کەرتبوونی ناوماڵی شیعە و کاریگەرییەکانی لەسەر عێراق و کوردستان

بەرایی

لە چەند ساڵی ڕابردوو، پاش شکستهێنانی دەوڵەتی ئایینی لە عێراق، ناڕەزاییی بەربڵاوی سوننە، دوورکەوتنەوەی هەرێمی کوردستان لە بەغدا و هەنگاونان بەرەو ڕیفراندۆم و دەستبەسەرداگرتنی دەسەڵات لە لایەن تائیفەی شیعەوە، وایان کردووە بنەماکانی دەوڵەتی عێراق زیاتر لە جاران بەرەو هەڵوەشانەوە بچن. عێراق بە درێژایییی ٨٢ ساڵ حوکمڕانیی سوننە و ١٤ ساڵ فەرمانڕەواییی شیعە، هەرگیز نەیتوانی ناسنامه‌ی تائیفی و نەتەوەیی تێ پەڕێنێ و ببێتە خاوەن ناسنامه‌یه‌کی نیشتمانیی عێراقی؛ واتە ناسنامه‌یه‌ك لە سەرووی تائیفە و نەتەوەکانەوە. ئەو عێراقەی کە هەر لە سەرەتاوە بینراوە، خاوەن چەندین وردە-ناسنامه‌ی پارچەکراوی شیعی، سوننی و کوردی بووە. عێراق هێشتایش چەلنجێکی گەورەی لە بەردەمدایە بۆ ئەوەی ببێتە خاوەن ناسنامه‌یه‌كی عێراقیی یەکپارچە.

گرفتەکە هەر لەم چوارچێوەیەدا قەتیس نەبووەتەوە، بەڵکوو لە نێوان ئەم گرووپە نەتەوەیی و تائیفییانەیش، لەبەر هۆکاری جۆراوجۆر، ڕۆژ بە ڕۆژ کەرتبوون و جیابوونەوەی زیاتر ڕوو دەدات. پێشتر ناوماڵی کورد و سوننە تووشی پەرتەوازەیی و ململانێی جۆراوجۆری حزبی، کەسی و هەرێمی ببوو؛ ئەوەی کە بەیەکگرتوویی مابووەوە ناوماڵی شیعە بوو. هەر لە سەرەتای ڕووخانی ڕژێمی بەعسەوە، شیعەکان بە کەڵکوەرگرتن لە کەشوهەوای نوێی دیموکراسی لە عێراق و، زۆرینەبوونیان لەناو کۆمەڵگەی عێراقی، توانییان هاوپەیمانێتییه‌کی تائیفی دروست بکەن. ئەمەیش بووە هۆی ئەوەی کە بتوانن هەنگاو بە هەنگاو دەست بەسەر هەموو جومگەکانی دەسەڵاتدا بگرن لە عێراقدا. پاش ١٤ ساڵ لە حوکمڕانیی شیعە لە عێراق، بەرەبەرە لایەنە نەرێنییەکانی ئەم جۆرە لە فەرمانڕەوایی دەرکەوتوون. ئەمەیش بووەتە هۆی قووڵبوونەوەی ناکۆکییەکانی ناوماڵی شیعە و گۆڕینی ئاراستەی یارییە سیاسییەکان لە عێراقدا. لەم وتارەدا تیشک دەخەینە سەر ئەم بابەتە و، کاریگەرییە ئەرێنی و نەرێنییەکانی لەسەر عێراق و هەرێمی کوردستان دەخەینە ڕوو.

دۆخی ئێستا

بە درێژایییی دەیان ساڵ حوکمڕانیی سوننە، هەوڵەکانیان بە ئاراستەی دروستکردنی ناسنامه‌یه‌كی عێراقی شکستی هێنا، چونکە لە بنەڕەتدا باوەڕیان بە ماف و بوونی ئەوی تر نەبوو و، سیاسەتەکانیان لەمبارەیەوە تەنیا بۆ چەواشەکاری و سەپاندنی دەسەڵاتی نەتەوەیی-تائیفیی سوننە بوو لە عێراقدا. پاش ساڵی ٢٠٠٣ و ڕووخانی ڕژێمی بەعس و، دەستپێکردنی سەردەمێکی نوێ لە عێراقدا، کە بە چەرخی کۆماریی دووەم ناو دەبردرێ، وا چاوەڕوان دەکرا سوود لە هەڵەکانی پێشوو وەرگیرابێت، بەڵام پاش ماوەیەکی کورت، ئەوەی کە ئەم جارەیان بینرا و دەبینرێ، دەستبەسەرداگرتنی دەسەڵات بوو لە لایەن تائیفەی شیعەوە،  کە تێیدا کورد و سوننە و تورکمان و...، لە ناوەندەکانی بڕیاردانی وڵاتدا دوور خرانەوە.

پاش سەرهەڵدانی داعش و داگیرکردنی ناوچە سوننەنشینەکان لە لایەن ئەم گرووپە تیرۆریستییەوە، فەرمانڕەواییی شیعە لە عێراق تووشی شۆکی یەکەم بوو. ئەوان بۆیان دەرکەوت بە پلەی یەکەم، سیاسەتی هەڵەی حوکمڕانیی ئەوان بوو، کە بووەتە هۆی سەرهەڵدانی ئەم گرووپە ترسناکە، کە لە ئەنجامدا بووە هۆی کاوڵکردنی بەشێکی زۆری وڵات و، هەڕەشەیەکی جددیی لەسەر دەسەڵاتی شیعە لە عێراقدا دروست کرد.

هێشتا شۆکی یەکەم حکوومەتی عێراقی بەرنەدابوو، کە تووشی شۆکی دووەم بوون. ئەویش تەقینەوەی ناکۆکیی چەندین ساڵەی حکوومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان بوو، کە ئەم جارەیان هەرێمی کوردستان بە بەرزکردنەوەی دروشمی ڕیفراندۆم، دەوڵەتی عێراقی تووشی چەلنجێکی نوێ کرد. هەرێمی کوردستان، پاش چەندین ساڵ هاوبەشی لە فەرمانڕەواییی عێراق و سەرهەڵدانی ناکۆکییەکان، گەیشتە ئەو ئەنجامەی کە بەردەوامیی  دۆخی ئێستا و مانەوە لە چوارچێوەی عێراقدا گرفتەکانی ئەوان چارەسەر ناکات. هەر بۆیە، دەسەڵاتدارانی هەرێم، لە بۆنەی جیاجیادا نائومێدیی خۆیان لە مانەوە لە چوارچێوەی عێراقدا دەربڕیوە و، جیابوونەوەیان بە تاکە چارەسەر زانیوە.   

 لە ئەنجامی ئەو دۆخەی کە ئێستا دروست بووە، هەندێک لایەن و کەسایەتیی شیعە، ئەو ڕاستییەیان بۆ دەرکەوتووە کە ناتوانن بەو شێوەیەی ئێستا لەسەر حوکمڕانی بەردەوام بن و، ئەنجامی ئەم جۆرە لە فەرمانڕەوایی، دابەشبوون و هەڵوەشانەوەی عێراقە. ئەمڕۆ کوردستان داوای جیابوونەوە دەکات و، لەوانەیە سبەی سوننەیش هەمان داواکاریی هەبێت. لە ئەنجامدا دەوڵەتێک بە ناوی عێراق لەسەر نەخشە، بوونی نامێنێ. دابەشبوونی عێراقیش لەسەر دەستی سیاسەتوانانی شیعە، دەبێتە شکست و خاڵێکی نەرێنیی دیکە لە کارنامەی حوکمڕانیی شیعە و، لە مێژوودا لەسەر ناوی ئەوان تۆمار دەکرێت.  

ململانێی ناوماڵی شیعە

هەرچەندە ململانێ و ناکۆکییەکان لە ناوماڵی شیعە شتێکی نوێ نییە، بەڵام شیعە لە پاش ساڵی ٢٠٠٣ بە هەموو جیاوازییەکانەوە، بە هاندانی ئایەتوڵڵا سیستانی و بە پاڵپشتیی ئێران لە چوارچێوەی هاوپەیمانێتیی نیشتمانیی شیعەدا یەکیان گرت. ئەمەیش وای کرد، کە ئەوان بتوانن بە هۆی زۆرینەبوونیان دەست بەسەر ناوەندەکانی بڕیاری وڵاتدا بگرن و، بەرەبەرە لەو سیستەمە تەوافوقییە دوور بکەوەنەوە، کە هەر لە سەرەتای ڕووخانی بەعس، لەسەر دەستی ئەمریکییەکان هاتبووە ئاراوە. لە چەند ساڵی ڕابردوو، کە حزبە ئایینییەکانی شیعە لە عێراقدا حوکمیان کردووە، نموونەیەکی زۆر خراپی حوکمڕانییان لە خۆیان پیشان داوە. نەبوونی ئاسایش، لاوازبوونی خزمەتگوزارییە گشتییەکان، گەندەڵی، هێژموونیی ئێران لەسەر حوکمڕانیی عێراق و سیستەمێکی ئابووری و کارگێریی دواکەوتوو و...، وایان کردووە ناڕەزایی لە حزبە شیعەکان، تەنانەت لەناو تائیفەی شیعەیش، بگاتە بەرزترین ئاستی خۆی. ئەمەیش لە  ناو خەڵك جۆرێک لە ڕەشبینی و ناڕەزایی لە حزبە ئایینییەکان دروست کردووە، کە دەرفەتی بۆ گەشەکردنی بیروبۆچوونی سیاسیی جیاواز  ڕەخساندووە.

کۆی ئەم گرفت و ئاستەنگانە، وای کردووە،کە هەندێک لە سیاسەتوانانی شیعە، هەڵوەستەیەک بکەن و پێداچوونەوە بە سیاسەتە هەڵەکانی خۆیاندا بکەنەوە. یەکێک لەو هەنگاوانە بۆ عەمار حەکیم دەگەڕێتەوە، کە فراکسیۆنەکەی ٢٨ کورسیی لە پەرلەمانی عێراقدا هەیە. ناوبراو هەر لە ساڵی ٢٠١٣وە، لەگەڵ تیمی کۆنە ڕێبەرانی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی تووشی کێشە بوو. ناکۆکییەکانی، پتر لەسەر شێوازی بەڕێوەبردنی حزب، باوەڕداری بە سیستەمی ویلایەتی فەقیھ، گرنگیدان بە کەسایەتییە گەنجەکانی ناو ئەنجومەن و چۆنێتیی پەیوەندییان بوو لەگەڵ ئێران و وڵاتانی دیکەی عەرەبیدا. لە ئەنجامدا حەکیم نەیتوانی لەگەڵ ئەو تیمە کۆنەدا کار بکات، کە خوازیاری ئەوە بوون دەست بەسەر جومگەکانی حزبدا بگرن و، کەسایەتییە لاوەکان دوور بخەنەوە. حەکیم دەیویست بە هێنانەپێشەوەی لاوەکان، هەم لەناو کۆمەڵگەی لاوی عێراقی، کە ٦٠%ی دانیشتووانی وڵات پێک دەهێنن، پێگەی خۆی بەهێزتر بکات، هەم بە گرتنەبەری سیاسەتێکی هاوسەنگ، پەیوەندیی خۆی لەگەڵ ئێران و وڵاتانی سوننەی عەرەبیدا هاوسەنگ بکاتەوە و، بەرەبەرە لەژێر هێژموونیی ئێران دەربچێت.

 ئەمڕۆ، دەنگێک لەناو شیعەی عێراقدا سەری هەڵداوە، کە ئێران بە سەرچاوەی کارەسات و نەهامەتییەکانی وڵات دەزانێ. ئەوان لەو باوەڕەدان، کە سیاسەتی هیلالی شیعیی ئێران، تەنیا لە پێناو ئامانجە نیشمانییەکانی خۆیدایە و، عێراق و شیعەکانی عێراقی کردووەتە قوربانی و، بووەتە هۆی قووڵتربوونەوەی ناکۆکییەکانیان لەگەڵ کورد و سوننەدا. لە کاتێکدا شیعە لە ڕابردوو و پێش گەیشتن بە دەسەڵات، پەیوەندییەکی باش و دۆستانەیان لەگەڵ کورددا هەبووە. هەروا شیعەکانی عێراق، تێکەڵبوونێکی قووڵ و مێژوویییان لەگەڵ ژینگەی عەرەبیدا هەیە، کە سیاسەتی هیلالی شیعی گرفت لە بەردەم ئەم پەیوەندییانەدا دروست دەکات.

عەمار حەکیم، لە ٢٤/٧/٢٠١٧ دامەزراندنی "ڕەوتی حیکمەی نیشتمانی"ی ڕاگەیاند. حەکیم لە گوتەی ڕاگەیاندنی ڕەوتەکەیدا گوتی: "عێراقی ٢٠١٧، بەتەواوی جیاوازە لە عێراقی ٢٠٠٣ و، گرووپە سیاسییەکان دەبێ لەم جیاوازییە تێ بگەن. هەروەک چۆن ئێمە لە ڕەوتی حیکمەی نیشتمانی لێی تێ گەیشتین." ئەو هەروا گوتی: "ڕەوتەکەمان لەگەڵ هەموو ڕۆڵەکانی عێراقدا کار دەکات بۆ چوونەناو هەڵبژاردنێکی دیموکراتی بە ناونیشانێکی گشتگیر بۆ هەموو پێکهاتەکانی عێراق و دەرچوون لە گێژاوی ئایینی و نەتەوەیی و کردنەوەی ئاسۆیەکی سیاسیی نوێ؛ بە جۆرێک کە دەبێ عێراق، بەرامبەر بە خۆی ئاشتیخواز بێ." هەروا لە ئاماژەیەکیدا بۆ دەستێوەردانی دەوڵەتانی دراوسێ، حەکیم گوتی: "کێشەکانی گەل زۆرن و دەوڵەتانی برا و دۆستی کارا و کاریگەر، دەبێ لێی تێ بگەن و... عێراق ڕۆڵی سەرەکیی خۆی، لە نێوان هەموو براکانی لە ژینگەی هەرێمیی خۆیدا له‌ ئه‌ستۆ ده‌گرێ."   

چاودێران ئەم هەنگاوە نوێیەی حەکیم، بە هەوڵەکانی ناوبراو بۆ دەرچوون لەژێر هێژموونیی ئێران و گەڕانەوە بۆ ژینگەی عەرەبی و، دەرچوون لە گێژاوی حزبی ئایینیی لە قەڵەم دەدەن. بەتایبەت کە بنەماڵەی حەکیم، ئایەتوڵڵا سیستانی بە مەرجەعی ئایینیی خۆیان دەزانن و، پەیوەندییەکانیان لەگەڵ تاران پتر سیاسییە نەک ئایینی. هەروا ئەمە بە جۆرێک لە جۆرەکان، نیشانەی ململانێی کۆنی مەرجەعییەتی نەجەف و قومە، کە لە نێوان شیعە باوەڕمەندەکان بە فیقهی کلاسیکی شیعە و لایەنگرانی تیۆریی ویلایەتی فەقیھدا هەیە. جەلالەددینی سەغیر، لە کۆنە ڕێبەرانی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی، لە گوتەیەکیدا ئاماژەی بەم خاڵە کردووە. دەنگۆی ئەوەیش هەیە، کە عەمار حەکیم بەم زووانە سەردانی ڕیاز دەکات.

سەردانی عەبادی و موقتەدا سەدر بۆ سعوودیا

لە مانگی حوزەیرانی ٢٠١٧، حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، سەردانی سعوودیای کرد و چاوی بە شا سەلمان کەوت و، تێیدا باسیان لە هەموو بوارەکانی هاوکاریی کردبوو لە نێوان هەر دوو وڵاتدا. ئەم سەردانە، کەشوهەوایەکی ئەرێنیی لە پەیوەندییە گرژەکانی هەر دوو وڵاتدا دروست کرد. هەروا ناوبراوان، لە مانگی ئازاری ٢٠١٧ لە پەراوێزی لووتکەی عەرەبی لە عەمان چاویان بە یەکتر کەوتبوو. لە مانگی شوباتی ٢٠١٧، عادل ئەلجوبەیر، وەزیری دەره‌وەی سعوودیایش لە هەنگاوێکی چاوەڕواننەکراودا سەردانی بەغدای کردبوو. لە ١٨/٧/٢٠١٧ وەزیری ناوخۆی عێراق قاسم ئەعرەجی، سەردانی ڕیازی کرد و لەگەڵ وەزیری ناوخۆی سعوودیا کۆ بووەوە.

لە هەنگاوێکی چاوەڕواننەکراودا، موقتەدا سەدر، سەرۆکی ڕەوتی سەدر، کە دووەمین فراکسیۆنی پەرلەمانیی شیعەکانی هەیە و خاوەنی ٣٤ کورسییە، لەسەر بانگهێشتی جێگری شای سعوودیا، محه‌مەد کوڕی سەلمان، لە ٣٠/٧/٢٠١٧ سەردانی ئەو وڵاتەی کرد و لە جەدە لە لایەن ناوبراوەوە پێشوازییەکی گەرمی لێ کرا. ئەم سەردانە پاش ١١ ساڵ، بە یەکەم سەردانی سەدر بۆ سعوودیا دادەنرێ، بۆ یەکەم جار سەدر لە ساڵی ٢٠٠٦ سەردانی ئەو وڵاتەی کردبوو. شرۆڤەکاری عەرەب، عەبدوڵڕەحمان ڕاشد دەڵێ: "سەردانێکی ئازایانەمان بینی لە بەڕێز موقتەدا سەدر... بۆ جەختکردنەوە لەسەر ئەوەی کە دەیڵێت لە ڕەتکردنەوەی هێژموونیی ئێرانی و پێداگریی لەسەر سەربەخۆییی بڕیاری عێراقی و، ئەمەیش تەحەددایەکە بۆ سیاسییەکانی لە جۆری نووری مالکی." ڕاشد، ئەم سەردانەی سەدر بە ڕەتکردنەوەی هێژموونیی ئێران بەسەر داهات و دەسەڵاتی عێراقدا دەزانێ. سەدر پێشتر دژایەتیی خۆی بۆ ویلایەتی سێیەمی مالکی ڕاگەیاندبوو، هەروا دژی بەشداریی میلیشا شیعەکان بووە لە جەنگی سووریا و، لە دوا هەڵوێستیدا خوازیاری هەڵوەشانەوەی حەشدی شەعبی بووە لە عێراقدا. جگە لەمەیش لە ساڵی ڕابردوو ڕێبەرایەتیی کۆمەڵێک خۆپیشاندانی کردووە دژ بە گەندەڵیی سیاسی و ئابووری و وەرگرتنی هەڵویستی نیشتمانی بە دوور لە کاریگەریی هێزە بیانییەکان، کە تێیدا دروشمی دژ بە ئێرانیان بەرز کردۆتەوە. هەموو ئەم هەڵوێستانەی سەدر، پێچەوانەی سیاسەتەکانی ئێران و دۆستانی ئێرانە لە گۆڕەپانی سیاسیی عێراقدا. هەرچەندە، ئێران بەفەرمی دژایەتیی خۆی بۆ سەردانەکەی سەدر ڕانەگەیاندووە، بەڵام ئەم سەردانە لە لایەن هەندێک لە دەزگه‌کانی ڕاگەیاندنی ئێرانییەوە ڕەخنەی لێ گیرا و، بە بریندارکردنی هەستی موسڵمانانیان لە قەڵەم دا. هەروا لە ٩/٨/٢٠١٧، جێگری شای سعوودی، شازادە محەمەدی کوڕی سەلمان، لەگەڵ وەزیری نەوتی عێراق، جەبار لوعێبی، کۆ بووەوە و خوازیاری سەقامگیریی عێراق و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەر دوو وڵات بوو لە هەموو بوارەکاندا.   

ماوەیەکە دەنگۆی ئەوەیش هەیە، کە حەیدەر عەبادی ڕیزەکانی حزبی دەعوە بەجێ بهێڵێ و لە نووری مالکی جیا ببێتەوە. جگە لەمەیش، نزیکبوونەوەیەک لە نێوان ڕەوتی سەدر، عەبادی و ئەیاد عەلاوی هەستی پێ دەکرێ، کە بە دوور نازانرێ ڕەوتی حیکمەی حەکیم و هێز و گرووپەکانی تری شیعە و سوننە و تەنانەت سێكیولاریش پاڵیان پێوە بدەن. لە ئەگەری مانەوەی کوردستان لە چوارچێوەی عێراقدا، هەتا هەڵبژاردنی ساڵی ٢٠١٨ بە دوور نازانرێ، جۆرێک لە هاوپەیمانێتیی لە نێوان ئەو هێزانە (مەبەست ڕەوتە شیعەکان و علاوییە) و لایەنە کوردییەکانیش بێتە ئاراوە. خاڵی کۆکەرەوەی ئەو هێز و لایەنانە، کەمکردنەوەی هێژموونیی ئێران و لاوازکردنی نووری مالکییە لە گۆڕەپانی سیاسیی عێراقدا؛ هەروا هاوسەنگکردنی سیاسەت و بڕیاری عێراقە لە نێوان هێز و دەوڵەتە هەرێمییەکاندا. 

ئەم وەرچەرخانە سیاسییەی هەندێک لە شیعەکانی عێراق و ترافیکی سیاسی و دیپلۆماسیی بەغدا- ڕیاز، لە ناوەڕۆکدا نیشانەی گۆڕانێکە لە سیاسەتی دەوڵەتی عێراق و هەندێک لە هێزە شیعەکان بەرامبەر بە سعوودیا، بۆ هاوسەنگکردنی سیاسەتی هەرێمیی عێراق و کەمکردنەوەی هێژموونییی ئێران لەسەر دەسەڵاتی سیاسیی عێراق؛ لە هەمان کاتیشدا هێمایە بۆ گۆڕانکاری لە سیاسەتی سعوودیا بەرامبەر بە عێراق. جگە لەمەیش، نیشانەی کەرتبوون و قووڵتربوونەوەی ناکۆکیی نێوان هێز و حزبە شیعەکانە، کە بۆ یەکەم جار پاش ساڵی ٢٠٠٣، ئەم ئاراستەیە بەخۆوە دەگرێ. دوور نییە ئەم هەنگاوانە بگەنە ئەو ئاستە، کە ناوماڵی شیعە بەسەر دوو بەرەی ئێرانی و عەرەبیدا دابەش ببێت. ئەم جووڵە سیاسییانە کاریگەرییان لەسەر هەرێمی کوردستانیش هەیە؛ بە هەر دوو دیوی عێراقی و سعوودی.

کاریگەرییەکانی کەرتبوونی ناوماڵی شیعە

هەر جووڵە و هەنگاوێکی سیاسی، کاریگەریی سیاسی و ئابووریی ئەرێنی و نەرێنیی جۆراوجۆری هەیە لەسەر هێز و لایەنە عێراقییەکان، کە دەتوانین لەم خاڵانەدا چڕی بکەینەوە:

لایەنە ئەرێنیییەکان سەبارەت بە عێراق:

١) نزیکبوونەوەی هەندێک لە هێز و لایەنە سیاسییەکانی شیعە و دەوڵەتی عێراق لە سعوودیا و وڵاتانی سوننە لە ناوچەکە، دەتوانێ کاریگەریی لەسە دۆخی ئابووری هەبێت. بۆ نموونە، وەگەڕخستنەوەی بۆڕیی نەوتی عێراق بۆ دەریای سوور، کە دەتوانێ نرخی گواستنەوەی نەوتی عێراق بۆ گەیشتن بە بازاڕە جیهانییەکان هەرزانتر بکات.

٢) کەمکردنەوەی گرژی و ئاڵۆزیی نێوان پیاوانی ئایینیی شیعە و سوننە؛ کە ئەمەیش نەک هەر لە عێراق و سعوودیا، بەڵکوو لە جیهانی ئیسلامی بەگشتی، کاریگەریی گەورە لەسەر شەقامی شیعی و سوننی بەجێ دەهێڵێت.

٣) کەمکردنەوەی هێژموونیی ئێران و هاوسەنگکردنی سیاسەتی هەرێمیی عێراق و، گەڕانەوەی ئەم وڵاتە بۆ دۆخ و پێگەیەکی بەهێزتر لە ناوچەکەدا. ئەمه‌یش دەتوانێ ویست و ئیرادەی نیشتمانی بۆ چارەسەرکردنی کێشە ناوخۆیییەکانی وڵات بە دوور لە دەستێوەردانی دەرەکی، بەهێزتر بکات.

٤) ناکۆکیی نێوان لایەنە شیعەکان دەرفەتی تاکڕەوی و هێژموونیی شیعە کەمتر دەکاتەوە و، لە هەمان کاتدا  وابەستەییی ئەم هێز و لایەنانە، بە هێز و لایەنە کوردی و سوننەکان زیاتر دەکات و، هەلی ئەوە بۆ ئەم هێزانە دەڕەخسێنێ تا لەسەر پەتی ئەم ناکۆکییانە یاری بکەن. ئەمەیش دەرفەتی دیالۆگ و دانوستان لە نێوان ئەم هێزانەدا بۆ گەیشتن بە ڕێگەچارەیەک بە مەبەستی چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان، زیاتر دەکات.   

لایەنە نەرێنییەکان سەبارەت بە هەرێمی کوردستان:

١) نزیکبوونەوەی هێز و لایەنە شیعەکان و دەوڵەتی عێراق لە وڵاتانی سوننەی عەرەبی، کاریگەریی نەرێنیی دەبێ لەسەر ڕەوتی سەربەخۆخوازیی هەرێمی کوردستان و، ئەگەری دانپێدانانی ئەو وڵاتانە بە سەربەخۆییی هەرێمی کوردستان لاوازتر دەکات.

٢) بەهێزبوون و گەشەکردنی هزر و ناسنامه‌ی نیشتمانیی عێراقی و، دەرچوونی هێز و لایەنە شیعەکان لەژێر عەبای تائیفەگەری، دروشمی ناسنامه‌خوازیی کوردی لاوازتر دەکات و ئاستەنگ لە بەردەم پاساوەکانی دروستکردنی دەوڵەتی نەتەوەییی کوردیدا دروست دەکات.

٣) بەهێزبوونەوەی دەوڵەتی عێراق، دەبێتە هۆی لاوازبوونی هێزە ناناوەندییەکانی لە چەشنی هەرێمی کوردستان و، دەرفەتی جووڵە سیاسی، دیپلۆماسی و ئابوورییەکانی کەمتر و بەرتەسکتر دەکاتەوە.

پوختە

لەم وتارەدا، تیشکمان خستە سەر ئەو هەنگاو و جووڵە سیاسییانەی کە لە چەند مانگی ڕابردوودا، لە شەقامی سیاسیی شیعەی عێراقدا هەستی پێ دەکرێ. هەر هەنگاو و جووڵەیەکی سیاسی، دەتوانێ کاریگەریی ئەرێنی و نەرێنیی جۆراوجۆر لەسەر کۆی سیستەمی سیاسیی عێراق و هەرێمی کوردستاندا بەجێ بهێڵێت. ئەگەر هەرێمی کوردستان، بیەوێت بەرەو سەربەخۆیی هەنگاو بنێت، ئەم هەوڵە نوێیانە، هەواڵ و دەرەنجامی دڵخوشکەر نین بۆ هەرێمی کوردستان. بەڵام ئەگەر ئیرادەی سیاسیی هەرێمی کوردستان، بە ئاراستەی مانەوە بێت لە چوارچێوەی عێراقێکی فیدراڵی و یەکگرتوودا، ئەوا ڕەنگە ئەم هەنگاوانە دەرفەتی دیالۆگ و لێکگەیشتن زیاتر بکەن. هەر جۆرە کەرتبوونێک لە ناوماڵی شیعە و، دابەشبوونیان بەسەر بەرەی ئێرانی و عەرەبی، ململانێی ناوماڵی شیعە قووڵتر دەکاتەوە و، لەسەر ئاستی ناوخۆیی، هێژموونی و پاوانخوازیی ئەو هێزانە کەمتر دەکاتەوە و، لە بەرامبەردا ناچارن دەرفەت و ئیمتیازاتی زیاتر بە هێزە کوردی و سوننەکان بدەن. هەروا لەسەر ئاستی دەرەوە، باشتربوونی پەیوەندیی لایەنە شیعەکان و دەوڵەتی عێراق لەگەڵ سعوودیا و وڵاتانی سوننە، پێگەیان بەهێزتر دەکات. هەرێمی کوردستان، دەبێ زۆر بەوریایی و وردییەوە چاودێریی ئەم هەنگاوانە و دەرەنجامەکانی بکات، بۆ ئەوەی بتوانێ بەرژەوەندییەکانی خۆی بە شێوازێکی باشتر بپارێزێت.

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples