موه‌فه‌ق عادل عومه‌ر، دكتۆرا له سیسته‌مه سیاسییه‌كان
له‌گه‌ڵ ڕووخانی ڕژێمی به‌عس و بنیادنانی سیسته‌مێكی سیاسیی نوێ له عێراق دوای ٢٠٠٣، جگه له لایه‌نه سوننه‌كان سه‌رجه‌م لایه‌نه سیاسییه‌كان زۆر به‌جددی هه‌وڵیان دا پێگه‌یه‌كی سه‌ره‌كی له سیسته‌مه نوێیه‌كه‌دا به‌ده‌ست بهێنن. بۆیه سه‌ره‌تا لایه‌نه شیعه‌كان له‌گه‌ڵ كورد، به‌ناچاریش بێت، ڕێككه‌وتنێكیان كرد بۆ دامه‌زراندنی سیسته‌می سیاسیی نوێی عێراق دوای سه‌ددام حوسێن و هه‌ندێك مه‌رجی سه‌ركرده كورده‌كانیان قبووڵ كرد، وه‌ك داننان به قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستان و ناردنی شایسته دارایییه‌كانی. به‌ڵام هه‌ر له سه‌ره‌تاوه چه‌ندین كێشه‌ی جه‌وهه‌ری له نێوان هه‌وڵێر و به‌غدا به‌كراوه‌یی و بێچاره‌سه‌ر ماوه‌ته‌وه؛ گرنگترینیان ناوچه كێشه‌له‌سه‌ره‌كانه. هه‌رچه‌نده له ده‌ستووری ساڵی ٢٠٠٥، دیموكراسیی ته‌وافوقی وه‌ك شێوازێكی دیموكراسی دیاری نه‌كراوه بۆ په‌یڕه‌وكردن، به‌ڵام ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا له سه‌رده‌می دوای سه‌ددام حوسێن، هه‌وڵی دا بۆ په‌یڕه‌وكردنی دیموكراسیی ته‌وافوقی له ڕێگه‌ی گوشارخستنه‌ر سه‌ر گرووپه سیاسییه كاریگه‌ره‌كان.
به‌پێی گوته‌ی ئارند لیبهارت، دیموكراسیی ته‌وافوقی له‌سه‌ر چوار بنه‌ما و فاكته‌ر بنیاد ده‌نرێت كه بریتین له هاوپه‌یمانییه‌تیی گه‌وره، ڤیتۆی ئاڵوگۆڕ (متبادل)، هاوڕێژه‌یی و سه‌ربه‌خۆییی كه‌رتی و فیدراڵی. گه‌ر ئه‌م چوار بنه‌مایه‌ی ئه‌م جۆره دیموكراسییه به‌وردی شی بكه‌ینه‌وه و به‌راوردی بكه‌ین له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی تا چ ڕادده‌یه‌ك له عێراق په‌یڕه‌و كراوه، بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت كه شێوازی حوكمڕانی و جۆری په‌یڕه‌وكراوی دیموكراسی له عێراق، زۆر جیاوازه له دیموكراسیی ته‌وافوقی.
سه‌ره‌تا هاوپه‌یمانییه‌تیی گه‌وره یاخود فراوان دوای ساڵی ٢٠٠٣ له عێراق به‌و شێواز و مانایه‌ی ته‌وافوقه پێك نه‌هاتووه كه ئارند لیبهارت ئاماژه‌ی پێ كردووه. ئه‌وه‌ی ئه‌نجام دراوه، بریتییه بووه له پێكهێنانی سه‌رجه‌م كابینه‌كانی حكوومه‌ت له‌ژێر گوشاری لایه‌نه ده‌ره‌كییه‌كان و، به شێوه‌یه‌كی كاتی لایه‌نه سیاسییه كاریگه‌ره‌كان به یه‌ك گه‌یشتوون و كێشه سه‌ره‌كییه‌كانیان بۆ ماوه‌یه‌كی كاتی دوا خستووه و به‌م جۆره‌یش كێشه‌كانیان ته‌نیا سڕ كردووه. بۆ نموونه كێشه‌ی ناوچه كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم تا ئێستا به‌پێی ده‌ستوور چاره‌سه‌ر نه‌كراوه و هۆكاری چاره‌سه‌رنه‌كردنه‌كه‌یش بۆ نه‌بوونی ئیراده‌یه‌كی ڕاسته‌قینه ده‌گه‌ڕێته‌وه له حكوومه‌ته یه‌ك له دوای یه‌كه‌كانی به‌غدا كه به‌گشتی لایه‌نه شیعه‌كان تێیدا باڵاده‌ست بوون. ده‌رنه‌كردنی یاسای نه‌وت و گاز به مه‌به‌ستی یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی كێشه‌ی ده‌رهێنان و به‌بازاڕكردنی نه‌وت و گاز له عێراق، بووه‌ته هۆكارێكی سه‌ره‌كی بۆ قووڵتركردنه‌وه‌ی كێشه‌كانی نێوان لایه‌نه سیاسییه‌كان و، ڕاسته‌وخۆ كاریگه‌ریی خستۆته سه‌ر پێكهێنانی هاوپه‌یمانییه‌تیی گه‌وره و فراوان و ته‌نانه‌ت گه‌ر هاوپه‌یمانییه‌تی پێكیش هێنرابێ، به‌رده‌وام نه‌بووه و بۆ ماوه‌یه‌كی كورتخایه‌ن بووه.
فاكته‌ری ڤیتۆی ئاڵوگۆڕ كه بنه‌مایه‌كی دیكه‌ی ته‌وافوقه له عێراقی دوای ڕژێمی به‌عس، به‌پێی پێویست جێبه‌جێ نه‌كراوه؛ ئه‌وانه‌ی به ناوی ئه‌م بنه‌مایه كراون بریتین له سه‌فه‌قاتی سیاسیی نێوان لایه‌نه سیاسییه‌كان. له لایه‌كی دیكه‌وه هه‌وڵ دراوه بنه‌مای هاوڕێژه‌یی له نێوان لایه‌نه سیاسییه‌كان په‌یڕه‌و بكرێت و له ڕێگه‌ی دابه‌شكردنی پۆسته گرنگه‌كان به‌پێی قورساییی هه‌ر لایه‌نێك پۆستی پێ دراوه، به‌ڵام ئه‌م جۆره دابه‌شكردنه له جیاتی ئه‌وه‌ی ببێته ڕه‌گه‌زی به‌یه‌كگه‌یشتنی لایه‌نه‌كان، بووه‌ته هۆكارێكی به‌رچاو بۆ لێكترازان و زیاتر دوورخستنه‌وه‌ی لایه‌نه‌كان له یه‌كتر و قووڵتركردنی كێشه‌كان.
سه‌ربه‌خۆییی كه‌رتی و فیدراڵی وه‌ك بنه‌مایه‌كی سه‌ره‌كی بۆ دیموكراسیی ته‌وافوقی په‌یڕه‌و نه‌كراوه و ئه‌وه‌یشی هه‌بووه، كه قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستانه، دژایه‌تی ده‌كرێت و هه‌وڵ ده‌درێت لاواز بكرێت و ته‌نانه‌ت پیلانی له‌ناوبردنیشی بۆ داڕێژراوه، ئه‌ویش له ڕێگه‌ی به‌كارهێنانی كارتی مووچه و بوودجه و گوشاره ئه‌منی و سیاسییه‌كان؛ ئه‌مه جگه له‌وه‌ی كه تا ئێستا به هیچ شێوه‌یه‌ك یارمه‌تیی سه‌ربازی نه‌گه‌یه‌نراوه‌ته پێشمه‌رگه، له كاتێكدا ساڵانه چه‌ندین ملیار دۆلاری ئه‌مریكی بۆ حه‌شدی شه‌عبی له بوودجه‌ی گشتیی وڵات خه‌رج ده‌كرێت.
له ده‌ره‌نجامدا ده‌توانین بڵێین تا ئێستا له عێراق به‌پێی بنه‌ما زانستییه‌كان و له ڕووی پراكتیكییه‌وه دیموكراسیی ته‌وافوقی وه‌ك پێویست په‌یڕه‌و نه‌كراوه و هیچ ئاسۆیه‌كیش بۆ په‌یڕه‌وكردنی ئه‌م جۆره دیموكراسییه نابینرێت. جگه له‌مه، ده‌ستووری ساڵی ٢٠٠٥یش به شێوه‌یه‌كی به‌رچاو پێشێل كراوه و به‌تایبه‌تی له دژی قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستان چه‌ندین هه‌نگاو نراوه؛ دیارترینیان دیاریكردنی شایسته دارایییه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی و خه‌رجكردنیه‌تی به‌بێ كێشه. به‌رانبه‌ر ئه‌مه، چه‌ندین ساڵه شایسته دارایییه‌كانی پێشمه‌رگه له لایه‌ن به‌غداوه نانێردرێت و ته‌نانه‌ت چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نیشی بۆ دابین ناكرێت، هه‌رچه‌نده پێشمه‌رگه به‌پێی ده‌ستووری عێراق به‌شێكه له مه‌نزوومه‌ی دیفاعیی عێراق.
ناوچه كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێمی كوردستان كه ده‌بووایه له ساڵی ٢٠٠٧ به‌پێی ده‌ستوور چاره‌سه‌ر بكرابایه، به‌ڵام مادده‌ی ١٤٠ی ده‌ستوور زۆر به‌زه‌قی پێشێل كراوه و جێبه‌جێ نه‌كراوه. نه‌ناردنی شایسته دارایییه‌كانی هه‌رێمی كوردستانیش خاڵێكی دیكه‌یه كه له لایه‌ن به‌غداوه پێشێل كراوه. جگه له‌مه چه‌ندین خاڵی تر هه‌یه كه تیایدا به‌غدا پێشێلی ده‌قه ده‌ستوورییه‌كانی كردووه.
سه‌رجه‌م ئه‌م خاڵانه‌ی سه‌ره‌وه ئه‌وه‌مان بۆ ده‌رده‌خات، كاركردن له‌گه‌ڵ لایه‌نێك كه بڕوای به ده‌ستوور و ڕێككه‌وتنه‌كان نییه و به‌رده‌وام له هه‌وڵی له‌ناوبردنی قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستانه كارێكی قورسه و مه‌حاڵه بتوانرێت كێشه سه‌ره‌كییه‌كان له‌گه‌ڵیدا چاره‌سه‌ر بكرێت. ئه‌مه جگه له‌وه كه عه‌قڵییه‌تی حوكمڕانیی ئه‌و نه‌وه سیاسییه‌ی ئێستا له به‌غدایه به هیچ شێوه‌یه‌ك گرنگی به سازانی نیشتمانی له‌سه‌ر ئاستی عێراق نادات و به‌به‌رده‌وامی ئاماژه به بابه‌تی زۆرینه‌ی ده‌نگ ده‌كات له جیاتی ته‌وافوقی لایه‌نه‌كان و چه‌ندین پرۆژه‌یاسایش به‌م شێوازه له ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق تێ په‌ڕێندراوه و دیارترینیان "یاسای قه‌رز"ه له عێراق كه به‌بێ كورد تێ په‌ڕێندرا. گه‌ر پرۆژه‌یاساكان له چوارچێوه‌ی سازانی نیشتمانی و ته‌وافوقی لایه‌نه‌كان له ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران تێ نه‌په‌ڕێنرێت، ئه‌وه زۆر به‌ئاسانی به‌بێ كورد سه‌رجه‌م هه‌نگاوه‌كان ده‌نرێت به‌بێ ئه‌وه‌ی به‌رژه‌وه‌ندیی هه‌رێمی كودرستان له‌به‌رچاو بگیرێت. به‌داخه‌وه ئاراسته‌كان له به‌غدا زیاتر به‌ره‌و دوورخستنه‌وه‌ی كورده له پرۆسه‌ی سیاسیی عێراق و هه‌وڵێكی چڕیش هه‌یه بۆ نه‌هێشتنی قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستان.
لێره‌دا ئه‌م پرسیاره‌مان بۆ دروست ده‌بێت: ئه‌ی ده‌بێ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و سه‌ركردایه‌تیی كورد چی بكه‌ن بۆ ده‌ربازبوون له‌م قه‌یرانه سیاسی و دارایییه كه به‌هۆی په‌یڕه‌ونه‌كردنی بنه‌ما سه‌ره‌كییه‌كانی دیموكراسیی ته‌وافوقی و پێشێلكردنی مادده ده‌ستوورییه‌كان له‌لایه‌ن لایه‌نه سیاسییه‌كانی عێراق، به‌رۆكی گرتووه؟ واتا به‌هۆی په‌یڕه‌ونه‌كردنی بنه‌ماكانی دیموكراسیی ته‌وافوقییه‌وه كێشه‌یه‌كی زۆر گه‌وره سه‌ری هه‌ڵداوه و به‌م هۆیه‌وه كورد وه‌ك شه‌ریك له ده‌ركردنی بڕیار و یاسا ڕۆڵی نه‌ماوه و وه‌ك ته‌ماشاكه‌ری لێ هاتووه. بۆ وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره و چاره‌سه‌ركردنی ئه‌م كێشه جه‌وهه‌رییه، باشتره حكوومه‌تی هه‌رێم كار له‌سه‌ر ئه‌م خاڵانه‌ی خواره‌وه بكات:
یه‌كه‌م: له ساڵی ٢٠١٣وه به‌غدا دەستی به بڕینی بوودجه و مووچه‌ی هه‌رێم کردووە و تا ئێستا چه‌ندین جار ڕێككه‌وتن كراوه بۆ ئه‌وه‌ی كێشه‌كه چاره‌سه‌ر بكرێت به‌ڵام بۆ ماوه‌یه‌كی كاتی بڕێك پاره نێردراوه و دواتر دیسان هه‌مان قه‌یران سه‌ری هه‌ڵداوه‌ته‌وه. لێره زۆر گرنگه حكوومه‌تی هه‌رێم له لایه‌ك پلانی درێژخایه‌ن دابڕێژێت بۆ خۆگونجاندن له‌گه‌ڵ ئه‌و داهاته‌ی كه هه‌یه‌تی، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت به‌بێ به‌غدا ته‌مویلی مووچه‌خۆران و خه‌رجییه‌كانی دیكه‌ی حكوومه‌تی پێ دابین بكات. له لایه‌كی دیكه‌یشه‌وه هه‌وڵ بدات له‌گه‌ڵ به‌غدا ڕێك بكه‌وێ له ڕێگه‌ی ڕاده‌ست‌كردنی به‌شێك له نه‌وته‌كه‌ی و بڕیك له داهاتی ناوخۆی. واتا ئه‌گه‌ر بڕێك نه‌وت و ڕێژه‌یه‌كی دیاریكراوی داهاتی ناوخۆیش ڕاده‌ست بكات، ده‌توانێ به‌رانبه‌ر ئه‌مه بڕێك پاره وه‌ربگرێت و وه‌ڵامی داواكاریی لایه‌نه شیعه و عێراقییه‌كان بداته‌وه كه گله‌ییی سه‌ره‌كییان ئه‌وه‌یه هه‌رێم هیچ ڕاده‌ست ناكات. به‌ڵام مه‌رجه، سه‌رجه‌م داهاتی نه‌وت و داهاتی ناوخۆ ڕاده‌ستی به‌غدا نه‌كرێت، چونكه به‌داخه‌وه به‌غدا هیچ كاتێك جێگه‌ی متمانه نه‌بووه. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا نابێت كورد له به‌غدا بكشێته‌وه، چونكه كشانه‌وه‌ی كورد له به‌غدا زیانی له قازانجه‌كانی زیاتره و تا ڕادده‌یه‌كی زۆریش ئاراسته‌یه‌كی نێوده‌وڵه‌تی هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی كورد له به‌غدا بمینێته‌وه و هه‌وڵ بدات كێشه‌كانی چاره‌سه‌ر بكات. ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ به‌غدا ڕێككه‌وتنیش ئه‌نجام بدرێت، مه‌رجه حكوومه‌تی هه‌رێم كار بۆ دروستكردنی ژێرخانی دارایی و ئابووریی سه‌ربه‌خۆی خۆی بكات.
دووه‌م: هه‌وڵ بدرێت دانوستانه‌كان له‌گه‌ڵ به‌غدا له‌ژێر چاودێری و سه‌رپه‌رشتیی لایه‌نه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان وه‌كوو نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان به‌ڕێوه بچێت. هه‌روه‌ها ده‌بێ ئه‌و ڕێككه‌وتننانه كه ئه‌نجام ده‌درێن، به شێوه‌یه‌كی فه‌رمی ڕابگه‌یه‌رێن و شه‌فاف بن؛ ئه‌مه جگه له‌وه‌ی كه نابێت هیچ به‌ڵێنێك بدرێت كه نه‌توانرێت جێبه‌جێ بكرێت.
سێیه‌م: پێداچوونه‌وه‌ی جددی له لیستی مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان بكرێت. زۆریی ژماره‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم كێشه‌یه‌كی سه‌ره‌كییه له نه‌گه‌یشتنی هه‌ولێر-به‌غدا به ڕێككه‌وتنێكی كۆتایی. واتا چاكسازی نه‌ك ته‌نیا له ژماره‌ی فه‌رمانبه‌ران بكرێت به‌ڵكوو ده‌بێ هه‌ژماركردنی ساڵانی خزمه‌تی فیعلیی فه‌رمانبه‌ران سه‌رله‌نوێ به‌پێی یاسا سه‌ره‌كییه‌كان دیاری بكرێن و ئه‌و خزمه‌تانه‌ی كه به‌پێی هه‌ندێك ڕێنماییی نالۆژیكی و پێچه‌وانه‌ی خزمه‌تی فیعلیی ده‌رچووینه، هه‌ڵبوه‌شێنرێنه‌وه. چونكه ئه‌م ڕێنمایی و یاسایانه بۆ بارودۆخی ئێستای دارایی و ئابووریی هه‌رێم گونجاو نین و، نابێ هیچ كه‌سێك به‌بێ مافی خۆی و بوونی خزمه‌تی فیعلی خانه‌نشین بكرێت و ئه‌وانه‌ی ئه‌مه‌یان بۆ كراوه، ده‌بێت پێداچوونه‌وه‌یان بۆ بكرێت و چاك بكرێنه‌وه. هه‌روه‌ها په‌یڕه‌وكردنی سیسته‌می بایۆمه‌تری و كردنه‌وه‌ی هه‌ژماری بانكی بۆ پێدانی مووچه هه‌نگاوێكی گرنگه كه پێویسته كاری له‌سه‌ر بكرێت. سه‌باره‌ت به هێزه‌كانی پێشمه‌رگه، هه‌وڵه‌كان چڕ بكرێته‌وه بۆ یه‌كخستنی هێزكانی پێشمه‌رگه له‌ژێر چاودێری و سه‌رپه‌رشتیی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا و، كار بكرێت سوود له نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كانیش وه‌ربگیرێت. چونكه ماوه‌یه‌كه ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا هه‌وڵی داوه یه‌كه‌كانی هێزی پێشمه‌رگه یه‌ك بخات و له‌م بواره چه‌ندین هه‌نگاوی گرنگ نراوه. واتا ئێستا له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تییش ویست و ئاره‌زووی یه‌كخستنی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه له ئارادایه. بوونی هێزێكی یه‌كگرتووی نیشتمانی له سه‌رانسه‌ری هه‌رێمی كوردستان و به‌ڕێوه‌بردنی ئه‌م هێزه له لایه‌ن سه‌ركردایه‌تییه‌كی یه‌كگرتووی مه‌ركه‌زیی كوردییه‌وه، پێگه‌ی هه‌رێم له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تی و نیوخۆیی به‌هێزتر ده‌كات.
چواره‌م: گرنگیدان به كه‌ر‌ته‌كانی دیكه له هه‌رێمی كوردستان، به‌تایبه‌تی كه‌رتی كشتوكاڵ و گه‌شتوگوزار. ئه‌م دوو كه‌رته دوای نه‌وت و گاز به گرنترین دوو كه‌رتی ئابووری ده‌ژمێردرێن. به‌تایبه‌تی كه‌رتی كشتوكاڵ له ڕووی تواناوه، ده‌كرێت هه‌رێمی كوردستان ببێته سه‌به‌ته‌ی خۆراكی عێراق به‌بێ موجامه‌له؛ چونكه كه‌ش و هه‌وا و و خاك و خۆڵی بۆ كشتوكاڵ له‌باره. هه‌روه‌ها ده‌كرێ چه‌ندین پرۆژه‌ی ستراتیژی بۆ بووژانه‌وه‌ی كه‌رتی گه‌شتوگوزار جێبه‌جێ بكرێت.
پێنجه‌م: ڕێكخستنی نێوماڵی كورد و هه‌وڵدان بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه سه‌ره‌كییه‌كانی ئه‌م بواره. پێویسته لایه‌نه سیاسییه كوردستانییه‌كان لانی كه‌م له به‌غدا هه‌ڵوێستێكی یه‌كگرتوو بنوێنن، چونكه ئێستا عێراق و ناوچه‌كه به قۆناغێكی زۆر هه‌ستیاردا تێ ده‌په‌ڕن. نواندنى یه‌ك هه‌ڵویست به‌رانبه‌ر پرسه نیشتمانییه‌كان له به‌غدا، كلیلی سه‌ركه‌وتنی هه‌رێمی كوردستانه. به حوكمی ئه‌وه‌ی به‌ڕێز سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان نوێنه‌رایه‌تیی سه‌رجه‌م كوردستانییه‌كان ده‌كات، ده‌كرێ له ڕێگه‌ی ئه‌م سه‌رۆكایه‌تییه‌وه زه‌مینه ساز بكرێت بۆ ئه‌نجامدان و سه‌ر‌په‌رشتیكردنی پرۆسه‌ی سازانی نیشتمانی. واتا زۆر گرنگه له‌م كات و ساته‌دا "نێچیرڤان بارزانی" وه‌ك سه‌رۆكی هه‌رێم، له پێناو نزیككردنه‌وه‌ی بۆچوونه جیاوازه‌كان كه زیان به به‌رژه‌وه‌ندیی نیشتمانیی هه‌رێمی كوردستان ده‌گه‌یه‌نێت، ئه‌م به‌رپرسیاریه‌تییه له‌ئه‌ستۆ بگرێ. له‌م بواره هه‌وڵێكی جددی هه‌یه له لایه‌ن سه‌رۆكی هه‌رێم بۆ ئه‌وه‌ی لایه‌نه‌كان له‌ژێر چه‌تری سه‌رۆكایه‌تی به یه‌ك بگه‌یه‌نێت و چه‌ندین كۆبوونه‌وه‌یش له‌م بواره ڕێك خراوه. ئه‌مه هه‌نگاوێكی ئه‌رێنییه به‌ڵام پێویسته ئه‌م پرۆسه‌یه خێراتر بكرێت و له‌وانه‌یه سه‌ردانیكردنی سه‌رۆكی هه‌رێم بۆ لایه‌نه سیاسییه‌كان، پرۆسه‌كه خێراتر بكات و متمانه‌ی لایه‌نه سیاسییه‌كان به‌ده‌ست بهێنێت. واتا ڕاگه‌یاندنی پرۆژه‌ی سازانی نیشتمانی له‌ژێر سه‌رپه‌رشتیی سه‌رۆكی هه‌رێم به مه‌به‌ستی ڕێكخستنی نێوماڵی كورد، زۆر پێویست و گرنگه له ڕووی یه‌كخستنی بۆچوونه جیاوازه‌كان كه زیان به به‌رژه‌وه‌ندیی نیشتمانی ده‌گه‌یه‌نن.
جێبه‌جێكردنی ئه‌م خاڵانه‌ی سه‌ره‌وه كارێكی ئاسان نییه و پێویستی به پلان و ئیداره‌یه‌كی حه‌كیمانه هه‌یه؛ به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا په‌یڕه‌وكردنی ئه‌سته‌م نییه، چونكه ئاسۆی ده‌ربازبوون له‌م قه‌یرانه له‌خۆ ده‌گرێت.