کێشەی ڕێڕەوە ئاوییە نێودەوڵەتییەکانی عێراق لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ: عێراق – تورکیا-سووریا / بەشی یەکەم

کێشەی ڕێڕەوە ئاوییە نێودەوڵەتییەکانی عێراق لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ: عێراق – تورکیا-سووریا / بەشی یەکەم

 

ئازاد وەڵەدبەگی، ماستەر لە یاسای گشتی

پێشەکی:

هەروەک دەزانین ئاو ڕۆڵێکی سەرەکیی لە ژیانی مرۆڤدا هەیە. لەم نێوانەدا ئاوی ڕووبارەکان یەکێکن لە گرنگترین سەرچاوەکانی ئاوی شیرین، کە لە بواری کشتوکاڵ، پیشەسازی و بەکارهێنانی ناوماڵان بەکار دێت. عێراق بە حوکمی هەڵکەوتەی جوگرافیی خۆی، بە یەکێک لە وڵاتانی ڕێژگە، یان خوارووی ڕووبار دادەنرێت. ئەمەیش وای کردووە، کە هەڵوێستی ئەم وڵاتە لە کێشە ئاوییەکان لاواز بێت و بکەوێتە بەر ڕەحـمەتی وڵاتانی دراوسێ. هەتا ئەو کاتەی عێراق بەشێک بوو لە دەوڵەتی عوسمانی، ئەم کێشانە لە ئارادا نەبوون، بەڵام هەر لەگەڵ لەدایکبوونی دەوڵەتی نوێی عێراق لە ساڵی ١٩٢١، کێشەی ڕووبارەکان لەگەڵیدا لەدایک بوون. سەبارەت بە ئێرانیش بە هۆی پێویستیی ئەو وڵاتە بە ئاوی زیاتر، سیاسەتی دەستبەسەرداگرتنی سەرچاوە ئاوییەکانی گرتۆتە بەر.

 لە لایەکی ترەوە، زۆربەی ڕووبارەکانی عێراق، لە ئێران و تورکیاوە سەرچاوەیان گرتووە؛ هەر بۆیە لە ٢٥ ساڵی ڕابردوو، ئەم کێشانە لەگەڵ ئەو دوو وڵاتەدا زەق بوونەتەوە. سەبارەت بە سووریایش، بە حوکمی ئەوەی ڕووباری فورات پاش تێپەڕبوون بە خاکی ئەو وڵاتە دەڕژێتە ناو عێراق، هەر بۆیە بە وڵاتێكی سەروو-ڕووبار بۆ عێراق دادەنرێت و، عێراق کێشەی ئاویشی لەگەڵ سووریادا هەیە. لەم وتارەدا، هەوڵ دەدەین کێشە ئاوییەکانی عێراق لەگەڵ ئەو سێ وڵاتەدا بخەینە بەر باس و توێژینەوە، کە لەم ڕۆژانەدا بە هۆی گرتنەوەی ئاوی ڕووباری دیجلە لە لایەن تورکیا و ئاوی زێی بچووک لە لایەن ئێرانەوە، بوونەتە بابەتی گەرمی میدیاکان. لە بەشی یەکەم، باس لە کێشە ئاوییەکانی عێراق لەگەڵ تورکیا و سووریا دەکەین. لە بەشی دووەمیش، باس لە کێشە ئاوییەکانی نیوان عێراق و ئێران دەکەین.

پێناسەی ڕێڕەوە ئاوییە نێودەوڵەتییەکان

ئەو ڕووبارانەی کە سنووری دوو وڵات یان زیاتر دەبڕن، لە سەرچاوە یاسایییەکان بە شێوازی جیاجیا بەکار هاتوون. سەرەتا بە ڕووباری نێودەوڵەتی (الانهار الدولیة) ناو دەبران و، پاشان زاراوەی حەوزی ڕێکردنی نێودەوڵەتی (حوض الصرف الدولي) بەکار هاتووە و، دواجار بەپێی ڕێککەوتننامەی بەکارهێنانی ڕێڕەوه‌ ئاوییە نێودەوڵەتییەکانی ساڵی ١٩٩٧ و ڕای کۆمیتەی یاسای نێودەوڵەتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، زاراوەی "ڕێڕەوی ئاویی نێودەوڵەتی" جێگیر کرا و ئەمڕۆ لە ڕووی یاسایییەوە پتر ئەم زاراوەیە بەکار دێت.

سەبارەت بە پێناسەی ڕێڕەوی ئاوی، بریتییە لە تۆڕی ئاوە سەرزەوی و ژێرزەوییەکان، کە بە حوکمی پەیوەندییان، لەگەڵ یەکتر یەکەیەکی تەواوکەر پێک دەهێنن و، بە شێوەیەکی ئاسایی بەرەو خاڵێکی بەیەکگەیشتنی هاوبەش هەڵدەقووڵێن. هەروا ڕێڕەوی ئاویی نێودەوڵەتی، بریتییە لە هەر ڕێڕەوێک کە بەشەکانی دەکەوێتە ناو دەوڵەتانی جیاوازەوە یان خاکی دەوڵەتان لێک جیا دەکاتەوە و، گرنگ نییە کە بۆ کەشتیرانی شیاو بێت یان نا. بەم جۆرە، دەردەکەوێ کە پێناسەی نوێی ڕێڕەوی ئاوی، پێوەری جوگرافیی لەبەرچاو گرتووە؛ کە ئەمەیش پێوەرێکی دروست و وردە و هەموو جۆرەکانی ڕێڕەوە ئاوییەکان دەگرێتەوە.

ڕێڕەوە ئاوییە نێودەوڵەتییەکانی نێوان عێراق- تورکیا و سووریا

بە شێویەکی گشتی سێ ڕووبار لە تورکیاوە دەڕژێنە ناو خاکی عێراق کە بریتین لە: دیجلە، زێی گەورە و خابوور؛ هەروه‌ها ڕێڕەوی فوراتیش لە تورکیاوە هەڵدەقووڵێ و پاش تێپەڕبوونی بە ناو خاکی سووریا ئینجا دەڕژێتە عێراق. زێی گەورە و خابوور لە کاتی ئێستادا کێشەیان نییە، بۆیە باسیان لێوە ناکەین و تەنیا باس لە دیجلە و فورات دەکەین کە کێشەیان هەیە.

١) ڕووباری دیجلە

ئەم ڕووبارە بەپێی ئەو پێناسەیەی کە لە سەرەوە کردمان بە ڕێڕەوێکی ئاویی نێودەوڵەتی دادەنرێ، هەربۆیە یاسا و ڕێساکانی نێودەوڵەتی تایبەت بە ڕێڕەوە ئاوییە نێودەوڵەتییەکان لەسەری دەچەسپێت.

ئەم ڕووبارە لە دوو بەشی سەرەکی پێک دێت، کە بریتین لە دیجلە سوو و بۆتان سوو، کە پاشان یەک دەگرن و دەبنە دیجلە. بە درێژاییی (٥٧) کم بەشێک لە سنووری تورکیا-سووریا (٥٠ کم) و عێراق-سووریا (٧ کم) پێک دەهێنێ و پاشان لە گوندی فیشخابوور دێتە ناو خاکی عێراق. درێژاییی ئەم ڕووبارە (١٩٠٠) کم و (٥٢٣) کم لەناو خاکی تورکیایە و، (٣٢) کم لەناو خاکی سووریایە و، (١٣٤٥) کم لەناو خاکی عێراقە. تورکیا (٥٤.٦%) ئاوی ئەم ڕووبارە دابین دەکات.

پانتاییی ڕواڵەتیی حەوزی ڕووباری دیجلە (٤٧١٠٠٠) کم٢یه‌. لەم ڕێژەیە (٣٤.٦٩%)، دەکەوێتە ناو خاکی تورکیا و، (٠٥%) دەکەوێتە ناو خاکی سووریا و، (١٤.٧٠%) دەکەوێتە ناو خاکی ئێران و، (٥٠.١١%) دەکەوێتە ناو خاکی عێراق. هەر بۆیە ئەگەر سەرنج بدەین زیاترین ڕێژەی حەوزەکەی دەکەوێتە ناو خاکی عێراقەوە.

٢) ڕووباری فورات

ئەم ڕووبارە و زۆربەی لقەکانی لە باشووری چیای توروس لە دەشتی ئەنادۆڵ هەڵدەقووڵێن. پاش بڕینی خاکی تورکیا و سووریا دەگاتە عێراق و، پاشان  لە "کرمە عەلی" لە نزیک شاری "قوڕنە" لەگەڵ دیجلە یەک دەگرن و شەتولعەرەب پێک دەهێنن. فورات بە درێژترین ڕووباری ڕۆژاوای ئاسیا دادەنرێت کە درێژییەکەی دەگاتە (٢٣٣٠) کم؛ کە (٤٥٥) کم لەناو خاکی تورکیایە و، (٦٧٥) کم لەناو خاکی سووریایە و، (١٢٠٠) کم لەناو خاکی عێراقە. پانتاییی ڕواڵەتییش (٤٤٤٠٠٠) کم٢یه‌، کە (١٢٥٠٠٠)کم٢ دەکەوێتە ناو خاکی تورکیا (٢٨.١%) و، (٧٦٠٠٠) کم٢ دەکەوێتە ناو خاکی سووریا (١٧.١%) و، (١٧٧٠٠٠) کم٢ دەکەوێتە ناو عێراق (٣٩.٩%) و، (٧٧٠٠٠) کم٢ دەکەوێتە ناو خاکی سعوودیا (١٤.٩%). هەروا (٩٨%) سەرچاوەی ئاوی فورات دەکەوێتە ناو خاکی تورکیا.

سیاسەتی ئاویی تورکیا

دەوڵەتی تورکیا، لە نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو دەستی کردووە بە جێبەجێکردنی پرۆژەی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئەنادۆڵ (گاپ)، کە پرۆژەیەکی ئابووریی – سیاسییە و لەسەر هەر دوو ڕووباری دیجلە و فورات جێبه‌جێ ده‌كرێن. ئەوەی کە پەیوەندیی بە ڕووباری دیجلەوە هەیە، بریتییە لە دروستکردنی هەشت بەنداوی گەورە بۆ ئاودێریکردنی ٢،٢ ملیۆن دۆنم لە زەویی کشتوکاڵی و بەرهەمهێنانی ٢،١ ملیار کیلۆوات/ کاتژمێر کارەبا لە ساڵێکدا. هەروا تورکیا (١٤) بەنداو لەسەر فورات بنیات دەنێت کە (١٣) ملیۆن هکتار ئاودێریی دەکات.

تورکیا دیجلە و فورات بە یەک حەوزی ئاوی لە قەڵەم دەدات و، بە دوو لقی ڕووباری شەتولعەرەبی دادەنێت. هەروا تورکیا دان بەوەدا نانێت کە ئەم دوو ڕووبارە ڕێڕەوی ئاویی نێودەوڵەتین و، بە دوو ڕووباری سنووربەزێنیان دادەنێت. تورکیا پێناسەی ڕێڕەوی ئاویی نێودەوڵەتی بەو جۆرە دەکات، کە یەکێک لە کەنارەکانی لە چوارچێوەی سنووری دەوڵەتی یەکەم بێت و، کەنارەکەی دیکەی لە چوارچێوەی سنووری دەوڵەتی دووەم بێت و هێڵی سنوور بە ناوەڕاستی ڕووبارەکەدا تێپەڕ ببێت. بەڵام ئەو ڕووبارەی کە سنوورەکان دەبڕێت، ئەوا ملکەچە بۆ سەروەریی ڕەهای ئەو دەوڵەتە؛ هەر بۆیە ئازادە لەوەی کە چ ڕێژەیەک ئاو دەدات بە دەوڵەتی دراوسێ و، بە هەر جۆرێک کە بیەوێت ئەم ئاوە بەکار دەهێنێت. لە پێناسەی تورکیا، دیجلە و فورات تەنیا ئەو کاتەی کە یەک دەگرن و دەبنە شەتولعەرەب و، سنووری نێوان عێراق و ئێران پێک دەهێنن، دەبێتە ڕێڕەوی ئاویی نیودەوڵەتی. تورکیا پێی وایە، ئەو ئاوەی دەیدات بە عێراق و سووریا، قوربانیدانە بە بەرژەوەندییەکانی خۆی و ئەرکی سەرشانی نییە. هەروا تورکیا دان بە مافی وەدەستهاتوو لەو ڕووبارانە بۆ عێراق و سووریا، نانێت.

کاتێک باس لە سیاسەتی ئاویی تورکیا دەکەین، دەبینین هەرچەندە ئەو سیاسەتە پێچەوانەی یاسا و ڕێسا نێودەوڵەتییە باوەکانە، بەڵام لە هەمان کاتدا، سیاسەتی ئەو وڵاتە لەسەر زەمینەی واقع فاکتەرەکانی سەرکەوتنی زیاترە و هۆکارەکانیشی بۆ ئەم خاڵانەی خوارەوە دەگەڕێتەوە:

١) تورکیا دەروازەی ڕۆژهەڵاتی پەیمانی ناتۆیە؛ کە ئەمەیش گرنگییەکی جیۆپۆلیتیکی دەدات بە تورکیا بۆ وڵاتانی ناتۆ.

٢) تورکیا گەورەترین کۆگه‌ی ئاوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە؛ چ لە بوونی ڕووباری زۆر و پڕئاو، کە خاوەن ٢٦ ڕووبارە و، چ لە ڕووی ئاوی ژێرزەوی و، چ ڕێژەی بەرزی بارینی بەفر و باران لەو وڵاتەدا.

٣) باڵادەستیی تورکیا وەک وڵاتی سەرووڕووبار، پێگەیەکی بەهێزتری بەو وڵاتە بەخشیوە.

٤) تورکیا لە ڕووی ژمارەی دانیشتووان و پانتایییەوە لە هەر دوو وڵاتی عێراق و سووریا زیاتر و گەورەترە و، لە ڕووی سەربازییشەوە لە هەر دوو وڵات  بەهێزترە.

سیاسەتی ئاویی سووریا

سووریا بەپێی هەڵکەوتەی جوگرافی، دەکەوێتە باشووری تورکیا و ڕۆژاوای عێراق. ئاوی هەر دوو ڕووباری دیجلە و فورات گرنگییەکی ژیانیی بۆ سووریا هەیە. سووریا دیجلە و فورات بە دوو ڕێڕەوی ئاویی نێودوەڵەتی دەزانێت و لەم ڕووەوە خوازیارە بنەماکانی یاسای نێودەوڵەتی لەسەریان بچەسپێت. سووریا، حەوزی دیجلە و فورات بە دوو حەوزی سەربەخۆ دادەنێت. هەروا سووریا، جەخت لەسەر بنەمای دابەشکردنی سەرچاوە ئاوییەکان دەکاتەوە و، بڕوای وایە پەیوەندیی وڵاتانی هاوکەنار، پەیوەندیی مافە نەک موڵک و، پێویستە کە ئاوی هەر دوو ڕێڕەو بەپێی ڕێكکەوتنی دوولایەنە و سێلایەنە دابەش بکرێت. سووریا، جەخت لەسەر کەڵکوەرگرتنی گونجاو و دادگەرانە دەکاتەوە لەم ڕێڕەوانە، بەبێ زیانگەیاندن بەوانی تر. هەروا سووریا ئەوە ڕەت دەکاتەوە کە ئاو وەک چەکێکی سیاسی بەکار بێت.

سیاسەتی ئاویی عێراق

سەرەڕای ئەوەی ڕووبارەکانی دیجلە و فورات بە سێ دەوڵەتدا تێپەڕ دەبن، بەڵام ناوی ئەم دوو ڕووبارە هەمیشە بە ناوی عێراقەوە گرێ دراون؛ بە جۆرێک کە عێراق بە وڵاتی میزوپۆتامیا، واتە وڵاتی دووئاوان ناسراوە. ئەم دوو ڕووبارە، بە شادەماری ژیانی عێراق دادەنرێن و هەر لە کۆنەوە شارستانییەتە گەورەکان لە قەراغ ئەم دوو ڕووبارەدا سەریان هەڵداوە، وەک: ئاشوور، بابل و هتد. سیاسەتی ئاویی عێراق لەم بارەیەوە لە سیاسەتی ئاویی سووریاوە دوور نییە و، دەتوانین لەم خاڵانەی خوارەوەدا چڕیان بکەینەوە:

١) عێراق دیجلە و فورات بە دوو ڕێڕەوی ئاویی نێودەوڵەتی دەزانێت و، بەم پێیە دەبێ ڕێساکانی یاسای نێودەوڵەتی لەسەریان بچەسپێت و سەروەری لەسەریان بە هاوبەش دەزانێت. بۆچوونی عێراق، پێچەوانەی بۆچوونی تورکیایە، کە ئەم دوو ڕێڕەوە بە ڕووباری سنووربەزێن دادەنێت.

٢) عێراق بۆ چارەسەرکردنی گرفتی بەکارهێنانی ئاوی ئەم دوو ڕێڕەوە، پشت بە ڕێساکانی یاسای نێودەوڵەتی و ڕێککەوتننامە دووقۆڵییەکان دەبەستێ. لەم بارەیەوە عێراق پشت دەبەستێ بە بەندی (١٠٩) لە ڕێککەوتنی لۆزان لە نێوان تورکیا و هاوپەیمانان لە ساڵی ١٩٢٣ و، پرۆتۆکۆڵی ژمارە (١)ی هاوپێچی ڕێککەوتننامەی دۆستایەتی و دراوسێتیی باشی نێوان عێراق و تورکیا لە ساڵی ١٩٤٦ کە تایبەتە بە ڕێکخستنی ئاوی دیجلە و فورات، هەروا پرۆتۆکۆڵی هاوکاریی ئابووریی عێراق و تورکیا لە ساڵی ١٩٧١ و، کۆنووسی کۆمیتەی هاوبەشی عێراقی-تورکی بۆ هاوکاریی ئابووری و تەکنیکی لە ساڵی ١٩٨٠.

٣) پێویستە هەر سێ وڵات بگەنە ڕێککەوتنێکی هاوبەش، بۆ دیاریکردنی پشکی ئاوی هەر وڵاتێک لەسەر بنەمایەکی دادگەرانە و گونجاو.

٤) عێراق، بەپێی واقعی بەردەست و جوگرافی، دیجلە و فورات بە دوو ڕووباری جیا لە یەکتر دەزانێ، بەپێچەوانەی تورکیا کە بە دوو لقی ڕووباری شەتولعەرەبیان دادەنێت.

٥) عێراق جەخت لەسەر مافی مێژووییی وەدەستهاتوو دەکاتەوە و، داوا لە تورکیا و سووریا دەکات دان بەم مافەدا بنێن. هەروا عێراق، باوەڕی بە زیاننەگەیاندن بە یەکتر هەیە لە کاتی جێبەجێکردنی هەر پرۆژەیەکی ئاوی لەسەر ئەم ڕێڕەوانەدا. هەروا عێراق، دەیەوێت بە شێوەیەکی بەرفراوان لەناو خاکی خۆیدا کەڵک لە ئاوی ئەم ڕێڕەوانە وەربگرێت.

ڕێککەوتننامەکانی نێوان عێراق و تورکیا و سووریا لەسەر ڕێڕەوە ئاوییەکان

بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ڕێڕەوە ئاوییە نێودەوڵەتییەکانی نێوانیان بە درێژاییی دەیان ساڵی ڕابردوو، چەندین جار دانیشتن و گفتوگۆ لە نێوان هەر سێ وڵاتدا هەبووە؛ جا چ بە دووقۆڵی بووبێت یان سێقۆڵی. لێرەدا بەکورتی ئاماژە بەو ڕێککەوتن و پرۆتۆکۆڵانەی نێوان عێراق- تورکیا و عێراق-سووریا یان هەر سێ وڵات دەکەین بەم جۆرەی خوارەوە:

یەکەم/ ڕێککەوتننامەکانی سەردەمی ماندێت: بەو پێیەی بەر لە جەنگی جیهانیی یەکەم، تورکیا وڵاتێکی سەربەخۆی هاوکەناری دیجلە و فورات بوو و، هەر یەک لە عێراق و سووریا لەژێر ماندێتی بریتانیا و فەڕەنسا بوون، هەر بۆیە لەو سەردەمە ئەو دوو وڵاتە بە ناوی عێراق و سووریاوە چەندین ڕێککەوتنیان کردووە، کە لە خوارەوە ئاماژەیان پێ دەکەین:

١) ڕێککەوتنی پاریس لە ٢٣/١٢/١٩٢٠: ئەم ڕێککەوتنە لە نێوان بریتانیا و فەڕەنسا گرێ درا وەک دەوڵەتانی ماندێت لەسەر عێراق و سووریا، کە لە بەندی (٣) باس لە کۆمیتەیەکی هاوبەش دەکات لەسەر ڕێڕەوی ئاویی دیجلە و فورات.

٢) پەیمانی لۆزان ١٩٢٠: باس لە پێکهێنانی کۆمیتەیەکی هاوبەش لە نێوان تورکیا و عێراق و سووریا دەکات بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی تایبەت بە دیجلە و فورات.

٣) ڕێککەوتننامەی لۆزان لە ٢٤/٧/١٩٢٣ لە نێوان تورکیا و وڵاتانی هاوپەیمان:  لە بەندی (١٠٩) باس لە پاراستنی مافە وەدەستهاتووەکانی عێراق و سووریا دەکات لە ئاوی دیجلە و فورات.

دووەم/ ڕێککەوتننامەکانی پاش جەنگی جیهانیی دووەم

١) ڕێککەوتننامەی دۆستایەتی و دراوسێتیی باش لە نێوان عێراق و تورکیا لە ٢٩/٣/١٩٤٦:  لە پرۆتۆکۆڵی (١) هاوپێچی ئەم ڕێککەوتنەدا، باس لە ڕێکخستنی کەڵکوەرگرتن لە ئاوی دیجلە و فورات و لقەکانی دەکات.

٢) پرۆتۆکۆڵی هاوکاریی ئابووری و تەکنیکیی عێراق و تورکیا لە ئانکارا لە ١٧/١/١٩٧١: باس لەوە کراوە کە دەسەڵاتدارانی تورکیا لە کاتی پڕئاوکردنی بەنداوی کیبان، ڕاوێژ لەگەڵ دەسەڵاتدارانی عێراق بکەن، بە مەبەستی دابینکردنی ئاوی پێویست بۆ عێراق و تورکیا.

٣) پرۆتۆکۆڵی هاوکاریی ئابووری و تەکنیکیی نێوان عێراق و تورکیا لە ئانکارا لە  ٢٥/١٢/١٩٨٠: ئەم ڕێککەوتنە سەرەتا لە نێوان عێراق و تورکیا گرێ درا و، پاشان سووریا لە ١٩٨٣ پەیوەست بوو بەم پرۆتۆکۆڵە. لەم پرۆتۆکۆڵەدا، باس لە هاوکاری لە نێوان هەر سێ وڵات لەسەر کێشەکانی ئاو و، دانانی کۆمیتەیەکی هاوبەش بۆ ئاوە هەرێمییەکان لە لایەن تورکیا و عێراق و سووریاوە دەکات.

٤) ڕێککەوتنی ١٧/٤/١٩٨٩ لە بەغدا لە نێوان عێراق و سووریا: ئەم ڕێککەوتنە لەسەر ئاوی فورات بوو، کە بە ڕێژەی ٥٨% بۆ عێراق و ٤٢% لە سووریا دەبێت.

٣) لە دانیشتنی ساڵی ٢٠٠٢ لە نێوان عێراق و سووریا، هەر دوو لا ڕێک کەوتن کە ڕێککەوتننامەی بەکارهێنانی ڕێڕەوە ئاوییە نێودەوڵەتییەکان بۆ مەبەستی ناکەشتیڕانیی ساڵی ١٩٩٧ نەتەوە یەکگرتووەکان، سەبارەت بە کێشە ئاوییەکانی نێوان دوو وڵات مەرجەع بێت.  شیاوی باسە، عێراق و سووریا هەردووکیان لەم ڕێكکەوتننامەیەدا ئەندامن.

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples