هەرێمی کوردستان و نەبوونی دەستوور
ئازاد وەڵەدبەگی، ماستەر لە یاسای گشتی
پێشەکی
دەستوور وەک چارتێکی کۆمەڵایەتی، یەکەم جار لە سەدەی هەژدەیەم لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و فەڕەنسا سەری هەڵدا. ئەو دەستوورە، جۆرێک بوو لە دیکۆمینتی نووسراو کە بنەما سەرەکییەکانی دەوڵەتی دیاری دەکرد. هەر بۆیە، ڕاگەیهندراوەکانی تایبەت بە مافەکان وەک ڕاگەیهندراوی سەربەخۆییی ئەمریکا و ڕاگەیهندراوی مافی مرۆڤی فەڕەنسی، بە یەکەمین دەستوورەکان لە جیهاندا دادەنرێن. سەبارەت بە واتای وشەی دەستوور، زانایانی دەستووری لەو باوەڕەدان، کە ئەم وشەیە بنچینەکەی بۆ زمانی فارسی دەگەڕێتەوە و، پێکهاتوو لە وشەی "دەست" کە واتای هەمان دەستی کوردی دەدات و، پاشگری "ور" کە بە واتای خاوەن دێت و، مەبەست ئەو ڕێسا سەرەکییەیە کە بۆی دەگەڕێنەوە؛ وەک دەفتەری ناوی سەربازەکان و کۆمەڵە یاساکانی دەوڵەت. ئەم زاراوەیە لە ڕێگەی زمانی تورکییەوە چووەتە ناو زمانی عەرەبی و، لە ڕێگەی زمانی عەرەبییشەوە هاتۆتە نێو زمانی کوردی.
د.مستەفا جەواد دەڵێت: "دوستوور وشەیەکی فارسیی بەعەرەبیکراوە و مانای وەزیری گەورە دەدات، کە لە کارەکاندا بۆی دەگەڕێنەوە و لە بنەڕەتدا ئەو دەفتەرەیە کە یاسا و ڕێنمایییەکانی پاشای تێدا کۆ دەکەنەوە و، بە وەزیر ناو دەبردرێت؛ چونکە ئەو شتانەی کە تێیدایە ڕوونن یاخود بۆی دەگەڕێنەوە. سەبارەت بە پێناسەی دەستوور، لە لایەن زانایانی یاسای دەستووری گەلێک پێناسەی جۆراوجۆر خراونەتە ڕوو، کە لێرەدا تەنیا پێناسەیەک دەخەینەڕوو کە دەڵێت: "یاسایەکی باڵایە، کە تێیدا ڕێسا سەرەکییەکانی شێوازی دەوڵەت و سیستەمی حوکم دیاری دەکرێن و، هەروا دەسەڵاتە گشتییەکان ڕێک دەخات لە ڕووی پێکهاتە و ئەرک و پەیوەندییەکانی نێوان ئەم دەسەڵاتانە و سنوورەکانی هەر دەسەڵاتێک و، ئەرک و مافە سەرەکییەکانی تاک و گرووپەکان و گەرەنتیی پێویستیان لە بەرامبەر دەسەڵاتدا بۆ دادەنێ.
هەرێمی کوردستان سەرەڕای ئەوەی کە لە ساڵی ١٩٩٢ دامەزراوە، بەڵام تاکوو ئێستا نەیتوانیوە ببێتە خاوەنی دەستوور. لەم وتارەدا، ئەو هەوڵ و کۆششانە دەخەینە ڕوو، کە بۆ نووسینەوەی دەستوور لە هەرێمی کوردستاندا دراون و، باس لە گرنگیی دەستوور بۆ هەرێمی کوردستان دەکەین.
گرنگیی بوونی دەستوور
دەستوور وەک یاسای باڵای وڵات، کە بە دایکی هەموو یاساکان دادەنرێ، لە چەندین ڕووەوە گرنگیی هەیە، کە لە خوارەوەدا ئاماژەیان پێ دەکەین:
١) لە ڕووی سیاسی: دەستوور سروشتی دەوڵەت دیاری دەکات کە پاشایەتییە یان کۆمارییە؛ هەروا سیستەمی حوکم دەستنیشان دەکات کە پەرلەمانی، سەرۆکایەتی یان نیمچەسەرۆکایەتییە. دەستوور باس لە دەسەڵاتەکان و تایبەتمەندی و پێکهاتەیان دەکات. جگە لەمەیش دەستوور شێوازی پرۆسەی سیاسی و کارلێکە دیموکراتییەکان و چۆنێتیی ڕێکخستن و داڕشتن و بەڕێوەبردن و فەلسەفەی حوکمی دەوڵەت دەخاتە ڕوو.
٢) لە ڕووی مافەکان: دەستوور باس لە مافە سیاسی، مەدەنی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیرییهكانی تاکەکان و ئازادییە گشتییەکان دەکات.
٣) لە ڕووی یاسایی: دەستوور بە مەرجەعی سەرەکی و دایکی هەموو یاساکان دادەنرێت و، نابێ هیچ یاسایەک دەربچێت پێچەوانەی بنەما دەستوورییەکان بێت و، دەستوور لە سەرەوەی ههڕەمی یاساییی وڵاتدایە.
هەوڵەکانی نووسینەوەی دەستووری هەرێمی کوردستان
لەم بوارەدا، دەتوانین مێژووی هەوڵەکانی هەرێمی کوردستان بۆ نووسینەوەی دەستوور بۆ دوو قۆناغ دابەش بکەین: قۆناغی پێش ڕووخانی ڕژێمی بەعس و قۆناغی دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس.
١) قۆناغی پێش ڕووخانی ڕژێمی بەعس: بەو پێیەی بەشێک لە ناوچەکانی کوردستانی عێراق بەپێی بڕیاری (٦٨٨)ی ئەنجومەنی ئاسایش وەک ناوچەیەی دژهفڕین ڕاگەیەندران و لە لایەن هاوپەیمانانەوە دەپارێزران، حکوومەتی عێراقیش دامودەزگە کارگێڕییەکانی خۆی لەم ناوچانە کشاندەوە. هەر بۆیە لە ١٩/٥/١٩٩٢ یەکەمین هەڵبژاردنی پەرلەمانی لەم ناوچەیە ئەنجام درا و پاشان خۆی وەک هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند و پەرلەمانی کوردستان لە بڕیاری ژمارە (٢٢) لە ٤/١٠/١٩٩٢ جاڕنامەی فیدراڵیی ڕاگەیاند. بەم جۆرە، هەرێمی کوردستان، کە خۆی وەک هەرێمێکی فیدراڵی لە چوارچێوەی دەوڵەتی فیدراڵیی عێراقدا پێناسە دەکرد، پیش ڕووخانی ڕژێمی بەعس بە شێوەیەکی دیفاکتۆ بوونی هەبووە. بۆیە، هەرێمی کوردستان وەک مافی هەر هەرێمێکی فیدراڵی بۆ دانانی دەستووری تایبەت بە خۆی، هەوڵی نووسینەوەی پرۆژەی دەستووری تایبەت بە خۆی داوە. یەکەمین هەوڵی فەرمیی لەم جۆرە، لە ساڵی ٢٠٠٢ هاتە ئاراوە. بۆ یەکەمین جار لە مێژووی هەرێمی کوردستان، پەرلەمانی کوردستان لە خولی یەکەمی خۆیدا بە بڕیاری ژمارە (٢٦) لە ١١/٧/٢٠٠٢ پرۆژەی دەستووری هەرێمی کوردستانی خستە ڕوو. لە بەندی یەکەمی بڕیارەکەدا هاتووە: "بنیاتنانی پرۆژەی دەستووری هەرێمی کوردستانی عێراق، لە چوارچێوەی ڕژێمێکی عێراقیی یەکگرتووی فیدراڵی و دیموکراتیدا. هەروا لە بەندی دووەم دەڵێت: "ئەم پرۆژەی دەستوورە بریتییە لە ڕای ڕەسمیی گەلی کوردستانی عێراق و پرۆژە یەکگرتووە بەرجەستەکەی جاڕدانی فیدراڵییەت لە لایەن ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردستانی عێراقەوە و بڕیاری ژمارە (٢٢)ی ڕۆژی (٤/١٠/١٩٩٢)ی ئەنجومەن". لە بەندی سێیەمی بڕیارەکەدا ئاماژە بەوە دەکات، کە لایەنە کوردستانییە پێوەندیدارەکانیش پێویستە لەسەریان ئیلتزامی پێوە بگرن. ئەم پرۆژەی دەستوورە لە (٧٨) بەند پێک هاتبوو، کە تێیدا باس لە هەر سێ دەسەڵاتی یاسادانان، جێبەجێکردن و دادوەری و پێکهاتە و تایبەتمەندی و ئەرکەکانیان دەکات.
ئەم پرۆژەیە، هەرگیز نەخرایە بەر ڕیفراندۆم بۆ ئەوەی خەڵکی کوردستان بڕیاری لەسەر بدەن و، هەر لە چوارچێوەی پرۆژە و لە دووتوێی کۆمەڵە یاسا و بڕیارەکانی پەرلەماندا مایەوە.
٢) قۆناغی پاش ڕووخانی ڕژێمی بەعس: پاش ڕووخانی ڕژێمی بەعس، قۆناغێکی نوێی سیاسی و یاسایی لە عێراقدا هاتە ئاراوە. لە ساڵی ٢٠٠٤ یاسای بەڕێوەبردنی دەوڵەت نووسرا، کە بە دەستوورێکی کاتیی قۆناغی ڕاگوزەر دادەنرا و، پاشان لە ساڵی ٢٠٠٥ دەستووری هەمیشەیی نووسرایەوە و، لە ڕیفراندۆمێکدا لە لایەن خەڵکی عێراقەوە پەسند کرا. ئەم دەستوورە، عێراقی وەک وڵاتێکی فیدراڵی پێناسە کرد و لە بەندی (١١٧/یەکەم) دانی بە هەرێمی کوردستان و دەسەڵاتەکانیدا نا وەک هەرێمێکی فیدراڵی. هەروا لە بەندی (١٢٠) باس لەوە دەکات، کە "هەرێم دەتوانێ دەستوورێک بۆ خۆی دابنێت، کە تێیدا پەیکەری دەسەڵاتەکانی هەرێم و سەڵاحیات و میکانیزمی جێبەجێکردنی ئەم سەڵاحیاتانە دیاری بکات؛ بە مەرجێک کە دژ بەم دەستوورە نەبێت." هەر بۆیە دەبینین، کە هەرێمی کوردستان وەک هەرێمیک لە چوارچێوەی عێراقی فیدراڵیدا مافی ئەوەی هەیە ببێتە خاوەنی دەستوور.
هەوڵەکانی ئەم قۆناغەیش دەتوانین بەسەر دوو بەشدا پۆلێن بکەین بەم جۆرەی خوارەوە:
ئا) هەوڵی یەکەم: هێشتا دەستووری هەمیشەییی عێراقیش پەسند نەکرابوو، کە پەرلەمانی کوردستان بە بڕیاری ژمارە (٥) لە ٨/٩/٢٠٠٥ لیژنەیەکی کاتیی پێک هێنا بۆ پێداچوونەوە لەسەر پرۆژەی دەستووری هەرێمی کوردستان لەبەر ڕۆشناییی پرۆژەی دەستووری عێراق، کە ئەم لیژنەیە لە (١٨) کەس پێک هاتبوون. ئەم لیژنەیە، سەرەنجام توانی پرۆژەی نوێی دەستووری هەرێمی کوردستان ئامادە بکات، کە لە (١٢٢) بەند پێک هاتووە. پاشان پەرلەمانی کوردستان، لە دانیشتنی ڕۆژی ٢٤/٦/٢٠٠٩ پرۆژەی دەستووری هەرێمی کوردستانی بە (٩٥) دەنگ لە کۆی (٩٦) ئەندامی ئامادەبوو و ئامادەنەبوونی (١٤) کەس، پەسند کرد. دوا بە دوای ئەمەیش، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بڕیاری ژمارە (٨)ی ساڵی ٢٠٠٩ی دەرکرد، کە تێیدا وێڕای پەسندکردنی پرۆژەی دەستوورەکە ئاماژە بەوە دەکات، کە لە ڕۆژی ٢٥/٧/٢٠٠٩ ڕاپرسی لەسەر پرۆژەی دەستوورەکە بکرێت.
هەر لە درێژەی ئەم هەوڵانەدا، پەرلەمانی کوردستان یاسای ژمارە (١٦)ی ساڵی ٢٠٠٨ یاسای پەسندکردنی دەستووری هەرێمی کوردستانی پەسند کرد، کە لە (١١) بەند پێک هاتووە. بەپێی بەندی سێیەم لە یاساکە "ئامانج لەم یاسایە دیاریکردنی میکانیزمی دانانی دەستوورێکی هەمیشەیییە بۆ هەرێم بەپێی حوکمەکانی ماددەی (١٢٠) لە دەستووری عێراقی فیدراڵدا." بەگوێرەی بەندی پێنجەم، سەرۆکایەتیی ئەنجومەن (مەبەست پەرلەمانە) داڕشتنی کۆتاییی پرۆژەکە لە خشتەی کارەکانیدا دادەنێ بۆ ئەوەی دەنگی لەسەر بدرێت. بەپێی بەندی شەشەم، پرۆژەکە دەخرێتە بەردەم ڕاپرسیی سەرتاسەرییەوە، دوای پەسندکردنی لە ئەنجومەن بە ڕەزامەندیی بە لای کەمی دوو لەسەر سێی ئەندامانییەوە.
ئەم یاسایە دوو جار هەمواری بۆ کراوە. جاری یەکەم بە یاسای ژمارە (٩)ی ساڵی ٢٠٠٩ کە تێیدا بەندی شەشەم هەموار دەکرێت و ڕۆژی شەممە ٢٥/٧/٢٠٠٩ دادەنرێ بۆ ڕاپرسیی گشتی لەسەر پرۆژەی دەستوور و، هەروا ڕاپرسی بە ڕادەربڕین دەبێ لەسەر ئەم پرسیارە: "ئایا تۆ ڕەزامەندیت لەسەر پرۆژەی دەستوورەکە؟" وەڵامەکەیشی بە "بەڵێ" یان "نەخێر" دەبێت.
هەروا بەپێی بەندی چوارەم، پرۆژەی دەستوورەکە بە پەسندکراو دەژمێردرێت بە بەدەستهێنانی دەنگی زۆرینەی دەنگدەران لە ڕاپرسییەکی گشتیدا و، بە کارپێکراویش دادەنرێت دوای تێپەڕبوونی (٣٠) ڕۆژ بەسەر ڕاپرسییەکەدا. جگە لەمەیش لە بەندی پێنجەم، مەرجەکانی ئەو کەسانە دیاری دەکات کە شیاون بۆ دەنگدان لەسەر ڕاپرسیی پرۆژەی دەستوورەکە، کە دەبێ عێراقی و لە هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان بێت و هەژدە ساڵی تەواو کردبێت و ناوی لە تۆماری دەنگدەراندا هەبێت.
هەروا یاساکە، بە یاسای ژمارە (١٠)ی ساڵی ٢٠٠٩ هەمواری دووەمی بۆ کراوە کە لە بەندی یەکەمی خۆیدا دەڵێت: "ڕۆژێک بۆ ڕاپرسیی گشتی لەسەر پرۆژەی دەستووری هەرێمی کوردستان-عێراق دیاری دەکرێت بە هەماهەنگی لە نێوان سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان-عێراق و حکوومەتی هەرێم و لایەنە پەیوەندیدارەکاندا." ئەمەیش دوای ئەوە هات، کە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە نووسراویان ژمارە (خ/٩/١٣٤٠) پۆزشیان هێنایەوە، کە لە توانایاندا نییە لە ڕێکەوتی ٢٥/٧/٢٠٠٩ ڕاپرسی لەسەر پرۆژەی دەستووری هەرێمی کوردستان ئەنجام بدەن.
ب) هەوڵی دووەم: بەداخەوە لەبەر ململانێی ناوخۆییی حزبە سیاسییەکانی کوردستان و هەروا گوشارە هەرێمییەکان، هەوڵی یەکەم بۆ خستنە ڕیفراندۆمی پرۆژەی دەستوور سەری نەگرت و، پرۆژەکە هەروەک خۆی مایەوە و هەرێمی کوردستان نەیتوانی ڕیفراندۆم لەسەر پرۆژەی دەستوورەکە ئەنجام بدات. بەشێک لە حزبە سیاسییەکانی کوردستان بە دەسەڵاتەکانی سەرۆکی هەرێم لە پرۆژەکە ڕازی نەبوون و خوازیاری ئەوە بوون سیستەمی حوکم، پەرلەمانیی تەواو بێت و، لەو باوەڕەدا بوون کە سیستەمی حوکم بەرەو سەرۆکایەتی چووە، نەک پەرلەمانی. بۆیە، لە خولی چوارەمی پەرلەمان یاسای ژمارە (٤)ی ساڵی ٢٠١٥ یاسای ئامادەکردنی پرۆژەی دەستووری هەرێمی کوردستان-عێراق بۆ ڕاپرسی لە ٢٣/٤/٢٠١٥ دەرچوو. بەپێی بەندی (٢) لە یاساکە، پەرلەمان لیژنەیەکی نوێی بۆ نووسینەوەی دەستوور دانا، کە لە (٢١) ئەندام پێک هاتبوون و دەکرا ئەندامانی لیژنەکە لەناو پەرلەمان یان دەرەوەی پەرلەمان بن. هەروا بەپێی بەندی (٣)، ئەم لیژنەیە (٩٠) ڕۆژ کاتیان بۆ دانرا بۆ نووسینەوەی پرۆژەیەکی نوێی دەستووری هەرێمی کوردستان و، ئەگەر لەو کاتەدا تەواو نەبوو، دەکرێ بۆیان نوێ بکرێتەوە. بەگوێرەی بەندی (٥)، کۆی پرۆژەی دەستوور دەبێ بە دەنگی دوو لەسەر سێی ئەندامانی پەرلەمان پەسند بکرێت.
پاش پەسندکردنی لە لایەن پەرلەمانەوە، بەپێی بەندی (٧)ی سەرۆکایەتیی هەرێم و سەرۆکایەتیی پەرلەمان و لایەنە پەیوەندیدارەکان لە ماوەیەک کە لە (٣٠) ڕۆژ تێپەر نەکات، ڕۆژێک بۆ ڕاپرسیی گشتی دیاری دەکەن و، پرۆژەکە بە دەنگی زۆرینەی دەنگدەران بە پەسندکراو دادەنرێت. جگە لەمەیش بەپێی بەندی (١٠) لە یاساکە، یاسای ژمارە (١٦)ی ساڵی ٢٠٠٨ی هەموارکراو و بڕیاری ژمارە (٨)ی ساڵی ٢٠٠٩ی سەرۆکایەتیی هەرێم هەڵوەشایەوە و، کار بە هیچ یاسا و بڕیارێک ناکرێت کە پێچەوانەی حوکمەکانی ئەم یاسایە بێت.
ئەم لیژنەیە، لە هەموو لایەنە سیاسییەکانی کوردستان و پێکهاتە نەتەوەیییە جۆراوجۆرەکان پێک هاتبوو و لە ٢٠/٥/٢٠١٥ دەستی بە کارەکانی خۆی کرد، بەڵام لە ٢٠/٨/٢٠١٥ ماوەکەی کۆتایی هات و نەیتوانی لە ماوەی (٩٠) ڕۆژی دیاریکراودا کارەکانی خۆی تەواو بکات. لەو ماوەیەدا کە لیژنەکە کارا بوو، توانی (٥٤) کۆبوونەوە ئەنجام بدات و (٧٤) بەندی پرۆژەکە ئامادە بکات. ئەو بابەتانەی کە پەیوەندیی بە دەسەڵاتی هەر سێ سەرۆکایەتییەکەوە هەبوو و، هەروا پرسی دەستووری سیکۆلار، یان ئایینی، جێگەی مشتومڕی لایەنەکان بوو و لەم بارەیەوە نەگەیشتنە ئەنجام. بە هۆی ململانێی لایەنە سیاسییەکانی کوردستان و قەیران لە پرۆسەی سیاسیی هەرێم و پەککەوتنی پەرلەمانی کوردستان، نەتوانرا لە کاتی کۆتاییهاتنی ماوەی یاساییی لیژنەی نووسینەوەی دەستوور، ماوەکەیان بۆ درێژ بکرێتەوە؛ هەر بۆیە کارەکانی ئەم لیژنەیە ڕاوەستا. پاشان کە پەرلەمانی کوردستانیش کارا کرایەوە، تاکوو ئێستا ئەم بابەتە هەر بەهەڵواسراوی ماوەتەوە و لیژنەکە دەستی بە کارەکانی خۆی نەکردۆتەوە.
گرنگیی دەستوور بۆ هەرێمی کوردستان
ئامانج لە بوونی دەستوور لە هەر کۆمەڵگەیەکدا ئەوەیە، چوارچێوەی دەسەڵاتی دامەزراوە فەرمییەکان و پەیوەندییان لەگەڵ یەکتر و سنووری ماف و ئازادیی تاکەکانی ناو کۆمەڵگە ڕێک بخات؛ هەروا سیستەمێک دابڕێژێت، کە هەر یەک لە دەسەڵاتەکان چاودێریی ئەوی تر بکات و ئەوەی کە پێی دەگوترێت سیستەمی check and balance پراکتیزە بکات. هەر بۆیە دەتوانین بڵێین، دەستوور دەتوانێ هێزی زیاتر بە سیستەمی حوکمڕانی دیموکراتی لە وڵاتدا ببەخشێت.
لە ڕاستیدا، ئەوەی کە گرنگە لە دەستوور وەک تێکستێکی نووسراو، جێبەجیکردنی بەندەکان و ناوەڕۆکی دەستوورە، دەنا زۆر وڵات هەن کە دەقی دەستووریی زۆر باشیشیان هەیە، بەڵام تەنیا لە دووتوێی بەرگەکانی دەستووردا ماونەتەوە و کاریان پێ نەکراوە. سەبارەت بە کوردستانش ڕیک وایە؛ گرنگیی دەستوور لە جێبەجێکردنی دەقەکانیدایه وەک خۆی، نەک ئەوەی کە میزاجی دەسەڵاتداران سنوورەکان دیاری بکەن. ڕاستییهكهی، چونکە دەستوور وەک دەقێکی نووسراو، گۆڕینی ئاسان نییە، هەر بۆیە بە مەبەستی کۆنترۆڵکردنی خواست و ئارەزووی دەسەڵاتداران و، دیاریکردنی ماف و ئازادیی هاووڵاتیان گرنگیی خۆی هەیە.
جگە لەمەیش، دەستوور لە ڕووی دەرەکییەوە و لە چوارچێوەی دەوڵەتی فیدراڵیدا، پێناسەی هەرێمی کوردستان دەکات و سنوورەکانی هەرێم لەگەڵ هەرێمەکانی تر دیاری دەکات و، شوناس و ناسنامەی هەرێم لە هەمبەر ئەوی تر پێناسە دەکات.
هەرچەندە هەرێمی کوردستان تاکوو ئێستا دەستووری نەبووە، بەڵام بە دەرکردنی هەندێ یاسا کە سروشتی دەستوورییان هەیە، ئەو بۆشایییە پڕ کراوەتەوە، وەک: یاسای سەرۆکایەتیی هەرێم، یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران، یاسای ئەنجومەنی وەزیران، یاسای ئەنجومەنی دادوەری و هتد.
ئەنجام
گومان لەوەدا نییە، کە بوونی دەستوور وەک گرێبەستێکی کۆمەڵایەتی لە نێوان فەرمانڕەوایان و فەرمانلەسەرکراوان گرنگیی تایبەتیی خۆی هەیە و، سنووری ئەرک و دەسەڵات و مافەکانی هەر دوو لایەن دیاری دەکات. سەبارەت بە دەستووری هەرێمی کوردستان ئەوەی کە گرنگە، هەرێمی کوردستان ببێتە خاوەن دەستوورێکی مەدەنی، کە تێێدا سنووری دەسەڵاتداران و ماف و ئازادیی تاکەکان پارێزراو بێت. هەروا ببێتە هۆکاری چەسپاندنی سەروەریی یاسا و سەربەخۆییی دەسەڵاتی دادوەری. گرنگتر لە هەمووانیش ئەوەیە، کە بەندەکانی دەستوور وەک خۆی جێبەجی بکرێن، نەک تەنیا وەک دەقێک لە دووتوێی تێکستی دەستووردا بمێنێتەوە. هەروا دەستوور پێناسەی ناسنامهی هەرێم دەکات و سنووری کارگێڕیی ئەم هەرێمە دەستنیشان دەکات.