موەفهق عادل عومەر، دكتۆرا له سیستهمه سیاسییهكان و مامۆستا له بهشی سیستهمه سیاسییهكان و سیاسهتی گشتی-زانكۆی سهڵاحهددین
پێشەكى
هەڵبژاردن بە يەكێك لە گرنگترين ئامرازەكانى پرۆسەى ديموكراسى قبووڵ دەكرێت. لە وڵاتانى جيهاندا، ئەنجامدانى هەڵبژاردنێكى ئازاد، سەربەخۆ، شەفاف و بێگەرد، ئاستى هۆشاریى گەل و پێشكەوتووییى نوخبەى سياسیى وڵاتەكە بەدەر دەخات. هەرچەندە عێراق لە دواى ساڵى ٢٠٠٣ بە شێوەيەكى پراكتيك و ڕاستەقينە ئاشناى هەڵبژاردنەكان بوو، بەڵام مێژووى هەڵبژاردنەكان لە هەرێمى كوردستان، دەگەڕێتەوە بۆ ساڵى ١٩٩٢ كە تيايدا يەكەم هەڵبژاردنى ئەنجومەنى نيشتمانیى كوردستان-عێراق ئەنجام درا. هەر لەبەر ئەم هۆكارەیشە پرۆسەى بەديموكراسيبوون لە هەرێمى كوردستان چەند هەنگاوێك لە پێش شارەكانى ديكەى عێراق بوو. بەڵام ئێستا پرۆسەى ديموكراسى لە هەرێمى كوردستان ڕووبەڕووى قەيرانێكى زۆر سەخت بۆتەوە، ئەويش بريتيیە لە ئەنجامنەدانى هەڵبژاردنى پەرلەمانى كوردستان لە وادەى ياسايیى خۆيدا؛ چونكە ئەو پاڵپشتيیە نێودەوڵەتى و هەرێميیەى كە پێشكەشى هەرێمى كوردستان دەكرێت، دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ئەزموونە ديموكراسیيەی، كە لە هەرێمى كوردستاندا بە سەرجەم كەموكوڕييەكانيیەوە پەيڕەو دەكرێت. لێرە پرسيارێكى گرنگ و جەوهەريمان بۆ دروست دەبێت، ئەويش بريتيیە لەوەی كە، ئايا لێكەوتەى وەپاشكەوتنى ئەنجامدانى هەڵبژاردنى پەرلەمانى كوردستان چى دەبێت؟ لێرە هەوڵ دەدەين وەڵامى ئەم پرسيارە چارەنووسسازە بدەينەوە.
سيناريۆكانى هەڵبژاردنى پەرلەمانى كوردستان لە دواى بڕيارى دادگەى فيدراڵى سەبارەت بە هەڵوەشانەوەى پەرلەمانى كوردستان
لە ڕۆژى سێشەممە (٣٠/٥/٢٠٢٣) دادگەى باڵاى فيدراڵیى عێراق، لەسەر داواكاریى چوار هاووڵاتیی كورد (سروە عەبدولواحید، شاسوار عەبدولواحید، يوسف محەمەد و كاوە عەبدولقادر) كە چوار داواى جياوازيان لە دژى بڕيارى درێژكردنەوەى پەرلەمانى كوردستان لە دادگەى ناوبراو تۆمار كردبوو، بڕيارى بەنادەستووریبوونى بڕيارى ژمارە (١٢)ى ساڵى ٢٠٢٢ پەرلەمانى كوردستان، كە تايبەتە بە درێژكردنەوەى وادەى كار و چالاكیيەكانى پەرلەمانى كوردستان بۆ ماوەى يەك ساڵ. بەپێى بڕيارەكەى دادگەى فيدراڵیى عێراق لە ڕێكەوتى (٦/١١/٢٠٢٢)وە پەرلەمانى كوردستان بە هەڵوەشاوە هەژمار دەكرێت و، سەرجەم ئەو بڕيار و ياسايانەى دواى (٦/١١/٢٠٢٢) دەرى كردوون، دەستوورى نين[1]. بەم پێيە بۆشايییەكى دەستوورى و ياسايى لە هەرێمى كوردستان سەرى هەڵدايەوە. گرنگترين كێشە كە ئێستا ڕووبەڕووى هەرێمى كوردستان بۆتەوە، چۆنێتیى ئەنجامدانى هەڵبژاردنى پەرلەمانى كوردستانە، چونكە كۆميسيۆنى باڵاى هەڵبژاردن و ڕاپرسیى هەرێمى كوردستان، وادە ياساييیەكەى پڕ بووە و ناتوانێت بەبێ كاركردنى لەلايەن پەرلەمانى كوردستانەوە كارەكانى ڕايى بكاتەوە. بەكورتى نزيكەى سەرجەم دەرگەكانى ئەنجامدانى هەڵبژاردنى پەرلەمانى كوردستان داخراوە و ئێستا ڕەوايیى پەرلەمان و حكوومەت و سەرجەم دامودەزگەكانى هەرێمى كوردستان كەوتۆتە ژێر پرسيار، لەم چوارچێوەيەدا دەكرێ پێشبينیی ڕوودانى ئەم سيناريۆيانەى خوارەوە بكەين دەربارەى هەڵبژاردنى پەرلەمانى كوردستان:
سيناريۆى يەكەم: بەهۆى ئەوەى پەرلەمانى كوردستان، كۆميسيۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردن و ڕاپرسیی لە وادەى ياسايیى خۆيدا كارا نەكرد، بۆيە ئێستا جگە لە كۆميسيۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەكانى عێراق، هيچ لايەنێكى ديكە ناتوانێت هەڵبژاردنەكان لە هەرێمى كوردستان ئەنجام بدات. دواى دانووستانێكى دوورودرێژ و ئەنجامدانى چەندان كۆبوونەوەى دووقۆڵى لە نێوان بەرپرسانى هەرێمى كوردستان لەگەڵ بەرپرسانى كۆميسيۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەكانى عێراق بە نێوەندگيریى نەتەوە يەكگرتووەكان، بەڵام ئەوەى ڕەهايە بريتيیە لەوەى كە زۆر سەختە ئەمساڵ هەڵبژاردنى پەرلەمانى كوردستان ئەنجام بدرێت، جگە لەمە كۆميسيۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەكانى عێراق بەفەرمى ئەوەى ڕاگەياندووە كەوا ناتوانێت هەردوو هەڵبژاردنى ئەنجومەنى پارێزگاكان و هەڵبژاردنى پەرلەمان بەيەكەوە ئەنجام بدات[2]. هەر لەم چوارچێوەیەيش سەرۆكايەتیى هەرێم لە ڕێکەوتى (١٢/٧/٢٠٢٣) نووسراوێكى فەرمیى بۆ كۆمیسيۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەكانى عێراق نارد و تيايدا سەرۆكايەتیى هەرێم داواى كردووە كۆمیسيۆن ئامادەيى نيشان بدات بۆ سەرپەرشتيكردنى هەڵبژاردنى پەرلەمانى كوردستان[3] و كۆمیسيۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەكانى عێراق ڕای گەياند كەوا دواى هەفتەيەك، وەڵامى نووسراوەكەى سەرۆكايەتیى هەرێم دەدەنەوە. بۆيە سيناريۆى يەكەم، پێشبينیى ئەنجامدانى هەڵبژاردنى پەرلەمانە لە ساڵى داهاتوو، ئەويش بە مەرجى كاراكردنى كۆمیسيۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەكانى عێراق؛ چونكە لە دواى ٧ى كانوونى دووەمى ساڵى ٢٠٢٤ وادەى ياسايیى كۆمیسيۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەكانى عێراق كۆتايیى پێ دێت و پێويستیى بە كاراكردن دەبێت.
بێ گومان ئەم سيناريۆيە زياتر ويست و ئارەزووى يەكێتیى نيشتمانیى كوردستان و لايەنە شيعەكانى نزيك ئێرانە، چونكە چەند هەڵبژاردن دوا بخرێت، ئەوە يەكێتى ئەمە بە بەرژەوەندیى خۆى دەزانێت، چونكە دەرفەتى زياترى دەبێت بۆ ئەوەى خۆى و نێوماڵى خۆى كۆ بكاتەوە؛ لەبەر ئەوەی يەكێتیى نيشتمانیى كوردستان لە دامەزراندنيیەوە تا ئێستا لە خراپترين بارودۆخی ناوخۆيیى خۆيدايە و ڕووبەڕووى پەرشوبڵاوییەكى وا بۆتەوە، كۆكردن و چاكردنى بارودۆخەكە ئاوا ئاسان نييە. بۆيە چەند هەڵبژاردنى پەرلەمانى كوردستان دوا بخرێت، ئەوە دەتوانێ تا ڕاددەيەكيش بێت خۆى ڕێك بخاتەوە. جگە لەمە، ڕكابەرێكى بەهێزى وەكوو جووڵانەوەى نەوەى نوێ، بەتايبەت لە زۆنى سەوز، مەترسيیەكى ڕاستەوخۆيە بۆ زياتر كەمكردنى كورسیيەكانى يەكێتیى نيشتمانیى كوردستان لە پەرلەمانى كوردستان. ئەگەر "لاهوور شێخ جەنگی"ش ليستێكى سەربەخۆ و جياواز لە ليستى يەكێتى پێك بهێنێت، ئەوە بارودۆخى يەكێتیى نيشتمانى زۆر خراپتر دەكات و وا لە يەكێتى دەكات دووچارى گەورەترين شكستى ببێت لە مێژووى سياسیى خۆيدا. واتا ئەنجامدانى هەڵبژاردنى پەرلەمانى كوردستان لە ساڵى داهاتوو، زياتر خزمەت بە بەرژەوەندييەكانى يەكێتیى نيشتمانیى كوردستان دەكات؛ بەڵام با ئەوەمان لەياد نەچێت بۆ ئەوەى هەڵبژاردنەكان لە ساڵى داهاتوودا ئەنجام بدرێت، ئەوە دەبێت كۆمیسيۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەكانى عێراق كارا بكرێت، كە ئەمەيش بەندە بە ئيرادە و ويستى لايەنە شيعەكانى ديكە.
سيناريۆى دووەم: هەر ياسا ياخود بڕيارێك لە ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق ئاوا بەئاسانى تێ ناپەڕێت، بەتايبەت ئەگەر هاوكێشە سياسييەكەى ئێستاى بەغدا لەبەرچاو بگرين؛ چونكە نوخبەى سياسیى شيعى و تەنانەت بەشێكى بەرچاوى سوننەكانيش، كار بۆ لاوازكردن و كۆتايیهێنان بە قەوارەى هەرێمى كوردستان دەكەن، ئەمە جگە لەو ناكۆكيیانەى كە لە نێوان لايەنە سياسييە عێراقیيەكان هەيە، بە شيعە و سوننەوە. لەبەر ئەم هۆكارە، ئەگەرى ئەوە هەيە كەوا كاراكردنى كۆمیسيۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەكانى عێراق بۆ ساڵى داهاتوو چارەسەر نەكرێت و زياتر دوا بكەوێت؛ چونكە تا ئەو كاتە هيچ لايەنێك ناتوانێ هەڵبژاردنەكە بەڕێوە ببات و سەرپەرشتى بكات؛ جگە لەمە عێراق دواى هەڵبژاردنى ئەنجومەنى پارێزگاكان كە بڕيارە لە ١٨ى كانوونى يەكەمى ٢٠٢٣ ئەنجام بدرێت، لەوانەيە زۆر پێويستى بە ئەنجامدانى هەڵبژاردنەكان نەبێت. بۆيە ئەم ئەگەرەيش هەيە هەڵبژاردنى پەرلەمانى كوردستان بۆ دواى ساڵى ٢٠٢٤يش دوا بخرێت.
بە شێوەيەكى گشتى سيناريۆی يەكەم، نزيكترە لە واقع و لەوانەيە جێبەجێ بكرێت. بەڵام لە هەر دوو باردا درەنگ ئەنجامدانى هەڵبژاردنى پەرلەمان بە هيچ شێوەيەك لە بەرژەوەندیى هەرێمى كوردستاندا نييە و لە دواى ساڵى (١٩٩١)ەوە بە گەورەترين مەترسى دادەنرێت لەسەر قەوارەى دەستووریى هەرێمى كوردستان؛ ئەمە جگە لەوەی، دەكرێ پێشبينیى ئەوە بكەين كە سەرجەم ئەم هەوڵانە بۆ لاوازكردنى پارتى ديموكراتى كوردستانە.
ئايا عێراق دەيەوێت ئەم هەڵبژاردنە ئەمساڵ بەڕێوە بچێت؟
هەرێمى كوردستان، بەتايبەت دواى ڕيفراندۆمى سەربەخۆییى كوردستان كە لە ساڵى ٢٠١٧ ئەنجام درا، ڕووبەڕووى گوشارێكى بێوێنەى لايەنە سياسييەكانى ديكەى عێراق بۆتەوە. بێ گومان پێش ڕيفراندۆميش ئەم گوشارە هەر هەبوو، بەڵام پاش ڕيفراندۆمەكە زۆر زيادى كردووە؛ بەتايبەت لە پاش ئەوەى وڵاتانى دراوسێى وەكوو ئێران و توركيا بەفەرمى ناڕەزايەتیى خۆيان بۆ ڕيفراندۆمى سەربەخۆيیى كوردستان ڕاگەياند و لە ئەنجاميدا خيانەتەكەى ١٦ى ئۆكتۆبەرى لێ كەوتەوە.
لە ساڵى ٢٠١٤ گوشارەكانى بەغدا بە شێوەى بڕينى مووچە و بوودجەى هەرێمى كوردستان خۆى نواند، بەڵام دواتر كە هەرێمى كوردستان سەرەڕاى سەرجەم قەيرانە ئابوورى و دارايیيەكان، توانیى ڕووبەڕووى ئەم گوشارەى بەغدا ببێتەوە و گەيشتە ئاستێك كە لە ڕێگەى فرۆشتنى نەوتەوە توانرا تا ڕاددەيەك كێشەى نەناردنى بوودجە و مووچەى هەرێم لەلايەن بەغداوە چارەسەر بكرێت، ئەم جارە جۆر و شێوازێكى ديكەى گوشارى لايەنە سياسييەكانى عێراق دەستى پێ كرد كە ئەويش بريتى بوو لە بەكارهێنانى دادگەى باڵاى ئيتحادى بۆ پەڕوباڵكردنى هەرێمى كوردستان و لاوازكردنى پێگەكەى و تەنانەت هێشتنەوەى وەكوو هەرێمێكى كارتۆنیى بێدەسەڵات. سهبارهت به هەڵوێستى بەغدا بهرامبهر هەرێمى كوردستان بەگشتى و ئەنجامدانى هەڵبژاردن بهتایبهت، دهتوانین ئهم خاڵانەى خوارەوە تێبینی بكهین:
يەكەم: هيچ كاتێك بەغدا، تەنانەت دواى ساڵى ٢٠٠٣يش، نهیویستووه و نایهوێت هەرێمێكى كوردیى بەهێز دروست بێت. ئەو دەسكەوتانەى هەرێميش كە تا ئێستا بەدەستى هێناوە و خەريكە لەدەستى دەدات، لە ئەنجامى گوشارى نێودەوڵەتى و بوونى هێزى پێشمەرگەيە. بۆيە بەغدا بەردەوام كار لەسەر ئەوە دەكات هەرێم لاواز بكات و دەسەڵاتەكانى سنووردار بكات. هەر كاتێك بەغدا تەنانەت هەست بەوە بكات بەهێز دەبێت، ئەوە گوشارەكانى بۆ سەر هەرێمى كوردستان زياتر دەكات. بۆيە قەوارەيەكى لاوازى كارتۆنى لە هەرێمى كوردستان، ويست و ئارەزووى لايەنە سياسييە شيعەكانە و هەر دەرفەتێكيان بۆ بڕەخسێت، ئەوە درێغى ناكەن و لە دژى قەوارەى دەستووریى هەرێمى كوردستان بەكارى دەهێنن.
لهناوبردنی قهوارهی ههرێم یاخود لاوازكردنی، ویست و ئارهزوویهكی بهردهوامی هێزه سیاسییهكانی عێراقه، به شیعه و سوننهوه؛ چونكه عهقڵییهتی بهڕێوهبردنی دهوڵهت له بهغدا له دوای 2003یش زۆر گۆڕانكاریی بهخۆیهوه نهبینیوه بهراورد به پێش ساڵی 2003. ناتهباییی پارتی و یهكێتی، خراپیی بارودۆخی دارایی و ئابووریی ههرێمی كوردستان و تێڕوانین و ههڵوێستی وڵاتانی دراوسێ بهرامبهر ههرێمی كوردستان و كاركردنیان بۆ ئهوهی بههێز نهبێت، وهكوو دهرفهتێكی زێڕین وایه بۆ لهناوبردن و لاوازكردنی قهوارهی ههرێم. واتا ئامانجی سهرهكیی لایهنه سیاسییه شیعییهكان، مامهڵهكردنه لهگهڵ ههرێمی كوردستان وهك پارێزگایهكی عێراق و كۆنترۆڵكردنی له لایهنی ئابووری و دارایی و سهربازی و ئهمنییهوه. بهتایبهت خراپیی نێوان پارتی و یهكێتی، ئهم ویست و ئارهزووەی بهغدای زهقتر كردۆتەوە و پاڵنهرێكی باشیش بووه بۆ خێراتر جێبهجێكردنی ئامانجی لهناوبردن و لاوازكردنی قهوارهی ههرێمی كوردستان. بۆیه لایهنه شیعییهكان كار بۆ لهدهستدانی شهرعییهتی دامودهزگەكانی ههرێمی كوردستان دەكەن، بەتايبەت پهرلهمانی كوردستان، كە تاكه مهرجهعی یاسادانانی ئهم ههرێمەیە، به بڕیارێكی دادگەی ئیتحادی ههڵوهشایهوه؛ بهم شێوهیه حكوومهتهكهیش بووه به حكوومهتی كاربهڕێكهر. جگه لهمه هیچ دهزگەیهكی فهرمی و ڕەوا له ههرێمی كوردستان نهماوه بۆ ئهوهی ههڵبژاردنهكان ئهنجام بدات. بهكورتی، داهاتووی دیموكراسیی ههرێمی كوردستان كهوتۆته ژێر ڕهحمهتی لایهنه شیعییهكانی عێراق كه ویست و ئارهزووی سهرهكییان لاوازكردن و لهناوبردنی قهوارهی ههرێمی كوردستانه.
دووەم: يەكێتیى نيشتمانیى كوردستان نزيكترين هێزى سياسیى كوردیيە لە تاران و لايەنە سياسييە شيعەكانى نزيك ئێران. لاوازبوونى ئەم حزبە، لە بەرژەوەندیى ئێراندا نييە. بۆيە تاران سەرجەم كارتەكانى گوشارى خۆى لە دژى هەر هەوڵێك ياخود بارودۆخێك بەكار دەهێنێت كە لە ئەنجاميدا يەكێتى لاواز دەبێت. هەروەك ئاشكرايە لە لاى هەمووان، بارودۆخى ناوخۆى يەكێتى زۆر خراپە و مەترسیيەكى ڕاستەوخۆ دروست بووە بۆ لەدەستدانى ڕێژەيەكى بەرچاوی دەنگەكانى؛ چونكە ئەگەر تەماشايەكى ئەنجامەكانى هەڵبژاردنى پەرلەمانى كوردستان بۆ ساڵى ٢٠١٨ بكەين، ئەوە دەبينين يەكێتى لە كۆى گشتیى ١٠٠ كورسى، جگە لە ١١ كورسیى پێكهاتەكان، تەنیا ٢١ كورسیى بەدەست هێناوە كە دەكاتە نزيكەى (٢١%)ی كۆى گشتیى دەنگە دروستەكان، بەرامبەر بە ٤٥ كورسى بۆ پارتى ديموكراتى كوردستان كە دەكاتە (٤٥%)ی كۆى گشتیى دەنگەكان[4]. ئەمە لە كاتێكدا بووە كە بارودۆخى ناوخۆى يەكێتى بەراورد بە ئەمڕۆ زۆر باشتر بوو؛ لەبەر ئەمە ئێستا پێشبينى دەكرێت يەكێتى لە هەلومەرجى ئێستادا زياتر دەنگەكانى لەدەست بدات. بۆيە چەند هەڵبژاردنى پەرلەمانى كوردستان دوا بخرێت، ئەوە لە بەرژەوەندیى يەكێتى دەبێت بۆ ئەوەى كاتى زياترى پێ بدرێت بە مەبەستى خۆڕێكخستن ياخود دەرچوون بە كەمترين زيان لەم بارودۆخەى كە ئێستا بەدەستيیەوە دەناڵێنێت. لەبەر ئەم هۆكارانە، دەبينين هاوپەيمانانى يەكێتى لە لايەنە شيعەكانى نزيك تاران، كار بۆ وهپاشخستنی ههڵبژاردنی پهرلهمانی كوردستان دەكەن وهكوو پاڵپشتییهك بۆ یهكێتی.
سێیهم: ڕاستییهكی حاشاههڵنهگر ههیه، ئهویش بریتییه لهوهی كه تاران نفووزێكی فراوانى ههیه له بهغدا له دوای ساڵی 2003. بهغدا ناتوانێت بهبێ ڕهزامهندیی تاران هیچ ههنگاوێك بنێت، چونكە بهرپرسه شیعییهكان زیاتر لهژێر ڕكێفی ئێراندان. ئێران هیچ كاتێك نایهوێت كورد له عێراق بگاته ئاستێك ببێته مهترسی بۆ كوردانی ڕۆژههڵات؛ چونكه بهرپرسانی ئێران لهو بڕوایهدان ههرێمی كوردستان چهنده بههێز و ئاوهدان بێت، ئهوهنده دهبێته مهترسی بۆ سهر ئێران و، ئهمه دهبێته هۆی هاندانی كوردانی ڕۆژههڵات بۆ ئهوهی زیاتر له دژی ڕژێمی ئێران تێ بكۆشن به مهبهستی بهدهستهێنانی مافه ڕهواكانیان. بۆیه تاران به هیچ شێوهیهك ههرێمی كوردستانێكی كۆنترۆڵنهكراوی لهلایهن خۆیهوه نایهوێت و كار بۆ لهناوبردن یاخود لاوازكردنی ههرێمی كوردستان دهكات. دهتوانین بڵێین ئهم ههڵوێستهی ئێران لهنێو لایهنه سیاسییه شیعییهكانی عێراقدا ڕهنگی داوهتهوه و تهنانهت لهسهر ئهرزی واقعیشدا قۆناغهكانی لاوازكردن و لهناوبردنی قهوارهی ههرێمی كوردستان دهستی پێ كردووه.
درێژەكێشانى ئەم دۆخە سياسى و ياسايیيەى ئێستا، چ كاريگەریيەكى لەسەر بارودۆخى سياسى و ناوخۆيیى هەرێمى كوردستان دەبێت؟
دۆخی سیاسی و ناوخۆییی ههرێمی كوردستان له نالهبارترین ئاستدایه. تهنانهت ئهوهنده مهترسیی جددی بۆ سهر ههرێمی كوردستان دروست بووه، خهریكه قهوارهی ههرێمی كوردستان لاواز دهبێت و وهكوو پارێزگایهك مامهڵهی لهگهڵدا دهكرێت. بێ گومان سهرهكیترین هۆكاری خراپبوونی دۆخی سیاسی و ناوخۆییی ههرێمی كوردستان، دهگهڕێتهوه بۆ كێشهكانی نێوان پارتی و یهكێتی. بهم هۆیهوه دۆخی ههرێمی كوردستان به قهیرانێكی درێژخایهنی قووڵدا تێ دهپهڕێت و هیچ ئاسۆیهكی چارهسهریش بهدهر نهكهوتۆتهوه. بهداخهوه دیمهنی ئێستای ناوخۆی ههرێمی كوردستان وهكوو ئهو دوو ئاسكه وایه كه خهریكی شهڕن لهگهڵ یهكتر و، لهو بهرهیش شێرێك نزیكیان دهبێتەوە بۆ ئهوهی پهلاماریان بدات! كاتێك كه شێرهكه زۆر لێیان نزیك دهبێتەوە، ئهوكات دوو ئاسكهكه بهخۆ دهكهون و ههوڵی ڕاكردن دهدهن، بهڵام ئهم ههوڵه فریایان ناكهوێت و شێرهكه یهكێكیان دهخوات. پارتی و یهكێتی یهكتر دهخۆن و بهم شێوهیهیش زهرهر و زیانێكی زۆر له خۆیان و ههرێمی كوردستان و دۆزی كورد دهدهن. ئهم ناتهبایییه، خهريكه ههرێمی كوردستان دهكاته نێچیرێكی ئاسان بۆ دوژمنانی كورد و كوردستان.
پارتى و يەكێتى بە درێژايیى مێژوو پێش ساڵەكانى نەوەدەكانيش كێشە و گرفتيان هەبووە؛ ئەم كێشانە تا ڕۆژگارى ئێستايش درێژەيان هەيە و چارەسەر نەكراون. بەداخەوە پێ ناچێت گرفتەكانى نێوان ئەم دوو حزبە سياسييە وا بەئاسانى كۆتايیيان پێ بێت! مەترسیيە گەورەكەيش بريتيیە لەوەى تاكە سوودمەند لەم دۆخەى ئێستادا، نەياران و دوژمنانى قەوارەى هەرێمى كوردستانن. ناكۆكيیەكانى ئەم دوو حزبە سياسييەى هەرێم گەيشتە ئاستێك، پەرلەمانى كوردستان شەرعیيەتى خۆى لەدەست بدات و حكوومەتى هەرێمى كوردستانيش ببێتە حكوومەتێكى كاربەڕێكەر. جگە لەمەيش هەرێمى كوردستان خراوەتە دۆخێكى ئاوا كە نەتوانێ هەڵبژاردنى پەرلەمان ئەنجام بدات. لە لايەكى تر لە ياساى بوودجەى عێراق[5] كە بۆ ماوەى سێ ساڵ جێبەجێ دەكرێت، چەندان خاڵى نەرێنى لە ڕووى هەرێمەوە قبووڵ كراوە، كە گرنگترين و سەرنجڕاكێشترينيان ئەمانەى خوارەوەيە:
١. لە ماددەى (١٢/يەكەم) جەخت لەسەر پاكتاوكردنى شایستە دارایييەكانى نێوان حكوومەتى مەركەزى و حكوومەتى هەرێم لە نێوان ساڵانى (٢٠٠٤) تا (٢٠٢٢) دەكات، ئەويش بەپێی ياساى بوودجە بۆ هەر ساڵێك. ئەم ئەركەيش بە ديوانى چاودێریى دارايیى فيدراڵى بە هاوكاریى ديوانى چاودێریى دارايیى هەرێم ڕاسپێردراوە.
ئەگەر ديوانى چاودێریى فيدراڵى بيەوێت گرفت دروست بكات، زۆر بەئاسانى دەتوانێ لە ڕێگەى ئەم ماددەوە چەندان گرفت و كێشە بۆ هەرێمى كوردستان دروست بكات. دەتوانين ئەم ماددەيە بە يەكەمين مين لە ياساى بوودجە دابنێين، چونكە پاكتاوكردنى حساباتى دارايیى نزيكەى ١٨ ساڵ، كارێكى ئاوا ئاسان نييە و زۆر قورس و ئاڵۆزە؛ بەتايبەت ئەگەر بارودۆخى ئێستا لەبەرچاو بگرين كە ناكۆكيیەكى بەرچاو هەيە لە نێوان لايەنە سياسييە عيراقيیەكان و هەرێمى كوردستان.
٢. لە ماددەى (١٢ / دووەم – أ) حكوومەتى هەرێمى كوردستان پابەند كراوە ڕۆژانە بە ناردنى بڕى (٤٠٠) هەزار بەرميل نەوت. بەڵام ئەوەى جێگەى سەرنجە، ئەم بڕە نەوتە دەبێت لە بيرە نەوتەكانى ناو سنوورى هەرێمى كوردستان بێت؛ واتا دەقە عەرەبيیەكە ڕێك ئەوها داڕێژراوە: "تلتزم حكومة اقليم كردستان بالتنسيق مع وزارة النفط الاتحادية بشحن النفط الخام المنتج من الحقول الواقعة في الاقليم الى مخازن شركة تسويق النفط (سومو) في ميناء جيهان التركي بما لا يقل عن اربعمائة الف برميل يوميا." لێرە پرسيارى ئەوەمان بۆ دروست دەبێت: ئەى ئەو بيرە نەوتانەى كە دەكەونە ناوچە دابڕێنراوەكان؟ ياخود ئەوانەى لە دەرەوەى سنوورى هەرێمن؟ بێ گومان لە سێ ساڵى داهاتوودا ئەمە گرنگترين كێشە دەبێت. جگە لەمە ئايا بيرە نەوتەكانى هەرێم تا چەند ساڵ دەتوانن ڕۆژانە (٤٠٠) هەزار بەرميل نەوت بەرهەم بهێنن؟ ياخود ئايا بەڕاستى بيرە نەوتەكانى هەرێم ئێستا ڕۆژانە تواناى بەرهەمهێنانى ئەم بڕە نەوتەيان هەيە؟
پێشبينى دەكرێ كە ئەمە تەڵەيەكى ديكەيە كە لە ياساى بوودجەدا بۆ هەرێم دانراوە كە لەوانەيە لە قۆناغەكانى داهاتوودا بە مەبەستى زياتر ملكەچكردنى هەرێم لەلايەن هێزە سياسييە شيعيیەكانەوە بە شێوەيەكى ڕاستەوخۆ وەك كارتێكى گوشار بەكار بهێنرێت.
٣. لە ماددەى (١٢ / دووەم – ب) هاتووە كەوا ئەگەر نەتوانرا نەوتى هەرێم لە ڕێگەى بەندەرى جەيهانى توركى ياخود هەر دەروازەيەكى ديكە هەناردە بكرێت، ئەوە هەرێمى كوردستان پابەند كراوە بە دانى ئەو بڕە نەوتەى كە وەزارەتى نەوتى فيدراڵى ديارى دەكات بیدات بە عێراق بە مەبەستى بەكارهێنانى لەسەر ئاستى ناوخۆيى لە عێراقدا. هەرچەندە ئەم خاڵە وەك خاڵێكى ئەرێنى دەبينرێت، بەڵام لە ئەسڵدا بە هيچ شێوەيەك لە بەرژەوەندیى هەرێمدا نييە، چونكە پێش هەموو شتێك لەسەر ئاستى ناوخۆى عێراقدا لەوانەيە بڕى ٤٠٠ هەزار بەرميلى ڕۆژانە زۆر بێت و عێراق پێويستى بەم بڕە نەوتە نەبێت. لەم حاڵەتەدا ئايا عێراق پابەند دەبێت بە ناردنى شايستە دارايیيەكانى هەرێم بەبێ كەموكوڕى؟ جگە لەمە لە هەموو بارێكدا هەنارەكردنى نەوتى هەرێم بۆ دەرەوە، باشترە لەوەى لەسەر ئاستى ناوخۆ بەكار بێت؛ چونكە ئێستا تا ڕاددەيەكى باش نەوتەكەى هەرێم لە بازاڕەكانى جيهاندا كڕيارى خۆى هەيە و ئەم بابەتە پێگەى هەرێم لەسەر ئاستى نێودەوڵەتى لە ڕووى نەخشەى وزەى جيهانەوە دەگەیەنێتە ئاستێكى بەرزتر. بەڵام دابڕاندنى كەرتى نەوتى هەرێم لە بازاڕى جيهان، گورزێكى كوشندەيە بەر كەرتى نەوتى هەرێم دەكەوێ.
٤. بڕگەيەكى ديكەى ياساى بوودجە بريتيیە لە قەرەبووكردنى حكوومەتى هەرێمى كوردستان بەرامبەر بە تێچووى بەرهەمهێنان و گواستنەوەى نەوتى هەرێم كە ڕادەستى وەزارەتى نەوتى عێراق دەكرێت لەسەر بنەماى تێچووەكانى وەزارەتى نەوتى عێراق. بەڵام تێچووى بەرهەمهێنان و گواستنەوەى نەوت لە وەزارەتى نەوتى عێراق و هەرێمى كوردستان زۆر جياوازە و هى هەرێم زۆر زياترە، بەهۆى جۆرى ئەو گرێبەستە نەوتيیانە كە هەرێم واژۆى كردووە. لەم خاڵە كێشەيەكى جەوهەرى دروست دەبێت و ڕۆژانە جياوازيیەكى زۆر دروست دەبێت و ئەم جياوازيیەیش بەپێی ئەم بڕگەيە دەكەوێتە ئەستۆى هەرێمى كوردستان. بە شێوەيەكى ڕەها ئەم بڕگەيە گرفتى جددى بۆ هەرێم دروست دەكات و لەوانەيە دووچارى كورتهێنانێكى بەرچاوى بكات. ئەمەيش يەكێكى ديكەيە لەو بڕگانەى كە بۆ گوشارخستنە سەر هەرێم دانراوە و لەگەڵ جێبەجێكردنى بڕگەكانى ياساى بوودجە ئەم گرفتە بە شێوەيەكى زەق سەر هەڵدەدات.
٥.داهاتە نانەوتيیەكان، بابەتێكى ديكەيە كە دەكرێ حكوومەتى عێراقى و لايەنە سياسييە شيعیيەكان وەك گوشار لە دژى هەرێم بەكارى بهێنن. لە ماددەى (١٢/دووەم- د) حكوومەتى هەرێم پابەند كراوە بە ڕادەستكردنى داهاتە نانەوتیيەكان و ناردنى بۆ گەنجينەى حكوومەتى فيدراڵى. وردەكاری و ميكانيزمى ئەم پرۆسەيە و چۆنێتیى جێبەجێكردنى، لەوانەيە گرفت بۆ هەردوو لا دروست بكات. حكوومەتى عێراقى دەتوانێ ئەم بابەتە وەكوو كارتێكى گوشار بەرامبەر حكوومەتى هەرێم بەكار بهێنێت. جگە لەمە لە ماددەى (١٢/دووەم – هـ) ناردنى شايستە دارايیيەكانى هەرێم بە جێبەجێكردنى بڕگەكانى (أ، ب، ج، د)ى ماددەى (١٢)ی ياساى بوودجە بەستراوەتەوە. واتا لايەنە سياسييە شيعیيەكان دەستیان كراوەتەوە كە، هەر كاتێك بیانەوێ شايستە دارايیيەكانى هەرێمى كوردستان ببڕن.
٦. لە ماددەى (١٣/ يەكەم – أ و ب) ئاماژە بە كردنەوەى هەژمارێكى بانكى دەكرێت لەلايەن وەزارەتى دارايیى عێراقەوە لە بانكى ناوەندیى عێراقدا. هەروەها دەبێت هەژمارێكى بانكیى ديكەيش لە يەكێك لەو بانكانە بكرێت كە لەلايەن بانكى ناوەندیى عێراقەوە دانپێدانراوە، بۆ ئەوەى وەزارەتى دارايیى عێراق، شايستە دارايیيەكانى هەرێم بنێرێتە ئەم هەژمارە؛ ڕاكێشانى پارەیش لەم هەژمارە بانكيیە، لە دەسەڵاتى سەرۆكوەزيرانى هەرێمى كوردستانە ياخود ئەو كەسەى كە سەرۆكوەزيران دەسەڵاتى پێ دەدات پارەكە ڕابكێشێت. بەڵام ئەوەى لەم خاڵە تێبينى دەكرێت ئەوەيە كەوا، ئەم هەژمارە بانكيیە بە شێوەيەكى ڕەها لەژێر چاودێریى حكوومەتى عێراق و ديوانى چاودێریى دارايیى عێراقدا دەبێت. ئەمە بە شێوەيەكى ڕاستەوخۆ كەمكردنەوەيە لە دەسەڵاتى سەرۆكوەزيرانى هەرێم و، دەقەكە بە شێوەيەك داڕێژراوە ئەگەر حكوومەتى عێراقيش هەڵوێست و نيیەتى باش بێت، بەڵام دەكرێ لە ڕێگەى ديوانى چاودێریى دارايیى عێراقەوە گوشار و تەنانەت سووكايەتى بە سەرۆكوەزيرانى هەرێمى كوردستان بكرێت بە بيانووى چاودێریكردنى ئەو بڕە پارەيە كە بۆ هەرێم دەنێردرێت.
لە ڕێگەى ياساى بوودجەوە هەرێمى كوردستان بە شێوەيەكى گشتى خراوەتە ژێر كۆنترۆڵ و چاودێریى حكوومەتى عێراقى و ديوانى چاودێریى دارايیى عێراقەوە. لايەنە سياسييە شيعیيەكان لە چوارچێوەى ياساى بوودجەدا دەسەڵاتى هەرێمى كوردستانيان بە شێوەيەك سنووردار كردووە، هەر كاتێك بيانەوێت گوشارى لەسەر دەكەن و شايستە دارايیيەكانى دەبڕن. لە ئەگەرى بەردەوامیى ناكۆكيیەكانى نێوان پارتى و يەكێتى، مەترسييەكانى سەر قەوارەى هەرێمى كوردستان زياتر دەبێت و بەبێ يەك و دوو قەوارەى هەرێمى كوردستان ڕووبەڕووى لەناوچوونى تەواو دەبێتەوە. ئەگەر وردتر ياساى بوودجەى عێراق بۆ سێ ساڵى داهاتوو شى بكەينەوە، ئەوە بۆمان دەردەكەوێت كە هەرێمى كوردستان وەكوو پارێزگايەك مامەڵەى لەگەڵدا دەكرێت.
ئەنجامێكى ديكەى ناكۆكیيەكانى نێوان پارتى و يەكێتى، خەريكە هەندێك مەترسیى جددیى ديكەى لێ دەكەوێتەوە كە ئەويش بريتيیە لە ڕێگەدان بە دانان و جێگيركردنى چەند فڕۆكەخانەيەكى سەربازی كە سەر بە هێزى ئاسمانیى عێراقە. لە چەند ڕۆژى ڕابردوودا هەواڵى كردنەوەى فڕۆكەخانەيەكى سەربازى لە گەرميان لە ميدياكاندا بڵاو ببووەوە. هەروەها ئاماژە بەوەیش دەكرێت كەوا سێ فڕۆكەخانەى سەربازیى ديكەیش دروست و نۆژەن دەكرێنەوە كە نزيكن لە سنوورى هەرێمى كوردستان. ئامانجى دروستكردنى ئەم فڕۆكەخانانە بريتيیە لە كۆنترۆڵكردنى ئاسمانى هەرێم. ئەم هەنگاوە لە دۆخى ئێستادا زۆر مەترسيدارە بۆ سەر هەرێمى كوردستان، چونكە لەوانەيە بە بيانووە جياجياكانەوە دەرفەت بداتە سوپاى عێراق بۆ بەكارهێنانى فڕۆكەى سەربازى لە دژى خەڵكى هەرێمى كوردستان و پێشمەرگە. با ئەوەمان لەياد نەچێت، يەكێك لە هۆكارەكانى دروستبوونى قەوارەى هەرێمى كوردستان، پێكهێنانى ناوچەى دژەفڕين و هێڵى ٣٦ بوو كە لە كۆتايیى ساڵى ١٩٩١ جێبەجێ كرا و تيايدا فڕينى فڕۆكەى جەنگیى عێراقى لەسەر ئاسمانى هەرێمى كوردستان قەدەغە كرا؛ چونكە ڕژێمى بەعس فڕۆكەى جەنگیى لە دژى خەڵكى سيڤيل بەكار هێنا. بەڵام ئێستايش وا ديارە بەغدا بە هەمان عەقڵییەت پيلانى بەكارهێنانى فڕۆكەى سەربازى و ئاسمانى هەرێمى كوردستانى هەيە بە مەبەستى كۆنترۆڵكردنى هەرێم و كۆتايیهێنان بە قەوارە دەستووریيەكەى. بێ گومان ئەم هەنگاوەى سوپاى عێراق بەبێ ڕەزامەندیى لايەنێكى سياسیى كوردى جێبەجێ ناكرێت. ئەمەيش لە ئاكامى گرژى و ئاڵۆزیيەكانى نێوان پارتى و يەكێتى دروست بووە.
كۆبەند
هەرێمى كوردستان لە دواى ساڵى ٢٠٠٣وە تا ئێستا بە سەخترين و مەترسيدارترين قۆناغى خۆيدا تێ دەپەرێت، چونكە بە شێوەيەكى پلانبۆداڕێژراو هەوڵێكى جددى هەيە بۆ كۆتايیهێنان بە قەوارە دەستووریيەكەى. ئەوەى كە ئەم ئەركەى لايەنە سياسييە شيعیيەكانى ئاسان كردووە، ناكۆكیيە ناوخۆييیەكانى هێزە سياسييەكانى هەرێمە. بۆيە دەبێت هەرێمى كوردستان بە زووترين كات كار لەسەر ئەم خاڵانەى خوارەوە بكات:
يەكەم: سەرۆكايەتیى هەرێم، دەبێت ژوورێكى عەمەليات پێك بهێنێت بە مەبەستى دۆزينەوەى ڕێگەچارەيەك بۆ ئەنجامدانى هەڵبژاردنى پەرلەمان بە زووترين كات. ئەمەیش پێويستە بە هەماهەنگیى نەتەوە يەكگرتووەكان و ڕێكخراوە نێودەوڵەتيیەكانى ديكە بێت.
دووەم: سەرۆكايەتیى هەرێم، دەبێت ڕۆڵى بەرچاوتر و جدديترى هەبێت بۆ لێكنزيكردنەوەى لايەنە سياسييەكان و، كار بكات بۆ بەيەكگەياندن و لێكنزيككردنەوەى پارتى و يەكێتى؛ چونكە بەبێ ڕێككەوتنى ئەم دوو حزبە سياسييە سەرەكيیەى هەرێم، ناتوانرێت هەنگاوى دروست بنرێت بۆ ئەنجامدانى هەڵبژاردنى پەرلەمان.
سێيەم: بە سوودوەرگرتن لە كەسايەتى و پەيوەندييە سياسى و ديپلۆماسييەكانى نێچيرڤان بارزانى، سەرۆكى هەرێم، پێويستە سەرۆكى هەرێم بە هەماهەنگیى كۆمیسيۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەكانى عێراق، كارى جددى بكەن بۆ دياریكردنى وادەى ئەنجامدانى هەڵبژاردنەكانى پەرلەمانى كوردستان. نووسراوەكەى سەرۆكايەتیى هەرێم بۆ كۆمیسيۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەكانى عێراق لە ڕێكەوتى (١٢/٧/٢٠٢٣) هەنگاوێكى گرنگ و باشە و، پێويستە درێژە بەم جۆرە هەوڵانە بدرێت.
چوارەم: سەرۆكايەتیى هەرێم، زۆر گرنگە لە قۆناغى ئێستادا لە پەيوەندیى بەردەوامدا بێت لەگەڵ سەركردە شيعیيەكان لە بەغدا، چونكە چارەسەركردنى گرفتەكە لە ڕێگەى دانوستاندنى بەردەوام دەبێت لەگەڵ سەركردە ئاماژەپێكراوەكان. هەروەها زۆر پێويست و زەروورە سەرۆكى هەرێم بۆ ئەنجامدانى ئەم هەڵبژاردنە سەردانى وڵاتانى دراوسێ بكات، بەتايبەت ئێران؛ چونكە لە هاوكێشە سياسييەكانى عێراق لە دواى ٢٠٠٣ تاران بەردەوام ڕۆڵى بەرچاوى هەبووە.
پێنجەم: مەسعوود بارزانى، سەرۆكى پارتى ديموكراتى كوردستان، پێگە و ڕۆڵێكى گرنگى هەيە لەسەر ئاستى عێراقدا. ئێستا لەم قۆناغەدا زۆر گرنگە سەردانى بەغدا بكات و چاوى بە سەركردە شيعیيەكان بكەوێت؛ چونكە بوونى خودى مەسعوود بارزانى، قورسايیيەكى زياتر دەبەخشێتە هەوڵەكانى ئەنجامدانى هەڵبژاردنى پەرلەمانى كوردستان. جگە لەمە، باشترە مەسعوود بارزانى لەسەر ئاستى نێودەوڵەتيیش هەڵمەتێك دەست پێ بكات؛ بەتايبەت سەردانیكردنى وڵاتانى ئەوروپى و ئەمريكا، لەوانەيە كاريگەریى باشى هەبێت بۆ چارەسەركردنى ئەم دۆخەى كە هەرێم ئێستا بەدەستيیەوە دەناڵێنێت.
شەشەم: لەسەر ئاستى ناوخۆيیش، مەسعوود بارزانى، باشترە جووڵەيەكى گشتگير بكات و وەكوو سەركردە و مەرجەعێك دەستپێشخەرى بكات و سەردانى سەرجەم لايەنە سياسييەكان بكات بۆ لێكنزيكردنەوەى بيروبۆچوونە جياوازەكان؛ چونكە بەڕاستى ئەم قەيرانە ناوخۆييیە كە ئێستا لە هەرێمى كوردستان هاتۆتە ئاراوە، بە تەنازولكردنى لايەنێكى سياسى بۆ بەرژەوەندیى گشتیى هەرێمى كوردستان چارەسەر دەبێت؛ بەپێچەوانەوە ئەنجامى زۆر نەرێنیى لێ دەكەوێتەوە. هەروەها با ئەوەیشمان لەبیر نەچێت، كێشە و قەيرانە گەورەكان بە سەركردە و پياوە مەزنەكان چارەسەر دەكرێن.
[1]. بۆ گەيشتن بە دەقى بڕيارەكەى دادگەى باڵاى فيدراڵیى عێراق، دەتوانن سەردانى ئەم لينكە بكەن: https://drive.google.com/file/d/1gFGOG-3JzLfOhejHpEYWh0vFLmtKsIq_/view ، ڕێكەوتى سەردان: (٨/٧/٢٠٢٣).
[2] بۆ زانياریى زياتر دەربارەى ئەم بابەتە، دەتوانن لە ڕێگەى ئەم لينكەوە بگەنە لێدوانەكانى "عیماد جەميل"، سەرۆكى ڕۆژنامەڤانيى كۆمیسيۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەكانى عێراق: https://www.rudaw.net/sorani/kurdistan/230620235 ، ڕێكەوتى سەردان: (٤/٧/٢٠٢٣).
[3] بۆ زانياریى زياتر دەربارەى نووسراوەكەى سەرۆكايەتیى هەرێم بۆ كۆمیسيۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەكانى عێراق، دەتوانن سەردانى ئەم لينكە بكەن: https://shorturl.at/HPY79 ، ڕێكەوتى سەردان: (١٢/٧/٢٠٢٣).
[4] بۆ گەيشتن بە ئەنجامە فەڕميەكانى هەڵبژاردنى پەرلەمانى كوردستان، دەتوانن لە ڕێگەى ئەم لينكەوە سەردانى ماڵپەرى فەرمى پەرلەمانى كوردستان بكەن: https://www.parliament.krd/about-parliament/parliament-terms/term-5/ ، ڕێكەوتى سەردان: (٥/٧/٢٠٢٣).
[5]. بۆ بينيى دەقى ياساى بوودجەى عێراق كە بۆ سێ ساڵ پەسەند كراوە (٢٠٢٣،٢٠٢٤،٢٠٢٥) دەتوانن لە ڕێگەى ئەم لينكەوە سەردانى ماڵپەڕى ڕۆژنامەى وەقائعى عێراقى بكەن: https://moj.gov.iq/upload/pdf/4726_72.pdf ، ڕێكەوتى سەردان: (٩/٧/٢٠٢٣).