پێویستیی دامەزراندنی دادگه‌ی پەخش و ڕاگەیاندن لە هەرێمی کوردستان

پیشەکی

لە جیهانی ئەمڕۆدا، ڕاگەیاندنی ئازاد بە یەکێک لە بنەماکانی هەر سیستەمێکی دیموکراسی دادەنرێ، کە ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە ڕێگەگرتن لە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ و چاودێریکردنی دەسەڵات و، بە دەسەڵاتی چوارەم ناو دەبردرێت. بۆیە، بەندی ١٩ لە جاڕنامەی گەردوونیی مافی مرۆڤ، جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە هەر تاکێک مافی ئازادیی بیروباوەڕ و ڕادەربڕینی هەیە و، ئەم مافەیش وا دەخوازێ کە لە بڵاوکردنەوەی زانیاری و بیروهزری خۆی لە ڕێگەی هەموو ئامرازەکانی ڕادەربڕینەوە ئازاد بێت. ئەم پرەنسیپە لە بەندی ٣٨ی دەستووری عێراقیشدا ڕەنگی داوەتەوە.

ئازادیی ڕاگەیاندن، بە نیشانە و هێمای هەرە دیاری ئازادیی ڕادەربڕین دادەنرێ. هەر بۆیە، کاریگەریی ئەرێنیی هەیە لەسەر گەیاندنی بیروبۆچوونە جیاوازەکان، نزیککردنەوەی بیروبۆچوونەکان، بەرزکردنەوەی ئاستی زانستی و ڕۆشنبیریی تاکەکان، بەهێزکردنی یەکگرتووییی کۆمەڵایەتی، پەرەپێدانی بەشداریی گشتی و دادی کۆمەڵایەتی، ئاراستەکردنی ڕای گشتی و هتد. بەڵام لە هەمان کاتدا، نابێ ئەو ڕاستییەیش لەیاد بکەین، کە ڕاگەیاندن دەتوانێ ڕۆڵی نەرێنیش ببینێ وەک بڵاوکردنەوەی دەنگۆی ناڕاست، ناوزڕاندن، جنێودان، تۆمەتهەڵبەستن، سووکایەتیکردن بە هێماکان و پێرۆزییە ئایینییەکان، چاندنی تۆوی ڕق و قین لە نێوان پێکهاتەکانی کۆمەڵگە، دزینی ئەدەبی و هتد.

ئەمڕۆ، دەیان دەزگه‌ی جۆراوجۆری ڕاگەیاندن بە هەر سێ جۆری بینراو، بیستراو و نووسراو لە کوردستاندا بوونی هەیە و، کاری ڕاگەیاندن ڕۆژ بە ڕۆژ لە گەشەی بەردەوامدایە. لە هەمان کاتدا کاری ڕۆژنامەنووسی، هەستیاری و گرنگیی تایبەت بە خۆی هەیە و، لەگەڵ مافی ئازادیی ڕادەربڕین پەیوەندییەکی نزیک و بەردەوامی هەیە. پاراستنی مافی ئازادیی ڕادەربڕین و ڕاگەیاندن، بە سەنگی مەحەکی دیموکراتیبوونی هەر سیستەمێکی دەسەڵاتدار دادەنرێت.

له‌به‌ر ئه‌وه‌، یاسادانەری کوردستانی، یاسای کاری ڕۆژنامەنووسیی ژمارە ٣٥ ساڵی ٢٠٠٧ی دەرکرد بۆ گرنگیدانی زیاتر بە پێگەی ئەم توێژە، گەرەنتیکردنی ئازادیی ڕادەربڕین و ڕاگەیاندن، سووککردنی سزاکانی تایبەت بە کاری ڕۆژنامەنووسی و دوورکەوتنەوە لە سزادانی ڕۆژنامەنووسان بەپێی یاسای سزاکانی عێراقی ژمارە ١١١ ساڵی ١٩٦٩، کە سزاکانی قورسترن و بەندکردنیش لەخۆ دەگرێت. بەپێی بەندی ١/بڕگەی ٥ لە یاسای کاری ڕۆژنامەنووسیی هەرێمی کوردستان، ڕۆژنامەنووس ئەو کەسەیە، کە لە یەکێک لە دەزگه‌کانی ڕاگەیاندن کاری ڕۆژنامەنووسی ئەنجام دەدات.

ئەوەی جێی سەرنجە ئەوەیە، سەرەڕای ئاراستەی یاسادانەر بۆ ئازادیی زیاتری کاری ڕاگەیاندن، تاکوو ئێستا دادگه‌یەکی پەخش و ڕاگەیاندن لە هەرێمی کوردستاندا دانەمەزراوە؛ ئەمەیش وای کردووە هەندێ جار ئاراستەی دادگه‌کان، جیاواز بێت لە پراکتیزەکردنی یاسا بەسەر ڕۆژنامەنووساندا. لەم وتارەدا، دەمانەوێ تیشک بخەینە سەر گرنگیی دامەزراندنی دادگه‌یەکی پسپۆڕیی پەخش و ڕاگەیاندن لە هەرێمی کوردستاندا.

چەمکی ئازادیی ڕاگەیاندن

چەمکی ئازادیی ڕاگەیاندن و ڕۆژنامەنووسی، پەیوەندیی بە چەمکێکی فراوانتر و گشتگیرترەوە هەیە، کە ئەویش ئازادیی ڕادەربڕینە. بە شێوەیەک، کە ئازادیی بیروبۆچوون و ڕادەربڕین چوارچێوەیەکی گەورەترە بۆ ئازادیی ڕاگەیاندن بە هەموو جۆرەکانییەوە (بینراو، بیستراو و نووسراو). کاری ڕاگەیاندن بە گرنگترین نیشانە و هێمای ئازادیی بیروبۆچوون و ڕادەربڕین دادەنرێ، کە تاکەکان دەتوانن لە ڕێگەی ئامرازەکانی ڕاگەیاندنەوە ئەم مافەی خۆیان بەکار بهێنن.

هەروا ئامرازەکانی ڕاگەیاندن، جگە لەوەی کە ڕۆڵیان لە دروستکردنی ڕای گشتی و ئاراستەکردنی خەڵکدا هەیە، لە هەمان کاتدا چاودێریی دەسەڵات دەکەن و کەموکوڕی و گرفتەکان دەخەنە ڕوو. چەمکی ئازادیی ڕادەربڕین و ڕاگەیاندن، لە گەلێک لە پەیمان و دیکۆمێنتە نێودەوڵەتییەکانیشدا جەختی لەسەر کراوەتەوە وەک: جاڕنامەی گەردوونیی مافەکانی مرۆڤ ساڵی ١٩٤٨، ڕێککەوتننامەی ئەوروپی بۆ مافەکانی مرۆڤ و ئازادییە بنەڕەتییەکان ساڵی ١٩٥٠ و ڕێککەوتننامەی مافە شارستانی و سیاسییەکان ساڵی ١٩٦٦.

هەڵبەت نابێ ئەوەیش لەبیر بکەین، هەرچەندە ئازادیی ڕادەربڕین و ڕاگەیاندن پارێزراویی دەستووری و نێودەوڵەتییان هەیە، بەڵام لە هەمان کاتدا ناتوانێ ڕەها و بێ کۆتوبەند بێت و، هەروەک لە بەندی ٣٨ی دەستووری عێراقدا هاتووە: دەوڵەت گەرەنتیی ئازادیی ڕادەربڕین، ڕۆژنامەنووسی، چاپ، ئاگاداری، ڕاگەیاندن و بڵاوکردنەوە دەکات بە مەرجێک نەبێتە هۆی تێکچوونی نیزامی گشتی و ڕەوشت. بۆیە ئەم ئازادییە، ڕێژەیییە و بە چوارچێوەیەکی یاسایی کۆتوبەند کراوە و، جۆرێک لە سازش لە نێوان ئەم ئازادییە و بەرژەوەندیی کۆمەڵگە و تاکەکاندا دروست کراوە.

گرنگیی دامەزراندنی دادگه‌ی پەخش و ڕاگەیاندن

بە شێوەیەکی گشتی دەتوانین گرنگیی دامەزراندنی دادگه‌یەکی لەو جۆرە لەم خاڵانەی خوارەوەدا چڕ بکەینەوە:

١- بە سەرنجدان بەوەی، کە ئەمڕۆ سەدان دەزگه‌ی جۆراوجۆری ڕاگەیاندن لە کوردستاندا بوونی هەیە و، هەزاران کەس کاری تێدا دەکەن، لە ئەنجامدا ژمارەی داوا و سکاڵاکان لەم بارەیەوە ڕوویان لە زیادی کردووە. ئەمەیش وا دەخوازێت، کە دادگه‌یەکی پسپۆڕ لەم بوارەدا دابمەزرێت بۆ ئەوەی بتوانێت بە باشترین شێواز دادپەروەری بچەسپێنێ و، گەرەنتیی ئازادیی کاری ڕاگەیاندن بکات.

٢- دامەزراندنی ئەم دادگه‌یە جۆرێکە لە بەپسپۆڕیکردنی کاری دادوەری و، بە دادگه‌یەکی ئاسایی دادەنرێت و، بە هیچ شێوەیەک ناچێتە خانەی دامەزراندنی دادگه‌ی تایبەتەوە، کە بەپێی بەندی ٩٥ لە دەستووری عێراقی، دامەزراندنی هەر جۆرە دادگه‌یەکی تایبەت و ڕیزپەر قەدەغە کراوە. بەپێچەوانەوە، هیچ دەقێک لە دەستووردا نییە، کە دامەزراندنی دادگه پسپۆڕییەکان قەدەغە بکات. دامەزراندنی ئەم دادگه‌یە، دەبێتە هەنگاوێکی گرنگ بۆ بە پسپۆڕیی کردنی دادگه‌کان، کە هەر دوو لایەنی سزایی و شارستانیی لە خۆ دەگرێ و، بە یەکەم هەنگاوی لەو جۆرە دادەنرێ لە هەرێمی کوردستاندا.  

٣- دەتوانین بڵێین، دامەزراندنی دادگه‌ی پەخش و ڕاگەیاندن بۆ خۆی هەنگاوێکە بۆ جێبەجێکردنی بەندی ٣٨ لە دەستووری عێراقی کە دەڵێ: "دەوڵەت ئەم خاڵانەی خوارەوە دەگرێتە ئەستۆ بە مەرجێک نەبێتە هۆی تێکچوونی نیزامی گشتی و ڕەوشت: یەکەم) ئازادیی ڕادەربڕین بە هەموو ئامرازەکانییەوە، دووەم) ئازادیی ڕۆژنامەگەری و چاپکردن و ئاگاداری و ڕاگەیاندن و بڵاوکردنەوە." هەر بۆیە، ئەم دادگه‌یە بە کۆتوبەندکردنی ئازادیی ڕۆژنامەنووسان دانانرێت، بەڵکوو لە سۆنگەی گرنگیپێدانی زیاترە بە ڕۆژنامەنووسان و، بۆ پاراستنی زیاتری مافەکانی ئەوانە.

٤- بە دامەزراندنی ئەم دادگه‌یە، ئێمە لە بەردەم دادوەرێکداین، کە گرنگیی تایبەت بە کێشەکانی پەخش و ڕاگەیاندن دەدات و خۆی بۆ ئەم بوارە تەرخان دەکات. لە هەمان کاتدا داواکاری گشتی و لێکۆڵەری دادوەری و فەرمانبەری پسپۆڕیش لەم بوارەدا بوونیان دەبێت. ئەمەیش دەبێتە هۆی یەکخستنی ئاراستە و ڕێکارە دادوەرییەکان و کەمبوونەوەی هەڵە و کەموکوڕییە دادوەرییەکان و، لە ئەنجامدا دەبێتە هۆی پاراستنی زیاتری مافی ڕۆژنامەنووسان. بۆ بەهێزکردنی توانای ستافی ئەم دادگه‌یە، دەکرێ خولی تایبەت لە دەرەوە و ناوخۆی وڵاتدا ببینن و، سوود لە ئەزموونە هاوشێوەکان لە وڵاتانی دیکە وەربگرن.

٥- ئەم دادگه‌یە هەر دوو لایەنی سزایی و شارستانی لە کێشەکانی پەخش و ڕاگەیاندن لەخۆ دەگرێت؛ ئەمەیش دەبێتە هۆی یەکخستنی بڕیارە دادوەرییەکان لە کێشە هاوشێوەکاندا و، ڕێگە لە ئیجتهادی جۆراوجۆر دەگرێ. هەروا دەبێتە هۆی گەشەپیدانی ئاراستەی دادوەری لە بواری پەخش و ڕاگەیاندندا. هەروا ئەم دادگه‌یە بەپێی تایبەتمەندیی شوێن کار دەکات؛ واتە ئەگەر یەک دادگه‌ی لەم جۆرە لە هەرێمی کوردستاندا دابمەزرێت، ئەوا هەموو داواکانی ڕاگەیاندن دێتە بەردەم ئەم دادگه‌یە و، دادگه‌کانی دیکە مافی بینینی داواکانی ڕاگەیاندنیان نابێت.

٦- ئەم دادگه‌یە، سەیری سیفەتی کەسەکە ناکات وەک ڕۆژنامەنووس، بەڵکوو سەیری ناوەڕۆک و بابەتی داواکە دەکات کە پەیوەندیی بە کێشەکانی پەخش و ڕاگەیاندنەوە هەبێت. ڕاگەیاندنکاران دەتوانن لە کاتی هەر جۆرە پێشێلکارییەک لەسەر مافەکانیان، کە پەیوەستە بە کاری ڕاگەیاندن، داوا، یان سکاڵای خۆیان تۆمار بکەن. هەروا دادگه دەتوانێ سەیری ئەو داوا و سکاڵایانە بکات، کە دژ بە دەزگه‌کانی ڕاگەیاندن، یان ڕۆژنامەنووسان تۆمار دەکرێن بە سیفەتی داوالێکراو، یان سکاڵالێکراو لە کێشەکانی پەیوەست بە کاری ڕاگەیاندن کە لە یاسا بەرکارەکاندا هاتوون. واتە ڕۆژنامەنووس لەو کێشانەی کە پەیوەندیی بە کاری ڕاگەیاندنەوە نییە، ئەوا دەچێتە بەردەم دادگه ئاسایییەکانی دیکە و، ئەو حاڵەتانە پەیوەندیی بە دادگه‌ی پەخش و ڕاگەیاندنەوە نییە.  

٧- بەپێی بەندی ٢٢ لە یاسای دەسەڵاتی دادوەریی هەرێمی کوردستان، لەسەر پێشیناری سەرۆکی دادگه‌ی تێهەڵچوونەوە، سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەری، دەتوانێ دادگه‌یەکی بەرایی بۆ سەیرکردنی جۆرێک، یان زیاتر لە داواکان تەرخان بکات. هەروا بەپێی بەندی ٣١/دووەم لە یاسای ئاماژەپێکراو،  لەسەر پێشیناری سەرۆکی دادگه‌ی تێهەڵچوونەوە، سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەری دەتوانێ دادگه‌یەکی لێکۆڵینەوە بۆ جۆرێک، یان جۆرە دیاریکراوەکانی تاوان تەرخان بکات. هەروەک دەبینین، لە ڕووی یاسایییەوە هیچ ڕێگرییەک لەم بوارەدا نییە و، دەسەڵاتی دادوەری دەتوانێ بڕیار لەسەر پێکهێنانی دادگه‌یەکی لەو جۆرە بدات.

ئەزموونی هاوشێوە لە عێراق

بۆ یەکەمجار لە عێراق، لە ١١/٧/٢٠١٠ ئەنجومەنی دادوەریی باڵا، بڕیاری دا بە دامەزراندنی دادگه‌ی تایبەت بە کێشەکانی پەخش و ڕاگەیاندن. لە بڕیاری پێکهێنانی ئەم دادگه‌یەدا، کە لە ڕۆژنامەی وەقایعی عێراقی ژمارە ٤١٦٠ لە ٢/٨/٢٠١٠ بڵاو کراوەتەوە هاتووە: یەکەم: لە پێناو بەرژەوەندیی گشتی و لەسەر پێشنیاری سەرۆکی دادگه‌ی تێهەڵچوونەوەی بەغداد/ڕەسافەی فیدراڵی و بە پشتبەستن بە ئەحکامی هەر دوو بەندی ٢٢ و ٣٥/دووەم لە یاسای ڕێکخستنی دادوەری ژمارە ١٦٠ ساڵی ١٩٧٩ و بەشی حەوتەم لە فەرمانی ژمارە ١٢ ساڵی ٢٠٠٤ بڕیارمان دا: بە پێکهێنانی دادگه‌یەکی تایبەت بە ناوی "دادگه‌ی کێشەکانی پەخش و ڕاگەیاندن" کە بەستراوەتەوە بە سەرۆکایەتیی دادگه‌ی تێهەڵچوونەوەی بەغداد/ڕەسافە، کە سەیری کێشەکانی پەخش و ڕاگەیاندن دەکات لە هەر دوو بواری شارستانی و سزاییدا. بەڕیز شەهاب ئەحمەد یاسین، دادوەری دادگه‌ی بەراییی ڕەسافە، سەرەڕای کارەکانی، ئەرکەکانی دادگه‌ی ئاماژەپێکراو له‌ ئه‌ستۆ ده‌گرێ. دووەم: ئەم بەیانە لە ڕۆژی دەرچوون و بڵاوکردنەوەی لە ڕۆژنامەی فەرمی، کاری پێ دەکرێت. 

ئەگەر سەرنج بدەین، دەبینین ئەم دادگه‌یە لە ڕووی تایبەتمەندیی شوێنەوە هەموو پارێزگه‌کانی عێراق دەگرێتەوە، جگە لە هەرێمی کوردستان؛ چونکە هەرێم دەسەڵاتی دادوەریی تایبەت بە خۆی هەیە. هەروا هەر دوو داواکانی شارستانی و سزاییش لەخۆ دەگرێت.

پێناسەی تاوانی ڕۆژنامەنووسی

هەرچەندە لە دەقی یاسا بەرکارەکانی عێراق و هەرێمی کوردستاندا، پێناسەیەکی ڕوون بۆ زاراوەی تاوانی ڕۆژنامەنووسی نییە، بەڵام دەتوانین بڵێین ئەو تاوانانەی کە ڕۆژنامەنووسان بە هۆی مومارەسەی کاری ڕۆژنامەنووسی و کەڵکوەرگرتنی هەڵە لە ئازادیی ڕادەربڕین لە ڕێگەی دامودەزگه‌کانی ڕاگەیاندنەوە ئەنجامی دەدەن، بە تاوانی ڕۆژنامەنووسی دادەنرێن، وەک: ناوزڕاندن، سووکایەتیکردن بە هێما و پیرۆزییە ئایینییەکان، هاندان بۆ ئەنجامدانی تاوان و...، کە لە بەندی ٩ی یاسای کاری ڕۆژنامەنووسیی هەرێمی کوردستاندا ئاماژەیان پێ کراوە.

دەربارەی سروشتی تاوانی ڕۆژنامەنووسی، بیروڕای جیاواز لە نێوان توێژەرانی یاساییدا هەیە. هەندێکیان دەڵێن هیچ جیاوازییەک لە نێوان تاوانی ڕۆژنامەنووسی و تاوانەکانی تردا نییە، تەنیا ئەوە نەبێ کە شێوازی ئەنجامدانەکەی جیاوازە، کە ئەویش بەکارهێنانی ئامرازەکانی ڕاگەیاندنە.

هەندێکی تر لەو باوەڕەدان کە تاوانی ڕۆژنامەنووسی، سروشتێکی تایبەتیی هەیە. چونکە ئەم تاوانانە وەک تاوانەکانی تر دەرەنجامی کرداری ماددی نین، بەڵکوو کرداری عەقڵییشی لەگەڵدایە. هەروا ئەم جۆرە لە تاوان، زیانی ماددیی ڕاستەوخۆی نییە، بەڵکوو زیان بە هەست و دەروونی تاوانلێکراو دەگەیه‌نێت؛ هەر بۆیە یاسادانەر، لە نێوان ئەم تاوانە و تاوانەکانی دیکەدا جیاوازی دەکات و، میکانیزمی جیاوازی بۆ هەڵسوکەوت لەگەڵ ئەم تۆمەتبارانەدا داناوە. پێمان وایە ڕای دووەم ڕاستە و لەگەڵ تایبەتمەندیی کاری ڕاگەیاندندا دەگونجێ. له‌به‌ر ئه‌وه‌، یاسادانەریش هەوڵی داوە بە یاسای تایبەت ڕێکی بخات و، جۆری سزاکانیشی جیاوازن لەوەی کە لە یاسای سزادانی عێراقی ژمارە ١١١ ساڵی ١٩٦٩دا هاتوون.

هەروا پێویستە بگوترێت، ئەگەر کەسێک ڕۆژنامەنووسی پرۆفیشناڵیش نەبێت و، بۆ یەک جاریش بابەتێک لە دەزگه‌کانی ڕاگەیاندندا بڵاو بکاتەوە، کە لە ڕووی یاسایییەوە بە تاوانی ڕۆژنامەنووسی هەژمار بکرێت، ئەوا دەکەوێتە ژێر تایبەتمەندیی دادگه‌ی پەخش و ڕاگەیاندنەوە.

کۆبەند

لە لایەکەوە بە هۆی گەشەکردنی کاری ڕاگەیاندن و دروستبوونی کێشە و گرفتە یاسایییەکانی ئەم بوارە، کە ڕۆژانە ڕووبەڕووی ڕۆژنامەنووسان و دەزگه‌کانی ڕاگەیاندن دەبێتەوە و، لە لایەکی ترەوە گرنگیدان بە ئازادیی ڕادەربڕین و ڕاگەیاندن لە کۆمەڵگە و، ڕێزگرتن لە پێگەی ڕۆژنامەنووسان، بەو جۆرەی کە لەگەڵ پێشکەوتنەکانی سەردەم و بنەماکانی دیموکراسی و مافی مرۆڤدا بگونجێن، وا دەخوازێ دادگه‌یەکی پسپۆڕ لە بواری پەخش و ڕاگەیاندن دابمەزرێت.

هەرچەندە لە عێراق لە ساڵی ٢٠١٠ ئەم جۆرە دادگه‌یە هاتۆتە دامەزراندن، بەڵام لە هەرێمی کوردستان سەرەڕای ئەوەی کە یاسای دەسەڵاتی دادوەریی هەرێمی کوردستان ڕێگە بە دامەزراندنی دادگه‌یەکی لەم جۆرە دەدات، تاکوو ئێستا هەنگاوێکی لەو جۆرە نەنراوە. جێی خۆیەتی ئەنجومەنی دادوەری، بە هەنگاوێکی لەو جۆرە خزمەتی زیاتر بە توێژی ڕۆژنامەنووسان و ئازادیی کاری ڕاگەیاندن بکات، ئاراستەی دادوەری لە هەرێمی کوردستان لەم بارەیەوە یەک بخات و کاری دادگه‌کان بەرەو پسپۆڕیی زیاتر ببات.  

 

سەرچاوەکان:

١) د.سامان فوزي، المرشد القانوني للاعلامیین، الطبعة الثانیة، مطبعة هاولاتي، السلیمانیة، ٢٠١٦.

٢) أشرف فتحي الراعي، جرائم الصحافة والنشر، الطبعة الثانیة، دارالثقافة للنشر والتوزیع، عمان، ٢٠١٢.

٣) وفاء سلاوي، فقه المحاكمات الأدبية والفكرية: دراسة في الخطاب والتأويل، من منشورات مرکز القاهرة لدراسات حقوق الانسان.

٣) عبدالستار محمد ڕمضان ڕوزبياني، ڕؤية قانونية في المحكمة المختصة في قضايا النشر والاعلام في العراق، موقع المجلس القضاء الاعلی.

٤) دستور جمهوریة العراق، عام ٢٠٠٥.

٥) قانون العمل الصحفي في کوردستان ڕقم ٣٥ لسنة ٢٠٠٧.

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples