گرنگیی دامەزراندنی ئەنجومەنی فیدراڵی لە عێراق

پێشەکی

لە بەشی هەرە زۆری وڵاتانی فیدراڵی، دەسەڵاتی یاسادانان دووئه‌نجومه‌نییە. هەرچەندە بیرۆکەی دانانی ئەنجومەنی یاسادانانی دووەم، یان ئەنجومەنی فیدراڵی یان پیران، لە بنەڕەتدا لە وڵاتانی سادە (وەک بریتانیا) سەری هەڵداوە، بەڵام پاشان ئەم بیرۆکەیە گواسترایەوە بۆ دەوڵەتە فیدراڵییە کلاسیکییەکانی لە چەشنی ئەمریکا، سویسرا، ئەڵمانیا و ئوسترالیا. نابێ ئەوەیش لەیاد بکەین، کە دەوڵەتە فیدراڵییە کلاسیکییەکان، ڕۆڵێکی باڵایان لە گەشەپێدانی ئەم بیرۆکەیە و، گونجاندنی لەگەڵ بنەما تیۆری و گشتییەکانی سیستەمی فیدراڵیدا هەبووە.

بەو پێیەی دەسەڵاتەکان لە سیستەمە فیدراڵییەکان بۆ سەر دوو ئاستی فیدراڵی و هەرێمی دابەش دەکرێن، هەر بۆیە لە ڕووی تیۆرییەوە وا گریمانە دەکرێت کە ئامانج لە پێکهێنانی ئەنجومەنی یاسادانانی دووەم، بریتییە لە نوێنەرایەتیکردنی هەرێمەکان و پاراستنی بەرژەوەندییەکانیان. بەگوێرەی بەندی (٦٥) لە دەستووری عێراقی ساڵی ٢٠٠٥، دەبێ ئەنجومەنێکی یاسادانان، بە ناوی ئەنجومەنی فیدراڵی (مجلس الاتحاد) پێک بێت، کە نوێنەری هەرێم و پارێزگە ڕێکنەخراوەکان لەناو هەرێم لەخۆ دەگرێت. پێکهێنان، مەرجەکانی ئەندامێتیی و دەسەڵاتەکانی ئەم ئەنجومەنە بە یاسایەک ڕێک دەخرێت، کە دەبێ بە زۆرینەی دوو لەسەر سێی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران دەربچێت.

ئەوەی جێی سەرنجە، هەتا ئێستا ئەم ئەنجومەنە لە عێراق دروست نەبووە و یاسای تایبەتی بۆ دەرنەچووە، چونکە لە کاتی نووسینەوەی دەستووردا ویستێکی بەهێز نەبووە بۆ پراکتیزەکردنی بنەماکانی فیدراڵییەت و، پاراستنی بەرژەوەندیی هەرێمەکان لە بەرامبەر زێدەخوازیی زۆرینەی پەرلەمانی؛ بۆیە تایبەتمەندیی و دەسەڵاتەکانی لەناو دەستووردا ڕێک نەخراوە. ئەمەیش نیشانەی ئەوەیە، هەر ئەو کاتە ناکۆکیی قووڵ لە نێوان پێکهاتەکانی عێراقدا لەسەر چۆنێتیی پێکهێنانی ئەم ئەنجومەنە هەبووە، هەر بۆیە نەیانتوانیوە لەسەری ڕێک بکەون. لەم وتارەدا، تیشک دەخەینە سەر پێناسە، ڕۆڵ و دەسەڵاتەکانی ئەنجومەنی فیدراڵی و، ئاماژە بە هەندێ نموونە لە دەوڵەتانی فیدراڵیدا دەکەین.

پێناسەی ئەنجومەنی فیدراڵی

لە ڕووی زاراوەیییەوە، زانایانی یاسای دەستووری بە چەند جۆرێک ناویان هێناوە وەک: ئەنجومەنی باڵا، ژووری دووەم لە پەرلەمان، ئەنجومەنی یاسادانانی دووەم، ئەنجومەنی دووەم، ئەنجومەنی پیران، ئەنجومەنی فیدراڵی و هتد. هەروا پێناسەی جۆراجۆری بۆ کراوە، هەندێک دەڵێن بریتییە لە: "ئەنجومەنێکی نوێنەرایەتی، کە بەشێکە لە پەرلەمان و لە گفتوگۆکانیدا بەشداری دەکات." هەروا هەندێکی تر بەم جۆرە پێناسەیان کردووە: "دەستەیەکە، دەستوەردان دەکات لە باشترکردنی یاساکان بەر لە دەرچوونی، نەک هەر لە ڕووی ڕواڵەتییەوە بەڵکوو لە ڕووی ناوەڕۆکیشەوە". ئەم پێناسانە گشتگیر نین، هەر بۆیە دەتوانین بڵێین: "ئەنجومەنی یاسادانانی دووەم، یەکێکە لەو دوو ئەنجومەنەی کە پەرلەمانی لێ پێک دێت لەو وڵاتانەی کە خاوەن سیستەمی جووتئەنجومەنین و، لە ڕووی بنەمای پێکهاتن، ڕێکخستنی ئەندامێتی و ئاستی بەشداریکردنی لە بەجێهێنانی ئەرکەکانی پەرلەماندا، لەگەڵ ئەنجومەنی یەکەمدا جیاوازیی هەیە".

سیستەمی جووتئەنجومەنی لە وڵاتانی فیدراڵی

لە هەموو سیستەمە فیدراڵییەکان، بەردەوام جۆرێک لە ململانێی سروشتی لە نێوان پێکهاتەکانی دەوڵەتی فیدراڵ، واتە حکوومەتی فیدراڵی و هەرێمەکاندا هەیە. حکوومەتی فیدراڵ بەردەوام هەوڵی بەهێزکردنی پێگە و دەسەڵاتەکانی خۆی دەدات و، لە بەرامبەریشدا حکوومەتە هەرێمییەکان هەوڵ دەدەن سەربەخۆییی سیاسی و دارایی و کارگێڕیی خۆیان بپارێزن. لەم حاڵەتەدا، ئەنجومەنی فیدراڵی دەتوانێ وەک پارێزەری مافی هەرێمەکان ڕۆڵی هاوسەنگکردن بگێڕێت و، بەرژەوەندیی هەرێمەکان بپارێزێت.

سەرهەڵدانی سیستەمی جووتئەنجومەنی (Bicameralism)، هۆکاری مێژوویی و نەریتیی هەیە و، لە هەمان کاتدا بە ئامانجی ناناوەندیکردنی دەسەڵات و نوێنەرایەتیکردنی هەرێم و ناوچە جۆراجۆرەکان دروست بووە. هەروا گەرەنتییە بۆ سیستەمێکی یاسادانانی باشتر و بەرەنگاربوونەوەی کۆنەپارێزیی کۆمەڵایەتیی سیستەمی تاکئەنجومەنی Monocameralism)). لە ڕووی پراکتیکەوە، نموونەیەکی یەکگرتوو نییە بۆ سیستەمی جووتئەنجومەنی، چونکە ئەم پرسە بەپێی پرۆگرامی کاری سیاسیی هەر وڵاتێک گۆڕانی بەسەردا دێت. بەگشتی لە وڵاتانی سادە، ئاراستەکە پتر بەرەو سیستەمی تاکئەنجومەنییە، بەڵام لە وڵاتانی فیدراڵی ئاراستەکە بەرەو جووتئەنجومەنییە. لە ساڵی  ٢٠١٢ لە کۆی (٢٥) دەوڵەتی فیدراڵی، (١٩) دەوڵەت خاوەنی سیستەمی جووتئەنجومەنی بوون، کە ڕێژەکەی دەکاتە (٧٦%) و، (٦) دەوڵەت تاکئەنجومەنی بوون کە دەکاتە ڕێژەی (٢٤%). لە هەمان کاتدا، لە کۆی (١٦٠) دەوڵەتی سادە، تەنیا (٥٧) دەوڵەت سیستەمی جووتئەنجومەنییان پراکتیزە کردووە؛ واتە ڕێژەی (٣٥،٥%) کۆی دەوڵەتانی سادە و (١٠٣) دەوڵەت سیستەمی تاکئەنجومەنییان پیادە کردووە، کە دەکاتە ڕێژەی (٦٤،٥%). بەم جۆرە دەردەکەوێت، کە سیستەمی جووتئەنجومەنی بە خەسڵەتێکی دیاری سیستەمی فیدراڵی دادەنرێت. ئەمەیش وای کردووە هەندێک لە زانایان بێنە سەر ئەو باوەڕە، کە پێویستە سیستەمە فیدراڵییەکان سیستەمی جووتئەنجومەنی پیادە بکەن. هەموو فیدراڵییەتە کۆن و ڕەسەنەکان سیستەمی جووتئەنجومەنییان پیادە کردووە و، ئەو دەوڵەتانەی کە بە تاکئەنجومەنی وەریان گرتووە بریتین لە: ئیماراتی عەرەبی، ڤێنزوێلا، میکرۆنیزیا، کۆمۆر، یەکێتیی سانت کیتس و نیڤیس. عێراقیش لە دەستوور بە جووتئەنجومەنی وەری گرتووە، بەڵام هێشتا جێبەجێی نەکردووە. هەر لەمبارەیەوە د.مونزیر شاوی دەڵێت: "بیرۆکەی دەوڵەتی فیدراڵی، پشت بە دوو ڕاستی دەبەستێت: دووانەییی دەسەڵات و دووانەییی ئەنجومەنەکانی یاسادانان".

بەپێی زۆرینەی دەستوورە فیدراڵییەکان، هەر دوو ئەنجومەن دەسەڵاتی یەکسانیان هەیە لە پرۆسەی یاسادانان؛ واتە هەردووکیان هەمان دەسەڵاتیان هەیە لە بواری پێشنیارکردن و پەسندکردنی یاساکان. هەروا هەندێک لە یاسازانان لەو باوەڕەدان، کە ڕێسای نوێنەرایەتیکردنی یەکسان، بەدەر لە ڕێژەی دانیشتووان، بە کۆڵەکەیەک لە کۆڵەکەکانی دەوڵەتی فیدراڵی دادەنرێ.

پاساوەکانی لایەنگرانی بیرۆکەی جووتئەنجومەنی بریتین لەمانەی خوارەوە:

١) گەرەنتیکردنی نوێنەرایەتیکردنی بەرفراوانتری وڵات، بەتایبەت ئەگەر فرەپێکهاتە بێت.

٢) گەرەنتیکردنی ئافراندنی یاسا و سیاسەتێکی باشتر، بە سەرنجدان بەوەی کە هەلێکی زیاتر بۆ گفتوگۆ دەڕەخسێت.

٣) دەتوانێ یارمەتیدەر بێت لە چارەسەرکردنی ئەو ململانێیەی، کە لە کاتی ناکۆکی لە نێوان دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێکردندا دێتە ئاراوە.

٤) ڕەواندنەوەی ترسی هەرێمەکان، بۆ ئەوەی دەسەڵاتی فیدراڵی بە شێوەیەکی ناڕەوا دەستدرێژی نەکاتە سەر بەرژەوندی و سەربەخۆییی زاتیی هەرێمەکان.

٥) پاراستنی مافی کەمینە نەتەوەیی و ئایینییەکان.

چەند نموونەیەکی ئەنجومەنی فیدراڵی لە سیستەمە فیدراڵییەکان

دەستووری ئەمریکی بە سیستەمی جووتئەنجومەنی وەری گرتووە؛ واتە لە دوو ئەنجومەنی نوێنەران و پیران (سینات) پێک هاتووە، کە سەرجەم پێی دەگوترێت کۆنگرێس. دەسەڵاتەکانی هەر دوو ئەنجومەن لە بواری یاسادانان یەکسانە، جگە لە یاسادانان لە بواری دارایی نەبێت، کە بەپێی بەندی (١/ب٧) لە دەستوور دەسەڵاتی پێشنیارکردنی بە ئەنجومەنی نوێنەران دراوە، بەڵام ئەنجومەنی پیرانیش مافی هەموارکردنی پێ دراوە، بە جۆرێک کە دەتوانێ سەرلەبەری داڕێژێتەوە. هیچ پرۆژەیاسایەک نابێتە یاسا، ئەگەر ئەنجومەنەکەی تر پەسندی نەکات، بەدەر لەوەی کام ئەنجومەن پێشنیاری دەکات. بەڵام لە ڕووی پرۆسەی بڕیارسازی، ئەوا تای تەرازوو لە قازانجی ئەنجومەنی پیرانە، چونکە جگە لە دەسەڵاتی یاسادانان، ئەوا بەشداریی سەرۆکی ئەمریکایش دەکات لە دانانی فەرمانبەرانی گەورەی فیدراڵیدا. هەروا دەسەڵاتی هەیە لەسەر دەربڕینی ڕەزامەندی لەسەر ئەو پەیمانانەی کە لەگەڵ دەوڵەتانی دیکە دەبەسترێن و، دادگه‌ییکردنی سەرۆکی وڵات لە کاتی تۆمەتبارکردنی بە تاوانێکی سزایی. هۆکاری داشکاندنی تای تەرازوو بە لای ئەنجومەنی پیراندا، بۆ سروشتی پێکهێنانی دەگەڕێتەوە، کە تێیدا هەرێمەکان بەبێ لەبەرچاوگرتنی ژمارەی دانیشتووان، بە شێوەی یەکسان نوێنەریان هەیە.

ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران، ڕاستەوخۆ لە لایەن هاووڵاتیانی ئەمریکی هەڵدەبژێردرێن و ژمارەی نوێنەرانی هەر هەرێمێک بەپێی ژمارەی دانیشتووانی دیاری دەکرێت، بەڵام نابێ هیچ هەرێمێک کەمتر لە یەک نوێنەری هەبێت. ژمارەی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران لە کاتی ئێستادا (٤٣٨) کەسە. هەر دە ساڵ جارێک، بەگوێرەی گۆڕانی ژمارەی دانیشتووانی بازنەکان، ئەم ژمارەیە گۆڕانی بەسەردا دێت. سەبارەت بە ئەنجومەنی پیران، لەسەر بنەمای یەکسانییە لە نێوان هەرێمەکان و، هەر هەرێمێک (٢) نوێنەری هەیە کە لە لایەن دانیشتووانی ئەو هەرێمەوه‌ بە شێوەی ڕاستەوخۆ هەڵدەبژێردرێن و، لە کاتی ئێستادا (١٠٠) سیناتۆری هەیە. ئەمەیش وا دەکات کە ئەنجومەنی پیران ڕێگری لە هەر ڕێکارێک بکات کە دژ بە ویست و بەرژەوەندیی هەرێمەکان بێت.

لە ئوسترالیا، دەسەڵاتی یاسادانان لە دوو ئەنجومەن پێک دێت کە بریتین لە ئەنجومەنی نوێنەران و پیران. ئەندامانی هەر دووکیان لە لایەن خەڵکەوە هەڵدەبژێردرێن و ماوەی ئەنجومەنی پیران (٦) ساڵ و ئەنجومەنی نوێنەران (٣) ساڵە. ژمارەی نوێنەرانی هەرێمەکان یەکسانە و، هەر هەرێمێک (١٢) سیناتۆری هەیە بەبێ لەبەرچاوگرتنی ڕێژەی دانیشتووان و، (٤) سیناتۆریش بۆ ناوچەکانی باکوور و ناوەڕاستی ئوسترالیا دانراوە و سەرجەم دەبێتە (٧٦) سیناتۆر. لە ئەنجومەنی نوێنەرانیش بەگوێرەی ڕێژەی دانیشتووان، بۆ هەر (٧٠٠٠٠) کەس نوێنەرێک دیاری کراوە و، نابێ هیچ هەرێمێک کەمتر لە (٥) نوێنەری هەبێت و، ناوچەکانی باکوور و ناوەڕاستی وڵاتیش هەر یەکەو نوێنەرێکیان هەیە.

سەبارەت بە دەسەڵاتەکان، هەر دوو ئەنجومەن دەسەڵاتی یەکسانیان هەیە، جگە لە بابەتی باجە سەپێنراوەکان نەبێت. پاش پێشکەشکردنی پرۆژەیاسا لە لایەن وەزیری پەیوەندیدار بۆ ئەنجومەنی نوێنەران، ئەوا لە لایەن نوێنەران قسە و گفوگۆی لەسەر دەکرێ و ئەگەر پێویست بکات گۆڕانی تێدا دەکرێ و، پاشان دەنێردرێت بۆ ئەنجومەنی پیران و لەوێش دیسان باس و گفوگۆی لەسەر دەکرێت و، ئەگەر پەسندی بکەن ئەوا دەبێته‌ یاسای پەرلەمان. ئینجا دەنێردرێ بۆ لای فەرمانڕەوای گشتی، هەتا ئەویش بە نوێنەرایەتی لە لایەن شاژنی بریتانیاوه‌ پەسندی بکات. ئەگەر بێت و هەر دوو ئەنجومەن لەسەر پرۆژەیاسایەک ڕەزامەند نەبن، ئەوا لەم حاڵەتەدا، سەرۆکی گشتی داوای هەڵوەشاندنەوەی هەر دوو ئەنجومەنەکە و هەڵبژاردنی نوێ دەکات. فەرمانڕەوای گشتیی ئوسترالیا، تەنیا یەک جار لە ساڵی ١٩٧٥ ئەم دەسەڵاتەی بەکار هێناوە.  

لە ئەڵمانیا، دەسەڵاتی یاسادانان لە دوو ئەنجومەنی بۆندستاگ (Bundestag) و بۆندسرات  (Bundesrat) پێک هاتووە. بەپێی بەندی (٣٩) لە دەستووری ئەڵمانی، خەڵک لە هەڵبژاردنێکی گشتی و ڕاستەوخۆ و ئازاد و نهێنیدا بۆ ماوەی (٤) ساڵ نوێنەرانیان هەڵدەبژێرن. نیوەی ئەندامانی بۆندستاگ، لە ڕێگەی لیستی هەرێمیی حزبەکان (دەنگی دووەم) و، نیوەکەی دیکەیش بە هەڵبژاردنی ڕاستەوخۆی پاڵێوراوەکان لە بنكه‌ی هەڵبژاردن (دەنگی یەکەم) دیاری دەکرێن. واتە دەنگدەر دوو دەنگی هەیە: بە دەنگی یەکەم، پاڵێوراوی بنكه‌ی هەڵبژاردنی خۆی دەستنیشان دەکات و، بە دەنگی دووەم لیستی هەرێمیی حزبێک هەڵدەبژێردرێت. لە کاتی ڕاگەیاندنی ئەنجامەکاندا هەر دوو دەنگەکە ڕەچاو دەکرێت. 

بۆندسرات لە نوێنەری لاندەرەکان (هەرێمەکان) پێک دێت و، هەر لاندەرێک بەگوێرەی ژمارەی دانیشتووان (٣-٦) نوێنەری هەیە. لاندەرەکان لە ڕێگەی بۆندسراتەوە بەشداری لە کاروباری حکوومەتی فیدراڵیدا دەکەن. لە کاتی سەرهەڵدانی ناکۆکی لە نێوان حزبەکان لە دامودەزگە فیدراڵی و هەرێمییەکان، ئەوا بۆندسرات وەک بازوویەکی هاوسەنگکەرەوە دەجووڵێتەوە. بەپێی بەندی (٥١) لە دەستووری ئەڵمانی، ئەندامانی بۆندسرات لە لایەن لاندەرەکانەوە هەڵدبژێردرێن و ئەوانیش دەتوانن لایان بدەن. هەر لاندەرێک بە لای کەمەوە (٣) ئەندامی هەیە و ئەگەر ژمارەی دانیشتووان لە دوو ملیۆن کەس زیاتر بوو دەبێتە (٤) نوێنەر، ئەگەر لە شەش ملیۆن زیاتر بوو دەبێتە (٥) نوێنەر و، ئەگەر لە حەوت ملیۆن زیاتر بوو ئەوا دەبێتە (٦) نوێنەر. بۆندسرات سێ ئەرکی سەرەکیی هەیە کە بریتین لە:

١) لە بەرامبەر حکوومەتی فیدراڵی و هەروا بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆیش لە بەرامبەر یەکێتیی ئەوروپا، داکۆکی لە بەرژەوەندیی لاندەرەکان دەکات.

٢) بۆندسرات جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە، کە ئەزموونی سیاسی و کارگێریی لاندەرەکان لەگەڵ کاروباری کارگێڕی و یاساسازیی حکوومەتی فیدراڵ و هەروا کاروباری پەیوەست بە یەکێتیی ئەوروپا لێک گرێ بدرێن.

٣) وەک ئۆرگانە دەستوورییەکانی دیکەی حکوومەتی فیدراڵ، بۆندسرات پشکی خۆی لە بەرپرسیارێتیی گشتیی کۆماری فیدراڵیی ئەڵمانیا لە ئەستۆ دەگرێت.

هەموو ئەو یاسایانەی کە لە بۆندستاگ پەسند دەکرێن، دەبێ لە لایەن بۆندسراتیشەوە پەسند بکرێن. لەم کاتەدا دوو حاڵەت دێتە پێشەوە: لەوانەیە بۆندسرات یاساکە پەسند بکات، لەوانەیە ڕەتی بکاتەوە و، لەم کاتەدا کۆمیتەی چارەسەر دروست دەبێت. کۆمیتەی چارەسەر لە ژمارەی یەکسانی ئەندامانی بوندستاگ و بۆندسرات پێک دێت.  

بە هێنانەوەی چەند نموونەیەک لە شێوازی کار و دەسەڵاتەکانی ئەنجومەنی فیدراڵی لە چەند دەوڵەتێکی ڕەسەن، گرنگیی بوونی ئەو ئەنجومەنەمان بۆ دەرکەوت، کە تا چەند ڕۆڵی هەیە لە پاراستنی مافی هەرێمەکان و ڕێگەگرتن لە سەرەڕۆییی حکوومەتی فیدراڵی لەسەر مافی هەرێمەکان.

ئەنجومەنی فیدراڵی لە عێراق

بەپێی بەندی (٤٨) لە دەستووری عێراق، دەسەڵاتی یاسادانان جووتئەنجومەنییە و لە ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی فیدراڵی پێک دێت. لە بەندی (٤٩-٦٤)ی دەستوور باس لە پێکهاتن، شێوازی هەڵبژاردن و دەسەڵاتەکانی ئەنجومەنی نوێنەران دەکات، بەڵام تەنیا بە یەک بەند، واتە لە بەندی (٦٥)، باس لە شێوازی پێکهێنانی ئەنجومەنی فیدراڵی دەکات. ئەمەیش بە کەموکورتییەکی گەورە بۆ دەسەڵاتی یاسادانانی عێراقی و سیستەمی فیدراڵی وڵات دادەنرێت. هەروا ئەوەی جێی سەرنجە، دەستووری عێراقی زۆربەی دەسەڵاتەکانی داوەتە ئەنجومەنی نوێنەران و، لە حاڵەتی پێکهاتنی ئەنجومەنی فیدراڵیدا، ئەوا دەبێتە ئەنجومەنێکی لاواز و لاوەکی و، ناتوانێ وەک پێویست بەرگری لە مافی هەرێمەکان بکات. ئەمەیش لە ئەنجامدا کار دەکاتە سەر پراکتیزەکردنی ڕاستەقینەی سیستەمی فیدراڵی لە عێراقدا، کە بەشێکی زۆری کێشەکانی ئەمڕۆی وڵات دەرهاوێشتەی وەلانانی بنەما و پرەنسیپەکانی سیستەمی فیدراڵییە.  

هەروا ئەو شێوازەی کە دەستووری عێراقی گرتوویەتییە بەر بۆ ڕێکخستنی ئەنجومەنی فیدراڵی، شێوازێکی ناڕاست و بەڵکوو مایەی سەرسووڕمانە، چونکە پێکهێنانی ئەو ئەنجومەنە، کە بۆ خۆی بەشێکە لە پەرلەمان، دراوەتە دەست ئەنجومەنی نوێنەران، واتە بەشەکەی تری دەسەڵاتی یاسادانان. ئەمەیش وا دەکات کە ئەنجومەنی نوێنەران دەسەڵاتی ڕەهای لەسەر پێکهێنان و دەسەڵاتەکانی بەشەکەی دیکەی پەرلەمان هەبێت، کە ئەمەیش لۆژیکی یاساییی تێدا نییە و، بێ گومان دەبێتە هۆی نایەکسانی لە دەسەڵاتەکانی هەر دوو ئەنجومەن. بۆیە هەق وا بوو، یاسادانەری دەستووری بۆ خۆی پێکهێنان و دەسەڵاتەکانی ئەنجومەنی فیدراڵی ڕێک خستنبایە، وەک بەشێک لە دەسەڵاتی یاسادانان و یەکێک لە دامەزراوە ڕەسەنەکانی دەوڵەت. هەروەک چۆن هەموو دەستوورە فیدراڵییەکانی تریش وەهایان کردووە.

هەروا دەستووری عێراقی لە بەندی (١٣٧)ی خۆیدا، کارکردن بە بەندی (٦٥)ی دەستووری ڕاگرتووە، کاتێک کە دەڵێت: "کارکردن بە ئەحکامی بەندەکانی تایبەت بە ئەنجومەنی فیدراڵی دوا دەخرێت، کە لە هەر شوێنێکی ئەم دەستوورەدا هاتبێ، هەتا دەرچوونی بڕیار لە ئەنجومەنی نوێنەران بە زۆرینەی دوو لەسەر سێ، پاش خولی هەڵبژاردنی یەکەم، کە پاش بەرکاربوونی ئەم دەستوورە دەبەسترێ". ئەمەیش مانای ئەوەیە، کە دامەزراندنی ئەنجومەنی فیدراڵی، بە دەرچوونی بڕیار لە ئەنجومەنی نوێنەرانه‌وه‌ گرێدراوە و، ئەگەر بێت و ئەنجومەنی نوێنەران بڕیار دەرنەکات، ئەوا ئەنجومەنی فیدراڵی دانامەزرێت. ئەمەیش واتای ئەوەیە، کە دەستوور بۆ خۆی بەربەستی لە بەردەم پێکهێنانی ئەم ئەنجومەنەدا داناوە.

هۆکاری ڕاستەقینەی ئەم پەشێوییە سەبارەت بە ئەنجومەنی فیدراڵی لە دەستووری عێراقی، بۆ ناکۆکیی نێوان پێکهاتەکانی لیژنەی نووسینەوەی دەستوور دەگەڕێتەوە دەربارەی چۆنێتیی دامەزراندنی فیدراڵییەت و پێکهێنانی پەرلەمان. لەو کاتەدا کوتلەی هاوپەیمانیی کوردستانی، تاکە لایەن بوو کە لایەنگری سەرسەختی فیدراڵیزم و پەرلەمانی جووتئەنجومەنی بوو. شیعەکان خوازیاری پەرلەمانی تاکئەنجومەنی بوون، چونکە زۆرینە بوون و ئەمە لە قازانجیان بوو. کوتلەی سوننەیش هەر لە بنەڕەتەوە دژی فیدراڵیزم بوون. ئەمەیش وای کرد بەشێک لەو بنەما و دامەزراوانەی، کە ڕۆڵی کاریگەر و گرنگیان لە پیادەکردنی فیدراڵییەتدا هەیە لە دایک نەبن، یان بە کەموکورتییەکی زۆرەوە دابمەزرێن.

ئەنجام

پاش ئاماژەکردن بە گرنگیی ڕۆڵی ئەنجومەنی فیدراڵی یان پیران لە چەند وڵاتێکی ڕەسەنی فیدراڵی، کەموکووڕییەکانی پەیوەست بە دامەزراندنی ئەم ئەنجومەنەمان لە عێراق خستە ڕوو. بەشێکی ئەم کەموکووڕییانە بۆ دەقی دەستووری عێراق و ویستی یاسادانەری دەستووری دەگەڕێتەوە، کە لە کاتی نووسینەوەی دەستوور نەیویستووە ئەم دامەزراوانە بە دەستوور بچەسپێنێ. بەشێکی دیکەیش، بۆ کەمکاری و سستیی نوێنەرانی کورد و حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەگەڕێتەوە، کە کاری جددییان بۆ ئەم بابەتانە نەکردووە و، لانی کەم هەوڵیان نەداوە یاسا بۆ ئەنجومەنی فیدراڵی دەربکەن، کە بێ گومان دەیتوانی ڕۆڵێکی باشی لە پاراستنی مافی هەرێمەکان و ڕێگەگرتن لە زێدەڕۆییی زۆرینەی پەرلەمانی هەبێت. هەر بۆیە، دەتوانین بڵێین بەپێی دەقی دەستوور، دەسەڵاتی یاسادانان لە عێراق هەتا ئێستا  ناتەواوە. پێویستە هەوڵ بدرێ لە یەکەم هەوڵی هەموارکردنی دەستووردا، شێوازی پێکهێنان و ئەندامێتی و دەسەڵاتەکانی ئەنجومەنی فیدراڵی تێدا جێ بکرێتەوە، یاخود هەوڵ بدرێ یاسای پێ دەربچێت، بەڵام دەسەڵاتێکی هاوتای ئەنجومەنی نوێنەرانی بدرێتێ، نەک بکرێتە پاشکۆی ئەنجومەنی نوێنەران و ڕۆڵی لاوەکیی هه‌بێت.

 

 
© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples