هەرێمی بەسرە لە نێوان یاسا و سیاسەتدا

هەرێمی بەسرە لە نێوان یاسا و سیاسەتدا

ئازاد وەڵەدبەگی، ماستەر لە یاسای گشتی

 

 پێشەکی

پاش ئەوەی دەستووری عێراق لە بەندی (١)ی خۆیدا، ئەم وڵاتەی بە وڵاتێکی فیدراڵی پێناسە کرد، داواکاری بۆ پێکهێنانی هەرێمی نوێ لە عێراقدا سەری هەڵدا. کوردەکان پێش بەرکاربوونی دەستووری عێراق بە شێوەیەکی دیفاکتۆ هەر لە ساڵی ١٩٩٢ەوە هەرێمی خۆیان پێک هێنابوو و، دەستووری نوێ لە بەندی (١١٧/یەکەم) دانی بەم ڕاستییەدا نا. بیرۆکەی فیدراڵیزەکردنی عێراق، بۆ سەردەمی ئۆپۆزیسیۆنی عێراقی دەگەڕێتەوە، کە لە چەندین کۆنگرەی خۆیدا بە هەوڵی کورد، دان بە فیدراڵیزەکردنی عێراقدا نرا. پاش ساڵی ٢٠٠٣ و ڕووخانی ڕژێمی بەعس، جگە لە کورد، سەرەتا شیعەکانیش باسیان لە دروستکردنی هەرێمی نوێ دەکرد لە عێراقدا و، تاکە لایەنی دژ بە فیدراڵیزم، سوننەکان بوون کە ئەمەیان بە سەرەتای دابەشکردنی عێراق دەزانی.

یەک لەو پارێزگەیانەی عێراق، کە هەر لە سەرەتاوە داوای بەهەرێمبوونی کردووە، پارێزگەی "بەسرە"یە. بەسرە، بە حوکمی ئەوەی سەرچاوەی بەشی هەره‌ زۆری داهاتی عێراقە و تاکە دەرگەی ئاویی عێراقە بە ڕووی جیهانی دەرەوەدا، خاوەن پێگەیەکی گرنگ و ستراتیژییە. لە پاڵ ئەوەیشدا، خەڵکی ئەو پارێزگەیە بە درێژاییی ماوەی حوکمڕانیی بەعس و پاش ڕووخانی بەعسیش هەستیان بە ستەم و پشتگوێخستن کردووە؛ ئەمەیش خۆی لە خۆیدا هاندەر بووە بۆ ئەوەی لایەنگرانی بەهەرێمکردنی بەسرە، ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر ببن و ئەو دەنگانەی داوای پێکهێنانی هەرێمی بەسرە دەکەن، پتر پەرە بستێنن.

لەم وتارەدا، تیشک دەخەینە سەر لایەنی مێژوویی و ڕەگوڕیشەی سەرهەڵدان و بەهێزیی بیرۆکەی فیدراڵیزم لەناو پارێزگەی بەسرە و، پاشان باس لە ڕێوشوینە دەستووری و یاسایییەکان دەکەین بۆ دروستکردنی هەرێمی نوێ لە عێراقدا.

لە ویلایەتی بەسرەوە بۆ پارێزگەی بەسرە

شاری بەسرە، بۆ یەکەم جار لە ساڵی چواردەی کۆچی لە لایەن "عەتبەی کوڕی غەزوان" لە سەردەمی خەلیفەی دووەمی ڕاشدین، "عومەری کوڕی خەتاب" بنیات نراوە. "عەتبەی کوڕی غەزوان"  یەکەم والیی شارەکە بووە. لە سەردەمی عوسمانی سەر بە ویلایەتی بەغدا بووە و، پاشان لە ساڵی ١٨٧٥ بووە بە ویلایەتی بەسرە هەتا سەرەتای جەنگی جیهانیی یه‌كه‌م لە ساڵی ١٩١٤. سنووری ویلایەتەکە لە باکوور دەگەیشتە عەلی غەربی و هەتا ناوچەکانی ئەحسا و نەجدی دەگرتەوە لە سعوودیای ئەمڕۆ و، کوێت، قەتەر، بەحرێن و ناوچەی ڕۆژهەڵات لە سعوودیای ئەمڕۆ بەشێک لە ویلایەتی بەسرە بوون. پاش جەنگی جیهانیی یه‌كه‌م، ویلایەتەکانی بەسرە، بەغدا و مووسڵ کەوتنە ژێر ماندێتی بریتانیا و، پاشان بەپێی ڕێککەوتننامەی سایکس-پیکۆ، لە ساڵی ١٩٢١ لەم سێ ویلایەتە وڵاتی نوێی عێراق دروست کرا. ویلایەتی بەسرە لە پێنج لیوا (پارێزگە) پێک هاتبوو کە بریتی بوون لە:

١) لیوای بەسرە (قەزاکانی بەسرە، قوڕنە، فاو، کوێت).

٢) لیوای مونتەفک (قەزاکانی ناسریە و حەی).

٣) لیوای عەمارە (قەزاکانی عەمارە و تویریج).

٤) لیوای نەجد (قەزاکانی هەفوف، قەتیف، قەتەر).

٥) لیوای قەسیم (قەزاکانی بەریدە و ڕیاز).

لە ڕاستیدا هەستی سەربەخۆخوازی لای دانیشتووانی بەسرە، بۆ سەردەمێک دەگەڕێتەوە کە هێشتا بیرۆکەی فیدراڵیزم یان ئۆتۆنۆمی لەم وڵاتەدا سەری هەڵنەدابوو. لە ٧/نیسانی/١٩٢١ "سرپرسی کوکس"، نوێنەری باڵای بریتانیا، لەگەڵ دوو کەس لە گەورە بازرگانانی بەسرە کۆ بووەوە، کە پێک هاتبوون لە "ئه‌حمه‌د سانع" و "عه‌بدولله‌تیف مه‌ندیل" و، داوای ئیدارەیەکی سەربەخۆیان کرد بۆ بەسرە لەژێر سەرپەرشتیی ڕاستەوخۆی بریتانیا. هەروا لە ١٣/٦/١٩٢١ بە واژووی (٤٥٠٠) کەس لە دانیشتووانی بەسرە بە سەرۆکایەتیی حەوت کەس لە گەورەپیاوانی شارەکە، داواکارییەک پێشکەش بە نوێنەری باڵای بریتانیا لە بەسرە "سرپرسی کاکس" کرا کە لە (٢٣) خاڵ پێک هاتبوو. لە خاڵی پێنجەم، دانیشتووانی بەسرە داوای پراکتیزەکردنی بنەمای مافی بڕیاردانی چاره‌نووسیان بۆ ویلایەتی بەسرە کردبوو و، داوایان کردبوو کە بریتانیا بەوردی ئەم بنەمایە لەو ویلایەتەدا جێبەجێ بکات. هەروا لە بەندی شەشەم، باسیان لە جیاوازیی خۆیان لەگەڵ دانیشتووانی دیکەی عێراقدا کردبوو. جگە لەمەیش لە بەندی حەوتەم، باسیان لەوە کردبوو کە هەموو داهاتی بەسرە لە لایەن عێراقەوە دەستی بەسەردا دەگیرێت، ئەگەر بێت و بخرێتە سەر عێراق.

لە بەندەکانی دیکەی ئەو داواکارییەدا، بەسراوییەکان داوایان کردبوو، کە بەسرە پاشای خۆی هەبێت و لەگەڵ دەوڵەتی نوێی عێراق لەژێر ناوی "ویلایەتە یەکگرتووەکانی عێراق و بەسرە"دا یەک بگرن و پەیوەندیی نێوانیان بە شێوەی فیدراڵی ڕێک بخرێت. بەڵام ئەم هەوڵانەی دانیشتووانی بەسرەیش هەروەک خەڵکی کوردستان شکستی هێنا و نەگەیشتە ئەنجام و، لە کۆتاییدا گەلێک لە ناوچەکانی سەر بە ویلایەتی بەسرە لەو ویلایەتە جیا کرانەوە و، بوون بە چەند دەوڵەتێکی نوێ لە ناوچەی کەنداو و، بەسراوییەکانیش تەنیا ئەوەندەیان پێ بڕا، کە ببنە پارێزگەیەک لە چوارچێوەی دەوڵەتی نوێی عێراقدا. هەر بۆیە ئەگەر سەرنج بدەین، دەبینین ئاراستەی سەربەخۆخوازی هەر لە کۆنەوە لەناو دانیشتووانی بەسرەدا بوونی هەبووە و، دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتاکانی سەدەی بیستەم.

دروستکردنی هەرێم بەپێی دەستووری عێراق

بەندی (١) لە دەستووری عێراق، ئەم وڵاتە بە وڵاتێکی فیدراڵی سەربەخۆ و خاوەن سەروەریی تەواو پێناسە دەکات، کە سیستەمی حوکمڕانی تێیدا کۆماریی پەرلەمانیی دیموکراتییە و، ئەم دەستوورە گەرەنتیی یەکپارچەییی عێراق دەکات.

لە بەندی (١١٦)ی دەستووردا هاتووە: "سیستەمی فیدراڵی لە کۆماری عێراق، پێک دێت لە پایتەخت و هەرێمەکان و پارێزگە ناناوەندییەکان و بەڕێوەبەرییە خۆجێیەکان. هەروا لە بەندی (١١٧/دووەم)دا دەڵێت: "ئەم دەستوورە، دان بەو هەرێمە نوێیانەی کە بەپێی ئەحکامەکانی دادەمەزرێن، دەنێت."  

بەپیی بەندی (١١٩)ی دەستوور، هەر پارێزگەیەک یان زیاتر مافیان هەیە هەرێم پێک بێنن بە داواکردنی ڕیفراندۆم بە یەکێک لەم دوو ڕێگەیەی خوارەوە:

١) بە داواکردنی یەک لەسەر سێی ئەندامانی هەر ئەنجومەنێک لە ئەنجومەنی ئەو پارێزگەیانەی کە دەیانەوێت هەرێم پێک بهێنن.

٢) بە داواکردنی ١٠%ی دەنگدەرانی هەر پارێزگەیەک لەو پارێزگەیانەی کە دەیانەوێت هەرێم پێک بهێنن.

بەم جۆرە، دەردەکەوێت کە دەستووری عێراق ڕێوشوێنی پێویستی بۆ هەر پارێزگەیەک داناوە، کە دەیەوێت هەرێم پێک بهێنێت. دروستکردنی هەر جۆرە گرفتێک لە بەردەم پێکهێنانی هەرێم، بە ڕەفتارێکی پێچەوانەی دەستوور لە قەڵەم دەدرێت. ئەو بڕوبیانووانەی کە هەندێ کەس و لایەن دەیهێننەوە، بەوەی کە ئێستا کاتی دروستکردنی هەرێم نییە، یان دروستکردنی هەر هەرێمێکی نوێ دەبێتە هۆی دابەشبوونی عێراق، هەر هەموویان دەچنە خانەی کردارێکی نادەستووری و لە هیج شوێنێکی دەستوور پێشمەرجی لەو جۆرە نەهاتووە.

ڕێکارە یاسایییەکانی پێکهێنانی هەرێم

بە پشتبەستن بە بەندەکانی (١١٧/دووەم)، (١١٨)، (١١٩)، (١٢٠) و (١٢١) لە دەستوور، پەرلەمانی عێراق یاسای ڕێکارە جێبەجێکارییەکانی تایبەت بە پێکهێنانی هەرێم ژمارە (١٣) ساڵی ٢٠٠٨ی دەرکرد. بەندی دووەمی ئەم یاسایە، هەمان ئەو میکانیزمانەی بۆ پێکهێنانی هەرێم داناوە کە لە دەستووردا ئاماژەی پێ کراوە. لە بەندی (٣) باس لە ڕێکارەکانی پێكهێنانی هەرێم دەکات، کە دەبێ سەرەتا داواکارییەک لە لایەن سەرۆک، یان نوێنەرانی یاساییی ئەنجومەنی پارێزگەکان، یان ئەنجومەنی یاسادانانی هەرێمەکان پێشکەش بە ئەنجومەنی وەزیران بکرێت، لە ماوەیەک کە لە یەک هەفتە زیاتر نەبێت.

پاشان ئەنجومەنی وەزیران، لە ماوەیەک کە زیاتر نەبێت لە (١٥) ڕۆژ لە پێشکەشکردنی داواکاری، کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان ڕادەسپێرێت، کە ده‌ست بكات بە گرتنەبەری ڕێکارەکانی ڕیفراندۆم لە چوارچێوەی ئەو هەرێمەی کە دەیانەوێت دروستی بکەن، لە ماوەیەکدا کە لە (٣) مانگ زیاتر نەبێت.

بەگوێرەی بەندی (٤) لە یاساکە، داواکاری سەرەتا لە لایەن (٢%) دەنگدەران پێشکەش بە نووسینگەی باڵای هەڵبژاردنەکان لەو پارێزگەیە دەکرێت، کە دەیانەوێت هەرێم پێک بهێنن. کۆمیسیۆن لەسەریەتی لە ماوەی سێ ڕۆژ لە پێشکەشکردنی داواکاری، ئەم بابەتە لە ڕۆژنامە و دەزگەکانی ڕاگەیاندن ڕابگەیەنێت و، ماوەیەک بۆ ئەو هاووڵاتیانە دابنێت، کە مەرجەکانی دەنگدەریان تێدایە و نابێ لە مانگێک کەمتر بێت، بۆ دەربڕینی ڕای خۆیان بە مەبەستی پاڵپشتیکردنی ئەم داواکارییە لە تۆمارێکدا کە بۆ ئەم مەبەستە دادەنرێت، بۆ ئەوەی بگاتە ڕێژەی داواکراو.

کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان، لە ڕێگەی نووسینگەکانی لە پارێزگەکان، یان هەرێمەکان ده‌ست ده‌كات بە ئەنجامدانی ڕێکارەکانی ڕیفراندۆم و کۆتاییپێهێنانی لەو ماوەیەی کە لە بەندی (٣)ی ئەم یاسایەدا بۆی دیاری کراوە و، لەو ڕێکەوتەی کە لە لایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە ڕادەسپێردرێت. کۆمیسیۆن بۆی هەیە بۆ مانگێک و تەنیا بۆ یەک جار ئەو ماوەیە درێژ بکاتەوە و، ئەنجومەنی وەزیرانیش لەم بابەتە ئاگادار بکاتەوە.

ڕیفراندۆم بە سەرکەوتوو دادەنرێت، ئەگەر دەنگی زۆرینەی دەنگدەرانی هەر پارێزگەیەک لەو پارێزگەیانەی کە دەیانەوێت هەرێم پێک بهێنن یان بچنە سەر هەرێمێکی تر، بەدەست بهێنێت. ئەنجامەکان لە ماوەی پازدە ڕۆژ لە ڕۆژی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم ڕادەگەیەندرێت، بەڵام نابێت ڕێژەی بەشداری لە دەنگدان لە (٥٠%)ی دەنگدەران کەمتر بێت. پاشان لایەنی تایبەتمەند، ئەنجامە کۆتایییەکان پەسند دەکات و پاش سێ ڕۆژ لە پەسندکردنی ئەنجامەکان، بەرزی دەکاتەوە بۆ ئەنجومەنی وەزیران. ئەنجومەنی وەزیران فەرمانی دامەزراندنی هەرێم دەردەکات، لە ماوەیەک کە نابێت لە دوو هەفتە تێپەڕ بکات. ئینجا فەرمانی ئەنجومەنی وەزیران لە ڕۆژنامەی فەرمیدا بڵاو دەکرێتەوە. ئەگەر بێت و ڕیفراندۆم سەرکەوتوو نەبوو، ئەوا دەکرێت پاش تێپەڕبوونی ساڵێک لە مێژووی ڕاگەیاندنی ئەنجامەکان و بە پەیڕەوکردنی هەمان ئەو ڕێکارانە، دووبارە بکرێتەوە. هەروا بەپێی بەندی (٢٢) لە یاساکە، ئەم یاسایە پاش (١٨) مانگ لە مێژووی پەسندکردنی جێبەجێ دەکرێت. بەو پێیەی ئەم یاسایە، لە ساڵی ٢٠٠٨ دەرچووە، هەر بۆیە یاساکە ئەو ماوەیەی تێ پەراندووە، کە بۆی دیاری کراوە و بە یاسایەکی بەرکار دادەنرێت.

هەوڵەکانی پێکهێنانی هەرێمی بەسرە

هەروەک پێشتر ئاماژەمان پێ کرد، هەستی سەربەخۆخوازانەی دانیشتووانی بەسرە شتێکی نوێ نییە و، مێژووەکەی بۆ کۆتایییەکانی ڕووخانی دەوڵەتی عوسمانی و سەرەتاکانی دامەزراندنی عێراق دەگەڕێتەوە؛ بۆیە دەبینین ئێستایش ڕەگوڕیشەکانی ئەم داواکارییە لەناو خەڵکی بەسرەدا ماوە و تەنانەت خۆیان بە جیاواز لە بەشەکانی دیکەی عێراق دەزانن. "وائل عەبدوللەتیف، پەرلەمانتاری پێشوو و یەکێک لە کەسایەتییە سیاسییەکانی بەسرە، لەم بارەیەوە دەڵێت: "هەرێمی بەسرە پرۆژەمانە و، ئەمە مافێکی دەستوورییە کە دەبێ سوودی لێ وەربگرین و، هیج کاتێک واز لەم مافەی خۆمان ناهێنین." عەبدوللەتیف یەکەم کەس بووە کە لە ساڵی  ٢٠٠٨ ده‌ستی كرد بە کۆکردنەوەی (٢%)ی دەنگەکان بۆ بەهەرێمکردنی بەسرە، بەڵام لەبەر کۆنەبوونەوەی ڕێژەی (١٠%)، نەیتوانی سەرکەوتوو بێت.

هەروا لە ساڵی ٢٠١٥، هەوڵێکی دیکە لە لایەن پەرلەمانتار "محەممەد تایی" هاتە ئاراوە بە کۆکردنەوەی (٥٧٩٣٣) واژووی هاووڵاتیان، کە پاشان لە لایەن کۆمیسیۆنەوە وردبینیی بۆ کرا و (٤٦٢١٢) کەسی لەگەڵ تۆماری دەنگدەراندا یەکیان دەگرتەوە، کە ئەمەیش دەکاتە ڕێژەی (٢.٦٥%)ی دەنگدەران و ڕێژەیی یاساییی دەستەبەر کردووە. هەر بۆیە، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان لە کۆبوونەوەی ١٧/٨/٢٠١٥، بڕیاری دا بە قبووڵکردنی ڕواڵەتیی ئەم داواکارییە و، کردنەوەی بنکەکانی کۆکردنەوەی واژوو بۆ ئەم مەبەستە بەپێی یاسای ڕێکارە جێبەجێکارییەکانی تایبەت بە پێکهێنانی هەرێم ژمارە (١٣) ساڵی ٢٠٠٨ بۆ پێشوازیکردن لە دەنگدەران بۆ خستنەڕووی ئارەزوویان. هەروا کۆمیسیۆن داوای لە حکوومەتی فیدراڵی کرد بوودجەی پێویست بۆ ئەم مەبەستە تەرخان بکات، چونکە کۆمیسیۆن هیچ بڕە پارەیەکی نییە بۆ ئەم مەبەستە. ئەوەی جێی سەرنجە ئەم داواکارییە هەرگیز نەگەیشتە ئامانجی خۆی و ڕووناکیی نەبینی.

پاش سەرهەڵدانی خۆپیشاندانەکانی ٩/تەممووزی/ ٢٠١٨ لە بەسرە و پارێزگەکانی دیکەی باشوور، لە دوا هەوڵیاندا "وەلید کەیتان"، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگەی بەسرە ڕای گەیاند، کە لە کۆبوونەوەیەکی لەناکاوی ئەنجومەن لە ڕۆژی ٢٤/٧/٢٠١٨، پازدە کەس لە ئەندامانی ئەنجومەن داوکارییەکیان بۆ بەهەرێمکردنی پارێزگەی بەسرە پێشکەش کردووە.

لەم بارەیەوە "زوهرە حەمزە"، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگەی بەسرە دەڵێت: "بەهەرێمبوون مافێکی دەستوورییە بەبێ ئەوەی مەبەستی جیابوونەوەمان هەبێت؛ هەر بۆیە لەم بارەیەوە یادداشتێکمان داوەتە حکوومەتی عێراقی."

هەروا ئەندامێکی دیکەی ئەنجومەنی پارێزگەی بەسرە بە ناوی "زوهرە بوجاری" دەڵێت: "پێکهێنانی هەرێم قازانج و ئەنجامێکی ئەرێنیی زۆری هەیە، چونکە ئەو فەرمانگانەی کە پەیوەندییان بە وەزارەتەکانەوە هەیە بە هۆی ڕۆتین، کاتێکی زۆر دەبات بۆ وەرگرتنی ڕەزامەندی لەسەر هەر پێشنیارێک. لە کاتی سەردانمان بۆ هەرێمی کوردستان، لەو پێشکەوتنە گەورە سیاسی و ئابوورییە ئاگادار بووین کە هەرێمی کوردستان بەدەستی هێناوە و، لەم ڕووەوە لە ڕێگەی پێکهێنانی هەرێمی کوردستان، قازانجێکی زۆر بۆ هاووڵاتیی کورد دەگەڕێتەوە. هەر بۆیە ئەم ڕاستییە هانی داین داوای پێکهێنانی هەرێم بکەین بۆ ڕۆڵەکانی بەسرە و، هەوڵ بدەین ئەزموونی هەرێمی کوردستان بگوازینەوە بۆ بەسرە."       

تاکوو ئێستا، هەوڵەکانی پێکهێنانی هەرێمی بەسرە نەیتوانیوە بگاتە ئامانجی خۆی و، هۆی ئەمەیش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە دەسەڵاتدارانی ئەمڕۆی عێراق مەبەستیان نییە بەندەکانی دەستوور و یاسای ڕێکارە جێبەجێکارییەکانی تایبەت بە پێکهێنانی هەرێم ژمارە (١٣) ساڵی ٢٠٠٨ وەک خۆی جێبەجێ بکەن. هەروەک پێشتریش هەوڵەکانی پێکهێنانی هەرێمی سەڵاحەددین لە سەردەمی مالکی شکستی هێنا و، ناوبراو تەنانەت داواکاریی ئەنجومەنی پارێزگەی سەڵاحەددینی بۆ کۆمیسیۆنیش بەرز نەکردووە.

ئەنجام

هەرچەند ئامانج لە فیدراڵیزەکردنی عێراق دروستکردنی وڵاتێکی سەقامگیرتر و پێشکەوتووتر و گەشەکردووترە، بەڵام پێدەچێ ئەزموونی ناسەرکەوتووی دەسەڵاتدارانی حکوومەتی فیدراڵی لەگەڵ هەرێمی کوردستان، ئەم باوەڕەی لای ئەوان پتەو کردبێت، کە ئەگەر بێت و هەرێمێکی دیکەی هاوشێوەی هەرێمی کوردستان دروست ببێت و بەتایبەت ئەگەر ئەو هەرێمەیش پارێزگەی بەسرە بێت، کە ٨٠%ی داهاتەکانی عێراق لەوێوە دابین دەکرێت، ئەوا تووشی گێژاو و سەرئێشەیەکی گەورە دەبن، کە ئەستەمە بتوانن لێی دەرباز ببن.

مەترسییەکی دیکەی دەسەڵاتدارانی عێراق ئەوەیە، کە پەرەسەندنی ڕەوتی بەهەرێمبوونی پارێزگەکان، قۆناغێکی تری ململانێ لە نێوان حکوومەتی فیدراڵی و هەرێمەکان لەسەر دەسەڵات و سامان و بەڕێوەبردنی وڵات دروست دەکات، کە ئەمەیش وڵات بەرەو ئاراستەیەکی نادیار دەبات و دەرفەت بۆ دەستێوەردانی هەرێمی خۆش دەکات.

هەروا بیانووێکی دیکەی حکوومەتی فیدراڵی، باردۆخی ئاسایشی وڵاتە. ئەم بیانووەیش هیچ بنەمایەکی دەستووری و یاساییی نییە، چونکە دەستوور و یاسا لە هیج شوێنێک ئاماژەی بە دۆخی ئاسایش نەکردووە وەک یەکێک لە پێشمەرجەکانی دروستکردنی هەرێم. بەم جۆرە بۆمان دەردەکەوێت کە ڕێگرییەکانی حکوومەتی عێراق بۆ پێکهێنانی هەرێمی نوێ لە عێراق هیچ بنەمایەکی دەستووری و یاساییی نییە و پتر سیاسییە.

هەروا بە سەرنجدان لە مێژووی بەسرە، بۆمان دەرکەوت کە خواستی دانیشتووانی ئەو ناوچەیە بۆ سەربەخۆیی، یان فیدراڵی و ئۆتۆنۆمی شتێکی نوێ نییە و بنچ و بناوانی مێژووییی هەیە. هەر بۆیە لە ئەگەری شکستهێنانی ئەم هەوڵەی ئێستایش، وا چاوەڕوان دەکرێ هەوڵ و کۆششی دانیشتووانی بەسرە بۆ پێکهێنانی هەرێم بەردەوام بێت.  

لە لایەکی ترەوە، پێکهێنانی هەر هەرێمێکی نوێ لە عێراقدا، پێگەی هەرێمی کوردستان لە بەرامبەر حکوومەتی فیدراڵیدا بەهێزتر دەکات، چونکە ئیدی هەرێمی کوردستان لەم ڕێگەیەدا تەنیا نییە و گوشارەکانی سەر بەغدا زیاتر دەبێت. ڕاستییه‌كه‌ی، ئەو فیدراڵییەتەی کە ئەمڕۆ لە عێراقدا هەیە، فیدراڵییەتێکی ناتەواوە، چونکە هیچ دەوڵەتێکی فیدراڵی نییە کە تاکە هەرێمێکی هەبێت. هەر بۆیە، هەر هەوڵێک بۆ زیاترکردنی ژمارەی هەرێمەکان لە عێراقدا وا دەکات، کە بنەماکانی فیدراڵییەت زیاتر لەم وڵاتەدا بچەسپن.  

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples