بنه‌ما ئابوورییه‌كانی هه‌رێم؛ سه‌ربه‌خۆیی و پرۆسه‌ی بنیاتنانی ده‌وڵه‌ت

 بەرایی

بێ گومان سەروەریی یاسا، بە یەکێک لە ئامانجەکانی هەر سیستەمێكی حوکمڕانیی دیموکراتی دادەنرێ. گلن تیندر دەڵێ: "لە ڕۆژاوا هیچ ئایدیایەکی سیاسی، پتر لە ئایدیای سەروەریی یاسا باڵادەست نییە". گرنگترین ئەرکی یاسا، لە لایەکەوە ڕێکخستنی پەیوەندیی نێوان دەوڵەت و هاووڵاتیانە و، لە لایەکی ترەوە ڕێکخستنی پەیوەندیی هاووڵاتیانە لەگەڵ یەکتردا. بە ئاڵۆزبوونی هەرچی زیاتری ئەم پەیوەندییانە، چەمکی سەروەریی یاسا تۆختر و دیارتر دەبێت. ئەگەر گەشەکردنی سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیری، بەرهەمی دەوڵەتێکی باش بێت، ئەوا دەبێت ئەو دەوڵەتە لەسەر بنەمای سەروەریی یاسا بنیات نرابێت.

دیارە سەروەریی یاسا دەرەنجامی گەشەکردنی سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیریی کۆمەڵگەیە. خاڵی پێچەوانەی ئەم سیستەمەیش، مێنتەڵێتی و سەروەریی خێڵە، کە دەبێتە بەربەست لە بەردەم چەسپاندنی یاسا. دەتوانین بڵێین ئەم دووانە، دوو جەمسەری ناتەبا و دژبەیەکن، کە گەشەکردنی هەر یەکەیان پاشەکشەکردنی ئەوی تری لێ دەکەوێتەوە.

لە چەندین ساڵی ڕابردوو، لەناوچە جۆراوجۆرەکانی کوردستان بینەری دەیان حاڵەتی پێشێلکردنی یاسا و تۆڵەکردنەوە و کاردانەوەی خێڵەکی بووین، وەک: هێرشکردنە سەر پزیشک و نەخۆشخانەکان، دامودەزگه‌کانی دیکەی دەوڵەت وەک دادگە، پۆلیس، بارەگای لایەنە سیاسییەکان و...، کە هەندێ جار ئاگرتێبەردان و سووتاندن و، تەنانەت مردنی هاووڵاتیانیشی لێ کەوتۆتەوە. ئاشکرایە، ئەم دیاردانە سنووری حاڵەتی تێ پەڕاندووە و خەریکە دەبێتە دیاردەیەکی زەق. ئەمەیش جگە لەوەی سەروەریی یاسا دەباتە ژێر نیشانەی پرسیارێکی گەورەوە، لە هەمان کاتدا ئاسایشی کار و پیشە و ئاسوودەییی هاووڵاتیانیش دەخاتە بەردەم مەترسیی جددییەوە. دوا نموونەی ئەم دیارەیەیش، ڕووداوەکەی ناوچەی باڵەکایەتی بوو، کە ئەزموونێکی تاڵ بوو بۆ پرسی سەروەریی یاسا لە هەرێمی کوردستان. لەم وتارەدا هەوڵ دەدەین پرسی سەروەریی یاسا، مێنتەڵێتیی خێڵ و هۆکارەکانی سەرهەڵدانی ئەم دیاردەیە بخەینە بەر باس.

چەمکی سەروەریی یاسا

سەروەریی یاسا، یەکێکە لەو چەمکە بنەڕەتییانەی کە ئەمڕۆ لە بوارەکانی فەلسەفە، یاسا، سیاسەت، ئابووری، مێژوو و کۆمەڵناسی، سەرنجی خاوەنڕایانی ڕاکێشاوە. سەروەریی یاسا، وەک بنەما و بەهایەک بۆ ڕێگەگرتن لە تاکڕەوی و بەکارهێنانی خۆسەرانەی یاسا، شرۆڤە دەکرێت. ئەم پرەنسیپە، ئیلهامبەخشی هەندێ بنەمای دیکەیە وەک دەستوورگەرایی، یاساگەرایی، بەرپرسیارێتی، وەڵامگۆیی و جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان. لە لایەکی ترەوە، سەرنجدان لە سەروەریی یاسا و پەسندکردنی دەرەنجامەکانی، بە یەکێک لە فاکتەرەکانی حوکمڕانیی باش دادەنرێت، کە خاوەن بەهایەکی جیهانگیرە. بەم پێیە، سەروەریی یاسا وەک پێوەرێکی هەڵسەنگاندنی سیستەمە یاسایی و سیاسیییەکان سەیر دەکرێ. هەر بۆیە ئەم سیستەمانە، بەگوێرەی پابەندبوونیان بە بنەماکانی سەروەریی یاسا، دەکەونە بەردەم وەڵامگۆیی و هەڵسەنگاندن. تا ئەو کاتەی سەروەریی یاسا لە وڵاتێکدا جێگیر نەبێت و لە لایەن دەسەڵاتدارانەوە ڕێزی لێ نەگیرێت و دانی پێدا نەنرێت، ئەوا ئەو سیستەمە بە واتا هاوچەرخەکەی، بە سیستەمێکی یاسایی دانانرێت. 

سەبارەت بە پێناسەی سەروەریی یاسا دەگوترێ "سەروەریی یاسا وەک چەمکێکی زۆر گرنگ، نە پێناسە کراوە و نە بەئاسانیش پێناسە دەکرێ." ئەمەیش بۆ فرەییی ڕەگەز و فاکتەرەکانی پێکهێنەری ئەم چەمکە دەگەڕێتەوە، کە بەپێی تێڕوانینە جۆراوجۆرەکان گۆڕانیان بەسەردا دێت. هەر بۆیە، پێناسەکردنی ئەم زاراوەیە مشتومڕێکی قووڵی لە نێوان خاوەنڕایاندا دروست کردووە. سەروەریی یاسا وەک بەهایەکی یاسایی-سیاسیی لیبراڵی خراوەتە ڕوو و، بە خاڵی بەرامبەری حکوومەتی تاکەکەس پێناسە دەکرێ.

هەرچەندە چەمکی سەروەریی یاسا، هەر لە دێرزەمانەوە لە لایەن فەیلەسووفەکانەوە باسی لێوە کراوە و گرنگیی پێ دراوە، بەڵام لە ڕاستیدا، بەناوبانگترین و تێروتەسەڵترین دەربڕین دەربارەی ئەم چه‌مکە، دەدرێتە پاڵ "ئالبێرت ڤان دایسی". تەنانەت بە ڕای زۆرێک لە هزرڤانانی ئەم بوارە، دایسی بە دانەری زاراوەی سەروەریی یاسا (Rule of Law) لە قەڵەم دەدرێت. کتێبەکەی ئەو به‌ ناوی "سەرەتایەک بۆ توێژینەوەی یاسای دەستووری"، کاریگەرییەکی ئەوەندە فراوانی لە ئەدەبیاتی یاسایی و سیاسیدا هەبووە، کە بە سەرچاوەی سەرەتاییی هەموو ئەو بەرهەمانە دادەنرێ کە لە بواری سەروەریی یاسادا نووسراون. مێژووی هزری سەروەریی یاسا، بە خستنەڕووی تیۆریی دایسی، چووە ناو قۆناغێکی نوێ و پڕ لە هەوراز و نشێوه‌وه‌. لە ڕوانگەی دایسییەوە، سێ پێناسەی کلاسیکی سەروەریی یاسا بریتین لەمانەی خوارەوە:

یەکەم، حکوومەت نابێ شتێکی دڵخوازانە بێت، بەڵکوو دەبێ بەپێی ڕێسایەکی گشتی کار بکات. نابێ کەس بە شێوەیەکی نایاسایی سزای جەستەیی، یان داراییی بەسەردا بسەپێنرێت، تەنیا بە شێوەیەکی یاسایی و لەسەر بنەمای پێشێلکردنێکی دیاری یاسایەکی دانراو نەبێت لە بەردەم دادگە عورفییەکانی وڵاتدا. دووەم، هەموو هاووڵاتیان لە بەرامبەر یاسادا یەکسانن. سەروەریی یاسا، بە واتای یەکسانییە لە بەرامبەر یاسا، یان ملکەچبوونی یەکسانی هەموو چینەکانە بۆ یاسا ئاسایییەکانی وڵات، کە لە لایەن دادگەکانەوە جێبەجێ دەکرێن. سێیەم، بنەما بنەڕەتییەکانی دەستووری بریتانیا، بەرهەمی بڕیارە دادوەرییەکانی پەیوەندیدارە بە مافی تاکەکان لەسەر بنەمای یاسای عورفی: "... دەستوور بەرهەمی یاسای عورفیی وڵاتە".

هەروا بەپێی پێناسەی نەتەوە یەکگرتووەکان، سەروەریی یاسا بریتییە لە: "پرەنسیپێک بۆ حوکمڕانی، کە تێیدا هەموو کەس و دامودەزگە و قەوارەکان و بەشە گشتی و تایبەتییەکان و لەوانەیش خودی دەوڵەت، بەرپرسن بەرامبەر بەو یاسایانەی کە بە شێوەی ئاشکرا دەردەچن و، بەیەکسانی لەسەر کۆمەڵگە پیادە دەکرێن و، لەو چێوارچێوەیەدا پەنا بۆ دادوەریی سەربەخۆ دەبردرێت، کە لەگەڵ پێوەرەکان و ڕێککەوتننامەکانی مافی مرۆڤدا دەگونجێ."

تێگەیشتن لە سەروەریی یاسا، بە دوو ئاراستەی ڕواڵەتی و بابەتی باسی لێوە دەکرێت. لە تێگەیشتنی ڕواڵەتی، ملکەچبوون بۆ یاسا دانراوەکان، یان گەرەنتی و جێبەجێکردنی بنەمای یاساییبوونیان، وەک بنچینە وەردەگیرێت. لە تێگەیشتنی بابەتی، گرنگی بە هەندێ بنەما و پێوەری دیکەی سەروویاسایی و ئەخلاقی دەدرێت، وەک بنەماکانی یاسای سروشتی و دادپەروەری، کە ئەمانە دەبنە بەشێکی جیانەکراوەی تیۆریی سەروەریی یاسا. لەبەر ڕۆشناییی ئەم تیۆرییە، پەیوەندیی نێوان دەسەڵات، یاسا و ئازادی پێناسە دەکرێت.

چەمکی مێنتەڵێتیی خێڵ

مێنتەڵێتیی بەکۆمەڵی کورد، هێشتا هەر مێنتەڵێتیی خێڵەکییە و هەمان نەخش و سیماکانی ئاوەزی خێڵی تێدا چەندبارە دەبێتەوە. ئەم مێنتەڵێتییە، پاش ئەو هەموو گۆڕانەی بەسەر جیهانی ئەمڕۆدا هاتووە، هێشتا هەر لە قۆناغی چەقبەستووییدایە و لە جێی خۆیدا پەل دەکوتێ و هیوای بەرەوپێشچوونی ئەوتۆی لێ ناکرێ. تێڕوانینی خێڵەکی، بەردەوام لە ڕابردوودا دەژێت و، شانازی بە ڕابردووی باوباپیرانی خۆیەوە دەکات و پیرۆزیان دەکات. تاکی خێڵەکی، بەرژەوەندیی خێڵ لە سەرووی هەموو بەرژەوەندییەکی گشتی و نیشتمانی و مرۆیییەوە دەبینێ و، تەنیا لە دەلاقەی خێڵەوە جیهانی دەرەوە دەبینێ.

لە چاخی جیهانگیریدا، کە سنووری نێوان گەلان ڕوو لە نەمانە، ئەوان بەردەوام لە نێوان خۆیاندا هەر خەریکی هەڵچنینی دیوارن. ئەمڕۆ بە هۆی تێکەڵبوونی خێڵەکان بە شار، ئەوان دەستیان گەیشتووەتە دامودەزگەکانی دەوڵەت و، دەستوەردانی هەموو کاروباری دەوڵەتداری و حوکمڕانییش دەکەن. ئەوان دەیانەوێت هەموو کارەکان بە دڵی ئەوان و، بەگوێرەی مێنتەڵێتی و بەرژەوەندیی خێڵەکیی ئەوان بێت. لەم پێناوەدا، دەستیان بەسەر زۆرێک لە دامودەزگەکانی دەوڵەتدا گرتووە و گوێڕایەڵییان بۆ یاسا زۆر لاوازە. مێنتەڵێتیی خێڵەکی، مڵۆزمی شارستانییەت و دامودەزگە مەدەنییەکانە و، هەر شتێک لە دەرەوەی سیستەمی خێڵەکی، بە ناحەز و نەیار دەزانێت. گەشەکردنی مێنتەڵێتیی خێڵ، بەردەوام هەڕەشە لەسەر چەمکی هاووڵاتیبوون دەکات، چونکە تاکی خێڵەکی، گوێڕایەڵیی بۆ نیشتمان لاوازە و، پتر گوێڕایەڵیی بۆ خێڵ و سەرۆکخێڵ و بەها خێڵەکییەکانە.

ئەم جۆرە مێنتەڵێتییە، بەردەوام خۆی لە سەنگەری دژ بە سەروەریی یاسا و بەها یاسایییە چەسپاوەکان و، دامودەزگەکانی جێبەجێکردنی یاسا دەبینێتەوە. لە دۆخێکی لەم جۆرەدا، سەروەریی یاسا و مێنتەڵێتیی خێل، دەبنە دوو جەمسەری دژ بەیەک؛ بەهێزبوونی هەر یەکەیان لاوازبوونی ئەوی تری لێ دەکەوێتەوە.

هەڵوێستی دەستوور و یاسا

یەکێک لەو دیاردە خێڵەکییانە، کە بەردەوام هەڕەشە لە سەروەریی یاسا دەکات، گیانی تۆڵەکردنەوەیە. لە کۆمەڵگەیەکی مەدەنیدا، دەبێ یاسا سەروەر بێت و ئەو حوکمی کۆمەڵگە بکات و، مافی مافخوراو وەربگرێتەوە. بەڵام لە کۆمەڵگەیەکی خێڵەکیدا، تاک ئەگەر ستەمێکی لێ کرا، ئەوا پەنا بۆ یاسای سەردەم نابات، بەڵکوو بە دەستی خۆی، یان بە پاڵپشتیی خێڵ تۆڵە دەکاتەوە. لە دۆخێکی لەم جۆرەدا، سزا بەگوێرەی تاوانەکە نابێت، هەر بۆیە زۆر جار سنووری یاسا و تەنانەت ئامۆژگارییە ئایینییەکانیش تێ دەپەڕێنێ؛ ئەمەیش وا دەکات لایەنی دووەمیش، بە هەمان گیانی تۆڵەکردنەوە هەڵسوکەوت لەگەڵ بابەتەکەدا بکات. بەردەوامیی ئەم دۆخە، وای کردووە کە بەردەوام کەشێکی تۆڵەکردنەوەی خێڵەکی، وەک "شمشێری داموکلێس"، هەڕەشە لە ئاشتی و ئاسایش و سەقامگیریی کۆمەڵگە بکات. لەم کۆمەڵگەیەدا، گیانی لێبووردەیی لاوازە و بە ترسنۆکی ناو دەبردرێت و، پەنابردنە بەر دادگە و یاسا، بە بێدەسەڵاتی لە قەڵەم دەدرێت. پەندی پێشینانی کوردی، پڕیەتی لەو گوتەی تۆڵەئامێزانە وەک: حاشا لەو هەقەی شەوی بەسەردا بێت، هەق دەبێت بە دەستی خۆت بیسێنیت، خوین بە ئاو ناشۆرێت، لە جێی سندان قوزەڵقورتە، قازانی مێردان بە حەوت ساڵ دێتە جۆش و هتد.

بەندی ٤٥/ دووەم لە دەستووری عێراقی دەڵێت: "دەوڵەت سوور دەبێت لە گەشەپێدانی هۆزە عێراقییەکان و گرنگی بە کاروباریان دەدات بەو شێوەیەی کە لەگەڵ ئایین و یاسا گونجاو بێت و، بەها مرۆیییە جوانەکانیان بەهێز دەکات؛ بە جۆرێک کە ڕۆڵی هەبێت لە گەشەپێدانی کۆمەڵگە و، قەدەغەی ئەو نەریتە خێڵەکییانە دەکات کە لەگەڵ مافی مرۆڤدا ناتەبان.

ئاشکرایە، کە دانەرانی دەستووری عێراقی لەژێر کاریگەریی هۆز و خێڵەکاندا بوونە و، بە دیدێکی سیاسی هەڵسوکەوتیان لەگەڵ ئەم بابەتەدا کردووە. ئەوان بۆ دڵنەواییکردنی خێڵەکان، لەناو دەستووردا دانیان بە ڕۆڵ و بوونی ئەواندا ناوە، کە ئەمەیش خۆی لە خۆیدا لەگەڵ بنیاتنانی دەوڵەتێکی مەدەنیدا نەتەبایە، کە لەسەر بنەمای مافی هاووڵاتیبوون پێناسەی دانیشتووانی وڵات دەکات. سەرباری ئەمەیش، دانەرانی دەستوور هەستیان بە مەترسیی باڵادەستیی نەریت و کەلتووری خێڵەکی کردووە، هەر بۆیە دواجار کۆتی ئەوەیان بۆ داناوە کە نابێ لەگەڵ یاسا و ئایین و مافی مرۆڤدا ناتەبا بێت.

لە سۆنگەی بەردەوامیی ئەو جۆرە پێشێلکارییانە لەناو کۆمەڵگەی عێراقی، یاسادانەر بۆ گەرەنتیکردنی ئاسایشی جێبەجێکەرانی یاسا، کە زۆر جار تووشی کاردانەوەی خێڵەکیی هەندێ کەس دەبنەوە، لە ڕێگەی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی شۆڕشی هەڵوەشاوە (کە بڕیارەکانی هێزی یاسایان هەبووە لە عێراقدا و، ئەو بڕیارانەیشی کە هەتا ئێستا بەفەرمی هەڵنەوەشاوەتەوە بەرکارن و ڕۆژانە کاریان پێ دەکرێت) بڕیاری ژمارە ٢٤ی ساڵی ١٩٩٧ی دەرکرد بۆ قەدغەکردنی داواکاریی (مطالبات) خێڵەکی، کە تێیدا دەڵێت: "سزا دەدرێ بە بەندکردن، لە ماوەیەک کە کەمتر نەبێ لە سێ ساڵ، هەر کەسێک کە داواکاریی (مطالبات) خێڵەکی بکات دژ بەو کەسەی کە هەڵساوە بە جێبەجێکردنی یاسا، یان ئەو فەرمانەی کە لە لایەنێکی باڵاوە بۆی دەرچووە."

هەرچەندە لە بەندەکانی ٢٢٩ و ٢٣٠ لە یاسای سزاکانی عێراقیی ساڵی ١٩٦٩، باس لە دەستدرێژی بۆ سەر فەرمانبەران و ئەو کەسانە کراوە، کە خزمەتێکی گشتییان پێ دەسپێردرێ، بەڵام ئەم بڕیارە جگە لەوەی توندکردنەوەیە لەسەر هەمان بابەت، لە هەمان کاتدا بەدیاریکراوی، بابەتی داواکارییە خێڵەکییەکانی خستۆتە ژێر چەتری پاراستنی یاسای سزایی، لەو پانتایەی کە یاسای سزاکان ئاماژەی پێ نەکردووە. هەروا ئەم تاوانە دەچێتە ڕیزی ئەو تاوانانەی کە مافی گشتیی تێدایە، کە لە حاڵەتی لێخۆشبوونی دادخوازیش پەڕاوی لێکۆڵینەوە داناخرێ و، پەڕاوەکە ڕەوانەی دادگەی تایبەتمەند دەکرێت و تۆمەتبار سزای خۆی وەردەگرێت. ئامانج لە دەرکردنی ئەم بڕیارەیش، گەڕاندنەوەی شکۆ و سەروەرییە بۆ یاسا و دامودەزگەکانی دەوڵەت و ڕێگەگرتنە لە زاڵبوونی مێنتەڵێتیی خێڵەکی بەسەر یاسا و دامودەزگه‌کانی دەوڵەتدا.

ئەم بڕیارە لە هەرێمی کوردستاندا بەرکار نییە، چونکە پاش دامەزراندنی پەرلەمانی کوردستان لە ساڵی ١٩٩٢، هەر یاسا و بڕیارێک کە لە لایەن دەسەڵاتی یاسادانانی عێراقییەوە بۆ جێبەجێبوونی لە هەرێم دەرچووبێت، دەبێ لە لایەن پەرلەمانی کوردستانەوە بڕیاری بەرکاربوونی بۆ دەربچێت. بۆیە جێی خۆیەتی یاسادانەری کوردستانی، بیر لە دانانی یاسایەکی نوێ و هاوچەرخ بکاتەوە بۆ ڕێگەگرتن لە باڵادەستبوونی کەلتوور و نەریتی خێڵەکی بەسەر پرەنسیپی سەروەریی یاسادا.

هۆکارەکانی لاوازیی سەروەریی یاسا

دەتوانین گرفتەکانی بەردەم سەروەریی یاسا و زاڵبوونی مێنتەڵێتیی خێڵ لەم خاڵانەی خوارەوەدا بەرجەستە بکەین:

١) بەسیاسیکردنی چەمکی یاسا و خێڵ: کاتێک جێبەجێکردنی یاسا لەگەڵ بەرژەوەندیی خێڵ، یان سەرۆکخێڵێک ناتەبا دەبێت، دەسەڵات بۆ دڵڕاگرتنی خێڵ و کەڵکوەرگرتنی سیاسییانە لە ئەندامانی خێڵ، زۆر جار بەندەکانی یاسا پشتگوێ دەخات و بەگوێرەی میزاجی خێڵ هەڵسوکەوتی سیاسییانە لەگەڵ دۆخەکەدا دەکات. لە ئەنجامی ئەم جۆرە هەڵسوکەوتانە، سەروەریی یاسا دەبێتە قوربانیی بەرژەوەندییەکانی خێڵ. بەردەوامیی ئەم دۆخە، بەرەبەرە ئەو کەلتوورە خراپە لەناو کۆمەڵگەدا بڵاو دەکاتەوە و، لە ئەنجامدا پێشێلکردن و بەسیاسیکردنی یاسا دەبێتە دیاردەیەکی ئاسایی.

٢) لاوازیی دامودەزگەکانی دەوڵەت و بێمتمانەییی هاووڵاتیان: لاوازیی دامودەزگەکانی دەوڵەت، کە لە بنەڕەتدا دەبێ جێبەجێکار و پارێزەری سەروەریی یاسا بن، وا دەکات خەڵک متمانەیان بەو دامودەزگەیانە نەمێنێ و، بۆ وەرگرتنەوەی مافی خۆیان ڕوو لە خێڵ بکەن. زۆر جار بیرۆکراسیی ئەو دەزگه‌یانە و، لەوانەیش سیستەمی دادوەری بە جۆرێکە، کە هاووڵاتی لە کاتی پەنابردنیش بۆ ئەو دەزگەیانە دواتر داواکەی بەجێ دەهێڵێ و، لە ڕێگەی ڕێککەوتنی خێڵەکی لە دەرەوەی دادگە، کێشەکەی چارەسەر دەکات.

٣) هێژموونیی حزب بەسەر دامودەزگەکانی دەوڵەت: کەلتووری هەڵەی حزبایەتی لە هەرێمی کوردستان وای کردووە، کە حزبەکان بەدەر لە چوارچێوەی ئاسایی و یاساییی خۆیان، بەسەر هەموو جومگەکانی دەسەڵاتدا زاڵ ببن و، سیستەمی "پشکپشکێنە"ی حزبایەتی پەیڕەو بکەن. لە ئەنجامی سیستەمی "حزبسالاری" لە کوردستان، نزیکایەتی و ملکەچی بۆ حزب و دەسەڵاتدارانی ناو حزب، بووەتە پێوەری وەرگرتنی هەر جۆرە پۆست و پلە و پایە و دەستکەوتێک و، پێوەرەکانی شایستەسالاری بەتەواوی پشتگوێ خراون. بێ گومان لە ئەنجامی ئەم کەلتوورە سیاسییەوه‌، حزبەکان بۆ ڕاستکردنەوەی ململانێ حزبییەکان و کەڵکوەرگرتن لە خێڵ و سەرۆکخێڵەکان لە کاتی هەڵبژاردنەکاندا، چاوی تەماح دەبڕنە خێڵەکان؛ ئەمەیش وا دەکات هێژموونیی سیستەمی خێڵەکی زیاتر ببێت. خێڵەکانیش ئەم دەرفەتە بۆ وەرگرتنی پۆست و پلە و پایە بۆ ئەندامانی خێڵ و، چنینەوەی دەستکەوتە ئابوورییەکان دەقۆزنەوە. 

٤) ئه‌بدێتنەبوون و کەموکورتی لە یاساکان: هەندێ جار ڕەنگە یاسا بەرکارەکانی وڵات وەک پێویست ئه‌بدێت نەبن، یان کەموکورتییان تێدا بێت و، نەتوانن وەڵامدەرەوەی خواستەکانی کۆمەڵگە بن؛ ئەمەیش وا دەکات کە هاووڵاتیان لە یاسا بێئومێد ببن. لە ئەنجامی ئەم دۆخە، خەڵک بەدوای جێگرەوەیەکدا دەگەڕێن کە کێشەکانیان چارەسەر بکات و، لەوانەیە دواجار پەنا بۆ میکانیزمی خێڵەکی، یان تۆڵەکردنەوەی کەسی ببەن، کە ئەمەیش دەبێتە هۆی پاشەکشەکردنی پرەنسیپی سەروەریی یاسا.

٥) ناهاوسەنگبوونی دەسەڵاتەکان و لاوازبوونی چاودێری: ناهاوسەنگبوونی دەسەڵاتەکانی یاسادانان، جێبەجێکردن و دادوەری لە وڵاتانی گەشەنەکردوو، وای کردووە دەسەڵاتی جێبەجێکردن بەسەر دەسەڵاتەکانی دیکەدا زاڵ ببێت و، لە ئەنجامدا میکانیزمی چاودێری و باڵانسکردنی دەسەڵاتەکان لاواز ببێت، کە ئەمەیش کاریگەریی نەرێنیی لەسەر پرەنسیپی سەروەریی یاسا هەیە.

٦) بڵاوبوونەوەی بەرفراوانی چەک: لە هەر دەوڵەتێکی یاساسەروەر، چەک تەنیا لە دەستی دەوڵەتدایە، یان لە حاڵەتێکی زۆر سنووردار و بەپێی ڕێوشوێنێکی توند ڕێگە بە هاووڵاتیان دەدرێ چەک هەڵبگرن. لە هەرێمی کوردستان، سەرەڕای هەبوونی یاسای چەک و سنووردارکردنی لە ڕوانگەی یاساوە، بەڵام ئەم یاسایە وەک پێویست جێبەجێ نەکراوە و بەئاشکرا کڕین و فرۆشتن بە چەکەوە دەکرێ و، ڕێژەیەکی بەربڵاوی چەک لەناو هاووڵاتیاندا بڵاو بووەتەوە؛ ئەمەیش هاندەر بووە بۆ پێشێلکردنی یاسا و کەڵکلێوەرگرتنی بۆ تۆڵەکردنەوەی خێڵەکی.

کۆبەند

پاش ئەوەی کورتەیەک لە چەمکی سەروەریی یاسا و مێنتەڵێتیی خێڵمان خستە ڕوو، بۆمان دەرکەوت کە گەشەکردنی دیاردەی خێڵگەرایی، کاریگەریی نەرێنیی لەسەر سەروەریی یاسا هەیە. لە ڕاستیدا ئەم دوو چەمکە، دووانەیەکی دژبەیەکن کە گەشەکردنی هەر یەکەیان پاشەکشەکردنی ئەوی تری لێ دەکەوێتەوە. لە دۆخی ئەمڕۆدا، دەبێ لایەنە سیاسییەکان لە بەسیاسیکردنی چەمکی یاسا و خێڵ دوور بکەونەوە و ئەم دوو بابەتە لە ململانێ سیاسییەکاندا بەکار نەهێنن، بۆ ئەوەی هەندێ کەس، خێڵ نەکەن بە ئامرازێک بۆ بەدەستهێنانی دەستکەوت و پلە و پایە. هەر وا، پێویستە لەمبارەیەوە بە ئاراستەی کۆمەڵگەیەکی مەدەنی و دیموکرات، فەرهەنگسازی بکرێت، کە تێیدا یاسا و بەها مرۆیی و شارستانییەکان باڵادەست بن نەک مێنتەڵێتیی خێڵ. جگە لەمەیش، پێویستە یاسایەک دەربکرێت بۆ بەتاوان زانینی دەستێوەردانی خێڵەکی لە کاروباری دامودەزگەکانی دەوڵەت و، ڕێگریکردنیان لە جێبەجێکردنی یاسا.

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples