ەرەو قۆناغی جەنگی دەستووری

پێشەکی:

لە قۆناغی پۆست ڕیفراندۆم، کۆمەڵێک ڕووداوی تراژیک لە نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق هاتنە ئاراوە، کە پێشتر لە وتارێک لەژێر ناوی "کوردستان و سیناریۆکانی پۆست ڕیفراندۆم"دا پێشبینی و خوێندنەوەمان بۆ ئەو ئەگەرانە کردبوو. بە سەرنجدان لەو وتارە و دۆخی ئێستای پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر-بەغدا، بۆمان دەردەکەوێت کە سیناریۆی ژمارە ٥ (گەڕانەوەی کوردستان بۆ پێش ساڵی ٢٠١٤) و سیناریۆی ژمارە ٦ (هەڵوەشانەوە، یان ڕاگرتنی ئەنجامی ڕیفراندۆم و گەڕانەوە بۆ فیدراڵی) هاتوونەتە دی. ئەمڕۆ حکوومەتی هەرێمی کوردستان تووشی دۆخێکی دژواری ناوخۆیی و هەرێمی و نێودەوڵەتی بووەتەوە. هەستیاریی دۆخەکە وا دەخوازێ، بەوریایییەوه‌ هەنگاو هەڵبگرێت و خوێندنەوەیەکی ورد و زانستی بۆ ئەم دۆخە بکات و، پێداچوونەوە بە پلانەکانی خۆیدا بکاتەوە.

لە سیستەمە فیدراڵییەکاندا، دەستوور بە یاسای باڵا و دایکی هەموو یاساکان دادەنرێ و، دەسەڵاتدارانی ئەمڕۆی عێراقیش سەری زمان و بنی زمانیان کارکردنە لە چوارچێوەی دەستووردا. هەر بۆیە، پێم وایە قۆناغی داهاتوو بەناچاری، قۆناغی جەنگی دەستووری و کارکردنە لەژێر چەتری دەستووردا. ئەوەی بتوانێ لەم یارییەدا لێزانتر و شارەزاتر بێت، بێ گومان براوەترە. لە سۆنگەی پەرۆشیمان بۆ ئەو قۆناغەی کە بەرەوڕووی دەبینەوە، چەند پێشنیارێک دەخەینە ڕوو، کە دەکرێ بۆ ئەم دۆخەی ئەمڕۆ کەڵکی لێ وەربگیرێت.

کەڵکوەرگرتن لە دادگه‌ی باڵای فیدراڵی

دادگه‌ی باڵای فیدراڵی لە عێراق، لە پاژی سێیەم/ بەشی دووەمی دەستووری عێراق لە بەندەکانی ٩٢-٩٤ باسی لێوە کراوە. بەپێی بەندی ٩٢/ یەکەم لە دەستوور، ئەم دادگه‌یە لە ڕووی کارگێڕی و دارایییەوە بە دەستەیەکی دادوەریی سەربەخۆ دادەنرێت. بەپێی بەندی ٩٢/ دووەم لە دەستوور، دەبێ دادگه‌ی باڵای فیدراڵی بە یاسایەکی تایبەت و بە زۆرینەی دوو لەسەر سێی ئەندامانی پەرلەمان پەسند بکرێ و، لە دادوەران و شارەزایانی فیقهی ئیسلامی و شارەزایانی یاسایی پێک دێت. هەتا ئێستا، پێکهێنانی ئەم دادگه‌یە یەکێکە لە خاڵە ناکۆکەکان لە نێوان لایەنە سیاسییەکانی عێراق، کە ئەمەیش بۆ گرنگی و هەستیاریی ئەم دادگه‌یە دەگەڕێتەوە.

ئەو دادگه‌ باڵا فیدراڵییەی کە ئەمڕۆ لە عێراقدا بوونی هەیە، بەپێی فەرمانی ژمارە (٣٠)ی ساڵی ٢٠٠٥ و لە سەردەمی سەرۆکوەزیران، ئەیاد عەلاوی، پاڵپشت بە بەندی (٤٤) لە یاسای بەڕێوەبردنی دەوڵەتی عێراق بۆ قۆناغی ڕاگوزەر (TAL) دەرچووە و، لە ڕۆژنامەی وەقایعی عێراقیی ژمارە (٣٩٩٦) لە ١٧/٣/٢٠٠٥ بڵاو کراوەتەوە. هەتا ئێستا هیچ ڕێککەوتنێک لەسەر پرۆژەیاسایەکی نوێ نەکراوە بۆ ئەم دادگه‌یە، هەر بۆیە کار بە یاسا کۆنەکە دەکرێت. بەپێی بەندی (٣) لە یاسای ئاماژەپێکراو، ئەم دادگه‌یە لە سەرۆک و هەشت ئەندام پێک دێت کە بە پاڵاوتنی ئەنجومەنی دادوەریی باڵا بە ڕاوێژ لەگەڵ ئەنجومەنی دادوەریی هەرێمەکان دەستنیشان دەکرێن.

دەسەڵاتەکانی ئەم دادگه‌یە بەپێی بەندی (٩٣) لە دەستوور بریتین لە: چاودێریی دەستووریبوونی یاسا و نیزامە بەرکارەکان، ڕاڤەکردنی دەقەکانی دەستوور، یەکلاییکردنەوەی ئەو کێشانەی کە دروست دەبن لە ئەنجامی پراکتیزەکردنی یاسا، بڕیار، نیزام، ڕێنمایی و ڕێکارە بەرکارەکانی دەسەڵاتی فیدراڵی، یەکلاییکردنەوەی ئەو ناکۆکییانەی کە دروست دەبن لە نێوان حکوومەتی فیدراڵی و حکوومەتە هەرێمییەکان و پارێزگه‌ و شارەوانی و بەڕێوەبەرییە لۆکاڵییەکان و هەروا یەکلاییکردنەوەی ناکۆکی لە نێوان حکوومەتە هەرێمییەکان و پاریزگه‌کان.

ئەوەی جێی سەرنجە لە ساڵی ٢٠٠٥ەوە تاکوو ئێستا، سەرەڕای ئەو هەموو پێشێلکارییە دەستوورییانەی کە لە لایەن حکوومەتی عێراقەوە ئەنجام دراون، حکوومەتی هەرێم و نوێنەرانی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق و وەزیرانی کورد لەناو حکوومەتی عێراق، هیچ سوودێکیان لەو پوتانسیەلە یاسایییە وەرنەگرتووە. هەر بۆ نموونە، یەکێک لە بەندە گرنگەکانی دەستوور سەبارەت بە کورد، بەندی (١٤٠)ی دەستوورە، کە دەبوو حکوومەتی عێراق هەتا کۆتاییی ساڵی ٢٠٠٧ جێبەجێی بکردایە، بەڵام سەرەڕای ئامادەییی بەهێزی کورد لەو ساڵانە لە بەغدا، هەرگیز نەمانبینی حکوومەتی هەرێم بۆ ئەو مەبەستە پەنا بباتە بەر دادگه‌ی باڵای فیدراڵی. لە کاتێکدا، پەنابردنە بەر دادگه بۆ ناچارکردنی حکوومەتی عێراق ڕێگه‌یەکی یاساییی دروست بوو، کە ڕەنگە بەرپرسیارێتیی جێبەجێنەبوونی ئەو بەندە، بەپێی بڕیاری دادگه بخرابایەتە ئەستۆی حکوومەتی عێراق. دواجار ئەم بڕیارە وەک دیکۆمینتێکی گرنگی یاسایی دەمایەوە و، حکوومەتی هەرێم دەیتوانی لە هەموو کۆڕ و کۆمەڵێکی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی بیخاتە سەر مێز و، پاساوەکانی خۆی بە بڕیاری دادگه پشتئەستوور بکات، نەک تەنیا لە دەزگه‌کانی ڕاگەیاندن گلەیی و گازندە لە جێبەجێنەبوونی دەستوور بکات. ئەگەر حکوومەتی هەرێم، لە بەرامبەر هەموو پێشێلکارییە دەستووری و یاسایییەکان ڕێگه‌ی دادگه‌ی بگرتایەتە بەر، ئەوا ئەمڕۆ هەموو پێشیلکارییەکان بە بڕیاری دادگه پشتئەستوور دەبوون و بەدیکۆمێنت دەکران. چونکە بەپێی بەندی (٩٤) لە دەستوور، بڕیارەکانی دادگه‌ی باڵای فیدراڵی بنبڕن و هەموو دەسەڵاتەکان دەبێ پێوەی پابەند بن.

لەوانەیە هەندێ کەس بەوە پاساو بهێننەوە، کە لە عێراقدا دادگه بەتەواوی سەربەخۆ نییە و، لەژێر کاریگەریی سیاسەتدایە و، بڕیارەکان زیاتر لەوەی یاسایی بن سیاسین. لە وەڵامدا دەتوانین بڵێین، ناکرێ ئەم بابەتە بەڕەهایی وەربگرین. لە خراپترین حاڵەتدا، ئەم ناسەربەخۆیییە شتێکی ڕێژەیییە، بەتایبەت سەبارەت بە دادگه‌ی باڵای فیدراڵی، کە دادگه‌یەکی باڵایە و ئەندامەکانی کەسانێکی شارەزا و خاوەن ئەزموونن لە بواری دادوەریدا. هەروا هەموو ئەندامانی ئەم دادگه‌یە لە یەک پێکهاتە نین و (٢) ئەندامی کوردیشی تێدایە. هەر بۆیە، نابێ ئێمە پێشوەختە لە جیاتی دادگه بڕیار بدەین و پێش دادگه بکەوین و، وا بیر بکەینەوە ئەم دادگه‌یە لە هەموو بابەتێکی پەیوەست بە کوردستان بڕیار لە دژی کوردستان دەردەکات و ڕەوایی و سەربەخۆییی خۆی دەخاتە ژێر پرسیارەوە. خۆ دەکرێ چاوەڕوانی ئەوەیشی لێ بکەین، لە هەندێ حاڵەتدا لە قازانجی کوردستان بڕیار بدات. جگە لەمەیش، ئەگەر وای لێ هات کە دادگه‌ی باڵای فیدراڵی، بە شێوەیەکی سیاسی هەڵسوکەوتی لەگەڵ داواکانی هەرێمی کوردستاندا کرد، ئەوە دەکرێ ئەوکات حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەڵوێستی دیکەی هەبێت و، لە کۆڕ و کۆمەڵە نێودەوڵەتییەکاندا بەسیاسیکردنی دادگه، وەک بەڵگەیەک دژ بە خودی دادگه بەکار بهێنێت.

هەر لەمبارەیەوە، دەتوانین ئاماژە بە نموونەیەکی بڕیاری دادگه‌ی باڵای فیدراڵی بکەین لە داوای ژمارە ١٠٥/فیدراڵی/ڕاگەیاندن/٢٠١٧، سەبارەت بە پرسیاری ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەربارەی هەڵوێستی ئەو نوێنەرانەی کە لە ٢٥/٩/٢٠١٧دا بەشدارییان لە ڕیفراندۆمی هەرێمی کوردستاندا کردووە و، تا چ ئاستێک ئەمە دژ بەو سوێندە دەستوورییەیه‌ کە لە بەندی (٥٠)ی دەستووردا هاتووە؟ دادگه لە بڕیارەکەی خۆیدا، بە پشتبەستن بە دەسەڵاتەکانی دادگه بەپێی دەستوور و یاسای دادگه‌ی باڵای فیدراڵیی ژمارە (٣٠)، ساڵی ٢٠٠٥، ئاماژە بەوە دەکات کە پێدانی ڕا و فەتوا لەبارەی ناوەڕۆکی نووسراوی ئەنجومەنی نوێنەران لە ڕیزی دەسەڵاتەکانی دادگه‌کەیاندا نییە و، لایەنی دیکە هەیە کە تایبەتمەندە بە پێدانی ڕا و فەتوا لەمبارەیەوە؛ بۆیە لەبەر نەبوونی تایبەتمەندی (عدم الاختصاص)، ڕەتی داواکەی کردووه‌تەوە. ئەگەر دادگه لەم بوارەدا بە تێڕوانینێکی سیاسیی پەتی هەڵسوکەوتی بکردایە، ئەوا بە جۆرێکی تر و بەپێی خواستی سیاسەتوانان بڕیاری دەردەکرد.

مەبەست لە هێنانەوەی ئەم نموونەیە، کە تەنانەت هیچ لایەنێکی کوردستانییش داوای نەکردووە و، بەپێچەوانەوە دژ بە پەرلەمانتارانی کوردستانە لە پەرلەمانی عێراق، بەڵام دەبینین دادگه پابەند بووە بە پێوەرە پیشەیییەکانی کارکردنی خۆی و ڕەتی داوای ئەنجومەنی نوێنەرانی کردووەتەوە. هەر بۆیە لەو باوەڕەدام، سوودوەرگرتنی هەرێمی کوردستان لەو پوتانسیەلە لە داهاتوودا، دەتوانێ زۆر سوودبەخش بێت و، دەبێ بەڕاستی لایەنە پەیوەندیدارەکان سەرکۆنە بکرێن و ڕەخنەیان لێ بگیرێت کە بۆچی هەتا ئێستا سوودیان لەم ڕێگه‌یە وەرنەگرتووە. پێویستە حکوومەتی هەرێم، بە دروستکردنی تیمێکی بەتوانای یاسایی لە پسپۆڕانی ناوخۆیی و تەنانەت کەڵکوەرگرتن لە پسپۆرانی بیانییش، زۆر بەجددی کار لەسەر ئەم بابەتە بکات.

بەرەو ئاشتەواییی نیشتمانی

بە هۆی هەندێ ڕەفتاری سیاسیی هەڵە لە لایەن حزبە سیاسییەکانی کوردستانه‌وه‌، نەبوونی میکانیزمێکی دروست و تەندروستیی حوکمڕانی لە کوردستان، دەستێوەردانی دەرەکی، قەیرانی دارایی، جەنگی داعش و پەراوێزخستنی دامودەزگه‌ فەرمییەکان و پەرەسەندنی هێژموونیی حزبی لە ناوەندەکانی بڕیار و...، هەرێمی کوردستان لە چەند ساڵی ڕابردوو قۆناغێکی زۆر سەختی تێ پەڕاند. لە ئەنجامی ئەم دۆخە ناتەندروستە، سیستەمی حوکمڕانی تووشی تەنگژەی ترسناک هات و پەرلەمان پەک خرا و، بەشێک لە وەزیرەکان ڕەوانەی ماڵەوە کرانەوە. چارەسەرنەکردنی ئەم دۆخە، وای کرد کەلێنی نێوان حزبە سیاسییەکان ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر پەرە بسێنێت. بۆیە هەست دەکرێت کە دوورکەوتنەوە لە نێوان لایەنە سیاسییەکان، بووەتە هۆی ئەوەی کە یەکڕیزی و یەکدەنگیی گەلی کوردستان، بەتەواوی تووشی گرفت ببێت، بەتایبەت ئەم گرفتە لە بەغدا زیاتر ڕەنگی داوەتەوە.

لە ئەنجامی ئەو دۆخە نوێیەی کە پاش ڕیفراندۆم هاتە ئاراوە، سەرۆکی هەرێمی کوردستان وازی لە پۆستەکەی هێنا و پەرلەمانی کوردستانیش لە دانیشتنی ڕۆژی ٢٩/١٠/٢٠١٧ بەشێکی زۆری دەسەڵاتەکانی سەرۆکی هەرێمی داوە بە سەرۆکوەزیرانی هەرێم؛ ئەمەیش وا دەکات کە سەرۆکوەزیرانی ئێستای هەرێمی کوردستان، دەستکراوەتر بێت لە جاران و بە کەسی یەکەمی هه‌ڕەمی دەسەڵاتی هەرێم دادەنرێت. هەروا ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە ٣٠/١٠/٢٠١٧ بۆ پاڵپشتیکردنی حکوومەتی هەرێم (بە ناوهێنانی کەسیی نێچیرڤان بارزانی و قوباد تاڵەبانی)، نیشانەی ئەوەیە کە ئەم حکوومەتەی ئێستا لە ڕووی نێودەوڵەتییشەوە پاڵپشتێکی بەهێزی هەیە، بەتایبەت کە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا داوا لە حزبە سیاسییەکانی کوردستان دەکات کە هەتا هەڵبژاردنی ساڵی ٢٠١٨ پاڵپشتیی ئەم حکوومەتەی ئێستا بکەن. هەر بۆیە، هەست دەکرێت قۆناغێکی نوێی سیاسی لە هەرێمی کوردستان دەستی پێ کردووە.

دۆخی ئێستا وا دەخوازێت، کە حکوومەتی هەرێم و بەتایبەتی سەرۆکوەزیران، بە شێوەیەکی بەپەلە هەڵسەنگاندن بۆ دۆخی ڕابردووی هەرێم بکەن و، هەڵەکان دەستنیشان بکەن و چارەنووسی وڵات نەدەنە دەست زەمەن. ئەوەی کە زۆر پێویستە ئەوەیە، کە سەرۆکوەزیران دەستپێشخەرییەکی خێرا و بەپەلە بکات بۆ ئاشتەواییی نیشتمانی بە مەبەستی نەهێشتنی ململانێ سیاسییە ناتەندروستەکان لەسەر دوو ئاست: یەکەم) لە نێوان حزب سیاسییەکان و پێکهاتەکانی ناو  کوردستان، دووەم) لەگەڵ حزب و لایەنە سیاسییە عێراقییەکان.

ئاشتەواییی نیشتمانی، ئامرازێکی دروستە بۆ گەڕاندنەوە و بەهێزکردنی ئاشتیی کۆمەڵایەتی و سیاسی، چ لەناو خەڵکی کوردستان و چ لە نێوان لایەنە سیاسییەکاندا، پاش قۆناغێکی تاقەتپڕووکێنی جەنگ و ململانێ؛ کە ئەمەیش بە ڕێزگرتن لە بنەماکانی دیموکراسی، مافی مرۆڤ، لێبووردەیی، یەکسانی و دادپەروەری و قبووڵکردنی یەکتر دێتە ئاراوە. هەموو ئەو وڵاتانەی، کە قۆناغێکی توندی جەنگ و ململانێی ناوخۆیییان تێ پەڕاندووە، بۆ دەربازبوون لە دەرەنجامە نەرێنییەکانی ئەو قۆناغە دەستیان بە قۆناغێکی نوێی ئاشتەواییی نیشتمانی کردووە. هەرێمی کوردستانیش ناتوانێ لەم ڕێسایە بەدەر بێت، هەر بۆیە قۆناغی ئاشتەواییی نیشتمانی، پێویستییەکی هەنووکەیییە بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکان و تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە دژوارە، کە ڕووبەڕووی کوردستان بووەتەوە. ئاشتەواییی نیشتمانی، دروستکردنی ئیرادەیەکی هاوبەشە بۆ چاکسازی لە پەیوەندیی نێوان لایەنە سیاسییەکان. خاڵی یەکەم و دەستپێک، پێویستە لە نێوان حزبە سیاسییەکانی کوردستاندا بێت، بۆ ئەوەی ئیرادەیەکی سیاسیی یەکگرتوو لە نێوان ئەم هێزانەدا دروست بکات. چونکە هەرێمی کوردستان لە قۆناغی داهاتوودا، کە قۆناغی جەنگی دەستوورییە، تەنیا بە مەرجێک براوە دەبێت کە خاوەنی یەک ئیرادەی سیاسیی بەهێز بێت.

بە مەبەستی جێبەجێکردنی ئەم پرۆژەیە، وا باشە سەرۆکوەزیران بە هەڵگرتنی هەندێ هەنگاوی خێرا، نیازپاکی و جددیبوونی خۆی لەم بوارەدا پیشان بدات، بۆ ئەوەی ببێتە جێی متمانەی هەموو لایەنەکان. لە قۆناغی دووەمدا، کۆمیتەیەکی ئاشتیی نیشتمانی لە هەموو لایەنەکان پێک بێت، بۆ ئەوەی ستیراتیژەکانی ئەم پرۆژەیە دیاری بکرێت و، بەخێرایی ئەو ستراتیژانە جێبەجێ بکرێن.

بۆ قۆناغی داهاتووی هەرێمی کوردستان کە قۆناغی جەنگی دەستوورییە، دروستکردنی ئاشتەواییی نیشتمانی بەردی بناغەی یەکڕیزی و یەکهەڵوێستیی گەلی کوردستانە، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەموو ئەگەرە ترسناک و مەترسیدارەکان و، داڕشتنی ستراتیژێکی نوێی سیاسییە بۆ کارکردن لەژێر چەتری دەستووری عێراقدا.

کۆبەند

لەم وتارەدا باسمان لە دوو ستراتیژیی نوێ کرد، کە دەبێ هەرێمی کوردستان لەم دۆخە نوێیەدا، بەجددی کاریان لەسەر بکات. بەپێی خوێندنەوە بۆ ئەم دۆخە نوێیەی کە لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا بەدی دەکرێت، قۆناغی داهاتوو قۆناغی جەنگی دەستوورییە، کە پێویستە هەرێمی کوردستان بەتەواوی خۆی بۆ ئامادە بکات هەتا بتوانێ کاریگەریی شکستەکانی ئەم دوایییەی خۆی کەمتر بکاتەوە. بەردی بناغەی خۆئامادەکردن بۆ ئەم قۆناغەیش، سازکردنی ئاشتەواییی نیشتمانییە لە نێوان هەموو لایەنە سیاسییەکان و پێکهاتەکانی کوردستان وەک قۆناغی یەکەم و، لایەنه‌ سیاسی و پێکهاتەکانی عێراق وەک قۆناغی دووەم.

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples