کوردستان و سیناریۆکانی پۆست-ڕیفراندۆم

پیشەکی:

کوردستان پاش ڕیفراندۆمی ٢٥ی ئەیلوول، پێی ناوەتە قۆناغێکی نوێ. ئەگەر ئەم هەنگاوە بە سەربەخۆییی کوردستان کۆتایی بێت، ئەوا مێژوونووسان لە داهاتوو، بە خاڵێکی وەرچەرخان لە مێژووی کوردستاندا لە قەڵەمی دەدەن. لە ساڵی ١٨٠٠ەوە تاکوو ئێستا، ٥٤ ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی لە جیهاندا ئەنجام دراون، کە تەنیا لە ١١ حاڵەتدا (لەوانە سکۆتلەندا و کیۆبیک) زۆرینەی خەڵک بە نەرێنی دەنگیان بە سەربەخۆیی داوە، لەوانی دیکە لایەنگرانی سەربەخۆیی، براوەی ڕیفراندۆمەکە بوون. لە ٢٢ حاڵەتدا، پاش ئەنجامدانی ڕیفراندۆم سەربەخۆیی ڕاگەیەندراوە و،  ئەوانی دیکە، یان پەنایان بۆ جەنگ بردووە یان ساڵانێکی زۆر چاوەڕێیان کردووە، هەتا لە دەرفەتێکی لەباردا بە سەربەخۆیی گەیشتوون.

قۆناغی پۆست-ڕیفراندۆم وا دەخوازێت، هەر دوو لایەنی عێراقی و کوردستانی بگەڕێنەوە بۆ سەر مێزی گفتوگۆ و، بە عەقڵانییەت و کارزانییەوە بڕیار لەسەر بابەتەکان بدەن. هەنگاوی یەکەم، دەبێ ئارامکردنەوەی دۆخەکە و دوورکەوتنەوە بێت لە دروستکردنی بارگرژی. وا باشە هەر دوو لایەن لە هەر بڕیارێکی نەگونجاو و توند و بەپەلە دوور بکەونەوە، کە زیاتر دۆخەکە بە ئاراستەی جەنگ و پێکدادان دەبات. چەندین ساڵ گفتوگۆ، باشترە لە جەنگ. بەرپرسانی هەرێم چەندین جار ڕایان گەیاندووە، ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بە واتای ڕاگەیاندنی دەستبەجێی سەربەخۆیی نییە. ئەمەیش خۆی لە خۆیدا بە واتای پێدانی هەلی گفتوگۆیە، کە وا پێویستە لایەنی بەرامبەریش لە واتای ئەم پەیامە تێ بگات و، دەرگەی گفتوگۆ دانەخات، یان مەرجی قورس و نابەجێ دانەنێت، کە گفتوگۆ ئەستەم بکات.

بەڵام پێدەچێ ڕێگەی کوردستان بۆ گەیشتن بە سەربەخۆیی، بە گوڵ و سونبوڵ نەچێندرابێت. هەرچەندە گەلی کوردستان، بە هەڵبژاردنی ڕیفراندۆم وەک میکانیزمێکی دیموکراسی بۆ گەیشتن بە سەربەخۆیی، ڕێگەیەکی دروست و شارستانی و دیموکراتییانەی هەڵبژارد، بەڵام بەداخەوە، لایەنی عێراقی هەتا ئێستا بە تێگەیشتنی نەرێنی، هەڵسوکەوت لەگەڵ ئەم بابەتەدا دەکات. لە هەر ڕووداو و پێشهاتێکی نوێی سیاسی، بەپێی بەرژەوەندی و کاردانەوەی لایەنەکانی ناو ململانێ، کۆمەڵێک پلان و سیناریۆی جیاجیا دێنە ئاراوە. لەم وتارەدا، دەمانەوێت باس لەو پلان و سیناریۆیانە بکەین، کە لە قۆناغی پۆست-ڕیفراندۆم سەبارەت بە ڕێکخستنی پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و کوردستان سەر هەڵدەدەن.

پلانەکانی عێراق بۆ قۆناغی پۆست-ڕیفراندۆم

دەوڵەتی عێراق لە قۆناغی پێش ڕیفراندۆم، بەتوندی دژایەتیی خۆی بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم ڕاگەیاند. لە قۆناغی پۆست-ڕیفراندۆمیش، دەوڵەتی عێراق بە زمانێکی توندتر لە جاران، دژایەتیی خۆی بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم ڕاگەیاندووە و، ئامادە نییە دان بە ئەنجامەکانیدا بنێت. عێراق بۆ دەستپێکردنی گفتوگۆ لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سێ مەرجی داناوە کە بریتیین لە: هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامەکانی ڕیفراندۆم، پابەندبوون بە دەستوور و یەکێتیی خاکی عێراقی.

ئامادەکارییەکانی دەوڵەتی عێراق بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی بابەتی سەربەخۆییی کوردستان، لە سێ پلانی چاوەڕوانکراودا خۆی دەبینێتەوە بەم جۆرەی خوارەوە:

پلانی Aی عێراق بریتییە لە ڕێگەگرتن لە سەربەخۆییی کوردستان بە هەموو شێواز و ئامرازێکی کردەیی و بەردەست و هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی ڕیفراندۆم. ئەمە ئەو پلانەیە، کە دەوڵەتی عێراق ئێستا زۆر بەگەرمی بە هاوکاریی ئێران و تورکیا و بێدەنگیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، کاری لەسەر دەکات. پلانی B بریتییە لەوەی کە دەوڵەتی عێراق هەوڵ دەدات بە هەموو شێوازێکی گونجاو و بەردەست، سەربەخۆییی کوردستان دوا بخات. بۆ بەدیهاتنی ئەم ئامانجەیش، لەوانەیە شێواز و میکانیزمی جۆراوجۆر بگرێتە بەر، وەک: درێژەپێدانی گفتوگۆی بێئەنجام، هەڕەشەی سەربازی، ئابووری و هتد. پلانی C بریتییە لەوەی کە ئەگەر کوردستان گەیشتە سەربەخۆیی، ئەوا دەوڵەتی عێراق چۆن هەڵسوکەوت لەگەڵ ئەو واقعە نوێیەدا بکات. سەبارەت بە دەوڵەتی عێراق، ئەمە خراپترین ئەگەرە؛ هەر بۆیە لە ڕیزی دوا پلانەکانی ئەواندا دەبێت، چونکە هەموو هەوڵی ئەوان بۆ ئەوەیە، کە شتێکی لەو جۆرە ڕوو نەدات.  ئەوەی کە ئێستا بەدی دەکرێت ئەوەیە، کە دەوڵەتی عێراق کار لەسەر پلانی A دەکات و، لەمبارەیەوە بە پاڵپشتیی ئێران و تورکیا دڵخۆشە.

پلانەکانی کوردستان بۆ قۆناغی پۆست-ڕیفراندۆم

بێ گومان کوردستان کە بۆ خۆی خوڵقێنەری ئەم دۆخە نوێیەیه‌، ناتوانێ بەبێ پلانی پێشوەختە بچێتە ناو گەمەیەکی لەو جۆرەوه‌. پلانی Aی کورستان ڕوون و ئاشکرایە و بریتییە لە کارکردن بە ئەنجامی ڕیفراندۆم و ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی، چونکە بەپێی هەموو لێکدانەوەکان ئامانجی ڕیفراندۆم سەربەخۆیییە. بەڵام بەرپرسانی کوردستان بەڕوونی گوتوویانه‌، کە دەیانەوێت ئەم ئامانجە بە گفتوگۆ و لێکگەیشتن لەگەڵ لایەنی بەرامبەر بێتە دی. پلانی Bی کوردستان لانی کەمی تەنازولکردنە بۆ عێراق، کە ئەویش ڕێککەوتنە لەسەر سیستەمی کۆنفیدراڵی. پلانی C دەتوانێ ڕاگەیاندنی یەکلایەنەی سەربەخۆییی کوردستان، یان هێشتنەوەی دۆخەکە بێت وەک خۆی و گەڕانەوە بۆ بنمیچی دەستووری عێراق. لەم حاڵەتەدا، دەبێ بەپێی هەڵسەنگاندنی وردی دۆخەکە، بڕیار لەسەر یەکێک لەو دوو بژاردەیە بدرێت؛ هەر کامەیان زیاترین بەرژەوەندیی تێدا بێت، ئەوە وا باشە ئەوەیان هەڵبژێردرێت. چونکە ڕاگەیاندنی یەکلایەنەی سەربەخۆیی، بەبێ ڕەزامەندیی دەوڵەتی دایک و نەبوونی پاڵپشتیی هەرێمی و نێودەوڵەتی، دەتوانێ ڕێگەیەکی سەخت و پڕمەترسیی بێت و دووبەرەکییش بخاتە ناو ویست و ئیرادەی گەلی کوردستان و، ناگاتە ئامانجی خوازراو. لە حاڵەتێکی وەهادا دەستگرتن بە دۆخەکە و چاوەڕێکردنی هەلی لەبار باشترە.

سیناریۆکانی قۆناغی پۆست-ڕیفراندۆم

پاش ئەنجامدانی ڕیفراندۆم، حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە هەر دانوستانێک لەگەڵ دەوڵەتی عێراقدا، کارتی بەهێزی ڕیفراندۆمی بەدەستەوەیە. ئەمەیش وا دەکات، کە دانوستانکاری کورد بە متمانەبەخۆبوونێکی زیاتر و بێ پێچ و پەنا داوای سەربەخۆیی بکات. لە هەر پرۆسەیەکی سیاسیی دوولایەنە، یان فرەلایەن، چەندین سیناریۆ و ئەگەری جیاواز بەپێی ئاستی خواست و بەرژەوەندیی لایەنەکان دێنە ئاراوە. سەبارەت بە قۆناغی پۆست-ڕیفراندۆم لە پەیوەندییەکانی نێوان کوردستان و عێراق، چەند سیناریۆیەکی جیاواز پێشبینی دەکرێت، کە لە خوارەوە ئاماژەیان پێ دەکەین:

١) سەرکەوتنی گفتوگۆکانی سەربەخۆیی: هەروەک حکوومەتی هەرێم، چ پێش ڕیفراندۆم و چ پاش ڕیفراندۆم ڕای گەیاندووە، ئەوان دەیانەوێت پاش ڕیفراندۆم، سەبارەت بە ئەنجامەکانی ڕیفراندۆم گفتوگۆ و دانوستان لەگەڵ حکوومەتی عێراقدا دەست پێ بکەن. دیارە ئامانجی ئەم گفتوگۆیەیش گەیشتنە بە سەربەخۆیی بە ڕەزامەندیی دەوڵەتی عێراق. لە کاتی ئێستادا دەوڵەتی عێراق، لەبەر چەندین هۆکاری جیاواز، گفتوگۆ لەسەر ئەنجامەکانی ڕیفراندۆم ڕەت دەکاتەوە و چەند مەرجێکی بۆ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆ داناوە، کە حکوومەتی هەرێم ئامادە نییە قبووڵی بکات. کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییش لەمبارەیەوە جەخت لەسەر ئەنجامدانی گفتوگۆ دەکاتەوە و، فەڕەنسا لەمبارەیەوە دەستپێشخەرییەکی ڕاگەیاندووە، بەڵام تاکوو ئێستا ئەنجامی هەستپێکراوی نییە. دەستپێکردن و سەرکەوتنی گفتوگۆی کوردستان– عێراق و ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی بە ڕەزامەندیی عێراق، بە سیناریۆی زێڕین دادەنرێ بۆ هەرێمی کوردستان. بەڵام بە سەرنجدان بە دۆخی ئێستا و دژایەتیی عێراق و دەوڵەتانی دراوسێ و تەنانەت ڕۆژاواییش بۆ ڕیفراندۆم، ئەم ئەگەرە دوور دەنوێنێ. تەنیا ئەگەر بێت و ڕووداو و پێشهاتی نوێی وا لە قازانجی کوردستان بێنە ئاراوە، کە ئەم دۆخە چەقبەستووەی ئێستا گۆڕانی بەسەردا بێت.

٢) ڕاگەیاندنی یەکلایەنەی سەربەخۆیی: ئەگەر بێت پاش تێپەڕبوونی ماوەیەکی دوورودرێژ (بۆ نموونە ٢ یان ٣ ساڵ) دانوستان لە نێوان عێراق و کوردستان نەیەتە ئاراوە، یاخود گفتوگۆ بێتە ئاراوە بەڵام شکست بهێنێ، لەوانەیە کوردستانیش چیتر نەتوانێ چاوەڕێی دۆخێکی هەڵواسراوی لەو جۆرە بکات و بە شێوەی یەکلایەنە سەربەخۆیی ڕابگەیەنێت. ڕاگەیاندنێکی لەم جۆرە، لەوانەیە ببێتە هۆی دروستبوونی دوو بەرەی یار و نەیاری سەربەخۆییی کوردستان، کە بە سەرنجدان بەوەی کام بەرە بەهێزترە، کوردستان دەبێ بەدوور لە هەست و سۆز بڕیاری یەکلاکەرەوە بدات. ئەگەر بەرەی لایەنگرانی سەربەخۆیی بەهێزتر بوون و دەوڵەتانی بەهێزی جیهان و تەنانەت دراوسێیەکی بەهێز پاڵپشتی سەربەخۆیی بوون، ئەوا وا باشە هەنگاوێکی لەو جۆرە بنرێت. بەڵام ئەگەر زەمینە لەبار نەبوو و ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی بووە هۆی خنکاندنی کوردستان و تەریککەوتنەوەی لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، وا باشە کوردستان دان بەخۆدا بگرێت و چاوەڕێی هەلی لەبار بکات.

٣) ڕاگرتنی دۆخەکە وەک خۆی: ئەگەر بێت و گفتوگۆکان درێژە بکێشێت یان ئەنجامیان نەبێت و، هەر دوو لایەنیش حەزیان لەوە نەبێت جەنگ هەڵبگیرسێنن یاخود لەژێر گوشاری کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا بن بۆ شەڕنەکردن یاخود توانای جەنگیان نەبێت، ئەوا پیدەچێ هەر دوو لایەن ڕازی بن بەوەی دۆخەکە وەک خۆی بمێنێتەوە. بەردەوامیی ئەم سیناریۆیە لەو ڕووەوە باشە، کە جەنگ و بارگرژی دروست نابێت، بەڵام لە هەمان کاتدا مانەوەی دۆخەکەیش وەک خۆی و، نەبوونی هیج بەرەوپێشچوونێک لەوانەیە لە زیانی کوردستاندا بێت، چونکە ڕەنگە لە داهاتوودا لە ئەگەری بەهێزبوونی عێراق، تەرازووی هێز لە قازانجی عێراقدا بێت و دۆخەکە بە زیانی کوردستان کۆتایی بێت.

٤) سیستەمی کۆنفیدراڵی: یەکێکە لەو ئەگەرە بەهێزانەی، کە پێدەچێ دوای قۆناغێکی قورس و دوورودرێژی گفتوگۆ و ململانێی نێوان هەر دوو لا، بێتە ئاراوە. ئەم سیناریۆیە، پێدەچێ تا ڕاددەیەک جێی ڕەزامەندیی هەر دوو لایەن بێت. لە لایەکەوە، دەبێتە هۆی سەربەخۆییی کوردستان و، دەسەڵاتی سیاسیی کوردستان لە بەرامبەر جەماوەرەکەیدا شەرمەزار ناکات. لە لایەکی تریشەوە، بە هۆی دروستبوونی جۆرێک لە یەکگرتن لە چوارچێوەی سیستەمی کۆنفیدراڵیدا، بەشێک لە خواست و داواکاریی عێراقیش بەدی دەهێنێت و، وا دەکات دەسەڵاتدارانی عێراق بتوانن جەماوەری خۆیانی پێ ڕازیی بکەن. دەتوانین بڵێین ئەم ئەگەرە، سناریۆی براوە-براوەیە و هیچ کام لە لایەنەکان هەست بە دۆڕان ناکەن.

٥) گەڕانەوەی کوردستان بۆ پێش ساڵی ٢٠١٤: لە حاڵەتی شکستی گفتوگۆکان و نەگەیشتن بە ڕێککەوتن و پێداگریی هەرێم لەسەر سەربەخۆیی، دوور نییە وڵاتانی دراوسێ و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەگەڵ عێراق ڕێک بکەون بۆ سەپاندنی سزا بەسەر کوردستاندا و لەم حاڵەتە، هەرێمی کوردستان دەکەوێتە ژێر گوشارێکی ناڕەوا و بەهێز و، ناچار دەبێت بۆ مانەوە و بەردەوامیی خۆی و لەدەستنەچوونی هەموو دەستکەوتەکان، ڕازی بێت بە گەڕانەوە بۆ سنوورەکانی پێش ساڵی ٢٠١٤، واتە پێش قۆناغی جەنگی داعش. هەڵبەت دوور نییە، ئەم ئەگەرە پاش سەرهەڵدانی قۆناغێکی جەنگ و ململانێی سەربازی لە نێوان هەر دوو لا بێتە ئاراوە.

٦) هەڵوەشانەوە، یان ڕاگرتنی ئەنجامی ڕیفراندۆم و گەڕانەوە بۆ فیدراڵی: لە ئەگەری گوشارە ناوخۆیی، هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان لەسەر هەرێمی کوردستان، بۆ هەڵوەشاندنەوە، یان ڕاگرتنی ئەنجامی ڕیفراندۆم، دوور نییە هەرێمی کوردستان لە ڕووی ناچارییەوە مل بۆ داخوازییەکی لەو جۆرە بدات. هەڵبەت پێویستە بگوترێ، لە ڕووی یاسایییەوە هیچ کەس و لایەنێک دەسەڵاتی ئەوەی نییە ئەنجامی ڕیفراندۆم هەڵوەشێنێتەوە، چونکە ئەمە بڕیاری گەلە. بەڵام پەرلەمانی کوردستان تەنیا دەتوانێ، لە پێناو بەرژەوەندیی باڵای گەلی کوردستان بۆ ماوەیەک (چ دیاریکراو یان دیارینەکراو بێت) ئەنجامەکانی ڕابگرێت. لە حاڵەتێکی لەم جۆرەدا، کوردستان تووشی بڕیاردانێکی قورس دەبێت، چونکە ڕاگرتنی ئەنجامی ڕیفراندۆم بە جۆرێک لە پاشەکشە دادەنرێ، بەڵام لە سیاسەتدا هەموو ئەگەرێک کراوەیە. لەم حاڵەتەدا، کوردستان دەگەڕێتەوە بۆ بنمیچی دەستووری عێراق و لەم چوارچێوەدا ڕێککەوتن دێتە ئاراوە. لەم سیناریۆیە، دەستکەوتەکان بەپێی ئەنجامی گفتوگۆکانی هەر دوو لایەن و کارتەکانی بەردەستیان دەبێت.

٧) دروستبوونی جەنگی درێژخایەن: ئەم ئەگەرە یەکێکە لە خراپترین و زیانبارترین ئەگەرەکان. ئەگەر بێت و هیچ گفتوگۆ و ڕێککەوتنێک نەیەتە ئاراوە و جەنگ لە نێوان هەر دوو لایەندا هەڵبگیرسێت، ئەوا دوور نییە قۆناغێکی جەنگی درێژخایەن و کوشندەی وەک دەیەی شەست و حەفتای سەدەی ڕابردوو بێتە ئاراوە. لەم حاڵەتەدا، دوور نییە هێزە هەرێمییەکانیش بەگوێرەی بەرژەوەندییەکانیان دەستێوەردانی جەنگێکی لەو جۆرە بکەن. سیناریۆیەکی لەم جۆرە، دەبێتە هۆی بەفیڕۆچوونی بەشێکی زۆری سامان و سەرمایەی مرۆیی و ئابووریی هەر دوو لا و، وا باشە لایەنەکان خۆیان لەم ئەگەرە بەدوور بگرن.       

ئەنجام

لەم وتارەدا، ئەو سیناریۆ و ئەگەرانەمان خستە ڕوو، کە لەوانەیە لە قۆناغی پۆست-ڕیفراندۆمدا، ڕووبەڕووی هەرێمی کوردستان ببنەوە. بێ گومان سیناریۆ باشەکان بۆ هەرێمی کوردستان بەپێی ڕیزبەندی بریتین لە: ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی بە ڕێککەوتن لەگەڵ دەوڵەتی عێراق، ڕاگەیاندنی سیستەمی کۆنفیدراڵی لەگەڵ عێراق (چونکە لەمەیشیاندا کوردستان دەبێتە دەوڵەتی سەربەخۆ). ڕاگەیاندنی یەکلایەنەی سەربەخۆیی، یان هێشتنەوەی دۆخەکە وەک خۆی، دەتوانن لە ڕیزبەندی سێیەمدا بن، چونکە دەبێ بەپێی دۆخەکە خوێندنەوە بۆ ئەم دوو بژاردەیە بکرێت. هەندێ جار هێشتنەوەی دۆخەکە وەک خۆی و چاوەڕوانکردنی هەلێکی لەبار، لەوە باشترە کە سەربەخۆییی یەکلایەنە ڕابگەیەنیت و هەموو جیهان دژت بێت و بکەویتە ناو تۆنێلێکی تاریک، کە ئەوسەری دیار نەبێت. خراپترین سیناریۆکانیش بریتین لە: هەڵگیرسانی جەنگی درێژخایەن لە ئەنجامی شکستهێنانی گفتوگۆکان، هەڵوەشاندندنەوە، یان ڕاگرتنی ئەنجامی ڕیفراندۆم و گەڕانەوە بۆ بنمیچی دەستوور و  گەڕانەوەی هەرێم بۆ دۆخی پێش ساڵی ٢٠١٤، واتە قۆناغی پێش جەنگی داعش.

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples