ئازاد وەڵەدبەگی
پێشەکی
پاش هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە ڕێکەوتی ٣٠/ئەیلوول/٢٠١٨ و تێپەڕبوونی پتر لە سێ مانگ، هێشتا کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێم پێک نەهاتووە. بەدەر لەوەیش وەک نەریتێکی سیاسیی باو، سیستەمی سیاسی لە هەرێمی کوردستان بە جۆرێک ڕێک خراوە کە پۆستەکانی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان و حکوومەت پێکەوەگرێدراون؛ هەر بۆیە هەر جۆرە سستییەک لە پێکهێنانی حکوومەت، کاریگەریی نەرێنیی لەسەر کاری پەرلەمانیش دەبێت و هەتا ئێستا پەرلەمانیش تەنیا یەک کۆبوونەوەی ئەنجام داوە و ئەویشی بەکراوەیی هێشتۆتەوە، کە ئەمەیش خۆی لە خۆیدا هەنگاوێکی نایاسایییە و ڕێگەپێدراو نییە.
پێکهێنانی کابینەی نوێ، بەدەر لە ئیشکالییەتە جۆراوجۆرەکانی پەیوەست بە سیستەمی سیاسی و نەریت و دۆخی سیاسیی زاڵ بەسەر هەرێمی کوردستان، ڕووبەڕووی چەندین ئالینگاری و ئاستەنگی جیاجیای دیکەیش دەبێتەوە، کە لەم وتارەدا هەوڵ دەدەین گرنگترینی ئەو ئالینگاری و ئاستەنگانە بخەینە ڕوو بەم جۆرەی خوارەوە:
١) سستبوونی پرۆسەی پێکهێنانی حکوومەت: پاش تێپەڕبوونی سێ مانگ لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی، گفتوگۆی لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بۆ چۆنێتیی پێکهێنانی کابینەی نوێ سستیی پێوە دەبینرێت. بەداخەوە، تێڕوانینی زاڵی حزبی لە هەرێمی کوردستان وای کردووە، کە هەر لایەنێکی سیاسی هەوڵ بدات لەم گفتوگۆیانە، زیاترین دەستکەوت لە کێکی حکوومەت بۆ حزبەکەی بەدەست بهێنێ. بێ گومان ئاڵۆزیی پەیوەندیی سیاسیی نێوان حزبەکانی کوردستان لە چەندین ساڵی ڕابردوو و، بەتایبەت لە نێوان "پدک" و "ینک" پاش ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر و کێبڕکێ لەسەر پۆستەکانی بەغدا، کاریگەریی نەرێنیی لەسەر ڕەوتی گفتوگۆکان هەبووە؛ بە جۆرێک کە ینک لە دوا دانیشتندا داوای کردووە کە هەموو پۆستەکانی هەرێم، کەرکووک و بەغدا بە یەک پەکێج چارەسەر بکرێن، کە ئەم داواکارییەیش لە لایەن پدکەوە ڕەت کراوەتەوە.
بە دیویکی تردا، چارەنووسی گفتوگۆکانی نێوان پدک و گۆڕانیش ڕاستەوخۆ بە چارەنووسی گفتوگۆکانی نێوان پدک و ینکەوە گرێ دراوە، چونکە بەشێکی گرنگی پرۆسەی پێکهێنانی حکوومەت، ڕێککەوتنە لەسەر دابەشکردنی پۆستەکان؛ کە ئەمەیش دەبێ بە ڕێککەوتنی نێوان هەموو لایەنەکانی بەشدار لە حکوومەت بێتە ئاراوە. ئاستەنگێکی دیکەیش، بریتییە لەوەی کە یەکێتی، بنمیچی داواکارییەکانی خۆی لە بەرکەوتەی پۆستەکان بە جۆرێک بەرز کردۆتەوە، کە لەگەڵ بەرکەوتەی هەڵبژاردنی ئەو لایەنەدا ناگونجێت لە پەرلەماندا و بۆ ئەم مەبەستەیش دەیەوێت پشت بە کۆمەڵێک پێوەر ببەستێت، کە لەنێو سیستەمێکی دیموکراتیی پشتبەستوو بە هەڵبژاردندا جێی نابێتەوە.
دابەشبوونی هەرێمی کوردستان بەسەر دوو زۆنی "سەوز" و "زەرد" و بوونی هێزی چەکداری حزبی و...، وایان کردووە کە واقعێک بەسەر هەرێمی کوردستاندا بسەپێنرێت، کە پێوەرە دیموکراتییەکان بۆ پێکهێنانی حکوومەت بباتە ژێر پرسیارەوە. لە هەمان کاتدا بەردەوامیی ئەم دۆخە، ئەم پرسیارە لە لای خەڵک دەورووژێنێت، کە ئیدی لە دۆخێکی وەهادا هەڵبژاردن ج بەهایەکی هەیە؟ دەکرێ ئەمەیش بە یەکێک لە هۆیەکانی دابەزینی ڕێژەی بەشداریی خەڵک لە هەڵبژاردنەکان لە قەڵەم بدەین. سستبوونی پرۆسەی پێکهێنانی حکوومەت، کەمتەرخەمیی لایەنە سیاسییەکانی کوردستان دەخاتە ڕوو، کە دواجار ئەمەیش زەمینە بۆ ناڕەزایی و بێمتمانەییی خەڵک بەرامبەر بە دەسەڵات خۆش دەکات.
٢) دۆخی ئابووریی هەرێم: لە چەندین ساڵی ڕابردوو و بەتایبەت پاش جەنگی داعش، بڕینی بوودجەی هەرێمی کوردستان لە لایەن بەغدا و سەرنەکەوتنی پرۆژەی ئابووریی سەربەخۆ کە لە لایەن حکوومەتی هەرێمەوە پەیڕەو کرا، دۆخێکی ئابووریی خراپ باڵی بەسەر هەرێمی کوردستاندا کێشا. بەردەوامیی ئەم دۆخە، جگە لەوەی کاریگەریی نەرێنیی لەسەر قووت و ژیانی ڕۆژانەی خەڵک هەبووە، لە هەمان کاتدا بووە هۆی وەستاندنی گەشەی ئابووریی هەرێم، کە تاکوو ئێستا حکوومەتی هەرێم نەیتوانیوە بەسەر ئەم گرفتەدا زاڵ ببێت. ئەمڕۆ ئەم ئاستەنگە، بە گەورەترین ئالینگاریی بەردەم حکوومەتی ئاییندەی هەرێم دادەنرێت، کە ئاخۆ دەتوانێ بەسەر ئەم گرفتەدا زاڵ ببێت یا خود دۆخەکە بەم جۆرە بەهەڵواسراوی لە نێوان بەغدا و هەولێردا دەمێنێتەوە؟ ئەوەی کە لەم نێوانەدا، زیانمەندی سەرەکی دەبێت، هاووڵاتیی ئاساییی هەرێمی کوردستانە. هەر ئەو هاووڵاتییەی کە حزبە سیاسییەکانی کوردستان دەیانەوێت لە هەڵبژاردنەکاندا دەنگیان پێ بدەن و ڕەواییی خۆیان لەم دەنگانە وەربگرن. هەروا دەتوانین بڵێین، ئاستی سەرکەوتووییی حکوومەتی هەرێم لە چارەسەرکردنی ئەم گرفتە، ئاییندەی پەیوەندییەکانی نێوان خەڵک و حزبە سیاسییە بەشدارەکانی فەرمانڕەوایی دیاری دەکات.
٣) دابەشبوونی کوردستان بەسەر دوو زۆنی سەوز و زەرد: پاش جەنگی ناوخۆیی لە هەرێمی کوردستان لە ساڵی ١٩٩٤، بەرە بەرە دۆخێکی وەها لەم هەرێمەدا هاتە ئاراوە، کە کوردستان بۆ سەر دوو ناوچەی دەستڕۆییی پدک و ینک دابەش کرا، کە بەداخەوە یەکگرتنەوەی هەر دوو کابینەی حکوومەت لە هەولێر و سلێمانی لە ساڵی ٢٠٠٥ نەیتوانی واقعی تاڵی دووئیدارەیی لە سیمای سیاسیی هەرێمی کوردستان بسڕێتەوە و، ئەوەی کە دەبینرێ هێشتا باڵادەستیی سەربازی و ئاسایشی و تەنانەت سیاسییش لەو دوو زۆنە لە نێوان پدک و ینک هەر بەردەوامە. پرسیاری سەرەکی لێرەدا ئەوەیە: ئایا کابینەی نۆیەمی حکوومەت، دەتوانێ بەسەر ئەم ئالینگارییە گەورەیەدا زاڵ ببێت یا خود دۆخەکە وەک چۆن هەیە بەردەوام دەبێت؟ یەکنەگرتنەوەی هێزەکانی ئاسایش و سەربازیی هەر دوو لا کە بووەتە هۆی بەردەوامیی پرسی "جووتزۆنی"، بە یەکێکی دیکەی ئەو ئالینگارییانە دادەنرێت، کە ئێمە لێرەدا هەر لە چوارچێوەی گرفتی "دووزۆنی" پۆلێنی دەکەین.
ئەنجامی نەرێنیی ئەم دابەشکاری و جووتزۆنییە، لە کاتی ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر و پاشتریش بەدەرکەوتن، کە وەک بینیمان لە ڕووی ستراتیژییەوە چەند زیانی گەورەیان بە کوردستان گەیاند. هەر بۆیە دەتوانین بڵێین، بەردەوامیی ئەم دۆخە وەک بۆمبێکی کاتبەندیکراوە، کە دەتوانێ لە هەر کات و ساتێکدا بە ڕووی پرۆسەی سیاسی لە کوردستاندا بتەقێتەوە و زیانی قەربوونەکراو بە خەڵکی کوردستان بگەیەنێت. هەروەک لەم ڕۆژانەی دواییشدا بینیمان، گرفتی نێوان دوو بنەماڵە سەرەنجام سەری بۆ ئەوە کێشا، کە هەر یەک لە دەزگەکانی ئاسایشی زۆنی سەوز و زەرد دهست بكهن به گرتنی کەسانی سەر بە لایەنی بەرامبەر، كه دواجار بووه هۆی ئاڵۆزترکردنی دۆخی پەیوەندییەکانی نێوان پدک و ینک.
٤) پرسی گەندەڵی و چاکسازی: یەکێک لەو گرفتانەی کە لە وڵاتانی جیهانی سێیەم بەردەوام ڕووبەڕووی سیستەمی سیاسی دەبێتەوە "پرسی گەندەڵی"یە، کە لە ئەنجامدا دەسەڵاتی سیاسی بۆ چارەسەرکردنی ئەم ئاستەنگە دروشمی چاکسازی بەرز دەکاتەوە. بەپێی ئاماری ڕێکخراوی شەفافییەتی نێودەوڵەتی، کە ساڵانە ڕاپۆرتی خۆی لەسەر دۆخی گەندەڵیی وڵاتانی جیهان بڵاو دەکاتەوە، لە ساڵی ٢٠١٨ عێراق لە کۆی ١٨٠ وڵاتی جیهان پلەی ١٦٩ی بەرکەوتووە کە دەکاتە یانزەیەمین وڵاتی گەندەڵی جیهان؛ کە بێ گومان هەرێمی کوردستانیش وەک بەشێک لە عێراق هەژمار کراوە. لە چەندین ساڵی ڕابردوویش لە هەرێمی کوردستان وێڕای دامەزراندنی دەستەی دەسپاکی، بەڵام هێشتا ئەوەی کە دەبینرێت پرسی گەندەڵی لە هەرێمی کوردستان نەک هەر ڕێشەکێش نەکراوە، بەڵکوو هەر لە قۆناغی دروشمدا ماوەتەوە؛ کە ئەمەیش دەتوانێ بە ئالینگارییەکی گرنگی بەردەم کابینەی نوێ دابنرێت.
٥) ڕێکخستنی پەیوەندییەکانی هەولێر-بەغدا: یەکێک لە گەورەترین گرفت و ئالینگارییەکانی بەردەم حکوومەتی هەرێم و تەنانەت بەغدایش، چۆنێتیی ڕێکخستنی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر-بەغدایە. لە ١٥ ساڵی ڕابردوو، ئەم پەیوەندییانە بە چەندین قۆناغی پڕ هەوراز و نشێودا تێ پەڕیون، کە هەندێ جار لە چوارچێوەی پرەنسیپە دەستوورییەکان بووە و هەندێ جاریش لە دەرەوەی ئەو پرەنسیپانە بووە. ئەمەیش وای کردووە جۆرێک لە پشێوی و ئاڵۆزی لەم پەیوەندییانەدا بیتە ئاراوە، کە پێویستە هەر دوو لا هەوڵی ڕێکخستنی ئەم پەیوەندییانە بدەن لە چوارچێوەی دەستووردا. وا باشە حکوومەتی هەرێـمی کوردستان لە کابینەی نوێ، میکانزمێکی نوێ لەناو هەرێمی کوردستان بۆ ڕێکخستنی ئەم پەیوەندییانە دابنێت؛ بە جۆرێک کە پەیوەندییەکان لەو دۆخەی ئێستا دەربازی بێت، کە زۆر جار پتر لەوەی ڕەنگ و بۆنی حکوومیی پێوە دیار بێت، ڕەنگ و بۆنی حزبیی پێوە دیارە؛ کە ئەمەیش ناڕەزاییی لایەنە سیاسییەکانی دیکەی هەرێمی کوردستانی لێ دەکەوێتەوە و، لە ئەنجامدا کاریگەریی خراپی لەسەر دۆخی پەیوەندیی لایەنە سیاسییەکان و پرۆسەی سیاسی لە هەرێم و پەیوەندی لەگەڵ بەغدا دادەنێت. بێ گومان ئەم بێسیستەمییە و ناکۆکیی ناوماڵی کورد لە لایەن بەغداوە دژ بە هەرێمی کوردستان بەکار دەهێنرێت.
٦) مەترسیی تیرۆر: بە سەرنجدان لەوەی کە کوردستان لە ناوچەیەی نائارام و ناسەقامگیر هەڵکەوتووە و، لە ناوچەکانی هەناردەکردن و سەرهەڵدانی تیرۆرەوە زۆر نزیکە و دراوسێی دیواربەدیواری ناوچەکانی عەرەبی سوننەیە، کە لە ١٥ ساڵی ڕابردوو هەمیشە ناوچەیەکی نائارام بووە، هەر بۆیە لە مەترسیی تیرۆر و هەوڵی تیرۆریستان بۆ تێکدانی ئارامیی هەرێمی کوردستان دوور نییە؛ هەروەک چۆن بینیمان لە ساڵی ٢٠١٤ کوردستان ڕووبەڕووی هێرشی دڕندانەی داعش بووەوە. بۆیە مەترسیی تیرۆر، یەکێکە لەو مەترسییانەی کە کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێم نابێ فەرامۆشی بکات، چونکە دواجار ئارامی و ئاسایش، کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر ئاییندەی ژیانی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان و بەردەوامیی گەشەکردنی ئەم وڵاتە هەیە.
٧) سەروەریی یاسا و دەسەڵاتی دادوەریی سەربەخۆ: لە جیهانی ئەمڕۆ، سەروەریی یاسا وەک ئامانجی هەر حوکمڕانییەکی دیموکراتیك، بە یەکێک لە فاکتەرەکانی حوکمڕانیی باش دادەنرێت. هەر بۆیە لە دێرزەمانەوە، لەناو فەلسەفە و سیستەمە سیاسی، یاسایی و کۆمەڵایەتییەکان ئەم پرەنسیپە کە بریتییە له ملکەچبوونی خەڵک و دەسەڵاتی سیاسی بۆ یاسا، بە بنەمایەکی گرنگ و پڕبایەخ دانراوە. سەروەریی یاسایش بەبێ بوونی دەسەڵاتێکی دادوەریی سەربەخۆ و بێلایەن، نایەتە دی. هەرچەند بەڕواڵەت و بەپێی پرەنسیپی جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان، دەسەڵاتی دادوەرییش هەروەک دەسەڵاتی جێبەجێکردن، دەسەڵاتێکی سەربەخۆیە و لەژێر فەرمانی سەرۆکی دەسەڵاتی جێبەجیکردندا نییە، بەڵام بەپێی ئەزموونی مێژوویی و واقعی سیاسیی هەرێمی کوردستان و تەنانەت عێراقیش، دەسەڵاتی جێبەجێکردن هەموو کات توانیویەتی بەسەر دەسەڵاتەکانی تر زاڵ بێت و پەراوێزیان بخات. هەرێمی کوردستانیش لەم ڕاستییە بەدوور نییە، هەر بۆیە ئیرادە و ویستی سەرۆکی دەسەڵاتی جێبەجێکردن بۆ سەروەربوونی یاسا و پاراستنی سەربەخۆییی دەسەڵاتی دادوەری وەک لایەنی پیادەکاری یاسا و، دەستوەرنەدان لە کاروباری ئەم دەسەڵاتە، دەتوانێ ڕۆڵێکی گرنگی لە بەهێزبوونی دەسەڵاتی دادوەری و چەسپاندنی پرەنسیپی سەروەریی یاسا هەبێت.
ئەوەی کە ئەمڕۆ لەناو هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان بەڕوونی هەستی پێ دەکرێت و قسەی هەموو کۆڕ و کۆمەڵێکە، سەروەرنەبوونی یاسا و جیاکارییە لە پیادەکردن و جێبەجێکردنی یاسا لەسەر هاووڵاتیان؛ کە ئەمەیش بێمتمانەییی هاووڵاتیانی بە حکوومەتی هەرێم لێ کەوتۆتەوە. هەر بۆیە کابینەی نوێ، پێویستە بۆ چەسپاندنی ئەم پرەنسیپە و گەڕاندنەوەی متمانەی هاووڵاتیان بە حکوومەتی نوێی هەرێمی کوردستان هەوڵی جددی بدات.
٨) پەیکەری کارگێڕیی بەربڵاوی حکوومەت: پەیکەری کارگێڕیی ئێستای حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ١٩ وەزارەتی فیعلی و دوو وەزارەتی هەرێم و پێنج دەستە و دامەزراوە کە بەرپرسەکانیان بە پلەی وەزیرن پێک هاتووە؛ ئەمە جگە لەوەی کە ئەو وەزارەت و دامودەزگەیانەیش بۆ خۆیان سەدان بەڕێوەبەرایەتی و فەرمانگەیان هەیە. بۆ وڵاتێکی وەک هەرێمی کوردستان کە لە چوار پارێزگە پێک هاتووە و ژمارەی دانیشتووانی پێنج ملیۆن کەسە، بەربڵاویی پەیکەری حکوومەت و دامودەزگەی کارگێڕی، حکوومەتێکی سست و خاوی لێ دەکەوێتەوە کە دەرەنجامەکەی تەنیا ماندووکردن و بێزارکردنی خەڵکە. پێویستە کابینەی نوێ لەم بارەیەوە بەرنامەیەکی ڕوون و کردەییی هەبێت و شۆڕشێک بەرپا بکات بۆ بەئەلیکترۆنیکردنی حکوومەت و بەزاندنی سنووری حکوومەتی بۆرۆکراتیک و کلاسیک. هەروا دەکرێ پەیکەری حکوومەت بچووک بکرێتەوە و حکوومەتێکی بچووکتر و چالاکتر دروست بکرێت، کە لەگەڵ دۆخی ئەمڕۆی هەرێمی کوردستاندا گونجاو بێت.
هەروا دەکرێ لە ئەنجامی گۆڕانکاری لە پەیکەری حکوومەتدا، گۆڕان و جێگۆڕکێی نوخبەکانیش بخرێتە ناو بەرنامەی کاری حکوومەتی نوێوه، وەک بەشێک لە پلان و سیاسەتی نوێکردنەوەی حکوومەت؛ کە ئەمەیش ئەمڕۆ بە پێویستییەکی هەنووکەیی دادەنرێت.
ئەنجام
لەم وتارەدا، بەشێک لەو ئالنگارییانەی کە لە بەردەم کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا هەن خرانە ڕوو. هەر بۆیە، سەرکەوتنی کابینەی نوێ لە گرەوی تێپەڕاندنی ئەو ئالنگارییانە و دۆزینەوەی ڕێگەچارە و میکانیزمی گونجاوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەیان. ئەگەر کابینەی نوێ هەڵگری کار و بەرنامە و پەیامی نوێ نەبێت و، گۆڕانی جۆری لە ژیان و گوزەرانی خەڵکدا دروست نەکات و، چارەسەرکردنی کێشە سەرەکییەکانی کۆمەڵگە نەکاتە بەرنامەی کاری خۆی، ئەوا ناتوانێ ئومێد لەناو دڵی خەڵکیدا بڕوێنێت. هەروا پێویستە، پرۆسەی پێکهێنانی حکوومەت لە دانانی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان جیا بکرێتەوە و، دەسەڵاتی یاسادانان لەسەر کار و ئەرکەکانی خۆی بەردەوام بێت و نەخرێتە پەراوێزی پێکهێنانی حکوومەت.