سەنگی هیدرۆپۆلیتیکیی هەرێمی کوردستان

پێشەکی

گرنگیی ئاو لە ژیانی ئەمڕۆی مرۆڤدا لای کەس شاراوە نییە. لە سەردەمی بەجیهانیبووندا، دەسەڵات لە چەمکێکی تەواو سەربازی و ئاسایشییه‌وه‌، بۆ بوارەکانی دیکەی وەک سیاسەت و ئابوورییش گواستراوەتەوە. هەر بۆیە، یەکێک لە سەرچاوە گرنگەکانی هێز لە جیهانی ئەمڕۆدا، زاڵبوونە بەسەر سەرچاوە سروشتییەکان و، لەناویشیاندا سەرچاوە ئاوییەکان. لە ڕاستیدا ئاو بووەتە هۆکارێکی کاریگەر لە سیاسەتی ئەمڕۆی دەوڵەتان، لە هەر دوو بواری سیاسەتی ناوخۆیی و دەرەکیدا.

کوردستانی گەورە، هەر لە دێرزەمانەوە بە کۆگه‌ و سەرچاوەی ئاوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دادەنرێ. سەرچاوەی دەیان ڕووباری گەورە و گرنگ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەناو خاکی کوردستاندا هەڵکەوتوون، وەک: دیجلە، فورات، زێی گەورە، زێی بچووک، سیروان، خابوور، ئاوەسپی (عوزێم)، ئەڵوەند، باتمان، قزل ئوزون، تەتەهۆ، جەغەتۆ، گادەر، هەواسان، زمکان، قۆرەتوو، گەنگیر، گاماسیاب، کونجان چەم، قەرەسوو، مورادسوو، توهما، گوێک سوو، ساجوور، بەلیخ، کەرەزان، بۆتان، چەرداوڵ، بناوەسووتە، دویریج، هیزل، تانجەرۆ و هتد.     

ئەگەر بهاتبا و کوردستان دەوڵەتێکی سەربەخۆ بووایە، ئەوا فەرمانی بەسەر هەموو سەرچاوە ئاوییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەکرد و، زۆر بەئاسانی دەیتوانی گرفتی جیۆپۆلیتیکی دەستڕانەگەیشتن بە دەریا لەم ڕێگەیەوە چارەسەر بکات. بەڵام بەداخەوە، ئەمڕۆ دەوڵەتانی تر فەرمان بەسەر سەرچاوە ئاوییەکانی کوردستاندا دەکەن. تەنیا بەشێکی کوردستان، کە ئەمڕۆ حکوومەتێکی خۆماڵیی کوردیی تێدایە و دەتوانێ فەرمان بەسەر سەرچاوە ئاوییەکانیدا بکات، کوردستانی باشوورە. هەر بۆیە ئێمەیش، لە سۆنگەی واقعبینیی سیاسی و ئەو هەل و دەرفەتەی کە ئەمڕۆ لەبەردەستدایە، شرۆڤەی سەنگی هیدرۆپۆلیتیکیی کوردستان دەکەین و، کوردستانی باشوور بە نموونە وەردەگرین.

هیدرۆپۆلیتیک و ئاسایش

هیدرۆپۆلیتیک تێکەڵاوێکە لە هەر دوو دەستەواژەی ئاو (هیدرۆ) و سیاسەت (پۆلیتیک) و، توێژینەوە لەسەر کاریگەری و ڕۆڵی ئاو دەکات لە پەیوەندیی سیاسیی دەوڵەتاندا. زۆربوونی بەکارهێنانی ئاو، کەمبوونەوەی سەرچاوە ئاوییەکان و لاوازیی بەڕێوەبردنی ئەم سەرچاوانە، وای کردووە گرژی و ململانێ لەسەر ئەم سەرچاوانە، چ لە ناوخۆ و چ لە دەرەوەی وڵات، لە پەیوەندیی لەگەڵ وڵاتانی دیکەدا سەر هەڵبدات. ئەم بابەتەیش، بەڕوونی لە ڕێڕەوە ئاوییە نێودەوڵەتییەکاندا هەستی پێ دەکرێت. بە سەرنجدان بە گەرمبوونی گۆی زەوی، زیادبوونی بەکارهێنانی ئاو، پەرەسەندنی بەبیابانبوون، کەمبوونەوە و پیسبوونی سەرچاوە ئاوییەکان لەسەر ئاستی جیهان، پێدەچێ لە دەیەی داهاتوو هەڕەشە و قەیرانە ئاوییەکان قووڵتر ببنەوە و، ئەمەیش وا دەکات گرژی و ململانێکان لە نێوان وڵاتاندا زیاتر پەرە بستێنێ. بۆیە، بابەتی ئاو دەبێتە پرسێکی گرێدراو بە ئاسایشی نەتەوەییی دەوڵەتان و، زانیارییەکانی تایبەت بە ئاو لە ڕیزی زانیارییە نهێنییەکانی دەوڵەتاندان.

بەپێی ڕاپۆرتێکی نوێی زانکۆی جۆن هاپکینز، لە ساڵی ٢٠٢٥ لە هەر سێ کەس، یەک کەس لەو وڵاتانەدا دەژی کە کێشەی کەمئاوییان هەیە. هەروا جوگرافیزانی بریتانی "پیتر هاگت" لەو مۆدیلەی، کە بۆ ١٢ هۆکاری جوگرافیی ناکۆکی و گرژییەکان خستوویەتە ڕوو، باس لەوە دەکات کە شەش لەم هۆکارانە پەیوەندییان بە ئاوەوە هەیە، وەک: حەزی وڵاتانی دەورەدراو بە وشکانی بۆ گەیشتن بە دەریا، ناکۆکی لەسەر دابەشکردنی ئاو، گۆڕینی ڕێڕەوی ڕووبارە سنوورییەکان، ناکۆکی لەسەر بەکارهێنانی ئاوی دەریاچە سنوورییەکان، دەستبەسەرداگرتنی ئاوی ڕووبارەکان لە لایەن وڵاتانی سەروو-ڕووبار و پیتاندنی دەستکردی هەورەکان.

گرنگیی ئەم بابەتە کاتێک دەردەکەوێت، ئەگەر بزانین کە ٩٧،٣% سامانی ئاوی جیهان بریتییە لە ئاوی سوێری ئوقیانووس و دەریاکان، کە بە کەڵکی بەکارهێنانی مرۆیی نایەت. کە واتە تەنیا ٢،٧% ئاوی سەر گۆی زەوی، ئاوی شیرینە و شیاوی کەڵکلێوەرگرتنە. لەم بڕە ئاوە شیرینەیش، ٧٦% لە شێوەی سەهۆڵدایە، کە لە هەر دوو جەمسەری باکوور و باشوور هەڵکەوتووە و، مرۆڤ ناتوانێ سوودیان لێ وەربگرێت. هەروا ١٣% ئاوی ژێرزەوی، لە قووڵاییی ٨٠٠-٤٠٠٠ مەتردا هەڵکەوتووە، کە ئەمیش ناتوانرێ سوودی پێویستی لێ وەربگیرێت، چونکە خەرجیی دەرهێنانی زۆر دەوەستێ. کە واتە دەگەینە ئەو ئەنجامە، کە تەنیا ١١% ئاوی شیرینی سەر گۆی زەوی شیاوی سوودلێوەرگرتنە و، هەموو جەنگ و ململانێکەیش لەسەر ئەم بڕە ئاوەیە. بەم پێیە، بازنەی ململانێکە زۆر تەسک و سنووردارە و، هەرچی ئەم بازنەیەیش تەسکتر ببێتەوە، ئەوا ئەگەری گرژی و پێکدادان زیاتر و قووڵتر دەبێتەوە.

ئەم بابەتە، لە پەیوەند لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ زیاتر هەستی پێ دەکرێت. بۆ نموونە عێراق و هەرێمی کوردستان، کە بەشی هەرە زۆری ڕووبارەکانیان لەودیو سنوورەکانەوە دێن، لەمبارەیەوە زیاتر زیانیان بەر دەکەوێت. سەنگی هیدرۆپۆلیتیکیی عێراق و هەرێمی کوردستان لە بەرامبەر ئێران و تورکیادا زۆر لاوازە؛ ئەگەر ئەم وڵاتە کارتی گوشاری دیکەی بەدەستەوە نەبێ کە بتوانێ لەم ململانێیەدا بەکار بهێنێ، ئەوا  لە داهاتوودا تووشی قەیرانی قووڵتر دەبێ. لە دەیەی نەوەد بینیمان، کە سووریا چۆن کارتی پەکەکەی لە ململانێی ئاویی دژ بە تورکیا بەکار دەهێنا. سەبارەت بە دۆخی ناوخۆی عێراقیش، ئەوا هەرێمی کوردستان سەنگی هیدرۆپۆلیتیکیی زیاتری لە بەرامبەر عێراقدا هەیە، کە دەتوانێ تا ڕاددەیەکی باش کارتی ئاو لە ململانێ سیاسی و یاسایییەکانی دژ بە عێراق بەکار بهێنێ. هەرچەندە ئەم کارتەیش پێچەوانەی یاسا و ڕێسا نێودەوڵەتییەکانی تایبەت بە ئاوە.    

بڕی داهاتی ساڵانەی ئاو لە هەرێمی کوردستان

داهاتی ساڵانەی ئاوی هەرێمی کوردستان لە دوو سەرچاوە پێک دێن، کە بریتین لەمانەی خوارەوە:

١) ئاوی سەرزەوی: ئەمەیش بە شیوەی چۆم و ڕووبارە، کە لە هەندێ شوێن لە بەنداوەکان کۆ دەکرێتەوە. ڕووبارەکانیش بەسەر دوو جۆری ناوخۆیی و نێودەوڵەتی دابەش دەبێت. واتە سەرچاوەی ڕووبارە ناوخۆیییەکان لەناو هەرێمی کوردستاندایە و، دوورە لە هەر جۆرە فەرمانکردنێکی دەوڵەتانی دراوسێ وەک تانجەرۆ، ئاوەسپی و دێوانە. هەرچی ڕووبارە نێودەوڵەتییەکانە، سەرچاوەکانیان لە وڵاتانی دراوسێی وەک ئێران و تورکیادایە و، ئەو وڵاتانە دەتوانن هەڵسوکەوتی پێوە بکەن وەک دیجلە، زێی گەورە و بچووک، سیروان، خابوور و هیزل. ئەوەی جێی سەرنجە ئەوەیە کە هەموو ڕووبارە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکانی کوردستان، بەشێکن لە ڕێڕەوی ئاویی دیجلە و، هەر هەموویان ڕاستەوخۆ، یان ناڕاستەوخۆ دەڕژێنە ناو ڕووباری دیجلەوە.

بەپێی توێژینەوەکان، بڕی داهاتی ساڵانەی ئاوی سەرزەویی هەرێمی کوردستان دەگاتە ٤٧،٢١ ملیار م٣.

٢) ئاوی ژێرزەوی: کە ئەمەیش لە ئاوی بیر و کانیاوەکان پێک دێت و، بڕی داهاتی ساڵانەیان لە هەرێمی کوردستان دەگاتە ٢ ملیار م٣.

بەم جۆرە، کۆی داهاتی ساڵانەی ئاوی هەرێمی کوردستان بە ٤٩،٢١ ملیار م٣ مەزەندە دەکرێ و، لەم بڕە ٩٥،٩٤% ئاوی سەرزەوییە و بڕی ٤،٠٦% لە ئاوی ژێرزەوی پێک دێت.

ئەگەر ژمارەی دانیشتووانی هەرێم بە ٦ ملیۆن کەس مەزەندە بکەین، ئەوا بەرکەوتی ساڵانەی ئاوی تاکەکەس دەبێتە ٨١٦٦ م٣، لە کاتێکدا بەرکەوتی تاک لە  لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا نزیکەی (١٢٥٠ م٣)یه‌ لە ساڵێکدا. بەم جۆرە، بۆمان دەردەکەوێت کە کوردستان لە ڕووی سەرچاوە ئاوییەکانەوە وڵاتێکی دەوڵەمەندە و، بەرکەوتی ئاوی ساڵانەی تاک لە کوردستان لە چاو هەموو وڵاتانی ناوچەکە بەرزترە.

بەم شێوە، دەردەکەوێت کە هەرێم گرفتی بڕی داهاتی ئاوی نییە، بەڵکوو گرفتەکە لە بەڕێوەبردنی ئاو و دابەشکردنی نایەکسانی ئاوە؛ کە ئەمەیش دەکرێ بە پیادەکردنی سیاسەتێکی هاوسەنگ و زانستی لە بواری سەرچاوە ئاوییەکان چارەسەر بکرێت. 

سەنگی هیدرۆپۆلیتیکیی هەرێمی کوردستان

هەروەک بۆمان دەرکەوت، سەرچاوەی گرنگی ئاو لە هەرێمی کوردستان بریتین لە  ڕووبارەکان. هەر بۆیە، ئێمەیش لەم وتارەدا پتر تیشک دەخەینە سەر ڕووبارەکان. لە ڕووی هیدرۆپۆلیتیکییەوە ڕووبارەکان گرنگییەکی تایبەتیان هەیە، کە دەتوانین لەم خاڵانەی خوارەوەدا ئاماژەیان پێ بکەین:

١) هەندێ جار ڕووبارەکان (هەروەک دەریا و چیاکان) بەو پێیەی کە سنوورێکی سروشتین، وەک سنووری وڵاتان و هەرێمەکان بەکار دێن. لەم ڕووەوە، دەتوانین ئاماژە بە ڕووبارەکانی سیروان و زێی بچووک بکەین، کە بەشێک لە سنووری نێودەوڵەتیی ئیران-عێراق پێک دەهێنن. هەندێ جار ئەم ڕووبارانە، سنووری زیاتر لە وڵاتێک یان هەرێمێک دەبڕن. ئەم خاڵە جگە لەوەی کە دەتوانێ گرفت و ململانێی سیاسیی-یاساییی لێ بکەوێتەوە، لە هەمان کاتیشدا دەتوانێ بۆ دەوڵەتانی سەرووڕووبار ببێتە کارتێکی بەهێز، کە لە مامەڵە و پەیوەندییە سیاسییەکاندا بەکاری دەهێنن. لەم ڕووەوە، هەرێمی کوردستان لە بەرامبەر ئێران و تورکیادا بە وڵاتی خوارووی ڕووبار دادەنرێ، بەڵام بەرامبەر بە عێراق بە ناوچەی سەرووڕووبار دادەنرێت؛ هەر بۆیە دەتوانێ بەرامبەر بە دەوڵەتی عێراق، یاری بە کارتی ئاو بکات و لە کاتی پێویستدا بەکاری بهێنێت.   

٢) ڕووبارەکان وەک ئامرازێکی هەرزان بۆ گواستنەوە و گەیاندنی ئاوی بەکار دێن، بەتایبەت ئەو ڕووبارانەی، کە بەرین و قووڵ و پڕئاون و لە دەشتەکاندا هەڵکەوتوون. ئەم جۆرە ڕووبارانە گرنگییەکی زۆریان لە گەشەپێدانی ئابووری و شارستانی لە نێوان دەوڵەتانی حەوزی ڕووباردا هەیە و، سەنگی ئابووری، سیاسی و هیدرۆ-جیۆپۆلیتیکیی ئەو دەوڵەتانە بەرزتر دەکاتەوە. لەم بوارەدا ڕووبارەکانی کوردستان، جگە لە دیجلە، بە هۆی دۆخی سروشتیی ئەو ڕووبارانە، کە لەناو دۆڵی قووڵ و تەسکدا هەڵکەوتوون، یان ئاوەکەیان تیژڕەوە، بۆ کەشتیڕانی بەکەڵک نایەن.

٣) ئاوی ڕووبارەکان لە بواری کشتوکاڵ و ئاودێری بەکار دێت، بەتایبەت لەو ناوچانەی کە وشکن یان بارانی کەمیان لێ دەبارێت. ئەمەیش بە نۆرەی خۆی، ڕۆڵی هەیە لە بواری ئاسایشی خۆراک و بە هێزکردنی پێگەی ئابووری و سیاسی و هیدرۆ-جیۆپۆلیتیکیی دەوڵەت.

٤) ڕووبارەکان بۆ بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا بەکار دێن، بەتایبەت لەو ناوچانەی کە بارانی زۆری لێ دەبارێت یان تاڤگە و دەربەندی لێیە. ئەمەیش دەتوانێ سەرچاوەیەکی جێگرەوە بێت بۆ نەوت و گازی سروشتی، یان بەردەخەڵووز.

٥) ڕووبارەکان سەرچاوەیەکی سەرەکی و گرنگن بۆ دابینکردنی پێداویستیی ڕۆژانەی ئاو بۆ مرۆڤ. بۆ نموونە  ئێستا زێی گەورە بە یەکێک لە سەرچاوە سەرەکییەکانی دابینکردنی ڕۆژانەی ئاوی هەولێر دادەنرێ، کە ڕۆژانە دەوروبەری ٢٦٠٠٠م٣ ئاو بۆ ئەم شارە دابین دەکات. هەروا بەشێکی زۆری ئاوی سلێمانی لە بەنداوی دوکان و ڕووباری زێی بچووکەوە دابین دەکرێت.

٦) ڕووبارەکان بایەخێکی زۆریان بۆ چالاکیی پیشەسازی هەیە، چونکە ئاو بە توخمێکی سەرەکیی پیشەسازی دادەنرێ بۆ دروستکردنی هەڵم و شوشتن و ساردکردنەوە و هتد. هەروا ئاو بە کەرەستەی خاوی هەندێک لە پیشەسازییەکان دادەنرێ، وەک ساردەمەنی و خۆراک و هتد. ئامارەکان ئەوەمان بۆ دەردەخەن، کە ٤٦% ئەو ئاوەی کە بۆ چالاکییە ئابوورییەکان  و پێویستییەکانی مرۆڤ تەرخان کراوە، لە بواری چالاکیی پیشەسازیدا بەکار هاتووە. بە سەرنجدان بە گەشەکردنی پیشەسازی لە جیهانی ئەمڕۆدا، ئەم ڕێژەیە ڕۆژ بە ڕۆژ بەرزتر دەبێتەوە.

٧) ڕووبارەکان بە هۆی دیمەنی جوان و سروشتی دڵڕفێنی خۆیانەوە، دەتوانن ببنە سەرچاوەیەکی گرنگی پیشەسازیی تۆریزم. هەروا، دەکرێ لە پاڵ ئەمەیشدا هەندێ چالاکیی گەشتوگوزاریی وەک ڕاوەماسی، مەلەوانی و وەرزشە ئاوییەکان دەستەبەر بکرێن، کە لە هەمان کاتدا داهاتی زیاتریش بۆ وڵات دابین دەکات.

ئاوی ڕووبارەکانی کوردستان، بە شێوەیەکی گشتی لە هەموو ئەو بوارانەی سەرەوە کە ئاماژەمان پێ کرد، بەکار دێن، جگە لە گواستنەوە و کەشتیڕانی نەبێت. تەنیا ڕووباری دیجلە، دەتوانرێ بۆ کەشتیڕانی سوودی لێ ببینرێت، کە ئەویش مەودایەکی زۆر کورتی بە ناو خاکی کوردستاندا تێپەڕ دەبێ و سوودمەندیی ئەوتۆی نابێت. هەر بۆیە، هەموو بوارەکانی دیکەی بەکارهێنانی ئاوی ڕووبارەکان، وا دەکات سەنگی هیدرۆپۆلیتیکیی هەرێمی کوردستان لە چاو عێراق زیاتر بێت. لە ڕاستیدا، بە هۆی هەڵکەوتەی جوگرافی و بەو پێیەی کوردستان بەرامبەر بە عێراق بە ناوچەی سەرووڕووبار دادەنرێ، هەر بۆیە لە بواری ئاودا عێراق چاوی لە دەستی هەرێمی کوردستانە و، ئەمەیش بە خاڵی لاوازی دەوڵەتی عێراق و خاڵی بەهێزی کوردستان دادەنرێت. هەروا هەموو ئەو خاڵانەی سەرەوە کە ئاماژەمان پێ کرد، بە نۆرەی خۆیان سەنگی هیدرۆپۆلیتیکیی هەرێمی کوردستان لە بواری جۆراجۆری سیاسی، ئابووری و جیۆپۆلیتیکی، زیاتر دەکەن. ئەمەیش دەرفەت و توانای زیاتر بەم حکوومەتە دەدات بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی بەربەست و گرفتەکان و، لە هەمان کاتیشدا دەتوانێ توانای ئابووریی حکوومەت زیاتر بکات.

سیاسەتی ئاویی عێراق بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان

بە درێژاییی ساڵانی فەرمانڕەواییی حکوومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق لە کوردستان، ئەو سیاسەتە ئاوییەی کە گرتبوویانە بەر، پتر لە قازانجی ناوچە عەرەبییەکان بووە. لەمبارەیەوە د.شاکر خەسباک دەڵێ: "بەشی زۆری ئەو پرۆژانەی کە لەسەر ڕووبارەکانی ناوچەکەدا ئەنجام دراون، یان بەنیازە ئەنجام بدرێن، بە شێوەیەکی کەم نەبێت خزمەتی ناوچەکە ناکات." ئەم قسەیەی شاکر خەسباک، ڕووی ڕاستیی سیاسەتی ئاویی عێراق بەرامبەر بە کوردستان دەخاتە ڕوو. دەتوانین کاریگەرییە خراپەکانی سیاسەتی ئاویی عێراق لەسەر کوردستان لەم خاڵانەی خوارەوەدا دەستنیشان بکەین:

١) بە هۆی بەنداوەکانەوە (دوکان، دەربەندیخان، حەمرین و مووسڵ) ڕووبەرێکی زۆری زەویی بەپیتی کشتوکاڵی کوردستان کەوتنە ژێر ئاوەوە، کە پانتایییان دەگاتە ٩٣٨ کم چوارگۆشە، واتە ٣٧٥ هەزار دۆنم زەوی، کە لە دەشتە بەپیتەکانی شارەزوور، ڕانیە، ژەنگاری باکوور و حەمرین هەڵکەوتوون.

٢) ئامانجی هەندێک لەو پرۆژانە خزمەتکردنی سیاسەتی تەعریب بووە، بۆ نموونە پرۆژەی ئاودێریی کەرکووک بۆ ئاوەدانکردنەوە و ئاودێریکردنی ناوچەی حەویجە و دەشتی کەرکووک و پردێ بوو و، لە ئەنجامدا عەرەب لە هەموو ئەو ناوچانە نیشتەجێ کران و دانیشتووانی کورد ڕاگوێزران. هەروا لە ناوچەی گەرمیانیش، هەمان سیاسەت پەیڕەو کرا و بەشی هەرە زۆری ئەو گوندە کوردنشینانەی کە دەکەوتنە دوای بەنداوەکانی دەربەندیخان و حەمرین، ڕاگوێزران و عەرەبیان تێدا نیشتەجێ کران.

٣) گواستنەوەی ئاوی ڕووباری دیجلە بۆ ڕووباری فورات، لە ڕێگەی کەناڵی سەڕساڕ (ثرثار) بۆ قەربووکردنەوەی کەمئاویی فورات. دیارە ئەمه‌یش بە پشتبەستن بووە بە ڕێژگەکانی ڕووباری دیجلە وەک: زێی گەورە و بچووک، سیروان، عوزێم، ئەڵوەند و خابوور و هیزل، کە هەر هەموویان سامانی ئاویی خەڵکی کوردستان بوون. واتە ئەو سامانە ئاوییەی، کە ڕەواتر بوو خەڵکی کوردستان کەڵکی لێ وەربگرن، ڕەوانەی ناوچەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق دەکرا و، لەوێ پرۆژەی ئاودێریی لەسەر دروست دەکرا و، بەشی ناوچە کوردنشینەکانیش ڕاگواستنی دانیشتووانەکەی یان نیشتەجێکردنی عەرەب بووە.

ئەمڕۆیش، سیاسەتی ئاویی عێراق لەوەی جاران باشتر نییە، بەڵام ئەوەی کە گۆڕاوە ئەوەیە، کە ئیتر حکوومەتی عێراق وەک جاران دەسەڵاتی بەسەر سەرچاوە ئاوییەکانی کوردستاندا نییە تا بەگوێرەی سیاسەتی خۆی هەڵسوکەوتی پێوە بکات. هەر بۆیە، ئەمڕۆ ئەو پلانەی کە لە ڕابردوو بە قازانجی خۆیان دایان ڕشتبوو، بەسەریاندا شکاوەتەوە و، کارتێکی بەهێزیان داوەتە دەست حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کە دەتوانێ لە کاتی پێویستدا ئەم کارتە بەکار بهێنێ.

پوختە

پاش خستنەڕووی سەنگی هیدرۆپۆلیتیکیی هەرێمی کوردستان، ئەو ڕاستییەمان بۆ دەرکەوت کە هەرێمی کوردستان ناوچەیەکی دەوڵەمەندە بە سەرچاوە ئاوییەکان، کە بە درێژاییی مێژوو ئەم دەوڵەمەندییە، بووەتە هۆی چاوتێبڕین و تەماحی بێگانە و داگیرکردنی خاکی کوردستان، بۆ ئەوەی دەسەڵاتیان بەسەر ئەو سەرچاوە گرنگەدا بشکێت. هەروا بۆمان دەرکەوت، کە سامانی ئاوی کوردستان، دەتوانێ ببێتە سەرچاوەیەکی گرنگی بەهێزیی ئەم وڵاتە لە ڕووی هیدرۆپۆلیتیکییەوە، بەتایبەت  سەبارەت بە دەوڵەتی عێراق، کە دەوڵەتی خوارووی ڕووبارە لە چاو هەرێمی کوردستاندا. بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان بتوانێ کارتی ئاو لە ململانێ سیاسییەکانی ناوچەکەدا بەکار بهێنێ، وا پێویستە توانا تەکنیکی و زانستییەکانی خۆی لە بواری کۆنترۆڵکردن، بەڕێوەبردن و بەکارهێنانی سەرچاوە ئاوییەکان بەرزتر بکاتەوە و، بیگەینێتە ئاستێک کە بتوانێ لەمبارەیەوە قسەی خۆی لە ناوچەکەدا هەبێت.

هەرێمی کوردستان، بە سەرنجدان بە ژمارەی کەمی دانیشتووان و دەوڵەمەندیی بە سەرچاوە ئاوییەکان، دەتوانێ لە داهاتوودا ببێتە سەرچاوەیەکی گرنگی دابینکردنی ئاو بۆ وڵاتانی ناوچەکە، کە زۆربەیان وڵاتانی بیابانی و کەمئاون وەک: عێراق، سووریا، ئۆردن و سعوودیا؛ ئەمەیش دەتوانێ سەنگی هیدرۆپۆلیتیکیی کوردستان بگەیەنێتە بەرزترین ئاستی خۆی. هەروا، دەکرێ ئەم کارتە بخرێتە خزمەتی بوارەکانی دیکە سیاسەتی حکوومەتی کوردستان، وەک فراوانکردنی سەرچاوەکانی هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی ئەو دەوڵەتانەی کە ئاویان پێ دەفرۆشێت. ئەمەیش وا دەکات هاوسەنگی، لەو جۆرە مامەڵە و پەیوەندییانەدا دروست ببێ و، کوردستان لەژێر ڕەحمەت و گوشاری یەکلایەنەی ئەو دەوڵەتانە دەربچێت.    

  

سەرچاوەکان

١) د.ئازاد محەمەدئەمین نەقشبەندی، لێکۆڵینەوە کوردستانییەکان، بەڕێوەبەرایەتی چاپ و بڵاوکردنەوەی هەولێر، هەولێر، ٢٠١٣.

٢) سعيد رضايی، نقش سامانەهای اطلاعاتی فضاپايه در كاهش يا افزايش آسيب پذيری امنيت ملی، فصلنامه آفاق امنیت / سال چهارم / شماره دهم - بهار ١٣٩٠.

٣) د.عبدالرحمن صالح مزوري، الوزن الجیوپولیتیکي لمیاە الانهار في کوردستان، دار سپیریز، دهوک، ٢٠١٢.

٤) د.فەریدوون کاکەیی، داهات و ئەمنی ئاو لە هەرێمی کوردستاندا، سەنتەری لێکۆڵینەوەی ستراتیجیی کوردستان، سلێمانی، ٢٠٠١.

٥) محمدحسن نامی، جغرافیای سیاسی آبهای مرزی ایران (رودخانەها)، چاپ اول، نشر سهرە، تهران، ١٣٩٠.

٦) نجیب آقا فهیم، آب صلح و امنیت برای همە، چاپ اول، بنیاد هاینریش بل، کابل، ١٣٩٥.

٧) یارمحمد بای، هیدروپولیتیک رودهای مرزی، چاپ اول، مٶسسە ابرار معاصر تهران، ١٣٨٤.

 

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples