خوێندنەوەیەک بۆ بڕیاری دادگەی باڵای فیدراڵی لەسەر ڕیفراندۆم

ئەرکی دادوەری دەستووری، ئەوە نییە کە بە پشتبەستن بە ڕاڤەکردنێکی دواکەوتووانە لە یاسا کۆنەکان، بەربەست لە بەردەم ئیرادەی نیشتمانیدا دروست بکات. دادوەری دەستووری، پاڵەوانی کۆنەپارێزی نییە دژ بە پێشکەوتنخوازی. ئەو بە ناوی یاساوە، ڕێنوێنیکەری پێویست و هۆشیارانەی بەرەوپێشبردنی کۆمەڵگەکانە. دادوەری دەستووری، دەبێ لەگەڵ سەردەمی خۆیدا هەنگاو بنێت. 

ژێک ڕۆبێر، یاسازانی فەڕەنسی و ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی دەستووریی فەڕەنسا

 

پێشەکی

لە ڕۆژی ٢٠/١١/٢٠١٧ دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق، بڕیاری ژمارە ٨٩  و ٩١ و ٩٢ و ٩٣/ اتحادیة/٢٠١٧ی دەربارەی تانەلێدان لە نادەستووریبوونی ئەو ڕیفراندۆمەی کە لە ٢٥/٩/٢٠١٧ لە هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی دیکە ئەنجام دراون دەرکرد. بێ گومان دادوەری دەستووری، لە پاراستنی دەستوور، ماف و بنەما دەستوورییەکان و سیستەمی سیاسی لە هەر وڵاتێکدا ڕۆڵێکی گرنگی هەیە. ئەمەیش لە ڕێگەی چاودێریکردنی یاسا ئاسایییەکانی وڵات دێتە دی، بۆ زانینی ئاستی ڕێزگرتنی ئەم یاسا و ڕێسایانە لە دەستوور و سەرپێچینەکردن لە ئەحکامەکانی دەستوور. ئەم چاودێرییەیش بە یەکێک لەو ئامرازانە دادەنرێ کە گەرەنتیی جێبەجێکردنی دەستوور دەکات بە شێوازێکی ڕاست و دروست.

دەرچوونی بڕیاری دادگەی دەستووری لە عێراق لەسەر بابەتی ڕیفراندۆم، لە هەمان کاتدا کە مشتومڕی زۆری لەسەر ئاراستەی دادگە و ڕەوایه‌تیی بڕیارەکەی دروست کرد، لە هەمان کاتدا تاقیکردنەوەیەکی قورس بوو بۆ دادگە، بە مەبەستی پاراستنی سەربەخۆییی دادگە و دوورکەوتنەوە لە بەسیاسیکردنی بڕیارەکانی دادگە. لەم وتارەدا، دەمانەوێ بەپێی دەرفەت تیشک بخەینە سەر هەندێ لایەنی ئەو بڕیارە و خوێندنەوەیەکی یاسایی بۆ ناوەڕۆکی بڕیاری دادگەی باڵای فیدراڵی بکەین.

پێکهاتەی دادگەی باڵای فیدراڵی

یاسای بەڕێوەبردنی دەوڵەتی عێراق بۆ ماوەی ڕاگوزەر، بە مەبەستی چاودێریی دادوەری لەسەر دەستووریبوونی یاساکان، لە ماددەی (٤٤) خۆیدا باسی لە پێکهێنانی دادگەی باڵای فیدراڵی کردووە. پاشان بەپێی فەرمانی ژمارە (٣٠) ساڵی ٢٠٠٥ی ئەنجومەنی وەزیران و ڕەزامەندیی ئەنجومەنی سەرۆکایەتی، بڕیاری دا بە پێکهێنانی دادگەی باڵای فیدراڵی. ئەو دادگەیەی کە ئێستا لە عێراقدا کار دەکات، هەمان ئەو دادگەیە کە ئەو کاتە دامەزراوە. سەرەڕای ئەوەی کە دەستووری عێراق ساڵی ٢٠٠٥ لە ماددەی (٩٢ /دووەم)ی خۆیدا، جەخت لەسەر دروستکردنی دادگەی باڵای فیدراڵی دەکاتەوە بەپێی پێکهاتەیەکی جیاوازتر، بەڵام هەتا ئێستا هیچ یاسایەکی نوێ لەوبارەیەوە دەرنەچووە و کار بە هەمان فەرمانە کۆنەکە دەکرێت. دادگە لە سەرۆک و هەشت ئەندام پێک دێت، کە لە لایەن ئەنجومەنی باڵای دادوەری بە ڕاوێژ لەگەڵ ئەنجومەنی دادوەریی هەرێمەکان دەپاڵێورێن و، لە لایەن ئەنجومەنی سەرۆکایەتییەوە دادەمەزرێن.

ئەوەی جێی باسە، دادگەی باڵای فیدراڵی لە عێراق بە بەشێک لە دەسەڵاتی دادوەریی وڵات دادەنرێ، لە کاتێکدا دەبوو ئەم دادگەیە لە دەرەوەی سیستەمی دادوەریی وڵات بێت و، ئەمە بە یەکێک لە جیاوازییە سەرەکییەکانی ئەم دادگەیە و دادگەی تەمیز دادەنرێت. هەروەک "کریسافولی" سەبارەت بە دادگەی دەستووریی ئیتاڵیا دەڵێت: "ئەم دادگەیە نەک هەر ناچێتە ناو سیستەمی دادوەری، بەڵکوو تەنانەت ناچێتە ناو دەزگه‌ی دادوەری بە مانا فراوانەکەیەوە؛ دادگەی دەستووری لە دەرەوەی هەموو ئەو دەسەڵاتانەی دەوڵەتدایە کە بە شێوەیەکی نەریتی ناسراون. ئەم دادگەیە، دەسەڵاتێکی سەربەخۆ پێک دەهێنێ و ڕۆڵەکەی بریتییە لە گەرەنتیکردنی ڕێزگرتن لە دەستوور لە هەموو بوارەکاندا." بە وتەی یاسازانی مەزن، هانس کلسن، "سەربەخۆیە لە هەموو دامودەزگه‌کانی دەوڵەت". هەڵبەت نابێ ئەوە لەیاد بکەین کە ئەم سەربەخۆیییە لە دەسەڵاتەکانی تر، لە ڕووی پێکهاتە و ڕێکخستنەوە ڕاستە و، لە ڕووی کارکردیییەوە پەیوەندی لە نێوانیاندا هەیە.

ئەم دادگەیە، سروشتێکی تایبەت بە خۆی هەیە کە لە دادگە ئاسایییەکان جیای دەکاتەوە. بەگوێرەی سیستەمی وڵاتەکە، لەوانەیە سروشتێکی دادوەری–سیاسی، سیاسی-دادوەری، یان نادادوەریی هەبێت. هەر بۆیە، هەندێ کەس تەنانەت پرسیاری ئەوە دەکەن كه‌ بۆ دەبێ ناوی دادگە بێت و، هەروەک دەبینین لە فەڕەنسا وشەی "ئەنجومەن"یان بۆ داناوە نەک دادگە. هەروا مەرج نییە ئەندامانی تەنیا لە کەسانی دادوەر بە واتا پیشەیییەکەی پێک بێت، دەکرێ لە نێوان پسپۆڕانی یاسا، پارێزەران و تەنانەت فەرمانبەرانیش بن. لە فەڕەنسا تەنانەت یاساییبوونی ئەندامان بە مەرج دانانرێت. دەستووری عێراقی بۆ پڕکردنەوەی ئەم بۆشایییە لە ماددەی (٩٤/دووەم)دا دەڵێ: "دادگەی باڵای فیدراڵی، پێک دێت لە ژمارەیەک دادوەر و پسپۆڕانی فیقهی ئیسلامی و پسپۆڕانی یاسایی، کە ژمارەیان و شێوەی هەڵبژاردنیان و کارکردنی دادگە بە یاسایەک ڕێك دەخرێت، بە دەنگی دوو لەسەر سێی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران."

بە سەرنجدان لەو خاڵانەی سەرەوە، بۆمان دەردەکەوێ کە شێوازی کاری ئێستای دادگەی دەستووریی عێراق، نەک هەر لەگەڵ هەندێ لە بنەما و پرەنسیپە باوەکانی ئەم دادگەیە لە وڵاتان یەک ناگرێتەوە- چ لە ڕووی دەزگه‌یی و چ لە ڕووی پێکهاتە و سروشتییەوە- بەڵکوو تەنانەت لە هەندێ خاڵ لەگەڵ دەستووری بەرکاری عێراقیشدا ناکۆکە.

بڕیاری دادگەی باڵای فیدراڵی سەبارەت بە نادەستووریبوونی ڕیفراندۆم

دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق، لە ڕۆژی ٢٠/١١/٢٠١٧ بڕیارێکی سەبارەت بە نادەستووریبوونی ڕیفراندۆم لە هەرێمی کوردستان و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم دەرکرد. ئەم بڕیارە لەسەر بنەمای چوار داوا دەرچووە کە بریتین لەمانەی خوارەوە:

١- داوای ژمارە ٨٩ لە ١٠/٩/٢٠١٧؛  داواکار: سکرتێری گشتیی حزبی وەفای نیشتمانیی عێراق دژ بە سەرۆکی هەرێمی کوردستان و پارێزگاری کەرکووک سەرەڕای کارەکانیان.

٢- داوای ژمارە ٩١ لە ١٢/٩/٢٠١٧ ؛ داواکاران: هەر دوو پەرلەمانتار "حەسەن تۆران" و "ئەرشەد ڕەشاد" دژ بە سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگه‌ی کەرکووک و پارێزگاری کەرکووک سەرەڕای کارەکانیان.

٣- داوای ژمارە ٩٢ لە ١٢/٩/٢٠١٧؛ داواکاران: پەرلەمانتاران "محەممەد سەعدوون سەهیوود" و "عەبدولسەلام موحسن مالکی" و "عەمار کازم شبلی" دژ بە سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەرەڕای کارەکەی.

٤- داوای ژمارە ٩٣ لە ١٣/٩/٢٠١٧، لە لایەن پەرلەمانتار "حەننان سەعید فەتلاوی" دژ بە سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەرەڕای کارەکەی.

داواکاران داوایان کردووە، کە دادگە بڕیار بدات بە نادەستووریبوونی ئەو ڕیفراندۆمەی کە لە ٢٥/٩/٢٠١٧ لە هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی دیکە ئەنجام دراون. داگە پاش ئەوەی وادەی دادبینیی دیاری کرد لە ٢٠/١١/٢٠١٧، پێڕاگەیاندنی بۆ داوالێکراوان ئەنجام دا و، هەر چوار داواکەی بەپێی ماددەی (٧٥) لە یاسای دادبینیی شارستانی، یەک خست، بەڵام داوالێکراوان و بریکاردارەکانیان لە وادەی دیاریکراو ئامادە نەبوون؛ هەر بۆیە دادگە  بە شێوەی پاشملە (غیابي) بڕیارەکەی دەرکردووە.

دادگە لە بڕیارەکەی خۆیدا ئاماژە بەوە دەکات، کە سەرۆکی هەرێمی کوردستان فەرمانی هەرێمیی ژمارە (١٠٦)ی لە ٩/٦/٢٠١٧ دەرکردووە بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی دیکەی دەرەوەی هەرێم و، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگه‌ی کەرکووک و پارێزگاری کەرکووکیش پەسندیان کردووە. ئەمەیش پێچەوانەی ماددەی (١١٦)ی دەستوورە، کە ئاماژە بەوە دەکات سیستەمی فیدراڵی پێک دێت لە پایتەخت و هەرێمەکان و پارێزگه‌ ناناوەندییەکان و بەڕێوەبەرییە خۆجێیییەکان. هەروا ئەو فەرمانە هەرێمییە، پێچەوانەی ماددەی (١)ی دەستوورە کە دەڵێ: "کۆماری عێراق دەوڵەتێکی فیدراڵیی سەربەخۆی خاوەن سەروەریی تەواوە، سیستەمی حوکم تێیدا کۆماریی پەرلەمانیی دیموکراتییە و ئەم دەستوورە گەرەنتیی یەکپارچەییی عێراق دەکات." ئەم ماددەیەیش لە لایەن دادگە بە بڕیاری ژمارە (١٢٢/اتحادیة/٢٠١٧) ڕاڤە کراوە و، ڕێگە بە جیابوونەوەی هیچ کام لە پێکهاتەکانی سیستەمی فیدراڵی نادات، کە لە ماددەی (١١٦) باسی لێوە کراوە.

هەروا بەپێی ماددەی (١٠٩) لە دەستوور، دەسەڵاتە فیدراڵییەکان کە بەگوێرەی ماددەی (٤٧) لە دەستوور بریتین لە دەسەڵاتەکانی یاسادانان و جێبەجێکردن و دادوەری، لەسەریانە یەکپارچەییی عێراق، سەربەخۆیی، سەلامەتی، سەروەری و سیستەمی دیموکراتیی فیدراڵی بپارێزن. لەسەر ئەم بنەمایە، ئەو ڕیفراندۆمەی کە لە ٢٥/٩/٢٠١٧ لە هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی دیکە لە دەرەوەی هەرێم ئەنجام درا و، ئامانجەکەی سەربەخۆییی هەرێمی کوردستان و ئەو ناوچانەیە کە ڕیفراندۆمی تێدا ئەنجام دراوە، هیچ بەڵگەیەکی لە دەستووردا نییە و پێچەوانەی ئەحکامەکانییەتی. هەر بۆیە پاڵپشت بە ئەحکامی بڕگەی (سێیەم) لە ماددەی (٩٣) لە دەستوور، بڕیار درا بە نادەستووریبوونی ڕیفراندۆمی ڕۆژی ٢٥/٩/٢٠١٧ لە هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی تر کە ڕیفراندۆم گرتییەوە و، هەڵوەشاندنەوەی هەموو ئەو شوێنەوار و ئەنجامانەی کە لێی دەکەوێتەوە. بڕیارەکە بەپێی ماددەی (٩٤) لە دەستوور و ماددەی (٥) لە یاسای دادگەی باڵای فیدراڵیی ژمارە (٣٠) ساڵی (٢٠٠٥) یەکلاکەرەوە و مولزەمە بۆ هەموو دەسەڵاتەکان و، بە تێکڕای دەنگ دەرچووە.

تێبینییەکان لەسەر بڕیاری دادگەی باڵای فیدراڵی

دادگەی باڵای فیدراڵی، پاش دامەزراندنی لە ساڵی (٢٠٠٥)ەوە ڕۆڵێکی چالاکی هەبووە لە بواری دادوەریی دەستووری و، پڕکردنەوەی بۆشایی و کەموکوڕی لە یاساکان و، هەروا بووەتە دەرچەیەک بۆ پاراستنی ماف و ئازادییەکان. بەڵام ئەمەیش بەو مانایە نایەت کە ئەم دادگەیە لە هەموو بڕیارەکانیدا بەتەواوی مەبەستی پێکابێت. لە هەندێک لە بڕیارەکانیدا بە "پرەنسیپی بەرفراوانی" ڕاڤەی دەقەکانی کردووە و، لە هەندێکی دیکەیشدا "پرەنسیپی بەرتەسکی"ی ڕەچاو کردووە. واتە دادگە لەسەر یەک ڕێباز سەقامگیر نەبووە. سەبارەت بەو بڕیارەی کە مەبەستی باسەکەی ئێمەیە، وای دەبینین کە پرەنسیپی بەرتەسکیی پەیڕەو کردووە و، تەنیا ئەو ماددە دەستوورییانەی ڕەچاو کردووە کە مەبەستی ئەوانی پێکاوە و هەندێک لە ماددەکانی دیکەی دەستووری پشتگوێ خستووە، کە لەوانەیە لە قازانجی داوالێکراوان بووبن. لێرەدا کۆمەڵێک لەو تێبینییانە دەخەینە ڕوو، کە لەسەر بڕیاری دادگەی باڵای فیدراڵی هەیە:

١- دادگە وەک یەکێک لە هۆکارەکانی بڕیارەکەی خۆی، پشتی بە ڕاڤەکردنێکی خۆی بەستووە سەبارەت بە ماددەی یەکەمی دەستووری عێراقی، کە لە بڕیاری ژمارە (١٢٢/اتحادیة/٢٠١٧) دەرچووە. لەم ڕاڤەکردنەدا، دادگە ڕێبازی ڕاڤەکردنی دامەزرێنەری (منشئ) فەرامۆش کردووە و تەنیا پشتی بە ڕاڤەکردنی ڕواڵەتیی وشەکان بەستووە، واتە شێوازی پیت و وشەی پەیڕەو کردووە و، ڕێبازی واتای پێچەوانە (مفهوم مخالف)ی پشتگوێ خستووە. بۆ نموونە کاتێک باس لە دێڕی "وهذا الدستور ضامن لوحدة العراق" دەکات، ئاماژە بەوە دەکات جێبەجێکردنی دەستوور گەرەنتیی یەکپارچەییی عێراق دەکات، لە کاتێکدا واتای پێچەوانەی ئەم دەقە ئەوەیە، کە ئەگەر بێت و دەقەکانی ئەم دەستوورە پێشێل بکرێن و جێبەجێ نەکرێن، ئەوا پێکهاتەکانی سیستەمی فیدراڵی کە لە ماددەی (١١٦)ی دەستووردا هاتوون و یەک لەوانە هەرێمەکانن، بۆیان هەیە پابەند نەبن بەم یەکپارچەیییە و، لەم حاڵەتەدا یەکپارچەییی عێراق دەکەوێتە بەردەم مەترسی.

٢- وا باشتر بوو دادگە سەبارەت بە ناوەڕۆکی ئەم داوایە، ڕێسای دەرنەبڕینی ڕای خۆی ڕەچاو بکردایە بەپێی ماددەی (٩٣/٣) لە یاسای دادبینیی شارستانیی عێراقیی ژمارە (٨٣)ی ساڵی ١٩٦٩ و، هەروا بڕیاری ژمارە (١٩/اتحادیة/٢٠٠٧)ی خۆی کە پێشتر دەری کردووە. چونکە یەکێک لەو هۆکارانەی کە دادگە لە بڕیارەکەی خۆیدا پشتی پێ بەستووە، ڕاڤەکردنی ماددەی (١)ی دەستووری عێراقییە، کە پێشتر بە بڕیاری ژمارە (١٢٢/اتحادیة/٢٠١٧)، ڕای خۆی لەسەر ئەم بابەتە دەربڕیوە و، لەم حاڵەتەدا وا باشتر بوو دادگە داواکەی ڕەت بکردایەتەوە.

٣- دادگە دوور و نزیک ئاماژەی بەو بەشە لە دیباچەی دەستووری عێراقیی نەکردووە، کە دەڵێ: "پابەندبوون بەم دەستوورە، یەکێتیی ئازادانەی گەل و خاک و سەروەریی عێراق دەپارێزێت". لە کاتێکدا ئەمڕۆ، ڕای باو لە یاسازانیی دەستووری، دیباچەی دەستوور بە بەشێکی مولزەمی دەستوور دەزانێت.

٤- ماددەی (٥) لە دەستووری عێراق دەڵێ: "گەل سەرچاوەی دەسەڵات و ڕەوابوونییەتی، کە لە ڕێگەی دەنگدانی نهێنیی گشتیی ڕاستەوخۆ و لە ڕێگەی دامودەزگە دەستوورییەکانەوە ئەنجامی دەدات." ڕیفراندۆم بە هەڵبژاردنێکی سادە لە قەڵەم دەدرێت. گەل- کە لێرەدا گەلی کوردستانە- بە دەنگدانی نهێنیی گشتیی ڕاستەوخۆ، لە ڕێگەی دامودەزگە دەستوورییەکانەوە (حکوومەتی هەرێمی کوردستان و پەرلەمانی کوردستان و کۆمیسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسیی هەرێم) ئەم مافەی خۆی مومارەسە کردووە. بەو پێیەی گەل بە پێناسەی دەستوور، سەرچاوەی دەسەڵات و ڕەوابوونییەتی، کە واتە لێرەدا گەل سادەترین مافی خۆی مومارەسە کردووە، کە مافی دەنگدانە و پێشتریش چەندین جار هەمان مافی بەکار هێناوە؛ چ لە هەڵبژاردنە گشتییەکان و چ لە ڕیفراندۆمی دەستووری ساڵی ٢٠٠٥ و، کەس تانەی لە ڕەواییی ئەو پرۆسەیە نەداوە. هەر بۆیە، ئەگەر گەل بڕیار لە بابەتێک بدات، بەو پێیەی کە بۆ خۆی سەرچاوەی دەسەڵاتە، ئەوا هیچ دەزگه‌ و دامەزراوەیەک ناتوانێ هەڵی وەشێنێتەوە. لەم حاڵەته‌دا، بۆ زانینی ڕاوبۆچوونی لەسەر بابەتەکان، دەبێ دیسان پەنا بۆ گەل ببرێت.

٥- ماددەی (٨) لە دەستووری عێراق باس لەوە دەکات، کە دەوڵەتی عێراق ڕێز لە پابەندییە نێودەوڵەتییەکانی خۆی دەگرێ. ئەگەر سەیری هەر دوو پەیمانی مافە شارستانی و سیاسییەکان و مافە ئابووری و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگییەکانی ساڵی ١٩٦٦ بکەین، کە عێراق لە ٢٥/١/١٩٧١ پەسندی کردووە، دەبینین کە لە ماددەی یەکەمی هەر دوو پەیماندا باس لە مافی چارەی خۆنووسینی گەلان دەکات. ئایا پابەندبوون بە ناوەڕۆکی ئەم دوو پەیمانە، بەشێک نین لە ئیلتزاماتی دەوڵەتی عێراق؟ ئایا ڕیفراندۆم میکانیزمێکی دیموکراتییانە نییە بۆ مومارەسەکردنی ئەم مافە؟ پێویستە دادوەری دەستووری بە سەرنجدان لەم بابەتە، ئیلتزاماتی نێودەوڵەتیی عێراق، لە لێکدانەوە و بڕیارەکانیدا ڕەچاو بکات.

٦- ماددەی (٣٨) لە دستووری عێراق ئاماژە بەوە دەکات، کە دەوڵەت لە ڕێگەی هەموو ئامرازەکانەوە گەرەنتیی ئازادیی ڕادەربڕین دەکات. ئایا ڕیفراندۆم ئامرازێک نییە بۆ دەربڕینی ئازادانەی بیروڕا؟ چۆن دەبێ دادگەی باڵای فیدراڵی، دەروازەی ماف و ئازادییەکان، کە بەشێکی گرنگ و جەوهەرییە لە دەستووری عێراق، هەتا ئەم ئاستە پشتگوێ بخات؟

٧- دادگە دەبێ لە بڕیارەکانیدا، دەستوور وەک یەک پاکێج وەربگرێ نەک بە شێوەیەکی گوڵبژێر هەڵسوکەوت لەگەڵ ماددە دەستوورییەکاندا بکات. نابێ دادگە، ئەو ماددانەی کە ئامانجی ئەو دەپێکێ لەبەرچاوی بگرێت و، ئەوەیشی کە مەبەستەکەی ئەو پووچەڵ دەکاتەوە، پشتگوێی بخات. پێویستە دادگە لەمبارەیەوە، پرەنسیپی هاوسەنگی و دادپەروەری ڕەچاو بکات و، ڕۆح و جەوهەری دەستوور لە بڕیارەکانیدا ڕەنگ بداتەوە؛ هەتا هۆکارەکانی دەرکردنی حوکمەکەی بەهێزتر بێت و، ببێتە جێی ڕەزامەندی و قەناعەتی هەموو لایەنەکان. چونکە بڕیارەکانی دادگە یەکلاکەرەوە و مولزه‌من و دەرفەتی تانەلێدانی نییە.

٨- دەستووری عێراقی لە بەند و بڕگەکانی خۆیدا، نەک هەر ڕیفراندۆمی قەدەغە نەکردووە، بەڵکوو لە (٧) ماددەی خۆیدا باسی لە ڕیفراندۆم کردووە، وەک شێوازێکی دەستووری و دیموکراتییانە بۆ زانینی ڕای گەل و یەکلاییکردنەوەی ئەو بابەتە گرنگانەی، کە پێویستیان بەوەیە لە لایەن گەلەوە بڕیاری کۆتایییان لەسەر بدرێت.

٩- دادگە لە بڕیارەکەی خۆیدا باس لە هەڵوەشاندنەوەی هەموو شوێنەوار و دەرەنجامەکانی ڕیفراندۆم دەکات، لە کاتێکدا حکوومەتی هەرێمی کوردستان هیچ ڕێکارێکی نەگرتۆتە بەر بۆ جێبەجێکردنی دەرەنجامی ڕیفراندۆم. ئەوەی کە ئەنجام دراوە، زانینی ڕای گەل و پێشنیارێکی جەماوەری بووە و تەنیا لەو چوارچێوەیەدا ماوەتەوە و، هیچ پێگەیەکی یاساییی نوێی دروست نەکردووە هەتا هەڵبوەشێتەوە. باشتر وا بوو دادگە بەئاشکرا داوای لە دەسەڵاتی فیدراڵی بکردایە، کە ڕێکارەکانی بەرامبەر بە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم دژ بە هەرێمی کوردستان هەڵوەشێنێتەوە، کە هەموویان سزای بەکۆمەڵی خەڵکی کوردستانن. دادگە بۆ پاراستنی دادپەروەری، نەدەبوو ئەم خاڵەی پشتگوێ بخستایە.

١٠- پرسیارێکی جەوهەری لێرەدا خۆی دەنوێنێ، ئەویش ئەوەیە کە ئایا بۆچی حکوومەتی عێراق بۆ خۆی یان حزبە گەورە و بڕیاربەدەستەکانی عێراق، لەمبارەیەوە داوایان لەسەر لایەنی بەرامبەر تۆمار نەکردووە و، تەنیا حزبێکی نەناسراو و چەند ئەندام پەرلەمانێک ئه‌م کارەیان كردووه‌؟

١١- جێی سەرنج و ڕەخنەگرتنە، کە بۆچی بریکاردارانی لایەنە داوالێکراوەکان، واتە سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی ئەنجومەنی کەرکووک و پارێزگاری کەرکووک سەرەڕای کارەکانیان، ئامادەی دادگە نەبوون؟ لێرەدا جێی خۆیەتی بپرسین ئەگەر پرۆسەی ڕیفراندۆم پاڵپشتیی دەستووریی نەبوو، ئەوان لەسەر چ بنەمایەکی دەستووری و یاسایی ئه‌نجامیان دا و، ئەگەر پاڵپشتیی دەستووری و یاساییی هەبوو، بۆچی بەشدارییان لە پرۆسەی دادبینیدا نەکرد و بەرگرییان لە کارەکانی خۆیان نەکرد لە بەردەم دادگە و، نەیانکرد بە سەکۆیەکی مێژوویی بۆ بەرگریکردن لە مافی ڕەواکانی گەلەکەیان.

ئەنجام

پاش خوێندنەوەیەک بۆ بڕیاری دادگەی باڵای فیدراڵی، گەیشتینە ئەو ئەنجامە کە دادگە بە تێڕوانینێکی بەرتەسک بۆ بابەتەکە چووە. هەروا بە شێوەیەکی گوڵبژێر پشتی بە ماددە و بڕگەکانی دەستوور بەستووە و، دەستووری وەک یەک پاکێج لەبەرچاو نەگرتووە و، ڕۆح و جەوهەری دەستووری پشتگوێ خستووە. جگە لەمەیش بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی ڕیفراندۆمی داوە، کە ڕای گەلە و، بەپێی دەستووریش گەل سەرچاوەی دەسەڵاتە. هەر بۆیە، دادگە لەم خاڵەدا سنووری دەسەڵاتەکانی خۆی تێ پەڕاندووە.

 

          

سەرچاوەکان:

١- احمد علي عبود الخفاجي، اختصاص المحکمة الاتحادیة العلیا في الرقابة علی دستوریة القوانین، مجلة الکوفة للعلوم القانونیة والسیاسیة، العدد ٢١، ٢٠١٤.

٢- القاضي سالم روضان الموسوي، دور القضاء في إدماج الاتفاقيات الدولية مع النصوص الوطنية )قرارات المحكمة الاتحادية العليا (نموذجا) دراسة تطبيقية في ضوء قرارات المحكمة الاتحادية العليا في العراق، لەم ماڵپەڕەی خوارەوە دەبینرێ:

https://www.iraqfsc.iq/news.3857/

٣- د.عثمان ياسين علي، إتجاه المحكمة الاتحادية العليا في تفسير النصوص الدستورية دراسة تحليلية تطبيقية، البحث المقدمة الی المٶتمر الدولي الأول لکلیة القانون و العلاقات الدولیة، الجامعة اللبنانین الفرنسیة، ٢٩/تشرین الثاني/٢٠١٧.

٤- لویی فارو، دادگاههای قانون اساسی، ترجمە د.علی اکبر گرجی ازندریانی، چاپ اول، نشر میزان، تهران، ١٣٨٨.

٥- دستور العراق الصادر عام 2005.

٦- قانون إدارة الدولة العراقية للمرحلة الانتقالية لعام 2004.

٧- أمر رقم (٣٠) لسنة ٢٠٠٥، قانون المحکمة الاتحادیة العلیا.

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples