کێشەی کەڵکوەرگرتن لە ڕێڕەوە ئاوییە نێودەوڵەتییەکان: زێی بچووک وەک نموونە

 پێشەکی

بە هۆی سنوورداربوونی سەرچاوەکانی ئاوی شیرین و هەڵکشانی بەکارهێنانی ئاو، ململانێ لە نێوان دەوڵەتان لەم بوارەدا سەری هەڵداوە. ئەمڕۆ، ئەو دەوڵەتانەی کە لە ڕووی سەرچاوەکانی ئاوەوە دەوڵەمەندترن، لە ڕووی هیدرۆپۆلیتیکی و جیۆپۆلیتیکییەوە کاریگەرییان زیاترە.

 لە 26/6/2017، بە کردنەوەی بەنداوی سەردەشت لەسەر زێی بچووک و، گرتنەوەی ئاوەکەی لە لایەن ئێرانەوە، جارێکی تر کێشەی ڕێڕەوە ئاوییە نێودەوڵەتییەکان، بووە باس و بابەتی دەزگه‌کانی ڕاگەیاندن و کۆڕ و کۆمەڵە جەماوەرییەکان. ئەم ڕووداوە، پەردە لەسەر ڕاستییەکی تاڵ هەڵدەدات، ئەویش بێچارەسەرمانەوەی کێشەی ڕێڕەوە ئاوییە نێودەوڵەتییەکانە لە نێوان وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. ئەم وڵاتانە، بەبێ گوێدانە یاسا و ڕێسا نێودەوڵەتییەکان، هەڵسوکەوت لەگەڵ ئەم بابەتەدا دەکەن و، وەک بابەتێکی تەواو ناوخۆیی لێی دەڕوانن. گرفتەکە تەنیا لە ڕووباری زێی بچووکدا نییە، بەڵکوو عێراق و هەرێمی کوردستان زۆربەی سەرچاوەی ڕووبارەکانیان لە دەرەوەی سنوورە نیودەوڵەتییەکاندایە، وەک: دیجلە، سیروان، زێی گەورە و بچووک و هتد.

گرنگیی ڕوو لە زیادبووی ئاو لە بواری جیۆپۆلیتیکی، بووەتە هۆی ئەوەی کە سەرچاوە ئاوییەکان وەک فاکتەرێکی جیۆپۆلیتیکی، هەموو کات سەرچاوەی ناکۆکی و ململانێ بن لە نێوان ئێران و عێراقدا. لە ئەگەری چارەسەرنەبوونی ئەم کێشەیە، ئەم ڕێڕەوە ئاوییانە وەک بۆمبایەکی کاتژمێری وان، کە لایەنی بەرامبەر هەر کاتێک بیەوێت و بەرژەوەندییەکانی بخوازێ، بە ڕووی لایەنەکەی تردا دەیتەقێنێتەوە. ئەمڕۆ لە وڵاتانی پێشکەوتوودا، گرفتی ئەم ڕێڕەوانە بە شێوەیەکی یاسایی و بە دوور لە سیاسەت چارەسەر کراون و، بە شێوەیەکی هاوبەش و لە چوارچێوەی کۆمیسیۆنە هاوبەشەکاندا بەڕێوە دەچن.

بۆ ڕوونکردنەوەی زیاتری ئەم بابەتە، لەم وتارەدا تیشک دەخەینە سەر دۆخی جوگرافیی ڕووباری زێی بچووک و، واتا و پێناسەی ڕێڕەوی ئاویی نێودەوڵەتی و، پاشان باس لە تیۆرییە یاسازانییەکان دەکەین بۆ کەڵکوەرگرتن لەم ڕێڕەوانە و، لەسەر ڕێڕەوی ئاویی زێی بچووک پراکتیزەی دەکەین.

دۆخی جوگرافیی ڕووباری زێی بچووک

ئەم ڕووبارە، لە بەرزایییەکانی سیاکێو لە باکووری ڕۆژاوای پیرانشارەوە هەڵدەقووڵێ و، سەرەتا بە لاوێن چای ناو دەبرێت، ئه‌وجا لە ١٠ کیلۆمەتریی ڕۆژهەڵاتی پیرانشار لەگەڵ ئاواجارچای یەک دەگرن و، لێرە بەدواوە بە زێی بچووک ناو دەبرێت. بە درێژاییی 65 کیلۆمەتر بەرەو باشووری ڕۆژهەڵات دەڕوات و پاشان لە ١٥ کیلۆمەتریی باشووری ڕۆژهەڵاتی سەردەشت بە ئاراستەی ڕۆژاوا و باشووری ڕۆژاوا لە جووڵەدایە. چەمەکانی ڕەزگە و شەڵماش و چۆمان و ماوەتی تێ دەڕژین و، لەناوچەی ئاڵان بە درێژاییی 65 کیلۆمەتر سنووری نێوان ئێران و عێراق پێک دەهێنێ. لە ڕۆژهەڵاتی قەڵادزێ دێتە ناو خاکی کوردستانی باشوور و، بە چەم تیت ناو دەبردرێت. پاش بەیەکگەیشتنی لەگەڵ چۆمی ڕانییە بە ئاراستەی باشوور دەڕوات و دەڕژێتە ناو بەنداوی دووکان. پاشان بە ئاراستەی باشووری ڕۆژاوا، دەچێتە ناو دەشتی کەرکووک و بە شارۆچکەکانی تەقتەق و پردێ و دوبزدا تێپەڕ دەبێ و، لە 35 کم باشووری شەرقات دەڕژێتە ناو ڕووباری دیجلە.

درێژیی ئەم ڕووبارە 452 کیلۆمەترە و حەوزی ڕێژگەکەی 21475 کیلۆمەتری چوارگۆشەیە، کە 15975 کم چوارگۆشەی دەکەوێتە ناو خاکی عێراق و، پاشماوەکەی دەکەوێتە ناو خاکی ئێران. لە سەرچاوە بزمارییەکان بە "زابو- شبانۆ"  و لە سەرچاوە ئارامییەکان بە "دیاب" ناو براوە. حەمدوڵڵا مستەوفی، لە کتێبی "نزهة القلوب" لە ساڵی 740ی کۆچی بە هۆی خێراییی ئاوەکەی، بە "زێی شێت" ناوی دەبات. داهاتی ئاوی ساڵانەی زێی بچووک 7.17 ملیار مەتری سێجایە، کە لە کاتی ئێستادا بە بڕی 28% لەناو ئێران کەڵکی لێ وەردەگیرێت و 72% بۆ ناو خاکی عێراق دەچێت. بە جێبەجێبوونی پڕۆژەکانی ئێران لەسەر زێی بچووک، 64% ئاوی ئەم ڕووبارە لە ئێران کەڵکی لێ وەدەگیرێت و، 36% دەڕژێتە ناو خاکی عێراق. ئەم ڕووبارە 15.30% کۆی داهاتی ئاویی ڕووباری دیجلە دابین دەکات.

 پڕۆژەکانی سەر زێی بچووک

لە هەر دوو وڵاتی ئێران و عێراق چەندین پڕۆژەی وەک بەنداو و پڕۆژەی ئاودێری لەسەر زێی بچووک دروست کراون، کە لە خوارەوە ئاماژەیان پێ دەکەین:

ئا) پڕۆژەکانی ئێران: بە سەرنجدان بەوەی کە زێی بچووک ڕووبارێکی پڕئاوی ئێرانە، هەر بۆیە لە کۆنەوە جێی سەرنج بووە. بۆ یەکەم جار لە ساڵی 1963 توێژینەوە بۆ دروستکردنی بەنداو لەسەر ئەم ڕووبارە ئەنجام دراوە، بەڵام لە ساڵی 2006 ئەم پرۆژانە چوونەتە بواری جێبەجێکردنەوە. پڕۆژەکانی ئێران لەسەر ئەم ڕووبارە بریتین لە:

١) بەنداوی پیران: ئەم بەنداوە کە لەسەر یەکێک لە لقەکانی زێی بچووک لێ دراوە، دەبێتە هۆی تێراوکردنی دەشتی پیرانشار بە پانتاییی 5/26935 هێکتار و گواستنەوەی ئاوی زیادە بە بڕی 547 ملیۆن مەتری سێجا بۆ گودارچای لە حەوزەی گۆمی ورمێ.

٢) پڕۆژەی بەنداو و ئاوکۆکەرەوەی گرژاڵ: لەسەر زێی بچووک دەبەسترێ، توانای کۆکردنەوەی ١،٠٨٠ ملیار م3 ئاوی هەیە، لەگەڵ بەرهەمهێنانی کارەبا، ساڵانە بە بڕی 40 میگاوات لە کاتژمێرێکدا.

٣) پڕۆژەی بەنداو و کۆکەرەوەی بریسۆ: توانای کۆکردنەوەی (1.18) ملیار م3 ئاوی هەیە، لەگەڵ بەرهەمهێنانی کارەبا، ساڵانە بە بڕی 70 میگاوات لە کاتژمێرێکدا.

٤) گواستنەوەی ئاوی زێی بچووک بۆ گۆمی ورمێ: ئەم پڕۆژەیە لەسەر ڕووباری زێی بچووک و لقەکانی سەرەوەی، بە مەبەستی ڕزگارکردنی گۆمی ورمێ لە وشکبوون ئەنجام دەدەرێ. ئەم پڕۆژەیە لە بەردەم توێژینەوە و جێبەجێکردندایە. بەپێی ئامارەکان، توانای سەرچاوە ئاوییەکانی ئەم پڕۆژەیە بە 870 ملیۆن مەتری سێجا دەخەمڵێندرێت. ئەم پڕۆژەیە لە چوارچێوەی سیستەمی کۆکردنەوە و تونێلەکانی گواستنەوەی ئاودا ئەنجام دەدرێت.

٥) بەنداوی سەردەشت: ئەم بەنداوە دەکەوێتە 15 كیلۆمه‌تریی باشووری ڕۆژهەڵاتی سەردەشت لەسەر زێی بچووک. درێژایییەکەی 280 مەترە، بەرزیییەکەی 112 مەتر و پانییەکەی 12 مەترە. توانای کۆکردنەوەی 650 ملیۆن مەتر سێجا ئاو و، 442 گیگاوات کارەبای هەیە لە کاتژمێرێکدا. لە ساڵی 2009، دەست بە دروستکردنی کراوە و لە ساڵی 2017 تەواو بووە. ئەم پڕۆژەیە، بە گرنگترین پڕۆژەی ئێران لەسەر زێی بچووک دادەنرێت. ئامانجەکانی بریتین لە: دابینکردنی ئاوی خواردنەوەی سەردەشت، بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی کارەبا و ئاودێریکردنی 78000 هێکتار لە زەوییەکانی ناوچەی سەردەشت.

ب) پرۆژه‌کانی عێراق: دەوڵەتی عێراقیش، هەر لە کۆنەوە هەوڵی ئەوەی داوە کەڵک لە ئاوی زێی بچووک وەربگرێت؛ هەر بۆیە چەندین پڕۆژەی لەسەر ئاوی ئەم ڕووبارە ئەنجام داوە کە بریتین لەمانەی خوارەوە:

١) بەنداوی دووکان: یەکەمین بەنداوە کە لە ساڵی 1959 لە عێراق دروست کراوە. لەناوچەی دووکان، بە دووریی 60 کم لە ڕۆژاوای شاری سلێمانی هەڵکەوتووە. درێژاییی بەنداوەکە 160 مەترە و پانییەکەی 116 مەتر و بەرزییەکەی 116.5 مەترە و، توانای کۆکردنەوەی 6.8 ملیار مەتر سێجا ئاوی هەیە. ئامانجی بەنداوەکە، کەمکردنەوەی لافاوەکانی دیجلەیە لەناوەڕاست و باشووری عێراق، هەروا ئاودێریکردنی ناوچەی ڕۆژاوای کەرکووک، کە پانتایییەکەی دەگاتە 1.3 ملیۆن دۆنم، جگە لە بەرهەمهێنانی کارەبا، ساڵانە بە بڕی 200000 کیلۆوات لە کاتژمێرێکدا.

٢) بەنداوی دوبز: لە ساڵی 1965 لەسەر زێی بچووک دروست کراوە بۆ دابینکردنی ئاوی پڕۆژەی ئاودێریی کەرکووک. درێژاییی بەنداوەکە 650 مەترە و، بەرزییەکەی 22٢٢ مەتر و پانییەکەی لە سەرەوە 8 مەتر و، لە خوارەوە 140 مەترە. بە دووریی 8 کم لە باشووری شاری پردێ هەڵکەوتووە و، توانای کۆکردنەوەی 8 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی هەیە، بە مەبەستی گواستنەوەی بۆ پڕۆژەی ئاودێریی کەرکووک. توانای ئاودێریکردنی 75000 هێکتار زەویی هەیە.

٣) پڕۆژەی ئاودێریی کەرکووک: ئەم پڕۆژەیە لە نێوان شاری کەرکووک لە ڕۆژهەڵات و زنجیرە چیای حەمرین لە ڕۆژاوا و، زێی بچووک لە باکوور و ڕووباری سیروان لە باشوور هەڵکەوتووە و، بە ئاوی زێی بچووک تێراو دەکرێ. توانای ئاودێریکردنی 1448000 دۆنم زەویی هەیە.

٤) پڕۆژەی ئاودێریی حەویجە: لەو پڕۆژە گرنگانەیە، کە لەسەر زێی بچووک دروست کراوە و، بە درێژاییی 28 کم و 250000 دۆنم زەوی ئاودێری دەکات.

واتا و پێناسەی ڕێڕەوی ئاویی نێودەوڵەتی

یاسای نێودەوڵەتیی تایبەت بە ڕووبارە نێودەوڵەتییەکان، وەک هەر زانستێکی تر بە درێژاییی مێژوو، گەشەکردنی بەخۆیەوە بینیوە. سەرەتا بۆ پێناسەکردنی ڕووبارە نێودەوڵەتییەکان، زاراوەی حەوزی ڕێکردنی نێودەوڵەتی (حوض الصرف الدولي) بەکار دەهات، بەڵام ئەم چەمکە نەیتوانی وەڵامدەرەوەی پێشکەوتنەکان بێت؛ هەر بۆیە یاسازانان چەمکی ڕێڕەوە ئاوییە نێودەوڵەتییەکان (المجری المائي الدولي)یان داهێنا. پاش هەوڵێکی زۆری کۆمیتەی یاسای نێودەوڵەتی (ILC)، سەرەنجام لە ڕێککەوتننامەی بەکارهێنانی ڕێڕەوە ئاوییە نێودەوڵەتییەکان بۆ مەبەستی ناکەشتیڕانی ساڵی ١٩٩٧ لە بەندی ٢/ئا، بەم جۆرە پێناسەی ڕێڕەوی ئاوی کراوە: "بریتییە لە تۆڕی ئاوە سەرزوەی و ژێرزەوییەکان، کە بە حوکمی پەیوەندیی سروشتییان لەگەڵ یەکتر یەکەکەیەکی تەواو پێک دەهێنن و بە شێوەیەکی ئاسایی بەرەو خاڵێکی بەیەکگەیشتنی هاوبەش هەڵدەقووڵێن." هەروا بەپێی بەندی ٢/ب مەبەست لە ڕێڕەوی ئاویی نێودەوڵەتی، هەر ڕێڕەوێکی ئاوییە کە بەشەکانی دەکەوێتە ناو دەوڵەتانی جیاوازەوە. بەم پێیە، ئەو تۆڕە ئاوە سەرزەوی، یان ژێرزەوییانەی کە ڕێڕەوی ئاویی زێی بچووک تێراو دەکەن و لەناو خاکی هەر دوو دەوڵەتی عێراق و ئێراندان، بە حوکمی پەیوەندیی سروشتییان لەگەڵ یەکتر، هەموویان بەرەو خاڵێکی هاوبەش هەڵدەقووڵێن و دەڕژێنە ناو زێی بچووک. بەو پێیەی بەشەکانی ئەم ڕێڕەو ئاوییە دەکەونە ناو خاکی دوو دەوڵەت، ئەوا ئەم ڕێڕەوە بە ڕێڕەوێکی ئاویی نێودەوڵەتی لە قەڵەم دەدرێت. هەر بۆیە هەموو یاسا و ڕێساکانی تایبەت بە ڕێڕەوە ئاوییە نێودەوڵەتییەکان لە سەری دەچەسپێت.

تیۆرییە یاسایییەکانی کەڵکوەرگرتن لە ڕێڕەوە ئاوییە نێودەوڵەتییەکان

لە یاسای نێودەوڵەتیی تایبەت بە ڕێڕەوە ئاوییە نێودەوڵەتییەکان، چەندین تیۆری بۆ کەڵکوەرگرتن لەم ڕێڕەوانە هاتوونەتە ئاراوە، کە لە خوارەوە ئاماژەیان پێ دەکەین:

١) تیۆریی سەروەریی هەرێمایەتیی ڕەها: ئەم تیۆرییە دەستی دەوڵەت بەکراوەیی دەهێڵێتەوە بۆ بەکارهێنانی ئەو ئاوەی بە ناو هەرێمەکەیدا تێپەڕ دەبێت و، ئەو بەشەی ڕووباری نێودەوڵەتی، کە بە ناو هەرێمەکەیدا تێپەڕ دەبێ، بە ڕووبارێکی ناوخۆیی لە قەڵەم دەدات. بۆیە بە شێوەیەکی تەواو، مافی سەروەریی ڕەهای خۆی بەسەر ئەو بەشەی ئاوی ڕووباردا بەکار دەهێنێ. تەنانەت لایەنگرانی ئەم تیۆرییە، باس لەوە دەکەن کە دەوڵەتی سەرووڕووبار، دەتوانێ ڕێڕەوی سروشتیی ڕووبار بگۆڕێت، بەبێ ئەوەی زیانەکانی ئەم کارە لەبەرچاو بگرێت.

ڕەگوڕیشەی ئەم تیۆرییە، دەگەڕێتەوە بۆ چەمکی مافی موڵکایەتی لە یاسای ڕۆمانی. ئەم تیۆرییە، لە بۆچوونەکانی داواکاری گشتیی ئەمریکی "جادسون هارمون" لە ساڵی 1895 وەرگیراوە؛ هەر بۆیە بە تیۆریی هارمون بەناوبانگە. ئەم تیۆرییە، بە هۆی ئەوەی کە پێچەوانەی بنەماکای دادپەروەری و ئینسافە، هەر بۆیە بە تیۆرییەکی بەسەرچوو لە قەڵەم دەدرێ و ڕەخنەی لێ دەگیرێت. ئەم تیۆرییە، لەگەڵ پێشکەوتنە نوێیەکانی پەیوەندیی نێودەوڵەتی و چەمکی سەروەریی سنوورداردا ناگونجی و، چارەسەری کێشەی ڕێڕەوە ئاوییە نێودەوڵەتییەکان ناکات. ئێران و تورکیا وەک وڵاتانی سەرووڕووبار پشتگیری لەم تیۆرییە دەکەن، بەڵام وڵاتانی خوارووی ڕێڕەو، ئەم تیۆرییە بە نادادپەروەرانە دەزانن.

٢) تیۆریی یەکێتیی هەرێمایەتیی ڕەها: ئەم تیۆرییە، حەوزی ڕووبار هەر لە سەرچاوەوە هەتا ڕێژگە، بە یەکەیەکی تەواوکەر دادەنێت، کە سنوورە سیاسییەکانی نێوان دەوڵەتان دابەشی ناکات. بەپێی ئەم تیۆرییە، دەوڵەتانی سەرووی ڕووبار ناتوانن بە شێوەیەکی وەها ڕێڕەوی ئاوی بەکار بهێنن، کە زیان بە ماف و بەرژەوەندیی دەوڵەتانی خوارووی ڕێڕەو بگەیەنن. بناغەی ئەم تیۆرییە، بۆ بنەمای تەواوکەریی هەرێمی (التکامل الاقلیمي) دەگەڕێتەوە، کە بەم پێیە هەر جۆرە دەستدرێژییەک بۆ سەر مافەکانی دەوڵەت لە هەموو بەشێکی هەرێمەکەیدا قەدەغەیە. ئەم تیۆرییە، پتر لە قازانجی دەوڵەتانی ناوەڕاست و خوارووی ڕووباردایە. ڕەخنەی ئەوەی لێ گیراوە، کە جۆرێک لە چەقبەستوویی دروست دەکات و، هەر جۆرە هەوڵێکی دەوڵەتانی سەرچاوە بۆ کەڵکوەرگرتن لە سەرچاوە ئاوییەکان، دەبەستێتەوە بە ڕەزامەندیی دەوڵەتانی خوارووی ڕێڕەوی ئاوی.

٣) تیۆریی سەروەریی هەرێمایەتیی سنووردار: ئەم تیۆرییە دان بە مافی دەوڵەتانی ڕێڕەوی ئاوی دەنێت، بۆ بەکارهێنانی ئەو بەشەی کە ملکەچە بۆ سەروەرییان؛ بەو مەرجەی زیان بە مافی دەوڵەتانی دیکەی هاوکەنار نەگەیەنن. ئەم تیۆرییە، هەرچەندە دان بە مافی ڕەوای هەر یەک لەو دەوڵەتانەدا دەنێ، کە ڕێڕەوەکە بە ناوی خاکەکەیاندا تێپەڕ دەبێ، بەڵام لە هەمان کاتدا کۆتوبەند لەسەر ئەم مافە دادەنێ و، تا ئەو جێگه‌یە ڕێی پێ دەدات کە زیان بە مافی دەوڵەتانی دیکەی هاوکەنار نەگەیەنێت.

ئەم تیۆرییە، سەرەتا پێشوازییەکی باشی لێ کرا، بەڵام لە ڕەخنە بەدەر نەبووە. ئەو کۆتوبەندانەی ئەم تیۆرییە دای ناوە، تەنیا بە شێوازێکی خۆبەخشانە بەدی دێت. هەروا چارەسەری بۆ ئەو کێشە و گرفتانەی کە دێنە پێشەوە دانەناوە. جگە لەمەیش، ئاماژەی بە پێویستیی بەڕێوەبردنی هاوبەش و هاوکاریی نێوان دەوڵەتانی هاوکەنار نەکردووە.

٤) تیۆریی موڵکایەتیی هاوبەش: ئەم تیۆرییە جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە، کە ڕێڕەوی ئاویی نێودەوڵەتی، هەر لە سەرچاوەوە هەتا ڕێژگە، موڵکی هەموو دەوڵەتانی ڕێڕەوە؛ هەر بۆیە مافی یەکسان و تەواوکەریان هەیە و، هیچ کام لەو دەوڵەتانە ناتوانن بە تەنیا و بەبێ ڕەزامەندیی ئەوانی تر پڕۆژەی لەسەر بنیات بنێن. هەروا وەبەرهێنانی ئاوی ئەم ڕووبارانە، دەبێ بە شێوەی هاوبەش و لەسەر بنەمای ڕاوێژی هاوبەش بێت. ئەم تیۆرییە، لە لایەن زۆربەی یاسازانانەوە پێشوازیی لێ نەکرا، چونکە یەک هەرێم ناتوانێ لە یەک کاتدا ملکەچ بێ بۆ سەروەریی زیاتر لە دەوڵەتێک، هەروا هەر یەک لە دەوڵەتان مافی ڤیتۆیان هەیە لەسەر پڕۆژەکانی گەشەکردنی دەوڵەتانی هاوکەنار.

٥) تیۆریی قازانجە هاوتەریبەکان: ئەم تیۆرییە، کە بە تیۆریی کەڵکوەرگرتنی دادگەرانە ناسراوە، پشت بە بنەماکانی داد و ئینساف دەبەستێ، وەک ڕێسایەکی یاسایی بۆ دیاریکردنی پشکی دەوڵەتە هاوبەشەکان. بەپێی ئەم تیۆرییە، هەموو ڕێڕەوی ئاویی نێودەوڵەتی، لە نێوان دەوڵەتانی ڕێڕەودا هاوبەشە و، هیچ دەوڵەتێک ناتوانێ بە تەنیا دەست بەسەر ڕێڕەودا بگرێت. هەر یەک لەو دەوڵەتانە، بەپێی پێویستی و بارودۆخی پەیوەست بە ڕێڕەوی ئاوی، مافیان لە دابەشکردنی قازانجەکانی ڕێڕەوی ئاویدا هەیە. هیچ دەوڵەتێک بۆی نییە پێش بە ئاوی ڕێڕەو بگرێ، یان بیگوازێتەوە، یان نەهێڵێ بچێتە ناو خاکی دەوڵەتانی ترەوە. هەروا بەپێی یاسای نێودەوڵەتی، هەر دەوڵەتێک بەرپرسیارێتیی دەکەوێتە ئەستۆ، ئەگەر لە ئەنجامی بەکارهێنانی ڕێڕەوی ئاوی، زیان بە دەوڵەتانی دیکەی هاوکەنار بگەیەنێت.

پاش خستنەڕووی تیۆرییەکانی پەیوەست بە ڕێڕەوە ئاوییە نێودەوڵەتییەکان، بۆمان دەردەکەوێت كه‌ جگە لە تیۆریی سەروەریی هەرێمایەتیی ڕەها، کە دان بە مافی دەوڵەتانی تردا نانێت بۆ بەکارهێنانی دادپەروەرانەی ئاوی ئەو ڕێڕەوانە، ئەوا تیۆرییەکانی تر لەسەر بنەمای جۆرێک لە هاوکاری لە نێوان وڵاتانی هاوکەناردا دامەزراون. بۆیە، جگە لە تیۆریی یەکەم، ئەوا تیۆرییەکانی تر لە لایەن یاسازانان و کۆڕ و کۆمەڵە نێودەوڵەتییەکانەوە گرنگییان پێ دراوە. بەڵام پێمان وایە کە تیۆریی قازانجە هاوتەریبەکان، لەوانی دیکە باشتر و گونجاوترە.

سیاسەتی ئاویی ئێران سەبارەت بە زێی بچووک

سیاسەتی ئاویی ئێران دەربارەی زێی بچووک، پێچەوانەی بەندی ٢/ج لە ڕێککەوتنی بەکارهێنانی ڕێرەوە ئاوییە سنوورییەکانە، کە لە 26/12/1975 لە نێوان عێراق و ئێراندا واژوو کراوە. بەپێی ئەم بەندە، ئەو ڕووبارانەی کە ناوەکانیان لە ڕێککەوتنەکەدا نەهاتووە، بەیەکسان سوودیان لێ وەردەگیرێت و، ئەم بەندە ڕووباری زێی بچووک دەگرێتەوە. جگە لەمەیش، ئەم هەڵسوکەوتانە پێچەوانەی ئەو بنەمایانەیە کە لە ڕێککەوتننامەی بەکارهێنانی ڕێڕەوە ئاوییە نێودەوڵەتییەکانی ساڵی 1997 چەسپاون وەک: کەڵکوەرگرتن و بەشداریی دادگەرانە و گونجاو، پابەندبوون بە نەگەیاندنی زیانی بایەخدار (واتە ئەو زیانەی کە جێی بایەخ و گرنگیپێدان بێت)، پابەندبوون بە هاوکاری و ئاڵوگۆڕی زانیارییەکان و قەربووکردنەوەی زیانەکان. هەروا سیاسەتی ئاویی ئێران، بەپێی تیۆریی سەروەریی هەرێمایەتیی ڕەهایە؛ کە ئەمڕۆ لە جیهاندا کاری پێ ناکرێت.  

ئەنجام

لەم وتارەدا دۆخی جوگرافیی زێی بچووک و ئەو پرۆژانەمان خستە ڕوو، کە هەر یەک لە ئێران و عێراق لەسەر ئەم ڕووبارە ئەنجامیان داوە. پاشان پێناسەی ڕێڕەوە ئاوییە نێودەوڵەتییەکانمان کرد و، بۆمان دەرکەوت کە ڕووباری زێی بچووک بە ڕێڕەوێکی ئاویی نێودەوڵەتی دادەنرێ. ئینجا باسمان لە تیۆرییە یاسایییەکانی کەڵکوەرگرتن لە ڕێڕەوە ئاوییە نێودەوڵەتییەکان کرد. بۆمان دەردەکەوێت کە هەڵسوکەوتی ئێران لەمبارەیەوە بەگوێرەی تیۆریی یەکەمە، کە ئەمڕۆ لە جیهاندا کاری پێ ناکرێت و، ئەمەیش بووەتە هۆی زێدەڕۆیی لە بەکارهێنانی ئاوی ئەم ڕووبارە. جگە لەمەیش، ڕەفتاری ئێران پێچەوانەی ڕێککەوتنی ساڵی 1975ی نێوان هەر دوو وڵات و ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکانە.

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples