بەهای دانپێدانان بە دەوڵەتی نوێ لە یاسای نێودەوڵەتیی گشتیدا

پێشەکی

بابەتی دانپێدانان بە دەوڵەتانی تازە سەربەخۆ لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا، بە یەکێک لەو پرسانە دادەنرێ کە هەستیاری و گرنگیی تایبەت بە خۆی هەیە. چونکە ئەم پرسە، جگە لەوەی ڕەهەندێکی یاساییی هەیە، لە هەمان کاتیشدا ڕەهەندێکی سیاسیی هەیە، کە لەگەڵ بەرژەوەندیی سیاسی و ئابووری و... ی دەوڵەتاندا گرێ دراوە. هەر بۆیە دەوڵەتان لەم بوارەدا، زۆر بەئەسپایی و هەستیارییەوە مامەڵە دەکەن. لەدایکبوونی هەر دەوڵەتێکی نوێ لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، بەپێی پێگە و قەوارەی ئەو دەوڵەتە، جۆرێک لە گۆڕانکاری لە ژینگەی هەرێمی، یان نێودەوڵەتیدا دروست دەکات. بە سەرنجدان لە مێژووی دانپێدانانی دەوڵەتانی تازە سەربەخۆ، بۆمان دەردەکەوێت، ئەم پرسە پتر لەوەی کە بە پێوەری یاسایی لێک بدرێتەوە، بە پێوەری سیاسی و بەرژەوەندییە سیاسییەکان لێک دەدرێتەوە.

ڕێککەوتننامەی مۆنتێڤیدیۆ (Montevideo)  لە ٢٦ی دێسه‌مبەری ١٩٣٣ کە باس لە ئەرک و مافی دەوڵەتان دەکات دەڵێ: "دەوڵەت وەک کەسێکی یاسای نێودەوڵەتی، دەبێ خاوەن ئەم مەرجانەی خوارەوە بێت: ١- دانیشتووانی هەمیشەیی، ٢- خاکی دیاریکراو، ٣- حکوومەت و ٤- شیاویی چوونە ناو پەیوەندیی لەگەڵ دەوڵەتانی دیکە." ئەم پێوەرانە، پێوەرگەلێکی جێی باوەڕن، کە ڕەفتاری دەوڵەتان و بۆچوونی یاسازانانی یاسای نێودەوڵەتی هەر لە ڕابردووە هەتا ئێستا، دانیان پێدا ناوە و لەسەری ڕۆیشتوون.

بە سەرنجدان بەوەی کە هەرێمی کوردستان، ئێستا لە بەردەم قۆناغی ڕیفراندۆمدایە و، پێدەچێ لە داهاتوودا هەنگاو بەرەو سەربەخۆیی بنێت؛ بۆیە پاش ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی، ڕووبەڕووی ئەو ڕاستییە دەبێتەوە کە ئەویش بابەتی دانپێدانانی دەوڵەتانی دیکەیە بەم ئەندامە نوێیەی کۆمەڵگه‌ی نێودەوڵەتی. هەرچەندە، دانپێدانان خۆی لە خۆیدا فاکتەری دروستکەری دەوڵەت نییە و، پرۆسەی دەوڵەتسازی، جیاوازە لە پرسی دانپێدانان، بەڵام هۆکارێکی سەرەکییە بۆ ئەوەی ئەم دەوڵەتە نوێیە، ببێتە ئەندامێکی کارای کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و تووشی گۆشەگیری نەبێت. لەم وتارەدا تیشک دەخەینە سەر لایەنە جۆراوجۆرەکانی پرسی دانپێدانان بەگوێرەی یاسای نێودەوڵەتیی گشتی.

پێناسەی دانپێدانان

سەبارەت بە پێناسەی دانپێدانان بە دەوڵەت لە یاسای نێودەوڵەتیدا، هەروەک بابەتەکانی تر  بیروبۆچوونی جیاواز هەیە. لێرە لەبەر کەمیی دەرفەتەکە و بۆ ئەوەی خۆمان لەو مشتومڕە یاسازانییە دوور بخەینەوە، تەنیا گرنگترین و پەسندترینی ئەو پێناسانە دەخەینە ڕوو. کۆمەڵەی یاسای نێودەوڵەتی لە کۆبوونەوەی خۆی لە برۆکسڵ لە ساڵی ١٩٣٦، بەم جۆرە پێناسەی دانپێدانان (recognition) دەکات: "بریتییە لە کردارێکی ئازاد کە تێیدا دەوڵەت یان کۆمەڵێک دەوڵەت، دان بە بوونی کۆمەڵێکدا دەنێن کە خاوەن ڕێکخستنێکی سیاسییە لە خاکێکی دیاریکراو بە شێوەیەکی سەربەخۆ لە دەوڵەتانی تر و، توانای هەیە کە پابەندییەکانی یاسای نێودەوڵەتیی گشتی جێبەجێ بکات و، دەوڵەتەکان بە دانپێدانان نییەتی خۆیان ئاشکرا دەکەن کە ئەم دەوڵەتە ئەندامێکە لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی."

هەروا لە بەندی ١٠ لە چارتی بۆگۆتا لە ٢/٥/١٩٤٨، بەم جۆرە پێناسەی دانپێدانان دەکات: "ئەو دەوڵەتەی کە کەسایەتیی دەوڵەتی نوێی پێ بەخشراوە، هەموو ئەو ئەرک و مافانەی پێ دەبەخشرێ کە یاسای نێودەوڵەتی پێی داوە و، دەوڵەتان قبووڵی ئەمە دەکەن. هەروا لە بەندی ٩ لە چارتی بۆگۆتادا هاتووە: "بوونی سیاسیی دەوڵەت، سەربەخۆیە لە دانپێدانان و، بۆی هەیە هەموو مافەکانی یاسادانان و جێبەجێکردن و دادوەری مومارەسە بکات و، بەرگری لە سەربەخۆییی خۆی بکات و، هەموو کاروباری خۆی ڕێک بخات بەدەر لە دانپێدانان و، بەپێی یاسای نێودەوڵەتیی مومارەسەکردنی ئەم مافانە سنووردار ناکرێت، تەنیا ئەوانە نەبێت کە پەیوەندیی بە مافی دەوڵەتانی ترەوە هەیە."   

بەم جۆرە، دەردەکەوێ کە بەپێی یاسای نێودەوڵەتی، دەوڵەت کەسایەتیی نێودەوڵەتیی هەیە، هەر کاتێک بنەماکانی  دروستبوونی دەوڵەتی تێدا بێت؛ بەدەر لەوەی کە لە لایەن دەوڵەتانی دیکەوە دانی پێدا دەنرێت یان دانی پێدا نانرێت. واتە هەروەک گوتمان، پرۆسەی دەوڵەتسازی و پرسی دانپێدانان دوو بابەتی تەواو جیاوازن.

سروشتی دانپێدانان

لەمبارەیەوە یاسازانان بەسەر دوو بۆچوونی جیاوازدا دابەش بوون کە بریتین لەمانەی خوارەوە:

١) تیۆریی دانیێدانانی دروستکەر: بەپێی بۆچوونی ئەم یاسازانانە، دەوڵەت تەنیا لە ڕێگەی دانپێدانانەوە دەبێتە خاوەن کەسایەتیی نێودەوڵەتی و، جگە لەمەیش هیچ ڕێگەیەکی تری لە بەردەمدا نییە. بەم پێیە، دانپێدانان کەسایەتیی یاساییی دەوڵەتی نوێ دروست دەکات و بوونی یاساییی لەناو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا پێ دەبەخشێ و، بەم جۆرە دەبێتە کەسێک لە کەسانی یاسای نێودەوڵەتیی گشتی و، بەبێ دانپێدانان دەوڵەت تەنیا وەک ڕووداوێکی سادە دەمێنێتەوە. ئەم تیۆرییە، تیۆرییەکی کلاسیکە و ئەمڕۆ لە لایەن یاسازانانەوە پاڵپشتی ناکرێت.  

٢) تیۆریی دانپێدانانی دەرخەر: بەپێی ئەم تیۆرییە، ئەگەر بنەماکانی دروستبوونی دەوڵەت هاتنە دی، ئەوا دەبێتە کەسێک لە کەسانی یاسای نێودەوڵەتیی گشتی و، دانپێدانان تەنیا زەمینەی ئەوە دەڕەخسێنێ کە دەوڵەت پەیوەندیی لەگەڵ دەوڵەتانی تردا دروست بکات. دانپێدانەنان نابێتە هۆی هەڵوەشانەوەی دەوڵەت، بەڵکوو پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەو دەوڵەتە پەک دەخات کە دانی پێدا  نەناوە. لە ڕووی پراکتیکییەوە یاسای نێودەوڵەتی، ئەم تیۆرییە پەسند دەکات، هەروەک لە بڕیاری ناوبژیوانی لە نێوان ئەڵمانیا و پۆڵۆنیا لە ساڵی ١٩٣٩ دەربارەی دانپێدانان بە پۆڵۆنیا لە ساڵی ١٩١٩، جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە بەپێی بۆچوونی زۆربەی یاسازانانی نیودەوڵەتی، دانپێدانان کارێکی دروستکەر نییە، بەڵکوو تەنیا ڕێکارێکی دەرخەرە؛ چونکە دەوڵەت بوونی هەیە و دانپێدانان تەنیا ڕاگەیاندنێکە بۆ ئەم بوونە، کە لە لایەن دەوڵەتی دانپێدانەرەوە دەردەچێ. هەروا دادگه‌ی باڵای ئەمەریکاش لە بڕیارێکیدا لە ساڵی ١٨٠٨ دەڵێ: "سەروەریی دەوڵەتی نوێ، لە پێش دانپێدانانە و شتێکی سەربەخۆیە."

بەم جۆرە بۆمان ڕوون دەبێتەوە کە بەپێی بڕیاری دادگه‌ ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان و ڕای یاسازانان، ئاراستەی باو و پەسند لە یاسای نێودەوڵەتیی گشتی، جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە دانپێدانان تەنیا ڕێکارێکی دەرخەرە سەبارەت بە دروستبوونی دەوڵەتانی نوێ و هیچ كاریگەرییەکی دروستکەری نییە، بەڵام تەنیا ڕێ خۆش دەکات بۆ ئەوەی دەوڵەت بچێتە ناو پەیوەندییه‌وه‌ لەگەڵ دەوڵەتانی تردا.

جۆرەکانی دانپێدانان

دانپێدانان بەسەر دوو جۆردا دابەش دەبێت: یاسایی و واقعی. ئەم دابەشبوونە پشت بە بنەمای یاسایی نابەستێ، بەڵکوو پشت بە ئیعتباراتی سیاسی دەبەستێ. هەر بۆیە لە ڕووی شوێنەواری یاسایییەوە، هەردووکیان یەک شوێنەواریان هەیە:

١) دانپیدانانی یاسایی (De Jure Recognition): ڕێکارێکی ڕاشکاو و هەمیشەیییە، کە بەو پێیە و بەگوێرەی ئەحکامی یاسای نێودەوڵەتی، دەوڵەتێک دان بە یەکەیەکی تردا دەنێ وەک دەوڵەت. واتە بە شێوەیەکی کۆتایی، ویستی خۆی بۆ داننان بەم یەکەیە بەکار دەهێنێ. ئەمەیش ڕێکارێکە کە ناکرێ لێی پاشگەز ببێتەوە و، لە ئەنجامدا پەیوەندیی دیپلۆماسی لە نێوان هەر دوو دەوڵەتدا دێتە ئاراوە.

ئەم جۆرە لە دانپێدانان، تەنیا سیفەتی دەرخەری هەیە و جەختکردنەوەیە لە ڕووداوێک کە بەکرداری بوونی هەیە. یاسازان "ستارک" لەو باوەڕەدایە، کە ئەم دانپێدانانە شیاو نییە بۆ پاشگەزبوونەوە و شیاوی تانەلێدان نییە، تەنانەت ئەگەر پاڵنەری سیاسیی پەتییش لە پشتییەوە هەبێت.

٢) دانپێدانانی واقعی (De Facto Recognition): ئەمەیش لە کاتێکدا دێتە دی، کە دەوڵەتێک گومانی لە سەقامگیریی ئەو یەکە نوێیەی کە دروست بووە هەبێت، بە سەرنجدان بەو دۆخەی کە تێیدا دەژی، یان لەبەر ئیعتباراتی سیاسی. هەر بۆیە ئەو دەوڵەتە، بە هۆی بەرژەوەندییە سیاسییەکانی خۆیەوە بە شێوەیەکی کۆتایی، دان بەو یەکەیەدا نانێت و، پەنا دەباتە بەر ئەم جۆرە لە دانپێدانان، کە دەتوانێ کاتی بێت و هەر کاتێک بیەوێت لێی پاشگەز ببێتەوە. ئەم هەڵوێستە کاتێک دێتە دی، کە دەوڵەتێک بیەوێت هەڵوێستێکی ناوەنجیی لە بەرامبەر ئەو یەکە نوێیەدا هەبێت؛ لە هەمان کاتدا واقع پشتگوێ نەخات و هەلی زیاتر بە خۆی بدات و، هەڵوێستی نادۆستانە وەرنەگرێت و، پەلە نەکات لە دانپێدانانی کۆتایی، کە دواتر ناتوانێ لێی پاشگەز ببێتەوە. هەروەک گوتمان لەوانەیە ئەم دوو جۆرە لە دانپێدانان، کاریگەریی لە بواری دیپلۆماسیدا هەبێت، بەڵام لە ڕووی ژینگەی یاسایییەوە هیچ جیاوازییان نییە و یەک شوێنەواریان هەیە. 

مەرجەکانی دانپێدانان

بۆ ئەوەی دەوڵەتێک لە لایەن دەوڵەتانی دیکەوە دانی پێدا بنرێت، پێویستە کۆمەڵێک مەرجی تێدا بێت، کە بریتین لەمانەی خوارەوە:

١) بوونی دەوڵەتی سەربەخۆ: یەکەمین مەرجی دانپێدانان، بوونی دەوڵەتێکی سەربەخۆیە بەدوور لە کۆنترۆڵی دەوڵەتێکی دەرەکی، تەنانەت ئەگەر دەوڵەتی دایکیش بێت. ئەگەر دەوڵەتی نوێ لە لایەن دەوڵەتی دایکەوە دانی پێدا بنرێت، ئەمە هاندانێکی گەورەیە بۆ دەوڵەتانی دیکە کە ئەوانیش بەسانایی، دان بەو دەوڵەتە نوێیەدا بنێن. بەڵام ئەگەر دەوڵەتی دایک، دان بەم دەوڵەتە نوێیەدا نەنێت، ئەوا دەوڵەتانی دیکە بەگوێرەی پەیوەندییان لەگەڵ دەوڵەتی دایک یان بەرژەوەندییەکانیان بڕیار لەسەر ئەم پرسە دەدەن. هەتا دەوڵەتی نوێ لەدایک نەبێت، سروشتییە کە دەوڵەتانی دیکە پیش ڕووداوەکان ناکەون. دەبێ سەرەتا ڕووداوەکە ڕوو بدات، ئینجا چاوەڕێی هەڵوێست لە وڵاتانی دیکە بکەین. دانپێدانان لە بنەڕەتدا پێویستیی بە بوونی کەسایەتییەکی یاسایی هەیە، کە توانای پابەندبوونی بە شوێنەوارەکانی دانپێداناندا هەبێت.   

٢) دەسەڵاتی کاریگەر: مەرجی دووەم بۆ دانپێدانانی دەوڵەت، بوونی دەسەڵاتێکی کارا و کاریگەرە، کە بتوانێ ڕێکوپێکی و سەقامگیریی ناوخۆیی بپارێزێت و، بە جۆرێکی وا بێت کە خەڵک ملکەچی بن. ئەگەر دەوڵەتێکی نوێ نەتوانێ ئەم مەرجە بەدی بهێنێت، ئەوا ئەستەمە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییش دانی پێدا بنێت. لە ساڵی ١٨٧٥ سەرۆک گرانت لە ئەمریکا، ڕەتی کردەوە کە دان بە سەربەخۆییی کووبادا بنێت، هەرچەندە دەسەڵاتی ئیسپانیا لەوێ لەناو چووبوو، بەڵام هێشتا دەسەڵاتێکی کاریگەر و سەقامگیری تێدا نەبوو.

٣) قەڵەمڕەوی دیاریکراو: بوونی خاک و قەڵەمڕەوێکی دیاریکراو و سنووردار، مەرجە بۆ ناساندن و دانپێدانانی دەوڵەت، چونکە دەوڵەتی سەربەخۆ ناتوانێ بوونی هەبێت ئەگەر سنوورەکانی دەوڵەت بەڕوونی دیاری نەکرێت. ئەگەر سنوورەکانی دەوڵەت بەدڵنیایییەوە دیاری نەکرابێت، لەوانەیە دانپێدانانی مەرجدار بێتە ئاراوە؛ وەک دانپێدانانی ئەو دەوڵەتانەی کە پاش جەنگی جیهانیی یه‌كه‌م دروست بوون و، بەپێی ڕێککەوتنەکانی ئەوسا دیاریکردنی سنوورەکان بە ڕێککەوتننامەی ئاشتی بەسترایەوە.

٤) بەرژەوەندی: بێ گومان دەوڵەتانی جیهان بۆ داننان بە دەوڵەتانی تر، بەرژەوەندییە نیشتمانی و سیاسییەکان و... ی خۆیان لەبەر چاو دەگرن. ئەستەمە دەوڵەتێک دان بە سەربەخۆییی دەوڵەتێکی تردا بنێت، کە دژ بە بەرژەوەندییەکانی ئەو بێت. هەندێ جار دەوڵەتێک بۆ داننان مەرج دادەنێ، بۆ نموونە: ئەمریکا مەرجی ئەوەی بەسەر وڵاتانی ئەمەریکای لاتین دانا، کە هیچ ئیمتیازێک بە ئیسپانیا نەدەن. لە پاڵ ئەمەیشدا هەندێ فاکتەری دیکەیش بۆ دانپێدانان ڕۆڵ دەبینن، وەک: پەیوەندییە ئایینییەکان، سیستەمی سیاسی، شارستانییەتی هاوبەش، بنەمای یاسایی و هتد.

ڕۆڵی نەتەوە یەکگرتووەکان لە دانپێدانان

زانایەک بە ناوی موسلێر (Mosler) دەڵێ كه‌ لە کاتی دروستبوونی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە، دانپێدانان لە لایەن دەوڵەتانه‌وه‌ تا ڕاددەیەکی زۆر، گرنگیی خۆی لەدەست داوە. قبووڵکردنی دەوڵەتی نوێ لە نەتەوە یەکگرتووەکان، سنوورێکی بۆ دەوڵەتان داناوە هەتا کاریگەرییان لەسەر پرسی دانپێدانان کەمتر ببێتەوە. هەر لەگەڵ بەئەندامبوونی دەوڵەتێک لە نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەوا ئەحکامەکانی چارتی نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەری دەچەسپێت و دەبێتە ئەندامێکی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و، ملکەچ دەبێ بۆ یاسا و ڕێساکانی، تەنانەت ئەگەر هەندێ لە دەوڵەتانیش دانی پێدا نەنێن، بۆ نموونە: دانپێدانەنانی کۆمکاری عەرەبی بە ئیسڕاییل، یان ئەڵمانیای فیدراڵی بە ئەڵمانیای دیموکراتی. لەبەر ئەوەی ئەو دوو وڵاتە ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکان بوون، ئەوا دانپێدانەنانی دەوڵەتانی دیکە کاریگەریی نەبوو لەسەریان و، ئەوان وەک دەوڵەتی کارا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا ڕۆڵیان هەبوو.

ئەگەر دەوڵەتێک دان بە دەوڵەتی نوێدا نەنێت، بەو پێیەی کە هەموویان ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکانن، ئەوا هەموویان پابەندن بە چارتی نەتەوە یەکگرتووەکان و بەگوێرەی بەندی ٢/ب ٤ لە چارت، نابێ دژ بەو دەوڵەتە نوێیە هەڕەشەی بەکارهێنانی هێز بکەن یان دژ بە سەروەریی خاک و سەربەخۆییی سیاسیی ئەو یەکە نوێیە بوەستنەوە. چونکە ئەم ڕەفتارانە پێچەوانەی مەبەستەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانە و، بەپێی چارت ئەمە بە پێشێلکاریی پابەندییەکانی دەوڵەتانی ئەندام دادەنرێت. بەئەندامبوون لە نەتەوە یەکگرتووەکان، وا دەکات کە دەوڵەتانی دیکە نەتوانن دانپێدانان وەک چەکێک یان ئامرازێکی سزایی بۆ بەدیهێنانی بەرژەوەندییە سیاسییەکانی خۆیان بەکار بهێنن و، لەم ڕێگەیەوە گوشار لەسەر دەوڵەتی نوێ دروست بکەن.

سەرەڕای ئەمەیش، هەندێ جار ئەنجومەنی ئاسایش (لەسەر ڕاسپاردەی کۆمەڵەی گشتی) داوای کردووە دان بە سەربەخۆییی هەندێ یەکەی دیاریکراودا نەنرێت، کە هەوڵیان داوە سیفەتی دەوڵەت وەربگرن، وەک: داننەنان بە سەربەخۆییی ڕۆدیسیا لە ساڵی ١٩٦٥ و سەربەخۆییی ترانسکی لە باشووری ئەفریقا لە ساڵی ١٩٧٦؛ ئەمەیش لەبەر ئەوەی ڕاگەیاندنی سەربەخۆییی ئەم دوو دەوڵەتە، بەشێک بووە لە سیاسەتی جیاکاریی ڕەگەزی. هەروا لە ساڵی ١٩٨٣ کە کۆماری تورکیی باکووری قوبرس سەربەخۆییی ڕاگەیاند، ئەنجومەنی ئاسایش داوای لە ئەندامانی خۆی کرد دان بەم وڵاتەدا نەنێن، چونکە ئەمە پێچەوانەی ڕێککەوتنەکانی ساڵی ١٩٦٠ بوو. لە ساڵی ١٩٩٠ پاش داگیرکردنی کوێت لە لایەن عێراقەوە و، ڕاگەیاندنی دەوڵەتی کاتیی کوێتی ئازاد، ئەنجومەنی ئاسایش بە بڕیاری ژمارە ٦٦١ لە ٦/٨/١٩٩٠، وێڕای سەرکۆنەکردنی عێراق، داوای لە ئەندامانی خۆی کرد دان بەم ڕژێمەدا نەنێن، کە لە لایەن هێزێکی داگیرکەرەوە دامەزراوە. ئەمەیش ئەو ڕاستییەمان بۆ دەردەخات کە هەڵوێست و بڕیارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لەمبارەیەوە، ڕۆڵێکی گرنگیان هەیە بۆ بەدەستهێنانی سیفەتی دەوڵەت بۆ هەر یەکەیەکی نوێ و، ئەم بڕیارانەیش لە لایەن ئەندامانی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە سیفەتی پابەندبوونیان هەیە.

کۆبەند

لەم وتارەدا بۆمان دەرکەوت، پرسی دانپێدانان، پرسێکی تەواو جیاوازە لە پرسی دروستبوونی دەوڵەت. دەوڵەت بەبێ دانپێدانان دەتوانێ لە ناوخۆی وڵاتەکەیدا مومارەسەی هەموو دەسەڵاتەکانی خۆی بکات. گرنگیی دانپێدانان لەوەدایە، کە دەوڵەت ناتوانێ لە هەمبەر دەوڵەتانی تر مومارەسەی ئەرک و مافەکانی خۆی بکات، هەتا لە لایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە دانی پێدا نەنرێت. دانپێدانەنان جۆرێک لە گۆشەگیری بۆ دەوڵەتی نوێ دروست دەکات، بەڵام نابێتە هۆی لەناوچوونی ئەو دەوڵەتە، چونکە مەرجێک نییە لە مەرجەکانی دروستبوونی دەوڵەت.

 سەبارەت بە دانپێدانان بە دەوڵەتی داهاتووی کوردستان، زۆر گرنگە کە بە دوو ئاراستەدا کار بکات: یەکەم، بەدەستهێنانی ڕەزامەندیی دەوڵەتی دایک، واتە عیراق بۆ سەربەخۆیی، کە ئەمەیش ڕێگە بۆ دانپێدانانی دەوڵەتانی دیکە خۆش دەکات؛ تەنانەت ئەو دەوڵەتانەیش کە ئێستا زۆر دژایەتیی سەربەخۆییی کوردستان دەکەن.دووەم، لەدەرگه‌دانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ وەرگرتنی دەوڵەتی کوردستان لەو ڕێکخراوە، کە ئەمەیش وا دەکات سیحری دانپێدانەنانی دەوڵەتانی تر بەتاڵ بکاتەوە. بەئەندامبوونی کوردستان لە نەتەوە یەکگرتووەکان کلیلی کردنەوەی زۆر لەو دەرگه‌ داخراوانەیە، کە لەوانەیە دەوڵەتانی نەیاری سەربەخۆییی کوردستان، بەنیازن لەسەر کوردستان دای بخەن. هەر بۆیە زۆر گرنگە، کە کوردستان هەوڵ بدات ڕیفراندۆم، یان هەر هەنگاوێک بە ئاراستەی سەربەخۆیی بە چاودێری و ڕەزامەندیی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنجام بدات، چونکە ئەمە جۆریک لە پابەندیی یاسایی و ئەخلاقی دەخاتە ئەستۆی نەتەوە یەکگرتووەکان و، لە داهاتوودا ڕێخوشکەر دەبێت بۆ ئەوەی دەوڵەتی نوێی کوردستان بەئاسانی ببێتە ئەندام لەو ڕێکخراوەدا. 

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples