کێشە یاسایییەکانی سنووری نێودەوڵەتی؛ کوردستان وەک نموونە

پێشەکی

سنوورەکان بە هۆی پەیوەندییان بە ژینگەی جۆراوجۆر و دەوڵەتانی دەرەکییەوە، هەموو کات بە خاڵی هەستیار و ستراتیژیی وڵاتان دادەنرێن. بە درێژاییی مێژوو، سنوورەکان هەموو کات خاڵی ناکۆک و سەرچاوەی گەلێک لە جەنگ و ململانێکانی نێوان دەوڵەتان بوون. بابەتی سنوورەکان لە ڕوانگەی یاسای نێودەوڵەتی، سیاسەت، جوگرافیا و جیۆپۆلیتیکەوە گرنگیی تایبەتییان هەیە و، بە یەکێک لە باسە بنچینەیییەکان لە قەڵەم دەدرێت.

لە ڕابردوودا، وشەی "تخووب" یان "سەرحەد" (Frontier) بۆ زاراوەی "سنوور" (Border) بە کار هاتووە و، زاراوەی سنوور لە ڕووی یاسایییەوە زاراوەیەکی نوێیە. لەسەرەتای ژیانی مرۆڤ لەسەر گۆی زەوی، بە هۆی نەبوونی دەوڵەت بە واتا و چەمکی نوێ، سنووریش بەو واتا و چەمکەی ئەمڕۆ، بوونی نەبووە. گەشەکردنی ژیانی مرۆڤ و دروستبوونی دەوڵەتە نوێیەکان، بەتایبەت پاش پەیمانی وێستفالیا، بووە هۆی ئەوەی سنوورەکان بە شێوازێکی جیاواز سەر هەڵبدەن. کۆبوونەوەی مرۆڤەکان لە جوگرافیایەکی دیاریکراو، بووە هۆی پێویستیی سەرهەڵدانی سنووری نێودەوڵەتی؛ ئامانجەکەیشی پاراستنی وڵات لە دەستدرێژکاریی دەرەکی و دیاریکردنی ناوچەی دەستڕۆیی بوو. هەرێمی کوردستان، وەک یەکەکی فیدراڵی لەناو سنووری دەوڵەتی عێراقدا، ئێستایش کێشەی سنووری لەگەڵ حکوومەتی عێراق هەیە. بێ گومان لە کاتی بەدەوڵەتبوونیشدا ئەم کێشانە بەردەوام دەبن و، پێویستە چارەسەری گونجاویان بۆ بدۆزرێتەوە. لەم وتارەدا، هەوڵ دەدەین تیشک بخەینە سەر چەمک و واتای  سنووری نیودەوڵەتی و، باسکردن لە سنووری دەوڵەتی کوردستانی باشوور لە حاڵەتی دروستبوونی لە ئاییندەدا.

چەمک و واتای سنووری نێودەوڵەتی

هەروەک گوتمان لە ڕابردوو، وشەی تخووب یان سەرحەد، بۆ جیاکردنەوەی نێوان دەوڵەتان بەکار هاتووە. تخووب بریتییە لە ناوچەیەکی بێلایەن لە نێوان دوو دەوڵەت؛ واتە هەندێ هەرێم و ناوچە لە نێوان دوو دەوڵەتی دراوسێ، کە ئەمەیش مەودایەکی سروشتییە بۆ چاودێری، بەرگری، وەرگرتنی باج و جموجووڵی بازرگانی. تخووب ناوچەیەکی بەرفراوان بووە لە نێوان دوو ئیمپراتۆریدا، کە ئەم ناوچانە بە ڕێکەوت دروست دەبوون و، بەپێی ڕەزامەندیی پێشوەختەی ئەو وڵاتانە نەبووە. بە شێوەیەکی گشتی، تخووب بە دوا خاڵی پێشڕەویی ئیمپراتۆرییەک لە ناوچەکانی دەوروبەری خۆی دادەنرا. کە واتە لە ڕابردوو، سەرحەد یان تخووب، خاڵی بەیەکگەیاندنی دوو بوونی یەکپارچەی کۆمەڵایەتی و سیاسی و خاڵی کۆتایییان بووە، هەر بۆیە دەتوانین بڵێین، تخووب دەسەڵات و دەستڕۆییی وڵاتێک یان لێوارەکانی گوشاری سیاسیی دەسەڵاتێک دژ بە دەسەڵاتێکی تر بووە.

سنووری نێودەوڵەتی، بەرهەمی گەشەکردنی مێژووییی چەمکی سنوور و ئەرکەکانی بووە؛ هەروا دەرەنجامی گەشەکردنی سیاسی، کۆمەڵایەتی و تەکنیکیی پەیوەندیدار بە شارستانییەتی مرۆیی و سەرهەڵدانی یەکە سیاسییە ڕێکخراوەکان بووە لەسەر شێوازی دەوڵەتە نەتەوەیییەکان. زاراوەی سنوور، هەروەک گوتمان زاراوەیەکی نوێیە و، تا بەر لە سەدەی نۆزدەیەم بەو چەمک و واتایەی ئەمڕۆ، بوونی نەبووە. لە سەدەی نۆزدەیەم و بە هۆی سەرهەڵدانی ئابووریی جیهانی و سیستەمی نوێی بازرگانی و پەیوەندییەکان، پێویستیی دیاریکردنی سنوورەکان بە شێوەیەکی ورد و لە ڕێگه‌ی فاکتەرە سیاسی و ئابوورییەکان هاتە ئاراوە. ئەمەیش، بووە هۆی ئەوەی کە هزری دانانی هێڵە سنوورییەکان سەر هەڵبدات.

سنوور، لە ڕووی زمانەوانییەوە بریتییە لە بەربەست یان مەودای نێوان دوو شتی دراوسێ. سنووری سیاسی لە نێوان دوو دەوڵەت، بریتییە لە هێڵی جیاکەرەوە لە نێوان سەروەریی ئەو دەوڵەتانە و، سنووری دەسەڵاتی دەوڵەت لەسەر خاک و گەلەکەی دیاری دەکات و، بەم پێیە کۆتاییی تایبەتمەندیی هەرێمیی هەر یەکەیان و سەرەتای تایبەتمەندیی ئەوی تر دیاری دەکات. ئەمەیش بە ڕێککەوتنی نێودەوڵەتی، یان بڕیاری ناوبژیوانی، یان دادوەری، یان بڕیاری ڕێکخراوێکی نێودەوڵەتی دێتە ئاراوە. ئەگەر دیاریکردنی سنوور، بە شێوەیەکی دروست و بەپێی ڕێساکانی یاسای نێودەوڵەتی بێت، ئەوا بڕیارێکی ڕەها و یەکلاکەرەوەیە نەک هەر بۆ دەوڵەتانی پەیوەندیدار، بەڵکوو بۆ هەموو کەس و لایەنە نێودەوڵەتییەکانی دیكه‌.

ڕاڤەکارانی یاسای نێودەوڵەتی، پێناسەی جۆراجۆریان بۆ زاراوەی سنووری نێودەوڵەتی کردەوە. ئۆپنهایم ئاماژەی بە زاراوەی Boundary کردووە بە واتای هێڵی وەهمی لەسەر ڕووی زەوی؛ کە هەرێمی دەوڵەتێک لە دەوڵەتێکی دیکە جیا دەکاتەوە. زانایەکی دیکە بە ناوی "سیری" (Thierry) دەڵێ: "سنوور بریتییە لە هێڵێکی یاسایی کە چوارچێوەی هەرێمێک دیاری دەکات و، لە هەرێمی دەوڵەتێکی دیکە جیای دەکاتەوە." هەروا" ئادەمی" (Adami) دەڵێ: "دیاریکردنی ئەو چوارچێوەیە، کە دەوڵەت دەتوانێ تێیدا سەروەریی خۆی مومارەسە بکات."

ئەمڕۆ، سنووری نێودەوڵەتی گرنگییەکی یاسایی، سیاسی و ئابووریی هەیە و، هۆکاری گەلێک لە جەنگ و ململانێکانە. بۆیە، کەوتۆتە ژێر پاراستنی یاسا ناوخۆیییەکان و یاسای نێودەوڵەتی و، پێگەیەکی گرنگی لە پەیوەندیی نێودەوڵەتیدا هەیە. سنووری نێودەوڵەتی، لە ڕووی یاسایییەوە پەیوەندییەکی توندوتۆڵی لەگەڵ چەمکی سەروەریی دەوڵەت هەیە لەسەر هەرێمەکەیدا. هەر بۆیە دەگوترێ کە سنووری نێودەوڵەتی، سەروەریی نێوان دوو دەوڵەت لە یەکتر جیا دەکاتەوە. هەروا بە سنووری سیاسییش ناو دەبرێت، چونکە بیرۆکەیەکی سیاسییە، کە دەسەڵاتداران دروستیان کردووە. بە هۆی گرنگیی ئەم هێڵە و بوونی سەقامگیری لەم بارەیەوە، سێ ئاراستە و بۆچوونی جیاواز هەن کە بریتین لەمانەی خوارەوە:

١) ئاراستەی سەقامگیری: بەپێی ئەم ئاراستەیە هێڵی سنووری نێودەوڵەتی، سەقامگیر و نەگۆڕە؛ بە جۆرێک ئەو سنوورەی کە لەسەری ڕێک کەوتوون، لەژێر کاریگەریی بارودۆخدا گۆڕانی بەسەردا نایەت. ئەم ئاراستەیە بە "تیۆریی سۆڤیەتی"یش ناسراوە.

٢) ئاراستەی جووڵەکەر: لایەنگرانی ئەم ئاراستەیە باوەڕیان بە سەقامگیریی سنووری نێودەوڵەتی نییە و، لەو باوەڕەدان کە سەقامگیریی سنوورەکان لەژێر کاریگەریی پەیوەندیی نێوان دەوڵەتانی دراوسێدایە. هەر بۆیە، هێڵی سنوور بەپێی گۆڕینی هەلومەرج، گۆڕانی بەسەردا دێت و ئەم هێڵە سروشتێکی سیاسیی هەیە و، هەمیشە لە بەردەم ئەگەری گۆڕاندایە. ئەم ئاراستەیە بە "ڕێچکەی نازی"یش ناوی دەرکردووە.

٣) ئاراستەی سازاندن: ئەم ئاراستەیە، کۆکردنەوەی هەر دوو ئاراستەی پێشووە و ڕێگه‌یەکی ناوەندی گرتۆتە بەر. سنووری نێودەوڵەتی، بەپێی ئەم ئاراستەیە دیاردەیەکی سیاسی و یاسایییە کە هەر دوو حاڵەتی سەقامگیری و جووڵەکەر لەخۆ دەگرێت. هەر لەگەڵ دیاریکردنی هێڵی سنووری نێودەوڵەتی، ئەوا دەبێتە خاوەن سەقامگیری؛ بەڵام ئەم سەقامگیرییە ملکەچە بۆ گۆڕانکاری، ئەگەر بێت و هەلومەرجی پێویست بێتە ئاراوە. بەپێی ئەم ئاراستەیە، سنوور بریتییە لە هێڵی جیاکەرەوەی نێوان دوو دەوڵەت، کە ئاماژە بە چوارچێوەی تایبەتمەندیی هەرێمیی هەر یەکەیان دەکات لە ماوەیەکی زەمەنیی دیاریکراودا. ئەم ئاراستەیە نەرمە و، پتر لەگەڵ هەلومەرجی نێودەوڵەتیدا دەگونجێ.

شیاوی باسە هەرێمی دەوڵەت لە ئاسمان و لە قووڵاییی زەوی، سنووردار نییە؛ بۆیە سنووری نێودەوڵەتی، تەنیا سنووری وشکانی ناگرێتەوە، بەڵکوو ئاسمان (هەتا بێکۆتایی) و ناخی زەوی (هەتا ئەوپەڕی قووڵایی) لەخۆ دەگرێت.

تیۆرییەکانی دروستبوونی سنووری نێودەوڵەتی

سەبارەت بە شێوازەکانی دروستبوونی سنوورەکان چەند تیۆرییەک هەن کە باس لە سنووری نیودەوڵەتی دەکەن لەم بوارەدا، کە لە خوارەوە باسیان لێوە دەکەین:

١) تیۆریی سنووری سروشتی: ئەم تیۆرییە هەر لە سەدەی حەڤدەوە کاریگەرییەکی زۆری لە لای دەوڵەتە گەورەکان هەبووە. دانەری ئەم تیۆرییە، کاردیناڵی بەناوبانگی فەڕەنسی "دی ڕیشیلۆ"یە و، ئامانجەکەیشی بەدیهێنانی ئەو خەونەی فەڕەنسا بووە، کە دەیویست ڕووباری ڕاین ببێتە سنووری نێوان فەڕەنسا و ئەڵمانیا. ئەمەیش ئەو ئامانجەیە، کە "ناپلیۆن بوناپارت" هەوڵی دا پێی بگات و، پاشاکانی ئیسپانیایش لە لووتکەی بەهێزیی خۆیاندا بۆ ئەم مەبەستە هەوڵیان داوە.

٢) تیۆریی سنووری ستراتیژی: ئەم تیۆرییە، بۆ سەپاندنی سنووری دەوڵەتە؛ بەو جۆرەی کە لە دوژمنکاریی دەرەکی بیپارێزێت.

٣) تیۆریی سنووری نەتەوەیی: بەپێی ئەم تیۆرییە، سنووری هەر دەوڵەتێک، دەبێ هەموو ئەندامانی ئەو نەتەوەیە بگرێتەوە کە دەوڵەتەکە نوێنەرایەتییان دەکات. ئەم تیۆرییە، باوەڕی بە بنەمای ڕەگەزی، یان نەتەوەیی هەیە بۆ داڕشتنی سنووری دەوڵەت.  

هۆکارەکانی داڕشتن و دروستبوونی سنووری نێودەوڵەتی

١) دۆزینەوە جوگرافییەکان: ئەم هۆکارە بە یەکێک لەو ڕووداونە دادەنرێت، کە بووەتە هۆی گۆڕانکاری لە نەخشەی سیاسیی جیهان و سنووری نێوان دەوڵەتان. لە سەدەکانی ناوەڕاست، خەڵکی ئەوروپا ئاگایان لە کیشوەرەکانی تر نەبوو، بەڵام بە هۆی دۆزینەوە جوگرافییەکان لە ڕێی دەریاوانە پورتۆگالی، ئیسپانی، فەڕەنسی و بریتانییەکان، گەلێک وڵات و کیشوەر لە ئەفریقا، ئاسیای دوور و ئەمەریکا دۆزرانەوە. ئەم دۆزینەوانە بە نۆرەی خۆیان، بوونە هۆی گۆڕانکاری لە تخووب و سنوورە نێودەوڵەتییەکان.

٢) کۆلۆنیالیزم: چاخی کۆلۆنیالیزم، کە لە سەدەی شازدە هەتا نۆزدە بەردەوام بوو، بە نۆرەی خۆی ڕۆڵی هەبووە لە دروستکردنی زەمینەیەکی لەبار بۆ گۆڕانکاری لە سنووری نێودەوڵەتیدا. بە هۆی زێدەخوازیی کۆلۆنیالیستیی وڵاتانی ئەوروپی، بە درێژاییی سەدەکانی ١٦ هەتا ١٩، هەر سێ کیشوەری ئەمەریکا، ئەفریقا، ئوسترالیا و بەشێکی بەربڵاوی ئاسیا کەوتە ژێر کۆلۆنیالیزمی ئەوروپییه‌وه‌؛ کە لە ئەنجامدا سنوورە نیشتمانی، ناوچەیی و جیهانییەکان گۆڕانی گەورەی بەسەردا هات.

٣) دروستکردنی قەڵەمڕەو: قەڵەمڕەو بریتییە لە ڕووبەرێک لە خاک، ئاو و هەوا کە مرۆڤ وەک ناوچەی پاوانکراوی خۆی لێی دەڕوانێت. ئامانجەکانی ئەم قەڵەمڕەوسازییە، بەردەوامیی مانەوە، دەسەڵاتی سیاسی و بەرەنگاربوونەوەی بیانییەکانە. بەم پێیە، مرۆڤ بۆ ڕێکخستنی قەڵەمڕەوی خۆی پێویستیی بە سنوور هەیە. پاش سەدەی حەڤدە، دروستکردنی قەڵەمڕەو، بووەتە بنەمایەکی چەسپاو لە پرۆسەی دەوڵەتسازی و سنوورسازیدا. هەندێ کەس ئەم بنەمایە، بە شتێکی خۆڕسک(غریزی) لە ناخی مرۆڤدا دەزانن و، هەندێ کەسی تر بە دیاردەیەکی وەدەستهاتوو (اکتسابی) لە قەڵەمی دەدەن.

٤) جەنگ و ململانێ: جەنگ و ململانێ بە توندترین شێوازی هەڕەشە لە نێوان تاک، گرووپە کۆمەڵایەتییەکان و نەتەوەکان دادەنرێ. جەنگ ڕەفتارێکی خودیی مرۆڤە، کە لە حەزی مرۆڤ بۆ مانەوە و خۆپاراستن سەرچاوە دەگرێت. جەنگەکان، بە فاکتەرێکی لەناوچوون و سەرهەڵدانی دەوڵەتەکان دادەنرێن، کە لە ئەنجامدا ڕۆڵیان لە دروستکردنی سنوورە نێودەوڵەتییەکاندا هەیە. جەنگ بە هەر دوو جۆری ناوخۆیی و دەرەکی، ڕۆڵی هەیە لە داڕشتنی سنووری نوێدا و، لە ڕاستیدا گەلێک لە دەوڵەتانی جیهان لە ئەنجامی جەنگەکانەوە سەریان هەڵداوە.

٥) ڕێککەوتننامە دوولایەن و فرەلایەنەکان: نەخشەی سیاسیی جیهان، پاش ساڵی ١٦٤٨ و لە کاتی ڕێککەوتننامەی وێستفالیاوە، کە دانی بە مافی خاوەندارێتیی دەوڵەتەکاندا ناوە لە چوارچێوەی قەڵەمڕەوی وڵاتەکەیاندا، وەرچەرخانی زۆری بە خۆیەوە بینیوە. بۆ نموونە پاش جەنگی جیهانیی یەکەم، ژمارەی دەوڵەتانی سەربەخۆ ٦٧ وڵات بوون، پاش جەنگی جیهانیی دووەم ئەم ژمارەیە گەیشتە ٨٢ وڵات و، لە ساڵی ١٩٧٦ بوو بە ١٦٧ و، لە ساڵی ١٩٩٣ بوو بە ١٨٩ و، ئێستا  گەیشتۆتە ١٩٦ وڵات. لەم نێوانەدا، ڕێککەوتننامەکان ڕۆڵێکی کاریگەریان لە دروستکردنی گۆڕانکاری لەسەر نەخشەی سیاسیی جیهاندا هەبووە. گرنگترینی ئەم ڕێککەوتنانە بریتین لەمانەی خوارەوە:

ئا) ڕێککەوتننامەی وێستفالیا، ساڵی ١٦٤٨

ب)  ڕێککەوتننامەی ڤیەننا، ساڵی ١٨١٥

ج) ڕێککەوتننامەی ڤێرسای، ساڵی ١٩١٨

د) چارتی نەتەوە یەکگرتووەکان، ساڵی ١٩٤٥

ها) ڕووداوەکانی ساڵی ١٩٩١-١٩٩٢ و هەڵوەشانەوەی یەکێتیی سۆڤیەت و گۆڕانکارییەکانی ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا.

و) وەرچەرخانە جیۆپۆلیتیکییەکانی جیهان لە ساڵی ١٩٩٣ هەتا ١٩/١/٢٠٠١.

٦) دابەشبوونی ئیمپراتۆرییەکان: ئەمەیش بە یەکێک لە هۆکارەکانی دروستبوونی دەوڵەتانی نوێ و داڕشتنی سنووری نێودەوڵەتیی نوێ دادەنرێت، بەتایبەت پاش هەر دوو جەنگی جیهانیی یەکەم و دووەم؛ لەوانەیش ئیمپراتۆرییەکانی نەمسا-هەنگاریا، عوسمانی، ئەڵمانیا و ڕووسیا.

٧) ناسیۆنالیزم و دروستبوونی یەکەی سیاسیی سەربەخۆ: ناسیۆنالیزم، فەلسەفەیەکی تەواو سیاسییە، کە پاش شۆڕشی پیشەسازی لە ئەوروپا سەری هەڵدا و لە جیهاندا گەشەی کرد. جەنگی جیهانیی دووەم، دەرەنجامی پێکدادانی هزرە ناسیۆنالیستییەکان بوو. "دەیڤید نایت" گوته‌نی: "ناسیۆنالیزم، جوگرافیترین بزاڤە لەناو بزاڤە سیاسییەکاندا." هەر بۆیە، ئەم هزرە لە پانتاییی جوگرافیای سیاسیدا، تێکەڵ بە چەمکی خاک و دەوڵەت بووە. ئامانجی زۆربەی بزاڤە ناسیۆنالیستییەکان لە جیهان، دروستکردنی دەوڵەتێکی سەربەخۆ بووە بۆ نەتەوەکەیان؛ کە زۆربەیشیان لەم پێناوەدا سەرکەوتنیان بەدەست هێناوە. بۆیە ئەم بزاڤە، بەتایبەت لە سەدەی بیستەم، بە یەکێک لە هۆکارەکانی گۆڕانکاری لە نەخشەی سیاسیی جیهان و دروستبوونی سنووری نێودەوڵەتیی نوێ دادەنرێت.

٨) سەربەخۆییخوازی و دروستبوونی دەوڵەتی نوێ: سەربەخۆیی، بە واتا کلاسیکییەکەی بریتییە لە ڕێگریکردن لە دەستێوەردانی ئاشکرای ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی دەوڵەتانی بیانی لە کاروباری ناوخۆییی دەوڵەتاندا. کاریگەریی سەربەخۆییخوازیی سیاسی و دروستبوونی سنوورە نوێیەکان، لە کیشوەرێکەوە بۆ کیشوەرێکی تر جیاوازە.

٩) داواکاریی خاوەندارێتی: یەکێک لەو بابەتانەی کە دەبێتە هۆی دروستبوونی سنووری نێودەوڵەتیی نوێ، داواکاریی خاوەندارێتیی دەوڵەتانە بەرامبەر بە یەکتر. هەندێ لە وڵاتانی کۆلۆنیالیست، داوای لەم جۆرەیان لەسەر وڵاتانی ژێردەستەی پێشوویان هەیە. ڕەنگە هەندێ جار وڵاتانی دراوسێ، داواکاریی لەو جۆرەیان لەسەر بەشێک لە خاکی یەکتر هەبێ. زۆربەی ئەم داوایانە لە ڕێگه‌ی جەنگ، ئاشتی، پەیماننامە، یان سکاڵا لە دامودەزگه‌ یاسایییە نێودەوڵەتییەکان چارەسەر دەبن، یان بەچارەسەرنەکراوی دەمێننەوە.

سنووری کوردستانی باشوور

کوردستان باشوور، لە حاڵەتی سەربەخۆبوونیدا، دەبێتە خاوەنی چوار دراوسێ، کە بریتین لە: ئێران، تورکیا، سووریا و عێراق.  دەتوانین بڵێین لەگەڵ هەر سێ وڵاتی دراوسێی ئێران، تورکیا و سووریا، گرفتێک لە ئارادا نەبێ؛ چونکە بەپێی ڕێساکانی میراتلێکگرتنی نێودەوڵەتی، ئەوا کوردستان دەبێتە جێگرەوەی سنوورەکانی دەوڵەتی عێراق، لەو شوێنانەی کە دەبنە بەشێک لە خاکی کوردستان. بەو پێیەی سنووری عێراق لەگەڵ ئەو دەوڵەتانە، دەیان ساڵە بەپێی ڕێککەوتنەکان سەقامگیر بووە، ئەوا بە دوور دەزانرێ، کورستانیش لەگەڵ ئەو سێ دەوڵەتەی کە باس کران تووشی کێشەی دیاریکردنی سنوور بێت. بەڵام کوردستان، لەگەڵ دەوڵەتی عێراق تووشی کێشەی دیاریکردنی سنوور دەبێت؛ چونکە ئێستایش هەرێمی کوردستان لەگەڵ دەوڵەتی فیدراڵی عێراق، کیشەی سنووری هەیە و، بەڵگەیش بۆ ئەمە ماددی ١٤٠ی دەستووری عێراقە. ئەم مادده‌یه‌ باس لە ناوچە کێشەلەسەرەکان دەکات، کە هەتا ئێستایش بە ڕێکارە دەستووری و یاسایییەکان نەگەیشتووەتە ئەنجام. هەر بۆیە، چاوەڕوان دەکرێ ئەم کێشانە لە داهاتوویشدا لە نێوان دەوڵەتی عێراق و دەوڵەتی چاوەڕوانکراوی کوردستانیشدا بەردەوام بن.

هەرێمی کوردستان، لە کاتی ئێستادا بۆ دیاریکردنی سنووری خۆی لەگەڵ عێراق، پتر پشت بە تیۆرییەکانی سنووری نەتەوەیی و سروشتی دەبەستێ. له‌یه‌ر ئه‌وه‌، چاوەڕوانکراوە لە کاتی سەربەخۆییدا، هەروەک لە بانگەشە و گوتارە سیاسییەکاندا دەردەکەوێ، پشت بە هەمان ئەو تیۆرییانە ببەبەستێ. پێویستە ئاماژە بەو خاڵە بکەین، سنووری جوگرافیی کوردستانی باشوور، هەمان سنووری کارگێڕیی ویلایەتی مووسڵە لە سەردەمی عوسمانییەکاندا. ویلایەتی مووسڵ پارێزگه‌کانی ئەمڕۆی نەینەوا، دهۆک، هەولێر، کەرکووک، سلێمانی و هەڵەبجە دەگرێتەوە. "عیماد عه‌بدولسه‌لام" ئاماژە بەوە دەکات کە ویلایەتی مووسڵ، هەر لە کاتی دەسەڵاتدارێتیی عوسمانییەکانەوە لەسەر عێراق، هیچ کات بەشێک نەبووە لە عێراق. بە گوتەیەکی تر، لە دەرەوەی سنووری کلاسیکیی هەرێمی عێراق بووە.

بەرزایییەکانی حەمرین لە هەموو دابەشکردنەکانی ئەو سەردەمە، هەموو کات بە سنووری نێوان عێراقی عەرەبی و هەرێمی جیبال، یان ویلایەتی شارەزوور یان مووسڵ دانراوە. "مینۆرسکی" باس لەوە دەکات کە سنووری کوردستانی باشوور، بریتییە لە بەشی باکووری دەشتەکانی نیوان ڕووباران. "لیخۆتین" جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە، ئەم سنوورە دراوسێی دەشتە لماوییەکانی هەر دوو ڕووباری دیجلە و فوراتە. "ئەدمۆندز" وای دەبینێ، سنووری کوردستانی باشوور بە درێژاییی بناری چیای حەمرین هەتا خاڵی مەندەڵی لە ڕۆژهەڵات شۆڕ دەبێتەوە. هەروا ڕۆژهەڵاتناسانی وەک: "هەی"، "مێلخن" و "باسیل نیکیتین" هەمان بۆچوونیان هەیە.

زۆر لە مێژوونووسانی عەرەبیش، جەخت لەسەر هەمان بۆچوونی ڕۆژهەڵاتناسانی ئەوروپی دەکەنەوە. "فازڵ حوسێن" دەڵێ: "عێراقی ئێستا بۆ سەر سێ ناوچەی جوگرافی دابەش دەبێ، کە بریتین لە: عێراقی عەرەبی، ئەلجەزیرە و کوردستان." هەروا ئەوەیش زیاد دەکات و دەڵێ: "سنووری عێراق لە باکووری هێڵی هیت-تکریت تێپەڕ نابێ."

مێژوونووسی عێراقی، عەبدولڕەزاق ئەلحوسنی دەڵێ: "کوردەکان لەو شار و گوندانە نیشتەجێن کە لە سنووری عێراق-ئێرانەوە دەست پێ دەکات، ئینجا بە درێژاییی هێڵێکی ڕاست لە شاخی حەمرینەوە بۆ شاخی شنگال شۆڕ دەبێتەوە." هەروا "فایەق ئەلسامڕایی" دەنووسێت: "سنووری کوردستانی باشوور بریتییە لە شاخی حەمرین، کە دەیان مایل لە باشووری کەرکووک هەڵکەوتووە. دەوڵەتی تورکیا، لە وەڵامێکیدا بۆ یادداشتی بریتانیا دەربارەی ویلایەتی مووسڵ، داوای کرد کە زنجیرەچیای حەمرین و مەکحوول و دۆڵی سەڕسار و شاخی شنگال هێڵی جیاکەرەوەی ویلایەتی مووسڵ لە ناوچەکانی دیکەی عێراق بێت.

لە لایەکی ترەوە، زۆربەی توێژەرانی کورد، زنجیرەچیای حەمرین-مەکحوول بە سنووری کوردستانی باشوور دەزانن؛ کە لە نزیک مەندەڵی لە سنووری عێراق-ئێران دەست پێ دەکات بە ئاراستەی باکووری ڕۆژاوا، هەتا دەگاتە مەنسوورییەت ئەلجەبەل و، لەوێیشەوە بە درێژاییی ڕۆخی ڕۆژاوای دەریاچەی حەمرین، ئاراستەی باکووری ڕۆژاوا وەردەگرێ بەرەو فەتحە لەسەر ڕووباری دیجلە، بە جۆرێک کە بەرزایییەکانی مەکحوول لە لایەکەی تر بەدەر دەکەوێت.  

پەیوەندیی سنوور بە بابەتەکانی پەیوەست بە سەروەری، سیاسەت، ئاسایش و ستراتیژیی وڵاتان، وا دەخوازێ کە داڕشتنی سنوور پلەی یەکەمی گرنگیی یاسایی و سیاسی وەربگرێت. بە زۆری، داڕشتنی سنوور بە ڕێککەوتنی نێوان هەر دوو دەوڵەت لە پەیمانێکی دووقۆڵییدا دەبێ، کە پاشان نەتەوە یەکگرتووەکانی لێ ئاگادار دەکەنەوە؛ ئەمەیش دۆخێکی یاساییی وا دەخوڵقێنێ کە دەوڵەتانی دیکە ناچارن ڕێزی لێ بگرن، واتە دەبێتە ڕێسایەکی فەرمانکەر (Erga omnes). هەروا هەندێ جار، ڕەنگە لایەنێکی سێیەم بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ، یان ڕێکخراوێکی هەرێمی، یان نێودەوڵەتی، سنوورەکان دابڕێژرێت؛ وەک ڕێککەوتنەکانی ئاشتیی پاش جەنگی جیهانیی یەکەم و دووەم. بە هەر حاڵ، داڕشتنی سنوور بە هەر ڕێگه‌یەک بێت، گرنگ ئەوەیە کە ئەم سنوورانە سەقامگیر بن و ڕۆڵیان لە چەسپاندنی ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتیدا هەبێت.

 هەروا لە بەندی ٦٢ لە ڕێککەوتننامەی ڤیەننا (تایبەت بە ڕێککەوتننامەکان) باس لە بەردەوامیی ڕێککەوتننامە سنوورییەکان دەکاتەوە و، گۆڕینی بارودۆخ کاریگەریی لەسەریان نابێت. دیاریکردنی سنوور دەبێتە بنەمایەک بۆ قبووڵکردنی ئەو دەسەڵاتەی کە حوکمڕانیی تێدا دەکات و، لە هەمان کاتدا بناغەیەکی گرنگە بۆ بنیاتنانی دەوڵەت. دروستکردنی سنووری نێودەوڵەتی، بە چوار قۆناغدا تێ دەپەڕێت کە بریتین لە: قۆناغی پێناسەکردنی سنوور، قۆناغی دیاریکردنی سنوور، قۆناغی هێڵکاری و نیشانەدانان و قۆناغی بەڕێوەبردن.

دەرەنجام

پاش خستنەڕووی پێناسە و تیۆرییەکانی تایبەت بە سنووری نێودەوڵەتی، ئەو ڕاستییەمان بۆ دەرکەوت کە تیۆریی سازاندن پتر لە تیۆرییەکانی تر، بۆ هەلومەرجی واقعیی کۆمەڵگه‌ی نێودەوڵەتی دەگونجێ. ئەگەر سەرنج بدەین، دەبینین هەر لە پاش جەنگی جیهانیی یه‌كه‌م، ٦٧ دەوڵەتی سەربەخۆ لە جیهاندا هه‌بوون، بەڵام ئەمڕۆ ژمارەی ئەم دەوڵەتانە گەیشتووەتە ١٩٦ دەوڵەت. ئەمەیش ئەو ڕاستییە دەردەخات کە نەخشەی سیاسیی جیهان بەردەوام لە گۆڕاندایە و، بۆی هەیە لە ئەنجامی هەر ئەگەرێک دەوڵەتی دیکەیش دروست ببن.

سەبارەت بە هەرێمی کوردستان، ئێستایش حکوومەتی هەرێم کێشەی سنووری لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی عێراقدا هەیە. مادده‌ی ١٤٠ لە دەستووری عێراق، گەواهیدەری ئەم ڕاستییەیە. لە ئەگەری دروستبوونی دەوڵەتی کوردستانیشدا، ئەوا بێ گومان کێشەی سنووریی لەگەڵ عێراقدا دەبێت. بەڵام بەو جیاوازییەوه‌، کە ئەوکات دەبێ باس لە سنووری نێودەوڵەتی بکرێت. باشترین ڕێگه‌یش لەم بارەیەوە گرێدانی ڕێککەوتننامەی دووقۆڵیی سنوورییە لەگەڵ دەوڵەتی عێراقدا.

هەروا سەبارەت بە سنوورەکانی کوردستانی باشووریش، زۆربەی توێژەرانی بیانی، عەرەب و کورد، لەسەر ئەوە کۆکن کە زنجیرەچیای حەمرین سنووری سروشتی و تا ڕاددەیەکیش نەتەوەییی کوردستانی باشوورن لەگەڵ عێراقی عەرەبیدا.

سەرچاوەکان:

١) د.السید مصطفی أحمد أبوالخیر، القانون الدولي لمنازعات الحدود، ایتراک للطباعة والنشر، القاهرة، ٢٠١٠.

٢) د.خلیل اسماعیل محمد، القضیة الکردیة في العراق وجود أم حدود؟ جامعة صلاح الدین، أربیل، ٢٠٠٦.

٣) د.حسین عبدالرحمن سلیمان، الحدود الدولیة والمیاە الاقلیمیة مفهومها والقواعد المنظمة لها، جامعة نایف العربیة للعلوم الامنیة، ‌أبوظبي، ٢٠٠٩.

٤) إخلاص حسين عبد الله، حدود السودان الغربية وأثرها في علاقاته مع دولتي تشاد وأفريقيا الوسطی، ڕسالة الماجستیر، جامعة خرطوم، ٢٠٠٦.

٥) جلیل دلشادزاد، سیری در شناخت مرزهای بین المللی و نقشە سیاسی جهان، انتشارات میرباقری، تهران، ٢٠١٦.

٦) د.پیروز مجتهدزادە، سیاستهای مرزی و مرزهای بین المللی ایران، سازمان مطالعە و تدوین کتب علوم انسانی دانشگاهها، تهران، ٢٠١٠.

٧) د. أحلام بیضون، ترسیم الحدود ومزارع شبعا الأبعاد القانونیة والسیاسیة للمسألة.

٨) الحامدي عيدون، أمن الحدود و تداعیاتە الجیوسیاسیة علی الجزائر، ڕسالة الماجستیر، جامعة بوضیاف محمد، الجزائر، ٢٠١٥.

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples