موەفهق عادل عومەر، دكتۆرا له سیسته‌مه سیاسییه‌كان و مامۆستا له به‌شی سیسته‌مه سیاسییه‌كان و سیاسه‌تی گشتی-زانكۆی سه‌ڵاحه‌ددین
پێشه‌كی
فرۆشتنی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان به شێوه‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆ به‌بێ گه‌ڕانه‌وه بۆ به‌غدا، بابه‌تێكه مشتومڕێكی زۆری به دوای خۆیدا هێناوه؛ به‌تایبه‌ت حكوومه‌ته یه‌ك له دوا یه‌كه‌كانی به‌غدا هه‌ر له ساڵی 2014وه تاوه‌كوو ئێستا به‌رده‌وام گله‌یی و گازه‌ندی خۆیان له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته نه‌شاردۆته‌وه؛ ته‌نانه‌ت ئه‌م پرسه به شێوه‌یه‌كی نه‌رێنییانه كاریگه‌ریی كردۆته سه‌ر په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ولێر – به‌غدا. به‌رامبه‌ر ئه‌مه، توركیا وه‌كوو فاكته‌رێكی كاریگه‌ر و یه‌كلاییكه‌ره‌وه له پڕۆسه‌ی هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی هه‌رێمی کوردستان بۆ بازاڕه‌كانی وزه‌ی جیهان، هاتۆته گۆڕه‌پان. له ساڵی 2014وه و له‌و قۆناغه‌ی كه په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌ولێر و ئه‌نقه‌ره له ساڵی 2017 گه‌یشته خراپترین ئاستی خۆی، ئه‌نقه‌ره درێژه‌ی به پڕۆسه‌كه دا، به‌بێ ئه‌وه‌ی به‌هۆی ڕیفراندۆمی سه‌ربه‌خۆییی كوردستان بیوهستێنیێ، به‌ڵام دوای بڕیاری دادگه‌ی نێوبژیكاریی ژووری بازرگانیی نێوده‌وڵه‌تی له پاریس تایبه‌ت به ڕاگرتنی هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی هه‌رێمی کوردستان بۆ توركیا، ئه‌نقه‌ره دوای نزیكه‌ی نۆ ساڵ، ده‌ستبه‌جێ پابه‌ندبوونی خۆی به بڕیاره‌كه ڕاگه‌یاند و هه‌نارده‌ی نه‌وتی هه‌رێمی کوردستانی به‌ته‌واوه‌تی ڕاگرت. بۆیە هه‌وڵ ده‌ده‌ین به‌گشتی تیشك بخه‌ینه سه‌ر گرنگترین ئه‌و هۆكارانه‌ی، كه وایان له توركیا كرد بڕیارێكی له‌م شێوه‌یه ده‌ربكات.
بۆچی توركیا پابه‌ندبوونی خۆی به بڕیاره‌كه ڕاگه‌یاند؟
په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ولێر – ئه‌نقه‌ره بۆ نزیكه‌ی ده ساڵە به شێوه‌یه‌كی گشتی تا ڕادده‌یه‌ك له ئاستێكی باشدایه و جۆره سه‌قامگیرییه‌كی به‌خۆوه بینیوه. هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان له ڕێگه‌ی توركیاوه بۆ بازاڕه‌كانی جیهان، یه‌كێكه له فاكته‌ره به‌هێزه باشه‌كان بۆ دروستبوونی ئه‌م جۆره په‌یوه‌ندییه باشه. ئێستا له‌گه‌ڵ نه‌مانی ئه‌م فاكته‌ره به‌هۆی بڕیاره‌كه‌ی دادگه‌ی نێوبژیكاریی ژووری بازرگانیی نێوده‌وڵه‌تی له پاریس، ئه‌م پرسیاره‌مان بۆ دروست ده‌بێت: "بۆچی توركیا ده‌ستبه‌جێ ئه‌م هه‌نگاوه‌ی نا؟" بۆ وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره ده‌توانین ئه‌م خاڵانه‌ی خواره‌وه بخه‌ینه ڕوو:
یه‌كه‌م: به‌رپرسیارێتییه‌كانی توركیا به‌رامبه‌ر ڕێكکهوتننامه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان
پێش هه‌موو شتێك، ده‌بێت ئه‌وه له‌به‌رچاو بگرین كه توركیا ته‌ره‌فه له ڕێكکه‌وتننامه‌ی نیویۆركی ساڵی 1958 تایبه‌ت به قبووڵكردنی بڕیاره‌كانی دادگه‌ی نێوبژیكاری؛ بۆیه هه‌ر بڕیارێك له‌م جۆره دادگهیانه ده‌ربچێت، ئه‌وه كۆتایییه و پێویسته لایه‌نه‌كان پێی پابه‌ند بن. پابه‌ندنه‌بوونی توركیا به‌م جۆره بڕیارانه له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تی، تووشی گرفت و كێشه‌ی ده‌كات و كاردانه‌وه‌ی خراپی ده‌بێت بۆ سه‌ر پێگه‌ی توركیا له جیهاندا؛ چونكه یه‌كێك له هۆكاره‌كانی بوون به ئه‌ندام له‌م جۆره دادگهیانه، هاندانی وه‌به‌رهێنه‌ره بیانییه‌كانه بۆ ئه‌وه‌ی له وڵاته‌كه‌دا وه‌به‌رهێنان بكه‌ن. ئه‌گه‌ر توركیا پابه‌ند نه‌بێت به بڕیاره‌كانی دادگه‌ی نێوبژیكاریی ژووری بازرگانیی نێوده‌وڵه‌تی، ئه‌وه ڕاسته‌وخۆ كاریگه‌ریی ده‌بێت له‌سه‌ر ئه‌و وه‌به‌رهێنه‌ره بیانییانه‌ی كه له توركیا پرۆژه و وه‌به‌رهێنانیان هه‌یه. جگه له‌مه ئه‌مریكاش یه‌كێكه له‌و وڵاتانه‌ی كه ئه‌ندامه له ڕێكکه‌وتننامه‌ی نیویۆركی ساڵی 1958 تایبه‌ت به قبووڵكردنی بڕیاره‌كانی دادگه‌ی نێوبژیكاری؛ ئه‌مه‌یش یه‌كێكه له هۆكاره‌كانی دیكه كه وای كردووه ئه‌نقه‌ره پابه‌ندی بڕیاره‌كه بێت و خۆی تووشی گرفت نه‌كا له‌گه‌ڵ ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا.
دووه‌م: دڵنیابوونی توركیا له هه‌نارده‌كردنی نه‌وت له ڕێگه‌ی بۆڕیی نه‌وتی كوردستان
توركیا ئه‌مه باش ده‌زانێت كه‌وا عێراق له دوایین وێستگه‌دا ناچاره بۆ ناردنی نه‌وته‌كه‌ی له ڕێگه‌ی توركیاوه بۆ بازاڕه‌كانی وزه‌ی جیهان؛ چونكه ئێستا نه‌وتی هه‌رێم و كه‌ركووك، جگه له توركیا ده‌روازه‌یه‌كی تری نییه بۆ ئه‌وه‌ی بنێردرێته ده‌ره‌وه‌ی عێراق. بۆیه ئه‌نقه‌ره هه‌وڵ ده‌دات له‌گه‌ڵ حكوومه‌تێكی مه‌ركه‌زیی خاوه‌ن سه‌روه‌ری و ده‌سه‌ڵات مامه‌ڵه بكات، له بری ئه‌وه‌ی مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ هه‌رێمێكدا بكات كه ده‌وڵه‌ت نییه و ده‌سه‌ڵاته‌كانی سنوورداره و، به‌ستراوه‌ته‌وه به حكوومه‌تێكی مهركهزییهوه. كه‌واتە له ئه‌نجامدا ده‌توانین بڵێین، ئه‌نقه‌ره هه‌رده‌م ئه‌و ئۆفه‌رانه‌ی پێی قبووڵه و به‌دوایاندا ده‌گه‌ڕێت، كه مسوگهره و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی به شێوه‌یه‌كی درێژخایه‌ن ده‌سته‌به‌ر ده‌كات. واتا ئۆفه‌ره‌ی ڕێكکه‌وتنی ئه‌نقه‌ره-به‌غدا بۆ هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی هه‌رێم به شێوه‌یه‌ك كه به‌غدا كۆنترۆڵی بكات، باشتر و درێژخایه‌نتره.
سێیه‌م: گوشاره ناوخۆیییه‌كان و نزیكبوونی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی و په‌رله‌مان له توركیا
بڕیار دراوه هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی و په‌رله‌مان له توركیا له 14ی مایسی ساڵی 2023 به‌ڕێوه بچێت. بارودۆخی سه‌رۆكی داد و گه‌شه‌پێدانی توركیا "ڕه‌جه‌ب ته‌ییب ئه‌ردۆغان" به شێوه‌یه‌كی گشتی باش نییه و ئه‌م جاره‌یان ڕكه‌به‌ری زۆره؛ به‌تایبه‌ت له دوای تێكچوونی بارودۆخی ئابووری و داراییی توركیا له‌م ساڵانه‌ی دواییدا، جۆره ناڕه‌زایه‌تی و بێزارییه‌ك له‌نێو خه‌ڵكدا سه‌ری هه‌ڵداوه. به‌كورتی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تیی داهاتووی توركیا گوشارێكی ناوخۆییی زۆری بۆ سه‌ر ئه‌ردۆغان دروست كردووه، به‌تایبه‌ت له‌م كاته‌یشدا ئه‌ردۆغان نایه‌وێت بابه‌تی هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی هه‌رێم و بڕیاره‌كه‌ی دادگه‌ی نێوبژیكاریی ژووری بازرگانیی نێوده‌وڵه‌تی له پاریس، له ئاستی ناوخۆی توركیادا ببێته بابه‌تێكی گوشار له دژی ئه‌ردۆغان و حزبه‌كه‌ی؛ چونكه هه‌ر دوای ڕاگه‌یاندنی بڕیاره‌كه، لایه‌نی ئۆپۆزیسیۆنی توركیا له‌م بواره‌دا ده‌ستیان بە گوشارهێنان كرد؛ بۆ نموونه مسته‌فا بالبای (Mustafa Balbay) نووسه‌ری ناوداری ڕۆژنامه‌ی "جمهوورییه‌ت" كه نزیكه له گه‌وره حزبی ئۆپۆزیسیۆنی توركی، حزبی كۆماریی گه‌ل (CHP)، وتارێكی سه‌باره‌ت به‌م بابه‌ته به ناونیشانی "بازرگانیی ڕه‌ش له نه‌وتی ڕه‌شه‌وه - Kara Petrolden de Kara bir Ticaret!"[1] نووسیوه و تیایدا به شێوه‌یه‌كی ڕاسته‌وخۆ ڕه‌خنه له پڕۆسه‌ی هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی هه‌رێم ده‌گرێت و بانگه‌شه‌ی ئه‌وه ده‌كات، كه‌وا هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی هه‌رێم بریتییه له پڕۆسه‌یه‌كی نایاسایی و بازرگانی، كه پێك هاتووه له به‌قاچاخبردنی نه‌وتی عێراق بۆ بازاڕه‌كانی وزه‌ی جیهان.
هه‌روه‌ها ئاماژه به‌وه ده‌كات كه تاكه كۆمپانیای توركیی سه‌رپشككراو بۆ ئه‌نجامدانی ئه‌م بازرگانییه قاچاخه، كۆمپانیای پاورترانس (Powertrans Firms)ه، كه خاوه‌نه‌كه‌ی به‌رات ئه‌لبایراك (Berat Albayrak) زاوای ئه‌ردۆغانه و، له ماوه‌ی ڕابردوودا له ئه‌نجامی ئه‌م پڕۆسه‌یه چه‌ندان ملیار دۆلاریان قازانج كردووه. هه‌ر له‌م چوارچێوه‌یه‌دا نووسه‌ر تیشك ده‌خاته سه‌ر ئه‌و بڕه سزایه‌ی كه بەسەر توركیادا سه‌پێنراوه و به‌پێی بانگه‌شه‌ی نووسه‌ره‌كه، بڕی سزاکە بریتییه له (1.4) ملیار دۆلاری ئه‌مریكی. له وتاره‌كه‌دا دیسان نووسه‌ر هه‌وڵی داوه سه‌رنجی هاووڵاتیان له توركیادا بۆ ئه‌م خاڵه‌یش ڕابكێشێت، كه سوود و قازانجی پڕۆسه‌كه بۆ ئه‌و كۆمپانیایه‌یه كه خاوه‌نه‌كه‌ی زاوای ئه‌ردۆغان و كه‌سه نزیكه‌كانیه‌تی، به‌ڵام سزاكه به‌سه‌ر توركیادا ده‌سه‌پێنرێ؛ واتە ده‌بێت خه‌ڵكی توركیا سزاكه‌ی بداته‌وه. وتاره‌كه‌یش به‌م ڕسته‌یه كۆتاییی پێ هاتووه: "ئایا ده‌بێت توركیا ده‌وڵه‌تێكی ئاوا بێت؟" كه مه‌به‌ست لێی ئه‌وه‌یه، ئایا ده‌وڵه‌تی توركیا چۆن ده‌بێ كاری قاچاخی نه‌وت بكات؟ له لایه‌كی دیكه محەمەد عەلی گوللهر (Mehmet Ali Güller) له هه‌مان ڕۆژنامه له وتارێكدا به ناونیشانی "كۆتاییی هاوبه‌شی قاچاخچێتیی نه‌وت- Kaçak Petrol Ortaklığının Sonu"، کە هەر له ناونیشانهكەوە دیاره كه‌وا پڕۆسه‌ی هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان "به‌قاچاخ ناو دەبات" و له وتاره‌كه‌دا جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌م خاڵانه‌ی خواره‌وه كراوه‌ته‌وه[2]:
١- ئه‌و ڕێكکه‌وتنه‌ی نێوان هه‌رێم و ئه‌نقه‌ره ده‌رباره‌ی فرۆشتنی نه‌وتی هه‌رێم بۆ ماوه‌ی 50 ساڵ به پاڵپشتیی ئه‌مریكا واژۆ كراوه.
٢- هه‌رێمی كوردستان نه‌وتی فرۆشتۆته ئیسڕائیل؛ لێره نووسه‌ر هه‌وڵ ده‌دات سه‌رنجی خه‌ڵكی توركیا بۆ ئه‌م بابه‌ته هه‌ستیاره ڕابكێشێت.
٣- ئه‌نجامی وتاره‌كه به‌م شێوه‌یه‌یه: "بارزانی براوه‌یه؛ كۆمپانیاكانی سه‌ر به ئاك پارتی قازانجیان كرد؛ ئیسڕائیل براوه‌یه: به‌رامبه‌ر ئه‌مه هاووڵاتیانی عێراق و ده‌وڵه‌تی عێراق زه‌ره‌رمه‌ندی سه‌ره‌كین؛ هاووڵاتیانی توركیا كه سزاكان له گیرفانهكانیانەوە ده‌ده‌ن، ئه‌وانیش زه‌ره‌رمه‌ند و دۆڕاون."
هه‌رچه‌نده توركیا پابه‌ندبوونی خۆی به بڕیاره‌كه‌ی دادگه ڕاگه‌یاند، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا ئه‌گه‌ر سه‌رنج بده‌ینه ئه‌م دوو وتاره، بۆمان ده‌رده‌كه‌وێ كه چۆن ئۆپۆزیسیۆن هه‌وڵ ده‌دات ئه‌م بابه‌ته له دژی ئه‌ردۆغان به‌كار بهێنێت و، ده‌توانین بڵێین تا ڕادده‌یه‌كیش توانراوه وه‌كوو گوشارێك له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆ به‌كار بهێنرێت.
چواره‌م: په‌ره‌دان به په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان ئه‌نقه‌ره-به‌غدا
له‌گه‌ڵ بڵاوبوونه‌وه‌ی ده‌نگۆی نزیكبوونی ڕاگه‌یاندنی بڕیاری دادگه‌ی نێوبژیكاریی ژووری بازرگانیی نێوده‌وڵه‌تی له پاریس تایبه‌ت به ڕاگرتنی هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی هه‌رێمی کوردستان بۆ توركیا، محه‌مه‌د شیاع سوودانی، سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق، به سه‌ردانێكی فه‌رمی خۆی گه‌یانده ئه‌نقه‌ره و له‌گه‌ڵ سه‌رۆككۆماری توركیا كۆ بووه‌وه. ئه‌م سه‌ردانه‌ی سوودانی بۆ ئه‌نقه‌ره له ڕووی پته‌وتركردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان ئه‌نقه‌ره-به‌غدا زۆر گرنگه، به‌تایبه‌ت له بواره‌كانی بازرگانی و وزه و گه‌یاندن و گواستنه‌وه. دوای كۆبوونه‌وه‌كه هه‌ر دوو سه‌رۆك له كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامەڤانیدا جه‌ختیان له‌سه‌ر ئه‌م خاڵانه‌ی خواره‌وه كرده‌وه[3]:
١- پاراستنی ئاسایشی ناوچه سنوورییه‌كانی نێوان عێراق و توركیا و زیاتر هه‌ماهه‌نگیكردن له‌م بواره‌دا. ئه‌م خاڵه زیاتر له‌نێو داخوازییه‌كانی ئه‌نقه‌ره‌دا بوو.
٢- تاوتوێكردنی بابه‌تی ئاو و ڕێژه‌ی ئه‌و ئاوه‌ی كه توركیا بۆ عێراق بەردهداتهوه. له‌م چوارچێوه‌یه‌دا ئه‌ردۆغان بڕیاری دا بۆ ماوه‌ی مانگێك بڕی ئه‌و ئاوه بكاته دووهێنده‌ی ئێستا كه بۆ عێراق به‌رده‌درێته‌وه. بێ گومان ئه‌م خاڵه‌یش له‌سه‌ر داواكاریی عێراق بوو. كه‌واتە ئاو بابه‌تێكی سه‌ره‌كیی دیكه بوو كه له نێوان هه‌ردوو لا گفتوگۆی له‌سه‌ر كراوه.
٣- جه‌ختكردن له‌سه‌ر دروستكردنی هێڵی ئاسنین له چوارچێوه‌ی پڕۆژه‌ی به‌نداوی فاوی گه‌وره كه له به‌سره‌وه ده‌ست پێ ده‌كات تا توركیا و، لهوێیشەوە به‌رده‌وام ده‌بێت بۆ وڵاتانی جیهان. به‌م شێوه‌یه عێراق له ڕێگه‌ی هێڵی ئاسنین به جیهان ده‌به‌سترێته‌وه. هه‌ر له‌م چوارچێوه‌یه‌دا ئانۆ جه‌وهه‌ر، وه‌زیری گواستنه‌وه و گه‌یاندنی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ڕای گه‌یاند، كه‌وا پرۆژه‌یه‌كی ستراتیژیی شه‌مه‌نده‌فه‌ر شاره‌كانی هه‌رێمی كوردستان به جیهان ده‌به‌ستێته‌وه له نێوان توركیا و عێراق. ئێستایش پلان و دیزاینی هێڵەكه گه‌یشتووه‌ته قۆناغێكی زۆر پێشكه‌وتوو[4].
به‌م شێوه‌یه بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت كه‌وا له كۆبوونه‌وه‌ی نێوان هه‌ردوو سه‌رۆك، جه‌خت له‌سه‌ر په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ردوو وڵات كراوه و هه‌وڵ دراوه كار له‌سه‌ر زیندووكردنه‌وه‌ی هێڵی ئاسنین بكرێت، كه له به‌سره‌وە ده‌ست پێ ده‌كات و عێراق به توركیا و جیهان ده‌به‌ستێتەوە. ته‌واوكردنی ئه‌م پرۆژه‌یه، سوودێكی ستراتیژی و ئابووری و سیاسی ده‌به‌خشێته هه‌ردوو وڵات و، هه‌رێمی كوردستانیش له‌م نێوه‌نده‌دا سوودمهندێكی سه‌ره‌كی ده‌بێت له‌م پرۆژه‌یه، چونكه به‌سه‌ر خاكی هه‌رێمه‌وه تێ ده‌په‌ڕێت. به‌گشتیش دیاره توركیا پته‌وكردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ به‌غدای پێ باشتر بووه، به‌راورد به سنوورداركردنی ئه‌م په‌یوه‌ندییه به هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی هه‌رێم. بۆیه ده‌توانین بڵێین، ئه‌م خاڵه‌یش یه‌كێكه له‌و هۆكارانه‌ی كه وای له توركیا كردووه ده‌ستبه‌جێ به بڕیاری دادگه‌كه‌وه پابه‌ند بێت.
پێنجه‌م: نیگه‌رانییه‌كانی توركیا به‌رامبه‌ر ئه‌گه‌ره‌كانی زیادبوونی بڕی سزاكان
به‌پێی بڕیاری دادگه‌ی نێوبژیكاریی ژووری بازرگانیی نێوده‌وڵه‌تی له پاریس تایبه‌ت به ڕاگرتنی هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی هه‌رێم بۆ توركیا، بڕێكی دیاریكراو له سزاكان به‌سه‌ر توركیادا سه‌پێنراوه. ئه‌م بڕه سزایه كه له لایه‌ن عێراقه‌وه داوا كرابوو بەسه‌ر توركیادا بسه‌پێنرێت، نزیكه‌ی "٣٣" ملیار دۆلاری ئه‌مریكی بوو، به‌ڵام دادگهكه زۆر كه‌متر له‌م ڕێژه‌یه سزای به‌سه‌ر توركیادا سه‌پاند. بۆیه ده‌توانین بڵێین بڕیاره‌كه تا ڕادده‌یه‌ك به دڵی توركیایه چونكه ڕێژه‌ی سزاكان زۆر كه‌متر بوو له داواكارییه‌كانی لایه‌نی عێراق؛ ته‌نانه‌ت له‌م كه‌یسه‌دا توركیا داوای قهرهبوویشی له عێراق كردووه به‌هۆی كه‌میی توانای بۆڕییه‌كه و نه‌دانی كرێی گواستنه‌وه كه بۆ ده‌یان ساڵ له‌مه‌و پێش ده‌گه‌ڕێته‌وه[5]. كه‌واته ده‌توانین بڵێین ترسی توركیا له زیادبوونی بڕی سزا سه‌پێندراوه‌كان، هۆكارێكی دیكه‌یه كه وای له ئه‌نقه‌ره كردووه هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی هه‌رێم ڕابگرێت. چونكه پێ ده‌چێت توركیا به بڕی سزاكه ڕازی بێت، به‌تایبه‌ت ئه‌گه‌ر به‌راورد بكرێت له‌گه‌ڵ ئه‌و قازانجه زۆره‌ی كه تا ئێستا له‌م پڕۆسه‌یه به‌ده‌ستی هێناوه؛ هه‌روه‌ها ئه‌گه‌رێكی زۆریش هه‌یه ئه‌و سزایه‌ی كه به‌سه‌ر توركیادا سه‌پێنراوه، له‌وانه‌یه به‌پێی ڕێكکه‌وتنی نێوان هه‌ولێر و ئه‌نقه‌ره، له‌لایه‌ن هه‌رێمه‌وه قه‌ره‌بوو بكرێته‌وه.
كۆبه‌ند
ده‌توانین جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌م ڕاستییه بكه‌ینه‌وه كه‌وا توركیا به‌رده‌وام به دوای به‌رژه‌وه‌ندییه باڵاكانی خۆیدا ده‌گه‌ڕێ و هیچ كاتێكیش سازشیان له‌سه‌ر ناكات. به‌رامبه‌ر ئه‌مه، هه‌رچه‌نده بڕیاری دادگه‌ی نێوبژیكاریی ژووری بازرگانیی نێوده‌وڵه‌تی له پاریس تایبه‌ت به ڕاگرتنی هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی هه‌رێمی کوردستان بۆ توركیا، له نێوان عێراق و توركیا بوو، به‌ڵام زه‌ره‌رمه‌ندی سه‌ره‌كی له‌م كهیسەدا هه‌رێمی كوردستان بوو. له پاڵ ئه‌مه ئێستا هه‌ر جۆره ڕێكکه‌وتنێك بكرێت بۆ دووبارهههناردهكردنی نه‌وت، ئه‌وه وه‌كوو پێشتر نابێت، كه هه‌رێمی كوردستان بتوانێت سه‌ربه‌خۆ نه‌وته‌كه‌ی هه‌نارده بكات. بۆیه چاوه‌ڕوان ده‌كرێت هه‌ندێك گۆڕانكاریی بنه‌ڕه‌تی له ناوچه‌كه‌دا ڕوو بدات. له لایه‌كی دیكه‌وە هه‌رێمی كوردستانیش دیاره تازه ده‌ركی به‌م مه‌ترسییه كردووه و هه‌وڵ ده‌دات له ڕێگه‌ی دیالۆگ و پاراستنی مافه ده‌ستوورییه‌كانی هه‌رێم كێشه‌كه چاره‌سه‌ر بكات و، له‌م چوارچێوه‌یه‌دا سه‌رۆكی هه‌رێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی، نامه‌یه‌كی درێژی بۆ سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق، سوودانی، ناردووە و تێیدا جه‌خت له به‌یاساییبوونی پڕۆسه‌ی فرۆشتنی نه‌وتی هه‌رێم ده‌كاته‌وه و، داوا ده‌كات له ڕێگه‌ی دانوستان و لێكتێگه‌یشتن كێشه‌كه چاره‌سه‌ر بكرێت. سه‌ره‌ڕای ئه‌م پێشهاتانه، ده‌بێت به‌رپرسانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان زۆر به‌جددی چاوێك به بابه‌تی دۆڕاندنی هه‌رێمی كوردستان بخشێنن له دادگه جۆراوجۆره‌كاندا، چونكه هه‌رێمی كوردستان زۆربه‌ی ئه‌و داوایانه‌ی دۆڕاندووه كه له دادگه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و ته‌نانه‌ت له دادگه عێراقییهكانیشدا له دژی تۆمار كراون؛ بۆ نموونه "كه‌یسی دانا غاز" و به‌م دوایییانه "بڕیاری دادگه‌ی نێوبژیكاریی ژووری بازرگانیی نێوده‌وڵه‌تی له پاریس تایبه‌ت به ڕاگرتنی هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی هه‌رێمی کوردستان بۆ توركیا" له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تی؛ له پاڵ ئه‌مه‌یش ئه‌و بابه‌تانه‌ی كه له دادگای باڵای ئیتیحادیی عێراق دۆڕاندوویه‌تی.
بێ گومان به‌هۆی دۆڕاندنی هه‌رێمی كوردستان له‌م كه‌یسانه‌دا، ئه‌م پرسیارانه‌مان بۆ دروست ده‌بێت: ئایا حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له ڕووی تێگه‌یشتن و زانیارییه‌وه، له یاسا نێوده‌وڵه‌تییه‌كان تێ ناگا و نازانێ؟ یاخود ئه‌و سیاسه‌تانه‌ی كه له‌لایه‌ن حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه په‌یڕه‌و ده‌كرێن، هه‌ڵه‌ن؟ یانیش ئه‌و كه‌سانه‌ی كه به‌رپرسن له‌م بوارانه، كه‌سانی نه‌شیاو و خاوه‌نی ئه‌زموون نین؟ یاخود حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان وانه و عیبره‌ت له ڕووداوه‌كانی ڕابردوو وه‌رناگرێت؟ جگه له‌مانه پرسیاره جهوههرییهكهیش ئه‌مه‌یه: ئایا په‌رشوبڵاویی لایه‌نه سیاسییه نێوخۆیییهكانی هه‌رێمی كوردستان، هۆكار و یارمه‌تیده‌رن بۆ دروستبوونی ئه‌م جۆره حاڵه‌تانه؟ ئه‌م پرسیارانه زۆر گرنگن و پێویستە وه‌ڵامی زانستییانه و ئهكادیمییانهیان بۆ بدۆزرێته‌وە، دەنا به‌پێچه‌وانه‌وه حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ڕووبه‌ڕووی گرفتی یاسایی، سیاسی، ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تیی زیاتر ده‌بێته‌وه.
[1] . بۆ بینینی وتاره‌كه سه‌ردانی ئه‌م لینكه بكه: https://www.cumhuriyet.com.tr/yazarlar/mustafa-balbay/kara-petrolden-de-kara-bir-ticaret-2066260 .
[2] . بۆ بینینی وتاره‌كه سه‌ردانی ئه‌م لینكه بكه: https://www.cumhuriyet.com.tr/yazarlar/mehmet-ali-guller/kacak-petrol-ortakliginin-sonu-2066275 .
[3] . بۆ بینینی ڤیدیۆی كۆنگره ڕۆژنامهڤانییهكه، سه‌ردانی ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق بكه: https://mofa.gov.iq/ankara/?p=4374
[4] . بۆ ده‌قی لێدوانه‌كه‌ی وه‌زیری گواستنه‌وه و گه‌یاندنی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، سه‌ردانی ئه‌م لینكه بكه: shorturl.at/dhHYZ
[5] Ragip Soylu, `Hollow victory`: Iraq is not really a winner in the Turkey oil arbitration case#, Middle East Eye, 28 March 2023, 'Hollow victory': Iraq is not really a winner in the Turkey oil arbitration case | Middle East Eye , 1 April 2023.