفتەکانی پراکتیزەنەبوونی فیدراڵیزمی دارایی لە عێراق، تێکچوونی هاوسەنگیی ستوونییە لە سەرچاوە و داهاتەکان لە نێوان حکوومەتی فیدراڵی و حکوومەتی هەرێمی کوردستان و پارێزگاکان؛ بە جۆرێک کە یەکەمیان ٩٩% خەرجی و بودجەی ئەوانی تر دابین دەکات. واتە حکوومەتی فیدراڵی، بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ هەرێم و پارێزگاکان پارەدار دەکات و، پارە بەگشتی لە بندەستی حکوومەتی فیدراڵە و ئەوان حوکمی دەکەن؛ بۆیە بینینمان زۆر بەئاسانی حکوومەتی فیدراڵ توانیی بودجەی هەرێمی کوردستان ببڕێ و، دەتوانێ هەموو کاتێک ئەم ڕەفتارە لەگەڵ هەر پارێزگایەکی دیکەیش دووبارە بکاتەوە. ڕاستییه‌كه‌ی، حکوومەتی فیدراڵ پارە و داهات وەک کارتێکی سیاسی بەکار دەهێنێ، بەبێ ئەوەی لە چوارچێوەی فیدراڵیزمی داراییدا حیساب بۆ مافی هەرێم و پاریزگاکان بکات.

یەکێکی دیکە لە گەرەنتییەکانی مافی هەرێمەکان، بەدەر لە ژمارەی دانیشتووان، دروستکردنی ئەنجومەنی فیدراڵییە (هاوشێوەی ئەنجومەنی پیران، یان هەرێمەکان لە سیستەمە فیدراڵییەکانی تر) کە لە بەندی ٦٥ لە دەستووری عێراقدا باسی لێوە کراوە و، دەبێ بە یاسا ڕێک بخرێ، کە هەتا ئێستا یاسای بۆ دەرنەچووە و کەسیش خۆی لێ ناكات به‌ خاوه‌ن. ئەنجومەنی فیدراڵی، دەتوانێ ڕۆڵێکی چاودێریی گرنگ بگێڕێ و، نەبوونی، بووەتە هۆی ئەوەی کە نەتوانرێ هیچ سنوورێک بۆ تاکڕەوییەکانی ئەنجومەنی نوێنەران دابنرێت. ئەمەیش وا دەکات کە زۆرینەی پەرلەمانی، هەموو کات بتوانێ باڵادەستیی خۆی لە دەرکردنی یاسا و بڕیارەکاندا بسەپێنێ؛ وەک چۆن چەندین جار لە واقعی کرداریدا بینراوە.   

بەندی ١٠٦ لە دەستووری عێراق، باس لەوە دەکات کە بە یاسا دەستەیەکی گشتی لەژێر ناوی "دەستەی گشتی بۆ چاودێریکردنی تەرخانکردنی داهاتی فیدراڵی" پێک بێت، کە لە شارەزایانی حکوومەتی فیدراڵ و هەرێمەکان و پارێزگاکان و نوێنەرانیان پێک دێت. ئەرکی ئەم دەستەیە بریتییە لە دڵنیابوون لە دابەشکردنی دادپەروەرانەی بەخشش و یارمەتی و قەرزە نیودەوڵەتییەکان، بەپێی ئیستحقاقی هەرێم و پارێزگاکان. هەروا دڵنیابوونە لە بەکاربردن و دابەشکردنی داهاتە دارایییەکانی فیدراڵی بە باشترین شێواز. جگە لەمەیش، گەرەنتیکردنی شەفافییەت و دادپەروەری لە کاتی تەرخانکردنی پارە بۆ هەرێم و پارێزگاکان بەگوێرەی ڕێژەی بڕیارلەسەردراو. ئەم دەستەیە کە گرنگییەکی زۆری لە دەستەبەرکردنی فیدراڵیزمی دارایی و دابەشکردنی دادپەروەرانەی سامان هەیە، تاکوو ئێستا لە خانەی فرامۆشبووەکاندایە؛ هیچ یاسایەکی بۆ دەرنەچووە.

دەرەنجام

پاش خستنەڕووی پێناسە و گرنگیی بوونی شێوازی فیدراڵیزمی دارایی لە پاڵ فیدراڵیزمی سیاسی لە سیستەمە فیدراڵییەکان و کەموکوڕییەکانی ئەم سیستەمە لە عێراق، بۆمان دەرکەوت ئەو فیدراڵیزمەی کە لەم وڵاتەدا هەیە، فیدراڵیزمێکی ناتەواو و ڕواڵەتییە؛ بۆیە نەیتوانیوە لە دروستکردنی دامودەزگه‌ پێویستەکان بۆ سەرخستنی سیستەمی فیدراڵیی سیاسی و دارایی، سەرکەوتوو بێت. تەنانەت ده‌ستی بە دروستکردنی ئەو دامودەزگه‌یانەی کە لە دەستووری عێراقیشدا باسی لێوە کراوە، نه‌كردووه‌: وەک ئەنجومەنی فیدراڵی، دەستەی گشتی بۆ چاودێریکردنی تەرخانکردنی داهاتی فیدراڵی و...هتد.

  لە پاڵ ئەمەیشدا، هەست دەکرێ شێوازی هەڵسوکەوتی دەسەڵاتداران و کاربەدەستانی وڵات بە هەمان ئەقڵییەت و تێگەیشتنی دەوڵەتێکی یەکپارچەی ناوەندگەرایە، کە ئەمەیش پیشاندەری ئەو ڕاستییەیە کە بڕواداربوون بە پرەنسیپ و بنەماکانی سیستەمی فیدراڵی، یان هەر نییە یان زۆر لاوازە. جگە لەمەیش، ئاراستەی بیرکردنەوە و ستراتیژیی دەسەڵاتداران و خەڵکی تاکە هەرێمی ناو دەوڵەتی عێراق، کە هەرێمی کوردستانە، بە ئاراستەی هەنگاونان بەرەو سەربەخۆیییە؛ له‌به‌ر ئه‌وه‌ نایانەوێ ئەو دەسەڵات و سەڵاحییاتەی کە بەر لە دروستبوونی دەوڵەتی نوێی عێراق هەیانبووە لە دەستی بدەن، یاخود سنوورداری بکەن. بۆیە، بیرکرنەوە و کارکردن بە دوو ئاراستەی تەواو جیاواز و دژبەیەک، وا دەکات کە بنەماکانی سیستەمی فیدراڵی لەسەر هەر دوو ئاستی سیاسی و دارایی، نەتوانێ سەرکەوتن بەدەست بهێنێ و بگاتە ئامانجەکانی خۆی.

سەرچاوەکان:

١- علي هادي حميدي الشكراوي والأخرون، التنظيم القانوني للامركزية المالية في الدولة الفيدرالية (دراسة مقارنة مع القانون العراقي)، مجلة المحقق الحلي، المجلد ٥، العدد ٢، سنة ٢٠١٣.

٢- جورج أندرسون، الفیدراڵیة المالیة مقدمة مقارنة، ترجمة مها تکلا، منتدی الاتحادات الفدرالیة، کندا، ٢٠٠٩.

٣- الفیدراڵیة المالیة، اعداد مصطفی نصر، مرکز الدراسات والاعلام الاقتصادي.

٤- رولاند شتورم و پتر تسیمرمان شتاینهارت، مقدمەای بر فدرالیسم، ترجمە سامرەند م.

٥- ابراهیم عباسی و دیگران، بررسی تأثیر تمرکززدایی مالی بر اندازە دولت و رشد اقتصادی استان ها، فصلنامە برنامەریزی و بودجە، شمارە ٢، تابستان ١٣٩٤.

٦- دەستور جمهوریة العراق لسنة ٢٠٠٥.

٧- القانون المدني العراقي، رق، ٤٠ لسنة ١٩٥١ و تعدیلاتە.

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples