پێشەکی:
بە درێژاییی ١٥ ساڵی ڕابردوو، هەڵبژاردنی پەرلەمانیی عێراق ئەنجامی جیاواز و چاوەڕواننەکراوی هەبووە، واتە ئەنجامەکانی هەر خولێک لەگەڵ ئەوی تر جیاوازیی هەبووە؛ هەربۆیە سروشت و دۆخێکی سیاسیی جیاوازی خوڵقاندووە. هەروا هەموو کات حزبی دەسەڵاتدار براوەی یەکەم نەبووە و، دەستاودەستکردنی دەسەڵات هەمیشە ئاشتییانە و لە ڕێگەی سندووقەکانی هەڵبژاردنەوە بووە. ئەمەیش لە کۆمەڵگە ڕۆژهەڵاتییەکان و بەتایبەت ئیسلامییەکان، شتێکی چاوەڕواننەکراوە، کە هەمیشە یان حزبی دەسەڵاتدار براوەی یەکەمە یان گۆڕانکارییەکان و دەستاودەستکردنی دەسەڵات بە شۆڕش، کودهتا، تیرۆر، جەنگی ناوخۆ و توندوتیژی دێتە دی. بۆ نموونە هەر لەم خولەی ئێستا، لیستی حزبی دەسەڵاتدار، واتە لیستی نەسر، بە دوور لە پێشبینییەکان، بوو بە لیستی سێیەم. ئەمەیش سەرەڕای کەموکورتییەکانی هەڵبژاردن لە ئەگەری بەردەوامبوونیدا، دەتوانێ ئاماژەیەکی ئەرێنی و باش بێت لە گوزەر بەرەو دیموکراسی.
ئەنجامەکانی چوارەمین خولی هەڵبژاردن لە ١٢/ئایاری/٢٠١٨، وەرچەرخانێکی گرنگی لە هاوکێشە سیاسییەکاندا دروست کرد. ئەمەیش بە نۆرەی خۆی کاریگەریی هەیە لەسەر گفتوگۆکانی پێکهێنانی حکوومەتی داهاتوو، کە چاوەڕوان دەکرێت حکوومەتێکی هاوپەیمانیی لەرزۆک بێت. جگە لەمەیش ئەم ئەنجامانە و ئەو دابەشبوونە سیاسییە کە هاتۆتە ئاراوە، ڕۆڵی هەیە لەسەر ئەگەری پێکهێنانی حکوومەتی پشکپشکێنەی سیاسی و دابەشکردنی پۆستەکان لە نێوان لایەنە سیاسییەکان و، تەنانەت کاریگەریی دەبێت لەسەر ڕۆڵی هێزە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان وەک ئێران، سعوودیا، تورکیا و ئەمریکا. لەم وتارەدا بە سەرنجدان لە ئەنجامە فەرمییە وەدەستهاتووەکان، هەوڵ دەدەین ئەو ئەگەر و سیناریۆیانە بخەینە ڕوو، کە لە بەردەم پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراقدان.
لایەنە براوەکانی هەڵبژاردن
لەم خولەی هەڵبژاردنی پەرلەماندا، پتر لە ٨٧ حزب و لیست و قەوارەی سیاسی لە کێبڕکێدا بوون، بەڵام لە ئەنجامدا تەنیا ژمارەیەک لەو لیستانە براوە بوون. لێرەدا ئاماژە بە گرنگترینیان دەکەین، کە ڕۆڵیان هەیە لەسەر هاوکێشە سیاسییەکانی عێراق بەم جۆرەی خوارەوە:
١) هاوپەیمانیی سائیرون بەرەو چاکسازی (تحالف سائرون نحو اصلاح): پلەی یەکەمی لەم خولەدا بەدەست هێنا و ٥٤ کورسیی بردەوە و، لە پارێزگەکانی بەغدا، واسیت، نەجەف، زیقار و موسەنا بوو بە یەکەم. ئەم لیستە لە هاوپەیمانیی نێوان "حزب الاستقامة" سەر بە موقتەدا سەدر، "حزب شیوعي"، "تجمع الجمهوري"، "حزب الدولة العادلة" و چەند گرووپێکی تر پێک هاتووە و موقتەدا سەر سەرۆکایەتیی دەکات.
٢) هاوپەیمانیی فەتح (ائتلاف الفتح): بە بردنەوەی ٤٧ کورسی، پلەی دووەمی بەدەست هێنا و لە پارێزگەکانی بەسرە، کەربەلا، قادسیە، بابل و دیوانییە لیستی یەکەم بوو. هادی عامری سەرۆکایەتیی دەکات و لە چەندین حزب و گرووپ پێک هاتووە وەک: ڕێکخراوی بەدر، ئەنجومەنی باڵای شۆڕشی ئیسلامی و چەند گرووپێکی حەشدی شەعبی.
٣) هاوپەیمانیی نەسر (ائتلاف النصر): بە بردنەوەی ٤٢ کورسی، پلەی سێیەمی بەدەست هێنا و، سەرۆکوەزیری ئێستای عێراق، حەیدەر عەبادی سەرۆکایەتیی دەکات. لە چەندین حزب و گرووپی جیاواز پێک هاتووە وەک: "حزب الفضیلة"، "حرکة مستقلین"، "تیار الاصلاح"، "کتلة عطاء"، "بیارق الخیر"، "معاهدون" و هتد. لە پارێزگەی نەینەوا براوەی یەکەم بوو.
٤) هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا (ائتلاف دولة القانون): لەم هەڵبژاردنە ٢٦ کورسیی بەدەست هێناوە و بووە پلەی چوارەم و، سەرۆکوەزیرانی پێشوو، نووری مالکی سەرۆکایەتیی دەکات. لە کۆمەڵێک گرووپ و کەسایەتیی سیاسی پێک هاتووە وەک: "تیار الوسط"، "حرکة البشائر الشبابیة"، "حزب دعاة السلام"، "الانتفاضة والتغییر"، "کتلة معا للقانون"، "الحزب المدني" و هتد.
٥) پارتی دیموکراتی کوردستان: خاوەنی ٢٥ کورسییە و، سەرۆکی پێشووی هەرێم، مەسعوود بارزانی سەرۆکایەتیی دەکات.
٦) هاوپەیمانیی نیشتمانی (ائتلاف الوطنیة): خاوەنی ٢١ کورسییە و، ئەیاد علاوی، سەرۆکایەتیی دەکات و، لە چەندین لایەن و کەسایەتیی سیاسی پێک دێت وەک: "حرکة الوفاق الوطني"، "حزب التجمح المدني للاصلاح" و "ائتلاف العربیة" و هتد.
٧) ڕەوتی حیکمە ی نیشتمانی (تیار الحکمة الوطني): ١٩ کورسیی بەدەست هێناوە و عەمار حەکیم سەرۆکایەتیی دەکات.
٨) یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان: ١٨ کورسیی بەدەست هێناوە و لە کاتی ئێستادا کۆسرەت ڕەسوول عەلی کەسی یەکەمی ئەم حزبەیە.
٩) هاوپەیمانیی بڕیاری عێراقی (تحالف القرار العراقي): ١٤ کورسیی پەرلەمانی بەدەست هێناوە و ئوسامە نوجێفی، سەرۆکی پێشووی پەرلەمان سەرۆکایەتیی دەکات.
جگە لەم نۆ لیست و هاوپەیمانێتییە سەرەکییانە، چەندین لیست و قەوارەی تر هەن کە براوەن و ناتوانن سەنگێکی ئەوتۆیان لە دروستکردنی فراکسیۆنی زۆرینەدا هەبێت، وەک: "الانبار هویتنا" ٦ کورسی، بزووتنەوەی گۆڕان ٥ کورسی، "تحالف بغداد" ٤ کورسی، نەوەی نوێ ٤ کورسی، "تحالف قلعة الجماهیر الوطنیة"، "تحالف العربي في کرکوک"، "الجبهة الترکمانیة"، "نینوی هویتنا)" و "حرکة الارادة" هەر یەکەیان ٣ کورسییان هێناوە.
ڕێکارە دەستوورییەکانی پێکهێنانی حکوومەت
بەپێی بەندی ٥٤ لە دەستووری عێراقی ساڵی ٢٠٠٥، سەرۆککۆمار پاش ١٥ ڕۆژ لە ڕێکەوتی پەسندکردنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی گشتی، بە مەرسوومێکی سەرۆکایەتی داوای گرێدانی دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەران دەکات و، کۆبوونەوەکەیش بە سەرۆکایەتیی بەتەمەنترین ئەندامی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان و جێگرەکانی بەڕێوە دەچێت. هەروا بەپێی بەندی ٥٥ لە دەستوور، لە یەکەم دانیشتندا بە زۆرینەی ڕەهای دەنگی ئەندامانی پەرلەمان، لە ڕێگەی دەنگدانێکی نهێنی و ڕاستەوخۆ، سەرۆک و هەر دوو جێگرەکەی هەڵدەبژێردرێن.
بەپێی بەندی ٧٢/دووەم/ب لە دەستوور، سەرۆککۆمار لەسەر کاری خۆی بەردەوام دەبێت، هەتا هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران ئەنجام دەدرێ و کۆ دەبێتەوە؛ بەڵام دەبێ لە ماوەی ٣٠ ڕۆژ لە یەکەم دانیشتنی پەرلەمان سەرۆککۆماری نوێ هەڵبژێردرێت. هەروا بەپێی بەندی ٧٠/یەکەم لە دەستوور، ئەنجومەنی نوێنەران لە نێوان پاڵێوراوانی سەرۆکایەتیی کۆمار بە زۆرینەی دوو لەسەر سێ، سەرۆککۆمار هەڵدەبژێرێت. بەگوێرەی بەندی ٧٠/دووەم ئەگەر هیچ کام لە پاڵێوراوان زۆرینەی پێویستیان بەدەست نەهێنا، ئەوا ڕکابەری لە نێوان ئەو دوو پاڵێوراوەدا دەبێت کە زیاترین دەنگیان بەدەست هێناوە و، ئەو کەسەی کە لە دووەم دەنگداندا زیاترین دەنگ بەدەست بهێنێت، ئەوا دەبێتە سەرۆککۆمار. بەپێی بەندی ٧١ لە دەستوور، سەرۆککۆمار لە بەردەم ئەنجومەنی نوێنەران سوێندی دەستووری دەخوات. سەرۆک بۆ ماوەی چوار ساڵ هەڵدەبژێردرێت و، دەکرێ خۆی بۆ جاری دووەمیش کاندید بکاتەوە و، ماوەی سەرۆکایەتییەکەی لەگەڵ کۆتاییهاتنی خولی ئەنجومەنی نوێنەران کۆتایی دێت.
پاش هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان و جێگرەکانی و هەروا سەرۆککۆمار، ئینجا نۆرەی دانانی سەرۆکوەزیرانی نوێ دێت. بەپێی بەندی ٧٦/یەکەم لە دەستوور، سەرۆککۆمار لە ماوەی پازدە ڕۆژ لە ڕێکەوتی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار، پاڵێوراوی ئەو فراکسیۆنە پەرلەمانییەی کە زیاترین ژمارەی نوێنەرانی هەیە، بۆ پێکهێنانی ئەنجومەنی وەزیران ڕادەسپێرێت. بەپێی بەندی ٧٦/دووەم لە دەستوور، لە ماوەی ٣٠ ڕۆژ لە ڕیکەوتی ڕاسپاردنی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی ڕاسپێردراو، دهست دهكات بە دیاریکردنی ئەندامانی وەزارەتەکەی خۆی. بەگوێرەی بەندی ٧٦/سێیەم لە دەستوور، ئەگەر سەرۆکوەزیرانی ڕاسپێردراو، نەیتوانی لەو ماوەیەی کە لە بەندی ٧٦/دووەمدا دیاری کراوە (واتە ٣٠ ڕۆژ) حکوومەت پێک بهێنێت، ئەوا سەرۆککۆمار لە ماوەی پازدە ڕۆژ، پاڵێوراوێکی نوێ بۆ پێكهێنانی حکوومەت ڕادەسپێرێت.
هەروا بەپێی بەندی ٧٦/چوارەم لە دەستوور، سەرۆکوەزیرانی ڕاسپێردراو، ناوی وەزیرەکان و بەرنامەی حکوومەتەکەی پێشکەش بە ئەنجومەنی نوێنەران دەکات. ئەنجومەنی نوێنەرانیش بە زۆرینەی ڕەها، یەکە یەکە متمانە بە وەزیرەکان و بەرنامەی حکوومەت دەدات. هەروا بەگوێرەی بەندی ٧٦/پێنجەم لە دەستوور، ئەگەر متمانە بە حکوومەت نەدرا، ئەوا سەرۆککۆمار لە ماوەی پازدە ڕۆژدا، پاڵێوراوێکی دیكه بۆ پێکهێنانی حکوومەت ڕادەسپێرێت.
سیناریۆکانی پێکهێنانی حکوومەت
پاش ڕاگەیاندنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن و سەرکەوتنی لیستی سائیرون، وەک لیستی براوەی یەکەم، هەوڵەکان لە نێوان لایەنە سیاسییەکان بۆ پێکهێنانی فراکسیۆنی زۆرینە و پاشان پێکهێنانی حکوومەت دەستی پێ کرد. ئێستا تۆپەکە لە گۆڕەپانی موقتەدا سەدرە و، زۆربەی لایەنە براوە سەرەکییەکان سەردانی ناوبراویان کردووە. بە هۆی لێکترازان و جەمسەربەندی لە نێوان لایەنە سیاسییەکان و نەبوونی متمانە لە نێوانیاندا، وا چاوەڕوان دەکرێ گفتوگۆکانی پێکهینانی حکوومەتی ئێستایش وەک ساڵانی ڕابردوو درێژخایەن بێت. هەر بۆیە ئەگەرەکانی پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق، لەوانەیە لەم سیناریۆیانەی خوارەوەدا خۆی ببینێتەوە:
١) هاوپەیمانێتیی لە نێوان سائیرون، نەسر، حیکمە، هاوپەیمانیی نیشتمانی، پارتی، یەکێتی و قەرار: ئەم هاوپەیمانییە سەرجەم دەبێتە خاوەنی ١٩٣ کورسی. ئەم هاوپەیمانێتییە جگە لەوەی کە زۆرینەیەکی پەرلەمانییە، لە هەمان کاتیشدا ڕەنگدانەوەی هەموو نەتەوە و تائیفە و پێکهاتەکانی عێراقە. هەروا ئەم هاوپەیمانێتییە پاڵپشتییەکی بەرفراوانی ناوخۆیی و هەرێمی و نێودەوڵەتییشی هەیە و لە لایەن ئەمریکا، سعوودیا و تورکیا پشتیوانیی لێ دەکرێت. دەتوانین ئەم هاوپەیمانێتییە، بە سیناریۆیەکی چاوەڕوانکراو و نزیک لە واقع بزانین، کە ئەگەری سەرگرتنی زۆرە. ئێران پاڵپشتیی ئەم سیناریۆیە ناکات و لێی نیگەران دەبێت، چونکە لایەنە شیعەکانی سەر بە ئێران تێیدا پەراوێز دەخرێن و ناچارن ببنە ئۆپۆزیسیۆن.
٢) پێکهێنانی هاوپەیمانێتی لە نێوان هەموو لایەنە شیعییەکان: لەم حاڵەتەدا ئەگەر شیعەکان بتوانن بەسەر ناکۆکییەکانی ناوماڵی خۆیاندا زاڵ ببن، ئەوا دەگەڕێنەوە بۆ هەمان سیناریۆی ساڵانی پێشوو کە پێکهێنانی فراکسیۆنی هاوپەیمانیی نیشتمانییە لە نێوان هەموو لایەنە شیعەکاندا. ئەگەر بێت و ئەم هاوپەیمانێتییە لە نێوان سائیرون، فەتح، نەسر، دەوڵەتی یاسا، حیکمە ڕوو بدات دەبنە خاوەنی ١٨٨ کورسی، کە ئەمەیش زۆرینەی پەرلەمانی دەستەبەر دەکات. بەڵام ئەو حکوومەتەی کە تەنیا لە لایەنە شیعەکان پێک بێت، ئەوا ڕەواییی ناوخۆیی و هەرێمی و نێودوەڵەتیی کەمتر دەبێت و عێراق دەگەڕێنێتەوە بۆ خانەی یەکەم و سەرلەنوێ گیروگرفتەکانی ساڵانی پێشوو سەر هەڵدەدەنەوە. ئەم هاوپەیمانێتییە دڵخوازی کورد و سوننە و ئەمریکا و هەندێ هێزی هەرێمیی وەک سعوودیا و تورکیا نییە، بەڵام لە لایەن ئێران و هەندێ لە مەرجەعەکانی شیعەوە پشتیوانیی لێ دەکرێت.
٣) هاوپەیمانێتیی نێوان هەر دوو باڵی حزبی دەعوە: لەم سیناریۆیەدا هەر دوو باڵی حزبی دەعوە، واتە لیستی نەسر و دەوڵەتی یاسا، یەک دەگرن بۆ ئەوەی پۆستی سەرۆکوەزیران لەناو ئەم حزبەدا بمێنێتەوە و پێکەوە دەبنە خاوەنی ٦٨ کورسی. پاشان دەتوانن لەگەڵ چەند لایەنێکی دیکەی شیعە، سوننە و کورد یەک بگرن و هاوپەیمانێتییەکە فراوانتر بکەن؛ بۆ نموونە بە هاوپەیمانێتی لەگەڵ فەتح، حیکمە، عەلاوی، پارتی، یەکێتی و قەرار دەتوانن ببنە خاوەنی ٢١٢ کورسی. ئەم سیناریۆیە لەوانەیە دڵخوازی بەشێکی زۆری شیعە بێت. هەروا ئەم سیناریۆیە، لەوانەیە لە ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتییش سیناریۆیەکی پەسندکراو بێت و لە هەمان کاتدا لایەنە کورد و سوننەکانیش تا ڕاددەیەک ڕازی دەکات. بەڵام دوورخستنەوەی سائیرون، درزێکی گەورە لە ناوماڵی شیعەدا چێ دەکات.
٤) هاوپەیمانێتیی فەتح و دەوڵەتی یاسا: لەم سیناریۆیە بە یەکگرتنی نێوان فەتح و دەوڵەتی یاسا دەبنە خاوەنی ٧٣ کورسی و، بە هاوپەیمانێتیکردن لەگەڵ حیکمە، پارتی، یەکێتی، هاوپەیمانێتیی نیشتمانی و قەرار دەبنە خاوەنی ١٧٠ کورسی کە دەتوانن زۆرینەیەکی پەرلەمانی پێک بێنن و، بەم جۆرە پۆستی سەرۆکوەزیران دەبێتە پشکی عامری-مالکی. ئەم سیناریۆیە دڵخوازی لایەنە شیعەکانی تر نییە وەک سائیرون و نەسر، بەڵام کورد و سوننە لێی سوودمەند دەبن؛ هەر بۆیە لەوانەیە بەشداریی تێدا بکەن. هەروا ئەم سیناریۆیە دڵخوازی ئێرانە، بەڵام لە لایەن ئەمریکا، سعوودیا و تورکیا پێشوازیی لێ ناکرێت. هەر بۆیە حکوومەتێکی لەم چەشنە لەوانەیە تووشی جۆرێک لە پەراوێزخستنی هەرێمی و نێودەوڵەتی ببێتەوە.
٥) هاوپەیمانیی نێوان لیستە کوردییەکان: ئەگەر هەموو لیستە کوردییەکان کە لە پەرلەمانی عێراق کورسییان هێناوە و بریتین لە: پارتی، یەکێتی، گۆڕان، نەوەی نوێ، یەکگرتووی ئیسلامی، هاوپەیمانێتی بۆ دیموکراسی و دادپەرەوری و، کۆمەڵی ئیسلامی، هەروا ئەو ٣ کورسییەی کۆتاکان کە پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێ دێنە ناو لیستی پارتی، ئەوا کورد سەرجەم دەبێتە خاوەنی ٦١ کورسی؛ کە دەبنە فراکسیۆنێکی گەورە و لەم حاڵەتەدا دەتوانن لەگەڵ ژمارەیەک لیستی شیعە و سوننەی وەک: سائیرون، نەسر، فەتح، حیکمە، هاوپەیمانیی نیشتمانی و قەرار یەک بگرن و فراکسیۆنی زۆرینە پێک بهێنن کە دەکاتە ١٩٧ کورسی. سەبارەت بە پۆستی سەرۆکوەزیرانیش، دەکرێ لە نێوان خۆیاندا لەسەر کەسایەتییەکی شیعە ڕێک بکەون.
ئەم سیناریۆیە ئەگەری سەرگرتنی زۆر لاوازە، چونکە یەکگرتنی هەموو لایەنە کوردییەکان لە کاتی ئێستادا تا ڕاددەیەک ئاستەمە، بەتایبەت کە ئێستا هەندێ لەو لایەنانە تۆمەتی ساختەکردن دەخەنە پاڵ پارتی و یەکێتی و، ناکۆکیی قووڵ لە نێوانیاندا هەیە؛ جگە لەمەیش لایەنە شیعەکان و هێزێکی هەرێمیی وەک ئێران، وا بەئاسانی ڕێگە نادەن کورد بەڕەکە لە ژێر پێی شیعە دەربهێنی و ببێتە خاوەن دەستپێشخەرییەکی لەو جۆرە.
٦) هاوپەیمانیێتی نێوان کورد و سوننە: ئەگەر هەموو لایەنە کوردی و سوننەکان یەک بگرن، ئەوا دەبنە خاوەنی ١١٥ کورسی، کە بە یەکگرتن لەگەڵ سائیرون و حیکمە دەبنە خاوەنی ١٨٨ کورسی و دەتوانن زۆرینەی پەرلەمانی پێک بهێنن. دەکرێ لەم حاڵەتەدا سەرۆکوەزیران کەسێک بێت کە هەموو لایەنەکان لەسەر ڕێک بکەون، بەڵام ئەگەر شیعەیەکی سیکۆلار و تهکنۆکرات بێت ئەوا باشتر دەبێت. ئەم سیناریۆیە لە لایەن ئێرانەوە پێشوازیی لێ ناکرێت، بەڵام لەوانەیە ئەمریکا، سعوودیا و تورکیا پاڵپشتیی لێ بکەن. ئەگەری سەرگرتنی ئەم سیناریۆیە دوور دەنوێنێ، چونکە پەراوێزخستنی لیستی نەسر لەوانەیە دڵخوازی بەشێک لە لایەنەکانی ناو ئەم هاوپەیمانێتییە نەبێت.
٧) هاوپەیمانێتیی نێوان کورد و شیعە: ئەگەر بێت و لەبەر هەر هۆکارێک سوننەکان بەشداریی حکوومەتی نوێیان نەکرد یان بەشدارییان پێ نەکرا، ئەوا لەم حاڵەتەدا ژمارەیەک لە لایەنە کوردییەکان و لایەنە شیعەکان دەتوانن بە پێکهێنانی زۆرینەی پێویست، کە ١٦٥ کورسییە، حکوومەتی نوێ پێک بهێنن. ئەم سیناریۆیە، لە یەکەم خولی هەڵبژاردندا تاقی کراوەتەوە و شکستی هێناوە؛ هەر بۆیە پێناچێت ئاراستەی پێکهێنانی حکوومەت بەرەو ئەم سیناریۆیە بچێت. لەوانەیە ئەم سیناریۆیە دڵخوازی ئێران بێت، بەڵام لە لایەن وڵاتانی ڕۆژاوایی و سعوودیا و تورکیا پێشوازیی لێ ناکرێت.
٨) هاوپەیمانێتیی نێوان شیعە و سوننە: ئەگەر بە هەر هۆکارێک کورد لە پرۆسەی پێكهێنانی حکوومەت دوور خرایەوە یان بەشداریی نەکرد، ئەوا تاکە سیناریۆی بەردەم، پێکهێنانی هاوپەیمانیی شیعە - سوننەیە و دەتوانن زۆرینەی پەرلەمانی دروست بکەن. سیناریۆیەکی لەم جۆرە، هەر وەک سیناریۆی پیشوو، بە سیناریۆیەکی شکستخواردوو لە قەڵەم دەدرێت، چونکە دوورخستنەوەی پێکهاتەیەکی سەرەکیی عێراق لە بەڕێوەبردنی وڵات، گرفت و ئاڵۆزییەکان زیاتر دەکات و وڵات بەرەو ئاراستەیەکی نادیار دەبات. پێناچێت ئەم سیناریۆیە دڵخوازی هێزە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکانیش بێت.
ئەنجام
پاش هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە ١٢/ئایاری/ ٢٠١٨، هەروەک لە سەرەوە ڕوونمان کردەوە، سەرەتا پەرلەمان دانیشتنی خۆی دەبەستێ و سەرۆک و جێگرەکانی هەڵدەبژێرێت و، پاشان لە نێوان پاڵێوراوەکانیش سەرۆککۆمار هەڵدبژێردرێت و، پاش ئەویش نۆرەی پێکهێنانی حکوومەتە، کە لایەنی هەرە بەدهسەڵاتە لە سیستەمی پەرلەمانیی عێراقدا. بە سەرنجدان لە لیست و لایەن براوەکان، ٨ سیناریۆی جۆراجۆرمان خستە ڕوو، کە لە کاتی پێکهێنانی حکوومەتدا ڕوو دەدەن. هەرچەندە بەدیهاتنی هەندێک لەو سیناریۆیانە ئەستەمیش بێت، بەڵام دەکرێ وەک ئەگەرێکی کراوە سەیر بکرێت.
پێمان وایە سیناریۆی ژمارە یەک باشترین بژاردەیە بۆ عێراقی ئەمڕۆ، چونکە هەموو پێکهاتەکانی عێراق بەشداریی تێدا دەکەن و، لە لایەکی ترەوە لە لایەن هێزە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکانیشەوە پاڵپشتیی لێ دەکرێت. لە هەمان کاتدا دەرفەت لە بەردەم هەندێ لایەنی دیکەیش دەکاتەوە، کە ببنە ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەت؛ ئەمەیش پرۆسەی سیاسی لە عێراقدا بە ئاقارێکی باشتر و ڕاستتردا دەبات.
هەروا ڕۆڵی لیستی نەسری عەبادی، وەک لایەنێکی هاوسەنگکەرەوە لە نێوان پێنج هێزی سەرەکیی شیعە زۆر گرنگ و یەکلاکەرەوە دەبێت. هەروا هەموو هێزە کوردییەکان، ئەگەر بتوانن ناکۆکییەکانی خۆیان وەلاوە بنێن و لە یەک فراکسیۆندا یەک بگرن، بە هێز و توانایەکی زۆر باشەوە دەتوانن پشکی گرنگ لە حکوومەتدا بەدەست بهێنن و، لە پەرلەمانی داهاتوویشدا بۆ پاراستنی مافەکانی خەڵکی کوردستان باشتر ڕۆڵ بگێڕن.
هەروا چاەڕوان دەکرێ لایەنە سیاسییەکان قۆناغێکی قورس و دژواری گفتوگۆیان لە بەردەمدا بێت؛ بەو پێیەی کە لایەنەکان ئەجێندا و بەرنامە و بەرژەوەندیی جیاواز و تەنانەت دژبەیەکیشیان هەیە. بە سەرنجدان بەوەی کە زۆربەی هێزە سیاسییەکانی عێراق، بەسەر چەندین لیستی بچووک و جۆراجۆردا دابەش کراون و هیچ لیستێک زۆرینەی ڕەهای نییە، وا چاوەڕوان دەکرێ حکوومەتی داهاتوو، کە لە چەندین لایەنی جۆراجۆر بە بەرنامە و ئەجێندای جیاوازەوە پێک دێت، حکوومەتێکی لاواز و لەرزۆک بێت.