د. عادل عەبدولمەهدی
ئازاد وەڵەدبەگی، ماستەر لە یاسای گشتی
پێشەکی
پاش پێنج مانگ لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە ١٢/٥/٢٠١٨ و، دوا بە دوای ئەوەی لایەنە سیاسییە براوەکانی شیعە نەیانتوانی فراکسیۆنی گەورە دروست بکەن، ئەوە بوو سەرەنجام ئەم لایەنانە لەسەر پاڵێوراوێکی سەربەخۆ لە دەرەوەی لایەنە سیاسییەکان ڕێک کەوتن، کە ئەویش "د. عادل عەبدولمەهدی"یە. لە ڕێکەوتی ٢/١٠/٢٠١٨ پاش ئەوەی د. بەرهەم ساڵح وەک سەرۆککۆمار سوێندی یاساییی خوارد، هەر لە هەمان ڕۆژ عەبدولمەهدی ڕاسپێردرا بە پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق. ئەوەی لێرەدا جێی سەرنجە ئەوەیە، کە عەبدولمەهدی هیچ کورسییەکی لە پەرلەمانی عێراقدا نییە، هەر بۆیە سەرکەوتنی ناوبراو بەستراوەتەوە بە هاوکاریکردنی فراکسیۆنە پەرلەمانییەکان و لایەنە سیاسییەکانە بۆ ناوبراو؛ ئەمەیش وا دەکات لە عێراقی پڕ لە کێشە و ئاژاوەی ئەمڕۆ، گەلێک ئالنگاری (تهحهددی/ ئالنگاری)ی مەزن بێنە سەر ڕێی ناوبراو. حزبە دەسەڵاتدارەکانی عێراق، شکست یان سەرکەوتنی عەبدولمەهدی بە شکست و سەرکەوتنی خۆیان دەزانن. بۆیە لەوانەیە دانانی ناوبراو، دوا هەلی سیستەمی حوکمڕانیی ئەمرۆ بێت، چونکە لە ئەگەری شکستهێنانی دەسەڵاتی ئەمڕۆ، دوور نییە عێراق ڕووبەڕووی شۆڕشی جەماوەریی بەرفراوان ببێتەوە و، هەر ئەم ترسەیش بوو کە وای کرد، لایەنە سیاسییە براوەکان لە ترسی تووڕەییی جەماوەر بەئاسانی لەسەر عەبدولمەهدی ڕێک بکەون. لەم وتارەدا، دەمانەوێت ئاماژە بە گرنگترینی ئەو ئالنگارییانه بکەین، کە رووبەڕووی حکوومەتەکەی د.عادل عەبدولمەهدی دەبێتەوە بەم جۆرەی خوارەوە:
١) ڕاگرتنی هاوسەنگی لە نێوان هێزە نێودەوڵەتی و هەرێمییەکان: هەروەک دەزانین بە هۆی لاوازیی دەوڵەتی عێراق، بەتایبەت پاش ساڵی ٢٠٠٣ ئەم وڵاتە بووەتە گۆڕەپانی تەڕاتێنی هێزە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان. لەو نێوانەدا، ڕۆڵی ئێران و ئەمریکا بە پلەی یەکەم و پاشان ڕۆڵی سعوودیا و تورکیا دێت بە پلەی دووەم. ئەمەیش بە یەکێک لە گرنگترینی ئالنگارییەکانی بەردەم عەبدولمەهدی دادەنرێت، کە ئایا ناوبراو دەتوانێ ئەم هاوسەنگییە بە جۆرێکی وا ڕابگرێت، کە بتوانێ وێڕای پاراستنی بەرژەوەندییەکانی عێراق، کاریگەریی نەرێنیی لە پەیوەندییەکانی عێراق لەگەڵ ئەو وڵاتانە نەبێت، بەتایبەت ئێران و ئەمریکا؟
هەروەک دەزانین لە ماوەی ڕابردوو بە هۆی سەپاندنی سزاکانی ئەمریکا لەسەر ئێران، گەڕێکی دیکەی ململانێ لە نێوان ئەو دوو وڵاتە هاتۆتە ئاراوە و، هەر یەک لەوان دەیانەوێت عێراق وەک وڵاتێکی دۆست، پاڵپشتی لە سیاسەت و بۆچوونی ئەوان بکات، کە ئەمەیش هەلومەرجێکی قورس و دژوار بۆ عێراق دروست دەکات. هەر بۆیە وا باشە سەرۆکوەزیرانی نوێ، وێڕای پاراستنی پەیوەندییەکی ئەرێنی لەگەڵ ئەو وڵاتانە، هەوڵی بەڕێوەبردنی سیاسەتێکی بێلایەن و هاوسەنگ بدات و، نەبێتە لایەنێک دژ بەو دەوڵەتانە و، دیپلۆماسییەتێکی وا بگرێتە بەر، کە بەرژەوەندییەکانی عێراق تێیدا قسەی یەکەم بکات.
٢) ئازادی لە دەستنیشانکردنی کابینە: ئەم خاڵە، یەکێک لە گرنگترینی ئالنگارییەکانی بەردەم حکوومەتەکانی پێشوو بوو لە پاش ساڵی ٢٠٠٣. هەموو سەرۆکوەزیرەکانی پێشوو، لە دانانی وەزیرەکانی کابینە، ئازادی و سەربەخۆییی تەواویان نەبووە، بەتایبەت لە وەزارەتە سەروەرییەکان و خزمەتگوزارییەکان و لەم ڕووەوە گوێڕایەڵی لایەنە سیاسییە براوەکان بوون و، نەیانتوانیوە باز بەسەر خواستی حزبە سیاسییەکاندا بدەن. هەر بۆیە، ئەم بابەتە بە پێوەرێکی گرنگ دادەنرێ بۆ سەرکەوتنی کابینە، چونکە سەرۆکوەزیران دەتوانێ لەسەر بنەمای توانایی و پسپۆڕی وەزیرەکانی هەڵبژێرێت و، کەسی شیاو لە شوێنی شیاو دابنێت.
عەبدولمەهدی بۆ تێپەراندنی ئەم ئاستەنگە، هەوڵی دا لە ڕێگەی کردنەوەی ماڵپەڕێک و وەرگرتنی "سیڤی" (CV)ی هاووڵاتیان بە شێوەیەکی سەربەخۆ و دوور لە دەستوەردانی لایەنە سیاسییەکان، کابینەی نوێ هەڵبژێرێت، بەڵام دواجار ئەم هەوڵە وەک پێویست سەرکەوتوو نەبوو و، ناوبراو نەیتوانی سیستەمی پشکپشکێنەی حزبی و تائیفی تێ پەڕێنێت، چونکە لە کۆتاییدا بۆ وەرگرتنی متمانە بۆ کابینەکەی، دەبێ ڕوو بکاتە پەرلەمان و، ڕەزامەندیی فراکسیۆنە پەرلەمانییەکان وەربگرێت. هەر ئەم ئاستەنگانە و داواکاریی لایەنە سیاسییەکان بۆ بەشدارییان لە دەستنیشانکردنی وەزیرەکان، وایان کرد کە عەبدولمەهدی لە کۆی (٢٢) وەزیری کابینەکەی تەنیا (١٤) وەزیر دیاری بکات و، بیباتە پەرلەمان بۆ وەرگرتنی متمانە. هەرچەندە پێشتر لایەنە سیاسییەکان و بەتایبەت شیعەکان وا ڕێک کەوتبوون، ئازادیی تەواو بە عەبدولمەهدی بدەن بۆ دەستنیشانکردنی کابینە، بەڵام هەتا ئێستایش، ململانێی نێوان ناوبراو و لایەنە سیاسییەکان بەردەوامە بۆ دەستنیشانکردنی پاشماوەی وەزیرەکانی کابینەی نوێ و، هەر لایەنێک هەوڵ دەدات زیاترین کاریگەریی لەسەر ناوبراو هەبێت و وەزیرەکانی خۆیان بسەپێنێت.
٣) مەلەفی گرووپە چەکدارەکان: ئەمەیش بە یەکێک لەو ئالنگارییه ترسناکانە دادەنرێ، کە هەڕەشە لە داهاتووی دەوڵەتی عێراق دەکات، چونکە پێویستە چەک تەنیا لە دەست دەوڵەتدا بمێنێتەوە. هەرچەندە لە پاش ساڵی ٢٠٠٣ بە هۆی ئەو بشێوییەی کە لە عێراقدا هاتۆتە ئاراوە، کۆمەڵێک میلیشیات و گرووپی چەکدار دامەزران، بەڵام جەنگی داعش لە ساڵی ٢٠١٤ زەمینەیەکی لەباری ڕەخساند بۆ سەرلەنوێ ژیاندنەوەی ئەو گرووپانە و تەنانەت سەرهەڵدانی هەندێ گرووپی نوێیش، کە پاشان لە چوارچێوەی یاسای حەشدی شەعبیدا ڕێک خران. لە ڕاستیدا، بەشێکی بەرچاوی ئەو گرووپانە گوێڕایەڵی سەرۆکوەزیران نین وەک فەرماندەی هێزە چەکدارەکانی عێراق و، فەرمان لە کەس و لایەنی جۆراوجۆر لە دەرەوەی حکوومەتی عێراق وەردەگرن. لەژێر سێبەری باڵادەستیی ئەو گرووپانەدا، هیچ دەرفەتێک بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی یاسا لە عێراقدا نایەتە ئاراوە. سەبارەت بە شێوازی هەڵسوکەوت لەگەڵ ئەم گرووپانە، حکوومەتەکەی عەبدولمەهدی چەندین ڕێگەی لە بەردەمدایە؛ یان ئەوەتا ئەو گرووپانە بهێنێتە ژێر ڕکێفی یاسا و فەرمان تەنیا لە فەرماندەی هێزە چەکدارەکان وەربگرن، یاخود بەرەنگاری هەر ڕەفتارێکی نایاساییی ئەو گرووپانە ببێتەوە یاخود هەوڵی هەڵوەشاندنەوەیان بدات، کە هیچ یەک لەم ڕێگانە بەئاسانی بەدی نایەن و ئالنگاریی گەورە بۆ حکوومەتەکەی عەبدولمەهدی دروست دەکەن.
٤) گەندەڵی: ئەم پرسەیش، بە یەکێکی دیکە لە ئالنگارییەکانی بەردەم کابینەی عەبدولمەهدی دادەنرێت و، لە ساڵانی ڕابردوو وەک مۆرانە بەربووەتە گیانی دەوڵەتی عێراق و هەموو جومگەکانی دەوڵەتی گرتۆتەوە. لە ڕاپۆرتەکانی ساڵانەی ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی شەفافییەت، عێراق لە ڕووی گەندەڵییەوە هەمیشە لە ڕیزی پێنج وڵاتی یەکەمی جیهان بووە. هەر بۆیە، پێویستە سەرۆکوەزیرانی نوێ بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم ئالنگارییە، بە هاوکاریی پسپۆڕانی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی، ستراتیژێکی نیشتمانیی کرداری دابنێت و، بە کردەوە، نەک بە دروشم ڕووبەڕووی ئەم گرفتە ببێتەوە.
حزبە سیاسییەکانی عێراق، وەک حزبە سیاسییەکانی ڕۆژاوا، خاوەن سەرچاوەی شەفاف و سەربەخۆی دارایی نین و، پتر هەوڵ دەدەن ئیمکانیات و تواناکانی حکوومەت وەک سەرچاوەی ئابووری و داراییی خۆیان بەکار بهێنن؛ ئەمەیش وا دەکات کە پۆست و پلە سیاسی و حکوومییەکان، وەک دەرفەت یان ئامرازێک بەکار بهێنن بۆ بەرەژەوەندیی حزبەکانیان، کە ئەم بابەتەیش دەبێتە هۆی پەرەپێدانی گەندەڵی لە وڵاتدا.
٥) ڕێکخستنی پەیوەندییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان: گرفت لە پەیوەندییەکانی نێوان حکوومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان لە ١٥ ساڵی ڕابردوو، یەکێک لە ئالنگارییە گەورەکانی بەردەم هەموو حکوومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق و تەنانەت هەرێمی کوردستانیش بووە. حکوومەتەکانی پێشوو، سیاسەتی دواخستنی قەیرانەکانیان دەگرتە بەر و هەنگاوی جددی و کردارییان بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە نەدەنا. بەشێکی ئەم گرفتە، لە ئەنجامی پشتگوێخستنی دەستوور و تێکەڵی لە دەسەڵاتەکانی نێوان هەر دوو حکوومەت سەریان هەڵداوە. بێ گومان لە ئەگەری بەردەوامبوونی عەبدولمەهدی لەسەر سیاسەت و ستراتیژی پێشینانی خۆی، ئەوا چاوەڕێ ناکرێت هیچ گۆڕان و بەرەوپێشچوونێک لە پەیوەندییەکانی هەر دوو حکوومەت بێتە ئاراوە.
چاوەڕوانیی ئەمڕۆی خەڵکی کوردستان و حکوومەتی هەرێم لە عەبدولمەهدی ئەوەیە، کە گۆڕان لە سیاسەتی ڕابردووی حکوومەتی عێراقدا دروست بکات و دەستوور بکاتە پێوەری هەڵسوکەوت لەگەڵ حکوومەتی هەرێم. لە هەمان کاتیشدا، بێ گومان حکوومەتی عێراقیش کۆمەڵێک داوا و چاوەڕوانیی لە حکوومەتی هەرێم هەیە، کە پێویستە هەر دوو لا پاش (١٥) ساڵ ململانێ بگەڕێنەوە بۆ سەر مێزی گفتوگۆ و، کیشەکان لە چوارچێوەی بنەما دەستوورییەکان بە شێوازێکی دادپەروەرانە چارەسەر بکەن.
٦) بێلایەنی و سەربەخۆییی دەسەڵاتی دادوەری: یەکێک لە گرفتە سەرەکییەکانی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، سەربەخۆنەبوون و بێلایەننەبوونی دەسەڵاتی دادوەرییە، کە ئەمەیش وای کردووە دادوەری تێکەڵ بە سیاسەت بکرێت. بۆ نموونە، بڕیاری دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق لە ساڵی ٢٠١٠ دەربارەی ڕاڤەکردنی گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمانی کە لە بەندی (٧٦)ی دەستووری عێراقیدا هاتووە، هەموو کات بووەتە هۆی دواکەوتنی پیكهێنانی حکوومەتی عێراق. تێکەڵکردنی دادوەری بە سیاسەت وا دەکات، دوا پەناگەی خەڵک بۆ ڕاستکردنەوەی ئاراستە و بڕیارە هەڵەکان و چەسپاندنی یاسا و دادپەروەری لەناو بچێت، کە بێ گومان ئەمەیش دەرەنجامی نەرێنیی زۆر خراپی بەدوادا دێت و، دەبێتە هۆی نائومێدی و بێزاریی خەڵک لە کۆی دەسەڵاتەکانی ناو دەوڵەت. جگە لەمەیش، بێلایەن و سەربەخۆنەبوونی دادوەری وا دەکات، کە ئەم دەسەڵاتە نەتوانێ وەک پێویست ڕۆڵی خۆی لە چاودێریکردنی دوو دەسەڵاتەکەی تر بهجێ بگهیهنێت.
٧) گەشەکردنی ژمارەی دانیشتووان: لە (١٥) ساڵی رابردوو ژمارەی دانیشتووانی عێراق (١٥) ملیۆن کەس زیادی کردووە. ژمارەی دانیشتووانی عێراق، کە لە ساڵی ٢٠٠٣ دەگەیشتە (٢٥) ملیۆن کەس، ئێستا لە (٤٠) ملیۆن کەس نزیک بووەتەوە؛ واتە بە تێکڕا ژمارەی دانیشتووانی عێراق، ساڵانە یەک ملیۆن کەس گەشە دەکات. ئەمە لە کاتێکدایە کە لە پانزدە ساڵی ڕابردوو، خزمەتگوزاری و ژێرخانە سەرەکییەکانی وڵات وەک قوتابخانە، نەخۆشخانە، ڕێگەوبان، زانکۆ و...، بەو ئاستە گەشەی نەکردووە کە وەڵامدەرەوەی پێویستییەکانی ئەم ڕێژەیە لە دانیشتووان بێت. بەدەر لەمەیش، بە هۆی ئەو قەیران و گرفتە فرەڕەنگانەی کە عێراق تووشی بووە، نەک هەر گەشەکردن لە خزمەتگوزاری و ژێرخانەکاندا نەبووە، بەپێچەوانەوە پاشەکشەیش بەدی دەکرێت.
پەیکەرەی دەوڵەتی عێراق (جگە لە هەرێمی کوردستان) نزیکەی چوار ملیۆن فەرمانبەری هەیە، کە ئەمەیش وای کردووە زیادهێنان لە کەرتی گشتیدا دروست ببێت و، بە کردەوە دەستی حکوومەتی بەستۆتەوە کار بۆ نەوەی نوێ و گەنجان دابین بکات. لە لایەکی ترەوە، کەرتی تایبەت لە عێراق لاوازە و ناتوانێ دەرفەتێکی زۆری کار بۆ لاوان و هێزی کاری وڵات بڕەخسێنێت، کە ئەمەیش دەتوانێ کاریگەریی هەبێت لە پەرەسەندنی بێکاری و دروستبوونی لەشکرێکی بیکار لە وڵاتدا. بەردەوامیی ئەم دۆخەیش، دەتوانێ زەمینەیەکی لەبار دروست بکات بۆ گەشەکردنی بیری توندڕەوی لە عێراقدا، بەتایبەت کە گرووپی جۆراوجۆر لەو ڕووەوە لە عێراقدا چالاکن، کە بێ گومان ئەمەیش هەڕەشە لە ئاسایش و سەقامگیریی وڵات دەکات.
٨) گرفتە ژینگەیییەکان: لە ڕووی جوگرافییەوە، پانتایییەکی زۆری وڵاتی عێراق کەوتۆتە ناوچەی گەرم و وشک، کە بە هۆی کەمبارانی، وشکەساڵی، بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما و خۆڵبارین، ئەم وڵاتە بەرەوڕووی کۆمەڵێک قەیرانی ژینگەییی ترسناک و مەترسیدار بووەتەوە.
لە لایەکی ترەوە، بە هۆی ئەوەی سەرچاوەی بەشی هەرە زۆری ڕێڕەوە ئاوییە گرنگەکانی عێراق، وەک دیجلە، فورات، زێی گەورە، زێی بچووک، سیروان و... کەوتۆتە ناو خاکی ئێران و تورکیا، لە ساڵانی ڕابردوو بەشێکی بەرچاوی ئاوی ئەو ڕێڕەوانە لە لایەن هەر دوو وڵاتەوە گیراوەتەوە؛ ئەمەیش کێشەیەکی زۆری بۆ عێراق دروست کردووە و بەرەوڕووی قەیرانی کەمئاویی کردۆتەوە. بەردەوامیی ئەم دۆخە، هەڕەشەیەکی گەورەی لەسەر کەرتی کشتوکاڵ و زەویوزاری عێراق دروست کردووە. ئامارەکان ئەوەمان بۆ دەخەنە ڕوو، کە عێراق ساڵانە ١% زەوییە کشتوکاڵییەکانی خۆی بە هۆی ئەم بارودۆخەوە لەدەست دەدات؛ ئەمەیش بەو واتایە دێت کە لە دە ساڵی داهاتوو، عێراق ١٠% زەوییە کشتوکاڵییەکانی خۆی لەدەست دەدات. لە دۆخێکی لەم جۆرەدا، ئەرکی عەبدولمەهدی پتر لە سەرۆکوەزیرانێکی ئاسایییە و ئەرکی قورستری لەسەر شانە لە چاو حکوومەتەکانی پێش خۆی.
٩) ململانێی ناوماڵی شیعە: بە هۆی ناکۆکییەکانی ناوماڵی شیعە، کە لەم خولەی هەڵبژاردن گەیشتە لووتکەی خۆی، بەتایبەت لە نێوان هەر دوو فراکسیۆنی بنیاتنان و چاکسازی؛ لە ئەنجامدا هیچ کامیان نەیانتوانی فراکسیۆنی گەورە پێک بهێنن و بەناچاری د.عادل عەبدولمەهدی، وەک پاڵێوراوی چارەسەر دیاری کرا و بازەکە لەسەر شانی نیشتەوە و بوو بە سەرۆکوەزیرانی عێراق. ئەمە بەو واتایە نایەت کە ئیدی ئەو دوو فراکسیۆنە شیعەیە ئازادیی تەواویان بە ناوبراو دابێت بۆ بەڕێوەبردنی کاروبارەکان، بەڵکوو ئەمە بەو واتایە دێت کە دەبێ ناوبراو، گوێ لە هەر دوو لایەنی سەرەکی و تەنانەت لایەنە کوردی و سوننەکانیش بگرێت. ئەمەیش وا دەکات، بەڕێوەبردنی حکوومەت قورسایییەکی زۆر لەسەر شانی عەبدولمەهدی دروست بکات و، بیخاتە ناو تەوەری ململانێی لایەنە سیاسییەکان و بەتایبەت لایەنە شیعە ناکۆکەکان. سەرۆکوەزیران بۆ ئەوەی لە کار و ئەرکەکانیدا سەرکەوتوو بێت، دەبێ بە جۆرێک لە جۆرەکان بەسەر تائیفییەتدا باز بدات و سەرۆکوەزیرانی هەمووان بێت و بە یەک مەودا لە هەمووان بوەستێت، کە پێناچێت لە بارودۆخی سیاسیی ئەمڕۆی عێراق و عەقڵییەتی لایەنە سیاسییەکان، هەلومەرجێکی لەو جۆرە بێتە ئاراوە. ئەگەر عەبدولمەهدی نەتوانێ بەسەر ئەو گرفت و بەربەستانەدا باز بدات، ئەوا دوور نییە لەناو چەرخی ململانێی لایەنەکان بهاڕدرێت و شکست بهێنێت. هەر بۆیە، پێدەچێت عەبدولمەهدی بە ڕێژەیەکی زۆر ملکەچی ئەجیندا و ستراتیژیی هەر دوو لایەنی فەتح و سائیرون بێت و، لە چوارچێوەی بەرژەوەندییە باڵاکانی ناوماڵی شیعە لا نەدات.
لە لایەکی ترەوە، بە درێژاییی (١٥) ساڵی ڕابردوو، کۆمەڵێک لایەنی سیاسی کە لە حکوومەتدا بەشدار و باڵادەست بوون، لە ڕێگەی بەرپرسان و نوێنەرانی خۆیان لە ناوەندەکانی حکوومەتدا، دەستیان بەسەر جومگەکانی فەرمانڕەوایەتیدا گرتووە، کە ئەمانەیش دەتوانن بە ڕینمایی ئەو لایەنانە، بەربەست لە بەردەم کاری حکوومەتی نوێدا دروست بکەن.
١٠) مەترسیی گرووپە تیرۆریستییەکان: ئەو میراتە بەجێماوەی کە عەبدولمەهدی لە مالکی و عەبادی وەری گرتووە، هێشتا نەیتوانیوە بەتەواوی مەترسی و مۆتهکەی تیرۆر لەسەر عێراق بسڕێتەوە. هەر بۆیە دەبینین، سەرەڕای ئەو شکستانەی کە لە عێراق تووشی داعش هاتووە، بەڵام ئەو گرووپە وا خەریکی خۆڕێکخستنەوەیە و ئەگەری سەرلەنوی سەرهەڵدانەوە، یاخود دروستبوونی ڤێرژنێکی نوێی ئەو گرووپە لە ئارادایە. هەر بۆیە، عەبدولمەهدی سەرەڕای هەموو ئالنگارییەکان، نابێ ئەگەر و مەترسیی تیرۆر فەرامۆش بکات، کە زەمینەیەکی بەهێزی لەناو کۆمەڵگەی عێراقی، بەتایبەت لە ناوچە سوننەنشینەکاندا هەیە.
ئەنجام
پاش خستنەڕووی کۆمەڵێک لەو ئالنگارییانەی کە هەڕەشە لە بەردەم سەرکەوتنی کابینەی نوێی د. عادل عەبدولمەهدیدا دروست دەکەن، دەگەینە ئەو ئەنجامە، کە کاری حکوومەتی داهاتوو زۆر ئاسان نابێت، بەتایبەت لە وڵاتێک کە هێشتا سەروەریی تەواوی نییە و ئاسایش و سەقامگیری وەک پێویست لە بەشێکی بەرچاوی وڵاتدا بوونی نییە. سەرکەوتن بەسەر ئەو ئالنگارییانە و تێپەڕاندنیان، پێویستی بە سەرۆکوەزیرانێکی زۆر بەهێز هەیە و، دەبێ چاوەڕێ بین تا بزانین ئایا عەبدولمەهدی، کە پاڵپشتیی مەرجەعییەتی شیعە و زۆربەی لایەنە سیاسییەکانی شیعە، کورد و سوننەی هەیە، دەتوانێ بەسەر ئەو ئالنگارییانەدا سەر کەوێت. یەکێک لە خاڵە سەرەکییەکانی سەرکەوتنی ناوبراو، دەتوانێ پێداچوونەوە بێت بەسەر پەیوەندییەکانی حکوومەتی عێراق لەگەڵ هەرێمی کوردستان و، دروستکردنی پەیوەندییەکی هاوسەنگ لە چوارچێوەی بنەما دەستوورییەکاندا. شیاوی باسە، ئالنگارییەکانی بەردەم کابینەکەی عەبدولمەهدی هەر لەو خاڵانەی سەرەوەدا کورت ناکرێنەوە کە باس کران، بەڵکوو ئەو خاڵانە تەنیا وەک نموونە هێنرانەوە و، بێ گومان ئالنگارییەکان دەتوانن لەوانەیش زیاتر بن یان لە داهاتوودا ئالنگاریی چاوەڕواننەکراوی دیکەیشیان پێ زیاد ببێت.