دەسەڵاتی کۆکردنەوەی داهاتە دارایییەکان لە سیستەمە فیدراڵییەکان: عێراق وەک نموونە

پێشەکی

بابەتی فیدراڵییەتی دارایی، بە یەکێک لەو بابەتە گرنگانە دادەنرێت کە پەیوەندیی دارایی لە نێوان حکوومەتی فیدراڵ و حکوومەتە هەرێمییەکان لە ڕووی دیاریکردنی دەسەڵاتەکانی هەر یەکەیان بۆ وەرگرتن و کۆکردنەوەی داهاتەکانی وڵات و چۆنێتیی خەرجکردنیان ڕێک دەخات. ئەم بابەتە پەیوەندییەکی توندوتۆڵی بە ئابووریی حکوومەتە فیدراڵی و هەرێمییەکان و هاووڵاتیانەوە هەیە. لە عێراقیش، لەمبارەیەوە ناکۆکیی قووڵ هەیە لە نێوان حکوومەتی فیدراڵ و هەرێم و پارێزگه‌کان لە ڕووی بەڕێوەبردن، وەرگرتنی داهاتەکانی نەوت، گاز، باج و ڕسوومات. لە ئەنجامی جێبەجێکردنی دەستووری عێراقی ساڵی ٢٠٠٥، کۆمەڵێک کێشە و گرفت لەم ڕووەوە هاتوونەتە ئاراوە، کە پێویستیان بە چارەسەر و دۆزینەوەی میکانیزمی شیاو هەیە، هەتا ڕێ لە تەشەنەکردنیان بگیرێت.  

گرنگیی دابەشکردنی دەسەڵاتی تایبەت بە کۆکردنەوەی داهاتە دارایییەکان لە سیستەمە فیدراڵییەکان، هیچ کەمتر نییە لە دابەشکردنی دەستووریی دەسەڵاتەکانی یاسادانان و جێبەجێکردن، بەتایبەت کە هیچ یەک لە ئاستەکانی دەسەڵات لە سیستەمە فیدراڵییەکان (چ فیدراڵی یان هەرێمی)، ناتوانن دەسەڵاتەکانی خۆیان مومارەسە بکەن ئەگەر سەرچاوەی داراییی پێویستیان لەبەردەستدا نەبێ. ڕاستییه‌كه‌ی، ئەگەر حکوومەتە هەرێمییەکان سەرچاوەی ئابووریی سەربەخۆیان نەبێت و تەنیا پشت بە حکوومەتی فیدراڵی ببەستن، ئەوا سەربەخۆییی سیاسیی هەرێمەکان دەکەوێتە بەر مەترسی و، سیستەمی فیدراڵی لەناوەڕۆکی خۆی بەتاڵ دەبێتەوە.

پرسی کۆکردنەوەی داهاتە دارایییەکان لە چوارچێوەی سیستەمی فیدراڵی، بە پرسێکی زۆر ئاڵۆز دادەنرێ، چونکە لە لایەکەوە پەیوەندیی بە ململانێی نێوان هەر دوو دەسەڵاتی فیدراڵی و هەرێمییەوە هەیە و، لە لایەکی ترەوە جیاوازییەکی زۆر لە قەبارەی سامان و داهات لەناو پێکهاتەکانی سیستەمی فیدراڵیدا هەیە. هەر بۆیە، دەبێ ئەم پرسانە لەناو دەستووری وڵاتدا چارەسەری پێویستیان بۆ دابنرێت و لانی کەم چوارچێوە گشتییەکانی دەستنیشان بکرێت.

شێوازەکانی فیدراڵییەتی دارایی

شێوازەکانی فیدراڵییەتی دارایی بەسەر سێ جۆردا دابەش دەبن کە بریتین لە:

١- فیدراڵییەتی ڕکابەرانە (competitive federalism): حکوومەتە هەرێمییەکان لە چوارچێوەی دەوڵەتی فیدراڵیدا بۆ ڕاکێشانی کار و وەبەرهێنان، لەگەڵ یەکتردا دەکەونە ڕکابەری. ئەم جۆرە لە فیدراڵییەت، لە دیاریکردنی بوودجەی گشتی، بەتایبەت وەبەرهێناندا ڕۆڵێکی گەورەی هەیە، کە ئەمەیش پشت بە ڕکابەریی نێوان حکوومەتەکان دەبەستێ (محمد جبار طالب، ص ١٣٣).

٢- فیدراڵییەتی هەرەوەزییانە (cooperative federalism): حکوومەتە هەرێمییەکان بۆ هاوئاهەنگی لە سیاسەتەکانیان و جێبەجێکردنیان لە ناوچەکانی بەرپرسیارێتیی هاوبەش، پێکەوە کار دەکەن. ئەمەیش دەکرێ بە دەقێکی یاسایی دیاری بکرێت یاخود حکوومەتەکان بەگوێرەی واقعی دەسەڵاتی فیدراڵی جێبەجێی بکەن و، مەرج نییە یەکسانی لە دەسەڵات و سەرچاوەکاندا هەبێت (محمد جبار طالب، ص ١٣٣).

٣- فیدراڵییەتی نایەکچوون (Asymmetrical federalism): حکوومەتی فیدراڵ دەسەڵاتەکانی خۆی دەداتە حکوومەتە هەرێمییەکان و، ئەم دەسەڵاتانە وەک یەک نین و پشکی هەرێمەکان لە بوودجەی فیدراڵی یەکسان نییە. لە کەنەدا، دەسەڵاتی دارایی بە شێوەی نایەکچوون لە نێوان هەرێمەکاندا دابەش دەکرێت و، دەسەڵاتی جۆراجۆری بە هەرێمی کیوبێک داوە لە ڕووی خانەنشنیی، باج و بەرنامە کۆمەڵایەتییەکان. لە عێراقیش، نوێنەرانی پارێزگه‌کانی بەسرە، میسان و کەرکووک کە ڕۆڵێکی زیاتریان هەیە لە دابینکردنی داهاتی دارایی بۆ بوودجەی گشتیی عێراق، داوای پشکی زیاتر دەکەن لە بوودجە (محمد جبار طالب، ص ١٣٣).   

دەسەڵاتی کۆکردنەوەی داهاتەکان لە سیستەمە فیدراڵییەکان

تەرخانکردنی داهاتە دارایییەکان لە حکوومەتە فیدراڵییەکان گرنگیی تایبەت بە خۆی هەیە. چونکە لە لایەکەوە، سەرچاوە دارایییەکان ئەو توانایە بە دەسەڵاتە هەرێمی و فیدراڵییەکان دەدەن، کە بتوانن مومارەسەی دەسەڵاتەکانی خۆیان بکەن و، لە لایەکی ترەوە دەسەڵاتی سەپاندنی باج و خەرجییەکان، دەبێتە هۆی چاککردنی دۆخی ئابووری و، کاریگەریی  لەسەریان دەبێت (أزهار هاشم احمد، صص ٩٠-٩١).

سیستەمی دارایی لە وڵاتە فیدراڵییەکان، جیاوازییەکی زۆریان هەیە دەربارەی سەربەخۆییی خودیی یەکە پێکهێنەرەکانی دەوڵەتی فیدراڵی. لەم وڵاتانەدا ڕێسایەکی گشتگیر بۆ ئەم بابەتە نییە، بەڵام لە زۆربەی دەوڵەتە فیدراڵییەکان، دەوڵەتی فیدراڵ لە کۆکردنەوەی داهاتەکاندا پشکی شێری به‌رده‌كه‌وێ. لە نیجیریا پتر لە ٩٠% داهاتەکان لە لایەن دەوڵەتی فیدراڵ کۆ دەکرێتەوە. لە مەکسیک، ڕووسیا و مالیزیا ئەم ڕێژەیە دەگاتە ٩٠%. لە ئه‌رژه‌نتین، باشووری ئەفریقا، ئوسترالیا، بەلژیکا و بەڕازیل ڕێژەکە لە نێوان ٧٠% -٨٥%دایە. لە ئیسپانیا، ئەڵمانیا، هیندستان و نەمسا ڕێژەکە لە نێوان ٦٠%-٦٥%دایە. لە ئەمریکا ڕێژەی داهاتی فیدراڵی دەگاتە ٥٥% و، لە هەندێ وڵات ئەم ڕێژەیە بۆ کەمتر لە نیوە دادەبەزێ، بۆ نموونە لە کەنەدا دەگاتە ٤٧% و، لە سویسرا دەگاتە ٤٠% (جورج أندرسون، ص ١٨).

بە شێوەیەکی گشتی، سەبارەت بە دابەشکردنی دەسەڵاتە دارایییەکان لە هەر دەوڵەتێکی فیدراڵی، نموونەیەکی یەکسان نییە و ئەمەیش دەکەوێتە سەر سروشتی گفتوگۆ و بەرژەوندیی هاوبەشی هاووڵاتیانی دەوڵەتی فیدراڵی. لەمبارەیەوە وڵاتان سێ شیوازی جیاواز پەیڕەو دەکەن کە بریتین لەمانەی خوارەوە:

١- دەسەڵاتە پاوانکراوەکانی حکوومەتی فیدراڵی: واتە هەندێک لە دەسەڵاتەکان بە شێوەیەکی پاوانکراو بۆ حکوومەتی فیدراڵ دەگەڕێتەوە، کە بەڕوونی لە دەقی دەستووردا ئاماژەی پێ کراوە وەک بابەتەکانی پەیوەست بە ئابووری، دراو، یەکپارچەییی وڵات لە بواری گومرک و بازرگانی و...، بۆ نموونە بەندی ٧٣ لە دەستووری ئەڵمانیا (نبیل عبدالرحمن حیاوي، المجلد الثالث، صص ٤٩-٥٠).  هەروا لە بەندی ١١٠ لە دەستووری عێراقی ئاماژە بە دەسەڵاتە پاوانکراوەکانی حکوومەتی فیدراڵی دەکات لە بواری ئابووری و دارایی (دستور العراق لسنة ٢٠٠٥).

٢- دەسەڵاتە هاوبەشەکان: هەندێ لە دەسەڵاتەکان بە هاوبەشی لە نێوان حکوومەتی فیدراڵ و هەرێمەکان بەڕێوە دەچن وەک یاساکانی پەیوەست بە ئابووری، پیشەسازی، بەرهەمهێنانی وزە و...، وەک بەندی ٧٤ لە دەستووری ئەڵمانیا (نبیل عبدالرحمن حیاوي، المجلد الثالث، صص ٤٩-٥٠). بەندی ١١٤ لە دەستووری عێراقی، باس لە دەسەڵاتە هاوبەشەکانی نێوان حکوومەتی فیدراڵ و هەرێمەکان دەکات، لەوانەیش: بەڕێوەبردنی گومرکەکان بە هاوئاهەنگی لەگەڵ حکوومەتە هەرێمییەکان و پارێزگه‌کان و ڕێکخستن و دابەشکردنی سەرچاوە سەرەکییەکانی کارەبا (دستور العراق لسنة ٢٠٠٥).

٣- دەسەڵاتی هەرێمەکان: لە هەندێ لە دەستوورە فیدراڵییەکاندا ئەو دەسەڵاتانەی کە بەپاوانکراوی نەدراوە بە حکوومەتی فیدراڵ، یان لە نێوان حکوومەتی فیدراڵ و هەرێمەکاندا هاوبەش نین، ئەوا بۆ هەرێمەکان بەجێ دەهێڵرێن، وەک بەندی ٧٠ لە دەستووری ئەڵمانیا (نبیل عبدالرحمن حیاوي، المجلد الثالث، صص ٥١-٥٢).

لە بەندی ١١٥ لە دەستووری عێراقیدا هاتووە: "هەر شتێک لە سنووری دەسەڵاتە تایبەتەکانی حکوومەتی فیدراڵیدا ئاماژەی پێ نەکرابێت، ئەوە دەبێتە دەسەڵاتی هەرێمەکان و ئەو پارێزگه‌یانەی ناکەونە ناو سنووری هیچ هەرێمێکەوە. ئەگەر ناکۆکی لەسەر دەسەڵاتە هاوبەشەکانی نێوان حکوومەتی فیدراڵی و حکوومەتی هەرێمەکان دروست بوو، ئەوا یاسای هەرێمەکان و پارێزگه ڕێکنەخراوەکان لە چوارچێوەی هەرێم لەپێشترن (دستور العراق لسنة ٢٠٠٥). بە سەرنجدان بەم بەندەی دەستووری عێراقی، بۆمان دەردەکەوێت كه‌ جگە لە دەسەڵاتە پاوانکراوەکان لە بەندی ١١٠ و دەسەڵاتە هاوبەشەکان لە بەندی ١١٤، ئەوا دەسەڵاتی سوودوەرگرتن لە سەرچاوە سروشتییەکانی دیکە وەک ئاسن، مس، کرۆم و... دەگەڕێتەوە بۆ هەرێمەکان و دەتوانن وەبەرهێنانی تێدا بکەن و بیفرۆشن، یان هەناردەی بکەن بەبێ ئەوەی بۆ حکوومەتی فیدراڵی بگەڕێنەوە.

داهاتی سەرچاوە سروشتییەکان

داهاتی سەرچاوە سروشتییەکان بەپێی گرنگیی جۆری ئەو سەرچاوانە، لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی تر دەگۆڕێت. بۆ نموونە لە هەندێ وڵاتی وەک ڕووسیا و نیجیریا نەوت بە سەرچاوەیەکی گرنگی داهات دادەنرێت، بەڵام لە باشووری ئەفریقا ئەڵماس گرنگیی تایبەتی هەیە. لە هەندێ وڵاتی دیکە ئاو و درەخت گرنگییان هەیە. لە هەندێ لە فیدراڵییەتە نوێیەکان، وەک عێراق و سوودان، هەرچەندە نەوت گرنگیی تایبەت بە خۆی هەیە، بەڵام هێشتا چۆنێتیی بەڕێوەبردن و دابەشکردنی ئەم داهاتە دیاری نەکراوە. لە هەندێ وڵاتیش وەک ئەمریکا، هیندستان و ئه‌رژه‌نتین داهاتی سەرچاوە سروشتییەکان لەسەر ئاستی نیشتمانی گرنگییەکی ئەوتۆی نییە و، تەنیا بۆ هەندێ لە پێکهاتەکانی سیستەمی فیدراڵی گرنگە (جورج أندرسون، ص ٣٧-٣٨). لەمبارەیەوە وڵاتان سێ شێوازی جیاوازیان گرتۆتە بەر کە بریتین لەمانەی خوارەوە:

١- دەوڵەتە فیدراڵییەکانی خاوەن دەستووری زۆر کۆن، وەک ئوسترالیا و کەنەدا و ئەمریکا، بە شێوەیەکی گشتی دەسەڵاتی سەرچاوە سروشتییەکان و داهاتەکانیان داوەتە دەست هەرێمەکان؛ هەرچەندە لە ئەمریکا دەسەڵاتی فیدراڵی لە هەندێک هەرێم دەسەڵاتێکی زۆری بەسەر "زەویوزارە فیدراڵییەکانی" دەوڵەمەند بە نەوت هەیە (جورج أندرسون، ص٣٨). لە کەنەدا بەڕێوەبردن و فرۆشتنی زەویوزاری گشتی بە سەرچاوە سروشتییەکانەوە لەناو سنووری هەرێمەکان، بە موڵکی ئەو هەرێمە لە قەڵەم دەدرێن و بەم جۆرە سەرچاوەیەکی بایەخداری سامان بەو هەرێمە دەبەخشێت و توانای بەڕێوەبردنی ئابووریی بۆ دابین دەکات (مەجید ئاسنگەر، ل ١٧). لە هەندێ لە وڵاتانی فیدراڵییش وەک ئه‌رژه‌نتین، موڵکییەتی تەواوی سەرچاوە سروشتییەکان بە هەرێمەکان دراوە، هەرچەندە حکوومەتی فیدراڵیش هێشتا دەستڕۆییی کارگێڕیی بەرچاوی لەسەر داهاتەکان هەیە (جورج أندرسون، ص٣٨). 

٢- لە دەستوورە نوێیەکانی وڵاتانی فیدراڵی، ڕۆڵی پاوانکراو و زیاتر بە حکوومەتە فیدراڵییەکان دراوە. لەم وڵاتانەیش، هەندێ جار جۆرێک لە بەشداری بە هەرێمەکان و تەنانەت شارەوانییە لۆکاڵییەکانیش دەکرێ، بۆ نموونە بەڕازیل (جورج أندرسون، ص٣٨). لە ڕووسیا ٥% لە داهاتی نەوت بە هەرێمە بەرهەمهێنەرەکان دەدرێ و، لە نیجیریا ئەم ڕێژەیە دەگاتە ١٣%. لە هەندێ دەوڵەت ١٠%ی ئەو داهاتانە، دەڕوات بۆ سندووقێکی تایبەت بە گەشەپێدانی ئەو هەرێمانەی کە سامانەکەی تێدایە و، زیاد دەکرێ بۆ پشکی هەرێم لە بوودجەی گشتی؛ بەو مەرجەی لە بواری خزمەتگوزاریی گشتی وەک تەندروستی، پەروەردە و گەیاندن خەرج بکرێت (مصطفی نصر، ص ١٤).

٣- لە هەندێ دەوڵەتی فیدراڵیش، دەسەڵاتەکان بە شێوەیەکی هاوبەش لە نێوان حکوومەتی فیدراڵ و هەرێمەکان دابەش کراوە. لە دەستووری عێراقی، هەرچەندە بابەتی نەوت و گاز لە ڕیزی دەسەڵاتە پاوانکراوەکان و دەسەڵاتە هاوبەشەکاندا نەهاتووە، بەڵام لە بەندی ١١٢ باس لەوە دەکات کە حکوومەتی فیدراڵ نەوت و گازی هەڵێنجراو لە کێڵگەکانی ئێستا لەگەڵ حکوومەتە هەرێمییەکان و پارێزگه بەرهەمهێنەرەکاندا به‌ڕێوه‌ ده‌بات. هەروا حکوومەتی فیدراڵ و هەرێمەکان و پارێزگه بەرهەمهێنەرەکان، پێکەوە سیاسەتە ستراتیژییە پێویستەکان بۆ پەرەپێدانی سامانی نەوت و گاز داده‌ڕێژن. ئەوەی کە لێرەدا ڕوونە ئەوەیە، کە دەسەڵاتی بەڕێوەبردنی ئەم سامانە دەسەڵاتێکی هاوبەشە (محمد جبار طالب، ص ١٣٨ والدستور العراق لسنة ٢٠٠٥). تەرخانکردنی دوو بەندی تایبەت لە دەستووری عێراقی بۆ نەوت و گاز، ڕەنگە بۆ ئەوە بگەڕێتەوە کە نەوت پتر لە ٩٠%ی داهاتی عێراق پێک دەهێنی و، دانەرانی دەستوور ویستوویانە بەم جۆرە تایبەتمەندیی زیاتر بەم بابەتە بدەن.

باجەکان

لە بەشێکی زۆری وڵاتانی پێشکەوتوو، باج بەشێکی هەرە گرنگی داهاتی وڵاتان پێک دەهێنێ. جۆرەکانی باج بریتین لە: باجی فرۆشتن، باجی خانووبەرە، باجی داهاتی تاکەکەسی و کۆمپانیاکان، باجی زیادەنرخ، باجی کاڵا و خزمەتگوزارییەکان و هتد.  سەبارەت بە کۆکردنەوەی باجەکان لە سیستەمە فیدراڵییەکان، بەپێی دۆخی هەر وڵاتێک و بەگوێرەی ئەزموونی دەوڵەتە فیدراڵییەکان بەسەر سێ شێواز دابەش دەبێت، کە بریتین لە:

١- حکوومەتە هەرێمییەکان، ده‌ست ده‌كه‌ن بە کۆکردنەوەی هەموو باجەکان و، بڕێکی دیاریکراو دەدەن بە حکوومەتی فیدراڵ بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی دەسەڵاتە فیدراڵییەکان (نبیل عبدالرحمن حیاوي، المجلد الثالث، ص ١٨).  بەشی (٩٢/٢) لە دەستووری کەنەدی، مافی کاروبارەکانی باجگریی ڕاستەوخۆ لەنێو هەرێمدا دەداتە هەرێمەکان، بۆ ئەوەی بڕی داهاتی هەرێمەکان بە مەبەستی تەرخانکردنی بۆ خزمەتگوزارییە هەرێمییەکان بەرز بکاتەوە (مەجید ئاسنگەر، ل ١٧).

بەپێی بەندی ٢٢٨/١ لە دەستووری باشووری ئەفریقا، هەر کومیسیۆنێکی یاسادانانی هەرێمی، دەتوانێ باج و ڕەسمێک پێچەوانەی باجی داهات، یان باج لەسەر زیادەنرخ، یان باجی گشتی لەسەر فرۆشراوەکان، یان خانووبەرە، یان ڕەسمی گومرکی بسەپینێت (دستور جنوب افریقیا عام ١٩٩٦). لە ئەڵمانیا هەرێمەکان باجەکان لە بری حکوومەتی فیدراڵ كۆ ده‌كه‌نه‌وه‌؛ هەروا لاندرەکان (هەرێمەکان) لە ڕێگەی ئەنجومەنی سینات بەشداری لە دەرکردنی بڕیارەکانی تایبەت بە باجە فیدراڵییەکاندا دەکەن. لە سویسرا کانتۆنەکان و حکوومەتە لۆکاڵییەکان کۆکردنەوەی باجەکان له‌ ئه‌ستۆ ده‌گرن (جورج أندرسون، ص ٢٦). هەروا دەستووری بەڕازیلی ساڵی ١٩٩٨ دەسەڵاتی باجی بە هەرێمەکان داوە و، سیستەمێکی داراییی دووفاقیی بۆ هەوڵدان بۆ پاراستنی سیاسەتە کۆمەڵایەتییەکان دروست کردووە (علي هادي حمیدي الشکراوي، ص ١٨٠).  

٢- دەوڵەتە فیدراڵییەکان کۆکردنەوەی هەموو باجەکان ده‌گرنه‌ ئه‌ستۆ و، بڕێکی دیاریکراو دەدەن بە هەرێمەکان (نبیل عبدالرحمن حیاوي، المجلد الثالث، ص ١٨). لە ئوسترالیا، حکوومەتی فیدراڵ هەموو باجە فیدراڵییەکان وه‌رده‌گرێ و، هەرێمەکان تەنیا باجەکانی تایبەت بە خۆیان وەردەگرن. هەروا لە مالیزیا و ڕووسیا، حکوومەتی فیدراڵ بە نوێنەرایەتیی هەرێمەکان هەموو باجەکان وه‌رده‌گرێ (جورج أندرسون، ص ٢٦).

٣- دەسەڵاتی وەرگرتنی باجەکان لە نێوان حکوومەتی فیدراڵی و حکوومەتە هەرێمییەکان دابەش دەکرێت. زۆربەی دەوڵەتە فیدراڵییەکان ئەم شێوازەیان هەڵبژاردووە، چونکە زیاتر لەگەڵ تێڕوانینە بنەڕەتییەکانی فیدراڵیدا دەگونجێت (نبیل عبدالرحمن حیاوي، المجلد الثالث، ص ١٨). لە ئەمریکا و هیندستان لەسەر ئاستی هەر دوو حکوومەت (فیدراڵی و هەرێمی)، هەر یەکەیان باجی تایبەت بە خۆیان كۆ ده‌كه‌نه‌وه‌. لە ئیسپانیا، هەر دوو ئاستی حکوومەت باجی تایبەت بە خۆیان وه‌رده‌گرن و، حکوومەتی ناوەندی باجە هاوبەشەکان وه‌رده‌گرێت، بەڵام هەر یەک لە باسک و نافاری، کە خاوەنی ئۆتۆنۆمین، بەپێی ئەو ڕێکخستنە مێژوویییەی کە هەیانە، هەموو باجەکان كۆ ده‌كه‌نه‌وه‌، کە ڕەسمێکی دیاریکراوی، لێ دەدەن بە حکوومەتی ناوەندی، وەک بەشێک لە خەرجییەکانی حکوومەتی ناوەندی (جورج أندرسون، ص ٢٦). بەگوێرەی بەندی (٢٢٧/٢) لە دەستووری باشووری ئەفریقا، هەر داهاتێکی زیادە کە دەست هەرێمەکان یان شارەوانییەکان بکەوێت، نابێ لە پشکی ئەوان لە داهاتی نەتەوەیی یان لە هەر دەرماڵەیەکی تر کە لە داهاتی حکوومەتی نیشتمانی پێیان دەبەخشرێت، کەم بکرێتەوە (مەجید ئاسنگەر، ل ١٥٤ و دستور جنوب أفریقیا عام ١٩٩٦).

سەبارەت بە باج لە بەندی ٢٨ی دەستووری عێراقیدا هاتووە: "باج و ڕسوومات ناسەپێنرێت و هەموار ناکرێت و وەرناگیرێت و لێبووردن نایگرێتەوە، تەنیا بە یاسا نەبێت." لێرەدا باس لە سەپاندن و وەرگرتنی باج و ڕسوومات دەکات، کە تەنیا بە یاسا دەبێت و، یاسایش لە عێراق وەک وڵاتێکی فیدراڵی بریتییە لە دەسەڵاتی یاسادانانی فیدراڵی و دەسەڵاتی یاسادانانی هەرێمەکان. ئەمەیش بەگوێرەی بەندی ١٢١/یەکەم لە دەستوور دەچێتە ڕیزی دەسەڵاتی هەرێمەکان، مادام لە دەسەڵاتە پاوانکراوەکانی حکوومەتی فیدراڵیدا نەهاتبێت (محمد جبار طالب، ص ١٣٩).

هەروا لە بەندی ٢٨، وشەی باج بە شێوەیەکی گشتی هاتووە و، دەتوانین بڵێین هەموو جۆرەکانی باج دەگرێتەوە. سەبارەت بە گومرکیش، ئەمە بە ڕسوومات دادەنرێت، کە لە ڕیزی دەسەڵاتە پاوانکراوەکاندا نەهاتووە و، لە دەسەڵاتە هاوبەشەکاندا لە بەندی ١١٤/یەکەم ئاماژە بە بەڕێوەبردنی گومرکەکان دەکات بە هاوئاهەنگی لە نێوان حکوومەتە هەرێمییەکان و پارێزگه ڕێکنەخراوەکان؛ کە ئەمەیش بە یاسا ڕێک دەخرێت. ئەگەر بۆ یاسای دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق ژمارە (٣٠) ساڵی ٢٠١٦ بگەڕێینەوە، لە بەندی ٣/پێنجەمدا دەڵێت: "دانانی ڕێوشوێن و ڕێنماییی تایبەت بە ڕێکخستنی کار لە دەروازە سنوورییەکان و بەڕێوەبردنی گومرکەکان بە هاوئاهەنگی لەگەڵ حکوومەتە هەرێمییەکان و پارێزگه ڕێکنەخراوەکان لە هەرێمەکاندا دەبێت." بەم پێیە، دەکرێ حکوومەتی فیدراڵ و هەرێم بۆ بەڕێوەبردن و وەرگرتنی ڕسووماتی گومرکی ڕێک بکەون. لە ئەگەری دەرچوونی یاسا لە هەرێم لەمبارەیەوە، ئەوا ئەگەر ناکۆکی لە نێوان یاساکان لە دەسەڵاتە هاوبەشەکاندا هەبوو، ئەوا "لەپێشتری" (ئه‌وله‌وییه‌ت) بۆ یاسای هەرێمەکان دەگەڕێتەوە.

 ئەنجام

پاش وردبوونەوە لە شێوازەکانی دابەشکردنی دەسەڵاتە دارایییەکان لە عێراق و، وەرگرتنی هەندێ نموونە لە سیستەمە فیدراڵییەکانی دیکە بۆمان دەرکەوت، کە دەستووری عێراقی هەندێ لە دەسەڵاتەکانی بەپاوانکراوی بە حکوومەتی فیدراڵیی داوە و، هەندێکی تری بە دەسەڵاتی هاوبەش داناوە و بەپێی بەندی ١١٥ لە دەستوور پاشماوەی دەسەڵاتەکانی بۆ هەرێمەکان بەجێ هێشتووە. لە کاتی ناکۆکییش لە دەسەڵاتە هاوبەشەکان، ئەوا لەپێشتری بۆ یاسای هەرێمەکانە. سەبارەت بە نەوت و گاز لە کێڵگەکانی ئێستا، بەڕێوەبردنی بە شێوەی هاوبەشە لە نێوان حکوومەتی فیدراڵی و هەرێمەکان. هەروا سەبارەت بە کێڵگەکانی داهاتوویش، ئەوا لە دەسەڵاتی هەرێمەکاندایە. سامانە سروشتییەکانی دیکە، جگە لە نەوت و گاز، لە ڕیزی دەسەڵاتی هەرێمەکاندایە. هەروا سەبارەت بە باج و ڕسوومات، ئەوا لە ڕیزی دەسەڵاتی تایبەتیی حکوومەتی فیدراڵی و دەسەڵاتە هاوبەشەکاندا دانەنراوە، تەنیا گومرکەکان نەبێت کە بە دەسەڵاتی هاوبەش دانراوە، کە ئەویش دەکرێ ڕێککەوتنی لەسەر بکرێت.

کۆکردنەوەی هەموو داهاتەکانی هەرێم لە لایەن حکوومەتی فیدراڵیی عێراق، بەبێ ئەوەی هیچ سەرچاوەیەکی داهات بۆ هەرێم بهێڵێتەوە، ئەوا دەبێتە هۆی ئەوەی کە حکوومەتی فیدراڵی دەست بەسەر هەموو سەرچاوەکانی داهاتی وڵاتدا بگرێت؛ ئەمەیش کاریگەریی نەرێنیی بۆ سەر سەربەخۆییی سیاسیی هەرێم ده‌بێت. هەر بۆیە، تایبەتمەندیی دەوڵەتی فیدراڵی وا دەخوازیت، کە سیاسەتی گشتیی داراییی عێراق چاکسازیی تێدا بکرێت و سیاسەتی بەڕێوەبردنی نەوت و گاز، باج و ڕسوومات و وەبەرهێنان بە جۆرێک ڕێک بخرێت، کە لەگەڵ ڕۆح و بنەماکانی دەستوور و یاسادا بگونجێت و بنەماکانی فیدراڵییەتی دارایی و سیاسی پەیڕەو بکرێت. واتە کۆکردنەوەی ئەم داهاتانە بە جۆرێک بێت، کە هەرێمەکانیش جۆرێک لە سەربەخۆییی ئابووری و دارایییان هەبێت و، لە هەمان کاتدا کە بەشداری لە دابینکردنی داهاتی فیدراڵیدا دەکەن، پێویستە لەو داهاتانەیش بێبەش نەکرێن.

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples