موەفهق عادل عومەر، دكتۆرا له سیسته‌مه سیاسییه‌كان و مامۆستا له به‌شی سیسته‌مه سیاسییه‌كان و سیاسه‌تی گشتی-زانكۆی سه‌ڵاحه‌ددین
پێشەكى
دادگه‌ى باڵاى فيدراڵیى عێراق، یه‌كێكه له‌و ده‌زگه باڵایانه‌ی، كه مشتومڕێكی زۆری له‌سه‌ر دروست بووه، به‌تایبه‌ت دوای به‌كارهێنانی ئه‌م ده‌زگه یاسایییه به مه‌به‌ستی به‌رژه‌وه‌ندیی سیاسی و، كردنی به ئامرازێكی سیاسیی كاریگه‌ر و مه‌ترسیدار دژی هه‌رێمی كوردستان. دادگه‌ى باڵای فیدراڵیی عێراق له مانگی ئاداری ساڵی 2005 به پشتبه‌ستن به مادده‌ی (44)ی یاسای به‌ڕێوه‌بردنی ده‌وڵه‌ت له قۆناغی ڕاگوزه‌ری ساڵی 2004[1] دامه‌زراوه، ئه‌ویش له ڕێگه‌ی ده‌رچوونی یاسای دادگه‌ى باڵای فیدراڵی له عێراق به‌پێی فه‌رمانی ژماره (30)ی ساڵی [2]2005 . واتا بنه‌ما و دامه‌زرانی دادگهكه، پێش ئه‌نجامدانی ڕاپرسی بووه له‌سه‌ر ده‌ستووری ساڵی 2005 كه له مانگی تشرینی یه‌كه‌م به‌ڕێوه چوو؛ ئه‌مه‌یش وای كردووه فه‌رمانی دامه‌زراندنی دادگهكه له بنه‌ماوه بهه‌ژێنێ كه‌وا پێچه‌وانه‌ی ده‌ستووری هه‌میشه‌یییه. هه‌رچه‌نده فه‌رمانی دامه‌زراندنی دادگه‌ى باڵای فیدراڵی له ڕێكه‌وتی 18ی ئاداری ساڵی 2021 له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراقه‌وه هه‌موار كرایه‌وه[3] به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا ئه‌و تێبینییه یاسایییانه‌ی كه له‌سه‌ر شێوازی دامه‌زراندنه‌كه‌ی هه‌بوو، به‌رده‌وامه. وه‌كوو ئه‌وه‌ی دامه‌زراندنی دادگهكه دیسان پشتی به فه‌رمانی ژماره (30) به‌ستووه، هه‌روه‌ها هه‌مواركردنه‌كه به شێوه‌ی زۆرینه‌ی ده‌نگ قبووڵ كرا، به‌بێ ئه‌وه‌ی تێبینی و داواكارییه‌كانی سوننه و كورد به‌هه‌ند وه‌ربگیرێت. بێ گومان به‌شداریكردنی لایه‌نێكی سیاسیی كوردیی نزیك له تاران له دانیشتی هه‌مواركردنه‌كه، گوزارشت له بۆچوونی كورد ناكات. بۆیه لێره به شێوه‌یه‌كی گشتی هه‌وڵ ده‌ده‌ین وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره بده‌ینه‌وه: "ئایا هه‌رێمی كوردستان ده‌بێ چۆن مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ بڕیاره‌كانی دادگه‌ى باڵای فیدراڵی بكات؟"
پاڵنەر و هۆکاری بڕیارەکانی دادگه‌ی فیدراڵی لە دژی هەرێمی کوردستان چین؟
دادگه‌ى باڵای فیدراڵی به‌داخه‌وه له بری ئه‌وه‌ی ببێته مه‌رجه‌عێكی بێلایه‌ن و له‌سه‌ر بنه‌ما ده‌ستوورییه‌كان بڕیاره‌كانی خۆی بدات، خۆی كردۆته ئامرازێكی سیاسی به‌ده‌ست ئه‌و لایه‌نانه‌ی كه نوێنه‌رایه‌تییان ده‌كات. دامه‌زراوه یاسایییه‌كان له عێراق دوای 2003 به‌گشتی و به‌تایبه‌تی له سه‌رده‌می نووری مالیكییه‌وه، مۆركێكی سیاسیی به‌خۆیه‌وه بینیوه. مالیكی زۆر به‌زه‌قی دادگه‌ی له دژی ڕكابه‌ره‌كانی به‌كار هێناوه؛ جا له دادگه‌ى باڵای فیدراڵییه‌وه بگره تا دادگه‌كانی دیكه‌ی عێراق؛ واتا وه‌كوو هه‌ر كه‌رتێكی دیكه‌ی ئه‌م وڵاته، دامه‌زراوه یاسایییهكانیش بوونه‌ته ئامرازێكی گوشار، به‌ده‌ست لایه‌نه سیاسییه‌كان، بۆ ئه‌وه‌ی له دژی یه‌كتر به‌كاری بهێنن. بۆ نموونه مالیكی دادگه‌كانی له دژی هه‌ر یه‌ك له تارق هاشمی، جێگری سه‌رۆككۆماری پێشووتری عێراق و ڕافع عیساوی، وه‌زیری داراییی پێشووتری عێراق- كه ساڵی 2013 وه‌زیری داراییی عێراق بوو-، به‌كاری هێناوه. ئه‌م دوو نموونه‌یه زۆر به‌ڕوونی و ئاشكرا پێمان ده‌ڵێن، كه‌وا دامه‌زراوه یاسایییه‌كانی عێراق به‌داخه‌وه سه‌ربه‌خۆ نین و بۆ مه‌رامی سیاسی به‌كار ده‌هێنرێن. جگه له‌م دوو حاڵه‌ته، بڕیاری دادگه‌ى باڵای فیدراڵی ژماره (25) ساڵی 2010 [4] كه تایبه‌ته به ته‌فسیركردنی ده‌سته‌واژه‌ی "گه‌وره‌ترین فراكسیۆنی په‌رله‌مانی له ڕووی ژماره‌وه"، ئه‌م بڕیاره‌ی دادگه له‌و ڕێكه‌وته‌وه مشتومڕی زۆری به دوای خۆیدا هێنایه‌وه و كاریگه‌رییه‌كی گه‌وره‌ی له‌سه‌ر ژیانی سیاسیی عێراقی دروست كرد، چونكه ئه‌م بڕیاره ڕێگه‌ی بۆ مالیكی خۆش كرد، بۆ جاری دووه‌م ببێته سه‌رۆكوه‌زیران؛ كه هه‌موو لایه‌نێكیش ئه‌مه‌ی بینی چۆن مالیكی له نێوان ساڵانی (2010-2014) وڵاتی به‌ڕێوه برد و چ كاره‌ساتێكی سیاسی و ئه‌منی و ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تیی خوڵقاند. كه‌واته له‌م ڕێكه‌وته‌وه بۆمان ده‌ركه‌وت، كه‌وا چۆن دادگه‌ى باڵای فیدراڵییش بۆ مه‌رامه سیاسییه‌كان به‌كار هێنرا.
به‌رامبه‌ر ئه‌مه، به‌هۆی ئه‌وه‌ی عێراق بۆته گۆڕه‌پانێكی پاكتاوكردنی حساباتی نێوان لایه‌نه هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، بۆیه هه‌ر یه‌ك له‌م هێزانه هه‌وڵ ده‌ده‌ن به شێوازێك له شێوازه‌كان، كاریگه‌ریی خۆیان له عێراق بهێڵنه‌وه. له‌م چوارچێوه‌یه‌دا سه‌ختترین ململانێی لایه‌نه هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، له نێوان واشنتۆن و تارانه؛ هه‌ر یه‌ك له‌م لایه‌نانه كار بۆ ئه‌وه ده‌كه‌ن گوشار بخه‌نه سه‌ر عێراق بۆ ئه‌وه‌ی پێشهاته‌كانی عێراق به‌پێی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیان به‌ڕێوه بچێت. له‌م نێوه‌نده‌دا تاران وه‌كوو چه‌كێكی كاریگه‌ر هه‌وڵی ئه‌وه‌ی داوه دادگه‌كان به‌گشتی و دادگه‌ى باڵای فیدراڵی به شێوه‌یه‌كی تایبه‌ت، به حوكمی ئه‌وه‌ی باڵاترین دادگه‌یه له عێراق و بڕیاره‌كانی قابیلی تهمیزكردن نییه و ڕه‌ها و كۆتایییه، بخاته ژێر كۆنترۆڵی ئه‌و هێزانه‌ی كه نزیكی ئێرانن. هه‌ر بۆیه له ساڵی 2021ەوه كاری جددیی كرد بۆ ئه‌وه‌ی یاسایه‌كی نوێ بۆ دادگهكه ده‌ربكات، به‌ڵام ئه‌و كاته به‌هۆی ناڕه‌زاییی كورد و سوننه، نه‌یتوانی ده‌نگی پێویست بۆ ده‌ركردنی یاساكه كۆ بكاته‌وه؛ له بری ئه‌و، په‌نای برده به‌ر پیلانی (ب) كه بریتی بوو له هه‌مواركردنی فه‌رمانی ژماره (30) كه تایبه‌ت بوو به دامه‌زراندنی دادگه‌ى باڵای فیدراڵی. له ئه‌نجامدا توانی یاساكه به شێوازێك هه‌موار بكاته‌وه، بتوانێ كۆنترۆڵی میكانیزمی ده‌ركردنی بڕیاری تێدا بكاته‌وه. بۆیه له دوای هه‌مواركردنی یاسای دادگه‌ى باڵای فیدراڵی له ساڵی 2021، تاران توانی ئه‌م دادگه گرنگه بخاته ژێر كۆنترۆڵی خۆی به مه‌به‌ستی به‌كارهێنانی له دژی ئه‌و لایه‌نه سیاسییانه‌ی، كه له چوارچێوه‌ی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئێران هه‌ڵسوكه‌وت ناكه‌ن؛ به‌تایبه‌ت بۆ كۆنترۆڵكردنی هه‌رێمی كوردستانیش به‌كاری ده‌هێنێت له بواره جیاجیاكانی وه‌كوو وزه و ئابووری و ته‌نانه‌ت له ڕووی سیاسییه‌وه‌یش تا ئێستا به‌كار هاتووه، چونكه تاران هیچ كاتێك "هه‌رێمێكی كوردستانی به‌هێز"ی ناوێت.
به‌م شێوه‌یه تاران توانیویه‌تی مۆركێكی شه‌رعی بداته پاڵ سیاسه‌ته‌كه‌ی خۆی له عێراق و بیخاته ژێر پارێزبه‌ندیی باڵاترین دامه‌زراوه‌ی یاسایی له عێراق، كه ته‌نانه‌ت هیچ لایه‌نێك بۆی نییه ڕه‌خنه‌یش له بڕیاره‌كانی بگرێ، چونكه بڕیاره‌كانی ڕه‌ها و كۆتایین. بۆیه ده‌بینین دیارترین دوو بڕیاری دادگه‌ى باڵای فیدراڵی دژی هه‌رێمی كوردستان، له به‌رژه‌وه‌ندیی تاران ده‌ركراوه، كه یه‌كه‌میان بریتی بوو له‌و بڕیاره‌ی كه دادگه‌ى باڵای فیدراڵی له 15ی شوباتی ساڵی 2022 ده‌ری كرد ده‌رباره‌ی ناده‌ستووریبوونی هه‌نارده‌كردنی نه‌وت له‌لایه‌ن هه‌رێمی كوردستان و ناده‌ستووریبوونی گرێبه‌سته نه‌وتییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان كه له‌گه‌ڵ كۆمپانیا نه‌وتییه‌كانی جیهان واژووی كردووه[5]؛ ئه‌وه‌ی تریان دوا بڕیاری دادگهكه بوو ده‌رباره‌ی ناده‌ستووریبوونی ناردنی شایسته دارایییه‌كانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌لایه‌ن حكوومه‌تی عێراقه‌وه. ئه‌گه‌ر له‌م دوو بڕیاره‌ی دادگه‌ى باڵای فیدراڵی ورد بینه‌وه، ئه‌وه‌مان بۆ ده‌رده‌كه‌وێ كه مۆركێك و گوشارێكی ئێرانیی پێوه دیاره؛ چونكه بڕیاره‌كه‌ی 15ی شوباتی ساڵی 2022 ده‌رباره‌ی ناده‌ستووریبوونی هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی هه‌رێم، دوای ئه‌وه هاته‌وه كه هه‌رێم له ئایینده‌دا ده‌توانێ غازی سروشتیی خۆی هه‌نارده‌ی بازاڕه‌كانی وزه‌ی جیهان بكات، به‌تایبه‌ت دوای جه‌نگی ڕووسیا – ئۆكراینا، كه جیهان دووچاری قه‌یرانی به‌رزبوونی نرخی غازی سروشتی بووه‌وه. بۆیه ده‌بینین تاران ویستی له ڕێگه‌ی ئه‌م بڕیاره‌وه په‌یامێكی ئاگرین به هه‌رێمی كوردستان ڕابگه‌یه‌نێ كه‌وا ناتوانێ وه‌كوو نه‌وت، غازی سروشتیی خۆی هه‌نارده‌ی ده‌ره‌وه بكات به‌بێ ڕه‌زامه‌ندیی تاران و گوێنه‌دان به به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی له عێراق و هه‌رێمی كوردستان. له لایه‌كی دیكه، بڕیاره‌كه‌ی دووه‌می دادگه ده‌رباره‌ی ناده‌ستووریبوونی ناردنی شایسته دارایییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، دیسان له كاتێكدا ده‌رچوێندرا كه كه‌شوهه‌وایه‌كی ئه‌رێنی و باش له نێوان هه‌ولێر-به‌غدا دروست ببوو و، هه‌ردوو لا گه‌یشتبوونه ڕێككه‌وتن بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی نێوانیان. ئه‌م هه‌نگاوانه نیگه‌رانیی ئێرانی لێ كه‌وته‌وه، چونكه ئێران هیچ كاتێك نایه‌وێ هه‌رێمی كوردستان به‌هێز بێت؛ هه‌رێمێكی لاوازی دوو-ئیداره‌یی و په‌رته‌وازه، له‌نێو ئامانجه ستراتیژییه‌كانی تارانه له عێراق.
هه‌ڵوێستی چاوه‌ڕوانكراوی هه‌رێمی كوردستان به‌رامبه‌ر به‌غدا و دادگه‌ى باڵای فیدراڵی
هه‌رێمی كوردستان دوای گوشاره‌كانی به‌غدا له ڕێگه‌ی بڕیاره‌كانی دادگه‌ى باڵای فیدراڵیی عێراقه‌وه، پێویسته به له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌م خاڵانه‌ی خواره‌وه زۆر به‌وردی مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئه‌م دۆخه نوێیه بكات كه ڕووبه‌ڕووی هه‌رێمی كوردستان بۆته‌وه:
یه‌كه‌م: ئه‌گه‌ر به شێوه‌یه‌كی گشتی سه‌یرێكی بڕیاره‌كانی دادگه‌ى باڵای فیدراڵی بكه‌ین، ده‌بینین زۆربه‌یان په‌یوه‌ستن به بابه‌تی وزه و بوودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان. بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌م بابه‌ته‌یش، ده‌كرێ هه‌رێمی كوردستان له هه‌نگاوی یه‌كه‌مدا كار بۆ ڕێككه‌وتنێكی گشتگیر و كۆنكرێتی بكات له‌گه‌ڵ به‌غدا ده‌رباره‌ی بوودجه‌ی ساڵی 2023؛ چونكه به‌بێ ڕێككه‌وتن له‌گه‌ڵ به‌غدا و لایه‌نه سیاسییه‌كانی دیكه، ناكرێت هه‌رێم هیچ هه‌نگاوێكی جددی بنێته‌وه. پێشهاته‌كانیش هه‌ر له‌م ئاراسته‌یه‌دان كه هه‌رێمی كوردستان له بنه‌ڕه‌ته‌وه له‌گه‌ڵ به‌غدا ده‌رباره‌ی بوودجه‌ی عێراق بۆ ساڵی 2023 ڕێك كه‌وتووه. به‌ڵام ده‌بێت هه‌رێم، به‌تایبه‌ت له داڕشتنی ده‌قه‌كانی بوودجه كه ده‌رباره‌ی هه‌رێمی كوردستانه، زۆر به‌وردی كاری له‌سه‌ر بكات بۆ ئه‌وه‌ی هیچ بۆشایییهكی یاسایی نه‌درێته لایه‌نه سیاسییه‌كان و دادگه‌ى باڵای فیدراڵی، بۆ ئه‌وه‌ی له دژی هه‌رێمی كوردستان به‌كار بهێنرێت. بۆیه مه‌رجه له‌سه‌ر حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، شاندێكی پسپۆر و هونه‌ری بۆ ئه‌م مه‌به‌سته پێك بهێنێت تا تووشی ئه‌و هه‌ڵانه‌ی ساڵانی ڕابردوو نه‌بێته‌وه. به‌داخه‌وه تا ئێستا ئه‌و شاندانه‌ی كه هه‌رێم بۆ به‌غدا ناردوویه‌تی بۆ دانوستاندن ده‌رباره‌ی بوودجه‌ی عێراق، كه‌سانی پسپۆڕی له‌خۆ نه‌گرتووه! بۆیه بوودجه‌ی ساڵانی ڕابردوو، پڕیه‌تی له خاڵ و ته‌له‌ی چاوه‌ڕواننه‌كراو له دژی هه‌رێمی كوردستان. با ئه‌وه‌مان له‌بیر نه‌چێت؛ له هه‌موو قۆناغه‌كانی دانوستانه‌كاندا شاندی به‌غدا پڕه له پسپۆر له بواره‌كانی دارایی و هونه‌ری و، ته‌نانه‌ت له ڕووی سیاسییه‌وه‌یش خۆیانی باش بۆ ئاماده ده‌كه‌ن؛ به‌تایبه‌تی ئێستا ته‌یف سامی، وه‌زیری داراییی كابینه‌كه‌ی سوودانی، خاوه‌ن ئه‌زموونێكی زۆره له پرۆسه‌ی ئاماده‌كردنی بوودجه. بۆیه ئه‌وانه‌ی كه تا ئێستا بۆ دانوستاندن نێردراون و ده‌نێردرێنه به‌غدا له شانده‌كه‌ی هه‌رێم، هیچیان به‌قه‌ده‌ر وه‌زیره دارایییهكهی ئێستای عێراق خاوه‌ن ئه‌زموون نین. به‌داخه‌وه له پرۆسه‌ی دانوستاندن، به‌تایبه‌تی له ڕووی ئه‌زموون و هونه‌رییه‌وه، ئه‌وان چه‌ندان هه‌نگاو له پێش هه‌رێمی كوردستانن! بۆیه زۆر گرنگه شانده‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌مه‌وبه‌دوا كه‌سانی پسپۆری ڕاسته‌قینه له‌خۆ بگرێت.
دووه‌م: ده‌ركردنی یاسای نه‌وت و غاز له عێراق له ڕێگه‌ی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراقه‌وه، ده‌بێت زۆر كاری جددیی له‌سه‌ر بكرێت به مه‌به‌ستی چاره‌سه‌كردنی كێشه‌ی ده‌رهێنان و هه‌نارده‌كردنی نه‌وت و غاز له عێراق به‌گشتی و له هه‌رێمه‌كان به‌تایبه‌تی. ئه‌م یاسایه ته‌نیا ویست و خواستی هه‌رێمی كوردستان نییه به‌ڵكوو شاره‌كانی دیكه‌ی عێراقیش به‌په‌رۆشن بۆ ده‌ركردنی ئه‌م یاسایه. ئه‌گه‌ر یاسایه‌كی دادپه‌روه‌ر ئاماده بكرێت و له ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق قبووڵ بكرێت، ئه‌وه ده‌توانین بڵێین به شێوه‌یه‌كی گشتی به‌شێكی زۆری كێشه‌كانی نێوان هه‌ولێر-به‌غدا له كه‌رتی وزه چاره‌سه‌ر ده‌كات. به‌ڵام ده‌ركردنی ئه‌م یاسایه، پێ ناچێت ئه‌وا به‌ئاسانی بێت، چونكه وڵاتانی هه‌رێمی و ده‌ره‌كی، كار له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته ده‌كه‌ن و، قبووڵی ناكه‌ن یاسایه‌ك ده‌ربچێت له دژی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئه‌واندا بێت. بۆیه چاوه‌ڕوان ده‌كرێت له قۆناغی ئاماده‌كردن و ته‌نانه‌ت تێپهڕاندیی یاسای نه‌وت و غاز له عێراق، مشتومڕی زۆری له‌گه‌ڵ خۆیدا بهێنێت. له لایه‌كی دیكه ئه‌گه‌ر یاساكه به ڕه‌زامه‌ندی و گوشاری لایه‌نه سیاسییه‌كان تێیشپهڕێندرێت، ئه‌وه مه‌ترسییه‌كی شاراوه‌ی دیكه له به‌رده‌م یاساكه هه‌یه، ئه‌ویش دادگه‌ى باڵای فیدراڵیی عێراقه؛ چونكه ئه‌م دادگه‌یه به‌م شێوه‌ی ئێستای، به‌سیاسی كراوه و چاوه‌ڕوانیش ده‌كرێت ئه‌گه‌ر به‌م شیوه‌یه بمینێت، ئه‌وه وه‌كوو ئامرازێكی گوشار له دژی هه‌رێمی كوردستان و سوننه‌كان به‌كار ده‌هێندرێت؛ به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا، بوونی یاسایه‌ك بۆ ڕێكخستنی بواری نه‌وت و غاز له عێراق، خاڵێكی ئه‌رێنییه.
سێیه‌م: كاركردن له‌سه‌ر ده‌ركردنی یاسایه‌ك، تیایدا دووباره دادگه‌ى باڵای فیدراڵی ڕێك بخاته‌وه و پێكی بهێنێته‌وه؛ چونكه ئه‌م دادگه‌یه له‌سه‌ر بنه‌مایه‌كی ناده‌ستووری پێك هێنراوه و تا ڕێژه‌یه‌كی به‌رچاویش به‌سیاسی كراوه و ته‌نانه‌ت بڕیاره‌كانی له دژی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان به‌كار هێنراوه. بۆیه مانه‌وه‌ی ئه‌م دادگه‌یه به‌م شێوه‌ی ئێستا، به هیچ شێوه‌یه‌ك متمانه‌به‌خش نییه بۆ هه‌رێمی كوردستان. بۆیه ده‌بێت هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ لایه‌نه سوننه‌كان به‌یه‌كه‌وه گوشار له‌سه‌ر ده‌ركردنی یاسایه‌كی دیكه بكه‌ن به ناوی "یاسای دادگه‌ى باڵای فیدراڵی"؛ چونكه ئێستا لایه‌نه سیاسییه سوننه‌كان، زۆر نیگه‌رانن كه‌وا تا ئێستا كابینه‌كه‌ی موحمه‌د شیاع سوودانی هیچ كام له‌و خاڵانه‌ی جێبه‌جێ نه‌كردووه كه پێشتر لایه‌نه سیاسییه‌كان له‌سه‌ری ڕێك كه‌وتبوون بۆ پێكهێنانی حكوومه‌ته‌كه‌ی سوودانی و، له دوایین سه‌ردانی شاندی هاوپه‌یمانیی "سیاده"ی سوننی له‌گه‌ڵ سوودانی، جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته كرایه‌وه[6]. كه‌واته ئێستا بارودۆخه سیاسییه‌كه له‌باره بۆ دروستكردنی گوشار بۆ سه‌ر لایه‌نه شیعییه‌كان له ڕێگه‌ی ڕێككه‌وتن و بهیهكهوهكاركردن له‌گه‌ڵ لایه‌نه سوننه‌كان، به مه‌به‌ستی ده‌رهێنانی یاسایه‌كی نوێی دادگه‌ى باڵای فیدراڵی.
چواره‌م: هه‌رچه‌نده موقته‌دا سه‌در جێگه‌ی متمانه نییه و زۆر سه‌خته ڕێككه‌وتنی له‌گه‌ڵ بكرێت، چونكه به‌رده‌وام گۆڕانكاری له هه‌ڵوێسته‌كانی ڕوو ده‌دات، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا، ده‌كرێ بۆ دروستكردنی گوشار له دژی حكوومه‌ته‌كه‌ی سوودانی و لایه‌نه سیاسییه شیعییه‌كانی دیكه به‌كار بهێنرێت. ئه‌گه‌ر هه‌نگاوێكی له‌م جۆره بنرێت، ئه‌وه ده‌بێت زۆر به‌وردی و وریایییه‌وه كار بۆ تێكنه‌دانی هاوسه‌نگیی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و لایه‌نه شیعه‌كانی دیكه له لایه‌ك و په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ سه‌در له لایه‌كی دیكه، بكرێت، چونكه نابێت هیچ كات له هاوكێشه‌ی سیاسیی عێراقدا گرووپێكی سیاسیی وه‌كوو موقته‌دا سه‌در- هه‌رچه‌نده بۆچوونه‌كانی ناجێگیر و ناسه‌قامگیریش بێت- فه‌رامۆش بكرێت.
پێنجه‌م: هه‌رێمی كوردستان، زۆر گرنگه كار بكات بۆ سوودوه‌رگرتن له‌و هاوكێشه سیاسییه‌ی، كه له‌سه‌ر ئاستی هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تی دروست بووه. به‌تایبه‌ت ئێستا شایه‌تی ئه‌وه‌ین؛ چونكه ئه‌مریكا گوشارێكی داراییی زۆری كردۆته سه‌ر حكوومه‌ته‌كه‌ی سوودانی؛ كه ئه‌مه‌یش بۆته هۆی دروستبوونی كه‌شوهه‌وایه‌كی ناله‌باری دارایی و ئابووری. بۆیه ئێستا به‌راورد به قۆناغه‌كانی پێشووتر، كه‌شوهه‌واكه له‌بارتره بۆ به‌نێوده‌وڵه‌تیكردنی ئه‌و ڕێككه‌وتنه سیاسییه‌ی كه له نێوان لایه‌نه كوردی و سیاسییه شیعییه‌كان ئه‌نجام دراوه؛ چونكه به‌نێوده‌وڵه‌تیكردنی ئه‌م كه‌یسه، گوشار له‌سه‌ر لایه‌نه شیعه‌كان دروست ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی پابه‌ند بن به ڕێككه‌وتنه‌كه و، وایان لێ ده‌كات خۆیان له‌و به‌ڵێنانه نه‌دزنه‌وه كه پێشتر داویانه به هه‌رێمی كوردستان و، له‌وانه‌یه ڕێگه‌ی ئه‌وه‌یشیان لێ ببڕێت نه‌توانن له لایه‌ك ڕێككه‌وتنی سیاسی بكه‌ن له‌گه‌ڵ كورد و، له لایه‌كی دیكه له ڕێگه‌ی بڕیاره‌كانی دادگه‌ی فیدراڵییه‌وه خۆیان له جێبه‌جێكردنی ئه‌و به‌ڵێنانه بدزنه‌وه كه له چوارچێوه‌ی ڕێككه‌وتنه سیاسییه‌كاندا داویانه.
شه‌شه‌م: هه‌رێمی كوردستان زۆر دوور كه‌وتۆته‌وه له گه‌لانی عێراق و، ناتوانێت كاریگه‌ری بخاته سه‌ر ڕای گشتیی عێراقی به شێوه‌یه‌كی ڕاسته‌وخۆ. جا یه‌كێك له‌م هۆكارانه بۆ نه‌بوونی كه‌ناڵێكی ته‌له‌ڤزیۆنیی به‌هێزی عه‌ره‌بی ده‌گه‌ڕێته‌وه، چونكه ئه‌گه‌ر كار له‌سه‌ر ئه‌وه بكرێت ڕاستییه‌كان وه‌ك خۆی بگه‌یه‌نرێته شه‌قامی عێراقی، ئه‌وه له‌وانه‌یه لایه‌نه سیاسییه‌كانیش نه‌توانن ئه‌وه‌نده موزایه‌ده به قوتی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستانه‌وه بكه‌ن. به‌داخه‌وه لایه‌نه سیاسییه كوردییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌وانه‌یه مانگانه بڕه پاره‌یه‌كی زۆریان بۆ هه‌ندێك كه‌ناڵ ته‌رخان كردووه كه سوودێكی ئه‌وتۆیان نییه بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی باڵای هه‌رێم و ته‌نانه‌ت هه‌ندێكیان كاریگه‌ریی خراپیشیان هه‌یه له ڕووی تێكدانی شیرازه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی، كه‌چی كه‌ناڵێكی هه‌واڵیی عه‌ره‌بیی به‌هێز و كاریگه‌ر دانه‌نراوه بۆ ئه‌وه‌ی دۆزی ڕه‌وای خه‌ڵك بگه‌یه‌نێته هاووڵاتیانی دیكه‌ی عێراق. له‌به‌ر ئه‌م هۆكاره، زۆر گرنگه هه‌رێمی كوردستان بیرێكی جددی بكاته‌وه بۆ دانانی ئه‌م كه‌ناڵه به شێوه‌یه‌كی پڕۆفیشناڵانه، نه‌وه‌ك به‌و شێوه‌یه‌ی ئێستا كه كه‌ناڵێكی عه‌ره‌بی هه‌یه نه‌یتوانیوه ئه‌م ئامانجه بپێكێت. له پاڵ ئه‌م كه‌ناڵه عه‌ره‌بییه، پێویسته سۆشیال میدیایش بۆ ئه‌م مه‌به‌ست بخرێته گه‌ڕ بۆ ئه‌وه‌ی ڕاستییه‌كان بگه‌یه‌نرێته عێراقییه‌كان.
بایكۆتكردنی پرۆسه‌ی سیاسی له به‌غدا یاخود كشانه‌وه‌ی له كابینه‌ی سوودانی، تا چ ڕادده‌یه‌ك له به‌رژه‌وه‌ندیی هه‌رێمی كوردستانه؟
كورد و لایه‌نه سیاسییه‌كانی دیكه‌ی عێراق له قۆناغه‌كانی پێشووتر زۆر جار به مه‌به‌ستی گوشارخستنه سه‌ر لایه‌نه سیاسییه‌كانی تر و حكوومه‌ته‌كانی پێشووتر، بڕیاری كشانه‌وه‌یان داوه له حكوومه‌ته‌كان، به‌ڵام ده‌توانین بڵێین هیچ كاتێك و له هیچ قۆناغێكدا ئه‌م هه‌وڵانه سه‌ركه‌وتوو نه‌بوون و ته‌نانه‌ت ئه‌نجامی پێچه‌وانه‌یان لێ كه‌وتۆته‌وه. بۆیه بژارده‌ی كشانه‌وه له حكوومه‌ت و بایكۆتكردنی پرۆسه‌ی سیاسی له به‌غدا، له‌به‌ر ئه‌م هۆكارانه‌ی خواره‌وه سه‌ركه‌وتوو نابێت:
یه‌كه‌م: پێش هه‌موو شتێك كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی دژی هه‌موو جۆره چاره‌سه‌رێكه له ده‌ره‌وه‌ی حكوومه‌تی شه‌رعیی عێراق؛ چونكه پێیان وایه هیچ كێشه‌یه‌ك نییه له ده‌ره‌وه‌ی حكوومه‌ت چاره‌سه‌ر بكرێت و ته‌نانه‌ت مه‌رجی پاڵپشتیكردنی عێراق و ئه‌و لایه‌نه سیاسییانه‌یان، به مانه‌وه‌ی و سه‌رخستنی حكوومه‌ت و دامه‌زراوه فه‌رمییه‌كانی ده‌وڵه‌ت به‌ستۆته‌وه. بۆیه زۆر زه‌حمه‌ته نه لایه‌نه سیاسییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و نه ڕێكخراوه نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی وه‌كوو نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان و یه‌كێتیی ئه‌وروپا، پاڵپشتی له هه‌نگاوێكی له‌م جۆره بكه‌ن. له‌به‌ر ئه‌م هۆكاره و بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م هه‌نگاوه سه‌ر كه‌وێ، سه‌ره‌تا ده‌بێت پاڵپشتیی نێوده‌وڵه‌تی و هه‌رێمیی بۆ مسۆگه‌ر بكرێت كه ئه‌مه‌یش كارێكی ئاوا ئاسان نییه.
دووه‌م: ئه‌گه‌ر هیچ بژارده‌یه‌ك له‌به‌ر كورد نه‌ما ته‌نیا كشانه‌وه نه‌بێت له پرۆسه‌ی سیاسیی عێراق، ئه‌وه ده‌بێت ئه‌م هه‌نگاوه به‌یه‌كه‌وه له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م لایه‌نه سیاسییه كوردییه‌كانی دیكه بنرێت؛ به‌پێچه‌وانه‌وه كشانه‌وه له پرۆسه‌ی سیاسی و حكوومه‌ته‌كه‌ی سوودانی، هیچ سوودێكی نابێت. واتا یه‌كهه‌ڵوێستیی كورد- به ئۆپۆزیسیۆن و ده‌سه‌ڵاتدار- له‌وانه‌یه كاریگه‌ریی هه‌بێت به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌م یه‌كهه‌ڵوێستییه نه‌بوو، ئه‌وه زۆر زه‌حمه‌ته هه‌نگاوی له‌م جۆره كاریگه‌ر بێت. به‌داخه‌وه بوونی یه‌كهه‌ڵوێستیی كوردی له به‌غدا، ئه‌گه‌رێكه له مه‌حاڵ ده‌چێت، چونكه لێكترازانێكی به‌رچاو هه‌یه له نێوان لایه‌نه سیاسییه كوردییه‌كان، به‌تایبه‌ت ئه‌و لایه‌نه سیاسییانه‌ی كه كورسییان له ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق هه‌یه.
سێیه‌م: ڕابردوو ئه‌وه‌مان پێ ده‌ڵێ كه، كشانه‌وه له حكوومه‌ت یاخود پرۆسه‌ی سیاسیی عێراق ئه‌نجامی نه‌رێنیی لێ كه‌وتۆته‌وه، چونكه ئێستا چه‌ندان پۆستی گرنگ هه‌یه كه له ئه‌سڵدا درابووه كورد، یان پڕ نه‌كراوه‌ته‌وه یاخود به كه‌سانی نزیك له لایه‌نه شیعییه‌كانه‌وه پڕ كراونه‌ته‌وه؛ كه گرنگترینیان سوپای عێراقه. ئه‌گه‌ر به شێوه‌یه‌كی گشتی ته‌ماشایه‌كی نه‌خشه‌ی پێكهاته‌ی سوپای عێراق بكه‌ین، ئه‌وه بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت كه به شێوه‌یه‌كی ترسناك كه‌وتۆته ژێر كۆنترۆڵی لایه‌نه شیعه‌كان. بێ گومان هۆكاری ساردبوونی لایه‌نه سیاسییه كوردییه‌كان له پرۆسه‌ی سیاسیی عێراق له قۆناغه‌كانی ڕابردوودا، یه‌كێكه له هۆكاره سه‌ره‌كییه‌كانی دروستبوونی ئه‌م تابلۆ نه‌خوازراوه‌ی سوپای عێراق. بۆیه بژارده‌ی كشانه‌وه له پرۆسه‌ی سیاسیی عێراق، به واتای چۆڵكردنی گۆڕه‌پانی سیاسییه بۆ لایه‌نه شیعییه‌كان بۆ ئه‌وه‌ی به ئاره‌زووی خۆیان هه‌ڵسوكه‌وت بكه‌ن. ڕاسته ئێستایش به‌هۆی ناته‌باییی لایه‌نه كوردییه‌كان و گوشاری تاران، تا ڕادده‌یه‌كی به‌رچاو هه‌وڵ ده‌درێت كورد له به‌غدا په‌راوێز بخرێت و لاواز بكرێت، به‌ڵام كشانه‌وه‌ی كورد له پرۆسه‌ی سیاسیی عێراق، زه‌مینه‌یه‌كی خراپ به‌رهه‌ڤ ده‌كات بۆ لاوازتركردنی كورد له به‌غدا و ته‌نانه‌ت بۆ له‌ناوبردنی قه‌واره‌ی هه‌رێم.
چواره‌م: كورد ده‌بێت ئه‌وه به شێوه‌یه‌كی جددی له به‌غدا بچه‌سپێنێت، كه وه‌كوو شاره‌كانی دیكه‌ی عێراق مافی ده‌ستووریی هه‌یه له‌سه‌ر حكوومه‌تی مه‌ركه‌زیی به‌غدا؛ ناردنی شایسته دارایییه‌كان و یاخود هه‌ر شتێكی دیكه له چوارچێوه‌ی خه‌رجییه سیادییه‌كان، مافن و خێر و سه‌ده‌قه نین! مادام هه‌رێمی كوردستان به‌شێكه له عێراق، ئه‌وه ده‌بێت عێراقیش ئه‌و به‌رپرسیارێتییه‌ی خۆی به‌رامبه‌ر به هه‌رێمی كوردستان به‌جێ بگه‌یه‌نێت. به‌ڵام ئێستا ده‌بینین كه چۆن به‌غدا جیاوازییه‌كی زه‌ق ده‌كات له نێوان شاره‌كانی دیكه‌ی عێراق و هه‌رێمی كوردستان؛ دیارترین نموونه دابه‌شكردنی سووته‌مه‌نییه به نرخی پاڵپشتیكراوی حكوومه‌ت: ئه‌م پاڵپشتییه بۆ ته‌واوی شاره‌كانی عێراق بۆ نه‌وت و به‌نزین و غازی ماڵان دابین كراوه به‌ڵام هه‌رێمی كوردستان بێبه‌ش كراوه له‌م پاڵپشتییه حكوومییه بۆ نرخی سووته‌مه‌نییه‌كان به‌گشتی. له بری ئه‌وه، وه‌كوو كاردانه‌وه‌یه‌ك به‌رامبه‌ر ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی حكوومه‌تی مه‌ركه‌زیی عێراق، ده‌بوایه حكوومه‌تی هه‌رێم ئه‌م بابه‌ته‌ی به‌نێوده‌وڵه‌تی بكردابایه؛ بۆ نموونه تا ئێستا هه‌رێمی كوردستان به‌جددی ئه‌م بابه‌ته‌ی نهگواستۆته نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان. با له‌یادمان نه‌چێت، كاتی جێبه‌جێكردنی بڕیای ژماره (986)ی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان له ساڵی 1995 تایبه‌ت به به‌رنامه‌ی نه‌وت به‌رامبه‌ر به خۆراك، پشكی هه‌رێمی كوردستان گه‌ره‌نتی كرابوو؛ به‌ڕاستی ئێستایش هه‌رێمی كوردستان پێویستیی به هه‌وڵێكی دیپلۆماسی هه‌یه بۆ گه‌ره‌نتیكردنی به‌ده‌ستهێنانی ئه‌و مافانه‌ی كه له‌سه‌ر حكوومه‌تی عێراق هه‌یه‌تی. كه‌واته ئێستا له جیاتی بیركردنه‌وه له كشانه‌وه له پرۆسه‌ی سیاسیی عێراق، باشتره كورد كار بۆ به‌ده‌ستهێنانی ئه‌م مافانه‌ی خۆی بكات له به‌غدا؛ له ئه‌گه‌ری كشانه‌وه‌یشی، له‌وانه‌یه كوشارهكانی به‌غدا زیاتر بێت و زیاتر كورد په‌راوێز بخرێته‌وه.
له‌ژێر ڕۆشناییی ئه‌م خاڵانه‌ی سه‌ره‌وه، بایكۆتكردنی پرۆسه‌ی سیاسی له عێراق یاخود كشانه‌وه‌ی كورد له كابینه‌كه‌ی سوودانی، بۆ قۆناغی ئێستا، له‌به‌ر ئه‌م هۆكارانه‌ی كه له سه‌ره‌وه خستمانه ڕوو، له به‌رژه‌وه‌ندیی كورد نییه و ئه‌گه‌ر كورد ناچار كرا هه‌نگاوێكی له‌م شێوه‌یه بنێت، ئه‌وه ده‌بێت سه‌رجه‌م لایه‌نه سیاسییه كوردییه‌كان به‌یه‌كه‌وه بڕیار له كشانه‌وه‌كه بده‌ن.
كۆبه‌ند
لایه‌نه سیاسییه‌كانی شیعه‌ی عێراق، ئه‌وانه‌ی نزیكن له تاران، به پاڵپشتیی ئێران به‌رده‌وام توانیویانه ئامرازێكی گوشاری كاریگه‌ر له‌ژێر كۆنترۆڵی خۆیان بهێڵنه‌وه؛ جا هه‌ندێك جار له ڕێگه‌ی گوشاری ئابووری و جاروبایش دامه‌زراوه‌كانی دادگه و جاربه‌جاریش دامه‌زراوه‌كانی یاسادانان و جێبه‌جێكردنیان كردۆته ئامراز بۆ ئه‌وه‌ی له دژی كورد و هه‌رێمی كوردستان به‌كار بهێنن. له‌م چوارچێوه‌یه‌دا ئێستا زیاتر بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت كه‌وا لایه‌نه شیعه‌كان به شێوه‌یه‌كی سه‌رنجڕاكێش ده‌ستیان كردووه به په‌یڕه‌وكردنی سیاسه‌تی "ته‌قیه" (التقیة) به‌رامبه‌ر به لایه‌نه سیاسییه‌كانی دیكه‌ی وه‌كوو كورد و سوننه‌كان. ئه‌مه دوای ڕێككه‌وتنی نێوان كورد و لایه‌نه سیاسییه‌كانی شیعه‌ی نزیك تاران به‌زه‌قی به‌ده‌ركه‌وت، چونكه چه‌ندان به‌ڵێنیان داوه‌ته لایه‌نه‌كان به‌ڵام پابه‌ندی هیچیان نه‌بووینه. ئه‌مه‌مان زۆر به‌ڕوونی له به‌ڵێنی ناردنی شایسته دارایییه‌كانی هه‌رێم له‌لایه‌ن ئه‌م گرووپه‌وه بینی له لایه‌ك و، له لایه‌كی تر بینیمان چۆن له ڕێگه‌ی دادگه‌ى باڵای فیدراڵییه‌وه ڕێگرییان له ناردنی ئه‌م بڕه پاره‌یه كرد. بۆیه ئه‌و سیاسه‌ته‌ی كه لایه‌نه شیعه‌كانی نزیك ئێران به پاڵپشتیی ڕاسته‌وخۆی تاران به‌رامبه‌ر به كورد و سوننه په‌یڕه‌وی ده‌كه‌ن، بریتییه له سیاسه‌تێكی دووفاقی كه جێگه‌ی متمانه نییه. له‌به‌ر ئه‌م هۆكاره، ده‌بێت كورد زۆر وریاتر بێت و به‌جددی كار له‌سه‌ر به‌نێوده‌وڵه‌تیكردنی هه‌ر جۆره ڕێككه‌وتنێكی له‌گه‌ڵ لایه‌نه سیاسییه‌كانی شیعه بكات؛ هه‌روه‌ها هه‌وڵ و كۆششه‌كانی خۆیشی چڕ بكاته‌وه بۆ ده‌رهێنانی یاسای نه‌وت و غاز، له‌گه‌ڵ ده‌رهێنانی یاسای دادگه‌ى باڵای فیدراڵی؛ به‌پێچه‌وانه‌وه ئه‌گه‌ر ئه‌م بارودۆخه‌ی ئێستا به‌م جۆره درێژه‌ی پێ بدرێت، به هیچ شێوه‌یه‌ك له به‌رژه‌وه‌ندیی باڵای هه‌رێمی كوردستان نابێت، بگره له‌وانه‌یه قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستان له‌ناو بچێت و هیچ جیاوازییه‌كی له‌گه‌ڵ پارێزگاكانی دیكه‌ی عێراق نه‌مێنێت! جا نازانین تا كه‌ی به‌رپرسانی كورد هه‌ست به‌م مه‌ترسییانه ناكه‌ن و تا كه‌ی ئاوا بهپهرهتهوازهیی و ناته‌بایی و لاوازیی ده‌مێننه‌وه له به‌غدا؟
[1] . بۆ بینینی ده‌قی یاسای به‌ڕێوه‌بردنی ده‌وڵه‌ت له قۆناغی راگوزه‌ری ساڵی 2004، ده‌توانن له‌م لینكه‌وه سه‌ردانی ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی ئه‌نجومه‌نی باڵای دادوه‌ریی عێراق بكه‌ن: https://www.sjc.iq/view.78/، رێكه‌وتی سه‌ردان: (8/02/2023).
[2] . بۆ گه‌یشتن به ده‌قی یاسای دادگه‌ی باڵای فیدراڵی كه به‌پێی فه‌رمانی ژماره (30)ی ساڵی 2005 ده‌رچووه پێش هه‌مواركردنی، ده‌توانن سه‌ردانی ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی دادگه‌ی باڵای فیدراڵی بكه‌ن: https://www.iraqidevelopers.com/iraqfsc/ar/act-ar، رێكه‌وتی سه‌ردان: (10/02/2023).
[3] . ده‌قی یاسای ژماره (25)ی ساڵی 2021 كه به ناونیشانی "هه‌مواری یه‌كه‌می (فه‌رمانی ژماره 30ی ساڵی 2005) یاسای دادگه‌ی باڵای فیدراڵی"یه، به‌رده‌سته له ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق: https://archive4.parliament.iq/wp-content/uploads/2021/06/4635.pdf ، رێكه‌وتی سه‌ردان: (07/02/2023).
[4] . بۆ گه‌یشتن به ده‌قی بڕیاری دادگه‌ی باڵای فیدراڵی ژماره (25)ی ساڵی 2010، ده‌توانن سه‌ردانی ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی دادگه‌ی باڵای فیدراڵی بكه‌ن له ڕێگه‌ی ئه‌م لینكه‌وه: https://www.iraqfsc.iq/krarid/25_fed_2010.pdf، رێكه‌وتی سه‌ردان: (2/2/2023).
[5] . بۆ گه‌یشتن به ده‌قی بڕیاری دادگه‌ی باڵای فیدراڵیی عێراق ده‌رباره‌ی ناده‌ستووریبوونی هه‌نارده‌كردنی نه‌وت له‌لایه‌ن هه‌رێمی كوردستانه‌وه، ده‌توانن سه‌ردانی ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی دادگه‌ی باڵای فیدراڵی بكه‌ن: https://www.iraqfsc.iq/krarid/59_fed_2012.pdf، رێكه‌وتی سه‌ردان: (02/02/2023).
[6] . بۆ گه‌یشتن به ده‌قی چاوپێكه‌وتنی سوودانی له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانیی "سیاده"، سه‌ردانی ئه‌م لینكه بكه‌ن: https://rawabetcenter.com/archives/157600?fbclid=IwAR0KZHI1Peit616aB7L5Yxh4ZgbCJ4t95TB2rWOF68ouK75KhPDkjK-Hgos، رێكه‌وتی سه‌ردان: (10/02/2023).