ئازادیی خۆپیشاندان لە نێوان یاسا و پراکتیکدا

پێشەکی

لە چەند ساڵی ڕابردوو، بابەتی خۆپیشاندان یەکێک بووە لەو بابەتانەی کە مشتومڕی زۆری لەسەر بووە. ئەمەیش بۆ وڵاتێک کە ئەزموونێکی دەوڵەمەندی لە کەلتووری دیموکراسی و یەکترقبووڵکردندا نییە، ڕەنگە شتێکی ئاسایی بێت، چونکە بەشێکی گرنگ لە کەلتووری دیموکراسی لە ڕێگەی ئەزموونەوە بەدی دێت. هەر لە ساڵی٢٠١٠وە کە یاسای خۆپیشاندان پەسند کرا، هەتا خۆپیشاندانەکانی ٢٠١١ و ساڵانی دواتریش، هەموو کات شێوازی هەڵسوکەوتی خۆپیشاندەران و دەزگه‌کانی تەناهی، جێگەی گلەیی و گازندەی لایەنە جۆراوجۆرەکان بووە.

دەسەڵاتداران گلەیییان لەوەیە، کە خۆپیشاندەران سنووری یاسا و ڕێسا بەرکارەکانی خۆپیشاندانێکی ئاشتییانە دەبەزێنن و، توندوتیژی بەکار دەهێنن و زیان بە سامانی گشتی و تایبەتی دەگەیەنن. لایەنە خۆپیشاندەرەکانیش هەموو کات گلەیییان ئەوە بووە، کە دەزگه‌ تەناهییەکان دژ بە خۆپیشاندەران چەک بەکار دەهێنن و، هەندێ جار دەبنە هۆی کوژران و برینداربوونی خۆپیشاندەران. ئەم مشتومڕە هەتا ئێستایش بەردەوامە و، لایەنە سیاسییەکانیش بەپێی بەرژەوەندییە حزبییەکانی خۆیان، هەڵوێست لەسەر ئەم بابەتە وەردەگرن.

پێشینە و مێژووی ئازادیی خۆپیشاندان

ئازادیی خۆپیشاندان بەشێکە لە ئازادیی کۆبوونەوە. هەندێ کەس لەو باوەڕەدان، کە بۆ یەکەم جار دەستووری ئەمریکا باسی لە ئازادیی کۆبوونەوە کردووە، بەڵام هەندێ کەسی دیکە بە پشتبەستن بە جاڕنامەی مەگناکارتا، کە لە ساڵی ١٢١٥ لە لایەن پاشای بریتانیاوە دەرکراوە، کۆبوونەوەی بارۆنەکان بە یەکەم کۆبوونەوە دەزانن. بە هەر حاڵ، یەکەم دەقی نووسراو کە بەڕوونی باسی لە ئازادیی کۆبوونەوە کردووە دستووری هەرێمی پنسیلڤانیایە لە ساڵی ١٧٧٦ و، پاش ماوەیەکی کەمیش یەکەمین هەمواری جاڕنامەی مافەکانی ئەمریکا لە ساڵی ١٧٩١ ئاماژەی بەم ئازادییە کردووە. هاوکات لە ساڵی ١٧٩١ دەستووری فەڕەنسی باسی لە ئازادیی کۆبوونەوە کردووە.

پاش جەنگی جیهانیی دووەم کە بە سەردەمی زێڕینی گەشەکردنی مافەکانی مرۆڤ دادەنرێ، بۆ یەکەم جار لە ماددەی (٢٠)ی جاڕنامەی گەردوونیی مافەکانی مرۆڤ، دان بە مافی ئازادیی کۆبوونەوەی ئاشتییانە دەنرێت. ئه‌وجا لە ساڵی ١٩٦٦ پەیمانی مافە سیاسی و شارستانییەکان لە ماددەی (٢١) باسی لە مافی پێکهێنانی کۆبوونەوەی ئاشتییانە کردووە. هەروا چارتی مافە بنەڕەتییەکانی یەکێتیی ئەوروپا لە ساڵی ٢٠٠٠ لە ماددەی (١٢) باسی لە ئازادیی کۆبوونەوەی ئاشتییانە کردووە.

چارتی ئەفریقی بۆ مافی مرۆڤ و گەلان، لە ماددەی (١١)ی خۆیدا باس لە مافی ئازادیی کۆبوونەوە دەکات بۆ هەر مرۆڤێک، کە تەنیا بە یاسا و ڕێنمایییەکان سنووردار دەکرێ بە مەبەستی پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی، یان سەلامەتیی گشتی، یان سیستەمی گشتی، یان پاراستنی تەندروستیی گشتی، یان پاراستنی ئاکاری گشتی، یان پاراستنی مافی ئەوانی تر و ئازادییەکانیان. هەروا ئەنجومەنی مافی مرۆڤ لە سێپتەمبەری ٢٠١٢ بڕیارێکی دەرکرد و، باس لەوە دەکات کە دەوڵەتان لەسەریانە بەتەواوی ڕێز لە مافی هەموو تاکەکان بۆ کۆبوونەوەی ئاشتییانە بگرن و بیپارێزن.

پاش جەنگی جیهانیی دووەم بە هۆی گەشەکردنی مافی مرۆڤ، دەستووری گەلێک لە وڵاتان و لەوانەیش دەستووری عێراقی، دانیان بە ئازادیی کۆبوونەوە و خۆپیشانداندا ناوە و لە ماددەی ٣٨/سێیەمی خۆیدا دەڵێ: "دەوڵەت گەرەنتی دەکات، بە جۆرێک پێچەوانەی نیزامی گشتی و ئاداب نەبێت... سێیەم: ئازادیی کۆبوونەوە و خۆپیشاندانی ئاشتییانە و، ئەمەیش بە یاسا ڕێک دەخرێت." هەر لەژێر تیشکی دەستوور، یاسادانەری کوردستانی، یاسای ژمارە (١١)ی ساڵی ٢٠١٠ی دەرکردووە لەژێر ناوی "یاسای ڕێکخستنی خۆپیشاندان لە هەرێمی کوردستان".  

پێناسە و ناوەڕۆکی خۆپیشاندان

مافی ئازادیی کۆبوونەوە، بە یەکێک لە ئازادییە سەرەکییەکانی مرۆڤ دادەنرێ، کە لە زۆربەی دیکۆمێنتە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ باسی لێوە کراوە؛ خۆپیشاندانیش بە یەکێک لەو ئازادییانە دادەنرێ. سروشتی ئەم ئازادییە بە جۆرێکە، کە لە ڕیزی ئازادییە نەرێنییەکان دادەنرێ، واتە بەدیهاتنی زیاتری ئەم ئازادییە، بەوە بەستراوەتەوە کە حکوومەت کەمتر دەستێوەردانی تێدا بکات. بەڵام ئەمە دژی ئەو ڕاستییە نییە، کە حکوومەت لەمبارەیەوە پابەندیی لەسەرە؛ واتە دەبێ ئاسایشی پێویست دابین بکات بۆ مومارسەکردنی ئەم ئازادییە. تایبەتمەندییەکی دیکەی ئازادیی کۆبوونەوە ئەوەیە، کە ئازادییەکی بەکۆمەڵە؛ واتە هەرچەند مافێکی تاکەکەسییە، بەڵام لە چوارچێوەی کۆمەڵ یان گرووپدا بەدی دێت.

سەبارەت بە پێناسەی خۆپیشاندان، چەندین پێناسەی جۆراجۆر هەیە. بۆ نموونە پێناسەیەک دەڵێ: "کۆبوونەوە، یان ڕۆیشتنی ژمارەیەک کەس بە شێوازێکی ئاشتییانە لە شوێن، یان ڕێگەیەکی گشتیی، یان نزیک لەوان بە مەبەستی ڕادەربڕین، یان کۆبوونەوە، یان داواکردنی جێبەجێکردنی داوایەکی دیاریکراو". لە عێراق بە فەرمانی ژمارە (١٩)ی ساڵی ٢٠٠٣ی دەسەڵاتی هاوپەیمانان خۆپیشاندان ڕێک خراوە، بەڵام پێناسەی زاراوەکەی نەکردووە. یاسادانەری کوردستانی لە یاسای ڕێکخستنی خۆپیشاندان ژمارە (١١)ی ساڵی ٢٠١٠ بەم جۆرە پێناسەی خۆپیشاندان دەکات: "کۆمەڵێکی ڕێکخراو، یان نیمچەڕێکخراوی خەڵکە، بە شێوەیەکی ئاشتییانە لە گۆڕەپان و شەقام و شوێنە گشتییەکاندا بۆ ماوەیەکی دیاریکراو دەڕۆن؛ ئامانجی دروستکردنی ڕایەکی یەکگرتووی گشتییە بۆ وەدیهێنانی مەبەستێکی دیاریکراو و گردبوونەوەی گشتی بە مەبەستی خۆپیشاندان، مانگرتن، پەناگیری لەخۆ دەگرێت."

 ئەوەی جێی سەرنجە یاسای خۆپیشاندانەکانی هەرێمی کوردستان، جگە لە مافی خۆپیشاندان، مانگرتن و پەناگیرییشی بەڕەوا زانیوە. دەستووری عێراقی، لەبەر هەستیاری و کاریگەرییان لەسەر ڕەوتی کارکردنی دامودەزگه‌کانی دەوڵەت، هیچ ئاماژەیەکی بەم دوو مافەی دواتر نەکردووە. هەرچەندە مانگرتن بە تەواوکەری مافی کارکردن دادەنرێ و، لە یاساکانی تایبەت بە کار و کرێکاران باسی لێوە دەکرێ، بەڵام لێرە سنوورەکەی فراوانترە لە چوارچێوەی مانگرتنی کرێکاران و، لە هەمان کاتدا مانگرتن زۆر نزیکە لە مافی کۆبوونەوە.

مەرجەکانی خۆپیشاندان

هەروەک ڕوونە ئەم مافە بەڕەهایی مومارەسە ناکرێ. لە ماددەی (٢١)ی پەیمانی مافە سیاسی و شارستانییەکانی ساڵی ١٩٦٦دا هاتووە: "مافی کۆبوونەوەی ئاشتییانە مافێکی دانپێدانراوە. ڕەوا نییە کۆتوبەند لەسەر ئەم مافە دابنرێ تەنیا بەپێی یاسا و وەک ڕێکاری پێویست نەبێ، لە کۆمەڵگەیەکی دیموکراتی بۆ پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی، یان سەلامەتیی گشتی، یان نیزامی گشتی، یان پاراستنی تەندروستیی گشتی، یان پاراستنی ئادابی گشتی، یان پاراستنی مافی ئەوانی تر و ئازادییەکانیان". هەر بەم پێیەیش، یاسادانەری کوردستانی، لە یاسای ئاماژەپێکراو کۆمەڵێک مەرجی لەسەر خۆپیشاندەران و دەسەڵاتداران داناوە بۆ ڕێکخستنی ئەم مافە، کە لە خوارەوە ئاماژەیان پێ دەکەین:

١- ئاشتییانەبوونی خۆپیشاندان: ئەمە بە یەکێک لە فاکتەرە سەرەکییەکانی هەر خۆپیشاندانێک دادەنرێ، کە لە هەموو دیکۆمینتە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤدا جەختی لەسەر کراوەتەوە و، بە مەرجێکی جیانەکراوەی خۆپیشاندان دادەنرێت. ئەمە جگە لەوەی پاڵپشتیی یاسایی بۆ خۆپیشاندان مسۆگەر دەکات، لە هەمان کاتیشدا مومارەسەکردنی کەلتووری لێبووردەیی، ئاشتیخوازی، یەکترقبووڵکردن، دانبەخۆداگرتن و قووڵترکردنەوەی فەرهەنگی دیموکراسییە. ئاشتییانەبوونی خۆپیشاندان هەر دوو لایەنی خۆپیشاندەران و پۆلیس دەگرێتەوە. یاسای خۆپیشاندانی کوردستان لە ماددەی چوارەم/سێیەم ئاماژە بەم خاڵە دەکات و دەڵێ: "پێویستە خۆپیشاندانەکە ئاشتییانە بێ و، دوور بێ لە کاری توندوتیژی؛ هەڵگرتنی داواکاری بۆ هاندانی توندوتیژی و جیاوازی قەدەغەیە."

٢- قەدەغەبوونی چەکهەڵگرتن: یەکێکی دیکە لە مەرجەکانی خۆپیشاندانی ئاشتییانە، هەڵنەگرتنی چەکە؛ چونکە هەڵگرتنی چەک، دەبێتە هۆی ئەوەی کە خۆپیشاندان لە ڕێڕەوی ئاشتییانەی خۆی دەربچێت و، ئاسایشی گشتی و گیانی هاووڵاتیان بکەونە مەترسییەوە. هەروا هەڵگرتنی چەک پێچەوانەی ئامانج و پێویستییەکانی هەر کۆمەڵگەیەکی دیموکراتییە، کە کار بۆ ئەوە دەکات دیالۆگ لە بری توندوتیژی جێگیر بکات. هەرچەندە لە دیکۆمێنتە نێودەوڵەتییەکان ئاماژە بەم خاڵە نەکراوە، بەڵام سیستەمی نێودەوڵەتیی مافی مرۆڤ و هەڵسوکەوتی دەوڵەتان، هەڵگرتنی چەکی لە خۆپیشاندان و کۆبوونەوەکان قەدەغە کردووە و، هەر خۆپیشاندانێک کە چەکی تێدا هەڵبگیرێت سیستەمی نێودەوڵەتی پشتیوانیی لێ ناکات. هۆکاری ئەمەیش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە هەڵگرتنی چەک دەبێتە هۆی بەرهەمهێنانی توندوتیژی. یاسای خۆپیشاندانی کوردستان لە ماددەی حەوتەم ئاماژەی بەم خاڵە کردووە و، هەڵگرتن یان لەخۆبەستنی چەک لە کاتی خۆپیشانداندا قەدەغە دەکات، تەنانەت ئەگەر مۆڵەتی یاساییی هەڵگرتنی چەکیشی هەبێت. هەروا هەڵگرتنی هەر ماددەیەکی تەقەمەنی، یان ژەهراوی، یا سووتێنەر لە کاتی خۆپیشانداندا قەدەغەیە، کە لە لایەن خۆپیشاندرانەوە هەڵبگیرێت و پۆلیس لەسەرییەتی ڕێکاری یاسایی دەرهەق بە سەرپێچیکاران بگرێتە بەر.  

٣- قەدەغەبوونی هاندان، یان بڵاوکردنەوەی ڕق و قین: نابێ لە خۆپیشاندانەکان گوتە و دروشمی وا بەرز بکرێتەوە کە ڕقئامێز بن و ببێتە هۆی نانەوەی ئاژاوە و ناکۆکی لە نێوان پێکهاتە نەتەوەیی، ئایینی، ڕەگەزی و گرووپە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان، یاخود ڕێگە خۆش بکات بۆ هاندان و سەرهەڵدانی توندوتیژی، ڕق، جیاوازی، گرژی و ناکۆکیی چەکدارانە. ئەم جۆرە ڕەفتارە، دەبێتە هۆی ئەوەی کە خۆپیشاندان لە ئاراستەی ئاشتییانە و دیموکراتیانەی خۆی دەربچێت و ڕق و قین لە ناو کۆمەڵگەدا بلاو بکاتەوە. سیستەمی نێودەوڵەتیش دژ بەم جۆرە ڕەفتارانە دەوەستێتەوە و لە ماددەی (٢٠/٢)ی پەیمانی مافە سیاسیی و شارستانییەکاندا هاتووە: "بە یاسا هەر جۆرە بانگهێشتکردنێک بۆ ڕقی نەتەوەیی، یان ڕەگەزی، یان ئایینی قەدەغە دەکرێت کە ببێتە هۆی هاندان بۆ جیاکاری، یان دوژمنکاری، یان توندوتیژی". پاڵپشت بەم بنەمایەیش، یاسای خۆپیشاندانی کوردستان لە ماددەی دووەم/بڕگەی سێیەم دەڵێ: "نابێ مەبەست لە خۆپیشاندان هاندانی گرووپێک دژی گرووپێکی دیاریکراو بێت (بە هۆی ئایین، یان نەتەوە، یان ڕەگەز، یان هاندانی گرووپێک دژی گرووپێکی دیکە بێت)."

٤- وەرگرتنی مۆڵەت: یەکێک لەو بابەتانەی کە زۆر مشتومڕی لەسەر دەکرێت، بابەتی پێویستیی وەرگرتنی مۆڵەتە بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوە و خۆپیشاندان. ئەوەی کە لە مافی کۆبوونەوە و خۆپیشانداندا دەبێ بە بنەما وەربگیرێت، ئازادیی کۆبوونەووە و خۆپیشاندانە، کە دەبێ لە ڕۆتین و بەربەستی کارگێڕی بەدوور بێت. ڕەخساندنی میکانیزمی پێویست بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوە و خۆپیشاندان، بەشێکە لە پابەندییە پۆزەتیڤەکانی دەوڵەتان و، نابێ یاسا و ڕێسا کارگێڕییەکان لەمبارەیەوە ناڕەوا و نادادپەروەرانە بن و، دوور بن لە جەوهەری ئەم ئازادییە. دانانی یاسا و ڕێکارە کارگێڕییەکان لەم بوارەدا، دەبێ بەنیازپاکییەوە ئەنجام بدرێت. دەوڵەتان لەبارەی مۆڵەتی خۆپیشاندان سێ شیوازی جۆراوجۆر دەگرنە بەر، کە بریتین لە: سیستەمی مۆڵەتی پێشوەختە، سیستەمی ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە و سیستەمی بەدواداچوونی پاشینە. هەر یەک لەم سیستەمانە ڕێکار و میکانیزمی تایبەت بە خۆیان هەیە و، تێڕوانین و تێگەیشتنی دەسەڵاتداران لە جێگیرکردنی هەر یەکەیاندا ڕۆڵی سەرەکیی هەیە. زۆربەی وڵاتانی ئەوروپی سیستەمی ئاگادارکردنەوەی پێشوەخت و سیستەمی بەدواداچوونی پاشینە لە حاڵەتی زیانگەیاندن پەیڕەو دەکەن. سیستەمی نێودەوڵەتیی مافی مرۆڤ، ئاگادارکردنەوەی پێشوەخت بە باش دەزانێت و داوا لە دەوڵەتان دەکات کە یاساکانی خۆیان لەم چوارچێوەیەدا ڕێک بخەن.

یاسای خۆپیشاندانی کوردستان لەمبارەیەوە داخراوترین سیستەمی هەڵبژاردووە، کە ئەویش مۆڵەتی پێشوەختەیە. بەپێی ئەم یاسایە، دەبێ لیژنەیەکی ڕێکخەری خۆپیشاندان هەبێت، کە ژمارەیان لە نێوان ٣-٥ کەسە و، دەبێ (٤٨) کاتژمێر بەر لە خۆپیشاندان، بە داوایەکی نووسراو و واژووکراو پێشکەش بە وەزیری ناوخۆ، یان سەرۆکی یەکەی کارگێڕی بکەن بۆ وەدەستهێنانی ڕەزامەندیی نووسراوه‌كه‌. وەزیر، یان سەرۆکی یەکەی کارگێڕی، ئەگەر بۆی ساغ بووەوە کە خۆپیشاندان زیان بە سیستەم و ئاکاری گشتی دەگەیەنێ، ئەوا دەبێ بە شێوەی نووسراو داواکە ڕەت بکاتەوە و هۆکارەکەیشی دیاری بکات. لیژنەیش بۆی هەیە تانە لە بڕیاری ڕەتکردنەوەکە بدات لە بەردەم دادگه‌ی تێهەڵچوونەوەی ناوچەکە و، دادگه‌یش دەبێ لە ماوەی (٤٨) کاتژمێردا تانەکە یەکلایی بکاتەوە و، بڕیارەکەیش یەکلاکەرەوەیە. ئەگەر بێت و پاش (٤٨) کاتژمێر لە پێشکەشکردنی داواکاری بۆ ڕێکخستنی خۆپیشاندان وەڵام نەدرایەوە، ئەوا بە ڕەزامەندی دادەنرێت.

ئەم شێوازەی ڕێکخستنی خۆپیشاندان لە هەرێم، هەروەک ئاماژەمان پێ دا، لەگەڵ سیستەمی نێودەوڵەتیی مافی مرۆڤ و شێوازی پەیڕەوکراو لە وڵاتانی دیموکراسی ناتەبایە. کاتی خۆیشی لە پەرلەمانی کوردستان مشتومڕێکی زۆر لەسەر ئەم بابەتە کرا، بەڵام دواجار بەم شێوەیە پەسند کرا. لە واقعی کرداریدا، زۆر جار هاووڵاتیان بە شێوەی خۆڕسک ده‌ست به‌ خۆپیشاندان ده‌كه‌ن و، ڕێکارە یاسایییەکان لەمبارەیەوە بێکاریگەر دەمێننەوە؛ هەر بۆیە ئاگادارکردنەوەی پێشوەخت شێوازێکی باشتر و گونجاوترە و لەگەڵ پێوەرە نێودەوڵەتییەکان دەگونجێ.

٥- سنووردارکردنی ڕۆڵی پۆلیس لە خۆپیشاندانەکان: ڕۆڵی پۆلیس لە کاتی کۆبوونەوە و خۆپیشاندانەکان زۆر گرنگ و کاریگەرە. بێ گومان ئەوانیش دەبێ لەمبارەیەوە پابەندی یاسا و ستانداردە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ بن. لە سیستەمە دیموکراتییەکان، پۆلیس پارێزەری ئاسایشی گشتی و ماف و ئازادیی تاکەکانە، هەر بۆیە دەبێ هێزێکی سەربەخۆ و جەماوەری بێت و لە بەرامبەر ڕەفتارەکانی خۆیدا وەڵامگۆ بێت. لە سیستەمی نێودەوڵەتیی مافی مرۆڤ، پۆلیس مافی ئەوەی پێ دراوە کە کرداری پێویست (بەر لە خۆپیشاندان) و پاراستنی ئاسایشی خۆپیشاندان و کۆنترۆڵی نائارامییەکان ئەنجام بدات، بەڵام نابێ بە جۆرێک بێت کە بە ڕەفتارەکانی خۆیان ببنە هۆی سنووردارکردنی لەڕاددەبەدەر و، ئاراستەی خۆپیشاندانەکە بەرەو توندوتیژی ببەن. بۆیە بەگوێرەی ڕاسپاردەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، دەبێ ئەو هێزانە شارەزاییی پێویستیان بۆ پاراستنی ڕێکوپێکی و ئاسایش و کۆنترۆڵی کۆبوونەوەکان هەبێ. پێوەرە نوێیەکانی دەسەڵاتی پۆلیس ئیدی سەرکوت و توندوتیژی نییە، بەڵکوو یاساپارێزی، شەفافییەت، وەڵامگۆیی و بەردەستبوون و کرداری بەجێیە لە کاتی خۆیدا.

لەمبارەیەوە یاسای خۆپیشاندانی هەرێمی کوردستان کۆمەڵێک ڕێسای داناوە. بەپێی ماددەی پێنجەم/بڕگەی دووەم، دەبێ دەزگه‌کانی پۆلیس خۆپیشاندەران بپارێزن. هەروا بەپێی ماددەی حەوتەم/بڕگەی سێیەم دەربارەی هەڵگرتنی چەک لە لایەن خۆپیشاندەران، ڕێگە بە دەزگه‌کانی پۆلیس دراوە کە بەگوێرەی یاسا کارپێکراوەکان ڕێکاری یاسایی دەرهەق بە سەرپێچیکاران بگرنە بەر. بەپێی ماددەی هەشتەم، ئەگەر خۆپیشاندان لە ئامانج، یان کاتی دیاریکراوی خۆی دەرچوو، ئەوا وەزیر، یان سەرۆکی یەکەی کارگێڕی، پاش ڕاوێژ لەگەڵ لیژنەی سەرپەرشتیاری خۆپیشاندان، بۆی هەیە بڵاوە بە خۆپیشاندانەکە بکات. هەروا بەپێی ئەم ماددەیە، ئەگەر پۆلیس زەحمەتیی بینی لە بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندەران، وێڕای ئەوەی داوایان لێ کرا بەڵام هەر سوور بوون، ئەوا بۆی هەیە هۆکاری ناوەڕۆک مەدەنی بۆ بڵاوەپێکردن بەکار بهێنێ. هەروا دەتوانێ ڕێکاری یاسایی بگرێتە بەر بەرامبەر بەوانەی کە لە کاتی خۆپیشانداندا ئاژاوە دروست دەکەن.

جگە لەمەیش بەپێی ماددەی یازدەیەمی هەمان یاسا، ئەگەر دەزگه‌کانی پۆلیس لە سنووری دەسەڵاتی خۆیان دەرچوون بۆ بەکارهێنانی هێزی لەڕاددەبەدەر لە دژی خۆپیشاندەران، ئەوا بەپێی یاسا جێبەجێکراوەکان ڕێکاری یاسایی بەرامبەریان دەگیرێتە بەر. هەروا حکوومەت لەسەرییەتی قەرەبووی زیانلێکەوتووان بکاتەوە بەپێی بڕیاری دادگە، ئەگەر بێت و دەزگه‌کانی پۆلیس لە سنووری ئەرکی ڕاسپێردراوی خۆیان دەرچوون.

٦- پاراستنی ئاسایش و سامانی گشتی و تایبەتی: ئەمەیش بە یەکێک لە کۆتەکانی سەر خۆپیشاندان دادەنرێ، بۆ ئەوەی ناوەڕۆکی ئاشتییانەی خۆپیشاندانەکە پارێزراو بێت و، لە ستانداردە نێودەوڵەتییەکانیش جەختی لەسەر کراوەتەوە. یاسای خۆپیشاندانی کوردستانیش لە ماددەی نۆیەمی خۆیدا ئاماژەی بەم خاڵە کردووە و دەڵێ: "ئەگەر لە کاتی خۆپیشاندانەکەدا ئاسایش، یان سیستەمی گشتی، یان ئادابی گشتی تێک درا، یان زیان بە ئەوانی دی، یان بە سامانی گشتی، یان تایبەتی گەیشت، یان خۆپیشاندانەکە لە ئامانج و مەبەستی دیاریکراوی خۆی دەرچوو، سەبەبکاران بەرپرسیارێتیی قەرەبووکردنەوەی ئەو زیانەیان دەکەوێتە ئەستۆ کە بەو هۆیەوە دەکەونەوە و، ڕێکاری یاساییشیان بەگوێرەی یاسا کارپێکراوەکان، دەرهەق دەگیرێتە بەر".

ئاشکرایە لەم حاڵەتەدا، ئەو جۆرە کردارانە دەکەونە ژێر پاراستنی یاسای سزاکانی عێراقیی ساڵی ١٩٦٩ کە لە دەروازەی حەوتەمی خۆیدا باس لە تاوانەکانی خاوەن مەترسیی گشتی دەکات وەک: سووتاندن، تاوانەکانی تایبەت بە دامودەزگه‌ گشتییەکان، ئامرازەکانی گواستنەوە و پەیوەندییەکان و زیانمەند بۆ تەندروستیی گشتی.

٧- لایەنی سزایی: ماددەی دەیەمی یاسای خۆپیشاندانی هەرێم دەڵێ: "هەر کەسێک سەرپێچیی حوکمەکانی ئەم یاسایە بکات، سزای بەندکردنی بەسەردا دەسەپێت، بە ماوەیەک کە لە مانگ زیاتر نەبێت، یان بە غەرامەیەک کە لە پەنجا هەزار دینار کەمتر و لە پێنج سەد هەزار دیناریش زیاتر نەبێت، یان بە هەر دوو سزاکە". ئاشکرایە کە ئەم لایەنە سزایییە، ئەو حاڵەتانە ناگرێتەوە کە زیان بە موڵک و ماڵ و سامانی گشتی و تایبەتی دەگەیەنن، چونکە مەترسی و ئاستی زیانمەندیی ئەو تاوانانە بە جۆرێکە کە دەکەوێتە ژێر پاراستنی یاسای سزاکان هەروەک پێشتر ئاماژەمان پێ کرد و، سزاکانی زۆر قورسترن.    

ئەنجام

ئازادیی کۆبوونەوە و خۆپیشاندان یەکێکە لە مافە بنەڕەتییەکانی مرۆڤ، کە لە سیستەمی نێودەوڵەتیی مافی مرۆڤ  و دەستووری زۆربەی وڵاتان جەختی لەسەر کراوەتەوە. یەکێک لەو ڕەخنانەی کە لەم سیستەمە دەگیرێت ئەوەیە، کە ڕێسا و ڕێنمایییەکی یەکدەستی نێودەوڵەتیی نییە لەمبارەیەوە و، وڵاتان بەگوێرەی تێگەیشتن و بەرژەوەندییەکانی خۆیان ڕاڤەی ماددەکانی پەیوەندیدار بەم بابەتە دەکەن. ڕەنگە زۆر جار بە پاساوی پاراستنی ئاسایشی گشتی و سامانی گشتیی دەوڵەتان ئەم مافە سنووردار، یان قەدەغە بکەن. هەروا پەرەپێدانی ڕۆشنبیریی تایبەت بە خۆپیشاندانی ئاشتییانە تا ڕاددەیەک لە کۆمەڵگە لاوازە؛ هەر بۆیە جاری وا هەیە هەندێک لە خۆپیشاندەران جیاوازی ناکەن لە نێوان خۆپیشاندانی ئاشتییانە، یان ڕاپەڕینی جەماوەری و، پێیان وایە خۆپیشاندەر مافی ئەوەی هەیە بە هەموو شێوازێک ناڕەزاییی خۆی دەرببڕێت، تەنانەت ئەگەر زیانگەیاندن بە سامانی گشتی و تایبەتییش بێت. هەروا سەبارەت بەو ڕێوشوێنانەی کە لە یاسای خۆپیشاندانی هەرێمی کوردستاندان هەیە، وا باشتر بوو ئاراستەی ئاگادارکردنەوەی پێشوەخت بۆ ئەنجامدانی خۆپیشاندان پەیڕەو بکرابا، چونکە ئەمەیان لەگەڵ ئاراستەی سیستەمی نێودەوڵەتیی مافی مرۆڤ دەگونجێت. لە حاڵەتی وەرگرتنی مۆڵەت، زۆر جار بە پاساو و بیانووی جۆراجۆر ڕێگری لە ئەنجامدانی خۆپیشاندان دەکرێت و، ئەم مافە دەستوورییەی هاووڵاتیان سنووردار دەکرێت.

سەرچاوەکان:

١- ڕضا اسلامی و محمدمهدی کمالوند، چالش های آزادی اجتماعات در سیستم حقوقی ایران در پرتو نظام بین المللی حقوق بشر، مجله حقوقی بین المللی، شماره ٥٠،  بهار- تابستان ١٣٩٣.

٢- نسیم زرگری نژاد، امیرحسین ڕنجبریان، چیستی و چگونگی اعمال حق تجمع مسالمت آمیز: تحلیلی بر دستاورد گزارشگر ویژۀ ملل متحد، فصلنامۀ مطالعات حقوق عمومی، دورە ٦٤، شمارە ٢، تابستان ١٣٩٥.

 ٣- د.علي هادي حميدي الشكري و أركان عباس حمزة الخفاجي، دور القضاء في حماية الحق في حرية التظاهر السلمي (دراسة مقارنة)، مجلة المحقق الحلي للعلوم القانونية والسياسية، کلیة القانون جامعة بابل، العددالأول/ السنة السابعة، ٢٠١٥.

٤- مؤسسة حرية الفكر والتعبير، تعليق مؤسسة حرية الفكر والتعبير على مشروع قانون التظاهر، لەسەر ئەم ماڵپەڕەی خوارەوە دەبینرێ:

http://afteegypt.org/wp-content/uploads/2013/02/afte001-13-02-2013.pdf.

٥- دستور جمهوریة العراق لسنة ٢٠٠٥.

٦- یاسای ژمارە (١١) ساڵی ٢٠١٠، یاسای ڕێکخستنی خۆپیشاندان لە هەرێمی کوردستان-عێراق.

٧- قانون العقوبات، رقم ١١١ لسنة ١٩٦٩ و تعدیلاتە.

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples