دیپلۆماسیی ئاو

پیشەکی:

ئاو بە سەرچاوەی ژیان، گرنگترین فاکتەری بەرهەمهێنانی خۆراک، فاکتەری سەقامگیریی ژینگەیی لەسەر گۆی زەوی، سەرچاوەی تەندروستی، گەشەکردن و توریزم دادەنرێ. گرنگیی  ئاو و نەبوونی هیچ جێگرەوەیەک بۆ ئاو، وای کردووە کە ئاو بە کاڵایەکی ستراتیژی لە قەڵەم بدرێت. بۆیە ئەمڕۆ، بابەتی ئاو ڕەهەندێکی سیاسی-ئاسایشیی بەخۆیەوە گرتووە و، لە سیاسەتی ناوخۆ و دەرەوەی وڵاتان و، یاسا و پەیوەندییە نیودەوڵەتییەکاندا، بایەخێکی زۆری پێ دەدرێت. ئاو، جگە لەوەی کە دەتوانێ لە نێوان دەوڵەتانی هاوبەش لە سەرچاوە ئاوییەکاندا سەرچاوەی ناکۆکی و جەنگ و ململانێ بێت، لە هەمان کاتدا، دەتوانێ فاکتەری ئاشتی و دەستلەملانێ و هاوکارییش بێت لە نێوان دەوڵەتاندا. ئەمەیش وای کردووە بەرەبەرە لە یاسا و سیاسەتی نێودەوڵەتیدا، زاراوەیەکی نوێ سەر هەڵبدات بە ناوی "دیپلۆماسیی ئاو". هەر بۆیە ئەمڕۆ، بەڕێوەبردنی ئاو بە کێشە و چەلنجێک (ته‌حه‌ددایه‌ك)ی جیهانی لە قەڵەم دەدرێت.

لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، گرنگیدان بەم بابەتە ڕۆژ بە ڕۆژ لە پەرەسەندندایە و، ڕۆژی ٢٢ی مارس بە ڕۆژی جیهانیی ئاو ناودێر کراوە. دەیەی ١٩٨٠ تا ١٩٩٠ بە دەیەی نێودەوڵەتیی دابینکردنی ئاوی خواردنەوە و تەندروستی ناو نرا. هەروا لەسەر پێشنیاری سەرۆککۆماری تاجیکستان، کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان دەیەی ٢٠٠٥ تا ٢٠١٥ی بە "دەیەی نێوەدەوڵەتیی ئاو بۆ ژیان" ناوزەد کرد.

ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ٥%ی دانیشتووانی جیهان لەخۆ دەگرێ، بەڵام تەنیا ١% ئاوی شیرینی جیهانی بەردەکەوێت. هەر بۆیە لەم ناوچەیە، ئاو بە کاڵایەکی ستراتیژی دادەنرێ و، هەر لە کۆنەوە یەکەمین شارستانییەتەکان لە تەنیشت ڕووبارەکانەوە سەریان هەڵدا. بەگوێرەی پێشبینییەکان،  بەکارهێنانی ئاو لە وڵاتانی عەرەبی تا ساڵی ٢٠٢٥ دەگاتە دووهێندەی ئەوەی، کە سروشت پێی بەخشیون. هەروا بەپێی ڕاپۆرتی کۆمکاری عەرەبی، دوو لەسەر سێی وڵاتانی عەرەبی، سەرانەی ئاوی ساڵانەیان لە ١٠٠٠ مەتر سێجا کەمترە، کە بەپێی پێوەری خاتوو "مالین فالکن مارک"، ئاوناسی بەناوبانگی سویدی، ئەم وڵاتانە لە ڕیزی وڵاتانی تووشبوو بە کەمئاویی درێژخایەن پۆلێن دەکرێن.

بەگوێرەی توێژینەوەیەکی نەتەوە یەکگرتووەکان، تا ساڵی ٢٠٢٥ وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بە هۆی قەیرانی ئاو تووشی زیانی جددی دەبن، کە ئەمەیش چەلنجی ئاسایشیی بۆ وڵاتانی ناوچەکە دروست دەکات. بە سەرنجدان لە گۆڕانە ژینگەیییەکانی ناوچەکە، ئەم کێشەیە دەتوانێ لە داهاتوودا، ئەگەری سەرهەڵدانی جەنگی ئاو لەناو وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا زیاتر بکات. بۆ ڕێگەگرتن لەم ئەگەرە ترسناک و کارەساتبارانە و، ڕەخساندنی دەرفەت بۆ هاوکاری و ئاشتی و پێکەوەژیان، دیپلۆماسیی ئاو دەتوانێ وەک کلیلی چارەسەر، ڕۆڵی ئەرێنی و پۆزەتیڤ بگێڕێت. جیهانی ئەمڕۆ، کە لەناو گرژی و ئاڵۆزییە سیاسی، ئایینی، نەتەوەیییەکان و ... خەریکە گڕ دەگرێ و، جەنگ و توندوتیژی، بووەتە سیامی دیاری ئەم سەردەمە، پێویستیی بەکارهێنانی ئامرازی دیالۆگ و گفتوگۆی دیپلۆماسی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و لەوانەیش کێشەی ئاو، پتر لە هەر سەردەمێکی تر هەستی پێ دەکرێت.      

سەرهەڵدان و واتای دیپلۆماسیی ئاو

سەرچاوەکانی ئاو لە جیهان لە دۆخێکی قەیراناوییدان، بەڵام بەم حاڵەیش ڕەوشی هەموو ناوچەکانی جیهان وەک یەک نییە؛ بۆ نموونە  قەیرانەکە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، قەراخ بیابانی گەورەی ئەفریقا و باشووری ئەفریقادا مەترسیی زیاترە. گەشەکردنی خێرای ژمارەی دانیشتووان، گۆڕانکاریی ژینگەیی، سنوورداربوونی سەرچاوە ئاوییەکان، دابەشبوونی نایەکسانی سەرچاوە ئاوییەکان، پەرەسەندنی بەکارهێنانی ئاو لە بواری پیشەسازی و کشتوکاڵ، وشکەساڵی و بەڕێوەبردنی نادروستی سەرچاوە ئاوییەکان، قەیرانەکەی قووڵتر کردۆته‌وه‌. هەر لە کاتی سەرهەڵدانی یەکەمین شارستانییەتەکان، بەڕێوەبردنی ئاو، یەکێک لە گەورەترین چەلنجەکانی بەردەمی مرۆڤ بووە.

ئەمڕۆ، ٢٦٠ حەوزی ڕێڕەوی ئاویی نێودەوڵەتی لە جیهاندا بوونی هەیە، کە لەناو ١٥٠ وڵاتدا بڵاو بوونەتەوە و، پتر لە ٤٧%ی کۆی پانتاییی جیهان لەخۆ دەگرن و، زیاتر لە ٤٠%ی دانیشتووانی گۆی زەوی لەناو ئەم حەوزانەدا دەژین. له‌به‌ر ئه‌وه‌، جێی سەرسووڕمان نییە کە ئاسایشی سەرچاوە ئاوییەکان بە یەکێک لە گرنگترین فاکتەرەکانی سیاسەتی دەرەوەی وڵاتان دابنرێت. سروشتی ئاو بە جۆرێکە، کە سنوور ناناسێ و لە یەک شوێندا ڕاناوەستێ. ئاو بەردەوام لە جووڵەدایە و، لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر دەڕوات. ئەم تایبەتمەندییەی ئاو لەگەڵ سروشتی سنوورە نێودەڵەتییەکان لە ناکۆکیدایە. ئەمەیش لە ڕوانگەی جوگرافیای سیاسییەوە، دەتوانێ ببێتە  سەرچاوەی هاوکاری و گفتوگۆ، یان ناکۆکی و ململانێ لەسەر کەڵکوەرگرتن و بەڕێوەبردنی سەرچاوە ئاوییەکان. پێویستیی مامەڵەکردنی وڵاتان لەگەڵ یەکتر، وایان لێ دەکات کە ئەم بابەتە بخەنە چوارچێوەی دیپلۆماسیی وڵاتەکەیان و لە سیاسەتی دەرەوەیاندا جێگیری بکەن؛ کە ئەمەیش بە "دیپلۆماسیی ئاو" ناو دەبرێت.

دیپلۆماسیی ئاو (Hydro diplomacy) هاوواتای زاراوەی سیاسەتی ئاوە (Hydro politics) و، بریتییە لە توانای خودیی دەوڵەتەکان بۆ پێکدادان و توندوتیژی، یان ڕێککەوتن و بەڕێوەبردنی ڕێڕەوە ئاوییە نێودەوڵەتییەکان. دیپلۆماسیی ئاو، پشت بە توانای ئەو دەوڵەتانە دەبەستێ کە خاوەن بەرژەوەندییەکی هاوبەشن لە بواری ڕێڕەوە ئاوییە نێودەوڵەتییەکان و، دەیانەوێ ئەم بابەتە بە جۆرێک بەڕێوە ببەن کە لە ڕووی سیاسییەوە بگەنە دۆخێکی سەقامگیر؛ واتە بەبێ هیچ گرژی و ململانێیەک کەڵک لە سەرچاوە ئاوییە هاوبەشەکان وەربگرن. دیپلۆماسیی ئاو، دەتوانێ هەموو ئامانجە ئاوییەکانی وڵاتێک لەخۆ بگرێت، تەنانەت ئەگەر لە دەرەوەی سنووری سەرچاوە ئاوییە هاوبەشەکانیش بێت، وەک: گەیشتن بە سەهۆڵەکانی جەمسەری باکوور و باشوور.

فیلیپ سی یب، بەڕێوەبەری ناوەندی دیپلۆماسیی گشتی لە کۆنگرێسی ئەمریکا دەڵێ: "ئەگەر دیپلۆماسیی گشتی، سەرنجی لەسەر خستنەڕووی خزمەتگوزاری بۆ هەمووان بێت نەک بانگەشە، ئەوا دیپلۆماسیی گشتیی ئاو، یەکێکە لەو وەبەرهێنانانەی کە دەتوانێ وێڕای دابینکردنی بەرژەوەندیی نیشتمانیی ئەمریکا، یارمەتیی ئەو خەڵکانەیش بدات کە زۆر پێویستییان بەم کاڵا گرنگە هەیە.

سەرەڕای گۆڕانکاریی بێوێنە لە گۆڕەپانی جیۆپۆلیتیکی جیهان، بەڵام هێشتا لە زۆربەی شوێنەکانی جیهان، ئاو هەمیشە فاکتەرێکی سەرەکی بووە لە سیاسەتی دەرەوەی وڵاتاندا. بەڵگەیش ئەوەیە کە بە درێژاییی سەد ساڵی ڕابردوو، دەوڵەتان لەسەر ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتی، دەیان ڕێککەوتننامەی دووقۆڵی، هەرێمی و نێودەوڵەتییان لەسەر بەکارهێنان و پاراستنی سەرچاوە ئاوییەکان گرێ داوە، کە ئەمەیش بە نموونەی دیاری دیپلۆماسیی ئاو دادەنرێ. پتر لە ٣٠٠ ڕێککەوتننامە لە نێوان وڵاتانی جیهان لە بواری سەرچاوە ئاوییەکاندا گرێ دراون. هەروا لە پتر لە ٢٠٠٠ ڕێککەوتننامەی دیکە، لە پاڵ بابەتەکانی تر باس لە سەرچاوە ئاوییەکان و کێشەکانی تایبەت بە ئاو کراوە. پێویستە بگوترێ، ئەگەر ڕووبارێک بەتەواوی کەوتبێتە ناو سنوورەکانی یەک دەوڵەت، ئەوا بە ڕووبارێکی ناوخۆیی ناو دەبردرێت و، ئەو دەوڵەتە سەڵاحییەتی هەیە یەکلایەنە مامەڵە لەگەڵ ئەو ڕووبارەدا بکات. بەڵام ئەگەر ڕووبارێک بکەوێتە ناو سنووری زیاتر لە دەوڵەتێک، ئەوا ئەو کاتە لەسەر چۆنێتیی بەکار‌هێنانی ئەم ڕووبارانە کێشە سەر هەڵدەدات؛ کە ئەم ڕووبارانە ئەمڕۆ، بەپێی دوا پێناسەی یاسایی، بە ڕێرەوی ئاویی نێودەوڵەتی ناو دەبردرێن.

  هەر بۆیە، قەیرانەکانی تایبەت بە ئاو، سروشتێکی نێودەوڵەتی و سەروونیشتمانییان هەیە و، چارەسەرکردنی قەیرانەکانیش پێویستیی بە ویست و ئیرادەیەکی نێودەوڵەتی هەیە و، هاوکاریی وڵاتان لەمبارەیەوە لە چوارچێوەی ڕێککەوتنە هاوبەشەکان، بە پێویستییەکی هەنووکەیی دادەنرێ. لێرەدایە کە بابەتەکە دەچێتە چوارچێوەی یاسا و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و، دیپلۆماسیی ئاو دەتوانێ ڕۆڵ ببینێ. لەم پێناوەدا، نەتەوە یەکگرتووەکانیش گرنگیی بە دیپلۆماسیی ئاو داوە و، گرنگترین و دوا هەوڵیان گرێدانی ڕێککەوتننامەی بەکارهێنانی ڕێڕەوە ئاوییە نێودەوڵەتییەکانە بۆ مەبەستی ناکەشتیڕانیی ساڵی ١٩٩٧، کە پاش بیست ساڵ گفتوگۆ هاتە دی؛ ئەمەیش قورسی و گرنگیی بابەتی ئاو دەخاتە ڕوو.

لە پاڵ گەشەکردن و بەرەوپێشچوونی یاسای نێودەوڵەتیی تایبەت بە ڕێڕەوە ئاوییە نێودەوڵەتییەکان، پێویستیی ئامرازە دیپلۆماسییەکان بۆ جێبەجێکردنی ئەو یاسا و ڕێسایانە، بووەتە هۆی دروستبوون و سەرهەڵدانی زانست و تەکنیکی "دیپلۆماسیی ئاو" لە چوارچێوەی سیاسەتی دەرەوەی وڵاتاندا. ململانێ لەسەر ڕێڕەوە ئاوییە نێودەوڵەتییەکان، بە شێوەیەکی جددی سەرنج و حەزی پلانداڕێژەرانی سیاسەتی دەرەکیی وڵاتانی بەرەو لای خۆی ڕاکێشاوە. هەر بۆیە سیاسەتداڕێژەران، دەتوانن توانا دیپلۆماسییەکان بخەنە گەڕ بۆ بەڕێوەبردنی ڕێڕەوە ئاوییە نێودەوڵەتییەکان و، لەم بوارەدا لەگەڵ پسپۆڕانی تەکنیکیدا هاوکاری، هاواهەنگی و هەڵسوکەوت بکەن. بەپێی ناوەڕۆکی بەندی (٣٣) لە چارتی نەتەوە یەکگرتووەکان و، هەروا بەندی (٣٣/ب ١و ٢ و٣ ) لە ڕێککەوتننامەی بەکارهێنانی ڕێڕەوە ئاوییە نێودەوڵەتییەکانی ساڵی ١٩٩٧، ئامرازە سیاسییەکان بۆ چارەسەرکردنی ئاشتییانەی ناکۆکییەکان بریتین لە: گفتوگۆ، نێوانگیری، هەوڵی چاکەخوازی، سازاندن و لێکۆڵینەوە؛ کە ئەم ئامرازانە دەتوانن لە دیپلۆماسیی ئاودا ڕۆڵی سەرەکی بگێڕن. لەم سەردەمەدا، بە هۆی کەمبوونەوەی ئاو، زیادبوونی داخوازی لەسەر ئاو و گۆڕانکارییە ژینگەیییەکان، دیپلۆماسیی ڕێڕەوە ئاوییە نێودەوڵەتییەکان، گرنگییەکی زۆری هەیە لە پەیوەندیی نێودەوڵەتی و چارەسەرکردنی ئەو کێشە و گرفتانەی، کە لەم بوارەدا سەر هەڵدەدەن.    

چەند نموونەیەکی سەرکەوتووی دیپلۆماسیی ئاو

بەو پێیەی ئاو سنوور ناناسێ و خاوەن تایبەتمەندییەکی جووڵاوە، بۆیە گرێدانی سیاسەتی دەرەوە و بەڕێوەبردنی سەرچاوە ئاوییەکان، دەتوانێ جگە لە چارەسەرکردنی کێشەکانی ئێستا، ڕێگە لە سەرهەڵدانی کێشە لە داهاتوویشدا بگرێت. لێرەدا، بۆ زیاتر ڕوونکردنەوەی توانای دیپلۆماسیی ئاو، ئاماژە بە چەند نموونەیەکی پراکتیکی دەکەین لە کێشەی ڕێڕەوە ئاوییە نێودەوڵەتییەکان، کە لە ڕێگەی دیپلۆماسیی ئاوەوە چارەسەر کراون.

١) پرۆژەی ئیتایپۆ(Itaipo Project) : هەر دوو وڵاتی بەڕازیل و پاراگوای، ساڵانێکی زۆر لە یەکێک لە ڕووبارە سنوورییەکانی نێوان هەر دوو وڵاتدا کێشەیان لەسەر دیاریکردنی سنوور هەبوو. سەرەنجام بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە، لە ساڵی ١٩٧٣ لەسەر دروستکردنی وێستگەیەکی هاوبەشی کارۆئاویی (مەبەست بەرهەمهێنانی کارەبایە لە ئاو) ڕێک کەوتن. ئەمەیش لە ڕێککەوتنی چاوەڕواننەکراوی نێوان وەزیرانی دەرەوەی هەر دوو وڵاتدا هاتە دی.

٢) ڕێککەوتنی نێوان هیندستان و بەنگلادش: پاش ڕێککەوتنی هەر دوو وڵات لەسەر ڕووباری گەنگ لە ساڵی ١٩٦٦ بۆ هاوبەشی و هاوکاری لەم بوارە، پەیوەندیی خراپی نێوان هەر دوو وڵات پێی نایە قۆناغێکی نوێ و، بە ئاراستەی باشبوون هەنگاوی نا.

٣) ڕێککەوتنی نێوان هیندستان و پاکستان: ڕێککەوتنی هەر دوو لا لەسەر ڕووباری سند و پێکهێنانی کۆمیسیۆنی سەرپەرشتیکردنی ئەم ڕووبارە، بە یەکێک لەو دامەزراوە درێژخایەنانە دادەنرێ لەسەر ڕێڕەوە ئاوییە نێودەوڵەتییەکان، کە تاکوو ئێستا بەدی هاتووە.

ئەمە و چەندین نموونەی هاوشێوەی دیکە لەسەر ئاستی جیهان، ئەو ڕاستییەمان بۆ دەسەلمێنێ، کە ئاو دەکرێت وەک ئامرازێك لە بواری دیپلۆماسیدا کەڵکی لێ وەربگیرێت. ئەم ئامرازە، دەکرێ وەک هەلێک سەیر بکرێت، کە دەتوانێ دەرفەتی گەشەکردنی هاوکاری لە نێوان وڵاتانی خاوەن بەرژەوەندی بخولقێنێ و، ڕێگە لە ململانێ و جەنگ و پێکدادان بگرێت. دیپلۆمات و داڕێژەرانی سیاسەتی دەرەوەی وڵاتان، دەتوانن لەم بوارەدا ڕۆڵی ئەرێنی و گرنگ بگێڕن.  

کوردستان و دیپلۆماسیی ئاو

سەبارەت بە ڕۆڵی هەرێمی کوردستان لە بواری دیپلۆماسیی ئاو و ڕێڕەوە ئاوییە نێودەوڵەتییەکان، ئەوا دەبێ بۆ دەستووری عێراقی ساڵی ٢٠٠٥ بگەڕێینەوە. بەندی ١١٠ لە دەستوور، باس لە سەڵاحییەتە پاوانکراوەکانی دەسەڵاتی فیدراڵی دەکات و، دوو خاڵ کە ڕۆڵی سەرەکییان لە بواری دیپلۆماسیی ئاودا هەیە و، بە باسکی چەپ و ڕاستی ئەم دیپلۆماسییە دادەنرێن، هەردووکیان لە ڕیزی ئەم سەڵاحییەتانە دانراون. بەپێی بەندی ١١٠/ یەکەم لە دەستوور، داڕشتنی سیاسەتی دەرەوە و نوێنەرایەتیی دیپلۆماسی، بە یەکێک لە سەڵاحییەتە پاوانکراوەکانی دەسەڵاتی فیدراڵی دانراوە. هەروا لە بەندی ١١٠/هەشتەم لە دەستوور، بابەتی ڕێڕەوە ئاوییە نێودەوڵەتییەکان، بەڕاشکاوی بە یەکێک لە سەڵاحییەتەکانی دەسەڵاتی فیدراڵی دانراوە و دەڵێت: "پلانی سیاسەتەکانی تایبەت بە سەرچاوە ئاوییەکانی دەرەوەی عێراق و، مسۆگەرکردنی بڕە ئاوی پێویست و دابەشکردنی دادپەروەرانەی لەناو عێراق، بەپێی یاسا و نەریتە نێودەوڵەتییەکان." بەشێکن لە سەلاحیاتی دەسەڵاتی فیدراڵی.

ئەگەر سەرنجی ئەو بەندە دەستوورییە و، سیاسەتی پەیڕەوکراو لە لایەن دەوڵەتانی دراوسێی خاوەن ڕێڕەوە ئاوییە نێودەوڵەتییەکان بدەین، کە لە سنووری هەرێمی کوردستان دێنە ناو عێراقەوە یا خود سنووری نێوان هەر دوو وڵات پێک دێنن و، بریتین لە ئێران و تورکیا، ئەوا دەبینین ئەو دەوڵەتانەیش بەکردەوە تا ئێستا ئامادە نین لەمبارەیەوە هەڵسوکەوت لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا بکەن. هەر بۆیە لە کاتی ئێستادا، هەرێمی کوردستان دەتوانێ لە ڕێگەی وەزارەتی دەرەوەی عێراق و لە چوارچێوەی شاندە سیاسی و دیپلۆماسییەکانی ئەو وڵاتە ڕۆڵ بگێڕێت و، خواست و پەیامەکانی خۆی بۆ پاراستنی بەرژەوەندە ئاوییەکانی خۆی بگەیەنێت. لە ڕابردوویشدا هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی دەوڵەتی عێراق لەم بوارەدا بەشداریی پێ کراوە.   

لە حاڵەتی سەربەخۆبوونی کوردستان، ئەوا گۆڕانکاری لە دۆخی سیاسی، جوگرافی و ڕژێمی هیدرۆپۆلیتیکدا دروست دەبێ. هەر بۆیە، ئەمەیش دەتوانێ توانایەکی هیدرۆپۆلیتیکی بە دەوڵەتی کوردستان ببه‌خشێت و، ئەو کاتە دەتوانێ وەک ئەکتەرێکی نوێ لە بواری دیپلۆماسیی ئاو لە ناوچەکەدا ڕۆڵ بگێڕێت.

ئەمڕۆ، بە هۆی سیاسەتی ئاویی ئێران و تورکیاوه‌، هەرێمی کوردستان‌ لە بواری ڕێڕەوە ئاوییە نێودەوڵەتییەکان تووشی چەندین کێشە بووەته‌وه، لەوانەیش: دیجلە، سیروان، زێی گەورە، زێی بچووک، خابوور، ئەڵوەند، هەواسان، قۆرەتوو، بناوەسووتە و زمکان. هەرچەندە ئێستا، بە هۆی لاوازیی بواری کشتوکاڵ و پیشەسازی و ڕێژەی کەمی دانیشتووانی هەرێم لەچاو سەرچاوە ئاوییەکان، ئەم گرفتە زۆر هەستی پێ ناکرێت، بەڵام ئەمە بەو واتایە نییە کە هیچ کێشەیەک لە ئارادا نییە؛ لانی کەم ئێستایش لە بواری ژینگەییدا، کاریگەریی نەرێنیی هەیە. هەروا قووڵاییی ئەم کارەساتە، لە داهاتوویەکی نزیکدا زیاتر هەستی پێ دەکرێت؛ ئەو کاتەی کە پرۆژەکانی ئەو وڵاتانە لە بواری دروستکردنی بەنداو و تۆنێلی گواستنەوەی ئاوی ڕووبارەکان، بگاتە قۆناغی کۆتاییی خۆی.

هەربۆیە پێویستە، هەرێمی کوردستان هەموو کەناڵە دیپلۆماسییە بەردەستەکان لە ڕێگەی دەوڵەتی عێراقەوە بە کار بهێنێ بۆ وەستاندنی ئەو پرۆژانە بە جۆرێک کە لەگەڵ یاسا و ڕێسا نێودەوڵەتییەکاندا بگونجێن.

کۆبەند

لەم وتارەدا، تیشکمان خستە سەر گرنگیی ئاو و کێشەکانی تایبەت بە ئاو، بەتایبەت لە بواری ڕێڕەوە ئاوییە نێودەوڵەتییەکان. هەروا باسمان لە سەرهەڵدانی جۆرێکی نوێی دیپلۆماسی کرد، بە ناوی دیپلۆماسیی ئاو، کە دەتوانێ ڕۆڵێکی ئەرێنی و گرنگ بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکانی تایبەت بە ئاو بگێڕێت. سەبارەت بە هەرێمی کوردستانیش، چونکە زۆربەی ڕێڕەوە ئاوییەکانی کوردستان، سەرچاوەکانیان بۆ وڵاتانی دراوسێ دەگەڕێتەوە و سروشتی نێودەوڵەتییان هەیە، هەر بۆیە ئاسایشی ئاویی کوردستان بەردەوام لەژێر هەڕەشەی وڵاتانی دراوسێدایە. ئەمەیش وا دەخوازێت، کە هەرێمی کوردستان هەوڵ بدات لە ڕێگەی کەناڵە دیپلۆماسییەکانی دەوڵەتی فیدراڵی عێراق ڕێگه‌ی دیپلۆماسیی ئاو بگرێتە بەر و، بەرژەوەندییەکانی خۆی بپارێزێت. ئەمڕۆ، هەر جۆرە سستی و پشتگوێخستنێک لەم بوارەدا، دەتوانێ زیانی گەورە بە ئاسایشی ئاویی کوردستان بگەیەنێت، کە لە داهاتوودا بە هیچ جۆرێک قەرەبوو ناکرێتەوە. پێویستە هەرێمی کوردستان، سوود لەو دەرفەتانە وەربگرێت کە لەبەردەمیدان؛ جگە لە پەروەردەکردنی کادیری دیپلۆماسی، گرنگی بە کردنەوەی ناوەندەکانی توێژینەوەی ئاوی بدات لە هەموو بوارەکانی یاسایی، سیاسی، ئەندازیاری و هتد. 

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples