هێرشی تورکیا بۆ سەر عه‌فرین لە ڕوانگەی یاسای نێودەوڵەتیی گشتییه‌وه‌

پێشەکی:

پاش چەند مانگێک هەڕەشە لە لایەن دەوڵەتی تورکیا دژ بە ڕۆژاوای کوردستان و، سەرەنجام لە ڕێکەوتی ٢٠/١/٢٠١٨، هێزەکانی تورکیا بە هاوکاریی هەندێ هێزی کرێگرتەی سووریی وەک سوپای ئازاد، فەیلەقی شام و بەرەی شام و...، لە ئۆپەراسیۆنێکدا لەژێر ناوی "چڵە زەیتوون"، هێرش و دەستدرێژییەکی بەرفراوانیان کردە سەر کانتۆنی عه‌فرین لە ڕۆژاوای کوردستان. بەداخەوە، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی وەک هەمیشە، بە بێدەنگییەکی شەرمنانە و بەرژەوەندیخوازانەوە هەڵسوکەوتی لەگەڵ ئەم بابەتەدا کرد.

 ئەم هێرشەی تورکیا، بە جەنگێکی چەکداریی نێودەوڵەتی دادەنرێ، هەر بۆیە دەبێ لەژێر چەتری یاسای نێودەوڵەتیی گشتیدا خوێندنەوە و شیکردنەوەی بۆ بکرێت. ئەم جەنگە، بە دەستدرێژی و دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی وڵاتێکی دیکەی سەربەخۆ لە قەڵەم دەدرێ و، پێشێلکردنی ڕێسایەکی فەرمانکەر (آمرة)ی یاسای نێودەوڵەتییە. بۆیە، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و لە سەرووی هەموویانەوە نەتەوە یەکگرتووەکان، ماف و ئەرکیانە لەسەر ئەم پێشێلکارییە وەدەنگ بێن و هەڵوێست دەرببڕن. لەم وتارەدا، باس لە دیوی یاساییی ئەم دەستدرێژییانەی تورکیا بۆ سەر کانتۆنی عه‌فرین دەکەین و، پێشیلکارییەکانی تورکیا بەرامبەر بە یاسا و ڕێسا و ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکان دەخەینە ڕوو.

١) پێشێلکردنی پرەنسیپی دەستوەرنەدان لە کاروباری وڵاتانی تر

یەکێک لە پرەنسیپەکانی یاسای نێودەوڵەتی، بریتییە لە دەستوەرنەدان لە کاروباری ناوخۆییی دەوڵەتانی تر. یاسازانانی کلاسیک، لەمبارەیەوە هەڵوێستێکی توندیان هەیە و دەستوەردان بە تەواوی ڕەت دەکەنەوە، بەڵام لە یاسازانیی هاوچەرخدا، ئاراستەی جیاواز هەیە. هەندێکیان دەستوەردان بە کارێکی ناڕەوا و بە دەستدرێژی دەزانن بۆ سەر سەروەریی نیشتمانی و، لە هەمان کاتدا بە پێشێلکاریی ئەرکە نێودەوڵەتییەکانی لە قەڵەم دەدەن. هەندێکی تر لە یاسازانان، سەرەڕای جەختکردنەوەیان لەسەر ناڕەواییی دەستوەردان، بەڵام لە هەندێ حاڵەت بەڕەوای دەزانن و بە پێشێلکاریی سەروەریی نیشتمانی، یان سەربەخۆییی سیاسیی نازانن، وەک: مافی بەرگریی ڕەوای دەوڵەتان (بەپێی بەندی ٥١ی چارتی نەتەوە یەکگرتووەکان)، دەستێوەردانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کاتی ئەنجامدانی ڕەفتاری ترسناک کە دەبێتە هۆی پێشێلکردنی بنەما سەرەکییەکانی یاسای نێودەوڵەتی و مافی مرۆڤ وەک جینۆساید، کوشتن و ئەشکەنجەدانی بەکۆمەڵ، جیاکاریی ڕەگەزی و هتد.

 ئەوەی کە ڕوونە بنەمای سەرەکی لە یاسای نێودەوڵەتیی گشتی، بریتییە لە دەستوەرنەدان لە کاروباری وڵاتانی دیکە و، ڕێزگرتن لە سەروەری و سەلامەتیی خاک و سنوورەکانی وڵاتانی تر. ئەمەیش بە ڕێسایەکی فەرمانکەری یاسای نێودەوڵەتیی گشتی دادەنرێت و، دەوڵەتان دەبێ پێوەی پابەند بن. لە بەندی ٢/ بڕگەی ٧ لە چارتی نەتەوە یەکگرتووەکان بەڕوونی ئاماژە بە پرەنسیپی دەستوەرنەدان لە کاروباری دەوڵەتانی تر کراوە و دەڵێت: "لەم چارتەدا شتێک نییە کە ڕێگە بدات نەتەوە یەکگرتووەکان دەست بخاتە ئەو کاروبارانەی کە تایبەتی دەسەڵاتی ناوخۆییی دەوڵەتانن، هەروەها شتێک نییە کە ببێتە هۆی ئەوەی ئەندامان ئەم پرسانە بخەنە ڕوو لەبەر ئەوەی بە حوکمی ئەم چارتە چارەسەر دەبێت؛ نابێ ئەم پرەنسیپە ڕێگە لە جێبەجێکردنی ئەو ڕێوشوێنە سەرکوتکارییانە بگرێت کە لە فەسڵی حەوتەمدا هاتوون". بەم جۆرە بۆمان دەردەکەوێت، کە ئەم دەقە ڕێگە بە دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆییی وڵاتانی تر نادات، چ لە لایەن نەتەوە یەکگرتووەکان و چ لە لایەن دەوڵەتانی دیکەی ئەندام بێت. واتە ڕێسای سەرەکی، دەستوەرنەدانە و، بە شێوەیەکی ڕیزپەڕ و لە هەندێ حاڵەتی دەگمەندا ڕێگە بە دەستوەردان دەدرێت.

هەروا لە بەندی٢/بڕگەی ٤ لە چارتی نەتەوە یەکگرتووەکان، جەخت لەسەر ئەوە کراوەتەوە کە نابێت هێز بەکار بێت و دەڵێت: "قەدەغەیە بۆ هەموو ئەندامان کە لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانیاندا هەڕەشەی بەکارهێنانی هێز، یان بەکارهێنانی دژ بە سەلامەتیی خاک، یان سەربەخۆییی سیاسیی هەر دەوڵەتێکی تر بکەن یان بە هەر شێوازێکی تر کە لەگەڵ ئامانجەکانی نەتەوە یەکگرتووەکاندا ناگونجێت". جگە لەمەیش، بڕیاری ٢١٣١ ساڵی ١٩٦٥ی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئاماژە بە پرەنسیپی دەستوەرنەدان دەکات و دەڵێت:

- هیچ دەوڵەتێک مافی دەستوەردانی نییە بە شێوەی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ و بە هەر هۆیەک، لە کاروباری ناوخۆیی و دەرەکیی هیچ دەوڵەتێکی تر و، هەر دەستوەردانێکی چەکداری، یان ناچەکداری، یان هەر هەڕەشەیەک کە ئامانجی کەسایەتیی دەوڵەت یان فاکتەرە سیاسی و ئابووری و ڕۆشنبیرییەکانی بێت، جێی ناڕەزایییە.

- بەکارهێنانی هێز بۆ بێبەشکردنی گەلان لە ناسنامه‌ی نەتەوەییی خۆیان، پێشێلکردنی مافێکی مامەڵەپێنەکراوە (غیر قابل للتصرف) و پێشێلکردنی پرەنسیپی دەستوەرنەدانە.

پرەنسیپی دەستوەرنەدان، لە چەندین بڕیاری دیکەی نەتەوە یەکگرتووەکاندا جەختی لەسەر کراوەتەوە وەک: بڕیاری ٢٢٢٥ ساڵی ١٩٦٦، بڕیاری ٢٦٢٥ ساڵی ١٩٧٠، بڕیاری ٣٣١٤ ساڵی ١٩٧٤ و چەندین بڕیاری دیکەی هاوشێوە. هەروەها دادوەریی نێودەوڵەتی، لە چەند بڕیارێکی خۆیدا جەختی لەسەر پرەنسیپی دەستوەرنەدان کردۆتەوە وەک: کێشەی تەنگەی کۆرفو (١٩٤٩) و کێشەی چالاکییە سەربازی و نیمچەسەربازییەکانی نیکاراگوای (١٩٨٦). بەم جۆرە بۆمان دەردەکەوێ، ئەم ڕەفتارەی تورکیا پێشێلکردنی ڕێسایەکی فەرمانکەری (Jus Cogon) یاسای نێودەوڵەتیی گشتییە، کە دەبێ هەموو دەوڵەتان پێوەی پابەند بن. لە هەمان کاتدا، پێشێلکردنی چارتی نەتەوە یەکگرتووەکان و بڕیارەکانی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان و، پابەندییە نێودەوڵەتییەکانی تورکیایە وەک ئەندامێکی ئەو ڕێکخراوە. هەروا ئەنجومەنی نێودەوڵەتیی پارێزەرانی دیموکرات، لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، کە هێرشی تورکیا بۆ سەر عه‌فرین بە دەستدرێژی و پێشێلکردنی ڕێسای فەرمانکەری یاسای نێودەوڵەتی دادەنرێت. بەدەر لەمەیش، بەکارهێنانی هێز هەڕەشەیە بۆ سەر ناسنامه‌ی نەتەوەی کورد لە سووریا، کە لە بڕیاری ٢١٣١ قەدەغە کراوە.   

٢) پێشێلکردنی سەروەری و سەلامەتیی خاکی سووریا

لە یاسای نێودەوڵەتیی گشتیدا، خاک گرنگیی تایبەت بە خۆی هەیە و بە یەکێک لە فاکتەرەکانی پێکهێنانی دەوڵەت دادەنرێت. هەر بۆیە، پێویستە هەر دەوڵەتێک پانتایی و چوارچێوەی خاکی خۆی دیاری بکات، بۆ ئەوەی لەگەڵ دەوڵەتانی تر تووشی گرفتی مومارەسەکردنی دەسەڵاتەکانی نەبێت. هەروەک پێشتر گوتمان، لە بەندی ٢/برگەی ٤ی چارتی نەتەوە یەکگرتووەکان جەخت لەسەر ئەم خاڵە کراوەتەوە. هەروا کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بڕیاری ٢٦٢٥ لە ساڵی ١٩٧٠ لەژێر ناوی "بنەماکانی یاسای نێودەوڵەتی لە پەیوەندیی دۆستانە و هاوکاریی نێوان دەوڵەتان بەپێی چارتی نەتەوە یەکگرتووەکان" دان بەم تێگەیشتنەدا دەنێت و دەڵێت:

- دەوڵەتان دەبێ لە هەڕەشە، یان بەکارهێنانی هێز خۆ ببوێرن بۆ تێکدانی دۆخی بەرقەراری سنوورە نێودەوڵەتییەکانی دەوڵەتێکی تر، یان وەک چارەسەری ناکۆکییەکان؛ لەوانەیش ناکۆکییە سنوورییەکان.

- لە هەر جۆرە کردارێکی توندوتیژ خۆ ببوێرن کە ببێتە بەربەست لە بەردەم گەلێک بۆ وەدەستهێنانی یەکسانی مافەکان و مافی بڕیاردانی چاره‌نووس.

بەم جۆرە دەردەکەوێ، کە ڕەفتارەکانی تورکیا لە بەکارهێنانی هێز و هێرش بۆ سەر شارۆچکەی عه‌فرین، کە بەشێکە لە خاکی سووریا وەک دەوڵەتێکی سەربەخۆی ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەوا بە پێشێلکردنی سەروەری و سەلامەتیی خاکی سووریا لە قەڵەم دەدرێت. ئەگەر ئەم هێرشە، بە ڕەزامەندیی دەوڵەتی هێرش بۆ کراو، یان بەپێی بڕیارێکی دەرچوو لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان نەبێت (تەنانەت ئەگەر ئەم هێرشە زیان بە دەوڵەتی دەستدرێژی بۆ کراویش نەگەیه‌نێت)، ئەوا هەر بە پێشێلکردنی سەروەری و یەکپارچەییی خاکی ئەو دەوڵەتە لە قەڵەم دەدرێ. هەروا ئەم بڕیارە باس لەوەیش دەکات، کە نابێ ئەم هێرشە بەربەست لە بەردەم خواستەکانی گەلان دروست بکات بۆ وەدەستهێنانی یەکسانی مافەکان و مافی بڕیاردانی چاره‌نووس. بێ گومان ئامانجی سەرەکیی تورکیا لەم هێرشانە، ڕێگەگرتنە لە بەردەم گەلی کورد لە سووریا بۆ وەدەستهێنانی مافەکانیان و مافی بڕیاردانی چاره‌نووس، کە ئەمەیش ڕێک پێچەوانەی بڕیاری ئاماژەپێکراوی سەرەوەیە. هەر بۆیە دەتوانین بڵێین، تورکیا لەم بارەیەیشەوە ئەو بڕیارەی پێشێل کردووە. 

٣) ئەنجامدانی تاوانی نێودەوڵەتی

بەپێی بەندی (٥) لە پەیڕەوی دادگەی نێودەوڵەتیی تاوان، ئەو تاوانانەی کە دەکەونە ژێر چەتری سزاییی دادگە‌ بریتین لە: جینۆساید، تاوانە دژەمرۆیییەکان، تاوانەکانی جەنگ و تاوانی دوژمنکاری. بەپێی ئەو دۆخەی کە ئێستا لە عه‌فرین لە ئەنجامی هێرشی سەربازیی تورکیا لە ئارادایە، دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە کۆمەڵێک تاوانیان ئەنجام داوە، کە دەکرێ ڕووبەڕووی سزا ببنەوە. لە خوارەوە ئاماژە بەو تاوانانە دەکەین، کە تاکوو ئێستا بەپێی داتا و زانیارییە بەردەست و بڵاوبووەکان ڕوویان داوە. هەروا ئەگەری ئەوە هەیە لە داهاتوودا، جۆر و ناوەڕۆکی تاوانەکان بە هۆی بەردەوامیی جەنگەکە زیاتر ببن.

ئا) تاوانی جینۆساید (الإبادة الجماعیة)

بەپێی بەندی (٦) لە پەیڕەوی دادگە، جینۆساید بریتییە لە ئەنجامدانی هەر کردارێک لەو کردارانە بە مەبەستی لەناوبردنی گرووپێکی نەتەوەیی، یان ئیتنیکی، یان ڕەگەزی، یان ئایینیی، بە شێوەی لەناوبردنی گشتی (کلي) یان هەندەکی (جزئي). بە سەرنجدان بەو بەندە، بۆمان دەردەکەوێ کە تاکوو ئێستا بە لانی کەمەوە تورکیا سێ لەو کردارانەی ئەنجام داوە، کە بریتیین لە: کوشتنی تاکەکانی گرووپێکی نەتەوەیی کە ئەویش نەتەوەی کوردە، پێگەیاندنی زیانی جەستەیی بە تاکەکانی ئەم نەتەوەیە و، هەروا ملکەچپێکردنی تاکەکانی ئەو گرووپە بۆ دۆخێکی بژێویی وا کە مەبەستی لەناوبردنی گشتی، یان هەندەکیی ئەو گرووپەیە. لە دۆخی ئەمڕۆی عه‌فرین، ئەو سێ حاڵەتە بەڕوونی و زەقی دیارە، له‌به‌ر ئه‌وه‌ دەتوانین بڵێین، ئەو تاوانانەی کە ئەمڕۆ تورکیا لە عه‌فرین ئەنجامی دەدات، دەچێتە خانەی جینۆسایدی نەتەوەی کورد لە سووریا.

ب) تاوانە دژەمرۆیییەکان (جرائم ضد الانسانیة)

بەپێی بەندی (٧) لە پەیڕەوی دادگە، تاوانە دژەمرۆیییەکان بریتین لەو تاوانانەی کە لە چوارچێوەی هێرشێکی بەربڵاو، یان بەرنامە بۆ داڕێژراوی ئاراستەکراو دژ بە گرووپێک لە دانیشتووانی مەدەنی بەزانینەوە ئەنجام دەدرێن و دووبارە دەبنەوە و، بەشێکە لە سیاسەتی ئەو دەوڵەت یان ڕێکخراوە، کە ئەم هێرشە ده‌كات یان ئەم سیاسەتە به‌هێز ده‌كات. یەکێک لە حاڵەتەکانی ئەم تاوانە بریتییە لە کوشتنی بەئەنقەست، کە ئەمەیان بەڕوونی دیارە لە ئەنجامی هێرشی چەندین بارەی ئاسمانی و زەمینیی تورکیا دەیان هاووڵاتیی مەدەنی لە عه‌فرین کوژراون. هەروا ئەم کوشتنانە دەرەنجامی جێبەجێکردنی سیاسەتی دەوڵەتی تورکیایە دژ بە گەلی کورد لە سووریا. بۆیە دەتوانین ئەم ڕەفتارانەی دەوڵەتی تورکیا لە چوارچێوەی تاوانە دژەمرۆیییەکان پێناسە بکەین.

ج) تاوانەکانی جەنگ (جرائم الحرب)

تاوانەکانی جەنگ پێناسەیەکی بەرفراوانی هەیە و هەر دوو بواری جەنگی نێودەوڵەتی، یان نانێودەوڵەتی دەگرێتەوە. ئەوەی لێرە مەبەستمانە جەنگی نێودەوڵەتییە، چونکە پێشتر ئاماژەمان پێ دا کە ئەم هێرشەی تورکیا بۆ سەر عه‌فرین، هێرشێکی چەکداریی نێودەوڵەتییە. بەپێی بەندی (٨) لە پەیڕەوی دادگە، تاوانەکانی جەنگ بریتییە لە پێشێلکاریی ترسناک دژ بە ڕێککەوتننامەکانی جنیڤ لە ١٢/ئاب/١٩٤٩ و هەر کام لەو کردارانەی کە دژ بە کەسان یان موڵک و ماڵ ئەنجام دەدرێن، کە ڕێککەوتننامە پەیوەندیدارەکانی جنێڤ دەیانپارێزن. هەروا پێشێلکاریی ترسناک بۆ ئەو یاسا و ڕێسایانەی، کە لەسەر ناکۆکییە چەکدارییە نێودەوڵەتییەکان، لە چوارچێوەی سەقامگیربووی یاسای نێودەوڵەتیدا دەچەسپێن.

ئەو حاڵەتانەیش، کە ئەم پێناسەیەی سەرەوە دەیگرێتەوە و لە هێرشی تورکیا بۆ سەر عه‌فرین ڕوویان داوە بریتین لە: کوشتنی بەئەنقەست، ئاراستەکردنی هێرش دژ بە دانیشتووانی مەدەنی، یان دژ بەو تاکە مەدەنییانەی کە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ لە جەنگدا بەشدار نین، ئاراستەکردنی هێرش دژ بە شوێنە مەدەنییەکان، واتە ئەو شوێنانەی کە ئامانجی سەربازی نین، هێرش بۆ سەر شار و گوندەکان و ئەو خانووبەرانەی کە بە هیچ شێوەیەک ئامانجی سەربازی نین، هێرش بۆ سەر ئەو خانووانەی کە بۆ ئامانجی ئایینی و فێرکاری و زانستی و خێرخوازی بەکار دێن، یان شوێنەوارە مێژوویییەکان، یان نەخۆشخانەکان، نەپاراستنی دیلەکانی جەنگ، بەکارهێنانی ئەو چەک یان هاوەن یان کەرەستە یان شێوازە جەنگییانەی کە پێچەوانەی یاسا نێودەوڵەتییەکانی جەنگی چەکدارین و هتد. سەبارەت بە هێرشی تورکیا بۆ سەر عه‌فرین، هەموو ئەو حاڵەتانەی سەرەوە کە باس کران بەدی هاتوون، هەر بۆیە پێمان وایە، کە تاوانەکانی جەنگ بەڕوونی و ئاشکرایی لەم هێرشەدا ڕوویان داوە و، ئەگەری ئەوەیش هەیە لە داهاتوودا جۆر و ژمارە و ناوەڕۆکی تاوانەکان زیاتر ببن.   

د) تاوانی دوژمنکاری (جریمة العدوان)

یەکێک لەو بابەتانەی کە مشتومڕی زۆری لێ کەوتۆتەوە، پێناسەکردنی تاوانی دوژمنکارییە. ئەم تاوانە دەبێتە هۆی ئەوەی کە ئاسایش و سەقامگیریی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بکەوێتە مەترسییەوە. نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی ١٩٦٧ کۆمیتەیەکی بۆ پێناسەکردنی ئەم تاوانە پێک هێنا، کە پاش هەوڵێکی زۆر سەرەنجام کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ١٤/١٢/١٩٧٤ لە بڕیاری ژمارە (٣٣١٤) خۆیدا لە بەندی یەکەم بەم جۆرە پێناسەی ئەم تاوانەی کردووە: "دوژمنکاری بریتییە لە بەکارهێنانی هێزی چەکدار لە لایەن یەکێک لە دەوڵەتان دژ بە سەروەریی دەوڵەتێکی تر، یان سەلامەتیی خاکەکەی، یان سەربەخۆییی سیاسی، یان هەر ئامرازێکی تر کە لەگەڵ ئامانجەکانی نەتەوە یەکگرتووەکاندا یەک نەگرێتەوە." بەپێی بەندی (٣)ی هەمان بڕیار، هەندێک لە کردارەکانی دوژمنکاری بریتین لە:

 أ- داگیرکردنی خاکی دەوڵەتێکی تر، یان هێرشکردنەسەری، بە هێزی چەکدار لە لایەن دەوڵەتێکی ترەوە، یان هەر داگیرکارییەکی سەربازی کە لە ئەنجامی داگیرکردن یان هێرش بەدی هاتبێ، ئەگەرچی کاتیش بێت و، هەر لکاندنێکی بەزۆر بە خاکی دەوڵەتێکی تر یان دابڕینی بەشێک لە خاکەکەی.

ب- هاوێشتنی بۆمبا بۆ سەر خاکی دەوڵەتێکی تر لە لایەن هێزی چەکداری دەوڵەتێکی ترەوە یان بەکارهێنانی هەر جۆرە چەکێک لە لایەن دەوڵەتێکەوە دژ بە خاکی دەوڵەتێکی تر.

بەندی (٥)ی هەمان بڕیار دەڵێت: "ناکرێ بە هیچ ئیعتبارێکی سیاسی، یان ئابووری، یان سەربازی، یان ئەوی تر، پاساو بۆ دوژمنکاری بهێنرێتەوە. جەنگی دوژمنکاری، تاوانە دژ بە ئاشتیی نێودەوڵەتی و، دوژمنکاری هۆکارە بۆ لێپرسینەوەی نێودەوڵەتی. نابێ دان بە ڕەواییی دابڕینی خاکی دەوڵەتێک و لکاندنی بە دەوڵەتێکی تر لە ڕێگەی هێزەوە بنرێت."

 بەم جۆرە دەردەکەوێ، ئەم ڕەفتارەی تورکیا، پیشێلکردنی پابەندییە نێودەوڵەتییەکانی ئەو دەوڵەتەیە لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا، چونکە هێزی دژ بە فاکتەرە سەرەکییەکانی پێکهێنانی  دەوڵەتێکی تر بەکار هێناوە، کە ئەویش خۆی لە پێشێلکردنی سەروەریی خاک، گەل و دەسەڵاتی سیاسیی فەرمیی دەوڵەتی سووریا دەبینێتەوە. هەروا بەپێی بەندی (٥) لە پەیڕەوی دادگەی نێودەوڵەتیی تاوان، تاوانی دوژمنکاری بە یەکێک لە تاوانە نێودەوڵەتییەکان دادەنرێت، بەڵام دادگە تاکوو ئێستا لە پەیڕەوی خۆی پێناسەی ئەم تاوانەی نەکردووە، کە ئەمەیش گرفت لە بەردەم سزادانی ئەو کەسانە دروست دەکات کە بەم تاوانە تۆمەتبار دەکرێن. دوا گۆڕانکاری لەم بوارەدا ئەوەیە، کە لە دێسەمبەری ٢٠١٧، دەسەڵاتی دادگەی نیودەوڵەتیی تاوان سەبارەت بە تاوانی دوژمنکاری کارا کراوە، کە ئەمەیش دەتوانێ هەنگاوێکی باش بێ لە بواری بەدیهێنانی دادپەروەریی سزاییی نێودەوڵەتی.

 هەروەک دەزانین لە یاسای نێودەوڵەتیی هاوچەرخ، تاک وەک یەکێک لە کەسەکانی یاسای نێودەوڵەتی هەژمار دەکرێت، هەر بۆیە سەرۆکی ئەو دەوڵەتەی کە تاوانێکی نیودەوڵەتی ئەنجام دەدات، دەکەوێتە بەر لێپرسینەوەی سزایی. هەرچەند تورکیا ئەندام نییە لەم دادگەیە، بەڵام بەپێی بەندی ١٣ لە پەیڕەوی دادگە، ئەنجومەنی ئاسایش دەتوانێ ئەم کێشەیە ڕەوانەی نووسینگەی داواکاری گشتیی دادگەی ناوبراو بکات، بۆ ئەوەی ئەنجامدەرانی تاوانی نێودەوڵەتی پەلکێشی بەردەم دادگە بکرێن.  

٤) ئەو ڕێککەوتنانەی کە پێشێل کراون

١) چارتی نەتەوە یەکگرتووەکان ٢٦/حوزەیران/١٩٤٥.  

٢) ڕێککەوتننامەی لاهای بۆ پاراستنی موڵک و ماڵی ڕۆشنبیری لە کاتی ناکۆکیی چەکداری ١٤/ئایار/١٩٥٤ و پرۆتۆکۆلە هاوپێچەکانی، کە تورکیا لە ١٥/١٢/١٩٦٥ تێیدا بووەتە ئەندام. بەندی ١/أ ئەم ڕێککەوتنە موڵک و ماڵی ڕۆشنبیریی بەم جۆرە پێناسە کردووە: " موڵک و ماڵی گوازراوە و نەگوازراوەی خاوەن گرنگیی گەورە بۆ کەلەپووری ڕۆشنبیریی گەلان وەک: خانووی تەلارسازی، یان هونەری، یان مێژوویی، ئایینی یان دونیایی و، خانووە شوێنەوارییەکان و، ئەو دەستە خانووانەی کە بە کۆبوونەوەیان بەهای مێژوویی، یان هونەرییان هەیە و، ناوازە هونەرییەکان و دەستنووس و کتێب و ئەو کەلوپەلانەی تر کە خاوەن بەهای هونەری و مێژوویی و شوێنەوارین و هتد. بەپێی هەواڵەکان، سوپای تورکیا لەم هێرشەدا زیانی بە شوێنەواری مێژووییی "عەین دارا" لە شارۆچکەی عه‌فرین گەیاندووە و، بەو پێیەی کە دەوڵەتی تورکیا ئەندامە لەم ڕێککەوتنەدا، هەر بۆیە لەسەریەتی پابەندی پاراستنی ناوەڕۆکی ئەم ڕێککەوتننامەیە بێت.

٣) ڕێککەوتنامەی تایبەت بە ڕێزگرتن لە یاسا و نەریتەکانی جەنگی وشکانی، ناسراو بە ڕێککەوتننامەی لاهای لە ١٨/ئۆکتۆبەری/ ١٩٠٧.

٤) ڕێککەوتننامەی قەدەغەکردنی تاوانی جینۆساید و سزادانی ساڵی ١٩٤٨.

٥) پەیڕەوی دادگەی نێودەوڵەتیی تاوان ساڵی ١٩٩٨.

٦) ڕێککەوتننامەکانی جنیڤ ١٢/ئاب/١٩٤٩.

ئەنجام

پاش خوێندنەوەیەکی یاسایی بۆ ئەو ڕەفتارانەی کە دەوڵەتی تورکیا لە هێرش بۆ سەر عه‌فرین ئەنجامی داوە، بۆمان دەرکەوت کە ئەو کردارەی تورکیا، پێچەوانەی یاسا و ڕێسا و ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکانە. هەر بۆیە، لە کاتی ئەنجامدانی هەر پێشێلکارییەک بەرامبەر بە ڕێسا فەرمانکەرەکانی یاسای نێودەوڵەتیی گشتی و، لەوانەیش پرەنسیپی دەستوەرنەدان لە کاروباری ناوخۆییی وڵاتانی تر و، پێشێلکردنی سەروەری و سەلامەتیی خاکی وڵاتانی تر، ئەوا دەوڵەتی سەرپێچیکار دەکەوێتە بەردەم بەرپرسیارێتیی نێودەوڵەتی. لەم حاڵەتەدا، دەوڵەتانی جیهان، نەتەوە یەکگرتووەکان و بەتایبەت دەوڵەتی سووریا، پێویستە هەموو ڕێوشوێنە یاسایییەکان دژ بە دەوڵەتی سەرپێچیکار بگرنە بەر. جگە لەمەیش، کردارە سەربازییەکانی دەوڵەتی تورکیا، چەندین تاوانی ترسناکی نێودەوڵەتیی لێ کەوتۆتەوە، لەوانەیش جینۆساید، تاوانە دژه‌مرۆیییەکان، تاوانەکانی جەنگ و تاوانی دوژمنکاری، کە دەکرێ لەم حاڵەتەدا دەسەڵاتدارانی دەوڵەتی تورکیا، بەپێی بەندەکانی ١٢/٢/أ  و ١٣/ ب و ج لە پەیڕەوی دادگەی نێودەوڵەتیی تاوان بکەونە بەردەم لێپرسینەوەی سزایی.

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples