پێشەکی
هەڵبژاردن و دیموکراسی بە دووانەیەکی لێکگرێدراو دادەنرێن؛ واتە هەڵبژاردن ئامراز و میکانیزمێکە بۆ گەیشتن بە دیموکراسی. هەرچەندە عێراق، ئەزموونێکی دەوڵەمەندی لە بواری هەڵبژاردندا نییە، بەڵام بەو حاڵەیش سەرباری خراپیی دۆخی ئاسایش، هەموو کات لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکانی ئەنجام داوە. ئەمڕۆ، عێراق لە بەردەم چوارەمین خولی هەڵبژاردنی پەرلەمەنیدایە، کە نەخشەی سیاسی و داهاتووی وڵات لەژێر ڕۆشناییی ئەنجامەکانیدا دادەڕێژرێت.
بەپێی دەستووری عێراق، سیستەمی پەرلەمانیی ئەم وڵاتە دووانەیییە؛ واتە بەپێی ماددەی (٦٥) لە دەستوور، دەبێ لە پاڵ ئەنجومەنی نوێنەران، ئەنجومەنی فیدراڵییش هەبێ، کە نوێنەری هەرێم و پارێزگه ڕێکنەخراوەکان لەناو هەرێم تێیدا ئەندامن. ئەم ئەنجومەنە، دەسەڵاتی تایبەتی دەبێت لە هاوسەنگکردنی بڕیار و یاساکانی ئەنجومەنی نوێنەران و، ڕێگەگرتن لە سەپاندنی ڕای زۆرینەی پەرلەمانی و پاراستنی ناوەڕۆکی سیستەمی فیدراڵی وەک جەوهەری دەستوور. بەڵام بەداخەوە، هەتا ئێستا نەک هەر ئەم ئەنجومەنە پێک نەهاتووە، بەڵکوو ڕێگری لە دروستبوونی هەرێمی دیکەیش کراوە؛ کە ئەمەیش بە بەردی بناغەی چەسپاندنی سیستەمی فیدراڵی لە وڵاتدا دادەنرێت. لەم بابەتەدا، باس لە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و تایبەتمەندییەکان و گرنگترین لیستە بەشداربووەکانی هەڵبژاردن دەکەین. هەروا تیشک دەخەینە سەر ڕۆڵ و پێگەی کورد لەم هەڵبژاردنەدا.
یاسای بەرکاری هەڵبژاردن
هەڵبژاردنی پەرلەمانیی عێراق، لەژێر ڕۆشناییی یاسای ژمارە (٤٥) ساڵی ٢٠١٣ بەڕێوە دەچێت، کە لە ڕۆژنامەی وەقایعی عێراقی ژمارە (٤٣٠٠) لە ٢/١/٢٠١٣ بڵاو کراوەتەوە و، پاشان لە ٢٢/١/٢٠١٨ یەکەمین هەمواری بۆ کراوە.
بەپێی ئەم یاسایە، هەڵبژاردن مافی هەموو هاوڵاتییەکی عێراقییە، کە هەژدە ساڵی تەواو کردبێ، بەبێ جیاوازی لە ڕەگەز، نەژاد، نەتەوە، ئایین و ئایینزا و هتد. هەروا، دەبێ (٤٥) ڕۆژ پێش تەواوبوونی هەر خولێکی پەرلەمان هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت. ڕۆژی هەڵبژاردن، دەبێ لە لایەن پەرلەمان بە هاوئاهەنگی لەگەڵ کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان دیاری بکرێت و، پاشان دەبێ پەرلەمان پەسندی بکات و لە لایەن سەرۆککۆمارەوە مەرسوومی بۆ دەربچێت و، ئهوجا بۆ هەموو ڕاگەیاندنەکان ئاشکرا دەکرێت؛ پێش لە ڕێکەوتی دیاریکراو بۆ ئەنجامدانی، بە ماوەیەک کە کەمتر نەبێت لە (٩٠) ڕۆژ.
ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمان (٣٢٩) کورسییە، کە بەپێی ماددەی (٤٩/یەکەم) بۆ هەر سەد هەزار کەس لە دانیشتووانی عێراق یەک کورسی تەرخان کراوە. هەروا (٩) کورسیی کۆتا بۆ کەمینەکان هەیە بەم جۆرەی خوارەوە: مەسیحی (٥)، ئێزیدی (١)، شەبەک (١)، سابیئە (١) و فەیلی (١). هەروا خۆپاڵاوتن بە شێوازی لیستی کراوەیە، کە نابێ ژمارەی پاڵێوراوان لە (٣) کەس کەمتر بن و، دەکرێ دەنگ بە لیستەکە بدرێ یان بە لیستەکە و یەکێک لە پاڵێوراوەکان. هەروا ڕێگە بە خۆپاڵاوتنی تاکەکەسیش دەدرێت، ئەگەر لای کۆمیسیۆن خۆی تۆمار بکات. جگە لەمەیش، دەبێ ژمارەی پاڵێوراوە ئافرەتەکان لە ٢٥%ی کۆی پاڵێوراوان کەمتر نەبێت و، نابێ ڕێژەی نوێنەرایەتیکردنی ئافرەتان لە پەرلەمان لە ٢٥% کەمتر بێت. هەر پارێزگهیەک بە بازنەیەکی هەڵبژاردن دادەنرێ، کە بەپێی ڕێژەی دانیشتووان ژمارەی کورسیی پارێزگهکان دیاری کراوە.
هاوپەیمانێتی لە هەڵبژاردنەکاندا
بەپێی یاسای هەڵبژاردنەکانی عێراق، حزبەکان و لیست و هاوپەیمانێتی و تەنانەت لیستی تاکەکەسییش دەتوانن لە هەڵبژاردنەکاندا بەشدار ببن. سەبارەت بە حزبەکان، ئەوا پێشتر بەپێی یاسای حزبە سیاسییەکانی عێراق ژمارە (٣٦) ساڵی ٢٠١٥، خۆیان تۆمار کردووە و، لەسەر ئەو بنەمایە دەچنە ناو کێبڕکێی هەڵبژاردن و لیستی خۆیان لە هەڵبژاردنەکاندا پێشکەش دەکەن و، دەبێ لە لایەن ئەنجومەنی کۆمیسارانی هەڵبژاردنی عێراقی پەسند بکرێت. سەبارەت بە هاوپەیمانێتییەکان، ئەوا دوو حزب یان پتر، دەتوانن هەوپەیمانێتی پێک بهێنن و، لە وادەی دیاریکراوی لە لایەن کۆمیسیۆن، خۆیان تۆمار بکەن. سەبارەت بە هاوپەیمانێتییەکانی هەڵبژاردن لە عێراق، ئەگەر سەرنج بدەین دەبینین زۆربەیان لەرزۆک و ناسەقامگیرن و، هۆکاری ئەمەیش بۆ ئەم فاکتەرانەی خوارەوە دەگەڕێتەوە:
١) زۆربەی ئەم هاوپەیمانێتییانە ناپێویستن و، بەرنامە و پرۆژەیەکی تایبەتیان بۆ هەڵبژاردن پێ نییە.
٢) بەزۆری بۆ بهدەستهێنانی دەنگە، چونکە پێیان وایە بەتەنیا ناتوانن دەنگی پێویست بەدەست بهێنن.
٣) زۆربەیان پەیڕەوی ناوخۆیان نییە، ئەگەر هەیشبێت ڕۆڵێکی ئەوتۆ لە چارەسەرکردنی گرفت و ناکۆکییەکانیاندا ناگێڕێت.
٤) هاوپەیمانێتییەکان هاوسەنگ نین و زۆر جار لە نێوان حزبی گەورە و بچووکدان، کە ئەمەیش وا دەکات لایەنە گەورەکان هێژموونی خۆیان بەسەر لایەنە بچووکەکاندا بسەپێنن؛ ئەمەیش بۆ خۆی دەبێتە هۆی بەردەوامیی ناکۆکییەکان و ناسەقامگیریی هاوپەیمانێتییەکان.
٥) زۆربەی هاوپەیمانێتییەکان نەتەوەیی یان تائیفین؛ ئەمەیش وا دەکات نەتوانن ببنە هاوپەیمانێتیی نیشتمانی و گشتگیر.
٦) هیچ سوودێک لە شکستهێنانی هاوپەیمانێتییەکانی پێشووتر وەرنەگیراوە، هەر بۆیە هەڵەکانی ڕابردوو بەردەوام دووبارە دەبنەوە.
هەر بۆیە، دەتوانین بڵێین بەشێکی زۆری ئەم هاوپەیمانێتییانە، بۆ کۆمەڵێک ئامانج و دەستکەوتی حزبی و کەسی دامەزراون و خزمەتکردنی خەڵک ئامانجی سەرەکییان نییە. لە کاتی ڕوونبوونەوەی ئامانجەکانیان بۆ خەڵک، متمانەی جەماوەر لەدەست دەدەن و تووشی شکست دەبن.
گرنگترین لیست و هاوپەیمانێتییە بەشدارەکان لە هەڵبژاردنی ٢٠١٨
بەپێی ڕاگەیەندراوی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، تاکوو ئیستا (٢٧) هاوپەیمانێتی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانیی ساڵی ٢٠١٨ بەشدارن، کە لە خوارەوە ئاماژە بە هاوپەیمانێتییە گرنگەکانی دەکەین:
ئا) لایەنە شیعەکان:
١) هاوپەیمانێتیی نەسر (ائتلاف النصر): لە ٢٩ حزب، گرووپ و ڕەوتی سیاسی پێک هاتووە، کە سەرۆکوەزیران حەیدەر عەبادی سەرۆکایەتیی دەکات و خۆی بە هاوپەیمانێتییەکی گشتگیر و ناتائیفی دەزانێت. گرنگترین لایەنە بەشدارەکانی بریتین لە: کوتلەی نەسر و ئیسلاحی عەبادی، ڕەوتی ئیسلاحی نیشتمانیی سەر بە جەعفەری، کوتلەی سەربەخۆکانی سەر بە حوسێن شەهرستانی. سەرەتا لیستی "فەتح"ی هادی عامری و "ڕەوتی حیکمە"ی عەمار حەکیمیش لەم هاوپەیمانێتییەدا بوون و، وا چاوەڕوان دەکرا هاوپەیمانێتییەکی بەهێز بێت، بەڵام پاش کشانەوەی عامری و حەکیم و نەچوونی سەدر بۆ ناو ئەم هاوپەیمانێتییە، بەشێکی زۆری قورساییی خۆی لەدەست دا. ئەم هاوپەیمانێتییە پتر لە لایەن ئەمریکییەکانەوە پشتگیری دەکرێت.
٢) هاوپەیمانێتیی دەوڵەتی یاسا (ائتلاف دولة القانون): لە ٩ حزب و گرووپ پێک دێن وەک: "تیار الوسط"ی موەفەق ڕوبەیعی و "حزب دعاة السلام" سەر بە خوزەیر خوزاعی و هتد. نووری مالکی، سەرۆکوەزیرانی پێشوو سەرۆکایەتی ئەم هاوپەیمانێتییە دەکات. پاش جیابوونەوەی هاوپەیمانێتیی فەتح لە عەبادی، وا چاوەڕوان دەکرا پەیوەندی بە هاوپەیمانێتیی دەوڵەتی یاساوە بکەن، بەڵام ئەم یەکگرتنە ڕووی نەدا و لەوانەیە دوای هەڵبژاردنەکان هاوپەیمانێتییەکی لەو جۆرە بێتە ئاراوە. ئەوەی جێی سەرنجە، عەبادی و مالیکی هەردووکیان لە حزبی دەعوەن، بەڵام بە هۆی ناکۆکییەکانیان نەیانتوانی بە یەک لیست بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا بکەن. بۆیە، حزبی دەعوەیش بەناچاری لە ١٣/١/٢٠١٨ ڕای گەیاند، کە لەژێر ناوی حزبەکەی ناچێتە ناو هیچ هاوپەیمانێتییەکی سیاسی و هەڵبژاردنەوە و، ڕێگەی بە ئەندامەکانی خۆی دا، کە ئازادیی تەواویان هەبێت بۆ بەشداری لە هەڵبژاردنەکان بە ناونیشانی کەسیی خۆیان نەک حزبی و، خۆیان لە چوارچێوەی هەر لیست و هاوپەیمانێتییەکی دیکە بپاڵێون یان سەرۆکایەتیی بکەن.
٣) هاوپەیمانێتیی فەتح (تحالف الفتح): ١٨ گرووپ و لەوانەیش باڵەکانی حەشدی شەعبی لەخۆ دەگرێت و، هادی عامری سەرۆکایەتیی دەکات. سەرەتا لەگەڵ عەبادی هاوپەیمانێتییان کرد و پاشان کشانەوە. عەبادی پێشتر باسی لەوە دەکرد کە ڕێگە نادات گرووپەکانی سەر بە حەشد بەشداری بکەن، بەڵام لە بەدیهێنانی ئەم بەڵێنەدا سەرکەوتوو نەبوو. پێدەچێ هاوپەیمانێتیی سەرەتایییان لەگەڵ عەبادی تەنیا بۆ ئەوە بووبێت، کە بتوانن بەبێ کێشە خۆیان لە کۆمیسیۆن تۆمار بکەن و بچنە ناو کێبڕکێی هەڵبژاردن و، پاش بەدیهێنانی ئەم ئامانجە، لە هاوپەیمانێتی لەگەڵ عەبادی کشانەوە. گرنگترین لایەنه بەشداربووەکانی بریتین لە: ڕێکخراوی بەدر، ئەنجومەنی باڵای شۆڕشی ئیسلامی، حزبوڵڵای عێراق و هتد. ئێران پاڵپشتیی ئەم هاوپەیمانێتییە دەکات.
٤) سائرون: لە ٦ حزب و گرووپ پێک دێن کە گرنگترینیان بریتین لە: "حزب الاستقامة الوطنیة" بە سەرۆکایەتیی "حهسهن عهبدوڵڵا عاقۆلی" کە سەر بە موقتەدا سەدرە و، حزبی شیوعیی عێراق. ئەم لیستە بانگەشەی ئەوە دەکەن کە بەدوورن لە تائیفەگەری و پشکپشکێنە و، ئەندامەکانیان کەسانی تەکنۆکرات و سەربەخۆن.
ب) لایەنە سوننەکان:
١) هاوپەیمانێتیی نیشتمانی (ائتلاف الوطنیة): لە ٢٢ حزب و لایەنی سوننە پێک دێن وەک: "حزب الوفاق الوطني"ی عەلاوی، "تجمع الوطني للاصلاح"ی سەلیم جبووری، "الجبهة العراقیة للحوار الوطني" سەر بە ساڵح موتڵەگ و هتد. ئەیاد عەلاوی، سەرۆکوەزیرانی پێشووتر سەرۆکایەتیی دەکات. عەلاوی سەرەڕای ئەوەی کە بۆ خۆی شیعەیە، بەڵام کەسایەتییەکی پتر لیبراڵە و بەردەوام لەگەڵ لایەن سوننەکان لە هاوپەیمانێتیدا بووە.
٢) هاوپەیمانێتیی بڕیاری عێراقی (تحالف القرار العراقي): لە ١١ حزب و گرووپی عێراقی پێک دێت کە گرنگترینیان بریتین لە: "للعراق متحدون"ی ئوسامە نوجێفی، "المشروع العربي في العراق" سەر بە خەمیس خەنجەر و، "حزب الحق الوطني" سەر بە ئەحمەد مەساری. ئوسامە نوجێفی سەرۆکی پێشووی پەرلەمان سەرۆکایەتیی دەکات.
٣) هاوپەیمانێتیی عەرەبی لە کەرکووک (التحالف العربي في کرکوک): لە ٨ حزب و لایەنی عەرەبی پێک دێن وەک: "حزب الحق"ی ئەحمەد مەساری و، "المشروع العربي في العراق"ی خەمیس خەنجەر و هتد. ڕاکان جبووری سەرۆکایەتیی دەکات.
هەروا سوننەکان چەندین هاوپەیمانێتی و لیستی دیکەیان هەیە وەک: "الانبار هویتنا"، "صلاح الدین هویتنا (مەبەستی پارێزگەی سەلاحەدینە)"، "نینوی هویتنا"، "دیالی التحدي"، "تحالف بغداد" و چەندین لیستی بچووكی دیکە.
ج) لایەنە کوردییەکان:
سەبارەت بە کورد، لە هەرێمی کوردستان هیچ هاوپەیمانێتییەک لە ئارادا نییە، چونکە دەنگەکانی هەر سێ پارێزگهی هەرێم، کە دەکاتە (٤٤) کورسی، بۆ لایەنە کوردییەکان مسۆگەرە. سەبارەت بە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێمیش سەرەتا وا باس دەکرا کە کورد لەو ناوچانە بە یەک لیست دادەبەزێت، بەڵام ئەم هەوڵانە شکستیان هێنا. هەر بۆیە، زۆربەی حزب و لایەنە کوردییەکان لە هەرێم و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم، جگە لە لیستی نیشتمان نەبێ، بەجیا وەک حزب دەچنە ناو کێبڕکێی هەڵبژاردن. لە ناوچەکانی دەرەوەی هەرێم ٢ لیستی کوردی بەم جۆرەی خوارەوە تۆمار کراون کە بریتین لە:
١) لیستی ئاشتیی کوردستانی (قائمة السلام الکوردستانیة): ئەم لیستە لە پارتی و یەکێتی و حزبی شیوعیی کوردستان پێک دێت، کە خالید شوانی سەرۆکایەتیی دەکات. بەڵام دواتر پارتی بڕیاری بایکۆتی هەڵبژاردنی لە کەرکووک و خوورماتوو دا؛ هەر بۆیە بەکردەوە لیستەکە تووشی هەڵوەشانەوە هاتووە.
٢) لیستی نیشتمان: هەر بەم ناوە کوردییە لای کۆمیسیۆن تۆمار کراوە و لە گۆڕان، کۆمەڵی ئیسلامی و هاوپەیمانێتی لە پێناو دیموکراسی و دادپەروەری پێک هاتووە. د. یوسف محەممەد، سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی کوردستان سەرۆکایەتیی دەکات.
جگە لەمەیش، هاوپەیمانێتییەکی تر بە ناوی "الائتلاف الفیلي العراقي" تۆمار کراوە، کە لە دوو لایەنی کوردی فەیلی پێک دێن و، پێناچێت قورسایییەکی ئەوتۆیان لە هەڵبژاردنەکاندا هەبێت.
د) کەمینەکان:
کەمینەکانیش چەندین لیستی جیاوازی خۆیان هەیە وەک ئەمانەی خوارەوە:
١) جبهة ترکمان کرکوک: لە ٥ حزب و گرووپی تورکمانی پێک دێت.
٢) ائتلاف الرافدین: لە دوو حزبی ئاشووری پێک هاتووە.
٣) ائتلاف الکلدان: لە دوو گرووپی کلدانی پێک هاتووە.
هەروا هەندێ گرووپ و لایەنی دیکەی تورکمانی و مەسیحی هەن، کە لەگەڵ لیستەکانی تردا هاوپەیمانێتییان کردووە.
دۆخی کورد لە هەڵبژاردنەکانی مانگی ئایار ٢٠١٨
بە سەرنجدان بەوەی بەپێی یاسای هەڵبژاردنی عێراق، هەر پارێزگهیەک بە بازنەیەکی هەڵبژاردن دادەنرێت، ئەوا کورد لە پارێزگهکانی هەرێم تووشی گرفتێکی ئەوتۆ نابێ و دەتوانین بڵێین هەروەک هەڵبژاردنەکانی ڕابردوو سەرجەم کورسییەکانی ئەم سێ پاریزگهیە بۆ لایەنە کوردییەکان دەڕوات. بەڵام سەبارەت بە ناوچە کوردستانییەکانی دەروەی هەرێم، کە دەکەونە سنووری پارێزگهکانی نەینەوا، کەرکووک، سەڵاحەددین و دیالە، ئەوا لەو شوێنانە کورد لەگەڵ لایەنە عەرەبی و تورکمانییەکان لە ڕکابەرییەکی تونددایە. بە سەرنجدان لە دۆخی دوای ١٦ ئۆکتۆبەر، کە کورد دەسەڵاتی سیاسی، کارگێڕی و سەربازیی ئەو ناوچانەی لەدەست داوە، ئەوا دۆخی کورد لە هەڵبژاردنەکان زۆر قورستر و دژوارتر دەبێت. جگە لەمەیش، ئەمڕۆ کورد لەو ناوچانە، پتر لە هەر سەردەمێکی تر تووشی پرژوبڵاوی هاتووە و یەکڕیز نییە.
لە هەڵبژاردنەکانی ڕابردوو، کورد بەگشتی لە نێوان ١٥-١٧ کورسی لەو ناوچانە هەبووە، بەڵام بە سەرنجدان بە پرژوبڵاویی لایەنە کوردییەکان لەو ناوچانە و نەبوونی هاوپەیمانێتییەکی بەهێزی کوردی، دوور نییە ئەم جارە کورد بەشێک لە کورسییەکانی خۆی لەو ناوچانە لەدەست بدات. ئەمەیش دەتوانێ، کاریگەریی نەرێنیی لەسەر ئاییندەی کورد لەو ناوچانە هەبێت و، تەنانەت کاریگەریی لەسەر جێبەجێکردنی ماددەی (١٤٠)ی دەستووریش دابنێت.
ئەوەی کە دەمێنێتەوە ئەوەیە، کورد هەڵ بدات پاش هەڵبژاردن نەخشەڕێگەیەکی تۆکمە و بەرفراوان بە دوو ئاراستە دابنێت و، چیدیکە لەسەر گۆڕەپانی سیاسیی عێراق پاسیڤ نەبێت و نەبێتە پاشکۆی هێز و لایەنەکانی دیکە، بەڵکوو هەوڵ بدات ببێتە ئەکتەرێکی کاریگەر و گرنگ و خاوەن ڕۆڵ لە داهاتوودا. ئەمەیش بەوە دێتە دی، کە سەرەتا هەموو هێز و لایەنە کوردییە براوەکانی هەڵبژاردن لە یەک فراکسیۆنی پەرلەمانیدا یەک بگرن و پاشان هەوڵی هاوپەیمانێتی لەگەڵ ژمارەیەک لە فراکسیۆنە شیعە و سوننەکان بدەن و، هەوڵ بدەن ببنە فراکسیۆنی زۆرینە یان لانی کەم ببنە یەک لە فراکسیۆنە گەورە و بڕیاربەدەستەکان.
ئەگەر کورد بتوانێ بە هاوپەیمانێتی لەگەڵ هەندێک لایەنی شیعە و سوننە، فراکسیۆنێکی بەهێزی پەرلەمانی پێک بێنێت، ئەوا دەتوانێ خۆی لەو پەراوێزخستنە ڕزگار بکات، چونکە سەردەمی تەوافوق لە عێراق کۆتایی هاتووە و، ئەوەی کە دەتوانێ کاریگەری دابنێت دروستکردنی زۆرینەیەکی پەرلەمانییە. بەپێی راڤەکردنێکی دادگەی باڵای فیدراڵی عێراق لە ساڵی ٢٠١٠، لەسەر دەستەواژەی پاڵێوراوی ئەو فراکسیۆنەی کە زیاترین ئەندامی هەیە (مرشح الکتلة النیابیة الأکثر عددا) کە لە ماددەی (٧٦/یەکەم)ی دەستووردا هاتووە، مەبەست لە فراکسیۆنی زۆرینەی ژمارەیی، ئەو فراکسیۆنەیە کە لەژێر قوببەی پەرلەماندا دروست دەبێت و زیاترین ئەندام لەخۆ دەگرێت. هەر بۆیە، ئەمەیش دەرفەتی هاوپەیمانێتی بۆ فراکسیۆنە کوردییەکان دەڕەخسێنێ، کە بە سەرنجدان بەو پرژوبڵاوییەی کە لەناو ماڵی شیعە و سوننەیشدا هەیە، ئەم دەرفەتە لە ئارادایە و کورد دەتوانێ سوودی لێ وەربگرێت و لەگەڵ ژمارەیەک لەو فراکسیۆنانە ببێت هاوپەیمان.
کۆبەند
پاش ئەوەی کە ئاماژەیەکی کورتمان بە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانیی کرد لە عێراقدا، گرنگترینی ئەو هاوپەیمانێتییانەمان خستە ڕوو، کە ئەمڕۆ لە گۆڕەپانی سیاسیی وڵاتدا تۆمار کراون و، بەشداری لە هەڵبژاردنی پەرلەمانیی مانگی ئایاری ٢٠١٨دا دەکەن. هەروا بە سەرنجدان بە دۆخی ئێستای ناوماڵی کورد و دۆخی سیاسیی زاڵ بەسەر عێراقدا، باشترین ڕێگە بۆ کورد ئەوەیە، هەوڵ بدات هاوپەیمانێتیی ڕاستەقینە لەگەڵ لایەنە شیعە و سوننەکانی عێراقدا بکات و، لەمبارەیەوە بۆ خۆی دەستپێشخەر بێت و خاوەن پرۆژە بێت، نەک چاوی لە دەستی لایەنەکانی تر بێت و، چاوەڕوان بکات ئەوان بەشداریی لاوەکیی پێ بکەن. واتە کورد دەبێ هەوڵ بدات لەژێر ناوی پرۆژەی عێراقی، هەم ئامانجە نەتەوەیییەکانی خۆی بەدی بهێنێت و هەم ببێتە بەشێک لە پرۆژەیەکی گەورەتری نیشتمانی لە چوارچێوەی عێراقدا، بۆ ئەوەی بتوانێ سەرنجی لایەنە عێراقییەکانی تر ڕابکێشێ هەتا بتوانن هاوپەیمانێتییەکی هاوسەنگ و سوودبەخش پێك بهێنن.