گەرووی هورمز لە ڕوانگەی یاسای نێودەوڵەتییەوە

گەرووی هورمز لە ڕوانگەی یاسای نێودەوڵەتییەوە

 

ئازاد وەڵەدبەگی، ماستەر لە یاسای گشتی

پێشەکی

لەم ڕۆژانەی دوایی، بە هۆی گرژیی زیاتر لە پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا، لە لایەن ئێرانەوە هەڕەشەی داخستنی گەرووی هورمز کرا، ئەگەر بێت و ئەمریکا سزاکانی لەسەر کڕیارانی نەوتی ئێران جێبەجێ بکات و هەناردەی نەوتی ئێران بگەیەنێتە خاڵی سفر. حەسەن ڕۆحانی، سەرۆککۆماری ئێران، لە سەردانێکیدا بۆ سویسرا لە وەڵامی سەپاندنی سزاکانی ئەمریکا لەسەر هەناردەی نەوتی ئێران گوتی: "ئەمریکییەکان... لە مانای ئەو قسەیە تێ ناگەن، چونکە هیچ واتایەکی نییە کە نەوتی ئێران هەناردە نەکرێت و ئه‌وجا نەوتی ناوچەکە هەناردە بکرێت. ئەگەر ئێوە دەتوانن ئەم کارە بکەن هەتا ئەنجامەکەی ببینن." ئەم وتانەی ڕۆحانی، بە هەڕەشەیەکی لاوەکی بۆ داخستنی گەرووی هورمز لێک درایەوە. هەروا لە ٤/تەمووزی/٢٠١٨ ئیسماعیل کەوسەری، یەکێک لە بەرپرسانی سوپای پاسداران، هەڕەشەی داخستنی گەرووی هورمزی کرد بە ڕووی پاپۆڕە نەوتهەڵگرەکاندا، ئەگەر بێت و سزا بخرێتە سەر هەناردەی نەوتی ئێران.

لێرەدا، ئەم پرسیارە دێتە ئاراوە کە کاریگەرییەکانی داخستنی گەرووی هورمز چین؟ گرنگیی گەرووی هورمز چییە؟ مافی دەوڵەتان لە گەرووە ئاوییە نێودەوڵەتییەکان چین؟ ئایا یاسای نێودەوڵەتی چۆن دەڕوانێتە گەرووە ئاوییە نێودەوڵەتییەکان؟ لەم وتارەدا هەوڵ دەدەین وەڵامی ئەم پرسیارانە لە ڕوانگەیەکی یاسایییەوە بدەینەوە.

پێناسەی گەرووی نێودەوڵەتی

سەبارەت بە پێناسەکردنی گەرووی نێودەوڵەتی، لە لایەن زانایانی یاسایی و جوگرافییه‌وه‌ چەندین پێناسەی جۆراوجۆری بۆ کراوە، کە لێرەدا ئاماژەیان پێ دەکەین. لە ڕووی جوگرافییەوە گەرووی نێودەوڵەتی بریتییە لە: "گوزەرگەیەکی ئاوی کە دوو هەرێم لێکتر جیا دەکاتەوە و دوو دەریا بەیەک دەگەیەنێت." بۆیە لە ڕووی جوگرافییەوە مەرجە، کە ئاوی گوزەرگەکە بەشێک بێت لە دەریا و، بەپێی چەمکی یاسای نێودەوڵەتی و بە شێوەیەکی سروشتی دروست بووبێت و دوو ناوچەی زەوی لێک جیا بکاتەوە و دوو دەریا بە یەکتر بگەیەنێت.

یاسازانی دانیمارکی، ئێریک برۆیل (Eric Bruel)، سیفەتی نێودەوڵەتیی بەخشی بەو گەرووانەی، کە گرنگییەکی بەرچاویان لە بازرگانیی دەریاییی نێودەوڵەتیدا هەبوو؛ هه‌ر بۆیە بەپێی تێڕوانینی ناوبراو، بۆ ئەوەی گەروویەک بە نێودەوڵەتی بزانین، دەبێ ئەو بەرژەوەندییەی کە دەدرێتە پاڵ ئەم گەرووە، بەرژەوەندییەکی خاوەن سروشتی نێودەوڵەتیی بەربڵاو بێت. یەکەمین کۆنگرەی یاسای دەریاکان لە جنێڤ لە ساڵی ١٩٥٦ هەمان ئاراستەی وەرگرتووە و لە پێناسەی گەرووی نێودەوڵەتیدا دەڵێت: "گەرووی نێودەوڵەتی ئەوەیە، کە دوو بەشی دەریا ئازادەکان لێک گرێ دەدات و بە شێوەیەکی ئاسایی بۆ کەشتیوانیی نێودەوڵەتی بەکار دێت".

هەروا لە بەندی (٣٧)ی ڕێککەوتننامەی سێیەمی یاسای دەریاکاندا بەم جۆرە پێناسەی گەرووی نێودەوڵەتی کراوە: "ئەو گەرووانەی کە بەکار دێن بۆ کەشتیوانیی نێودەوڵەتی لە نێوان بەشێک لە دەریا ئازادەکان یان ناوچەیەکی ئابووریی پەتی و بەشێکی تر لە دەریا ئازادەکان، یان ناوچەی ئابووریی پەتیی دیکە." هەروا دادگەی نێودەوڵەتیی داد لە بڕیارە بەناوبانگەکەی لەسەر گەرووی کۆرفۆ لە ١٥/٥/١٩٤٦ بەم جۆرە پێناسەی گەرووی نێودەوڵەتی دەکات: "گوزەرگەیەکی ئاوییە کە دوو بەشی دەریا ئازادەکان بە یەک دەگەیه‌نێت و، بە شێوەیەکی ئاسایی بۆ کەشتیوانیی نێودەوڵەتی بەکار دێت."

گرنگیی گەرووی هورمز

گەرووی هورمز، بە یەکێک لە گرنگترین و ستراتیژیترین گوزەرگە ئاوییە نێودەوڵەتییەکان دادەنرێت. لە سەردەمی جەنگی سارد، جەنگی ئێران-عێراق و ئێستایش، بابەتی "گەرووی هورمز" هەموو کات یەکێک بووە لەو بابەتانەی کە دەوڵەتانی زلهێز و هەرێمیی بەخۆیەوە خەریک کردووە. ئەم گەرووە، ڕۆڵێکی گەورەی لە جموجۆڵی بازرگانیی جیهاندا هەیە؛ بە جۆرێک کە ٤٦% نەوتی جیهان پێیدا تێ دەپەڕێت. هەروا ٩٠% لە هەناردەی نەوتی وڵاتانی کەنداو بەم گەرووەدا تێپەڕ دەبێت و، جگە لە سعوودیا و عومان و عێراق نەبێت،  وڵاتانی دیکەی عەرەبیی کەنداو وەک قەتەر، کوێت، بەحرێن و ئیمارات هیچ دەروازەیەکی دیکەیان نییە بۆ هەناردەکردنی نەوتەکەیان یان جموجۆڵی بازرگانییان.

هەروا بەپێی ڕاپۆرتی کۆمپانیای BP، لە ساڵی ٢٠١٦ پتر لە ٣٠%ی هەناردەی گازی جیهان لە لایەن وڵاتی قەتەر، لەم گەرووەوە هەناردە کراوە. هەر بۆیە، داخستن، یان نائارامکردنی ئەم گەرووە، نەک هەر زیانی بۆ هەناردەی نەوتی وڵاتانی کەنداو دەبێت، بەڵکوو زیان بەو دەوڵەتانەیش دەگەیه‌نێت کە کڕیاری نەوتی ئەم وڵاتانەن، هەروەک وڵاتانی ڕۆژاوایی و وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ئاسیا وەک چین، ژاپۆن و کۆریای باشوور. بۆیە، وا چاوەڕوان دەکرێ دروستبوونی هەر جۆرە جەنگ و گرژییەک، کاریگەریی لەسەر بەرزبوونەوەی نرخی نەوت هەبێت، کە ئەمەیش بە نۆرەی خۆی کاردانەوەی وڵاتانی جیهان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی لێ دەکەوێتەوە.

داخستنی گەرووە نێودەوڵەتییەکان لە ڕوانگەی یاسای نێودەوڵەتییەوە

یاسای نێودەوڵەتیی دەریاکان، دەربارەی داخستنی گەرووەکان ئەحکامێکی ڕوونی هەیە، ئەویش ئەوەیە کە گەرووە نێودەوڵەتییەکان دەبێ کراوە بن و تەنیا لە حاڵەتی پێکدادانی چەکدارییە، کە دەوڵەتێک دەتوانێ گەرووە نێودەوڵەتییەکان بە ڕووی لایەنی دوژمندا دابخات. لەوانەیە ئێران وای دابنێت، کە لە بەرامبەر سزا نێودەوڵەتییەکان، وەک کاردانەوەیەکی ڕەوا دەتوانێت گەرووی هورمز دابخات، بەڵام دەبێ ئەوەمان لەیاد بێت، چ لە ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکان و چ لە عورفی نێودەوڵەتیدا، هیچ ڕێسایەک نییە ڕیگە بە دەوڵەتێک بدات کە وەک کاردانەوە بەرامبەر بە سزا نێودەوڵەتییەکان، گەروویەکی نێودەوڵەتی دابخات.

بەپێی ڕێککەوتننامەی نێودەوڵەتیی یاسای دەریاکان، هەموو دەوڵەتان مافی تێپەڕبوونی بەردەوام و خێرایان هەیە لە گەرووە نێودەوڵەتییەکاندا، کە بۆ کەشتیوانیی نێودەوڵەتی کەڵکیان لێ وەردەگیرێت. ئەو کەشتیانەی کە بە گەرووە نێودەوڵەتییەکاندا تێ دەپەڕن، دەبێ بێ دواکەوتن تێپەڕ ببن و،  خۆیان بەدوور بگرن لە هەڕەشە یان بەکارهێنانی هێز دژ بە سەروەری، یەکپارچەییی خاک، یان سەربەخۆییی سیاسیی دەوڵەتانی کەنار گەروو. دەوڵەتانی کەنار گەرووە نێودەوڵەتییەکان، دەتوانن هەندێ ڕێسا دابنێن و کەشتییەکان لەسەریانە کە  پێوەی پابەند بن، بەڵام ئەم ڕیسایانە نابێ جیاکاریی تێدا بێت و نابێ گرفت لە بەردەم ترانزیتدا دروست بکات و بە شێوەیەکی گشتی، نابێ ترانزیت بوەستێندرێت.   

ڕێککەوتننامەی نێودەوڵەتیی یاسای دەریاکان، دەریای هەرێمیی لە (٣) مایلەوە بۆ (١٢) مایل زیاد کرد، کە بەم پێیە گەرووی هورمز کە لە باریکترین شوێنی خۆیدا (٢٢) مایلە، دەکەوێتە بەر دەریای هەرێمیی ئێران و عومان. لە کاتی واژووکردنی ئەم ڕێککەوتننامەیەدا، ئێران ڕاگەیەندراوێکی ڕاڤەکاری (تەفسیری)ی دەرکرد کە تێگەیشتنی ئەو وڵاتە لەسەر ئەم ڕێککەوتنە دەخاتە ڕوو. بەپێی ئەم ڕاگەیەندراوە، مافی ترانزیت لە گەرووە نێودەوڵەتییەکانی باسکراو لە ڕێککەوتننامەکەدا، تەنیا ئەو وڵاتانە دەگرێتەوە کە ئەم ڕێککەوتننامەیان واژوو کردووە. هەروا دەوڵەتی کەنار گەروو، مافی هەیە کە کۆمەڵیک یاسا و ڕێسا بۆ پاراستنی ئارامیی گەروو دابنێت، کە ئەمەیش کەشتییە بیانییەکان ناچار دەکات مۆڵەتی پێشوەختە وەربگرن. عومان، میسر و یەمەنیش ڕاگەیەندراوێکی لەم جۆرەیان دەرکرد.

لە بەرامبەردا، ئەمریکا دژی هەر جۆرە سنووردارکردنێکە لە ئازادیی کەشتیوانیی نێودەوڵەتی. ئەم وڵاتە بە ئاراستەکردنی یادداشتێک بە نەتەوە یەکگرتووەکان، ناڕەزاییی خۆی بەرامبەر بە سنووردارکردنی مافی ترانزیت لە گەرووی هورمز دەربڕی. لە ڕوانگەی ئەمریکاوە، دەوڵەتانی کەنار گەروو مافیان نییە کەشتییە بیانییەکان ناچار بکەن بۆ تێپەڕبوونی بێ زیان مۆڵەت وەربگرن، کە ئەمەیش لە بڕیاری دادگەی نێودەوڵەتیی داد لە کێشەی گەرووی کۆرفۆ لە ساڵی ١٩٤٦ ئاماژەی پێ کراوە و دەڵێت، کە تێپەربوونی بێ زیان پێویستیی بە مۆڵەت نییە. لە لایەکی ترەوە، چونکە گەرووی هورمز لە سنووری دەریای هەرێمیی عومان قووڵترە، هەر بۆیە کەشتییەکان پتر لەو شوێنەوە تێپەڕ دەبن.

گەرووی هورمز لە یاسای نێودەوڵەتیدا

گەرووی هورمز، باریکەیەکی دەریاییی چەماوەیە کە لە کۆتاییی بەشی ڕۆژهەڵاتی کەنداوی فارس هەڵکەوتووە و، ناوچەی ئابووریی کەنداو بە دەریای عومان و ئوقیانووسی هیندەوە دەبەستێته‌وه‌. درێژیی ئەم گەرووە، (١٢٤،٨) مایلە و، بەرینییەکەی لە نێوان (٣٠-٢٠،٧٥) مایلە. هەروا سنووری ئاوە هەرێمییەکانی ئێران و عومانیش (١٢) مایلە. هەر بۆیە ئەم گەرووە، لە هەندێ شوێنی خۆیدا دەکەوێتە سنووری دەریای هەرێمیی ئێران و عومان و، هەر یەکەیان سەروەریی بەسەر بەشێکی ئەم گەرووەدا هەیە. بنی دەریا لە گەرووی هورمز لە باکوورەوە بەرەو باشوور لێژاییی هەیە؛ بۆیە ناوچەکانی باشووری ئەم گەرووە پتر بۆ کەشتیوانیی پاپۆڕە نەوتهەڵگرەکان شیاوە.

بەپێی بەندی (١٦)ی ڕێککەوتننامەی ١٩٥٨ لە یاسای دەریاکان، گەرووە نێودەوڵەتییەکان ملکەچن بۆ بنەمای تێپەڕبوونی بێ زیان و، دەوڵەتی کەنار گەروو ناتوانێ ئەم مافە ڕابگرێت؛ هۆی ئەمەیش بۆ پرەنسیپی ئازادیی دەریاوانی لە دەریا ئازادەکان دەگەڕێتەوە، کە لە بڕیاری دادگەی نێودەوڵەتیی داد دەربارەی گەرووی کۆرفۆ جەختی لەسەر کراوەتەوە. هەروا لە بەندی (٣٧)ی ڕێککەوتننامەی ساڵی ١٩٨٢ دەربارەی یاسای دەریاکان جەخت لەسەر سیستەمی ترانزیت لە گەرووە نێودەوڵەتییەکان کراوەتەوە. ڕاستییه‌كه‌ی، مافی دەستڕاگەیشتن بە دەریا ئازادەکان بەبێ مافی ئازادیی تێپەڕبوون بە گەرووە نێودەوڵەتییەکاندا، بێواتایە. تێپەڕبوونی ترانزیت، بریتییە لە تێپەڕینی بەردەوام و خێرا لەو گەرووانەی کە لە نێوان دەریا ئازادەکان و ناوچە ئابوورییەکاندا هەڵکەوتوون، یان ڕۆیشتن و بەجێهێشتنی وڵاتانی کەنار گەروو. جگە لەمەیش، مافی ترانزیت فڕین لەسەر ئاوەکانیش دەگرێتەوە.

سەبارەت بە ئێران، ئەم وڵاتە ئەندامە لە ڕێککەوتننامەی ساڵی ١٩٥٨ی یاسای دەریاکان کە دانی بە تێپەڕبوونی بێ زیان ناوە، بەڵام ئێران ڕێککەوتننامەی ساڵی ١٩٨٢ی یاسای دەریاکانی تەنیا واژوو کردووە و هێشتا لە پەرلەمانی ئەو وڵاتە پەسند نەکراوە. هەر بۆیە ئێران ئەندام نییە لەم ڕێککەوتنەدا و، لە کاتی واژووکردنیشی ڕاگەیەندراوێکی ڕاڤەکاریی لەم بارەیەوە بڵاو کردەوە، کە لەسەرەوە ئاماژەمان پێ کرد.

لە کۆنگرەی یاسای دەریاکانی ساڵی ١٩٨٢، دەوڵەتانی کەنار گەرووی نێودەوڵەتی، پتر جەختیان لەسەر مافی تێپەڕبوونی بێ زیان و بنەمای سەروەریی هەرێمی لەسەر ئەم گەرووانە دەکردەوە، بەڵام وڵاتە زلهێزەکان جەختیان لەسەر مافی ترانزیت دەکردەوە، بۆ ئەوەی ئەم گەرووانە بە ڕووی هەموو جۆرە کەشتییەکدا کراوە بن. جیاوازیی ئەم دووانە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە لە یەکەمیاندا، تەنیا کەشتییە بازرگانییەکان دەتوانن تێپەڕ بن و کەشتییە جەنگییەکان ناتوانن بەبێ مۆڵەتی دەوڵەتی کەنار گەروو تێپەڕ ببن. ڕێککەوتننامەی یاسای دەریاکانی ساڵی ١٩٨٢، لە بەندی (٣٨)ی خۆیدا بەم جۆرە پێناسەی مافی ترانزیت دەکات: "مومارەسەکردنی ئازادیی کەشتیوانی و فڕین بۆ تاکە مەبەستێک، کە ئەویش تێپەڕبوونی بەردەوام و خێرایە لە گەروو". بەم پێیە هەموو جۆرە کەشتییەک، چ بازرگانی و چ جەنگی مافی تێپەڕبوونیان هەیە، بەبێ ئەوەی کەس بتوانێ ئاستەنگیان بۆ دروست بکات. ئەمەیش ڕێگر نییە لەوەی، کە بچنە دەوڵەتانی کەنار گەروو، یان بەجێی بهێڵین یان بگەڕێنەوە، بە ڕەچاوکردنی مەرجەکانی ڕۆیشتن بۆ ناو ئەو دەوڵەتانە.   

هەروەک گوتمان، گەرووی هورمز تاکە گوزەرگەیە کە ناوچەی ئابووریی کەنداوی فارس و دەریای عومان و ئوقیانووسی هیند بە یەکەوە دەبەستێته‌وه‌. هەر بۆیە، پێناسەی گوزەرگەی نێودەوڵەتیی هاتوو لە یاسای دەریاکان دەیگرێتەوە و، ملکەچە بۆ ئەو سیستەمە یاسایییە.

ئاشکرایە، کە ئێران و عومان دوو دەوڵەتی پەیوەندیدارن بە ئاسایش و پاراستنی گەرووی هورمز. عومان لە لایەکەوە هاواهەنگی لەگەڵ ئەمریکا دەکات و لە لایەکی ترەوە هاواهەنگی لەگەڵ ئێران دەکات، بەڵام ئێران پاش ساڵی ١٩٧٩ سیاسەتێکی ڕوونی لە ناوچەی کەنداو هەیە، کە ئەویش بەهێزکردنی پێگەی ستراتیژیی ئەو وڵاتەیە. بۆیه‌ گەرووی هورمز، بووەتە بەشێک لەو جەنگە سایکۆلۆژییەی کە لە نێوان ئێران و ئەمریکادا هەیە.

کاریگەرییەکانی داخستنی گەرووی هورمز

بۆ یەکەم جار هاشمی ڕەفسەنجانی، سەرۆککۆماری پێشووی ئێران، لە ساڵی ١٩٨٣ و لە کاتی جەنگی ئێران-عێراق هەڕەشەی داخستنی گەرووی هورمزی کرد و گوتی: "پێویست ناکات کە گەرووی هورمز بە کەشتی دابخەین، بەڵکوو هەر ئەوەندە بەسە کە ڕۆژانە دوو جار بە هۆی تۆپەکانمانەوە بیکەینە ئامانج، کە مەودایان (٤٨) کم دەبێت، ئەو کاتە کێ دەتوانێ بە گەرووەکەدا تێپەڕ بێت؟ تەنانەت دەتوانین بە چەکی کەلاشێنکۆف گەرووەکە دابخەین." هەروا لە ساڵی ٢٠١١ ئەحمەدینه‌ژاد، سەرۆکی ئەوکاتی ئێران، هەڕەشەی داخستنی گەرووەکەی کرد وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر بە سەپاندنی سزا لەسەر کڕینی نەوتی ئێران. هەروا جێگری ئەوسای سەرۆککۆماری ئێران، موحەممەد ڕەزا ڕەحیمی گوتی: "ئەگەر بێت و سزا بەسەر نەوتی ئێراندا بسەپێنرێت، ئێمەیش گەرووی هورمز دادەخەین و، ڕێگە نادەین تەنانەت یەک دڵۆپ نەوتیش بەو گەرووه‌دا تێپەڕ ببێت." شیاوی باسە کە ئەوکات بڕیارەکانی ئەنجومەنی ئاسایش بە ژمارە (١٧٣٧،١٧٤٧، ١٨١٠،١٩٢٩) زنجیرەیەک سزای سیاسی و ئابوورییان بەسەر ئێراندا سەپاندبوو.

هەروا لە وەڵامی ئەم هەڕەشانە، لیۆن بانیتا، وەزیری بەرگریی ئەمریکا لە ساڵی ٢٠١٢ ڕای گەیاند، کە "ڕێگە نادەین بە ئێران کە گەرووی هورمز بە ڕووی تێپەڕینی نەوتدا دابخات و، ئەمە لە ڕوانگەی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە هێڵی سوورە."

سەرەڕای ئەو هەڕەشانەیش، پاش سەپاندنی سزا نێودەوڵەتییەکان لەسەر ئێران، ئەو وڵاتە هەوڵی داخستنی گەرووی هورمزی نەدا. بەپێی گوتەی پسپۆرانی نەوت، لە ئەگەری داخستنی ئەم گەرووە، لەوانەیە نرخی نەوت بۆ بەرمیلی (٢٠٠) دۆلار بەرز ببێتەوە.

بێ گومان داخستنی ئەم گەرووە کاریگەریی لەسەر هەموو وڵاتانی جیهان هەیە، چ بەرهەمهێنەری نەوت و چ بەکارهێنەری نەوت و دەبێتە هۆی داتەپینی ئابووری. هەروا لەوانەیە کارێکی قورس بێت دەوڵەتانی بەرهەمهێنەری نەوت بتوانن، ئەو بۆشایییە پڕ بکەنەوە کە لە بازاڕی نەوت دروست دەبێت. ئەگەر گەرووەکە بۆ ماوەیەکی کورت دابخرێت، ئەوا کاریگەرییەکانی سنووردار دەبێت، بەڵام ئەگەر داخستنەکە درێژخایەن بێت، ئەوا کاریگەریی نەرێنیی ئابووریی بەرفراوانی دەبێت لەسەر وڵاتانی جیهان و، دوور نییە بەپێی مەزەندەکان نرخی نەوت بگاتە ٢٠٠ دۆلار. تەنانەت لە ئەگەری سەرلەنوێ کردنەوەی گەرووەکە، ئەوا ماوەیەکی زۆری دەوێت هەتا سەقامگیری بۆ بازاڕی نەوت بگەڕێتەوە. ئێرانیش بۆ خۆی یەک لە لایەنە سەرەکییە زیانمەندەکان دەبێت، چونکە بێ گومان لە ئەگەری داخستنی گەرووی هورمز، ئەوا کاردانەوەی سەربازیی ئەمریکای بەدوادا دێت کە دامودەزگە نەوتی و ئابوورییەکانی ئێران دەکرێنە ئامانج؛ جگە لە پەککەوتنی هەناردەی نەوت و بازرگانیی ئەو وڵاتە.

کۆبەند

پێویستە لایەنە پەیوەندیدارەکانی ئەم کێشەیە لەو ڕاستییە تێ بگەن، کە داخستنی گەرووی هورمز کاردانەوەی سیاسی، ئابووری، ئاسایشی و سەربازیی گەورەی بەدواوە دەبێت و، ئاگری ئەم دووکەڵە دەچێتە چاوی هەمووان و بەتایبەتی وڵاتانی ناوچەی کەنداو. هەر بۆیە، وا باشە بابەتی داخستنی گەرووی هورمز بخرێتە دەرەوەی یارییە سیاسییەکانی نێوان ئێران و ڕۆژاوا بە سەرکردایەتیی ئەمریکا. هەروا دەکرێت وڵاتانی ناوچەی کەنداوی فارس (ئێران، عێراق، سعوودیا، کوێت، قەتەر، بەحرێن، ئیمارات و عومان) بە گفتوگۆ و هاوبەشی، ڕێککەوتنێکی سیاسی، ئابووری و ئاسایشیی هەمەلایەنە ئەنجام بدەن بۆ پاراستنی ئاسایشی گەرووی هورمز، وەک گەروویەکی نێودەوڵەتی و کراوە بەسەر کەشتیوانیی نێودەوڵەتی؛ بە جۆرێک کە لە دەرەوەی ململانێ سیاسی، ئاسایشی و ئابوورییەکانی وڵاتان بێت و، جگە لە خزمەتی ئابووریی وڵاتانی ناوچەکە خزمەتی ئابووریی جیهانیش بکات.

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples