پاراستنی مافی کەمینەکان لە یاسای نێودەوڵەتیی گشتیدا

بەرایی

کێشەی کەمینەکان، چ لەسەر ئاستی ناوخۆیی و چ لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، پێشینەیەکی دوورودرێژ و ئاڵۆزی هەیە. ئەگەرچی کەمینەبوونی گرووپێک لە مرۆڤەکان لە جوگرافیا و ژینگەیەکی دیاریکراودا، شتێکی ئاسایی و هەمیشەیییە، بەڵام کاتێک دەبێتە کێشە، کە زۆرینەی باڵادەست لە سیاسەت و بەڕێوەبردنی وڵاتدا، بیەوێت خۆی بسەپێنێ و کەمینە فەرامۆش بکات. سیاسەتی یەکسانسازیی نەتەوەیی، لە هەندێ لە وڵاتانی جیهان و بەتایبەت وڵاتانی گەشەنەکردوو، بەردەوام هەڕەشەی لە بوون و مانەوەی کەمینەکان کردووە. ئەم جۆرە ڕەفتارانە، بووەتە هۆی گرژی و ململانێ لە نێوان دەوڵەتان و کەمینەکاندا. شەڕ و پێکدادانە نەتەوەیییەکان، بە بەشێکی تراژیک لە مێژووی جیهان دادەنرێ، کە قوربانییەکی زۆری مرۆییی لێ کەوتۆتەوە. یەکێک لە هۆکارەکانی سەرهەڵدانی جەنگی جیهانیی یەکەم لە ساڵی ١٩١٤، کێشەی کەمینەکان بوو. لە بەرامبەردا، لە وڵاتانی گەشەکردوو بە ئاراستە و تێڕوانینێکی جیاوازتر سەیری کەمینەکان کراوە و، لە بری ئەوەی کەمینەکان وەک هەڕەشە سەیر بکەن، وەک هەلێک لێی دەڕوانن و، فرەییی نەتەوەیی و فەرهەنگی بۆ بەهێزکردنی یەکێتیی نیشتمانی دەقۆزنەوە.

سەرەتای سەرهەڵدانی ئەم کێشەیە، بۆ سەدەی چواردە و سەرهەڵدانی دەوڵەتە مۆدێرنەکان دەگەڕێتەوە، بەڵام لە سەدەی شازدە ئەم دیاردەیە بەڕوونی بەدەرکەوت. لە سەرەتادا هیچ میکانیزم، یان دامەزراوە و ڕێککەوتنێکی نێودەوڵەتی، بۆ پاراستنی مافی کەمینەکان لە ئارادا نەبوو. پاش کۆتاییی جەنگی جیهانیی یەکەم، سەرانی وڵاتانی جیهان کۆ بوونەوە تا هەندێ دامەزراوە بۆ پاراستنی مافی کەمینەکان دروست بکەن. ئەم هەوڵانە لە یاسای نێودەوڵەتیدا هەتا ئێستایش هەر بەردەوامن. کۆمەڵەی گەلان لە پەرەپێدانی مافی کەمینەکاندا ڕۆڵێکی لاوەکیی هەبوو. تا بەر لە جەنگی جیهانیی یەکەم، سیستەمی پاراستنی کەمینەکان تەنیا تایبەت بوو بە کەمینە ئایینییەکان، بەڵام پاش جەنگ، جموجووڵێک بە ئاراستەی پاراستنی مافی کەمینەکان لە یاسای نێودەوڵەتیدا دەستی پێ کرد. دەتوانین بڵێین هەوڵە سەرەکییەکان بۆ پاراستنی مافی کەمینەکان، پاش جەنگی جیهانیی دووەم و لەژێر چەتری نەتەوە یەکگرتووەکاندا هاتە ئاراوە. لەم سەردەمەدا، کە بە سەردەمی زێڕینی گەشەکردنی مافی کەمینەکان دادەنرێ، چەندین ڕێککەوتن و ڕاگەیەندراوی تایبەت بۆ پاراستنی مافی کەمینەکان هاتنە ئاراوە و کۆمەڵگه‌ی نیودەوڵەتی هەوڵێکی زۆری دا بۆ پێناسەکردنی زاراوەی کەمینە و دەستنیشانکردنی مافەکانیان، کە لە خوارەوە ئاماژەیان پێ دەکەین.

پێناسەی زاراوەی کەمینە

زاراوەی کەمینە، یەکێکە لەو زاراوانەی کە لە  ئەدەبیاتی یاسایی و سیاسیدا، پێناسەیەکی ڕوون و یەکگرتووی نییە. ناڕوونی لە پێناسەکردنی ئەم زاراوەیە، بووەتە هۆی ئەوەی کە هیچ ڕێککەوتننامەیەکی نێودەوڵەتیش پێناسەی ئەم زاراوەیە نەکات و، ئەم بابەتە یەکێکە لەو بابەتانەی کە لە یاسای نێودەوڵەتیدا مشتومڕی زۆری لەسەر دەکرێ. بۆ نموونە دادگه‌ی نێودەوڵەتیی سزاییی ڕواندا لە کێشەی "ڕوتاگاندا" باس لەم بۆشایییە دەکات و دەڵێ: "دەربارەی چەمکی گرووپە نەتەوەیی، ئیتنیکی، نەژادی و ئایینییەکان توێژینەوەی بەربڵاو ئەنجام دراوە، بەڵام هێشتا پێناسەیەکی ورد و گشتی لەم بارەیەوە نییە، کە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی پەسند کرابێ."

لە بەندی  ٢٧ی ڕێککەوتننامەی مافە شارستانی و سیاسییەکان، باس لە سێ جۆر کەمینەی ئیتنیکی، ئایینی و زمانی دەکرێت. بەڵام لە ڕاگەیەندراوی مافی کەسانی سەر بە کەمینە نەتەوەیی یان ئیتنیکی، ئایینی و زمانییەکان کە لە ڕێکەوتی ١٨/دیسەمبەری/١٩٩٢ لە لایەن کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە پەسند کراوە، وشەی کەمینە نەتەوەیییەکانیش بۆ سێ گرووپەکەی پێشوو زیاد کراوە. هەروا لە "کۆنڤانسیۆنی چوارچێوەی پاراستنی کەمینە نەتەوەیییەکانی ئەنجومەنی ئەوروپا" کە بەڵگەیەکی مولزەمی ئەوروپییە، تەنیا باس لە کەمینە نەتەوەیییەکان کراوە.

زاراوەی کەمینە، زۆر جار لەگەڵ پاشگری ئایینی، زمانی، ئیتنیکی و نەتەوەیی بەکار دێت؛ هەر ئەم فرەڕەنگییەیش وای کردووە، کە نەتوانرێ پێناسەیەکی ڕوون و دیاریکراو لەم بارەیەوە بخرێتە ڕوو. هۆکارێکی دیکەی نەبوونی پێناسەیەکی یەکگرتوو، بۆ دڵنیانەبوونی دەوڵەتان و هەستیارییان سەبارەت بە کێشەی کەمینەکان دەگەڕێتەوە. نابێ ئەو ڕاستییە لەبیر بکەین، کە هەنووکەیش هەندێ لە دەوڵەتان، کەمینەکان وەک مەترسییەک بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانیی خۆیان سەیر دەکەن و، هەر بۆیە، بە تێڕوانین و چارەسەرێکی ئاسایشی، لەم بابەتە دەڕوانن.

ڕەنگە نەبوونی پێناسەیەکی یەکگرتوو، ئەم قازانجەیشی بۆ پرسی کەمینەکان هەبێت، کە ئەم پرسە لە چوارچێوەی بابەتە سیاسی و کۆمەڵناسی  و یاسایییەکاندا سنووردار ناکات و لە قاڵبی نادات و، ئەمەیش جۆرێک لە ئازادی بەو کەمینانە دەبەخشێ، هەتا بتوانن بە ئازادییەکی زیاتر و لە چوارچێوەی واقعی سیاسی-یاساییی وڵاتەکەیاندا، خۆیان پێناسە بکەن.

بۆ دۆزینەوەی پێناسەیەکی شیاو دەربارەی کەمینەکان، پەنا بۆ پێشینە دادوەرییەکان و بۆچوونی یاسازانان دەبەین. یەکەمین پێناسە لە پێشینەکان بریتییە لە پێناسەی دادگه‌ی  هەمیشەییی نێودەوڵەتیی داد، کە لە بۆچوونی ڕاوێژکاریی خۆی لە ٣١/٧/١٩٣٠ لە وەڵامی سەرۆکی کۆمیسیۆنی تێکەڵاوی یۆنانی- بولگاری، بەم جۆرە پیناسەی زاراوەی کەمینە دەکات: "گرووپێکە لەو کەسانەی کە لە وڵات، یان سەرزەوییەکی تایبەتدا دەژین و خاوەن ڕەگەز، ئایین، زمان و داب و نەریتی تایبەت بە خۆیانن و بە هۆی ناسنامه‌ی هاوبەشی ڕەگەزی، ئایینی و زمانی و داب و نەریت هەست بە هاوبەندی لەگەڵ یەکتردا دەکەن و نەریت و ڕێوڕەسمی خۆیان دەپارێزن و بەپێی فەرهەنگ و نەریتی خۆیان منداڵانیان پەروەردە دەکەن و لەم بارەیەوە یارمەتیی یەکتر دەدەن." هەروا دادگه‌ی نێودەوڵەتیی سزاییی ڕواندا چەند پیناسەیەکی جیاوازی دەربارەی کەمینەی نەتەوەیی، ئیتنیکی و ئایینی خستۆتە ڕوو.

ئەگەر سەرنجی بۆچوونی یاسازانان بدەین، لەم بارەیەوە پێناسەی زۆر هەن. بۆ وێنە هەندێک دەڵێن: "کەمینە گرووپێک لە خەڵکن کە لە ڕووی ئایین، ڕەگەز یان زمان و فەرهەنگێکی دیاریکراودا هاوبەشن و هەروا لەگەڵ پاشماوەی دانیشتووانی ئەو دەوڵەتەدا جیاوازن." باشترین و پەسندترین پێناسە لەم بارەیەوە بریتییە لە بۆچوونی "کاپۆتورتی"، ڕاپۆرتدەری تایبەتیی کۆمیسیۆنی قەدەغەکردنی جیاکاری و پاراستنی کەمینەکان. ئەو پێناسەیەی کە ناوبراو خستوویەتە ڕوو، بە بنچینەییترین پێناسە دەربارەی کەمینەکان لە قەلەم دەدەرێ و زۆربەی پسپۆڕانی بواری کەمینەکان پشتی پێ دەبەستن. کاپۆتورتی بەم جۆرە پێناسەی کەمینە دەکات: "گرووپێک کە لە ڕوانگەی ژمارەوە لە دانیشتووانی دیکەی وڵات کەمترن و لە پێگەی دەسەڵاتداریدا نین. ئەم کەسانە کە هەڵگری ڕەگەزنامەی ئەو دەوڵەتەن، تایبەتمەندیی ئیتنیکی، ئایینی یان زمانیی جیاوازیان لەگەڵ تاکەکانی دیکەی وڵاتدا هەیە و بە شێوەیەکی لاوەکی سەبارەت بە پاراستنی فەرهەنگ، نەریتەکان، ئایین و زمانی خۆیان هەستێکی هاوبەشیان هەیە." ئەم پێناسەیەی کاپۆتورتی تا ڕاددەیەک، لەژێر کاریگەریی بۆچوونی "دادگه‌ی هەمیشەییی نێودەوڵەتیی داد"دایە. 

پاراستنی نێودەوڵەتی بۆ مافی کەمینەکان

لە ئەنجامی ئەو ستەمەی، کە بە درێژاییی مێژوو ڕووبەڕووی کەمینەکان بووەتەوە، ئەم بابەتە هەر لە کۆنەوە بووەتە جێی بایەخ و گرنگیپێدان لە لایەن کۆمەڵگه‌ی نێودەوڵەتییەوە. پرسی کەمینەکان، بەر لە جەنگی جیهانیی یەکەم، پتر لە لایەن  هزرڤانان و بزاڤە چاکسازیخوازەکانەوە گرنگیی پێ دراوە و، لە هەندێ لە ڕێککەوتنە دووقۆڵییەکانی نێوان دەوڵەتان، بە شێوەیەکی بەرتەسک ڕەنگی داوەتەوە. لەو سەردەمەدا، پتر گرنگی بە مافی کەمینە ئایینییەکان دراوە؛ هەر بۆیە دەتوانین بڵێین یەکەمین کەمینە کە کەوتنە بەر پاراستنی کۆمەڵگه‌ی نێودەوڵەتی، کەمینە ئایینییەکان بوون.

لە ڕاستیدا، بۆ ئەوەی بتوانین پۆلێنێکی باشتر بۆ پاراستنی مافی کەمینەکان، بە شێوەیەکی بەرفراوان و هاوچەرخ بکەین، بە جۆرێک کە جێی پەسندی کۆمەڵگه‌ی نێودەوڵەتی بێت و لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی سەردەمدا بگونجێ، وا باشترە ئەم پۆلێنە لە ڕووی مێژوویییەوە ئەنجام بدەین و، بۆ دوو سەردەمی پاش جەنگی جیهانیی یەکەم و پاش جەنگی جیهانیی دووەم دابەشی بکەین.

١- پاراستنی مافی کەمینەکان پاش جەنگی جیهانیی یەکەم

پاش جەنگی جیهانیی یەکەم و، ئەو کارەساتانەی کە بە سەر مرۆڤایەتیدا هاتن، دەوڵەتە سەرکەوتووەکان لە ڤێرسای، لەسەر دامەزراندنی کۆمەڵەی گەلان ڕێک کەوتن. سەرەڕای هەوڵەکانی ویلسۆن، سەرۆککۆماری ئەو کاتی ئەمەریکا، بۆ گونجاندنی پرەنسیپی یەکسانیی ئایینی لە جاڕنامەی کۆمەڵەی گەلان، ئەم هەوڵانە سەرکەوتنی بەدەست نەهێنا. هەروا چین و ژاپۆنیش لە کۆنگرەی ئاشتی، هەوڵیان دا دەقێک لەناو جاڕنامەی کۆمەڵەدا سەبارەت بە مامەڵەی یەکسان لەگەڵ بیانییەکان بەبێ جیاکاری لە بواری ئایین، ڕەگەز و زمان، دابنرێ، بەڵام ئەم هەوڵانەیش نەگەیشتنە ئەنجام. بۆیە، دەتوانین بڵێین لە چوارچێوەی جاڕنامەی کۆمەڵەی گەلان هیچ دەقێک سەبارەت بە مافی کەمینەکان جێی نەکرایەوە. بەڵام ئەوەی کە جێی سەرنجە، لە چوارچێوەی ڕێککەوتننامەی ئاشتی، هەندێ بەند دانران کە باس لە مافی کەمینەکان دەکات لە چوارچێوەی ئەو دەوڵەتە کۆن و نوێیانەی، کە پاش جەنگ دروست بوون.

 دەتوانین بڵێین لە پاش جەنگی یەکەم، یاسا و ڕێسایەکی گشتی لە یاسای نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی مافی کەمینەکان نەهاتە ئاراوە؛ ئەوەی کە هەبوو، پتر گونجاندنی چەند بەندێک بوو لە چوارچێوەی پەیمانەکانی ئاشتی، کە باسی لە مافی کەمینەکان کردووە لە دەوڵەتە شکستخواردووەکانی جەنگدا. هەر بۆیە لەو سەردەمەدا، هیچ پرەنسیپێک لەم بارەیەوە سەری هەڵنەدا؛ ئەوەی کە هەیە ڕێکخستنێکی بچووک و سنووردارە. هۆیەکەیشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە لەو کاتەدا هیچ پێناسەیەک بۆ زاراوەی کەمینە نەبوو؛ هەروا ئەو ڕێککەوتننانەی کە باسی لە کەمینەکان دەکرد جیهانی نەبوون و، لە نێوان ژمارەیەکی کەمی دەوڵەتاندا بوو. جگە لەمەیش، هیچ دەقێک نەبوو کە ماف و ئەرکی کەمینەکان دیاری بکات.

٢- پاراستنی مافی کەمینەکان پاش جەنگی جیهانیی دووەم

پاش جەنگی جیهانیی دووەم و شکستی کۆمەڵەی گەلان، نەتەوە یەکگرتووەکان پێک هات. هەرچەندە لە چارتی نەتەوە یەکگرتووەکان، هیچ ئاماژەیەک بە مافی کەمینەکان نەکراوە، بەڵام ئەم بابەتە لە چوارچێوەی مافەکانی مرۆڤدا گرنگیی تایبەتی پێ درا. بێ گومان ئەم سەردەمە لە مێژووی مرۆڤایەتی، بە سەردەمێکی زێڕین دادەنرێ بۆ گوزەرکردن لە قۆناغی پاراستنی بەکۆمەڵی مافی  کەمینەکان بۆ واتای تاکەکەسیی مافی کەمینەکان و، چارەسەرکردنی مافی کەمینەکان لە چوارچێوەی مافەکانی مرۆڤ بەبێ جیاکاری. لەم سەردەمەدا، بەپێچەوانەی سەردەمی کۆمەڵەی گەلان، لە ڕووی مرۆیییەوە گرنگی بە مافی کەمینەکان درا نەک لە ڕووی سیاسییەوە و، ئەم پاراستنە شێوازێکی جیهانیی بەخۆیەوە گرت.

لە ساڵی ١٩٤٥، نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنجومەنی ئابووری و کۆمەڵایەتیی پێک هێنا و، لە ساڵی ١٩٤٦ کۆمیتەیەکی لاوەکیی بۆ قەدەغەکردنی جیاکاری و پاراستنی کەمینەکان دروست کرد. ئەم کۆمیتەیە، لە داڕشتنی بەندی ٢٧ لە پەیمانی نیودەوڵەتیی مافە شارستانی و سیاسییەکان لە ساڵی ١٩٦٦ و هەروا پێناسەکردنی زاراوەی کەمینەکان و بەشداریکردن لە داڕشتنی ژمارەیەک دیکۆمینتی تایبەت بە مافی کەمینەکان و پاراستنی ئەو مافانە، ڕۆڵی باڵای گێڕا.

لەم سەردەمەدا، ژمارەیەک ڕێککەوتننامە و ڕاگەیەندراوی تایبەت بە مافی کەمینەکان دەرچوون، کە ئەمانەیش ڕۆڵێکی گرنگیان لە پاراستن و دەستەبەرکردنی مافی کەمینەکان گێڕاوە، کە لە خوارەوە ئاماژەیان پێ دەکەین:

١- ڕێککەوتننامەی تایبەت بە نەهێشتنی تاوانی جینۆساید لە ٩/١٢/١٩٤٨ کە لە ١٢/١/١٩٥١ بەرکار بووە و، هەر کردارێکی قەدەغە کردووە کە دەبێتە هۆی جینۆسایدی کەمینەکان.

٢- ڕێککەوتننامەی تایبەت بە حەرامکردنی بێگاری لە ٢٥/٥/١٩٥٧.

٣- ڕێککەوتننامەی یۆنسکۆ تایبەت بە نەهێشتنی جیاکاری لە بواری فێرکردن لە ساڵی ١٩٦٠.

٤- ڕێککەوتننامەی نێودەوڵەتی بۆ نەهێشتنی هەموو شێوازەکانی جیاکاریی ڕەگەزی لە ساڵی ١٩٦٥ کە لە ١٩٦٩ بەرکار بووە.

٥- پەیمانی مافە شارستانی و سیاسییەکان لە ١٦/١٢/١٩٦٦ کە لە ٢٣/٣/١٩٧٦ بەرکار بووە و لە بەندی ٢٧ی خۆیدا باس لە مافی کەمینەکان دەکات.

٦- پەیمانی مافە ئابووری و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگییەکانی ساڵی ١٩٦٦ کە لە بەندی ١٦/١ی خۆیدا ئاماژەی بە مافی کەمینەکان داوە. 

٧- ڕاگەیەندراوی یۆنسکۆ تایبەت بە ڕەگەز و جیاکاریی ڕەگەزی لە ساڵی ١٩٨٧.

٨- ڕێککەوتننامەی تایبەت بە گەلانی ڕەسەن و خێڵەکان لە وڵاتە سەربەخۆکان لە ٢٧/٥/١٩٨٩.

٩- ڕاگەیەندراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دەربارەی مافی تاکەکانی سەر بە کەمینە ئیتنی، یان ڕەگەزی، یان ئایینیی و زمانییەکان لە ساڵی ١٩٩٢.

١٠- ڕێککەوتننامەی ئەوروپی بۆ پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و ئازادییە بنەڕەتییەکان، کە لە ساڵی ١٩٥٣ کەوتۆتە بواری جێبەجێکردن و، لە بەندی ١٤ خۆیدا باس لە مافی کەمینەکان دەکات.

١١- چارتی ئەفریقی بۆ مافەکانی مرۆڤ لە ساڵێ ١٩٨١، کە جەخت لەسەر نەهێشتنی جیاکاری دەکاته‌وه‌، بە هۆی ئایین، ڕەگەز، ڕەنگ و زمان یان بۆچوونی سیاسی.

١٢- ڕێکخراوی کۆنگرەی ئیسلامی، جەخت لەسەر پاراستنی مافی کەمینەکان و نەهێشتنی هەر جۆرە جیاکارییەک دەکاتەوە.

بە شێوەیەکی گشتی، دەتوانین کۆی مافی کەمینەکان بەپێی ئەو ڕێککەوتننامە و چارت و ڕاگەیەندراوانە لە سێ خاڵی سەرەکیدا چڕ بکەینەوە، کە بریتین لە:

ئا- مافی پاراستنی بوون و نەهێشتنی جیاکاری: ئەم مافەیش بریتییە لە مافی پاراستنی سەلامه‌تیی جەستەیی و قەدەغەکردنی جینۆسایدی کەمینەکان؛ هەروا نەهیشتنی جیاکاری لە نێوان کەمینەکان و زۆرینەی کۆمەڵگه‌دا. هەر دەوڵەتێک لەسەریەتی، کەمینەکان لە هەر جۆرە دەستدرێژیی گرووپە چەکدار و میلیشیاتەکان بپارێزێت و، ئاسایشیان بۆ دەستەبەر بکات بۆ بەردەوامیی مان و ژیانیان، لەو ناوچانەی کە تێیدا دەژین. هەروا دەوڵەتان لەسەریانە، کە ڕێگه‌ لە هەر ڕێکارێک بگرن، کە دەبێتە هۆی جیاکاری لە نێوان کەمینەکان و زۆرینەی کۆمەڵگه‌دا و، بۆ ئەم مەبەستەیش، دەبێ بە ڕێکارە ناوخۆیییەکان و دەرکردنی یاسا و ڕێنماییی تایبەت، ڕێگه‌ لەو جیاکارییانە بگرن.

ب- مافی پاراستنی ناسنامه‌: هەر کەمینەیەک چ ئایینی، ئیتنی، نەتەوەیی و ...، مافی پاراستنی ناسنامه‌ی خۆی هەیە. بۆ ئەم مەبەستەیش، دەوڵەتان پابەندیی دەکەوێتە سەر شانیان بۆ پاراستنی ئەم مافەی کەمینەکان لە چوارچێوەی مافەکانی مرۆڤدا. دەوڵەتان لەسەریانە، ڕیز لە ناسنامه‌ی خودیی کەمینەکان بگرن، بۆ ئەوەی کەمینەبوون، نەبێتە هۆی بێبەشبوونی تاکەکانی سەر بەو کەمینەیە لە مافەکانی خۆیان یاخود بە جۆرێکی وا ڕەفتار لەگەڵ کەمینەکاندا بکرێت، کە تاکی سەر بە کەمینەکان، بۆ خۆی ناچار بێت واز لە ناسنامه‌ی خۆی بهێنێت؛ بۆ ئەوەی بتوانێ وەک هاووڵاتییەک سوود لە مافەکانی وەربگرێت.

ج- مافی بەشداریی سیاسی: لە زۆربەی ئەو ڕێککەوتننامانەی کە ئاماژەیان پێ کرا، جەخت لەسەر مافی کەمینەکان کراوەتەوە بۆ بەشدارییان لە دروستکردنی بڕیار و بەڕێوەبردنی کاروباری گشتیی وڵات لە پاڵ زۆرینەدا. هەروا مافی خۆکاندیدکردن بۆ هەموو پۆستەکان و دەنگدان و ڕەخساندنی هەلی یەکسان بۆیان لە بەدەستهێنانی پۆست و ئەرکە گشتییەکاندا. هەروا پێویستە کەمینەکان لەو ناوچانەی کە زۆربەی دانیشتووان پێک دەهێنن، مافی خۆبەڕێوەبردنیان هەبێ.

کۆبەند

لەم وتارەدا، پێناسە و مێژوویەکی کورتی چۆنیەتیی دروستبوون و سەرهەڵدانی مافی کەمینەکانمان خستە  ڕوو لە چوارچێوەی یاسای نێودەوڵەتیدا. هەروا ئاماژەمان بەو ڕێککەوتننامە و ڕاگەیەندراوانە کرد کە باس لە پاراستنی مافی کەمینەکان دەکەن. بەم جۆرە بۆمان دەرکەوت کە مافی کەمینەکان، یەک لەو بابەتە هەستیارانەیە، کە ئەمڕۆ لە جیهاندا گرنگیی پێ دەدرێت. پیشێلکاری دەرهەق بە کەمینەکان، دەبێتە هۆی لاوازبوونی ئینتمایان بۆ ئەو دەوڵەتانەی کە تێیدا دەژین و، لە هەمان کاتدا جۆرێک لە گرژی و جەنگ و نائارامی دروست دەکات. پێشێلکردنی مافی کەمینەکان و ڕێزنەگرتن لە مافەکانیان، دەبێتە هۆی داخراوبوونی کەمینە بەرامبەر بە زۆرینەی کۆمەڵگه‌، تەنانەت لە ڕووی کۆمەڵایەتییشەوە؛ هەروا دەرگه‌ دەکاتەوە بۆ ئەوەی هێز و دەوڵەتانی بیانی، دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆییی وڵاتانی خاوەن کەمینەدا بکەن. بەپێی ڕێککەوتننامە و دیکۆمێنتە نێودەوڵەتییەکان، پاراستنی مافی کەمینەکان ئەرکی دەوڵەتانە و، پێویستە لەسەریان کە دان بە فرەییی ئیتنی، نەتەوەیی، ئایینی و زمانیدا بنێن و ڕێز لە ماف و ناسنامه‌ی کەمینەکان بگرن.

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples