بەرایی:
پاش کۆتاییهاتنی شهڕی مووسڵ، کە ئەمڕۆ لە دوا قۆناغەکانی خۆی نزیک دەبێتەوە، بەرە بەرە لەناوەند و کۆڕ و کۆمەڵە سیاسییە عێراقی و کوردستانی و نێودەوڵەتییەکان، پتر لە جاران باس و گفتوگۆ لەسەر ئاییندەی عێراقی پاش داعش دێتە ئاراوە. لە ڕاستیدا، پتر لە جارێک لە وتەی بەرپرسە سیاسییەکانی عێراق و کوردستان، ئاماژە بەوە کراوە کە پێش دەستپێکردنی شهڕی مووسڵ، هیچ ڕێککەوتنێکی سیاسی دەربارەی ئاییندەی مووسڵ و عێراق نەکراوە و، تەنیا لە بواری سەربازیدا ڕێک کەوتوون. ئەمەیش وا دەکات لە کاتی جەنگدا، ململانێکان شیوازێکی نائاسایی و توندوتیژ بەخۆیەوە بگرێ و، هەر لایەنێک هەوڵ دەدات بە کەڵکوەرگرتن لە هێزی سەربازی، زیاترین ناوچە بۆ خۆی داببڕێت و باشترین دەستکەوت بۆ خۆی مسۆگەر بکات.
هەر بۆیە، هەر یەک لە لایەنە سیاسییە عێراقی و کوردستانییەکان، ئەمریکا و دەوڵەتانی هەرێمی، کە خاوەن دەستڕۆیی و بەرژەوەندیین لە عێراقدا، بەگوێرەی بەرژەوەندییەکانی خۆیان و دۆست و هاوپەیمانانی دەرەکی و ناوخۆیییان، هەوڵ دەدەن پرۆژە و ستراتیژیی خۆیان لەم وڵاتەدا جێبەجێ بکەن. زۆر جار هەست دەکرێ، کە ئەم پرۆژە و ستراتیژییانە دژبەیەک و ناتەبان؛ ئەمەیش لە لێدوانی بەرپرسانی ئەو لایەنانە یاخود شێوازی جووڵە و یارییە سەربازییەکانیان لە گۆڕەپانی جەنگدا دەردەکەوێت.
پاش داعش، عێراق بەرەو کوێ دەڕوات؟ هەرێمی کوردستان بە چ ئاراستەیەکدا هەنگاو دەنێت؟ هێز و لایەنە دەرەکییەکان، لە هەرێمی و نێودەوڵەتی، هەڵوێست و جووڵەکانیان چۆن دەبێ؟ سناریۆ چاوەڕوانکراوەکان بۆ ئاییندەی عێراقی پاش داعش چین؟ ئەمەو چەندین پرسیاری دیکەی هاوشێوە، ئەمڕۆ زەینی سیاسەتوانان، توێژەران و شرۆڤەکارانی بە خۆیەوە خەریک کردووە. لەم کورتە وتارەدا هەوڵ دەدەین وەڵامێک بۆ ئەم پرسیارانە بدۆزینەوە.
ئاییندەی داعش لەناوچەکە
هەرچەندە ئەمڕۆ بەرپرسانی ئەمریکی و عێراقی، لە ڕاگەیاندنەکانەوە لێدوانی دڵخۆشکەر سەبارەت بە ئاییندەی عێراقی پاش داعش دەدەن، بەڵام لە ڕاستیدا ڕزگاربوونی عێراق لە مۆتەکەی داعش، تەنیا چارەسەرکردنی بەشێکی کێشەکەیە کە ئەویش کێشەی تیرۆر و لەناوبردنی دەوڵەتی ئیسلامییە. ئەم کێشەیەیش لە بنەڕەتدا بەرهەمی کەڵەکەبوونی چەندین کێشەی سەرەکیی دیکەیە لە عێراقدا، کە هەر لە کاتی ڕووخانی ڕژێمی بەعسەوە سەریان هەڵداوە و، تەناتەت هەندێکیان مێژوویەکی کۆنتریشیان هەیە. بە لەناوچوونی داعش، ئەو کێشانە جارێکی تر سەر هەڵدەدەنەوە، لەوانەش: کێشەی کورد، کێشەی سوننە و کەمینە ئایینی و نەتەوەیییەکانی دیکەی ئەم وڵاتە، کە ساڵەهایە بە هۆی چارەسەرنەکردنیانهوه، تا دێ قووڵتر دەبنەوە. هەروەک "مەسعوود بارزانی" دەڵێ: "ئۆپەراسیۆنی سەربازی بۆ ڕزگارکردنی مووسڵ، زۆر ساناترە لە قۆناغی پاش داعش کە ترسناکتر دەبێ، چونکە ڕێکخراوی داعش توانیویەتی ڕایەڵەی کۆمەڵایەتیی نێوان پێکهاتە و هۆزەکان هەڵوەشێنێتەوە."
ماڵپەڕی "میدل ئیست برایفینگ" لە واشنتن، لە مانگی حوزەیرانی ٢٠١٦ لەژێر ناوی "کێڵگە ستراتیژییەکانی مین لە قۆناغی پاش داعش لە سووریا و عێراق" ڕاپۆرتێکی بڵاو کردۆتەوە. لەم ڕاپۆرتەدا، بە شێوەیەکی ورد دەرەنجامی ڕووداوەکانی عێراق و سووریا خراوەتە ڕوو. ئامادەکەرانی ئەم ڕاپۆرتە باس لەوە دەکەن، هەڵەیە ئەگەر وا بیر بکەینەوە کە شکستی دەوڵەتی ئیسلامی بە واتای کۆتاییهاتنی قەیرانی حوکمڕانییە لەناو هەر دوو دەوڵەتدا. ڕاپۆرتەکە لەسەر زاری چاودێران ئەوە بەبیر دەهێنێتەوە، کە قەیرانی داعش تەنیا قۆناغێکی کورت و خوێناوییە لە پەرەسەندنێکی قووڵتر و زۆر ئاڵۆزتر لە وەرچەرخانی سیاسیی لە عێراق و سووریا، کە ململانێی ستراتیژیی نێوان ئەمریکا و ئێران بۆ باڵادەستی و دەستڕۆیی لەناو عێراق و سووریا بەجێی دەهێڵێ. ململانێ و ناکۆکی لە ئامانج و بنەما ستراتیژییەکانی پەیڕەوکراو لە لایەن هەر یەک لە ئێران و ئەمریکا هەیە. بە جۆرێک، کە ئەمریکا بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خۆی لە ناوچەکە، جەخت لەسەر شکاندنی داعش و مسۆگەرکردنی سەقامگیریی سیاسی دەکات، لە ڕێگهی پشتیوانیکردن لە سیستەمێکی دیموکراتیی سیکۆلاری فیدراڵی لە هەر دوو وڵاتدا. لە هەمان کاتدا، ئێران دەیەوێت لە سنووری خۆی، هەر لە ناوچەی خانەقینەوە لە ڕۆژهەڵاتی عێراقەوە هەتا دەریای سپی لە کەنارەکانی سووریا، پردێک دروست بکات. ئەمەیش وا دەخوازێت کە ئەو ناوچانەی کە دەکەونە سنووری ئەم پردەوە، لە دانیشتووانی سوننە چۆڵ بکرێن. هەروا ئێران هەوڵی دروستکردنی سیستەمێکی حوکمڕانیی هاوشێوەی خۆی دەدات لە عێراقدا لەگەڵ پاراستنی ڕژێمی بەشار ئەسەد لە سووریا.
پێناچێ بە شکستی سەربازیی داعش لە عێراق و سووریا، ڕەگوڕیشەکانی ئەم ڕێکخراوە تیرۆریستییە بەتەواوی وشک ببن، هەتا ئەو هۆکار و فاکتەرانە چارەسەر نەکرێن کە بوونەتە هۆی سەرهەڵدانی هزری ئیسلامیی توندڕەو و، جیهادی بەگشتی و، بیری داعش بەتایبەتی. بەپێی ئەو هەلومەرجەی کە لەم دوو وڵاتەدا بەدی دەکرێن، زۆر ئەستەمە کە بتوانرێ ڕیشەی هزری توندڕەوی بەئاسانی وشک بکرێت. ئەو سیناریۆیانەی کە لەبارەی ئاییندەی داعشەوە چاوەڕوان دەکرێن، بریتین لەمانەی خوارەوە:
ئا) مانەوەی داعش وەک هێزێکی شەڕکەری پارتیزانی لە ناوچەکە: پاش پێچانەوەی خەلافەتی داعش لە عێراق و سووریا، وا چاوەڕوان دەکرێ پاشماوەی هێزەکانی داعش بەرە بەرە لە هەندێ ناوچە، کە زەمینەی جەماوەری و جوگرافی یارمەتییان دەدات، وەک هێز و گرووپی بچووکی پارتیزانی خۆیان ڕێک بخەنەوە و تێیدا بمێننەوە. ئەم گرووپە چەکدارانە دەتوانن لە دروستکردنی ترس و تۆقاندن و ناسەقامگیری لە ناوچەکەدا ڕۆڵ ببینن.
ب) ئەنجامدانی کرداری خۆکۆژی لەناو شارەکان: سیناریۆیەکی دیکە ئەوەیە، کە داعش بە کەڵکوەرگرتن لە شانە نووستووەکانی خۆی لەناو شار و گوندەکان، دەست بداتە کاری تیرۆریستی و خۆکۆژی لەناو جەرگەی شارەکان و شوێنە گشتی و قەرەباڵغەکاندا. ئێستایش داعش لە شارە جۆراوجۆرەکانی عێراق و سووریا و تەنانەت ئەمریکا و ئەوروپایش، بۆ دروستکردنی ترس و تۆقاندن سوودی لەم شێوازە نامرۆڤانەیە وەرگرتووە.
ج) کۆچی داعش بەرەو وڵاتانی دیکە: ئەمەیش یەکێکە لە سیناریۆ چاوەڕوانکراوەکان، کە داعش ڕەنگە لەمێژە کاری لەسەر کردبێت. ئێستایش بەپێی هەواڵەکان و ئەو ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییانەی کە لەبەردەستدان، داعش لە هەندێ وڵاتی وەک ئەفغانستان، لیبیا و فیلیپین جێی خۆش کردووە و، چالاکیی سەربازی لەو وڵاتانە ئەنجام دەدات.
د) تێکەڵبوون بە پرۆسەی سیاسی: ئەگەر بێت و پاش قۆناغی جهنگی ناوخۆ، دەوڵەتێک بیەوێت سیاسەتی ئاشتەواییی نیشتمانی بگرێتە بەر، ئەوا دەکرێ بە دەرکردنی لێبووردنی گشتی، داوا لەو لایەنانەی کە لە دەرەوەی یاسا و سیستەمی سیاسی و یاساییی وڵاتن، بکرێت، كه سوود لەم دەرفەتە وەربگرن و تێکەڵ بە پرۆسەی سیاسیی وڵات ببنەوە. سەبارەت بە داعش، دەتوانین بڵێین کە ئەم ئەگەرە چاوەڕوانکراو نییە، چونکە سەركردهكان و چەکدارانی داعش تاوانی دژەمرۆیی، جینۆساید و تاوانەکانی جەنگیان ئەنجام داوە و، کەوتوونەتە بەر نەفرەتی ناوخۆیی و دەرەوە. هەروا سروشت و پەروەردەی ئەم گرووپە بە جۆرێکە، کە مەحاڵە بتوانن تێکەڵ بە پرۆسەی سیاسیی عێراق ببنەوە. هەر بۆیە سەبارەت بە داعش، ئەم ئەگەرە زۆر ئەستەمە کە بتوانرێ بەکردەوە جێبەجێ بکرێت.
سیناریۆکانی ئاییندەی عێراق پاش داعش
کۆتاییهاتنی شهڕی مووسڵ و ڕەققە لەو ڕووەوە بۆ ئاییندەی عێراق و ناوچەکە گرنگن، چونکە مەودای سەربازیی هێزەکان لەسەر زەوی کەمتر دەبێتەوە. هەر بۆیە، بەریەککەوتنە ستراتیژییەکان لە ناوچەکە زیاتر دەبن و ململانێکان توندتر و قووڵتر دەبنەوە. لەم قۆناغەدا، ئیتر بەرهەمی جەنگی چەند ساڵەی دژ بە داعش پێ دەگات و، هەر یەک لە لایەنە شەڕکەرەکان هەوڵ دەدەن زیاترین دەستکەوت بۆ خۆیان بچننەوە.
بێ گومان هەرێمی کوردستانیش، بە درێژاییی چەندین ساڵی ڕابردوو، یەکێک بووە لە یاریکەرە سەرەکییە سەربازییەکان لە جەنگی دژ بە داعش. بۆیە ئەم هەرێمە، کە هەتا نووکە وەک بەشێک لە عێراق بوونی یاساییی هەبووە، دەتوانێ یەکێک بێ لەو لایەنانە، کە لە چنینەوەی بەرهەمی جەنگی پاش داعشدا پشکی هەیە. سیناریۆ چاوەڕوانکراوەکان بۆ ئاییندەی عێراقی پاش داعش، دەتوانێ لەم خاڵانەی خوارەوەدا چڕ بکرێتەوە:
١) دابەشکردنی عێراق بۆ سێ هەرێم لە چوارچێوەی دەوڵەتێکی فیدراڵی: ئەمە هەمان سیناریۆ و پێشنیارە بەناوبانگەکەی جۆ بایدن، جێگری پێشووی سەرۆککۆماری ئەمریکایە. کاتی خۆی بایدن پێشنیاری کرد، کە عێراق بۆ سەر سێ هەرێمی کورد، سوننە و شیعە لە چوارچێوەی دەوڵەتێکی فیدراڵیدا دابەش بکرێت. ئەوەی لەم پرۆژەیەدا ناڕوونە، بابەتی سنووری ئەم هەرێمانەیە، کە کوردستان دەبێ زۆر بهئاگایییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەم سیناریۆیەدا بکات. بە درێژاییی دەیان ساڵی ڕابردوو، یەکێک لە گەورەترین گرفتەکانی کورد لە باشووری کوردستان لەگەڵ دەسەڵاتدارانی عێراق، دیاریکردنی سنووری کوردستان بووە؛ کە تەنانەت بەندی ١٤٠ لە دەستووری عێراقیش نەیتوانیوە تاکوو ئێستا چارەسەری بکات. ئەم سیناریۆیە، بە سەرنجدان لە سیاسەتی ڕاگەیەندراوی ئەمریکا، یەکێتیی ئەوروپا و وڵاتانی هەرێمی و دەستووری عێراقیش لە پاراستنی یەکپارچەییی خاکی عێراق، بە یەکێک لە ئەگەرە زۆر بەهێزەکان دادەنرێ. برێت مەکگورک، نێردراوی سەرۆکی ئەمریکا لە هاوپەیمانێتیی دژ بە داعش لە ئاخاوتنێکدا دەڵێ: "عێراقی پاش داعش، دەبێتە چەند هەرێمێک بە دەسەڵاتی نیمچە-ڕەهاوە."
٢) مانەوەی دۆخەکە وەک خۆی: ئەگەر بێت و هێزە ناوخۆیی و دەرەکییەکان لەسەر پرۆژە و ستراتیژییەکانیان لە عێراق نەگەنە ڕێککەوتن، بۆ ئەوەی ڕێگە لە جەنگی ناوخۆیی بگیرێت و دۆخەکە بە ئاراستەیەکی خراپتردا نەڕوات، لەوانەیە لایەنەکان وا ڕێک بکەون دۆخەکە وەک خۆی بمێنێتەوە. ئەم دۆخەیش لە ئەنجامی ئەوە دروست دەبێت، کە هیچ کام لە لایەنەکان تەنازول لە داخوازی و ستراتیژییەکانی خۆیان ناکەن بۆ لایەنی بەرامبەر و، لە هەمان کاتدا نایانەوێت بچنە ناو جەنگێکی نوێوە؛ هەر بۆیە وا باشترە بۆیان، دان بە حاڵەتی دیفاکتۆدا بنێن و دۆخی یەکتر بەو جۆرەی کە هەیە قبووڵی بکەن. ئەم دۆخە دەتوانێ تا ئەو کاتە بەردەوام بێ، کە تەرازووی هێز تێک نەچێت. لە کاتی تێکچوونی هاوسەنگیی هێز، ئەو لایەنەی کە هەست بە باڵادەستی و بەهێزی دەکات، هەوڵ دەدات دۆخەکە لە قازانجی خۆی بگۆڕێت.
٣) دابەشبوونی عێراق: دابەشبوونی عێراق یەکێکە لە ئەگەرە چاوەڕوانکراوەکان، کە هەرێمی کوردستان زۆر بەگەرمی پاڵپشتیی لێ دەکات. سەفین دزەیی، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێم دەڵێ: "قۆناغی پاش داعش سەبارەت بە کورد، واتە مافی بڕیاردانی چارهنووس و جیابوونەوە لە عێراق." ئەوەی کە هەرێمی کوردستان داوای دەکات، دروستبوونی دەوڵەتی کوردستانە و باس لە چارەنووسی پاشماوەی عێراق ناکات. هەر بۆیە، لە ڕووی ستراتیژییەوە وا باشە هەرێمی کوردستان بانگەشە بۆ دابەشبوونی عێراق بکات بەگشتی و، لەو نێوانەیشدا بەتایبەتی باس لە مافی بڕیاردانی چارهنووس و سەربەخۆییی کوردستان بکات. ئهوهی ڕاستی بێ، بۆ کوردستان وا باشە عێراق بۆ سەر سێ دەوڵەتی کوردی، شیعی و سوننی دابەش بکرێت. دروستبوونی دوو دەوڵەتی عەرەبیی دراوسێی بچووک (شیعە و سوننە) کە بەردەوام لە ململانێدان، بۆ کوردستان باشترە هەتا دەوڵەتێکی گەورە و یەکگرتووی عەرەبی، کە هێز و توانای زیاترە و، دەتوانێ لە داهاتوودا مەترسیی زیاتر بۆ سەر کوردستان دروست بکات.
سەبارەت بە سەربەخۆییی کوردستان دوو ئەگەر پێشبینی دەکرێت:
یەکەم) دروستکردنی دەوڵەتی کوردستان لە چوارچێوەی ئەو سنوورەی، کە کورد بە درێژاییی مێژوو داوای کردووە و بریتییە لە: پارێزگهکانی هەولێر، سلێمانی، دهۆک، هەڵەبجە و ناوچە کوردستانییە کێشەلەسەرەکان لە سنووری پارێزگهکانی کەرکووک، نەینەوا، دیالە، سەڵاحەددین و واست.
دووەم) زیندووکردنەوەی پرۆژەی ویلایەتی مووسڵ: دەکرێت لە چوارچێوەی سنوورەکانی ویلایەتی مووسڵی سەردەمی عوسمانی، دەوڵەتێکی نوێ بێتە دامەزراندن. ئەم ویلایەتە، بەپێی ئامارەکانی کۆمەڵەی گەلان و بریتانیا، زۆرینەی دانیشتووانی کوردن و کەمینەیەکی عەرەب، تورکمان و مەسیحییشی تێدا دەژین. سیما و ناسنامەی سەرەکیی ئەم دەوڵەتە، کوردییە؛ هەرچەند کەمینەیەکی بەرچاوی عەرەبیشی تێدایە. ئەم دەوڵەتە، سنوورەکانی بەبێ کێشە و گرفت هەتا زنجیرە شاخی حەمرین و مەکحوول شۆڕ دەبێتەوە و، لە هەمان کاتدا لە ڕووی جیۆستراتیژی و جیۆپۆلیتیکییەوە گونجاوترین هەنگاوە بۆ دروستکردنی دەوڵەتێکی بەهێز و تۆکمە. بە دروستکردنی دەوڵەتێکی لەو جۆرە، بەشێکی گرنگی ئەو کێشانەی کە ئێستا دەربارەی ئاییندەی مووسڵ باسی لێوە دەکرێت، لە چوارچێوەی ئەم دەوڵەتەدا چارەسەر دەبن.
لە ئەنجامی سەرکەوتنی پرۆژەی دابەشکردنی عێراق، ئەوا ئەم وڵاتە بۆ سەر دوو، یان سی دەوڵەتی سەربەخۆ دابەش دەبێت، کە هەر یەکەیان لە ڕووی یاسای نێودەوڵەتییەوە خاوەن سەروەرین. هەرێمی کوردستان و ئیسڕاییل، تاكه لایەنن کە بەئاشکرا پاڵپشتیی خۆیان بۆ پرۆژەیەکی لەو جۆرە ڕاگەیاندووە.
٤) کۆنفیدراڵیزم: یەکێک لەو پرۆژانەی دیکە کە باسی لێوە دەکرێت ئەوەیە، عێراق بۆ سەر دوو، یان سێ دەوڵەتی سەربەخۆ دابەش ببێت و، پاشان لەسەر بنەمای کۆنفیدراڵی یەک بگرنەوە. سیستەمی کۆنفیدراڵی بریتییە لە یەکگرتنی ئارەزوومەندانەی چەند دەوڵەتێکی سەربەخۆ، کە هەر یەکەیان خاوەن سەروەری و ڕەگەزنامەی خۆیانن و، لەسەر کۆمەڵێک خاڵ، کە لە چارتی کۆنفیدراڵیدا هاتووە، یەک دەگرن و هاوئاهەنگی دەکەن. ئەگەر ئەو دەوڵەتانەی کە لە ئەنجامی دابەشبوونی عێراق دروست دەبن، نەیانەوێ بەتەواوی دەستبەرداری یەکتر ببن، بە شێوازێکی بەهێز دەربکەون، بەرژەوەندییە سیاسی و ئابوورییەکانیان زیاتر بپارێزن و لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا هاوکاریی یەکتر بکەن، ئەوا دەتوانن لەسەر بنەمای ڕێککەوتنێکی کۆنفیدراڵی یەک بگرن. ئەم سناریۆیەیش بۆ هەرێمی کوردستان، دەتوانێ بژاردەیەکی زۆر باش بێت و، جیابوونەوەیەکی ئاشتییانە و بێ گرفت مسۆگەر دەکات.
٥) دروستبوونی جەنگی ناوخۆیی: پاش کۆتاییهاتنی جەنگی داعش لە عێراق، لە ئەنجامی بەیەکنەگەیشتنی لایەنە ناوخۆیی و دەرەکییەکان، تەنازولنەکردنیان بۆ یەکتر، ڕێزنەگرتن لە بەرژەوەندییەکانی یەکتر و خواستی لایەنە ناکۆکەکان بۆ یەکلاییکردنەوەی کێشەکان لە ڕێگهی چەک و هێزی سەربازی، ئەگەری ئەوە هەیە عێراق و لەوانەیش هەرێمی کوردستان تووشی جەنگێکی ناوخۆیی ببێت. هەروەک چۆن بینیمان، لە ئەنجامی هێرشی داعش بۆ سەر ئەم وڵاتە، جۆرێک لە جەنگی ناوخۆییی خاوەن سروشتی نێودەوڵەتی (بە دەستتێوەردانی هێزە هەرێمی و نێودەڵەتییەکان) هاتە ئاراوە. بەڵام جیاوازیی ئەم جەنگە ئەوەیە، کە پتر لایەنێکی سوننە جەنگ لەگەڵ هەر دوو لایەنی کوردی و شیعی دەکات؛ واتە لە ئێستادا، کورد و شیعە هەرچەندە ململانێی توندی سیاسی لە نێوانیاندا هەیە، بەڵام پێکدادانی سەربازی لە نێوانیاندا ڕووی نەداوە. لە حاڵەتێکی لەو جۆرە، کە باسی لێوە دەکەین، وا پێشبینی دەکرێت بە سەرنجدان له چارەسەرنەبوونی کێشەکانی نێوان کورد و شیعە، خەریککردنی هێزەکانی حەشدی شەعبی بە جەنگی دەرەکی و دوورخستنەوەی لە ململانێی ناوماڵی شیعە، ئەگەرێکی چاوەڕوانکراوە، بیانکەن بە گژ کورد و سوننەدا. شرۆڤەکاری سیاسیی عەرەب، ئەحمەد ئالووسی دەڵێ: "قۆناغی دوای نەمانی داعش، نوقڵانەی ململانێی کورد-شیعەیە لە ناوچە کێشەلەسەرەکان، لە نێوان حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی ناوەندیی بەغدا.
دەرەنجام
بە سەرنجدان لەوەی کە شکستی داعش لە عێراق، بە واتای کۆتاییهاتنی بیری داعش و توندڕەویی جیهادی نییە، بۆیە وا چاوەڕوان دەکرێ، ئەگەر دەوڵەتی عێراق سیاسەت و ستراتیژییهکی نوێباو و جیاواز نەگرێتە بەر، ئەوا کێشە و ململانێکان بە شکڵ و شێوازێکی نوێ بەردەوام بن. لەم وتارەدا ئەو سیناریۆ و ئەگەرە پێشبینیکراوانەمان خستە ڕوو، کە لە حاڵەتی شکستی سەربازیی داعش لە عێراقدا دێنە ئاراوە. لەم نێوانەدا، سیناریۆی دڵخوازی کورد و مۆتەکەی گەورەی عێراق، پرۆژەی سەربەخۆییی کوردستانە، کە پاش دیاریکردنی ڕۆژی ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی لە ٢٥/٩/٢٠١٧، پێدەچێ ئەم پرۆژەیە کەوتبێتە قۆناغی جێبەجێکردنەوە. خراپترین ئەگەریش دروستبوونی جەنگی ناوخۆیە، کە هەرێمی کوردستان، دەبێ هەوڵ بدات بە هەموو شێوازێک لێی دوور بکەوێتەوە. جەنگ، دەبێ تەنیا لەو حاڵەتانەدا ئەنجام بدرێ کە بزانی تێیدا براوەی، یان دەستکەوتی گەورە بەدەست دەهێنیت. هەروا باسمان لە ئاییندەی داعش کرد، کە ئەمەیش خۆی لە چوار سیناریۆدا دەبینێتەوە. وا چاوەڕوان دەکرێ هەر دوو سناریۆی (ئا و ب) مەترسی لەسەر ئاسایش و ئاییندەی عێراق دروست بکەن.