بەهای یاساییی دیباچەی دەستوور: دەستووری عێراقی وەک نموونە

پێشەکی

هەروەک دەزانین دەستووری عێراقیی ساڵی ٢٠٠٥، یەکێکە لەو دیکۆمێنتە گرنگانە لە مێژووی ئەم وڵاتەدا، کە بۆ یەکەم جار و بە شێوەیەکی بەربڵاو، دانی بە بەشێکی زۆری لە مافەکانی گەلی کوردستاندا ناوە. لە هەمان کاتدا، بۆ یەکەم جار لە مێژووی عێراقدا، گەلی کورد بە شێوەیەکی ئازاد و دیموکراتییانە، توانیی بەشدارییەکی کارای لە داڕشتنی دەستووردا هەبێ.

دەستووری عێراقی لە دیباچەی خۆیدا ئاماژەی بە خاڵێکی گرنگ کردووە، کە ئەویش یەکگرتنی ئارەزوومەندانەیە. هەروا باس لەوە دەکات کە پابەندبوون بەم دەستوورە، یەکگرتووییی ئازادانەی گەل و خاک و سەروەریی عێراق دەپارێزیت. بەڵام خاڵێک کە لێرەدا دێتە ئاراوە ئەوەیە، کە هەندێ کەس سروشتی یاساییی دیباچەكه‌ دەبەنە ژێر پرسیارەوە و، بە بەشێک لە دەستوور و ڕێسا دەستوورییەکانی نازانن و، باس لەوە دەکەن کە دیباچە هەمان هێزی یاسایی و مولزەمی دەقی دەستووری نییە.

ئەوەی لەم وتارەدا مەبەستمانە باسی لێوە بکەین، شیکردنەوە و لێکدانەوەی ئەو بابەتەیە، کە ئایا لە ڕووی یاسایییەوە دیباچە بە بەشێکی دەستوور دادەنرێ و، هەمان هێزی یاساییی دەقی دەستووری هەیە یان نا؟ ئایا دیباچەیش هەروەک دەقی دەستوور مولزەمە یان نا؟ لەم وتارەدا تیشک دەخەینە سەر ئەم خاڵانە و، شرۆڤەی یاساییی بۆ دەکەین.    

گرنگیی دیباچەی دەستوور

دەستوورە هاوچەرخەکان، بە زۆری پێشەکی، یان دیباچەیەکیان (Preamble) هەیە، کە هەندێ بنەمای فەلسەفی، بەها، ئاراستە و ئامانجی سەرەکی لەخۆ دەگرن، کە کۆڵەکە و بنەما سەرەکییەکانی حوکمڕانی و هێڵی سیاسیی گشتیی دەوڵەت لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوە دیاری دەکەن. هەر بۆیە، دیباچەی دەستوور، ئەو دیکۆمێنتەیە کە بنەما، یان مافەکان، یان ئاراستە گشتییەکان و فەلسەفەی سیاسیی سیستەمی حوکمڕانیی لەسەری بنیات نراوە. لە ڕوانگەی ئەفڵاتۆنەوە پێشەکی ئەوەندە گرنگە، کە بە ڕۆحی یاسا دادەنرێت. لە ڕوانگەی نووسەر "بلاک ستۆن"ەوە پێشەکی کلیلێکە، کە زەینی یاسادانەرانمان بۆ دەکاتەوە.

دیباچەی دەستوور، بەپێی دۆخی هەر وڵاتێک و هەلومەرجی سیاسی و کۆمەڵایەتی و...ی دەوڵەتان گۆڕانی بەسەردا دێت. دیباچە کورت، ناوەنجی یان درێژە؛ بۆ نموونە دیباچەی دەستووری ئەمەریکی زۆر کورتە و لە شەش دێڕ پێک دێت و، دەستووری فەڕەنسیی ساڵی ١٩٤٦ دیباچەیەکی درێژی هەیە. هەندێ جاریش دەستوور پێشەکیی نییە، وەک دەستووری ئیتاڵیی ساڵی ١٩٤٧ کە تەنیا ١٢ بەش وەک بنەما سەرەکییەکان لەخۆ دەگرێت. هەندێ جار پێشەکی وەک دەقێکی تێروتەسەڵ دێت، کە ڕووداو و گێڕانەوە مێژوویی و نیشتمانییەکان دەخاتە ڕوو، وەک دەستووری عێراقیی ساڵی ٢٠٠٥، یاخود لەسەر شێوازی هەندێ بەند و بڕگە دێت وەک دەستووری لوبنانیی بەرکار.

پێشەکیی دەستوور، خاوەن دەسەڵاتێکە بە ناوی دەسەڵاتی تەواوکار (Integrative Power).  واتە، پێشەکی بەشێکە لە دەستوور کە باشترین ڕەنگدانەوەی تێگەیشتنی دانەرانی دەستوورە و، یاسازان "کارل شمیت"، بە بڕیارە سیاسییە سەرەکییەکان (Fundamental Poltical Decisions)  ناوی دەبات. 

گرنگیی پێشەکیی دەستوور تا ئەو ئاستەیە، کە دەتوانین گریمانەی ئەوە بکەین ئەگەر کۆدەنگیی لەسەر بێت ئەوا دەبێتە هۆی یەکڕیزیی گەل، بەڵام ئەگەر جێی ناکۆکیی بێت، ئەوا دەبێتە هۆی ناکۆکی و ململانێ لەناو گەلدا. ڕاستیی ئەم گریمانەیە ئەمڕۆ لە پێشەکیی دەستووری عێراقدا دەردەکەوێت؛ بە جۆرێک، کاتێک کە کورد باس لە یەکگرتنی ئارەزوومەندانە دەکات و، ئەم یەکگرتوویییە بە پابەندبوون بە دەستوور دەبەستێتەوە، ئەوا لایەنە عەرەبییەکان پێی قەڵس دەبن و باس لەوە دەکەن کە پێشەکیی دەستوور هێزی ئیلزامیی ڕێسا دەستوورییەکانی نییە. ئەمەیش خۆی لە خۆیدا دەبێتە هۆکار بۆ ململانێ و قووڵبوونەوەی ناکۆکییەکان.

لە دیباچەی دەستووردا، باس لە کۆمەڵێک بابەت دەکرێ وەک: سەرچاوەی سەروەری، گێڕانەوەی مێژوویی، ئامانجە باڵاکان، ناسنامه‌ی نیشتمانی، ئایین، ماف و ئازادییەکان.

 

سروشتی ئەو بنەمایانەی لە دیباچەدا هاتووە

بیروبۆچوونی جیاواز دەربارەی سروشتی ئەو بنەما و پرەنسیپانە هەیە، کە لە دیباچەی دەستووردا هاتوون. پێوەری نوێی جیاکردنەوەی ڕێسا دەستوورییەکان لە ڕیسا یاسایییەکان ئەوەیە، کە ئەگەر ئەو ڕێسایانە ئاراستەی دەسەڵاتداران (یان تایبەت بێت بە دەسەڵاتداران) بکرێت ئەوا بە ڕیسای دەستووری دادەنرێن، بەڵام ئەگەر ئاراستەی بریکار، یان هاووڵاتیان کرا، ئەوا بە ڕێسای یاسایی دادەنرێت. لەمبارەیە دوو ئاراستەی جیاواز هەیە کە بریتین لە:

یەکەم) دەقی ڕێنوێنیکەر: لایەنگرانی ئەم بۆچوونە، پێیان وایە کە بنەماکانی ناو دیباچە و جاڕنامەی مافەکان پتر پرەنسیپی فەلسەفین و، بنچینەکانی سیستەمی سیاسی، یان ئەو بنەمایانەی کە کۆمەڵگه‌ی لەسەر بنیات دەنرێت دیاری ده‌كه‌ن. لایەنگرانی ئەم بۆچوونە دەڵێن، ئەگەر دەسەڵاتی دامەزرێنەر بیویستایە ئەو بنەمایانە یاسایی و مولزەم بن، ئەوا لەناو خودی بەندە دەستوورییەکاندا باسی لێوە دەکردن.

دووەم) دەقی یاسایی یان بڕیارلێدراو: لایەنگرانی ئەم بۆچوونە پێیان وایە ئەو بنەمایانە سروشتی یاسایییان هەیە. ئەم گرووپەیش بۆ خۆیان بەسەر دوو دەستەدا دابەش دەبن:

١) گرووپێک پێیان وایە، ئەو دەقانە گوزارشتن لە ڕێنوێنی و ئامانج و هیوا و بیروباوەڕێکی فەلسەفی، کە دەسەڵات لەخۆیان دەگرێت، بۆیە ئەستەمە کە بنەمای یاساییی ڕوون بن و شیاوی جێبەجێکردن بن؛ ئەمەیش وا دەکات کە ئەو بنەمایانە بەهایەکی فەلسەفی و بایەخێکی سیاسی و هێزێکی ئیلزامیی ئەدەبییان هەبێت. کەواتە ئەو بنەمایانە بریتین لە بنەمای دەستووریی ڕێنوێنیکەر، چونکە ڕێنوێنیی دەسەڵاتداران دەکات و، بەندە بە ناوەڕۆکی مومارەسەکردنی دەسەڵاتەوە لە ڕێگەی دانانی بنەمای یاسایییه‌وه‌.

٢) گرووپێکی تر پێیان وایە ئەو دەقانە بە مانای وشە بنەمای یاسایین؛ واتە پێگە و سەنتەری یاساییی ڕوون و ئاشکرا دەهێننە ئاراوە. ئەو دەقانە دەکرێت بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ جێبەجێ بکرێن، واتە سروشتێکی یاسایی هەیە و هێزی ئیلزامی یاسایی تێدایە.

ئاشکرایە کە دەقەکانی هاتوو لە دەستووردا، چ لەسەر شێوازی ڕێنوێنی بن یان لەسەر شێوازی یاسایی، ئەوا پێویستە جێبەجێ بکرێن، چونکە دەسەڵاتی دامەزرێنەر ئەو دەقانەی لەخۆڕا دانەناوە. هەر بۆیە هەر ڕێسایەکی دەستووری، کە لە دیباچەی دەستوورەوە هەڵبقووڵێت، ئەوا دەبێ جێبەجێ بکرێت؛ بەو پێیەی ئەو دەقە دەبێتە هۆی بەدیهاتنی خواست و ئارەزووەکانی گەل. دیباچەی دەستوور دەق یان پەخشانێکی ئەدەبی نییە، بەڵکوو بنەمایەکە، کە دەبێ لە ڕاڤەکردنی دەستووردا کەڵکی لێ وەربگیرێت.

هێزی ئیلزامیی دیباچەی دەستوور

سەبارەت بە هێز و بەهای یاسایی و پلەی ئیلزامیی ئەو پرەنسیپانەی کە لە دیباچە و جاڕنامەی مافەکاندا هاتوون (هەندێ جار ئەم مافانە لەناو دیباچەدا دێن، یان بە دەروازەیەک لە دەقی دەستووردا باسیان لێوە دەکرێت)، یاسازانان بۆ سەر سێ دەستە دابەش بوون:

بۆچوونی یەکەم: دیباچە و جاڕنامەی مافەکان لە دەستوور بەرزترن

 لایەنگرانی ئەم بۆچوونە و لە سەروویانەوە "لیۆن دۆگی"، بەهایەکی یاساییی بەرزتر لە دەستوور بە دیباچە و جاڕنامەی مافەکان دەبەخشن. ئەوان ڕێسا یاسایییەکان بۆ سەر سێ دەستە پۆلێن دەکەن، کە جاڕنامەی مافەکان بە پلەی یەکەم، بنەما دەستوورییەکان بە پلەی دووەم و، یاسا ئاسایییەکانیش بە پلەی سێیەم دێت. لایەنگرانی ئەم بۆچوونە دەڵێن، پێشەکی دەربڕینی ویستی باڵای نەتەوەیە و، ئەو بنەما سەرەکییە دەستوورییانە دەگرێتەوە کە لە ناخی ویژدانی مرۆییی جیهانییەوە سەرچاوە دەگرن و، ڕێزگرتن و جێبەجێکردنیان پێویستیی بە دەقی ڕاشکاو نییە لە پێشەکی یان جاڕنامەی مافەکاندا. بۆیە، بە دەستووری دەستوورەکان ناو دەبردرێت و ئەو ڕێسا و بنەمایانەی کە لە دیباچەدا هاتوون نەک هەر بۆ دەسەڵاتی دامەزرێنەر، بەڵکوو بۆ دەسەڵاتە گشتییەکانی وەک دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێکردن و دادوەری مولزەمن. ئەم بۆچوونە ڕەخنەی ئەوەی لێ گیرا، کە لە پرەنسیپی پلەبەندیی یاساکان لای داوە؛ بەوەی کە بەسەر دوو جۆری ڕێسای دەستووری  و یاسای ئاساییدا دابەش دەبێت.

بۆچوونی دووەم: دیباچە و جاڕنامەی مافەکان تەنیا پرەنسیپی فەلسەفین

لایەنگرانی ئەم بۆچوونە، پێیان وایە کە دیباچە و جاڕنامەی مافەکان تەنیا کۆمەڵێک بنەمای فەلسەفین و هیچ بەهایەکی یاسایییان نییە. ئیسمان، لافرییر و کارە دی مالبێرگ بە لایەنگرانی ئەم بۆچوونە دادەنرێن. مالبێرگ دەڵێت کە جاڕنامە هێزی ئیلزامیی نییە و تەنیا کۆمەڵێک بنەما و  باوەڕی فەلسەفییە، کە لە بنەماکانی یاسای سروشتییەوە وەرگیراون. ئەم بۆچوونە ڕەخنەی ئەوەی لێ گیرا، کە سروشتی کۆمەڵەی دامەزرێنەری لەبەرچاو نەگرتووە؛ چونکە ئەم دەسەڵاتە بنەمای دەستووری دادەنێت تا لە وڵاتدا جێبەجێ بکرێت، نەک فتوا، یان بیروبۆچوونی یاسازانی و فەلسەفیی پەتی، کە لە هەموو بەهایەکی ئیلزامی داماڵرا بێت. 

بۆچوونی سێیەم: دیباچە و جاڕنامەی دەستوور هێزی ڕێسا دەستوورییەکانی هەیە

ئەم بۆچوونە هەڵوێستێکی ناوەندە لە نێوان دوو بۆچوونی پێشوو و، هێزێکی هاوتای خودی دەقە دەستوورییەکان بە دیباچە و جاڕنامەی مافەکان دەبەخشێت. یاسازانی فەڕەنسی "ئاندرێ هۆریۆ" بە پێشەنگی ئەم بۆچوونە دادەنرێت. پاساوی لایەنگرانی ئەم بۆچوونە بەم جۆرەی خوارەوەیە:

١) جاڕنامەی مافەکان، هەر لە کۆتایییەکانی سەدەی هەژدەیەمەوە تاکوو ئێستا بە بەشێک لە سیستەمە دەستوورییەکان دانراوە و، ئەمەیش لە دەستوورەکانی فەڕەنسیدا دانی پێدا نراوە، کە جاڕنامەی مافەکانی بە بەشێکی دانەبڕاوەی دەستوور داناوە، وەک دەستوورەکانی ١٧٩١ و ١٩٤٦ و ١٩٥٨.

٢) بەڵگەی واقعیش بۆ ئەم بابەتە هەیە، کە ئەویش ئەوەیە دادگه‌کانی ئەمەریکا چاودێرییان لەسەر دەستووریبوونی یاساکان تەنیا بە کۆکبوونیان لەگەڵ دەقەکانی دەستوور نابەستنەوە، بەڵکوو دەبێ لەگەڵ جاڕنامەی مافەکانیشدا یەک بگرێتەوە. هەروا ئەنجومەنی دەوڵەتی فەڕەنسی لە بڕیارە بەناوبانگەکەی خۆیدا لە ١٦/٧/ ١٩٧١ بەڕاشکاوی ئاماژەی بەوە کردووە، کە دیباچەی دەستووری فەڕەنسا بە بەشێکی جیانەکراوەی خودی دەستوور دادەنرێت. جگە لەمەیش، ئەنجومەنی دەستووریی لوبنان، هەمان هێزی دەستووری بە دیباچەی دەستووری لوبنانی داوە، کاتێک کە ده‌ستی كرد بە هەڵوەشاندنەوەی هەندێک لە دەقەکانی هەمواری یاسای هەڵبژاردن بە هۆی نەگونجانی لەگەڵ هەر دوو بڕگەی (ج و د) لە دیباچەی دەستووری لوبنانی و، جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە دیباچەی دەستوور بەشێکی جیانەکراوەیە لە دەستووری لوبنانی. هەروا دادگه‌ی دەستووریی میسر لە ساڵی ١٩٧١ لەسەر ئەوە سەقامگیر بوو، کە پێشەکیی دەستوور بەشێکی جیانەکراوەی دەستوورە و، هەمان بەهای دەقە دەستوورییەکانی هەیە و، لەگەڵ دەستووردا گشتێک پێک دێنن کە لە یەکتر جیا ناکرێنەوە.

٣) پاساوی سێیەم ئەوەیە کە هەر دەوڵەتێک دوو دەستووری هەیە: دەستووری سیاسی و دەستووری کۆمەڵایەتی. یەکەمیان سیستەمی حوکمڕانی و چالاکییەکانی دەسەڵاتی گشتیی دیاری دەکات و، ئەوەی دووەمیشیان بنەما و ڕێساکانی سیستەمی کۆمەڵایەتی و بنچینەکانی ژیان دەستنیشان دەکات، کە بە شێوەیەکی تایبەتی، سروشتی پەیوەندیی نێوان هاووڵاتیان و دەوڵەت دادەڕێژێت. هۆریۆ، وای دەبینێ کە دەستووری کۆمەڵایەتی (جاڕنامەی مافەکان) بایەخی لە دەستووری سیاسی کەمتر نییە و، دەبێت دان بە هەردووکیاندا بنرێت و لە ڕووی بەهای یاسایییەوە لە یەک ئاستدا بن.

ئەمڕۆ زۆربەی یاسازانان لەگەڵ ئەم بۆچوونەدان و، لەو باوەڕەدان کە دیباچەی دەستوور و جاڕنامەی مافەکان هاوتای دەقە دەستوورییەکانن و، هەمان هێزی یاساییی مولزەمیان هەیە. هەروا ناتوانین بڵێین دیباچە و جاڕنامەی مافەکان بەهایان  لە دەستوور بەرزترە، بەڵکوو دەقی دەستوورین و هیچ جیاوازییەک لە نێوان ئەو دەقانە و دەقەکانی دیکەی دەستووردا نییە. چونکە دیباچە و جاڕنامەی مافەکان هەروەک دەقەکانی دیکەی دەستوور، هەڵقووڵاوی یەک ویست و ئیرادەیە، کە ئەویش ویستی دەسەڵاتی دامەزرێنەرە، کە بنەمای سیستەمی سیاسی، یان ئەو بنەمایانە دیاری دەکات کە کۆمەڵگەی لەسەر بینات نراوە و تێیدا مومارەسەی دەسەڵاتەکان دەکات. دیباچە ئامانجی دانەرانی دەستوور دەخاتە ڕوو. داننان بە هێزی یاساییی دیباچە، وا دەخوازێ کە دەسەڵاتە گشتییەکان (یاسادانان، جێبەجێکردن و دادوەری) هەر لەگەڵ دەرچوونیدا ناوەڕۆکەکەی جێبەجێ بکەن و پێوەی پابەند بن و، هیچ یاسایەک بەپێچەوانەی ئەو بنەمایانە دەرنەکەن. یاسازانی عەرەب "د.محەممەد کامل لیلە" دەڵێت: "زۆربەی یاسازانان دان بەوەدا دەنێن کە دیباچەی دەستوور هەمان هێز و بەهای دەقەکانی دەستووری هەیە."

دەتوانین بڵێین دیباچە لەبەر ئەم هۆیانەی خوارەوە هێز و بەهای یاساییی هەیە:

١) داڕشتن و پەسندکردنی دیباچە لە لایەن دەسەڵاتی دامەزرێنەرەوە، هەر بە هەمان ئەو  ڕێڕەودا ڕۆیشتووە کە داڕشتن و پەسندکردنی بەندەکانی دیکەی دەستوور پێیدا تێ پەڕیون.

٢) ئەگەر بێت و دەستوور، یان دەسەڵاتی ڕاڤەکردنی دەستوور بڕیاری لەسەر بێبەهابوونی یاسایی و سیاسیی دیباچە نەدابێت، ئەوا لە کاتی بێدەنگبوون لەسەر بەهای یاساییی دیباچە، دروست وایە کە هەمان هێز و بەهای دەقەکانی دیکەی دەستووری هەبێت.

٣) بەشێک لەو ڕێسایانەی کە لە دیباچەدا هاتوون، بەهایان لە یاسای ئاسایی بەرزترە و دەچنە خانەی ڕێسای دەستوورییەوە.

٤) لە یاسای نێودەوڵەتیدا، پێشەکیی ڕێککەوتننامەکان بە یەکێک لە ئامرازەکانی ڕاڤەکردنی ڕێککەوتننامە دادەنرێت و، یاسازانانی یاسای نێودەوڵەتی، ئەم بابەتە بە بنەما و ڕێسایەکی گشتیی ڕاڤەکردنی ڕێککەوتننامەکان لە قەڵەم دەدەن. بەندی ٣١/بڕگەی ١ لە ڕێککەوتننامەی ڤیەننای ساڵی ١٩٨٦ بەڕوونی باس لەوە دەکات کە ڕێککەوتننامە دەبێ لە سیاقی دێڕەکانەوە ڕاڤە بکرێت و، بەپێی بەندی ٣١/بڕگەی ٢ مەبەست لە سیاق پێشەکی و پاشکۆکانی ڕێککەوتننامەیە. دەتوانین ئەم ڕێسا گشتییەی یاسای نێودەوڵەتی وەک پێوەرێکی ڕێنوێنیکەر لە یاسای دەستووری بە کار بهێنین و کەڵکی لێ وەربگرین.   

ئاوڕێک لە دیباچەی دەستووری عێراقی 

دیباچەی دەستووری عێراقیی ساڵی ٢٠٠٥، ڕەنگدانەوەی هەموو پێکهاتەکانی عێراقە، چونکە هەموویان بە نۆرەی خۆیان و بەگوێرەی ژمارەی دانیشتووان نوێنەریان لە لیژنەی نووسینەوەی دەستووری عێراقیدا هەبووە. ئەم دیباچەیە بە داڕشتنێکی ئەدەبی و وەسفی و زمانێکی مێژوویی و یاسایی نووسراوەتەوە. هەڵبەت ناتوانین نکۆڵی لە ڕۆڵی ئەدەب بکەین لە زمانی یاساییدا و، پەیوەندییەکی نزیک لە نێوان یاسا و ئەدەبدا هەیە. لە دیباچەدا باس لە کۆمەڵێک ئەحکامی ڕێنوێنیکەری فەلسەفی، مێژووی خەباتی گەلانی عێراق و ئێش و ئازارەکانیان، فەلسەفەی سیستەمی سیاسی، بنەما سەرەکییەکانی کۆمەڵگە و ڕیزگرتنی فرەپێکهاتەیی و ماف و ئازادییەکان، یەکگرتنی ئارەزوومەندانە، ڕیزگرتن لە بنەماکانی یاسای نێودەوڵەتی و... کراوە.

 لە دەقی دیباچە و دەقی دەستووری عێراقیدا هیچ ئاماژەیەک بە بەهای یاسایی و سیاسیی دیباچە نەکراوە، هەروەک چۆن هیچ ئاماژەیەکیش بەوە نەکراوە کە ئەم دیباچەیە لە ڕووی یاسایییەوە بێبەهایە. هەر بۆیە، دەتوانین بڵێین کە دەستوور و دیباچەکەی بە شێوەی یەک دیکۆمێنت دەرچووە، کە ئەویش دیکۆمێنتی دەستوورە و، هەردووکیان خاوەن یەک بەها و هێزی یاسایین.

لە بەندی ١٣/ یەکەمی دەستووردا هاتووە: "ئەم دەستوورە بە یاسای باڵا و هەرە بەرز لە عێراق دادەنرێت و، پێویستە لە هەموو شوێنێکی عێراقدا بەبێ جیاوازی، پێوەی پابەند بن." لێرەدا باس لە باڵادەستیی دەستوور دەکات بە دەق و دیباچەوە؛ واتە یەک هێز و بەهای یاساییی بە دەق و دیباچە بەخشیوە. ئەگەر دەسەڵاتی دامەزرێنەر مەبەستێکی دیکەی جگە لەمە هەبووایە، ئەوا دەبوو بەڕوونی ئاماژەی پێ بکردایە و، دەق و دیباچەی دەستووری لێک جیا بکردایەتەوە. لە هەمان کاتدا، بەڕوونی ئەم دەستوورە بۆ هەموو دەسەڵاتە گشتییەکان لە سەرانسەری وڵاتدا بە مولزەم دەزانێ. ده‌سته‌واژه‌ی "ئەم دەستوورە"، کە لە دەقەکەدا هاتووە، هەموو دەستوور بە دیباچە و دەقەکانەوە دەگرێتەوە، ئەگەر دەسەڵاتی دامەزرێنەر، جگە لەمە مەبەستێکی دیکەی هەبووایە، ئەوا لێکی جیا دەکردنەوە و بە ده‌سته‌واژه‌ی "دەقی دەستوور" و "دیباچەی دەستوور" ناوی لێ دەبردن.

هەروا لە بەندی ٩١/یەکەمی دەستووری عێراقی، کە مافی چاودێریکردن لەسەر دەستووریبوونی یاسا و ڕێنمایییەکان و، بەندی ٩١/دووەم، کە ئەرکی ڕاڤەکردنی دەقە دەستوورییەکانی بە دادگه‌ی دەستووریی باڵا داوە، هیچ جیاوازییەکی لە نێوان دیباچە و دەقی دەستووردا نەکردووە. بە هەمان شێوە لە بەندی ١٢٣ ی دەستوور، کە باسی لە میکانیزمەکانی هەموارکردنی دەستوور کردووە، دەبینین کە پێشنیاری هەموارکردنی دیباچە و دەقی دەستوور یەکسانە.

بەم شێوەیە، بۆمان ڕوون دەبێتەوە کە دەسەڵاتی دامەزرێنەری دەستووری عێراقی، هەمان هێز و بەهای یاساییی دەقی دەستووریی بە دیباچە بەخشیوە و، بە بەشیکی جیانەکراوەی دەستووری داناوە. هەر بۆیە، باڵادەستیی دەستوور، چاودێریی دەستووریبوونی یاساکان و ڕێکارەکانی هەموارکردنی دەستوور، هەروەک چۆن دەقی دەستوور دەگرێتەوە، ئەوا بە هەمان شێوە دیباچەیش دەگرێتەوە. لەسەر هەموو دەسەڵاتەکانی دەوڵەت پێویستە، دەستوور بە دەق و دیباچەوە جێبەجێ بکەن و، هەروەک چۆن مولزەمن بە جێبەجێکردنی دەقەکانی دەستوور، ئەوا بە هەمان شێوەیش، مولزەمن کە پابەندی بنەما دەستوورییەکانی ناو دیباچە بن.

کۆبەند

پاش خوێندنەوەیەک بۆ سروشت و هێز و بەهای یاساییی دیباچەی دەستوور، بۆمان دەرکەوت کە بۆچوونی باو و پەسندکراوی یاسازانیی دەستووری (فقه دستوری) لەسەر ئەوە سەقامگیر بووە، کە دیباچە سروشتێکی دەستووریی هەیە و هەمان هێز و بەهای دەقەکانی دەستووری هەیە. سەبارەت بە دەستووری عێراقیش، ئەوا دەسەڵاتی دامەزرێنەر لە دیباچە و دەقەکاندا بەڕوونی هیچ جیاکارییەکی لە نێوان دیباچە و دەقدا نەکردووە و، واتای پێچەوانەی ئەمەیش ئەوەیە کە ئەم دووانە هاوتان و یەک هێز و بەهایان هەیە. بۆیە دەتوانین بڵێین، کە دیباچە و دەقەکانی دەستووری عێراقی یەک هێز و بەهای یاسایییان هەیە و، دووانەیەکی لێکجیانەکراوەن.

 

 
© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples