سیناریۆکانی پێکهێنانی حکوومەتی نوێی هەرێمی کوردستان

ئازاد وەڵەدبەگی، ماستەر لە یاسای گشتی

پێشەکی

لە ڕۆژی ٣٠/٩/٢٠١٨ پێنجەمین خولی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام درا. پاش قۆناغێکی پڕ لە ململانێ، دواجار ئەنجامەکان وەک خۆی لە لایەن ئەنجومەنی دادوەریی هەرێمی کوردستانەوە پەسند کران، ئینجا لە ٢٠/١٠/٢٠١٨ کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسیی هەرێمی کوردستان، ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی ڕاگەیاند. بەم پێیە پارتی ٤٥ کورسی، یەکێتی ٢١ کورسی، گۆڕان ١٢ کورسی، نەوەی نوێ ٨ کورسی، کۆمەڵی ئیسلامی ٧ کورسی، بەرەی ئیسلاح (یەکگرتوو+ بزووتنەوەی ئیسلامی) ٥ کورسی، هاوپەیمانیی سەردەم ١ کورسی، حزبی شیوعی ١ کورسییان بەدەست هێنا. هەروا کەمینە نەتەوەیییەکانی دیکەی وەک تورکمان ٥ کورسی و، حزبە مەسیحییەکان (ئاشووری+کلدان+ سریان+ ئەرمەن) ٦ کورسییان لە پەرلەمانی کوردستاندا هەیە، کە لە نێوان حزب و لایەنە سیاسییەکانی تایبەت بەو کەمینانە پڕ دەکرێتەوە.

هەرچەندە پارتی توانیویەتی لەم هەڵبژاردنەدا ٤٥ کورسی بەدەست بهێنێت، بەڵام لە واقعی کرداریدا هیچ حزب و لایەنێکی سیاسی ناتوانێت بەتەنیا حکوومەتی نوێی هەرێمی کوردستان پێک بهێنێت. چونکە پێکهێنانی کابینەی نوێ، پێویستی بە (٥٠+١)ی دەنگەکانی پەرلەمان هەیە، کە هیچ لایەنێک بەتەنیا ئەو ڕێژە کورسییەی نییە. لە هەمان کاتدا، بەپێی واقعی مێژوویی و چەسپاوی هەرێمی کوردستان و، بوونی سیستەمێکی حزبی و کارگێڕیی جووتجەمسەریی و تەنانەت دووئیدارەیی و جووتزۆنی (زەرد و سەوز)، ئەم پرسیارە گرنگە خۆی دەخاتە ڕوو، كه‌ ئایا بەڕاستی پارتی دەتوانێ لە ڕووی کردارییەوە بە پشتگوێخستنی یەکێتی، حکوومەتی نوێی هەرێم پێک بهێنێت؟ ڕەنگە لە ڕووی یاسایییەوە ئەم سیناریۆیە مومکین بێت و پارتییش بتوانێت هەنگاوێکی لەم جۆرە بنێت، بەڵام ئایا دەرەنجامەکانی ئەم هەنگاوە لە قازانجی خەڵکی هەرێمی کوردستانە؟ ئایا هەنگاوێکی لەم جۆرە هەرێمی کوردستان ناگەڕێنێتەوە بۆ خانەی یەکەم و گەڕانەوە بۆ سەردەمی تاڵی دووئیدارەیی؟ ئەمانە کۆمەڵێک پرسیارن کە بێ گومان لەم ڕۆژانەدا زەینی خەڵک و بەرپرسانی کوردستانی بە خۆیەوە خەریک کردووە و، هەر کەس و لایەنێک بەگوێرەی تێگەیشتن و تێڕوانینی سیاسیی خۆی لێکدانەوەی جۆراوجۆری بۆ دەکات. لەم وتارەدا، ئەو سیناریۆ و ئەگەرە پێشبینیکراوانە دەخەینە ڕوو، کە لە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا چاوەڕوان دەکرێن.

دیدێکی یاسایی بۆ پێکهێنانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان 

بەپێی بەندی١/ب چوارەم له‌ ياساى ژمارە (٢)ی ساڵی ٢٠١٧، یاسای دابەشكردنى دەسەڵاتەكانى سەرۆكايەتیى هەرێم بەسەر دامەزراوە دەستوورييەكانى هەرێم، سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەری لە ماوەی ١٠ ڕۆژ لە پەسندکردنی ئەنجامەکان لە لایەن ئەنجومەنی دادوەرییەوە، بانگهێشتی پەرلەمانی کوردستان دەکات بۆ ئەنجامدانی یەکەمین دانیشتنی خۆی. یەکەمین دانیشتن، بەپێی بەندی ١١/یەکەم لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان لە لایەن بەتەمەنترین ئەندامەوە بەڕێوە دەچێت و پاش هەڵبژاردنی سەرۆک و جێگرەکانی پەرلەمان، ئەوا ئەرکی سەرۆکی بەتەمەن کۆتایی دێت. لە ڕێکەوتی ٦/١١/٢٠١٨ پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، یەکەمین کۆبوونەوەی خۆی بە سەرۆکایەتیی سەرۆکی بەتەمەن ئەنجام دا و، چونکە لایەنە سیاسییەکان، بەتایبەت پارتی و یەکێتی، نەیانتوانی لەسەر دابەشکردنی پۆستەکانی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان پێک بێن، هەر بۆیە ئەم دانیشتنەی پەرلەمان بەکراوەیی هێڵرایەوە (کە ئەمەیش لە ڕووی یاسایییەوە جێی ڕەخنە و مشتومڕە) و ئەم دانیشتنە کراوەیە هەتا ئێستا بەردەوامە.

لە کاتی ئێستادا، هێشتا پەرلەمانی کوردستان نەیتوانیوە قۆناغی یەکەم، کە پێکهێنانی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانە ئەنجام بدات. بەم پێیە، ڕێکنەکەوتنی لایەنە سیاسییەکان لەسەر ئەم بابەتە دەتوانێ کاریگەریی لەسەر پرۆسەی پێکهێنانی حکوومەتیش هەبێت، بەڵام بەپێی نەریتی باو لە هەرێمی کوردستان لایەنە سیاسییەکان بە یەک پەکێج لەسەر ئەم پۆست و پلانە ڕێک دەکەون. لە ڕێکەوتی ٣/١٢/٢٠١٨ پارتی دیموکراتی کوردستان پاڵێوراوەکانی خۆی بۆ پۆستی سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکوومەت یەکلا کردەوە، کە ئەمەیش کۆتاییی بەو مشتومڕانە هێنا کە لەم بارەیەوە لە ئارادا بوون. بەم پێیە، "نێچیرڤان بارزانی" پاڵێوراوی پۆستی سەرۆکی هەرێم و، "مەسروور بارزانی" پاڵێوراوی پۆستی سەرۆکی حکوومەتن. هەر بۆیە پاش ئەم بڕیارەی پارتی، پێدەچێ گفتوگۆ و هەنگاوەکانی پێکهێنانی حکوومەت گەرموگوڕتر ببن و بەرەو پێشەوە بچن.

پەرلەمانی کوردستان، بەپێی بەندی ٥٦/بڕگەی سێیەم لە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ژمارە (١)ی ساڵی ١٩٩٢، مافی دەستنیشانکردنی سەرۆکی دەسەڵاتی جێبەجێکردنی هەیە و پاش ئەوەی متمانەی پەرلەمانی بەدەست هێنا، ئەوا ناوی سەرۆکوەزیرانی لێ دەنرێت. بەپێی بەندی ٢/بڕگەی چوارەم لە ياساى ژمارە (٢) ساڵی ٢٠١٧، یاسای دابەشكردنى دەسەڵاتەكانى سەرۆكايەتیى هەرێم بەسەر دامەزراوە دەستوورييەكانى هەرێم، ئەوا سەرۆکی حکوومەت لە لایەن سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەرییەوە، ڕادەسپێردرێت بۆ پێکهێنانی کابینەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ماوەی ٣٠ ڕۆژدا. متمانەدان بە سەرۆکی ئەنجومەن و وەزیرەکانی بە زۆرینەی (٥٠+١) دەبێت، کە بەو پێیە پێویستی بە ٥٦ دەنگی ئەندامانی پەرلەمانی کوردستان هەیە.

سیناریۆ چاوەڕوانکراوەکان بۆ پێکهێنانی حکوومەتی نوێ

هەروەک باسمان کرد، لەبەر ئەوەی کە هیچ لایەنێک ناتوانێ بەتەنیا کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێم پێک بهێنێت، بۆیە کابینەی نوێ کابینەیەکی هاوپەیمانی دەبێت؛ ئەمەیش وا دەکات لایەنی براوەی یەکەم، کە پارتی دیموکراتی کوردستانە و خاوەنی ٤٥ کورسییە، بۆ پێکهێنانی حکوومەتی نوێی هەرێم، لە دەرگەی لایەنە سیاسییەکانی دیکەی کوردستان بدات. لەم نێوانەدا لایەنی براوەی یەکەم، دەبێ لەژێر تیشکی بەڵێنەکانی خۆی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و سیاسەت و بەرنامەی خۆی بۆ بەڕێوەبردنی هەرێمی کوردستان لە چوار ساڵی داهاتوو و هەروا بەرژەوەندییە باڵاکانی خەڵکی کوردستان، بەرنامەی کاری حکوومەت و چوارچێوەی گفتوگۆکانی لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی دیکە دیاری بکات و، لەژێر ڕۆشناییی ئەو بەرنامە و سیاسەت و بەڵێنانەدا لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان ڕێک بکەوێت.

بە سەرنجدان لە دۆخی سیاسیی هەرێمی کوردستان و ژمارەی کورسیی لایەنە سیاسییەکان و کار و بەرنامەی لایەنە سیاسییەکان، دەتوانین سیناریۆکانی پێکهێنانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەم خاڵانەی خوارەوەدا چڕ بکەینەوە. هەروا دەبێ ئەو ڕاستییەیشمان لەبەرچاو بێت، کە لیستی نەوەی نوێ و لیستی بەرەو ئیسڵاح، پێشوەختە بڕیاریان داوە کە بەشداری لە کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمدا ناکەن. بەم پێیە سیناریۆ چاوەڕوانکراوەکان بریتین لەمانەی خوارەوە:

سیناریۆی یەکەم/ هاوپەیمانیی پارتی+ یەکێتی+ گۆران+کەمینەکان: بەم پێیە کۆی کورسییەکانی ئەم لایەنانە دەبێتە ٨٩ کورسی پەرلەمانی و، هیج گرفتێکیان نابێت بۆ متمانەدان بە کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان. دەکرێ بڵێین ئەم حکوومەتە حکوومەتێکی نیمچە-شەراکەتی نیشتمانیی بەهێزە، کە هەر سێ لایەنی سەرەکیی هەرێم و کەمینە نەتەوەیییەکانی وەک تورکمان، ئاشووری، کلدان و ئەرمەنی کوردستانی تێدایە و دەتوانێ سیناریۆیەکی باش بێت و، لە هەمان کاتدا دەرفەت لە بەردەم هەندێ لایەنی سیاسیی دیکەی وەک نەوەی نوێ، کۆمەڵی ئیسلامی و یەکگرتووی ئیسلامی دەکاتەوە کە ئۆپۆزیسیۆنێکی بەهێزی پەرلەمانی دروست بکەن. ئەوەی لەم بارەیەوە جێی سەرنجە ئەوەیە، کە بزووتنەوەی گۆڕان هەتا ئێستا بەشداریی خۆی لە حکوومەت یەکلایی نەکردووەتەوە و، چاوەڕوانی بەرنامەی کاری حکوومەت دەکات هەتا هەڵوێستی خۆی لەو بارەیەوە ڕابگەیەنێت.

سیناریۆی دووەم/ هاوپەیمانیی پارتی+ یەکێتی+ گۆڕان+ کۆمەڵی ئیسلامی+کەمینەکان: ئەمەیشیان هاوشێوەی هەمان سیناریۆی یەکەمە، بەو جیاوازییە کە کۆمەڵی ئیسلامییش بە پێکهاتەی کابینە زیاد دەبێت. بە سەرنجدان لە دۆخی پەیوەندییەکانی چەند ساڵی ڕابردووی پارتی و کۆمەڵی ئیسلامی، پێناچێت پارتی ئارەزوومەند بێت بۆ بەشداریی ئەو لایەنە لە کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێم. دەرەنجامێکی دیکەی بەشداریی کۆمەڵ لە حکوومەتی نوێی هەرێم، لاوازتربوونی ئۆپۆزیسیۆنە لە چوار ساڵی داهاتوو. ئەم لایەنانە سەرجەم دەبنە خاوەنی ٩٦ کورسیی پەرلەمانی کوردستان و هەرچەندە لە ڕووی ژمارەی کورسییەوە بەهێزن، بەڵام بە سەرنجدان لە تێڕوانین و بۆچوونی سیاسییان، پێناچێت حکوومەتێکی تۆکمە و یەکدەست بێت.

سیناریۆی سێیەم/ حکوومەتی هاوبەشی نیشتمانی: لەم سیناریۆیەدا، هەموو لایەنە سیاسییەکان و کەمینە نەتەوەیییەکانی کوردستان بەشداری لە پێکهێنانی کابینەدا دەکەن. ئەم حکوومەتە، دەتوانین بڵێین دووبارەکردنەوەی هەمان کابینەی هەشتەمی هەرێمی کوردستانە، کە پارتی دیموکراتی کوردستان لە چەندین بۆنەی جیاوازدا ناڕەزاییی خۆی لەبارەی ئەو جۆرە حکوومەتە دەربڕیوە. هەروەک لە کابینەی هەشتەمدا بینیمان، لایەنە سیاسییە جۆراوجۆرەکان بە بیانووی جیاواز لە حکوومەت کشانەوە و دواجار تەنیا پارتی و یەکێتی لە حکوومەت مانەوە. لایەنی نەرێنیی ئەم حکوومەتە ئەوەیە، کە حکوومەتێکی یەکدەست و یەکگرتوو نییە و لە هەمان کاتیشدا دەرفەتی دروستبوونی ئۆپۆزیسیۆنی پەرلەمانی لەبار دەبات، کە بۆ هەر سیستەمێکی سیاسیی تەندروست، پێویستە. بە سەرنجدان لە ئەزموونی کابینەی هەشتەمی حکوومەتی هەرێم لە پێکهێنانی حکوومەتی هاوبەشی نیشتمانی و، هەروا ڕاگەیاندنی یەکگرتووی ئیسلامی و نەوەی نوێ بەوەی کە بەشداری لە حکوومەتدا ناکەن، ئەگەری پێکهێنانی حکوومەتێکی لەو جۆرە لاوازە.

سیناریۆی چوارەم/ هاوپەیمانیی پارتی دیموکراتی کوردستان+ یەکێتیی نیشتمانی+کەمینەکان: بە سەرنجدان لەوەی کە پارتی و یەکێتی لە ٢٧ ساڵی ڕابردوو، ئەزموونێکی درێژی کاری هاوبەشیان هەیە (هەرچەندە بە گەلێک قۆناغی پڕهەوراز و نشێویشدا تێ پەڕیوە)، چ لە چوارچێوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و، چ لە چوارچێوەی حکوومەتی عێراق، هەروا باڵادەستیی سەربازی و ئاسایشیی یەکێتی لە بەشێکی بەرفراوانی هەرێمی کوردستان، کە بە زۆنی سەوز ناسراوە و، تێکەڵبوونی بەرژەوەندییەکانی هەر دوو لایەن، سیناریۆی هەره‌ بەهێز ئەوەیە کە پارتی بەبێ یەکێتی حکوومەت پێک نەهێنێت. بەڵام لە یەک ساڵی ڕابردوو بە هۆی ڕووداوەکانی ١٦ ئۆکتۆبەر و پاشان کاردانەوەی هەڵبژاردنی پۆستی سەرۆککۆماری عێراق، پەیوەندییەکانی پارتی و یەکێتی جۆرێک لە ساردی و دڕدۆنگیی تێ کەوتووە، کە بێ گومان ئەم ڕووداوانە کاردانەوەیان لەسەر پێکهێنانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەبێت. هەروەک بینیمان، پێشتر سەرۆکی حکوومەتی هەرێم و جێگری سەرۆکی پارتی، نێچیرڤان بارزانی، لە پرێس کۆنفرانسێکدا ڕای گەیاند، لەمەوبەدوا لەسەر بنەمای نوێ و دوور لە دابەشکاریی پەنجا بە پەنجا مامەڵە لەگەڵ یەکێتیدا دەکەین. ئەم وتانەیش دەرخەری ئەو ڕاستییەیە، کە پارتی وێڕای بەشداریپێکردنی یەکێتی لە کابینەی نوێ، دەیەوێت ژمارەی کورسییش بکاتە پێوەر بۆ دابەشکردنی پۆستەکان لە کابینەی نوێ و، لەوانەیە یەکێک لە میکانیزمەکان دانانی خاڵبەندی بێت بۆ دابەشکردنی پۆستەکان.

ئەم سیناریۆیە بەهێزترین سیناریۆی پێکهێنانی حکوومەتی نوێی هەرێمە، چونکە پارتی و یەکێتی سەرەڕای کێشە و ناکۆکییەکانی نێوانیشیان، ناتوانن بەبێ یەکتر کابینەی نوێی حکوومەت پێک بهێنن. لە ئەگەری پشتگوێخستنی یەکێتی لە حکوومەتی هەرێم یان بەشداریپێنەکردنی، جگە لە قووڵتربوونەوەی ناکۆکییەکانی ناوماڵی کورد، ئەوا هەرێمی کوردستان بەکردەیی دابەش دەبێت و، نابێت ئەو ڕاستییە لەیاد بکەین بارودۆخێکی لەو جۆرە خەونی هەرە گەورەی نەیارانی کوردە، کە نابێت لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بۆ خۆیان ببنە ئامرازی جێبەجیکردنی ئەو پیلانە.

هەروا لەوانەیە یەکێتی زۆر ئارەزووی لە سیناریۆیەکی لەو جۆرە نەبێت کە بەتەنیا لەگەڵ پارتی حکوومەت پێک بهێنێت، چونکە ئەگەر لایەنەکانی وەک گۆڕان، کۆمەڵ، نەوەی نوێ و یەکگرتوو کە پتر لە زۆنی سەوز کاریگەر و باڵادەستن لە دەرەوەی حکوومەت بمێننەوە، ئەوا گرفت بۆ ناوچەکانی بن دەسەڵاتی یەکێتی دروست دەکەن؛ هەر بۆیە گوێمان لێ دەبێت کە بەرپرسانی یەکێتی، ناوە ناوە باس لە پێکهێنانی حکوومەتی بنکەفراوان دەکەن.

سیناریۆی پێنجەم/ هاوپەیمانیی پارتی+کەمینەکان: پێکهێنانی حکوومەتی زۆرینەیش یەکێکە لە ئەگەرە چاوەڕوانکراوەکان. لە دۆخێکی لەم جۆرەدا، ئەو لایەنانە دەبنە خاوەنی ٥٦ کورسی. هەرچەندە ئەم سیناریۆیە لە ڕووی یاسایییەوە مومکینە، بەڵام ئەم حکوومەتە حکوومەتێکی زۆر لاواز دەبێت؛ چ لە ڕووی ژمارەی کورسییەکانی لە پەرلەمان، چ لە ڕووی فەرمانڕەوایی لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان. بێ گومان پشتگوێخستنی یەکێتی لەم حاڵەتەدا، هەروەک لە سیناریۆی پێشتریش باسمان کرد، بێ کاردانەوە نابێت. بە سەرنجدان لە پێکهاتە و دۆخی سیاسی، سەربازی، ئابووری و ئاسایشیی هەرێمی کوردستان، پێناچێت ئەم ئەگەرە بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێ، ئەگەرێکی بەهێز و خوازراو بێت. جگە لەمەیش، بە سەرنجدان لەوەی کە هەرێمی کوردستان لە دۆخی ئێستادا، ڕووبەڕووی چەندین گرفتی ئابووری، سیاسی و سەربازی بووەتەوە، پێناچێت پارتی بیەوێت بەتەنیا ڕیسکی بەرپرسیارێتیی ئەم دۆخە هەڵبگرێت؛ بۆیە بە دوای هاوبەشێکدا دەگەڕێت بۆ ئەوەی قورساییی بارودۆخی ئێستا لەسەر خۆی کەم بکاتەوە.

سیناریۆی شەشەم/ هاوپەیمانیی پارتی+ کەمینەکان+ سەردەم+ شیوعی: ئەم هاوپەیمانییە دەبێتە خاوەنی ٥٨ کورسیی پەرلەمانی، بەڵام هەروەک لە سیناریۆی پێنجەمدا باسمان کرد ئەم ئەگەرەیش حکوومەتێکی لاوازی لێ دەکەوێتەوە و، پێناچێت پارتی خۆی لە قەرەی سیناریۆیەکی لەو جۆرە بدات.

سیناریۆی حەوتەم/ هاوپەیمانیی پارتی+گۆڕان: ئەم هاوپەیمانێتییە دەبێتە خاوەنی ٥٧ کورسی و هەرچەندە لە ڕووی یاسایییەوە ئەم سیناریۆیە مومکینە، بەڵام ئەم هاوپەیمانییەیش حکوومەتێکی لاوازی لێ دەکەوێتەوە و پێناچێت لە ڕووی کردەیییەوە سەرکەوتوو بێت، چونکە پشتگوێخستنی یەکێتی کە هێزی باڵادەستی زۆنی سەوزە، دەرەنجامی نەرێنیی نەخوازراوی لێ دەکەوێتەوە؛ هەر بۆیە دوور دەنوێنێت کە  پارتی لە دوای جێبەجیکردنی سیناریۆیەکی لەو جۆرە بێت.

کۆبەند

پاش خستنەڕووی کورتەیەک لە چۆنێتیی پێکهێنانی حکوومەتی نوێی هەرێمی کوردستان، کۆمەڵێک لە سیناریۆ چاوەڕوانکراوەکانمان بۆ پێکهێنانی ئەم حکوومەتە خستە بەرباس. لەناو ئەو سیناریۆ جۆراوجۆرانەی کە باسمان لێوە کرد، پێمان وایە باشترین سیناریۆکان بەپێی ڕیزبەندی بۆ قۆناغی ئێستای هەرێمی کوردستان، سیناریۆی یەکەم و چوارەمن. ئەم دوو سیناریۆیە لەم دۆخەی ئێستای هەرێمی کوردستان، جگە لەوەی حکوومەتێکی بەهێزی لێ دەکەوێتەوە، لە هەمان کاتدا دەرفەت بۆ سەرهەڵدانی ئۆپۆزیسیۆنێکی پەرلەمانیی بەهێزیش دەرەخسێنێت؛ کە ئەمەیش بۆ تەندروستبوون و ئەکتیڤبوونی سیستەمی سیاسیی هەرێمی کوردستان سوودمەند دەبێت.

© 2017 News247 All Rights Reserved. Designed By Tripples