پێشەکی
مافی هەڵبژاردن و خۆپاڵاوتن، بە یەکێک لە مافە گرنگە سیاسییەکانی هاووڵاتیان دادەنرێت، کە زۆربەی دەستوور و یاسا و ڕێککەوتننامە نیودەوڵەتییەکان گەرەنتییان کردووە. لە هەر سیستەمێکی دیموکراتیدا، بۆ ئەوەی هەڵبژاردنێکی ئازاد و بێگەرد بەڕێوە بچێت، پێویستە دەنگدەر لە دۆخێکی وەهادا بێت، کە بتوانێ بەئازادانە و بە دوور لە هەر گوشار و ساختەکارییەک ڕای خۆی دەرببڕێت و دەنگی خۆی بدات. بابەتی تاوانەکانی هەڵبژاردن، بە بابەتێکی گرنگ و هەستیار دادەنرێت، چونکە پەیوەندیی بە مومارەسەکردنی مافی هەڵبژاردن و هەڵبژاردنی نوێنەرانی گەل و دەسەڵاتدارانەوە هەیە. هەر بۆیە، پێویستە پرۆسەی هەڵبژاردن، گەرەنتیی یاساییی تەواوی هەبێت بۆ ئەوەی پاک و بێگەرد بێت و، لە هەر کردار و ڕەفتارێکی ناڕەوا بەدوور بێت.
زۆرینەی یاساکانی هەڵبژاردن، بەشێکی تایبەت تەرخان دەکەن بۆ تاوانەکانی هەڵبژاردن لە هەموو قۆناغەکانی هەڵبژاردندا، بۆ ئەوەی ئەم پرۆسەیە لە هەر جۆرە پێشێلکاری و دەستدرێژییەک بەدوور بێت. هەر بۆیە یاسادانەر لە هەر وڵاتێکدا چوارچێوەی ئەو ڕەفتار و کردارانە دیاری دهكات، کە کاریگەرییان لەسەر خاوێنیی پرۆسەی هەڵبژاردن دەبێت؛ لە ڕێگەی دانانی سزا لەسەر پێشێلکارییەکان بۆ ئەوەی لە چوارچێوەیەکی یاساییدا بەڕێوە بچێت. یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ژمارە (٤٥) ساڵی ٢٠١٣، لە پاژی حەوتەم لە بەندەکانی ٣١-٣٧، باسی لە تاوانەکانی هەڵبژاردن کردووە، کە لە لەم بابەتەدا باسی لێوە دەکەین.
پێناسەی تاوانەکانی هەڵبژاردن
لە یاسای هەڵبژاردنی وڵاتانی جۆراجۆری جیهاندا، لەسەر ناونانی تاوانەکانی هەڵبژاردن ناکۆکی هەیە: هەندێکیان بە تاوانەکانی هەڵبژاردن، یان هەڵبژاردنەکان و، هەندێکی تر بە سەرپێچییەکانی هەڵبژاردن ناوی لێ دەبەن. لە هەندێ یاسا، توندوتیژیی هەڵبژاردن و لە یاسازانیی (فقە) فەڕەنسی وشەی فێڵی (غش) هەڵبژاردن بەکار هاتووە. لە یاسای هەڵبژاردنەکانی عێراق ژمارە (٤٥) ساڵی ٢٠١٣، زاراوەی "الجرائم الانتخابیة/تاوانەکانی هەڵبژاردن" بەکار هاتووە. هەرچەندە جیاوازی لەسەر ناولێنانەکەی هەبێت، بەڵام لە ڕووی واتا و ناوەڕۆکەوە جیاوازییان نییە و بریتییە لەو تاوانانەی، کە بە دەستدرێژی بۆ سەر پرۆسەی هەڵبژاردن دادەنرێن.
تاوانەکانی هەڵبژاردن، بریتییە لە هەر کردارێکی ئەرێنی، یان نەرێنی، کە یاسا سزای بۆ داناوە و دەبێتە هۆی دەستدرێژیکردن بۆ سەر مافێکی سیاسی، واتە "هەڵبژاردن"، لە ڕێگەی بەئامانجکردنی باش بەڕێوەچوون و بێگەردبوونی پرۆسەی هەڵبژاردن؛ کە ئەمەیش لە کردنەوەی تۆماری لیستەکانی هەڵبژاردن دەست پێ دەکات، هەتا خۆپاڵاوتن و ڕاگەیاندنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن. جیاوازی نییە ئەم کردارە بە هۆی لایەنەکانی پرۆسەی هەڵبژاردنەوە ئەنجام درابێت (دەنگدەر، یان پاڵێوراو، یان فەرمانبەرانی ناوەندەکانی هەڵبژاردن)، یان هەر کەسێکی تر ئەنجامی بدات یاخود دژ بەوان ئەنجام درابێت.
سەبارەت بە سروشتی ئەم تاوانە، هەندێ کەس بە تاوانێکی ئاسایی لە قەڵەم دەدەن، بەڵام بۆچوونی پەسەند لە فقهی یاسایی ئەوەیە، کە بە تاوانێکی سیاسی لە قەڵەم دەدات، چونکە پاڵنەر و مەبەستی تاوانبار بۆ ئەنجامدانی ئەم تاوانە، سیاسییە. هەروا دادگەی تەمیزی فەڕەنسی و میسری و یاسازانیی (فقه) فەڕەنسی بە تاوانی سیاسیی لە قەڵەم دەدەن، چونکە دەستدرێژییە بۆ سەر مافێکی سیاسیی هاووڵاتیان.
تاوانەکانی هەڵبژاردن
تاوانەکانی هەڵبژاردن بە هەموو شێوازەکانییەوە، لەوانەیە لە قۆناغی ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردن (تۆمارکردن، تۆمارەکانی هەڵبژاردن و بانگەشەی هەڵبژاردن)، یان لە قۆناغی دەنگدان، یان قۆناغی جیاکردنەوەی دەنگەکان و ڕاگەیاندنی ئەنجامەکان ڕوو بدەن. ئامانج لە گونجاندنی دەقی سزایی لە یاساکانی هەڵبژاردن بۆ تاوانەکانی هەڵبژاردن، گەرەنتیکردنی خاوێنی و بێگەردیی هەڵبژاردنە، بۆ ئەوەی دەرفەتی دەنگدانی ئازادانە بەدوور لە هەر کاریگەرییەک بۆ دەنگدەر و، دەرفەتی ڕکابەریی یاسایی بۆ پاڵیوراوان بڕەخسێت.
تاوانەکانی هەڵبژاردن، بۆ سەر چوار گرووپی سەرەکی پۆلێن دەکرێن کە بریتین لەمانەی خوارەوە:
یەکەم/ ئەو تاوانانەی کە بەرامبەر بە کەسەکان ئەنجام دەدرێن:
مەبەست ئەو تاوانانەیە، کە ئەنجام دەدرێن بەرامبەر بە دەنگدەر، پاڵێوراو، یان نوێنەرەکانیان، فەرمانبەرانی ناوەندەکانی دەنگدان، یان ئەو کەسانەی کە پرۆسەی هەڵبژاردن ئهنجام دهدهن. ئەم کەسانە، دەکرێ تاوانلێکراو، یان ئەنجامدەری تاوان بن و ئەم تاوانانەی خوارەوە لەخۆ دەگرێت:
١) کوشتن: هەندێ جار لە کاتی هەڵبژاردنەکان دەنگدەر، یان پاڵێوراو، یان فەرمانبەرانی ناوەندەکانی دەنگدان ڕووبەڕووی کرداری کوشتن و کرداری تیرۆریستی دەبنەوە. ئەم تاوانە، لەوانەیە لە هەموو قۆناغەکانی پرۆسەکە ئەنجام بدرێ. لەم کاتەدا ئێمە لە بەردەم تاوانێکی تایبەت بە هەڵبژاردنین. هەرچەندە زۆرینەی یاساکانی هەڵبژاردن لەمبارەیەوە بێدەنگن و، وا گریمانەیان کردووە کە ئەم تاوانە دەچێتە ژێر چەتری یاسای سزاکان، بەڵام وا باشە لە پێناو پارێزگاریی یاساییی زیاتر بۆ هەڵبژاردنەکان، ئەگەر ئەم تاوانە پەیوەست بوو بە پرۆسەی هەڵبژاردن، ئەوا سزاکەی توندتر بکرێت، چونکە تاوانلێکراو لێرەدا هەڵگری سیفەتێکی تایبەتە، کە پەیوەندیی بە پرۆسەی هەڵبژاردنەوە هەیە. دەکرێ ئەمە بە یەکێک لە کەموکورتییەکانی یاساکانی هەڵبژاردن لە قەڵەم بدرێت. لە یاسای هەڵبژاردنی ژمارە (٤٥) ساڵی ٢٠١٣، ئاماژە بەم تاوانە نەکراوە؛ هەر بۆیە لە کاتی ڕوودانی تاوانی لەو جۆرە، دەکەوێتە ژێر چەتری یاسای سزاکانی عێراقی ژمارە (١١١) ساڵی ١٩٦٩.
٢) ئازاردان: هەندێ جار لایەنەکانی پرۆسەی هەڵبژاردن، دەکەونە بەر ئازاردانی سادە، یان توند و، ئازاری جەستەیییان پێ دەگات. ئەمەیش بە هۆی لێدان، برینداربوون، توندوتیژی، پێدانی ماددەی زیانبەخش، یان هەر شێوازێکی دیکەی پێچەوانەی یاسا دێتە دی، کە تەندروستیی جەستەیییان دەخاتە مەترسییەوە. لە بەندی ٣٢/بڕگەی شەشەمی یاسای هەڵبژاردنی عێراقیی بەرکار دەڵێت: ئەگەر کەسێک لەو کەسانە بدات، کە لە ناوەندەکانی دەنگداندا کار دەکەن، ئەوا سزا دەدرێت بە بەندکردن کە ماوەکەی لە یەک ساڵ کەمتر نەبێت. لەم بڕگەیەدا، تەنیا باس لەو کەسانە دەکات کە لە ناوەندەکانی دەنگدان کار دەکەن، بەڵام هەق وا بوو یاسادانەر سنووری پاراستنەکەی فراوانتر بکردایە و دەنگدەران و پاڵێوراوانی هەڵبژاردنیشی بگرتایەتەوە. دەکرێ بۆ پاراستنی یاساییی کەسانی دیکە، کە تووشی ئەم جۆرە تاوانە دەبنەوە، بگەڕێینەوە بۆ یاسای سزاکانی عێراقی کە لە بەندەکانی ٤١٢-٤١٦ باسی لێوە کردووە.
٣) ڕفاندن: هەموو لایەنەکانی بەشدار لە پرۆسەی هەڵبژاردن (دەنگدەر، پاڵێوراو و فەرمانبەرانی ناوەندەکانی دەنگدان) لە هەموو قۆناغەکانی پرۆسەکە، لەوانەیە ڕووبەڕووی ئەم تاوانە ببنەوە. هەندێ جار ڕەنگە خزم و کەس و تەنانەت دۆستانیشیان ڕووبەڕووی ئەم تاوانە ببنەوە، کە ئامانجەکەی لەوانەیە وەرگرتنی پارە، یان کشانەوە لە پرۆسەی هەڵبژاردن، یان داواکارییەکی پەیوەست بە هەڵبژاردن بێت. یاسای هەڵبژاردنی عێراقی، ئاماژەی بەم تاوانە نەداوە و ئەم بابەتەی بۆ یاسای سزاکان بەجێ هێشتووە. هەر بۆیە لە حاڵەتی ڕوودانی ئەم تاوانە، ئەوا دەکەوێتە ژێر چەتری بەندەکانی ٤٢١-٤٢٧ لە یاسای سزاکانی عێراقی، ژمارە (١١١) ساڵی ١٩٦٩.
دووەم/ ئەو تاوانانەی کە لەسەر ماڵ و سامان ئەنجام دەدرێن:
ئاشکرایە کە ماڵ و سامان لە ڕووی یاسایییەوە بەسەر دوو جۆری گوازراوە (منقول) و نەگوازراوە (غیرمنقول) دابەش دەکرێت، کە بەدەر لە کەسەکان، هەر یەک لەوانەیش دەکرێ شوێنگە (محل)ی تاوان بن. بۆیە، دەبێ ماڵ و سامانیش بکەوێتە ژێر چەتری پارێزگاریی یاسایی، تا دەستدرێژی بەرامبەریان ئەنجام نەدرێت، چونکە پرۆسەی هەڵبژاردن تەنیا لایەنەکانی هەڵبژاردن نییە، بەڵکوو کەرەستەکانی هەڵبژاردنیش دەگرێتەوە.
١) ئەو تاوانانەی دژ بە ماڵ و سامانی گوازراوە ئەنجام دەدرێن: ماڵ و سامانی گوازراوە، بریتییە لەوانەی کە بەبێ لەناوچوون، یا زیانپێگەیشتن دەگوازرێنەوە. لێرەدا، مەبەست ئەو کەرەستانەیە کە لە پرۆسەی هەڵبژاردندا بەکار دێن، وەک: تۆماری دەنگدەران، پەڕەکانی دەنگدان، مۆر، حوبر، سندووقەکانی دەنگدان، قوفڵ، کابینەکانی دەنگدان و...، کە دەکرێ ببنە کەرەستەیەک کە تاوانیان لەسەر ئەنجام بدرێت. هەر بۆیە، لەوانەیە لایەنەکانی هەڵبژاردن (وەک دەنگدەر، پاڵێوراو، فەرمانبەرانی هەڵبژاردن و لایەنە سیاسییەکان) دهست بۆ ئەنجامدانی تاوان ببهن دژ بەم کەرەستانە وەک: دزین، یان لەناوبردن، دەستبەسەرداگرتن و هتد.
لە بەندی ٣٢/ حەوتەمی یاسای هەڵبژاردنی عێراقیدا هاتووە: ئەگەر کەسێک یاری بە سندووقەکانی دەنگدان، یان تۆمارەکانی دەنگدەران، یان هەر دیکۆمینتێکی تری پەیوەست بە هەڵبژاردن بکات، ئەوا سزا دەدرێت بە ماوەیەک، کە کەمتر نەبێت لە یەک ساڵ.
هەروا لە بەندی ٣٣/ یەکەمدا هاتووە: هەر کەسێک کە دەست بەسەر پەڕەکانی دەنگدان، یان تۆمارەکانی دەنگدەراندا بگرێت، یان بیشارێتەوە، یان لەکیسی بدات، یان بیفەوتێنێ، یان تێکی بدات، یان بیدزێت، یان بە هەر شێوازێک لە شێوازەکان ئەنجامەکانی بگۆڕێت، سزا دەدرێت بە بەندکردن، لە ماوەیەک کە کەمتر نەبێت لە ساڵێک و، بە بژاردنێک (غەرامە) کە کەمتر نەبێت لە یەک ملیۆن دینار و زیاتر نەبێت لە پێنج ملیۆن دینار، یان بە هەر دوو سزاکە.
بەدەر لەو حاڵەتانە، ئەگەر بێت و تاوانێکی وەها ئەنجام بدرێت کە لە یاسای هەڵبژاردندا ئاماژەی پێ نەکرابوو، ئەوا دەگەڕێینەوە بۆ یاسای سزاکانی عێراقی، بۆ نموونە بەندەکانی ٣٠٠ یان ٤٥١-٤٥٢ لە یاسای ئاماژەپێکراو.
٢) ئەو تاوانانەی دژ بە ماڵ و سامانی نەگوازراوە ئەنجام دەدرێن: مەبەست ئەو تاوانانەیە کە دژ بە شوێنەکانی تایبەت بە هەڵبژاردن ئەنجام دەدرێن، وەک: ناوەندی تۆماری دەنگدەران، ناوەندەکانی دەنگدان، ناوەندە لاوەکییەکان و ناوەندە سەرەکییەکانی هەڵبژاردن یان هەر خانوویەک کە تەرخان کرابێت بۆ چاودێریکردنی پرۆسەی هەڵبژاردن؛ چ بە شێوەی هەمیشەیی، یان کاتی بێت. هەروا ماڵی دەنگدەران، یان پاڵێوراوان، یان بەرپرسان و فەرمانبەرانی ناوەندەکانی دەنگدان، یان بارەگەی حزبە سیاسییەکان، دەتوانرێت لەم چوارچێوەیەدا جێی بۆ بکرێتەوە.
بەندی ٣٢/پێنجەم لە یاسای هەڵبژاردنی بەرکار باس لەوە دەکات، ئەگەر کەسێک چووە ناو شوێنی تەرخانکراو بۆ هەڵبژاردن بە چەکی ئاگرین، یان بریندارکەر، پێچەوانەی ئەحکامی ئەم یاسایە، ئەوا سزا دەدرێت بە بەندکردن بۆ ماوەیەک کە کەمتر نەبێت لە یەک ساڵ.
سێیەم/ ئەو تاوانانەی دژ بە ئابڕوو و ناوبانگ ئەنجام دەدرێن:
بریتییە لە تاوانەکانی جنێودان و تۆمەتخستنە پاڵ کەسێک لە کاتی پرۆسەی هەڵبژاردن، کە پتر لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردن و بە زۆری دژ بە پاڵێوراوان ئەنجام دەدرێت. ئەو بانگەشە درۆیانەی، کە پاڵێوراوێک دەیخاتە پاڵ پاڵێواراوانی دیکە، یان لە دەزگەکانی ڕاگەیاندن بە هەموو جۆرەکانییەوە بڵاو دەکرێنەوە و، دەبنە هۆی کەمکردنەوەی پێگە، یان زڕاندنی ناوبانگ، یان ڕێگریکردن لە هەڵبژاردنیان، ئەوا دەچنە خانەی ئەم جۆرە تاوانانە و، یاسا سزای بۆ داناوە. هەرچەندە یاسای سزاکانی عێراقی لە بەندەکانی ٤٣٣-٤٣٦ باسی لە تاوانەکانی جنێودان و تۆمەتخستنە پاڵ کەسانی تر کردووە، بەڵام یاسای هەڵبژاردنەکانی بەرکاریش لە بەندی ٣٢/چوارەم دەڵێت: هەر کەسێک لە نێوان دەنگدەران هەواڵێکی ناڕاستی وا بڵاو بکاتەوە، یان بیدرکێنێ دەربارەی ڕەفتاری یەکێک لە پاڵێوراوان، یان ناوبانگیان بە مەبەستی دانانی کاریگەری لەسەر بۆچوونی دەنگدەران و ئەنجامەکانی هەڵبژاردن، سزا دەدرێت بە بەندکردن بۆ ماوەیەک کە لە ساڵێک کەمتر نەبێت.
هەروا لە بەندی ٣٢/شەشەم دەڵێ: هەر کەسێک جنێو بدات، یان تۆمەت بخاتە پاڵ کەسانی تر، یان بە لێدان دەستدرێژی بکاتە سەر ئەو کەسانەی کە لە ناوەندەکانی دەنگداندا کار دەکەن، ئەوا سزا دەدرێت بە بەندکردن بۆ ماوەیەک کە لە یەک ساڵ کەمتر نەبێت.
چوارەم/ ئەو تاوانانەی کە دژ بە بێگەردی و ئازادیی هەڵبژاردن ئەنجام دەدرێن:
لە هەر سیستەمێکی دیموکراتیدا، بۆ ئەوەی هەڵبژاردن ڕۆڵی خۆی بگێڕێت، پێویستە ئازاد و بێگەر بێت. ئازاد بەو واتایە کە دەنگدەر لە دۆخێکدا بێت، بە ویست و خواستی خۆی بە دوور لە هەر کاریگەرییەک ڕای خۆی دەرببڕێت؛ بێگەردییش بەو واتایە، کە ئەنجامەکانی هاوتا بێت لەگەڵ ویست و خواستی دەنگدەران. بەڵام سەرباری ئەوەیش، هەندێ جار کۆمەڵێک تاوان وەک هەڕەشە، بەرتیل و ساختەکاری، کاریگەرییان لەسەر پرۆسەکە هەیە و، بە گرنگترینی ئەو تاوانانە دادەنرێن کە کاریگەرییان لەسەر بێگەردی و ئازادیی هەڵبژاردنەکان هەیە:
١) بەرتیل: بریتییە لە پێشکەشکردنی دیاری، سامان، بەخشش، خزمەت، یان هەر بەرژەوەندییەک بە دەنگدەران لە بەرامبەر پێدانی دەنگەکانیان بە پاڵێوراو، یان لیستێکی دیاریکراو (تاوانی کڕینی دەنگەکان)، کە هەندێ جار بە بەرتیلی هەڵبژاردنیش ناوی لێ دەبردرێت، بۆ جیاکردنەوەی لەو بەرتیلەی، کە فەرمانبەر وەری دەگرێت.
لە زۆربەی یاساکانی تایبەت بە هەڵبژاردن، ئەم ڕەفتارە بە تاوان هەژمار کراوە و یاسای هەڵبژاردنی عێراقی ژمارە (٤٥) ساڵی ٢٠١٣یش لە بەندی ٣٢/دووەم، ئاماژەی بەم تاوانە کردووە و دەڵێت: هەر کەسێک کە ببەخشێت، یان پێشکەش بکات، یان بەڵێن بدات بە پێدانی قازانجێک بە دەنگدەر بۆ خۆی یان بۆ کەسێکی تر، بە جۆرێک کە بە شێوازێکی دیاریکراو دەنگ بدات، یان خۆی لە دەنگدان ببوێرێت، سزا دەدرێت بە بەندکردن کە ماوەکەی کەمتر نەبێت لە ساڵێک. هەروا لە بەندی ٣٢/سێیەم، هەمان سزای دیاری کردووە و دەڵێت: ئەو کەسەی کە ئەرکیەتی خزمەتێکی گشتی لە پرۆسەی هەڵبژاردندا ئهنجام بدات، قازانجێک بۆ خۆی یان بۆ کەسێکی تر قبووڵ بکات، یان داوای بکات.
شیاوی باسە، یاسادانەر بەپێچەوانەی یاسای سزاکان، بەرتیلی هەڵبژاردنی تایبەت نەکردووە بە فەرمانبەر، یان ئەو کەسەی کە ئەرکێکی گشتیی پێ سپێردراوە، بەڵکوو دەڵێت هەر کەسێک، واتە دەنگدەر، پاڵێوراو، فەرمانبەرانی ناوەندەکانی هەڵبژاردن و... دەگرێتەوە و ئەمەیش بە ئاراستەیەکی باش لەم بوارەدا دادەنرێت.
٢) ساختەکاری: بە یەکێک لە مەترسیدارترین تاوانەکانی تایبەت بە پرۆسەی هەڵبژاردن لە قۆناغە جۆراوجۆرەکاندا دادەنرێت. ساختەکاری، بریتییە لە ڕێکارێکی ماددی بۆ یاریکردن بە ویستی دەنگدەر؛ کە ئەمەیش لە ڕێگەی دەنگدان لە بری کەسانی مردوو، یان ئامادەنەبوو (غائب) یان زیادکردنی ژمارەی دەنگدەران لە تۆمارەکانی دەنگداندا دێتە دی. هەر بۆیە، بە ساختەکردن لە ویستی تاکەکان و گۆڕینی ڕاستییەکان لە قەڵەم دەدرێت. گۆڕانکاری لە ڕاستییەکان، دەکرێ لە تۆماری دەنگدەران، پەڕەکانی دەنگدان، فۆرمی جیاکردنەوەی دەنگەکان و ڕاگەیاندنی ئەنجامە کۆتایییەکان بێت و، لە هەر قۆناغێکی هەڵبژاردندا بێت سزای یاسایی دەیگرێتەوە. ئەم ساختەکارییە، دەکرێ فەرمانبەرانی ناوەندەکانی دەنگدان، یان هەر کەسێکی تر ئەنجامی بدات.
لە یاسای هەڵبژاردنی عێراقیی بەرکار لە بەندی ٣١دا هاتووە: سزا دەدرێت بە بەندکردن، کەمتر نەبێت لە شەش مانگ و، بە بژاردنێک کەمتر نەبێت لە (٢٥٠٠٠٠) دینار و، زیاتر نەبێت لە (١٠٠٠٠٠٠) دینار، هەر کەسێک کە:
یەکەم: بەئەنقەست ناو، یان ناوەکان، یان سیفاتێکی ساختە لە تۆماری دەنگدەراندا تۆمار بکات، یان بەئەنقەست ناوێک تۆمار نەکات کە پێچەوانەی ئەحکامەکانی ئەم یاسایە بێت.
دووەم: ناوی خۆی، یان کەسێکی تر بەبێ بوونی مەرجی یاساییی داواکراو تۆمار بکات و، بسەلمێت کە ئاگاداری ئەمە بووە و، هەر کەسێک کە ناوی کەسێکی تر تۆمار نەکات، یان بیسڕێتەوە.
سێیەم: لە هەڵبژاردن دەنگ بدات و، بزانێت کە ناوەکەی لە تۆماری دەنگدەران بەپێچەوانەی یاسا تۆمار کراوە، یاخود بۆ بەکارهێنانی مافی لە هەڵبژاردندا، مەرجی یاساییی داواکراوی نەبێت.
چوارەم: بەئەنقەست لە بری کەسێکی دیکە دەنگ بدات.
پێنجەم: نهێنیی دەنگدانی دەنگدەر بەبێ ڕەزامەندیی ئەو ئاشکرا بکات.
شەشەم: مافی خۆی لە هەڵبژاردن، زیاتر لە جارێک بەکار بهێنێت.
حەوتەم: ویستی دەنگدەری نەخوێندەوار بگۆڕێت و ناوێک بنووسێت، یان ئاماژەیەک دابنێت جگە لەوەی کە دەنگدەر مەبەستی بووە، یان گرفت بۆ هەر دەنگدەرێک دروست بکات بۆ ڕێگریلێکردنی لە مومارەسەکردنی مافی هەڵبژاردنی خۆی.
هەروا لە بەندی ٣٢/حەوتەمدا هاتووە: هەر کەسێک کە یاری بە سندووقەکانی دەنگدان، یان تۆمارەکانی دەنگدەران، یان هەر دیکۆمێنتێکی دیکەی پەیوەست بە هەڵبژاردن بکات، سزا دەدرێت بە بەندکردن، بۆ ماوەیەک کەمتر نەبێت لە ساڵێک. هەروا لە بڕگەی هەشتەم هەمان سزای بۆ ئەو کەسە دیاری کردووە کە خۆی لە زیاتر لە بازنەیەک، یان لیستێک دەپاڵێوێت.
٣) هەڕەشەکردن: تاوانی هەڕەشە، دەکرێ لەسەر هەموو لایەنەکانی پرۆسەی هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت وەک: دەنگدەر، پاڵێوراو و فەرمانبەرانی ناوەندەکانی دەنگدان و ئەندامانی حزب و لیستە ڕکابەرەکان و کەسوکاریان بۆ ئەوەی ناچاریان بکەن لە قازانج، یان دژ بە کەس، یان لیستێکی دیاریکراو دەنگ بدەن یاخود لە پرۆسەی هەڵبژاردن بکشێنەوە. هەر بۆیە، ئەو گوشارە جەستەیی، یان مەعنەوییەی کە بەرامبەر بە کەسی هەڕەشەلێکراو ئەنجام دەدرێت وا دەکات، لە دەربڕینی ڕای خۆیدا ئازادیی تەواوی نەبێت؛ کە ئەمەیش کاریگەریی نەرێنی لەسەر ئازادی و بێگەردیی هەڵبژاردن دادەنێت.
لە یاسای هەڵبژاردنی بەرکاری عێراقیدا لە بەندی ٣٢/ یەکەمدا هاتووە: هەر کەسێک هێز، یان هەڕەشە بەکار بهێنێت بۆ قەدەغەکردنی دەنگدەر لە بەکارهێنانی مافی خۆی، بە جۆرێک کە ناچاری بکات بە شێوازێکی دیاریکراو دەنگ بدات یان ڕێگریی لێ بکات لە دەنگدان، سزا دەدرێت بە بەندکردن، کەمتر نەبێت لە ساڵێک.
هەروا لە بەندی ٣٣/دووەمدا هاتووە: ئەو کەسەی کە لە ڕێگەی بەکارهێنانی هێز، یان هەڕەشەوه، زیان بە ئازادیی هەڵبژاردن، یان سیستەمەکەی بگەیەنێت، سزا دەدرێت بە بەندکردن، بۆ ماوەیەک کە کەمتر نەبێت لە ساڵێک و بە بژاردنێک کەمتر نەبێت لە یەک ملیۆن دینار و زیاتر نەبێت لە پێنج ملیۆن دینار، یان بە هەر دوو سزاکە. هەروا لە بەندی ٣٦ی یاساکەدا هاتووە: دەستپێکردنی تاوانەکانی هەڵبژاردن کە لەم یاسایەدا هاتووە، بە تاوانی تەواو هەژمار دەکرێت و سزا دەدرێت. لە بەندی ٣٧یشدا ئاماژەی بەوە داوە کە ئەگەر قەوارەیەکی سیاسی، هەر یەک لەو تاوانانە ئەنجام بدات کە لەم یاسایەدا هاتوون، ئەوا بە بژاردنی دارایی بە بڕی (٢٥٠٠٠٠٠٠) دینار سزا دەدرێت.
ئەنجام
چەمکی تاوانەکانی هەڵبژاردن، بە زاراوەیەکی نوێ دادەنرێ کە پەیوەندیی بە سەرهەڵدانی چەمکی هەڵبژاردنەوە هەیە، وەک ئامرازێک بۆ وەدەستهێنانی دەسەڵات. هەرچەندە یاسای هەڵبژاردنی عێراق ژمارە (٤٥) ساڵی ٢٠١٣، باسی لە هەندێک لەو تاوانانە کردووە، بەڵام لە کاتی ئاماژەپێنەکردنی لەو یاسایەیشدا، ئەوا دەکرێ بگەڕێینەوە بۆ یاسای سزاکانی عێراقی، کە لەم بوارەدا بە یاسای دایک دادەنرێت. هەروا تاوانەکانی هەڵبژاردن، بە تاوانی بەئەنقەست دادەنرێن، کە تێیدا ئەنجامدەری تاوان، بۆ زیانگەیاندن بە پرۆسەی هەڵبژاردن، ویست و ئیرادەی هەیە. جگە لەمەیش تاوانەکانی هەڵبژاردن بە تاوانێکی سیاسی لە قەڵەم دەدرێن، لەبەر ئەوەی دەستدرێژییە بۆ مافێکی سیاسیی هاووڵاتیان، کە مافی هەڵبژاردنی ئازادە.