پێشەکی
هەڵبژاردن بە یەکێک لە هێماکانی هەر سیستەمێکی دیموکراسی و، بە یەکێک لەو ئامرازە گرنگانە دادەنرێ، کە تێیدا هاووڵاتیان دەتوانن لە ڕێگەی دەنگدان و هەڵبژاردنی نوێنەرانی خۆیان بەشداری لە دەرکردنی بڕیار و بەڕێوەبردنی وڵاتدا بکەن. لە هەر سیستەمێکی دیموکراسی، هەڵبژاردن سێ ئەرکی سەرەکیی هەیە کە بریتین لە: یەکەم/ ئامرازێکە بەدەست گەلەوە بۆ ئەوەی نوێنەرانی خۆی بۆ دەسەڵاتی یاسادانان بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ هەڵبژێرێت، دووەم/ بە شێوەی ناڕاستەوخۆ حکوومەت هەڵدەبژێرێت، ئەویش لە ڕێگەی نوێنەرانی خۆی لە پەرلەمان، کە متمانە بە سەرۆکی حکوومەت و ئەندامانی کابینە دەدەن، سێیەم/ هەڵبژاردن پێشبڕکێیەکە لە نێوان حزبە سیاسییەکان، بۆ ئەوەی حزب، یان حزبە دەسەڵاتدارەکان دەستنیشان بکرێن.
یەکێک لەو بابەتانەی کە لە پرۆسەی هەڵبژاردن جێی سەرنج و گرنگیپێدانە، بابەتی سیستەمەکانی هەڵبژاردنە، کە ئەمەیش بە نۆرەی خۆی ڕۆڵێکی گرنگی لە بەڕێوەبردنی ململانێ سیاسییەکاندا هەیە: گەشەکردنی حزبە سیاسییەکان، نوێنەرایەتیی ئافرەتان، هاندانی هاووڵاتیان بۆ بەشداری لە پرۆسەی هەڵبژاردن، گۆڕانکاری لە سیستەمی بەڕێوەبردنی وڵات، گەشەکردنی سیستەمی دیموکراسی و سەقامگیریی سیاسی لە وڵات و هتد.
هەر وڵاتێکی دیموکراسی، یان سیستەمێکی هەڵبژاردن بۆ خۆی دادەنێت یان بەمیرات پێی دەگات و، لەم ڕێگەیەوە یاسادانەرانی خۆی هەڵدەبژێرێت. هەر بۆیە، دانانی سیستەمی هەڵبژاردن بە یەکێک لە گرنگترین بڕیارەکانی هەر وڵاتێک دادەنرێت. کەواتە، ئەو ژینگە و زەمینەیەی کە تێیدا سیستەمی هەڵبژاردن دەستنیشان دەکرێت، دەتوانێ بەقەد خودی هەڵبژاردن گرنگ بێت.
پێناسەی سیستەمی هەڵبژاردن
سیستەمی هەڵبژاردن(electoral system) بریتییە لە شێوازێک، کە دەنگەکانی هەڵبژاردنێکی گشتی (کە دەخرێنە ناو سندووقی دەنگدان) وەردەگێرێت بۆ کورسیی پەرلەمانی، یان کورسیی هەر دەزگهیەکی هەڵبژێردراوی دیکە و، دواجار حزب و پاڵێوراوەکان دەبنە خاوەنی ئەو کورسییانە؛ ئەمەیش لە ڕێگەی هەژمارکردنی بە شێوازێکی ماتماتیکیی تایبەت کە دەکەوێتە ژێر کاریگەریی واقعی سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابووریی وڵات. بگۆڕە سەرەکییەکانی سیستەمێکی هەڵبژاردن بریتین لە: سیستەمی بەکارهاتووی هەڵبژاردن (سیستەمی زۆرینە، ڕێژەیی یان تێکەڵاو)، شێوازی ماتماتیکیی بەکارهاتوو بۆ هەژمارکردنی دابەشکردنی کورسییەکان، قەبارەی بازنەی هەڵبژاردن (ژمارەی ئەندامانی پەرلەمان نەک ژمارەی دەنگدەرانی بازنەی هەڵبژاردن) و، هەروا پێکهاتەی پەڕەی دەنگدان (واتە دەنگدەران دەنگ بە پاڵێوراوێک دەدەن یان بە حزبێک و ئایا دەنگدەر یەک بژاردەی لە بەردەمدایە یان کۆمەڵێک بژاردەی هەیە؟).
ئەو فاکتەرانەی کە ڕۆڵیان لە دیاریکردنی سیستەمی هەڵبژاردن لە وڵاتێکدا هەیە بریتین لە: ئارەزووی دەسەڵات بۆ جۆری پەرلەمانی هەڵبژێردراو، سازانی سیاسی لە نێوان حزبە سیاسییەکان، فاکتەری ژینگەی ناوخۆییی وڵات بۆ ئەوەی نوێنەرایەتیی هەموو پێکهاتەکان لەخۆ بگرێت و، وەرگرتنی ئەزموونە سەرکەوتووەکانی هەڵبژاردن لە وڵاتانی دیکە.
گرنگیی سیستەمەکانی هەڵبژاردن
دامەزراوە سیاسییەکان، ئەو ڕێسایانەی یارییەکە ڕێک دەخەن کە دیموکراسیی تێدا پیادە دەکرێت. زۆر جار دەگوترێ ساکارترین دامەزراوەی سیاسی، کە دەکرێ بە ئامانجی چاک یان خراپ دەستکاری بکرێت، سیستەمی هەڵبژاردنە. دەستنیشانکردنی سیستەمی هەڵبژاردن، تا ڕاددەیەکی زۆر دەتوانێت ئەوە دیاری بکات کە چ کەسێک هەڵدەبژێردرێت، یان چ حزبێک دەسەڵات بەدەستەوە دەگرێت. بۆ نموونە ئەگەر دوو حزب لەناو دوو سیستەمی هەڵبژاردنی جیاوازدا بەشدار بن و، هەموو دەنگدەران دەنگێکی هاوشێوە بخەنە ناو سندووقەوە و دەنگەکانی هەردووکیان ڕێک وەکوو یەک بێت، لەوانەیە لە سیستەمی هەڵبژاردنی یەکەمدا حکوومەتی هاوپەیمانی، یان کەمینە پێک بێت و، لە سیستەمی هەڵبژاردنی دووەمدا تاقە حزبێک بتوانێ بەتەنیا دەسەڵات بەدەستەوە بگرێت. هەروا سیستەمی هەڵبژاردن دەتوانێ پرۆسەی هەڵبژاردن ئاسان یان ئاڵۆز بکات. ئەم بابەتە، بەتایبەت لەو کۆمەڵگەیانەدا گرنگە، کە ڕێژەیەکی زۆری دەنگدەران نەخوێندەوار بن.
هەروا سیستەمی هەڵبژاردن کاریگەریی لەسەر یەکگرتوویی و سیستەمی ناوخۆییی حزبەکان هەیە؛ واتە هەندێک لە سیستەمەکانی هەڵبژاردن، هاندەرن بۆ ململانێی ناوخۆییی حزبەکان و، وا دەکەن کە باڵە ناوخۆیییەکانی حزب بەردەوام لەگەڵ یەکتر لە ململانێدا بن. هەندێکی تر لەو سیستەمانە، هاندەری یەکڕیزیی ناو حزبەکانن و هەر دەنگێکی ناڕازی سەرکوت دەکەن. جگە لەمەیش، سیستەمەکانی هەڵبژاردن دەتوانن کاریگەرییان لەسەر شێوازی ململانێی حزبی و شێوازی هەڵسوکەوتی دەستەبژێری سیاسی هەبێ؛ هەر بۆیە لە دیاریکردنی ژینگەی بەربڵاوتری سیاسیی وڵاتدا ڕۆڵی هەیە. لهبهر ئهوه، ئەم سیستەمانە، دەتوانن هاندەر، یان بەربەست بن لە بەردەم دروستبوونی هاوپەیمانێتی لە نێوان حزبەکاندا. هەروا، پاڵنەر دەبێت بۆ حزب و گرووپە سیاسییەکان، هەتا هەوڵ بدەن پێگەیەکی جەماوەریی بەربڵاوتریان هەبێ یاخود ناچار بن پێگەی خۆیان لە چوارچێوەی خواستە نەتەوەیی، یان پەیوەندییە ڕەگەزییەکاندا سنووردار بکەن.
جگە لەمانەیش، شێوازی سیستەمی هەڵبژاردن کاریگەریی هەیە لەسەر هەندێ لایەنی کارگێڕی و یاسایی، وەک: دابەشکردنی ناوەندەکانی دەنگدان، دیاریکردنی پاڵێوراوان، تۆمارکردنی دەنگدەران، دابەشکردنی بازنەکانی دەنگدان، شێوازی پەڕەی دەنگدان، شێوازی جیاکردنەوەی دەنگەکان و ڕاگەیاندنی ئەنجامەکان.
جۆری سیستەمەکانی هەڵبژاردن
ئەمڕۆ زۆر سیستەمی هەڵبژاردن لە جیهاندا پەیڕەو دەکرێ و، هەندێکیان بەردەوام گەشە دەکەن و هەموار دەکرێنەوە، بەڵام بۆ ڕوونبوونەوەی زیاتر، ئەم سیستەمانە لە چوارچێوەی (٣) سیستەمی سەرەکیدا پۆلێن دەکرێن کە بریتین لە: سیستەمی زۆرینە، سیستەمی نوێنەرایەتیی ڕێژەیی و سیستەمی تێکەڵاو، کە لە خوارەوە باسیان لێوە دەکەین. هەروا بەدەر لەوانەیش، چەندین سیستەمی دیکەی دەنگدان هەن کە لە هەندێ وڵات پەیڕەو دەکرێن، وەک: سیستەمی تاکدەنگیی نەگوازراوە، سیستەمی دەنگیی سنووردار و سیستەمی بۆردا (ناوی داهێنەری سیستەمەکەیە کە زانایەکی فەرەنسییە)، کە زۆر بەربڵاو و گشتگیر نین.
١- سیستەمی زۆرینە: ئەم سیستەمە بە کۆنترین سیستەمی هەڵبژاردن دادەنرێت و، بۆ ماوەیەکی دوورودرێژ تاکە سیستەمی هەڵبژاردنی باو بووە. ڕێسای سەرەکیی ئەم سیستەمە ئاسانە: پاش ئەوەی کە دەنگەکان خرایە ناو سندووق و هەژمار کرا، ئەو پاڵێوراو، یان حزبەی کە زیاترین دەنگی بەدەست هێنابێت، بە براوەی هەڵبژاردن لە قەڵەم دەدرێت (هەڵبەت ڕەنگە مەرجی دیکەیش بۆ سەرکەوتن هەبێت). ئەم سیستەمە بەسەر (٥) جۆردا دابەش دەکرێت کە بریتین لەمانەی خوارەوە:
١-١- سیستەمی زۆرینەی سادە، یان براوەی یەکەم: بە سادەترین شێوازی سیستەمەکانی هەڵبژاردن دادەنرێت، کە تێیدا لە هەر بازنەیەکی هەڵبژاردن یەک کەس هەڵدەبژێردرێت و پاڵێوراو تەوەری سەرەکییە. دەنگدەران لەناو پاڵێوراوەکاندا تەنیا دەنگ بە یەک کەس دەدەن و، پاڵێوراوی سەرکەوتوو ئەو کەسەیە کە زیاترین دەنگ بەدەست دەهێنێ. ئەم سیستەمە لە بریتانیا، هیندستان، کەنەدا و... بەکار دێت.
١-٢- سیستەمی دەنگیی بەکۆمەڵ: ئەم شێوازە لەو شوێنانە بەکار دێت، کە بڕیار وایە چەند پاڵێوراوی تێدا هەڵبژێردرێت و، دەنگدەر بەگوێرەی ژمارەی کورسییەکانی بازنەی هەڵبژاردن، مافی دەنگدانی هەیە و، ئازادە بەبێ لەبەرچاوگرتنی پەیوەندیی حزبی پاڵێوراو، دەنگ بدات. ئەم سیستەمە پتر لەو وڵاتانە بەکار دێت کە سیستەمێکی حزبیی لاوازیان هەیە یان سیستەمی حزبی تێیدا برەوی نییە وەک: کوێت، فەڵەستین، ئوردن و هتد.
١-٣- سیستەمی دەنگی بەکۆمەڵی حزبی: لەم سیستەمەدا بەپێچەوانەی سیستەمی زۆرینەی سادە، لە هەر بازنەیەک چەند پاڵێوراوێک هەڵدەبژێردرێن. دەنگدەران تەنیا مافی یەک دەنگیان هەیە و لە بری هەڵبژاردن لە نێوان پاڵێوراوە تاکەکەسییەکان، لە نێوان لیستی پاڵێوراوانی حزبەکاندا کەسێک هەڵدەبژێرن. هەر حزبێک کە زیاترین دەنگەکانی بازنەیەک بەدەست بهێنێت، ئەوا هەموو کورسییەکانی ئەو بازنەیە دەباتەوە. هەروەک سیستەمی زۆرینەی سادە، مەرج نییە براوەی هەڵبژاردن زۆرینەی ڕەهای دەنگەکان بەدەست بهێنێت. هەندێ وڵاتی وەک کامیرۆن، چاد، جیبوتی و سەنگاپوور ئەم سیستەمە بەکار دەهێنن.
١-٤- سیستەمی دەنگی جێگرەوە: لەم سیستەمەدا دەنگدەر جگە لە هەڵبژاردنی ئەو پاڵێوراوەی کە مەبەستیەتی، دەبێ بەپێی ئەلەوییەت، ژمارە بدات بە پاڵێوراوانی دیکەیش. کەوابوو، دەنگدەر دەتوانێ جگە لە بژاردەی یەکەمی خۆی، ئەولەوییەت بە پاڵێوراوانی دیکەیش بدات و ڕیزبەندییان بۆ بکات.
١-٥- سیستەمی دووقۆناغی: هەروەک لە ناوەکەیەوە دیارە، لەم سیستەمەدا هەڵبژاردن بە دوو قۆناغ ئەنجام دەدرێت. لە قۆناغی یەکەم، دەبێ پاڵێوراوی براوە، زۆرینەی ڕەهای دەنگەکانی ناو سندووق بەدەست بهێنی، واتە (٥٠+١)، بەڵام ئەگەر نەتوانێ لە قۆناغی یەکەم ئەو ڕێژەیە بەدەست بهێنێ، ئەوا هەڵبژاردن دەچێتە قۆناغی دووەم. لە قۆناغی دووەمدا، ئەو پاڵێوراوەی کە زۆرینەی ڕێژەیی بەدەست بهێنێ، بە براوە دادەنرێت. هەندێ وڵاتی وەک فەڕەنسا، میسر، ئێران و... ئەم سیستەمە بەکار دەهێنن.
٢- سیستەمی نوێنەرایەتیی ڕێژەیی: بە سەرنجدان لەو ڕەخنانەی کە سەبارەت بە نوێنەرایەتیکردنی کەمینەی سیاسی، ئاراستەی سیستەمی زۆرینە کرا، لە ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەیەم بیرۆکەی نوێنەرایەتیی ڕێژەیی هاتە ئاراوە. ئەم سیستەمە، یەکەم جار لە لایەن هەندێک لە کانتۆنەکانی سویسراوە کەڵکی لێ وەرگیراوە. لە سیستەمی زۆرینە، بەربەست لە بەردەم کەمینەی سیاسی دروست دەبوو؛ بەوەی کە بتوانێ کورسیی پەرلەمانی بەدەست بهێنێت. هەر بۆیە بیرمەندان بانگەشەیان بۆ هەموارکردنەوەی سیستەمی زۆرینە دەکرد، هەتا دەرفەت بۆ کەمینە سیاسییەکان بڕەخسێت، بۆ ئەوەی بتوانن بەپێی ڕێژەی دەنگەکانیان کورسیی پەرلەمانی بەدەست بهێنن. هەروەک "شارل بنوا" دەڵێ: "نیوە+ یەک هەموو ئازادی و دەسەڵاتێکی هەیە، بەڵام نیوەکەی تر هەروەک کۆیلەکانی زەوی لە سەردەمی فیۆداڵیزمدا دیلی سندووقی هەڵبژاردنە."
مەبەست لە نوێنەرایەتیی ڕێژەیی ئەوەیە، کە هەر حزب یان ڕەوتێکی سیاسی، لە کاتی بەشدارییکردنی لە هەڵبژاردندا، ژمارەیەک کورسی بەدەست بهێنێت کە لەگەڵ ڕێژەی دەنگەکانی ئەودا دەگونجێت. ئامانجی سەرەکیی ئەم سیستەمە، ڕەنگدانەوەی واقعی سیاسییە بە شێوەیەکی دروست و، پێدانی دەرفەتە بە کەمینە سیاسییەکان بۆ وەدەستهێنانی کورسیی پەرلەمانی؛ ئەویش لە ڕێگەی کۆکردنەوەی دەنگەکانیان لە بازنەی هەڵبژاردندا، هەتا بتوانێ بەم جۆرە پاڵێوراوەکانی لە بازنەی هەڵبژاردندا سەر بخات. ئەم سیستەمە بەسەر چوار جۆردا دابەش دەبێت کە بریتین لەمانەی خوارەوە:
٢-١- سیستەمی نوێنەرایەیتی ڕێژەیی بەپێی لیستی داخراو: لەم سیستەمەدا، دەنگدەر یەکێک لە لیستەکان بەتەواوی و بەگوێرەی هەموو ئەو ناوانەی کە تێیدایە دهستنیشان دهكات؛ واتە دەنگدەر مافی هیچ هەموارکردن، یان گۆڕانکاری، یان سەرلەنوێ ڕێکخستنەوەی نییە لە ناوی پاڵێوراوانی لیستەکەدا. لەم سیستەمەدا، هەموو پاڵێوراوان دەنگیان یەکسانە و، دەنگی بەدەستهاتوو بۆ لیست، بە دەنگی هەموو پاڵێوراوەکان دادەنرێت. لە هەڵبژاردنی کۆمەڵەی نیشتمانیی ساڵی ٢٠٠٤ و پەرلەمانیی ساڵی ٢٠٠٥ لە عێراق و هەروا لە هەڵبژاردنی پەرلەمانیی کوردستان لە ١٩٩٢ و ٢٠٠٥ و ٢٠٠٩، ئەم سیستەمە پەیڕەو کراوە.
٢-٢- سیستەمی نوێنەرایەتیی ڕێژەیی بەپێی لیستی کراوە: لەم سیستەمەدا، دەنگدەر لیستێک هەڵدەبژێرێت، بەڵام دەتوانێ لە نێوان پاڵێوراوان، بەپێی حەزی خۆی ناوەکان ڕێک بخات و ڕیزبەندییان بداتێ؛ واتە دەنگدەر ڕێژەیەک لە ئازادیی هەیە بۆ ڕێکخستنی ناوی پاڵێوراوەکان لەناو یەک لیستدا. لە هەڵبژاردنی پارێزگهکانی ساڵی ٢٠٠٩ و هەڵبژاردنی پەرلەمانیی ساڵانی ٢٠١٠ و ٢٠١٤ لە عێراق و هەڵبژاردنی پەرلەمانیی کوردستان لە ساڵی ٢٠١٣، ئەم سیستەمە پەیڕەو کراوە؛ بەو جیاوازییەوه کە دەنگدەر تەنیا مافی ئەوەی هەیە یەک پاڵێوراو دەستنیشان بکات.
ئەم سیستەمە پتر لەو وڵاتانە پەیڕەو دەکرێ، کە دەیانەوێ یەکڕیزی و یەکگرتووییی حزبی و ئاراستەی سیاسی و سەربەخۆییی بەرنامە و ئامانجەکانی هەر حزبێک پارێزراو بێت. لە هەمان کاتدا، ئەو مافەیش بە دەنگدەر دەدەن کە پاڵێوراوێکی شایستەتر هەڵبژێرێت، کە بتوانێ ئامانج و بەرژەوەندییەکانی دەستەبەر بکات.
٢-٣- سیستەمی نوێنەرایەتیی ڕێژەیی بەپێی لیستە ئازادەکان: لەم سیستەمەدا، دەنگدەر پابەند نییە بە یەک لیستی هەڵبژاردن و ناوی پاڵێوراوەکانی ئەو لیستە، بەڵکوو ئەو ئازادییەی هەیە کە پاڵێوراوەکانی خۆی لەناو لیستە ڕکابەرە داخراوەکاندا بەپێی خواستی خۆی هەڵبژێرێت. واتە دەنگدەر دەتوانێ، پاڵێوراوی لیستە جۆراوجۆرەکان تێکەڵ بکات و لیستێکی تایبەت پێک بهێنێت لە ناوی ئەو پاڵێوراوانەی کە بۆ خۆی دەیەوێت، بەڵام نابێ ژمارەی پاڵێوراوەکانی لە ژمارەی کورسیی تەرخانکراو بۆ ئەو بازنەیە زیاتر بێت. ئەم سیستەمە، بۆ ئەو وڵاتانەی کە ڕێژەی نەخوێندەواری تێیدا بەرزە، تا ڕاددەیەک دژوارە. وڵاتی سوید ئەم سیستەمە بەکار دەهێنێت.
٢-٤- سیستەمی تاکدەنگیی گوازراوە: زانایان ماوەیەکە پاڵپشتی لەم سیستەمە دەکەن وەک سیستەمێکی سەرنجڕاکێشی هەڵبژاردن، بەو حاڵەیش تەنیا لە چەند وڵاتێک وەک ئیرلەندا، ئوسترالیا و سکۆتلەندا بەکار دێت. بنەما گشتییەکانی ئەم سیستەمە لە سەدەی (١٩) بەجیا لە لایەن "تۆماس هار" و "کارل ئاندرا" لە دانیمارک داهێنرا. ئەم سیستەمە، لەو بازنانە بەکار دێت، کە چەند نوێنەرێکیان هەیە. دەنگدەران هەروەک سیستەمی دەنگی جێگرەوە لەسەر پەڕەی دەنگدان، بەپێی ئەولەوییەت و خواستی خۆیان، پاڵێوراوان هەڵدەبژێرن و ڕیزبەندییان بۆ دەکەن. لە زۆربەی حاڵەتەکاندا، ئەم ڕیزبەندییە بە خواستی دەنگدەرە و، ناچار نییە کە هەموو پاڵێوراوەکان ڕێزبەندی بکات و، ئەگەر بیەوێت، دەتوانێ تەنیا یەک پاڵێوراو هەڵبژێرێت. ئەنجامی ئەم سیستەمە، پاش چەندین جار هەژمارکردنی دەنگەکان دەردەکەوێت.
٣- سیستەمی تێکەڵاو: بە سەرنجدان بە لایەنە ئەرێنی و نەرێنییەکانی هەر دوو سیستەمی زۆرینە و ڕێژەیی، هەندێ لە یاساکانی هەڵبژاردن بەرەو گەشەپێدان و داهێنانی نوێ لە سیستەمەکانی هەڵبژاردندا هەنگاویان نا و، بە تێکەڵکردنی لایەنه باشەکانی هەر دوو سیستەم، هەوڵیان دا سیستەمێکی نوێ و تێکەڵاو بنیات بنێن. ئەم سیستەمە، بۆ دوو جۆری سیستەمی دەنگیی هاوتەریب و سیستەمی ڕێژەیی لەسەر بنەمای ئەندامێتیی تێکەڵاو دابەش دەکرێت:
٣-١- سیستەمی دەنگیی هاوتەریب: لەم سیستەمەدا، هەر دوو سیستەمی زۆرینە و ڕێژەیی بەکار دێت، بە جۆرێک کە کورسییەکانی پەرلەمان بەسەر دوو جۆردا دابەش دەبێت. لە جۆرێکیاندا وڵات بەسەر چەند بازنەیەکدا دابەش دەبێت، کە تێیدا سیستەمی زۆرینە بەکار دێت. لە جۆری دووەم، کورسییەکانی پەرلەمان هەڵدەبژێردرێت لە ڕێگەی دابەشکردنی وڵات بەسەر یەک یان چەند بازنەی هەڵبژاردندا و، سیستەمی نوێنەرایەتیی ڕێژەیی تێیدا جێبەجێ دەکرێت. دەنگدەر ڕەنگە یەک پەڕەی دەنگدانی هەبێت، کە تێیدا دەنگ بە حزب و پاڵێوراوەکان دەدات، وەک کۆریای باشوور، یان لەوانەیە دوو پەڕەی دەنگدانی هەبێت: یەکەمیان بۆ پراکتیزەکردنی لەسەر ئەو کورسییانەیە کە بە سیستەمی زۆرینە پڕ دەکرێنەوە و، پەڕەی دووەم بۆ ئەو کورسییانەیە کە بە سیستەمی نوێنەرایەتیی ڕێژەیی پڕ دەکرێنەوە وەک: ژاپۆن، لیتوانیا و تایلاند. شیاوی باسە، دەوڵەتان بۆ دیاریکردنی کورسییەکان بەپێی سیستەمی زۆرینە، یان ڕێژەیی، شێواز و ڕێژەی جیاواز دەگرنە بەر.
٣-٢- سیستەمی ڕێژەیی لەسەر بنەمای ئەندامێتیی تێکەڵاو: ئەم سیستەمە، بۆ قەرەبووکردنەوەی ڕوودانی حاڵەتەکانی ناهاوتابوونی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنە، کە لە بازنەکانی هەڵبژاردندا سەر هەڵدەدەن؛ واتە دەرچوونی حزبێک بە ڕێژەیەکی دیاریکراو لە دەنگەکان، بەبێ ئەوەی هیچ کورسییەک لەسەر ئاستی بازنەکان بباتەوە. هەر بۆیە، بەپێی ڕێژەی ئەو دەنگانەی کە لەسەر ئاستی نیشتمانی هێناویەتی، ژمارەیەک کورسیی پێ دەدرێت. لە هەندێک وڵات، لەم سیستەمەدا دوو پەڕەی دەنگدان هەیە و، دەنگدەر لەسەر هەر دوو ئاستی نیشتمانی و بازنەی هەڵبژاردن دەنگ دەدات، هەروەک: ئەڵمانیا و نیۆزیلەندا. لە هەندێ وڵاتی دیکە بە یەک پەڕەی دەنگدان پراکتیزە دەکرێت، کە لەم حاڵەتەدا کۆی گشتیی دەنگی حزبەکان، لە ڕێگەی دەنگی پاڵێوراوەکانی ئەو حزبانە دیاری دەکرێت.
سیستەمی هەڵبژاردن لە عێراق
هیچ سیستەمێکی هەڵبژاردن نییە کە لەگەڵ هەموو سیستەمە سیاسییەکان و هەموو کۆمەڵگەکاندا بگونجێت؛ هەروا هیچ پێوەرێکی نموونەیی بۆ سیستەمەکانی هەڵبژاردن لەسەر ئاستی جیهاندا بوونی نییە. سیستەمی هەڵبژاردنی کاریگەر، ئەو سیستەمەیە کە لەگەڵ واقعی کۆمەڵگە و دۆخی سیاسی و ئاستی داخوازییە ئایییندەیییەکانی ئەو گەلەدا دەگونجێ. هیچ سیستەمێکی هەڵبژاردن نییە کە بۆ هەموو کات و شوێنێک گونجاو بێت و، ئەمە بابەتێکی ڕێژەیییە و ڕەنگە لە هەندێ وڵات سەرکەوتوو بێت و لە هەندێ وڵاتی تر سەرکەوتوو نەبێت.
سەبارەت بە عێراق، لە سەردەمی دەوڵەتی عوسمانی لە ساڵی ١٨٧٧، یەکەم هەڵبژاردنی بەخۆیەوە بینیوە بۆ ئەنجومەنی نێردراوان (مجلس المبعوثان). پاش سەربەخۆییی عێراق لە ساڵی ١٩٢٠ و سەردەمی ماندێت تاکوو ئەمڕۆ، چەندین یاسا و مەرسووم بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی دەرچوون، کە بریتین لەمانەی خوارەوە:
١- یاسای هەڵبژاردنی نوێنەران لە ساڵی ١٩٢٤،
٢- یاسای هەڵبژاردنی نوێنەران ژماره (١١) ساڵی ١٩٤٥،
٣- مەرسوومی هەڵبژاردنی نوێنەران ژمارە (٦) ساڵی ١٩٥٢،
٤- یاسای هەڵبژاردنی نوێنەران ژمارە (٥٣) ساڵی ١٩٥٦،
٥- یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی ئۆممە ژمارە (٧) ساڵی ١٩٦٧،
٦- یاسای ئەنجومەنی نیشتمانی ژمارە (٥٥) ساڵی ١٩٨٠،
٧- یاسای ئەنجومەنی نیشتمانی ژمارە (٢٦) ساڵی ١٩٩٥،
٨- فەرمانی دەسەڵاتی کاتیی هاوپەیمانان ژمارە (٩٦) ساڵی ٢٠٠٤،
٩- یاسای هەڵبژاردنی ژمارە (١٦) ساڵی ٢٠٠٥،
١٠- یاسای هەمواری ژمارە (٢٦) ساڵی ٢٠٠٩ (هەمواری یاسای هەڵبژاردنی ژمارە ١٦ ساڵی ٢٠٠٥)،
١١- یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی ژمارە (٤٥) ساڵی ٢٠١٣،
١٢- یاسای هەمواری یەکەمی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی ژمارە (٤٥) ساڵی ٢٠١٣ لە ٢٢/١/٢٠١٨،
١٣- یاسای هەمواری دووەمی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی ژمارە (٤٥) ساڵی ٢٠١٣ لە ١١/٢/٢٠١٨.
بەم جۆرە، دەردەکەوێ کە دوا یاسای بەرکار لە هەڵبژاردنی پەرلەمانیی عێراق، یاسای ژمارە (٤٥) ساڵی ٢٠١٣یە، کە تاکوو ئێستا دوو هەمواری بۆ کراوە. بەپێی بەندی (١٢) لە یاسای ئاماژەپێکراو، سیستەمی لیستی کراوەی نوێنەرایەتیی ڕێژەیی پەیڕەو دەکرێ، کە نابێ هیچ لیستێک لە (٣) کەس کەمتر بێت و، دەنگدەر دەتوانێ دەنگ بە لیست بدات یان دەنگ بە لیست و پاڵێوراو بدات؛ هەروا ڕێگە بە خۆپاڵاوتنی تاکەکەسییش دەدرێت. جگە لەمەیش، بەپێی بەندی (١١/یەکەم)ی یاساکە، ئەنجومەنی نوێنەران لە (٣٢٩) کورسی پێک هاتووە، کە (٣٢٠) کورسی بەسەر (١٨) بازنەی هەڵبژاردن بەپێی سنووری کارگێڕیی پارێزگەکان دابەش دەبێت و، (٩) کورسییش وەک کۆتا بۆ مەسیحی، ئێزدی، شەبەک، سابییە و کوردی فەیلی تەرخان دەکرێت.