سیستەمی کۆنفیدراڵی و ئەگەری جێبەجێبوونی لە عێراق

پێشەکی

پاش ئەوەی سیستەمی فیدراڵی لە عێراقدا، نەیتوانی سەرکەوتن بەدەست بهێنێ، وا پێشبینی دەکرێت پاش شکستی داعش، چەندین پرۆژەی نوێ بۆ بەڕێوەبردنی عێراق سەر هەڵبدات. یەکێک لە کێشە سەرەکییەکانی عێراق، کێشەی ناسنامه‌یه‌ (شوناس). هەرچەندە لە دەستووری کاتیی ساڵی ٢٠٠٤ و، دەستووری هەمیشەییی ساڵی ٢٠٠٥ بەفەرمی دان بە فرەناسنامه‌ییی عێراقدا نراوە، بەڵام لە واقعی کرداریدا ئەم دەقانە جێبەجێ نەکراون. ئەمه‌یش پاڵنەر بووە بۆ ئەوەی پێکهاتەکانی عێراق زیاتر لێک دوور بکەونەوە، بەتایبەت کورد، کە ئێستا بەڕوونی دروشمی سەربەخۆییی هەڵگرتووە. ئەم دوورکەوتنەوەیە، وای کردووە کە پێکەوەژیانی ئەم پێکهاتانە لەگەڵ یەکتردا، ئەستەم بێت. هەر بۆیە پێویستە، دەسەڵاتدارانی ئەم وڵاتە بەدوای ڕێگەچارەیەکی نوێدا بگەڕێن، بۆ ئەوەی بتوانن جارێکی تر بە شێوەیەکی یاسایی و ئاسایی و، لە ژێر کاریگەریی بارودۆخی نوێ، نەخشەی سیاسیی ئەم وڵاتە دابڕێژنەوە.

یەکێک لەو سیناریۆیانەی کە بۆ پاش نەمانی داعش باسی لێوە دەکرێت، جێبەجێکردنی سیستەمی کۆنفیدراڵییە. بەڵام هەندێ جار وا هەست دەکرێت، کە تێگەیشتنێکی هەڵە بۆ ئەم چەمکە دەکرێت و، ڕۆشنبیریی گشتی لەم بارەیەوە لاوازە. هەندێک کەس وا تێ دەگەن كه‌ هەروەک چۆن سیستەمی فیدراڵی جۆرێکی فراوانکراو و پەرەسەندووی ئۆتۆنۆمییە، سیستەمی کۆنفیدراڵیش جۆرێکی پێشکەوتووتر و پەرسەندووتری فیدراڵییە، بەڵام لە ڕاستیدا وا نییە. فیدراڵی، سیستەمێکە کە لە چوارچێوەی یەک دەوڵەتی سەربەخۆدا جێبەجێ دەکرێ، لە کاتێکدا کۆنفیدراڵی لە نێوان دەوڵەتانی سەربەخۆدا دێتە ئاراوە. لەم وتارەدا چەمک و واتای سیستەمی کۆنفیدراڵی و هۆکار و ئەگەری جێبەجێبوونی لە عێراقدا دەخەینە بەر باس.

چەمک و مێژووی سەرهەڵدانی سیستەمی کۆنفیدراڵی

کۆنفیدراسیۆن یان کۆنفیدراڵی (confederation) لە ڕیشەی لاتینی (confederatio) بە واتای "کۆمەڵە" و "یەکێتی" هاتووە. ئەم سیستەمە، بەپێی ڕێککەوتننامەیەکی نێودەوڵەتی لە نێوان دوو دەوڵەت یان زیاتر، بۆ بەدیهێنانی هەندێ ئامانجی دیاریکراو دێتە ئاراوە. لە ڕابردوودا، تێکەڵکردنێک لە نێوان واتای کۆنفیدراڵی و فیدراڵیدا هەبووە، بە جۆرێک کە زانایەکی وەک "دیسی"یش بە یەک واتا بەکاری بردوون؛ بەڵام لە یاسازانیی ئەمڕۆدا، واتای ئەم دوو زاراوەیە بەتەواوی لێک جیا کراوەتەوە.

"ئۆپنهایم" بەم جۆرە پێناسەی کۆنفیدراڵی دەکات: "بریتییە لە یەکێتییەک کە لە ژمارەیەک دەوڵەتی خاوەن سەروەریی تەواو پێک  دێت، کە پێکەوە لە پەیوەندیدان بۆ پاراستنی سەربەخۆییی دەرەکی و ناوخۆیی لە ڕێگەی ڕێککەوتنێکی نێودەوڵەتیی دانپێدانراو؛ هەروا یەکێتیی کۆنفیدراڵیی خاوەن دەزگه‌ی تایبەت بە خۆیەتی، کە دەسەڵاتی تایبەتی بەسەر دەوڵەتانی ئەندامدا هەیە، بەڵام ئەم دەسەڵاتە بەسەر هاووڵاتیاندا مومارەسە ناکات." لە یاسازانیی عەرەبی، ئەم جۆرە لە یەکێتییە بە "الاتحاد التعاقدي أو الاستقلالي)، واتە یەکێتیی گرێبەستانە، یان سەربەخۆیانە ناو دەبردرێت؛ هەر بۆیە پاراستنی سەربەخۆیی و سەروەریی دەوڵەتانی ئەندام، بە خاڵێکی گرنگ و جەوهەری لەم سیستەمە دادەنرێت.

سەرەتای سەرهەڵدانی چەمکی کۆنفیدراڵی، بۆ ئەو یەکێتییە دەگەڕێتەوە کە هەرێمە سویسرییەکان لە کۆتاییی سەدەی سێزدەی زایینیدا دروستیان کرد. ئەوکات، ئەم هەرێمانە سەر بە ئیمپراتۆریی ڕۆمانی بوون و، سێ لەو هەرێمانە لە مانگی ئابی ١٢٩١ بەپێی ڕێککەوتنێک یەکیان گرت. پاڵنەری ئەم هەرێمانە بۆ یەکگرتن، هەڕەشەکانی ئیمپراتۆریی نەمسا و ڕۆمانی بوو. پاشان ژمارەی ئەم هەرێمانە زیادی کرد و، گەیشتە ١٣ کانتۆن و، توانییان سەربەخۆیی لە ئیمپراتۆریی ڕۆمانی وەربگرن. ئەمڕۆ هەرچەندە سویسرا خۆی بە کۆنفیدراسیۆنی سویسرا ناو دەبات، بەڵام لە ڕاستیدا سیستەمەکەی فیدراڵییە.

یەکێتیی کۆنفیدراڵی، یەکێکە لە شێوازەکانی هاوکاریی ڕێکخراو لە نێوان کۆمەڵێک دەوڵەت، کە خاوەن ڕەگوڕیشەی ژیاریی هاوبەشن. ئەمەیش بە ڕێککەوتنێک لە نێوان ئەو دەوڵەتانە دێتە ئاراوە، کە لە چوارچێوەی ئەنجومەنێکدا خۆی دەبینێتەوە. هەموو دەوڵەتانی بەشدار لە یەکێتیی کۆنفیدراڵی، لە ئەندامێتیی ناو دەزگه‌کانی کۆنفیدراڵدا یەکسانن. لەم جۆرە یەکێتییەدا، دەوڵەتانی ئەندام بە مەبەستی بەدیهنێنانی کۆمەڵێک ئامانج و بنەمای دیاریکراو یەک دەگرن، بەڵام سەروەریی ناوخۆیی و دەرەکیی خۆیان دەپارێزن. بەپێی ڕێککەوتنی کۆنفیدراڵی، دەزگه‌یەک لە وڵاتانی ئەندام پێک دێت، کە بە دەستەی هاوبەش، کۆنگرێس، کۆمەڵە یان ئەنجومەن ناو دەبردرێت.

ئەگەر چەند دەوڵەتێکی سەربەخۆ، بیانەوێت بە سەقامگیری بمێننەوە و بەرژەوەندییە ئابووری، سەربازی و سیاسییەکانیان باشتر بپارێزن، ئەوا پێویستیان بە کاری هاوبەش و بەردەوام هەیە لەگەڵ یەکتردا. هەر بۆیە، لە چوارچێوەی ڕێککەوتنێکی نیودەوڵەتیدا، واز لە بەشێک لە دەسەڵاتەکانی خۆیان دەهێنن بۆ ئەنجومەنێکی هاوبەش. ئەم ڕێککەوتنە، لە ڕاستیدا دەوڵەتێک نییە لە سەرووی دەوڵەتانەوە، بەڵکوو تەنیا ڕێککەوتنێکی ئاسایییە لە چوارچێوەیەکی دیاریکراودا، کە هەندێ دەسەڵات دەدات بەو ئەنجومەنەی کە لەسەری ڕێک کەوتوون. ئەم ئەنجومەنە، بە نوێنەرایەتیی دەوڵەتانی ئەندام ئەرکەکانی خۆی جێبه‌جێ ده‌كات و، سیاسەتی دەوڵەتانی ئەندام دادەڕێژێت.

مەرجەکانی بە دیهاتنی ئەم یەکێتییە بریتین لەمانەی خوارەوە:

١) بوونی چەند دەوڵەتێکی سەربەخۆ، کە وێڕای سەربەخۆیی و سەروەریی خۆیان، لە چەند بوارێکی سنوورداردا خوازیاری پەیوەندیی هاوبەشن.

٢) بوونی ڕێککەوتنێکی نیودەوڵەتی، کە لە لایەن هەموو دەوڵەتانی ئەندامەوە پەسند بکرێت و، هەموویان بە شێوەیەکی ئارەزوومەندانە ملکەچی بڕیارەکانی بن.

٣) بوونی دەزگه‌یەک بۆ بەڕێوەبردن و بڕیاردان، کە لە نوێنەرانی وڵاتانی ئەندام پێک دێت.

٤) کەسایەتیی نێودەوڵەتی و سەروەریی دەوڵەتانی ئەندام، لەناو کۆنفیدراسیۆندا ناتوێتەوە؛ دەوڵەتان واز لە بەشێکی زۆر کەمی سەروەریی خۆیان دەهێنن.

٥) هەر یەک لە وڵاتانی ئەندام، دەتوانن بەسانایی واز لە ڕێککەوتنی کۆنفیدراڵی بهێنن.

لە سیستەمی کۆنفیدراڵیدا، پەیوەندیی ڕاستەوخۆ لە نێوان ئەنجومەنی کۆنفیدراڵی و هاووڵاتیانی دەوڵەتانی ئەندامدا نییە، بەڵکوو ئەنجومەن تەنیا پەیوەندیی لەگەڵ دەوڵەتانی ئەندامدا هەیە. نوێنەرانی دەوڵەتان لە ئەنجومەنی کۆنفیدراڵی، لە لایەن خەڵکەوە هەڵنابژێردرێن، بەڵکوو لە لایەن دەوڵەتەکانیانەوە دادەنرێن؛ هەر بۆیە بە نوێنەری دەوڵەتەکانیان دادەنرێن و فەرمان و ڕێنمایی لەوانەوە وەردەگرن. مافی نوێنەرایەتیی دیپلۆماسی و کونسوڵیی هەر دەوڵەتێکی ئەندام پارێزراوە، هەروا مافی گرێدانی ڕێککەوتننامەی نێودەوڵەتییان هەیە، بە مەرجێک پێچەوانەی بەرژەوەندییەکانی دەوڵەتانی ئەندام نەبێت. بڕیارەکان بە تێکڕای دەنگ دەردەچن، ئەگەر بێت و خۆیان بەپێچەوانەی ئەمەوە ڕێک نەکەوتبن.

سەبارەت بە ئاییندەی سیستەمی کۆنفیدراڵی، دەتوانین ئاماژە بە سێ ئەگەر بکەین: یان وەک خۆی دەمێنێتەوە و بەردەوام دەبێ، یاخود بە جیابوونەوەی دەوڵەتانی ئەندام کۆتایی دێت، یان لەوانەیە ببێتە هۆی یەکگرتنی دەوڵەتانی ئەندام لە چوارچێوەی سیستەمێکی فیدراڵیدا. لە نموونەکانی یەکێتیی کۆنفیدراڵی، دەتوانین ئاماژە بەم نموونانە بکەین: یەکێتیی کۆنفیدراڵیی سویسری لە ساڵی ١٩٢١، کۆنفیدراڵیی ئەمەریکی کە لە سێزدە ویلایەت پێک دەهات لە نێوان ساڵانی ١٧٧٨-١٧٨٩، یەکێتیی جێرمانی لە ١٨١٥-١٨٨٦، کۆنفیدراڵی هاشمی لە نێوان عێراق و ئۆردن لە ساڵی ١٩٥٨، یەکێتیی کۆنفیدراڵی لە نێوان میسر و یەمەن لە ساڵی ١٩٥٨-١٩٦١، یەکێتیی ئەوروپا لە ١/١١/١٩٩٣ تاکوو ئێستا، یەکێتیی کۆنفیدراڵی لە نێوان سنیگال و گامبیا لە ساڵی ١٩٨١ کە هەتا ئێستا بەردەوامە، یەکێتیی کۆنفیدراڵی وڵاتانی خەلیج لە ٢٥/٥/١٩٨١ کە هەتا ئێستا بەردەوامە.

جیاوازییەکانی نێوان سیستەمی فیدراڵی و سیستەمی کۆنفیدراڵی

هەندێ کەس تێکەڵاوییەک لە نێوان چەمک و تایبەتمەندییەکانی هەر دوو سیستەمی فیدراڵی و کۆنفیدراڵیدا دروست دەکەن. لێرەدا، بە پێویستی دەزانین جیاوازییەکانی نێوان ئەم دوو زاراوەیە ڕوون بکەینەوە بەم جۆرەی خوارەوە:

١) لە ڕووی دروستبوون: یەکێتیی کۆنفیدراڵی لە ڕێگەی ڕێککەوتنێکی نێودەوڵەتییەوە لەدایک دەبێ، لە کاتێکدا دەوڵەتی فیدراڵی بە هۆی دەستوورەوە دروست دەبێ، یاخود بە ڕێککەوتن لەسەر داڕشتنی دەستوورێک دەبێت کە دابەشکردنی دەسەڵات و مافەکان لەخۆ دەگرێت.

٢) لە ڕووی دەسەڵات: دەسەڵاتدارانی کۆنفیدراڵی، ماف یان دەسەڵاتی ڕاستەوخۆیان بەسەر هاووڵاتیانی وڵاتانی ئەندامدا نییە و، مافی ئەوەیان نییە دەستێوەردان لە کاروباری ناوخۆیی، یان دەرەکیی وڵاتانی ئەندامدا بکەن، جگە لەوەی لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی کۆنفیدراڵیدا هاتووە. دەسەڵاتە فیدراڵییەکان، مافی دەستێوەردانیان هەیە لە کاروباری هەرێمەکان لەو سنوورەی کە دەستوور دیاریی کردووە.

٣) لە ڕووی سەروەری: لە یەکێتیی کۆنفیدراڵیدا دەوڵەتێکی نوێ دروست نابێ، بەڵکوو پەیوەندییەکی نوێ لە نێوان دەوڵەتاندا دروست دەبێ و، دەوڵەتانی ئەندام لە کۆنفیدراڵیدا سەروەریی ناوخۆیی و دەرەکیی خۆیان دەپارێزێن و کەسایەتیی یاساییی خۆیان هەیە؛ بەڵام لە یەکگرتنی فیدراڵیدا، دەوڵەتێکی نوێ دروست دەبێ. ئەگەر بێت و دروستبوونەکە لە ڕێگەی یەکگرتنی چەند دەوڵەتێکی سەربەخوۆە بێت، ئەوا ئەو دەوڵەتانە لە قازانجی دەوڵەتی فیدراڵی، واز لە سەروەریی خۆیان دەهێنن و یەک سەروەریی دەرەکییان هەیە.

٤) لە ڕووی ئامانج: دروستبوونی کۆنفیدراڵی بە ئامانجی ئابووری، سیاسی و سەربازی دروست دەبێ، بەڵام فیدراڵی سەرەڕای ئەو ئامانجانە، مەبەستی دیکەیشی هەن وەک: مسۆگەرکردنی مافە نەتەوەیی و فەرهەنگییەکان و هتد.

٥) لە ڕووی چاودێری و دادگەی باڵا: لە سیستەمە کۆنفیدراڵییەکاندا، دادگەیەکی باڵا نییە بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی سەر هەڵدەدەن، بەڵام لە سیستەمە فیدراڵییەکاندا دادگەیەکی دەستووری هەیە، کە ناکۆکیی نێوان دەوڵەتە فیدراڵییەکان و هەرێمەکان چارەسەر دەکات.

٦) لە ڕووی جیابوونەوە: لە سیستەمە کۆنفیدراڵییەکاندا، چونکە دەوڵەتەکان سەروەریی خۆیان هەیە، هەر بۆیە دەتوانن پابەند نەبن بە هەر بڕیارێک کە لەگەڵ دەستوورەکەیان، یان ڕێککەوتنی کۆنفیدراڵیدا نەگونجێ. هەروا مافی جیابوونەوەیان هەیە ئەگەر بێت و لە بەرژەوەندییان بێت و، گرنگ نییە کە لە ڕێککەوتننامەکەدا باس لە مافی جیابوونەوە کرابێت یان نەکرابێت. بەڵام لە سیستەمە فیدراڵییەکاندا هەرێمەکان مافی جیابوونەوەیان نییە، ئەگەر بێت و لە دەستووری فیدراڵیدا ئاماژەی پێ نەکرابێت.

٧) لە ڕووی ڕەگەزنامە: هاووڵاتیانی هەر دەوڵەتێکی ئەندام لە کۆنفیدراڵی، ڕەگەزنامەی وڵاتەکەی خۆیان دەپارێزن و لە لایەن دەوڵەتانی دیکەی ئەندام، بە بیانی لە قەڵەم دەدرێن. بەپێچەوانەوە لە سیستەمە فیدراڵییەکاندا، هەموو هاووڵاتیان یەک ڕەگەزنامەیان هەیە و، دانیشتووانی هەرێمێک لە هەرێمەکەی تر بە بیانی لە قەڵەم نادرێن.

٨) لە ڕووی چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان: ئەگەر ناکۆکی لە نێوان دەوڵەتانی ئەندامی یەکێتیی کۆنفیدراڵیدا سەر هەڵبدات، ئەوا لە ڕێگەی یاسا نێودەوڵەتییه‌كانه‌‌وه‌ چارەسەر دەکرێن. بەپێچەوانەوە، لە سیستەمه‌ فیدراڵییەکاندا ناکۆکییەکان لە ڕێگەی دەستوور و یاسا ناوخۆیییەکانەوە چارەسەر دەکرێن.

٩) لە ڕووی مامەڵەکردن لەگەڵ جەنگ: ئەگەر جەنگ لە نێوان وڵاتانی ئەندامی کۆنفیدراڵیدا ڕوو بدات، ئەوا بە جەنگی نێودەوڵەتی لە قەڵەم دەدرێت، چونکە دەوڵەتی سەربەخۆ و خاوەن سەروەرین. بەپێچەوانەوە، ئەگەر جەنگ لە دەوڵەتانی فیدراڵیدا ڕوو بدات، ئەوا بە جەنگی ناوخۆیی لە قەڵەم دەدرێت.

 ١٠) لە ڕووی هەموارکردنی ڕێککەوتننامە: هەموارکردنی ڕێککەوتننامەی کۆنفیدراڵی، یان وەرگرتنی ئەندامی نوێ، بە تێکڕای دەنگی دەوڵەتانی ئەندام دێتە دی؛ بەڵام لە سیستەمی فیدراڵی، هەموارکردنی بەڵگەنامەی یەکگرتن (دەستووری فیدراڵی) پێویستیی بە تێکڕای دەنگ نییە و، لە قورسترین حاڵەتدا بە ڕەزامەندیی سێ لەسەر چواری هەرێمەکان، دەستوور هەموار دەکرێتەوە.

مێژووی سیستەمی کۆنفیدراڵی لە عێراق

پاش دانانی پاشا فەیسەڵی یەکەم، وەک پاشای عێراق لە ٢٣/ئاب/ ١٩٢١ بەڕێوەبردنی ناوچە کوردنشینەکان، کە بە ویلایەتی مووسڵ دەناسرا، درایە نوێنەری باڵای بریتانیا. ئەمەیش لەگەڵ بەندی ١٦ لە گه‌ڵاڵه‌ی ماندێت (ئینتداب)ی بریتانی دەگونجا، کە بریتانیای سەرپشک کردبوو بە دامەزراندنی دەوڵەتێکی کوردیی سەربەخۆ لە ناوچە کوردنشینەکان، بەو جۆرەی کە بە شیاوی دەزانێ. فەرمانبەری سیاسیی بریتانیا لە ناوچە کوردییەکان، پێشنیاری ئەوەی کرد کە یەکێتییەکی کۆنفیدراڵی لە نێوان هەر دوو هەرێمی کوردی و عەرەبی دابمەزرێت، بەڵام نوێنەری باڵای بریتانیا لە بەغدا ئەمەی ڕەت کردەوە و لە لای خۆیەوە هەندێ پرۆژەی فیدراڵی و نیمچەفیدراڵیی بۆ ڕێکخستنی پەیوەندیی نێوان هەرێمی کوردی و عێراق پێشکەش کرد. پاشان بریتانیا، هەڵوێستی بەتەواویی گۆڕا و وازی لە بیرۆکەی کیانی کوردی هێنا و، بە شێوەیەکی زۆرەملێ ناوچە کوردییەکانی بە دەوڵەتی عێراقەوە لکاند. سەرەنجام لە کۆتاییی ساڵی ١٩٢٥، کۆمەڵەی گەلان ڕەزامەندیی دەربڕی بە لکاندنی ویلایەتی مووسڵ بە عێراق و، داوای لە حکوومەتی بریتانی کرد ڕێوشوێنی کارگێڕی بۆ مسۆگەرکردنی مافەکانی کورد ئەنجام بدات. بریتانیا و عێراق، ئەو مەرجانەیان پشتگوێ خست کە بۆ مسۆگەرکردنی مافەکانی گەلی کورد درابوون. سەرەنجام لەژێر گوشاری نێودەوڵەتی، لە ٢٣/ئایار/١٩٣١ یاسای زمانە ناوچەیییەکان لە عێراق دەرچوو، بۆ گەرەنتیکردنی سەربەخۆییی عێراق و بەئەندامبوونی لە کۆمەڵەی گەلاندا.

بۆچی سیستەمی کۆنفیدراڵی؟ 

ئەگەر سەرنجی ئەو سیناریۆیانە بدەین کە پاش جەنگی جیهانیی یەکەم سەبارەت بە کوردستانی باشوور هاتوونەتە ئاراوە، ئەوا بۆمان دەردەکەوێت کۆمەڵێک هەوراز و نشێویان بەخۆیانەوە بینیوە، کە بریتین لە: سەربەخۆیی، کۆنفیدراڵی، فیدراڵی، ئۆتۆنۆمی و فیدراڵی. ئێستایش پاش شکستهێنانی فیدراڵیزم و نائومێدبوون لە حکوومەتی عێراق، وا دیسان خەڵکی کوردستان هەنگاو بەرەو ڕیفراندۆم و مافی بڕیاردانی چاره‌نووس و سەربەخۆیی دەنێن. هەر بۆیە لە کاتی سەرکەوتنی ڕیفراندۆم و بڕیاردانی سەربەخۆیی، ئەوا دەکرێ پاش ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی، جۆرێک لە سیستەمی کۆنفیدراڵی لەگەڵ دەوڵەتی عێراقدا دروست بکرێت.

بەو پێیەی ئەو دەوڵەتەی کە ئەمڕۆ بە عێراق ناو نراوە، هەر لە سەردەمی عوسمانییەوە بۆ سەر سێ ویلایەتی مووسڵ، بەغدا و بەسرە دابەش کرابوو، هەر بۆیە جۆرێک لە دابەشبوونی ناسنامه‌ هەر لە کۆنەوە هەبووە و، مێژووی دەوڵەتی نوێی عێراقیش بە هیچ شێوەیەک نەیتوانی ناسنامه‌یه‌كی نوێی عێراقی بخوڵقێنێ. چونکە ناسنامه‌کان بەئاسانی لەناو ناچن و پاراستنی ئەم ناسنامانه‌، هەموو کات خواستێکی گشتگیری جەماوەری بووە، هەر بۆیە بەردەوامبوونی ئەم ململانێێەی کە ئێستا لە ئارادایە، جگە لە جەنگ، کاوڵکاری و نیگەرانی، ناتوانێ شتێکی تر بەدی بهێنێ.

 لە پێناو چارەسەرکردنی ئەم دۆخە، وا باشترە عێراق بۆ سەر سێ، یان چوار دەوڵەتی سەربەخۆ دابەش ببێت و، ئینجا ئەو دەوڵەتانە ئەگەر ئارەزوویان لێبوو، دەتوانن بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە سیاسی، ئابووری و بەرگرییەکانی خۆیان لە چوارچێوەی ڕێککەوتنێکی کۆنفیدراڵیدا یەک بگرن. بەم جۆرە، باشتر دەتوانن ڕووبەڕووی ئەو مەترسییانە ببنەوە کە هەڕەشەیان لێ دەکات. هەروا لەوانەیە دەسەڵاتدارانی ئەمڕۆی عێراق، لە بەرامبەر پرۆژەی کۆنفیدراڵیدا نەرمیی زیاتر بنوێنن بۆ سەربەخۆییی کوردستان بە شێوازێکی ئاشتیانە، چونکە لەم حاڵەته‌دا بەتەواوی دەستیان لێک بەرنابێت و، دەتوانن زیاتر قازانج بە یەکتر بگەیەنن و بەرژەوەندییەکان بپارێزن.

شکستی ئەزموونی فیدراڵی لە عێراق، بووەتە سەرچاوەی ململانێیەکی تائیفی-نەتەوەیی لە نێوان هەموو پێکهاتەکانی عێراقدا، کە هەر یەکەیان بە دوای ناسنامه‌ی جیاوازی خۆیاندا دەگەڕێن. ئەو ناسنامه‌ تائیفی-نەتەوەیییەی کە ئێستا لە عێراقدا دروست بووە، وا ڕەگی داکوتاوە، ئەستەمە جارێکی تر بۆ دۆخی جارانی خۆی بگەڕێتەوە. ئەم ململانێیە لە پەرەسەندنی بەردەوامدایە و، لە ڕێگەی جەنگ و سەرکوتکاری و توندوتیژییەوە چارەسەر ناکرێت. هەروا ئەو نموونەیەی هەرێمی کوردستان کە ئێستا لە ئارادایە، لە ڕاستیدا فروانترە لە فیدراڵی، بەڵام نەگەیشتووەتە ئاستی کۆنفیدراڵیش، بەڵکوو لەو نێوانەدا بەهەڵواسراوی ماوەتەوە. هەر بۆیە، ئەستەمە کوردستان جارێکی تر بۆ پێش ئەم دۆخەی ئێستا بگەڕێتەوە. هەر هەوڵێک بۆ گەڕاندنەوەی ئەم دۆخە بۆ ڕابردوو، جەنگێکی درێژخایەن و ماڵوێرانکەری لێ دەکەوێتەوە، کە ئەمەیش لە قازانجی هیچ کام لە لایەنەکاندا نییە. 

لەمەیش بترازێ، واقعی هەڵسوکەوتی دەوڵەتانی جیهان وەک ئەمریکا و یەکێتیی ئەوروپا و...، لەگەڵ هەرێمی کوردستان، ئەو ڕاستییە پیشان دەدەن کە ئەم مامەڵەیە دۆخی فیدراڵیی تێ پەراندووە و لە ئاستی دەوڵەتی سەربەخۆدایە. چەسپاندنی سیستەمێکی کۆنفیدراڵی لەو دۆخەی ئێستا، بەپێی هێڵە نەتەوەیی-تائیفییەکان، زیاتر یارمەتیدەرە بۆ سەقامگیربوونی ئاشتی لە ناوچەکەدا، کە دواجار قازانجی هەمووانی لێ دەکەوێتەوە.

کۆتایی

لەم وتارەدا، کورتەباسێکمان سەبارەت بە مێژوو، چەمک و واتای کۆنفیدراڵی خستە ڕوو. پاشان جیاوازییەکانی نێوان کۆنفیدراڵی و فیدراڵیمان ڕوون کردەوە، بۆ ئەوەی ئەو تەمە بڕەوێنینەوە کە دەربارەی تێکەڵکردنی ئەم چەمکانە لەناو خەڵک و تەنانەت گرووپی دەستەبژێریش لە ئارادان. هەر وا بۆ ئەوەی لەم بوارەدا ڕۆشنبیریی یاسایی و سیاسیی زیاتر بڵاو ببێتەوە بۆ بەرچاوڕوونیی خەڵک و گرووپی دەستەبژێر.

سیستەمی کۆنفیدراڵی، دەکرێ وەک هەلێک بۆ سەربەخۆییی کوردستان سەیر بکرێ، چونکە لەوانەیە دەسەڵاتدارانی ئەمڕۆی عێراق، لەم بارەیەوە نەرمیی زیاتر بنوێنن. دەکرێ ئەمە وەک پلانی (B)ی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەیر بکرێ و کاری بۆ بکرێ، ئەگەر هات و پلانی (A)، کە سەربەخۆیییە بەدەر لە کۆتوبەندی کۆنفیدراڵی، سەری نەگرت.

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples