پێشەکی:
پاش ڕووخانی ڕژێمی بەعس لە ساڵی ٢٠٠٣ سەردەمێکی نوێ لە عێراق دەستی پێ کرد. وا چاوەڕوان دەکرا پاش پەسندکردنی دەستووری عێراق لە ساڵی ٢٠٠٥ و، پێناسەکردنی عێراق وەک دەوڵەتێکی فیدراڵی و کۆمارێکی پەرلەمانیی دیموکراتی، ئەم دروشمە نوێیە بەکردەوە جێبەجێ بکرێت. دەتوانین بڵێین بە درێژاییی دەیان ساڵی ڕابردوو، پرسی کەرکووک، خاڵی جەوهەریی ناکۆکی و چەقی ململانێی نێوان کوردستان و حکوومەتی عێراق بووە.
بەهای ناسنامەیی- ئابووریی کەرکووک بۆ لایەنە ناکۆکەکان بە جۆرێکە، کە هیچ کام لە لایەنەکانی ململانێ، ئامادە نین وازی لێ بهێنن. ناکۆکییەکان لە کەرکووک بە جۆرێک چڕ بووەتەوە، کە هەموو جۆرە کەلێن و ململانێیەکی نەتەوەیی (کورد، عەرەب و تورکمان)، ئایینزایی (سوننە و شیعە)، حزبی (حزبە سیاسییە کوردییەکان لەگەڵ یەکتر، هەروا لەگەڵ حزبە سیاسییە عەرەبی و تورکمانییەکان)، هەرێمی و نێودەوڵەتییەکانی لە ناخی خۆیدا کۆ کردۆتەوە. ئەمەیش وای کردووە، کە چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە ڕۆژ بە ڕۆژ ئاڵۆزتر ببێت و لق و پۆپی جۆراجۆری لێ بکەوێتەوە.
لە دوای هێرشی داعش بۆ سەر عێراق و کوردستان، دۆخێکی نوێ هاتە ئاراوە و، لە ئەنجامی شکست و هەڵهاتنی سوپای عێراق لە تەواوی پاریزگهی کەرکووک، ئەو هەلە بۆ هەرێمی کوردستان ڕەخسا، کە لە ڕووی سەربازی و کارگێڕییەوە، بەتەواوی بەسەر کەرکووکدا زاڵ ببێت. بەڵام لە دوا ڕۆژەکانی کۆتاییهاتنی جەنگی داعش و پاش ڕیفراندۆمی گەلی کوردستان، هەروەک بینینمان لە ڕووداوێکی تراژیکدا، کەرکووک کەوتەوە بن دەستی حکوومەتی عێراق.
ململانێ لەسەر کەرکووک پاش هەڵوەشانەوەی دەوڵەتی عوسمانی و دۆزینەوەی نەوت لەم شارە دەستی پێ کرد و، وای کرد کە جیۆپۆلیتیکی ئەم ناوچەیە گۆڕانی ڕیشەییی بەسەردا بێت. کەرکووک هەمیشە چەق و ناوەندی ململانێی نێوان کورد و حکوومەتی عێراق بووە و، بە کلیلی چارەسەری کێشەی کورد لەم وڵاتەدا دادەنرێ. هەر بۆیە لەم وتارەدا، دەمانەوێ تیشک بخەینە سەر سیناریۆ چاوەڕوانکراوەکان بۆ ئاییندەی کەرکووک.
کەرکووک و مێژووی تەعریب
کەرکووک بە یەکێک لە شارە کۆنەکانی ناوچەکە دادەنرێت، کە لە داوێنی ناوچە دەشتاوییەکانی زنجیرە چیای زاگرۆس هەڵکەوتووە. لە سەردەمی سەرجۆنی ئەکەدی بە ئارابخا ناوی هاتووە و لە سەردەمی عوسمانییەکان پایتەختی ویلایەتی شارەزوور بووە. لە سەدەی نۆیەمی کۆچییەوە بە کەرکووک ناو براوە. پاش دۆزینەوەی نەوت لە ساڵی ١٩٢٧ لەم شارە، هەوڵەکان بۆ گۆڕینی واقعی دیمۆگرافیی ئەم ناوچەیە دەستی پێ کرد. یەکەم هەنگاوی تەعریب، لە سەردەمی مەلیک غازی و وەزارەتی یاسین هاشمی لە ساڵی ١٩٣٧ دەستی پێ کرد، ئەویش بە هێنانی ٢٠ هەزار خێزانی عەرەب لەژێر ناوی یەکەی زەویوزار، کە لە نێوان حەویجە و داقوق و تازەخورماتوو نیشتەجێ کران. دوا بە دوای ئەمەیش، سیاسەتی تەعریب و گۆڕینی دیمۆگرافیای ئەم ناوچەیە، بووە بەشێک لە سیاسەتی نەگۆڕی دەوڵەتی عێراق. بەپێی بەرنامەیەک لە ساڵی ١٩٦٣ بە شێوەیەکی توندوتیژ و، لە ساڵی ١٩٦٨ پاش هاتنەسەرکاری بەعسییەکان بە شیوازێکی هێمنانە و تۆکمەتر دەستی پێ کرد. سیاسەتی تەعریب هەموو شێوازەکانی سیاسی، ئابووری، کارگێڕی و فەرهەنگیی گرتەوە، وەک: ڕووخاندنی گەڕەکە کوردییەکانی کەرکووک (کۆماری و ئازادی)، ڕاگواستنی گوندە کوردییەکان و دەرکردنی دانیشتووانەکەی و نیشتەجێکردنی عەرەب لە شوێنیان، دەرکردن و گواستنەوەی فەرمانبەران و کرێکارانی کورد لە دامودەزگهکانی ناوچەکە، بەتایبەت کۆمپانیای نەوت، دابڕینی قەزا و ناحیە کوردییەکان لە پارێزگهی کەرکووک وەک: کەلار، کفری، چەمچەماڵ، خورماتوو؛ گۆڕینی ناوی شار و گوند و گەڕەکە کوردییەکان، نەهێشتنی خوێندنی کوردی و هەموو جۆرە سیماکانی کوردی لە ناوچەکە، بەتایبەت لە شاری کەرکووک.
کەرکووک و ماددەی ١٤٠ لە دەستووری عێراقی
سەرەڕای هەموو ڕەخنە و مشتومڕەکان لەسەر ماددەی ١٤٠ لە دەستووری عێراقی، بەڵام هەتا ئێستایش تاکە مەرجەعی دەستوورییە بۆ چارەسەرکردنی گرفتی ناوچە کێشەلەسەرەکان و لەوانەیش کەرکووک. ئەگەر بێت و ئەم ماددەیە پشتگوێ بخرێ یاخود ڕەت بکرێتەوە، ئەوا هێز دەبێتە تاکە ڕێگه بۆ دیاریکردنی چارەنووسی کەرکووک و ناوچە کێشەلەسەرەکان. لەم کاتەیشدا، لایەنی بەهێز دەتوانێ بە شێوەیەکی کاتی براوەی گۆڕەپانەکە بێت.
ماددەی ١٤٠ی دەستوور، هەمان ماددەی ٥٨ی یاسای بەڕێوەبردنی دەوڵەتە لە ساڵی ٢٠٠٤، کە دەقاودەق گواستراوەتەوە بۆ دەستووری ساڵی ٢٠٠٥. ڕائید فەهمی کە لە ئابی ٢٠٠٧- حوزەیرانی ٢٠١١ سەرۆکی لیژنەی جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ بووە، باس لە گرفتەکانی جێبەجێبوونی ئەم ماددەیە دەکات و دەڵێ: "لەو ماوەیەی کە سەرۆکی ئەم لیژنەیە بووم، کۆمەڵێک گرفت هاتنە پێشەوە، کە ڕێگر بوون لەوەی بتوانین قۆناغی ئاساییکردنەوە (تطبیع) تێ پەڕێنین، هەتا بڕۆینە ناو قۆناغی سەرژمێری (احصاء) و ڕیفراندۆم (استفتاء). بۆ نموونە پێدانی قەرەبوو بە زیانلێکەوتووان، پێویستی بە سێ ملیار دۆلار هەبوو، بەڵام لە ساڵی ٢٠٠٧، تەنیا ١٥٠ ملیۆن دۆلار بۆ ئەم مەبەستە تەرخان کرا، کە بەم پێیە ١٠ ساڵ کاتمان پێویست بوو هەتا قۆناغی یەکەم تەواو بکەین. هەروا گرفتی دیکە، ئاساییکردنەوەی سنووری کارگێڕیی پارێزگهی کەرکووک بوو، ئایا ڕیفراندۆم لە سنووری شارەکە ئەنجام بدرێت یان لە سنووری پارێزگهکە؟ ئایا ئەگەر سنووری پارێزگهکە بێت، لە سنووری ئێستای پارێزگه ئەنجام بدرێ یان لە سنووری ساڵی ١٩٦٨؟ ئەو میکانیزمەی لە ماددەی ٥٨ دیاری کرابوو، ئەوە بوو کە ئەنجومەنی سەرۆکایەتیی کۆمار، ئەوکات بە تێکڕای دەنگ، دەبێ ناوچە دابڕاوەکان و سنووری کارگێڕییان دیاری بکات. ئەگەر ئەوانیش نەگەیشتنە ڕێککەوتن، ئەوا ئەنجومەنی سەرۆکایەتیی کۆمار ناوبژیوانێکی بێلایەن دەستنیشان دەکات بە مەبەستی توێژینەوە لە بابەتەکە و پێشکەشکردنی ڕاسپاردە. ئەگەر هات و ئەنجومەنی سەرۆکایەتیی کۆمار نەیتوانی لەسەر ناوبژیوانێک ڕێک بکەوێت، ئەوا داوا لە سکرتێری نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەن، کەسایەتییەکی نێودەوڵەتیی بەناوبانگ وەک ناوبژیوان دیاری بکات."
پارێزگهی کەرکووک، لەنێو هەموو ناوچە جێناکۆکەکاندا تایبەتمەندیی زیاتری پێ دراوە بەو پێیەی ماددەی ١٤٠ تەواوی پارێزگهکە دەگرێتەوە، بە هەموو قەزا و ناحیەکانییەوە. کورد داوای گەڕانەوەی کەرکووک دەکات بۆ سەر هەرێمی کوردستان. پێکهاتەی عەرەب لەگەڵ ئەوەدایە وەک بەشێک لە حکوومەتی فیدراڵی بمێنێتەوە. زۆرینەی تورکمانیش، بە باشی دەزانن کەرکووک وەک هەرێمێکی سەربەخۆ لە چوارچێوەی عێراقدا بناسرێت.
دەرەنجامەکانی لکاندنی کەرکووک بە هەرێمی کوردستان
لکاندنی کەرکووک بە هەرێمی کوردستان، کۆمەڵێک دەرەنجامی لێ دەکەوێتەوە، کە لە خوارەوە ئاماژەی پێ دەکەین:
١) زیادبوونی ڕووبەر و ژمارەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان: لە کاتی ئێستادا، سنووری کارگێڕیی هەرێمی کوردستان چوار پارێزگهی هەولێر، سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجە لەخۆ دەگرێ. بە لکاندنی پارێزگهی کەرکووک، کە ڕووبەرەکەی ٩٦٧٩ کم ٢ و ژمارەی دانیشتووانی ١٥٠٠٠٠٠ کەسە، ئەوا ڕووبەر و ژمارەی دانیشتووانی هەرێم زیاتر دەبێت و، سنووری جوگرافیی هەرێم دەگاتە چیای حەمرین.
٢) بەهێزبوونی توانای ئابووریی هەرێم: کەرکووک خاوەنی ١٣-١٥ ملیار بەرمیل یەدەکی نەوتە، کە ئەمەیش توانای ئابووریی هەرێم بە ڕێژەیەکی بەرچاو بەرز دەکاتەوە. جگە لەمەیش دەشتێکی بەپیت و بەربڵاوی هەیە، کە چەندین پرۆژەی ئاودێریی بۆ کراوە؛ کە ئەمەیش کاریگەریی باشی دەبێ لە دابینکردنی پێداویستییە کشتوکاڵییەکان بۆ هەرێمی کوردستان.
٣) پەرەسەندنی توانای سیاسیی هەرێم: لکاندنی کەرکووک بە هەرێم، دەبێتە هۆی زیادبوونی توانا سیاسییەکانی هەرێم و ژمارەی نوێنەرانیان لە پەرلەمانی عێراق، کە ئەمەیش سەنگی هەرێم لە ململانێ و هاوکێشە سیاسییەکانی ناو عێراقدا زیاتر دەکات.
٤) بە هێزبوونی هەرێمگەرایی و لاوازبوونی ناوەندگەرایی: لە ئەنجامی زاڵنەبوونی گوتاری ناسنامهگەراییی عێراقی و لکاندنی کەرکووک بە هەرێم، گوتاری هەرێمگەرایی لە عێراق بەهێزتر دەبێ، کە ڕەنگە ئەمەیش هاندەری پارێزگهکانی تر بێت، بۆ ئەوەی داوای هەرێمی نوێ بکەن لە عێراقدا و، لە ئەنجامدا گوتاری ناوەندگەرایی لاوازتر دەبێ.
٥) فراوانبوونی دوژمنایەتی و پیلانگێڕی دژ بە هەرێمی کوردستان: لە ئەنجامی لکاندنی کەرکووک بە هەرێمی کوردستان، هەندێ هێز و لایەنی ناوخۆیی وەک عەرەبی سوننە، عەرەبی شیعە و تورکمان و دەوڵەتانی عێراق، ئێران و تورکیا خۆیان بە زیانمەند دەزانن. هەر بۆیە دەستەوەستان نابن و هەوڵەکانیان بۆ زیانگەیاندن بە هەرێمی کوردستان چڕتر دەکەنەوە و، تەنانەت پەنا بۆ بژاردەی سەربازییش دەبەن؛ هەروەک چۆن لە ڕووداوەکانی ١٦ ئۆکتۆبەردا بینیمان.
٦) پشتبەستنی زیاتری کورد بە پاڵپشتیی دەرەکی: لکاندنی کەرکووک بە کوردستان و پاراستنی ئەم دەستکەوەتە، کارێکی قورسە. لە ئەنجامدا، کورد ناچار دەبێ بۆ پاراستنی ئەم دەستکەوتە، پشت بە دەوڵەت و لایەنی دەرەکیی وەک ئەمریکا و ئەوروپا و... ببەستێ. ئەمەیش دەبێتە هۆی ئەوەی، کە پشتبەستنی هەرێمی کوردستان بە هێزە دەرەکییەکان زیاتر ببێت.
٧) پەرەسەندنی کاریگەری و دەستڕۆییی ڕێبەرانی کورد: لکاندنی کەرکووک بە هەرێم، دەبێتە هۆی پەرەسەندنی سەنگی سیاسی و ئابووریی ڕێبەرانی کوردستان و، دەستڕۆیی و کاریگەریی مەعنەویی ئەوان لە عێراق و پارچەکانی دیکەی کوردستان، زیاتر دەبێت. ئەمەیش دەبێتە هۆی یەکڕیزی و یەکپارچەییی زیاتری هەرێمی کوردستان و، توانای ململانێ و دیالۆگی کورد لە هەمبەر ڕکابەرە ناوخۆیی و هەرێمییەکان زیاتر دەکات. لە حاڵەتی لەدەستدانی کەرکووک، پێچەوانەکەی ڕاستە و توانای ڕکابەرانی کورد زیاتر دەبێت.
٨) فەراهەمبوونی زەمینەی سەربەخۆییی کوردستان: بە لکاندنی کەرکووک بە هەرێم، توانای ئابووریی هەرێم بە ڕێژەیەکی بەرچاو گەشە دەکات و ژێرخانی ئابووریی پێویست بۆ سەربەخۆییی کوردستان دەستەبەر دەبێت؛ چونکە کەرکووک ٤٠%ی یەدەکی نەوتی عێراق لەخۆ دەگرێ، کە بە لکاندنی بە هەرێمی کوردستان، وا دەکات ئەم ناوچەیە ببێتە یەکێک لە ١٠ وڵاتی گەورەی بەرهەمهێنەری نەوت لە جیهاندا.
سیناریۆ چاوەڕوانکراوەکان بۆ ئاییندەی کەرکووک
پارێزگهی کەرکووک، یەکێکە لەو پارێزگهیانەی کە هەر دوو فاکتەری سیاسەت و نەتەوە ڕۆڵێکی بەرچاویان لە گۆڕێنی جوگرافیای سیاسی و مرۆییی ئەم پارێزگهیەدا هەبووە. دوو بگۆڕی گرنگی جوگرافیای فەرهەنگی، واتە زمان و نەتەوە و، بگۆڕی جوگرافیای ئابووری، واتە بوونی سەرچاوەی بەرفراوانی وزە، بوونەتە هۆی ئەوەی کە سیاسەتێکی نەتەوەگەریی توند لەم ناوچەیەدا پەیڕەو بکرێ. لکاندنی کەرکووک بە هەرێمی کوردستان، لە داهاتوودا دەبێتە گرفتێک، کە تێیدا چەندین ئەکتەری ناوخۆیی وەک کورد، عەرەب و تورکمان و، ئەکتەرانی هەرێمی وەک عێراق، ئێران و تورکیا و، ئەکتەرانی نێودەوڵەتی وەک ئەمریکا، بریتانیا، ڕووسیا و فەڕەنسا و کۆمپانیا گەورە نەوتییەکان و... ڕۆڵی تێدا دەگێڕن. ئەمەیش وای کردووە ئەم بابەتە، ڕەهەندی ئاڵۆزتر لەخۆ بگرێ و چارەسەرکردنی قورستر و ئەستەمتر ببێت. بەم پێیە دەتوانین وێنای چەندین سیناریۆی جیاواز بۆ ئاییندەی کەرکووک بکەین، کە لە خوارەوە دەیانخەینە ڕوو:
١) جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠: ئەمە ئەو میکانیزمە دەستوورییەیه، کە ئەگەر بەنیازپاکی لە لایەن هەر دوو لایەنی کێشەکە (حکوومەتی عێراق و هەرێم) جێبەجێ بکرێت، ڕەنگە تا ڕاددەیەکی باش بتوانێ کۆتایی بەم کێشەیە بهێنێ و، ڕێگە لەوە بگرێ پەنا بۆ توندوتیژی ببردرێت. لە کاتی ئێستادا، بە سەرنجدان لەوەی کە ١٢ ساڵ بەسەر پەسندکردنی دەستووری عێراقیدا تێ پەڕیوە و، هێشتا قۆناغی یەکەمی جێبەجێ نەکراوە، هەر بۆیە لایەنی عێراقی لە جێبەجێکردنی ئەم ماددەیە جددی نییە. لە پاڵ ئەوەدا، لایەنی کوردییش ستراتیژێکی ڕوونی نیشتمانیی بۆ جێبەجێکردنی ئەم ماددەیە نییە و، پتر چاویان لە دەستکەوتە تەسکە حزبییەکانە هەتا بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان. هەر بۆیە، هیچ ئاسۆیەکی ڕوون بۆ جێبەجێبوونی ئەم ماددەیە بەدی ناکرێ. سەرەڕای ئەوەیش، هەندێ لایەنی عێراقی بانگەشەی ئەوە دەکەن، کە ئەم ماددەیە لە ٣١/١٢/٢٠٠٧ ماوەکەی تەواو بووە و بەسەر چووە.
٢) بەکارهێنانی هێزی سەربازی وەک چارەسەر: لە ڕوانگەی عەقڵییەتی پاوانخوازیی هێزە سیاسییەکانی ناو عێراق، ڕەنگە ئەمەیش بە یەکێک لە ڕێگهچارەکانی کێشەی کەرکووک دابنرێ. هەتا ساڵی ٢٠٠٣ بە درێژاییی دەیان ساڵ، دەوڵەتی عێراق بە پەنابردن بۆ هێز، دەستی بەسەر ئەم ناوچەیەدا گرتبوو، بەڵام لە ئەنجامدا بینیمان پاش ساڵی ٢٠٠٣ جۆرێک لە ئیدارەی هاوبەش لە کەرکووک هاتە ئاراوە. لە ئەنجامی جهنگی داعش، لایەنی کوردی بە هۆی هەڵاتنی سوپای عێراق لە ناوچەکە، توانییان لە ڕووی سەربازییەوە بەسەر بەشێكی زۆری پارێزگهی کەرکووکدا زاڵ ببن، بەڵام لە ١٦/١٠/٢٠١٧ دەوڵەتی عێراق لە ڕێگهی بەکارهێنانی هێز، بەسەر ناوچەکەدا زاڵ بوو. گۆڕانکاریی لە دۆخەکە ئەوەمان پێ دەڵێت، کە بە سەرنجدان بە ئاڵۆزیی دۆخی کەرکووک و بوونی ئەکتەر و بەرژەوەندیی جۆراجۆر و دژبەیەک، هیزی سەربازی، تەنیا دەتوانێ بۆ ماوەیەکی کاتی کاریگەریی هەبێت و، چارەسەرێکی واقعی و ڕیشەیی نییە بۆ کێشەی کەرکووک. جگە لەمەیش مەترسیی هەڵگیرساندنی جەنگێکی گەورە و درێژخایەنی لێ دەکرێت.
٣) دانانی کەرکووک لەژێر چاودێریی نەتەوە یەکگرتووەکان: بە هۆی بەردەوامیی دۆخی هەڵواسراو و گرژی لە پارێزگهی کەرکووک، لەوانەیە ببێتە سەرچاوەی جەنگێکی بەربڵاو و درێژخایەنی ناوخۆیی و تەنانەت هەرێمییش. بۆیە، ئەمەیش دەبێتە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایش و ئاشتیی نێوەدەوڵەتی. لە ئەنجامدا، ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان دەتوانێ دەستێوەردان لەم بابەتە بکات و، بە دەرکردنی بڕیارێک پارێزگهی کەرکووک بخاتە ژێر چاودێریی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ماوەیەکی ڕاگوزەری دیاریکراو، (بۆ نموونە ١٠ ساڵ) و، تێێدا دەسەڵاتەکان لە نێوان پێکهاتەکانی کەرکووکدا دابەش بکات. ئەم پێشنیارە، پێشتر لە لایەن گرووپی قەیرانە نێودەوڵەتییەکانەوە خراوەتە ڕوو.
٤) چارەسەری سازان (توافق): بە هۆی ئاڵۆزیی دۆخی کەرکووک، دەکرێ بە ڕێککەوتنی نێوان هەموو لایەن و پێکهاتەکانی کەرکووک و هەر دوو حکوومەتی هەرێم و عێراق، بۆ ماوەیەکی دیاریکراو کارکردن بە ماددەی ١٤٠ دوا بخرێت و، میکانیزمی سازان بگیرێتە بەر بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە. بۆ نموونە، پارێزگهی کەرکووک بەو سنوورانەی ئێستای، بخرێتە ناو سنووری هەرێمی کوردستان بە دۆخێکی تایبەت، وەک پێدانی جۆرێک لە ئۆتۆنۆمی، لە هەمان کاتدا لە لایەن حکوومەتی فیدراڵەوە بەڕێوە بچێت و ماددەی ١٤٠ بۆ ماوەی چەند ساڵێک دوا بخرێت. دەکرێ لە هەمان کاتدا کۆمەڵێک چارەسەری تەوافوقیی دیکەیش دابنرێت بۆ بەڕێوەبردنی سەرچاوە نەوتییەکان بە ڕێککەوتنی نێوان هەر دوو لا و، دەکرێ لایەنی سێیەمیش وەک چاودێر تێیدا ئامادە بێت. هەروا دەکرێ ڕێگهچارەیەکی دیکەیش ئەوە بێت کە کەرکووک بخرێتە سەر هەرێمی کوردستان، بەڵام دەسەڵاتی کەرکووک بەیەکسانی لە نێوان پێکهاتەکاندا دابەش بکرێت. ڕێگهچارەی سازان بۆ ناکۆکییەکان بەوە دێتە دی، کە هەموو لایەنەکان واز لە کۆمەڵێک داواکاریی خۆیان بهێنن. ڕێگهچارەی سازان جەخت لەسەر دوو ڕەهەند دەکاتەوە: ڕەهەندی یەکەم، پەیوەندیی بە هەڵکەوتەی کارگێڕیی کەرکووکەوە هەیە، کە ئایا لە ناوەوە، یان لە دەرەوەی هەرێم بێت. ڕەهەندی دووەمیش، پەیوەندیی بە دابەشکردنی دەسەڵاتەکانەوە هەیە لە نێوان پێکهاتەکان و لە نێوان هەولێر و بەغدا.
٥) گەڕانەوە بۆ بەڕێوەبردنی هاوبەش: ئەمەیش بە واتای گەڕانەوەیە بۆ دۆخی ساڵی ٢٠١٤ بەر لە هێرشی داعش بۆ سەر کەرکووک. لەو کاتەدا، بە ڕێککەوتنێکی نەنووسراو، بەڕێوەبردنی پارێزگهی کەرکووک بەهاوبەشی بوو لە نێوان هەولێر و بەغدا. دەکرێ ئەم جارەیان، ئەمە بە ڕێککەوتنێکی نووسراو و بە شێوەیەکی تۆکمەتر ئەنجام بدرێ، هەتا چارەنووسی پارێزگهکە یەکلایی دەبێتەوە.
٦) بەهەرێمکردنی پارێزگای کەرکووک: بەپشتبەستن بە ماددەی ١١٩ لە دەستوور، هەر پارێزگەیەک یا زیاتر دەتوانن هەرێمێکی نوێ پێک بهێنن. هەربۆیە، ئەمەیش دەتوانێ یەک لە سیناریۆکان بێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کەرکووک. لایەنە تورکمانییەکان پتر پاڵپشتیی لەم سیناریۆیە دەکەن و، لە نێوان کورد و عەرەب پاڵپشتی بەهێزی نییە.
ئەنجام
بە سەرنجدان لە دۆخی هەستیاری کەرکووک و، گرنگیی بۆ هەموو ئەکتەرانی ناوخۆیی و دەرەکیی، پێویستە زۆر بەوریایییەوە دەست بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە ببردرێت. هەر جۆرە سەرکێشی، یان بێپلانیی یەکلایەنە بۆ بڕیاردان لەسەر چارەنووسی ئەم پارێزگهیە، دەتوانێ کارەسات بخوڵقێنێ و، دوور نییە ببێتە هۆکاری جەنگێکی درێژخایەن و ماڵوێرانکەر لە ناوچەکەدا. سەبارەت بە هەرێمی کوردستان، پلانی A بریتییە لە جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ و، پلانی B بەپێی ڕیزبەندی، دەتوانێ چارەسەری سازان، یان بەڕێوەبردنی هاوبەش، یان چاودێریی نەتەوە یەکگرتووەکان بێت. بەدەر لەم ڕێگهیانەیش، تەنیا ڕێگهچارەی سەربازی دەمێنێتەوە، کە ئەوەیش بە زیانی هەموو لایەنەکانی کێشەکە تەواو دەبێت و، باشتر وایە هەمووان لێی دوور بکەونەوە. هەروەک ستیڤان دیمیستۆرا، نێردراوی نەتەوە یەکگرتووەکان گوتی: "کەرکووک دەتوانێ ببێتە هێمایەک، یان بۆ ئاشتەواییی نیشتمانی، یان ململانێیەکی گەورە، کە لەوانەیە دەستێوەردانی هەرێمیی لێ بکەوێتەوە."