موەفەق عادل عومەر، دكتۆرا له سیسته‌مه سیاسییه‌كان و مامۆستا له به‌شی سیسته‌مه سیاسییه‌كان و سیاسه‌تی گشتی-زانكۆی سه‌ڵاحه‌ددین
دیارده‌ی سه‌رهه‌ڵدانی میلیشیا چه‌كداره له‌یاسا ده‌رچووه‌كان له عێراق به شێوه‌یه‌كی به‌رچاو دوای ساڵی 2003 هاتۆته كایه‌وه. چه‌ندین هۆكاری جیاواز، بوونه‌ته بنه‌ما بۆ دامه‌زراندنی گرووپ و میلیشیا چه‌كداره‌كان له عێراقی دوای سه‌ددام حوسێن. بنه‌مای مه‌زهه‌ب یه‌كێكه له دیارترین و كاریگه‌رترین هۆكار كه میلیشیا چه‌كداره شیعیه‌كان له‌سه‌ری دامه‌زراوه. ڕاسته نزیكه‌ی سه‌رجه‌م میلیشیا چه‌كداره شیعه‌كان گوتاری مه‌زهه‌بییان كردۆته ئامانجی كار و چالاكییه‌كانیان، به‌ڵام له جه‌وهه‌ردا ئه‌م جۆره گوتارانه ته‌نیا بۆ پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه جیاجیا تایبه‌تییه‌كانیان وه‌ك ئامرازێكی كاریگه‌ر به‌كار ده‌هێنن.
هه‌رچه‌نده زۆربه‌ی میلیشیا چه‌كداره شیعه‌كان له‌ژێر چه‌تری حه‌شدی شه‌عبی كۆ بوونه‌ته‌وه و تا ڕادده‌یه‌ك ژیانی سیاسی و ئابووری و ته‌نانه‌ت كۆمه‌ڵایه‌تیشیان خستۆته ژێر كۆنترۆڵی خۆیان، به‌ڵام كێشه و گرفتی قووڵ له‌نێو باڵه‌كان و پێكهاته و گرووپه جیاجیاكانی حه‌شدی شه‌عبی هه‌ن. ئێستا ئه‌گه‌ر ئه‌م ناكۆكی و ململانێ و گرفتانه تا ڕادده‌یه‌ك نه‌خرابنه ڕوو و به شێوه‌یه‌كی ئاشكرا ڕانهگهیهنرابێ، به‌ڵام جیاوازیی به‌رژه‌وه‌ندی و بۆچوونی قووڵ و جددی له نێوان لایه‌نه پێكهێنه‌ره‌كانی ده‌سته‌ی حه‌شدی شه‌عبیدا هه‌یه.
پێش ئه‌وه‌ی خاڵه ناكۆكییه‌كانی نێوان پێكهاته‌ی حه‌شدی شه‌عبی بخه‌ینه ڕوو، هه‌وڵ ده‌ده‌ین به‌كورتی گرنگترین و دیارترین ئه‌و گرووپ و میلیشیا و لایه‌نه شیعیانه بخه‌ینه ڕوو كه ده‌سته‌ی حه‌شدی شه‌عبی پێك ده‌هێنن. حه‌شدی شه‌عبی له نزیكه‌ی (67) گرووپی شیعی جیاواز، (43) گرووپی سوننی و (9) تا (10) گرووپی كه‌مینه‌كانی نزیكی ناوچه‌ی باشووری هه‌رێمی كوردستان پێك دێت. به شێوه‌یه‌كی گشتیش به‌پێی لێدوانه‌كانی سه‌رۆكی ده‌سته‌ی حه‌شدی شه‌عبی "فالح فه‌یاز"، ژماره‌ی چه‌كدارانی بریتییه له (140) هه‌زار چه‌كدار و (45) هه‌زاریان له چه‌كدارانی سوننه پێك دێت. ئه‌مه‌یان ئه‌و ژماره‌یه‌یه كه به شێوه‌ی فه‌رمی تۆمار كراون و پێشبینی ده‌كرێت ڕێژه‌یه‌كی به‌رزی ئه‌م ژماره‌یه بندیوار بن.
ده‌سته‌ی حه‌شدی شه‌عبی دوای دامه‌زراندنی له‌لایه‌ن سه‌رۆكوه‌زیرانی پێشووتری عێراق، نووری مالكی له ساڵی 2014 و، به‌پێی یاسای ژماره (40) ساڵی 2016 چوارچێوه‌ی یاسایی به‌خشرایه ئه‌م ده‌سته‌یه كه ناوی له‌گه‌ڵ پێشێلكاریییهكانی مافی مرۆڤ و چه‌ندین ڕووداوی خوێناوی تێوه‌گلاوه. دواتر ههیكهڵیهتی ڕێكخستنی به‌پێی فه‌رمانی دیوانیی ژماره (237) و (328) و (331) كه له ساڵی 2019 ده‌رچووه، ڕێك خرایه‌وه. هۆكاری سه‌ره‌كیی ده‌رهێنانی ئه‌م فه‌رمانه دیوانیانه، ڕێكخستنی میلیشیا چه‌كداره‌كانی حه‌شدی شه‌عبیه؛ هه‌روه‌ها هه‌وڵێكه بۆ كۆنترۆڵكردنی ئه‌م ده‌سته‌یه له‌ژێر چاودێری و فه‌رمانی سه‌رۆكوه‌زیران. له‌م چوارچێوه‌یه‌دا فه‌رمانی دیوانیی ژماره (237) كه له ڕێكه‌وتی (1/7/2019) له‌لایه‌ن نووسینگه‌ی سه‌رۆكوه‌زیرانی ئه‌و كاته ده‌رچووه، ئه‌م خاڵانه‌ی خواره‌وه له‌خۆ ده‌گرێت:
١- دووپات كراوه كه ده‌سته‌ی حه‌شدی شه‌عبی به‌شێكی هێزه چه‌كداره فه‌رمییه‌كانی عێراقه؛ هه‌روه‌ها ئاماژه به بابه‌تی دیاریكردنی سه‌رۆكی ده‌سته‌كه له‌لایه‌ن سه‌رۆكوه‌زیرانه‌وه كراوه، به شێوه‌یه‌ك سه‌رۆكه‌كه ڕاسته‌وخۆ سه‌ر به سه‌رۆكوه‌زیرانه.
٢- یه‌كێك له گرنگترین خاڵه‌كانی فه‌رمانی دیوانییهكه، گۆڕینی سه‌رجه‌م ئه‌و دروشم و ناوانه‌یه كه له‌لایه‌ن گرووپ و میلیشیا چه‌كداره‌كانی حه‌شدی شه‌عبی به‌كار ده‌هێنرا و، یهكخستنهوهیانه له‌ژێر ئه‌و سیسته‌م و شێوازه كه له سوپای عێراق به‌ركاره وه‌كوو (فیرقه، لیوا، فه‌وج و هتد)، هه‌روه‌ها هاوتاكردنی پله سه‌ربازییه‌كانی حه‌شد له‌گه‌ڵ پله سه‌ربازییه‌كانی سوپای عێراق.
٣- بچڕاندنی په‌یوه‌ندیی نێوان میلیشیا و گرووپه چه‌كداره‌كان له‌گه‌ڵ لایه‌نه سیاسییه‌كان؛ واتا جیاكردنه‌وه‌ی باڵی سیاسی و سه‌ربازی (چه‌كداری)ی میلیشیاكان. هه‌روه‌ها خستنه‌ڕووی بژارده‌ی مانه‌وەیان وه‌كوو گرووپی چه‌كداری یاخود وه‌كوو ڕێكخستنێكی سیاسی.
٤- داخستنی سه‌رجه‌م نووسینگه ئابوورییه‌كان، وه‌كوو بازگه و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی چوارچێوه‌ی تازه‌ی حه‌شدی شه‌عبی.
هه‌روه‌ك ده‌بینرێ، له‌م فه‌رمانه دیوانییه هه‌وڵ دراوه حه‌شدی شه‌عبی كۆنترۆڵ و ڕێك بخرێت، به‌ڵام زۆربه‌ی ئه‌و خاڵانه‌ی كه له سه‌ره‌وه ڕاگه‌یه‌نراوه، له‌لایه‌ن گرووپ و میلیشیا چه‌كداره‌كانه‌وه جێبه‌جێ نه‌كراوه و به شێوه‌یه‌كی به‌رچاو پێشێل كراوه. دواتر به‌پێی فه‌رمانی دیوانیی ژماره (328)ی ساڵی 2019 ڕێگه درایه حه‌شدی شه‌عبی نوێنه‌ری له فه‌رمانده‌ییی ئۆپه‌راسیۆنه هاوبه‌شه‌كان هه‌بێت؛ ئه‌مه‌یش هه‌وڵێكی دیكه‌ی حكوومه‌تی عێراق بوو بۆ ئه‌وه‌ی حه‌شدی شه‌عبی زیاتر بۆ لایه‌نی سه‌ربازی و ئه‌منی ڕابكێشی له فه‌رمانده‌ییی هاوبه‌شی هێزه چه‌كداره‌كانی عێراق به سه‌رۆكایه‌تیی سه‌رۆكوه‌زیران و، له ژیانی سیاسیی وڵات دووریان بخاته‌وه.
له لایه‌كی دیكه به‌پێی فه‌رمانی دیوانیی ژماره (331)ی ساڵی 2019، كه له ڕێكه‌وتی (17/09/2019) له‌لایه‌ن نووسینگه‌ی سه‌رۆكوه‌زیرانه‌وه ده‌رچووه، ههیكهڵیهتی ڕێكخستن و ئیداریی حه‌شدی شه‌عبی ڕاگه‌یه‌نراوه.
له‌گه‌ڵ گشت ئه‌م هه‌وڵ و كۆششانه بۆ كۆنترۆڵكردن و ڕێكخستنی میلشیا و گرووپه چه‌كداره‌كانی حه‌شدی شه‌عبی و به‌ستنه‌وه‌یان به فه‌رمانده‌ی گشتیی هێزه سه‌ربازه‌كان به سه‌رۆكایه‌تیی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق، به‌ڵام چه‌ندین كێشه‌ی جه‌وهه‌ری هه‌یه كه بوونه‌ته هۆی سه‌رهه‌ڵدان و دروستبوونی ململانێ و ناكۆكی له نێوان پێكهاته سه‌ره‌كییه‌كانی ده‌سته‌ی حه‌شدی شه‌عبی و، به‌گشتی ده‌توانین هۆكاری ئه‌م ململانێیانه بۆ ئه‌م خاڵانه‌ی خواره‌وه بگه‌ڕێنینه‌وه:
١- میلیشیا و گرووپه چه‌كداره‌كانی سه‌ر به ده‌سته‌ی حه‌شدی شه‌عبی له چوار جۆر گرووپ پێك دێت له ڕووی پابه‌ندبوونیان به مه‌رجه‌عه باڵاكانی شیعه له جیهان كه به‌م شێوه‌ی خواره‌وه‌یه:
أ. ئه‌و گرووپ و میلشیاتانهی سه‌ر به مه‌رجه‌عی باڵا شیعه‌ی ئێران، ئایه‌توڵڵا "علی خامه‌نه‌یی"ن، كه ڕێژه‌یه‌كی باشی گرووپه چه‌كداره‌كان پێك دێنێت. له هه‌مان كاتیش‌دا ئه‌م گرووپه پێ ده‌گوترێت "حه‌شدی ولائی" و بڕوایان به بنه‌مای ویلایه‌تی فه‌قیهه‌وه هه‌یه.
ب. گرووپه چه‌كداره‌كانی سه‌ر به مه‌رجه‌عی باڵای نه‌جه‌ف له عێراق، ئایه‌توڵڵا "عه‌لی سیستانی" كه به‌شێكی گرنگی میلیشیا چه‌كداره‌كانی حه‌شدی شه‌عبی پێك دێنێت.
ج. سرایا سه‌لام و گرووپه‌كانی دیكه‌ی سه‌ر به‌م گرووپه چه‌كداره كه سه‌ر به كه‌سایه‌تیی ناوداری لاوی شیعه "موقته‌دا سه‌در"ن، هه‌رچه‌نده سه‌در نه‌گه‌یشتۆته ئاست و پله‌ی ئایه‌توڵڵا به‌ڵام له ڕووی تهقلیدكردنیشهوه ئه‌م گرووپه ڕاسته‌وخۆ سه‌ر به موقته‌دا سه‌دره.
ت. جگه له‌م گرووپانه‌ی سه‌ره‌وه هه‌ندێك گرووپی دیكه‌ی بچووك شوێنی خۆیان له‌نێو پێكهاته‌كانی حه‌شدی شه‌عبیدا كردۆته‌وه، كه ژماره‌یان زۆر نییه و زۆریش كاریگه‌ر نین وه‌كوو سێ گرووپه‌كه‌ی سه‌ره‌وه.
ململانێیه‌كی فیقهی هه‌یه له‌نێو ئه‌م گرووپانه‌ی سه‌ره‌وه، به‌تایبه‌تی سێ گرووپی یه‌كه‌م، گرووپی ولائییهكان ڕاسته‌وخۆ سه‌ر به ئایه‌توڵڵا "عه‌لی خامه‌نه‌یی)ن و ولائیان بۆ ئێرانه و په‌یڕه‌وانی بنه‌مای ویلایه‌تی فه‌قیهن و هه‌وڵ ده‌ده‌ن ژیانی سیاسی له عێراق له‌م چوارچێوه‌یه‌دا دابڕێژرێت و له سنووری تاران ده‌رنه‌چێت. به‌رانبه‌ر ئه‌مه، گرووپی دووه‌م كه ڕاسته‌خۆ سه‌ر به مه‌رجه‌عی باڵای شیعه‌ن له عێراق و ولائیان بۆ ئایه‌توڵڵا "عه‌لی سیستانی" هه‌یه، كار بۆ ئه‌وه ده‌كه‌ن ژیانی سیاسیی عێراق له چوارچێوه‌ی مه‌رجه‌عی باڵای نه‌جه‌ف دابڕێژێت و خۆی ته‌سلیمی ئێران و مه‌رجه‌عی شیعیی ئێران ئایه‌توڵڵا "عه‌لی خامه‌نه‌یی" نه‌كه‌ن.
جگه له‌م دوو گرووپه دژبه‌یه‌ك و كاریگه‌ره‌ی ناو حه‌شدی شه‌عبی، گرووپ و میلیشیایه‌كی دیكه هه‌یه له‌نێو ڕیزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی كه تا ڕادده‌یه‌كی زۆر قورسایی و پێگه‌یه‌كی به‌رچاوی هه‌یه، ئه‌ویش میلیشیاكانی سه‌ر به ڕه‌وتی سه‌درن. ڕه‌وتی سه‌در هه‌رچه‌نده تا ماوه‌یه‌كی دوور و درێژ شوێنكه‌وتووی مه‌رجه‌عی باڵا شیعه له قوم ئایه‌توڵڵا "كازم حائیری" بوون، به‌ڵام دواتر نێوانی حائیری و سه‌در تێك چوو و ئێستا سه‌در هه‌وڵی داوه به شێوه‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆ و جیاواز له مه‌رجه‌عی نه‌جه‌ف و قوم، خۆی ده‌ربخات. سه‌در به‌رده‌وام شانازی به عێراقیبوون و سه‌ربه‌خۆبوونی خۆی ده‌كات و ئه‌م ده‌رفه‌ته‌ی قۆستۆته‌وه بۆ به‌ده‌ستهێنانی ڕه‌زامه‌ندیی شه‌قامی شیعه. به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌یش، ناكرێ بانگه‌شه‌ی ئه‌وه بكرێ سه‌در به شێوه‌یه‌كی ڕه‌ها سه‌ربه‌خۆیه و هیچ لایه‌ك كاریگه‌ریی له‌سه‌ر دروست ناكات، چونكه زۆر جار ئه‌وه‌مان بۆ به‌ڕوونی ده‌ركه‌وتووه كه سه‌در ناتوانێ به‌بێ ڕه‌زامه‌ندیی تاران و قوم هه‌نگاوی یه‌كلاكه‌ره‌وه بنێت و له هه‌مان كاتیش‌دا هه‌رچه‌نده ئاره‌زوومه‌ندانه‌یش نه‌بێ، جاروبار ته‌سلیمی گوشاره‌كانی مه‌رجه‌عی باڵای نه‌جه‌ف ده‌بێته‌وه.
كه‌واته كێشه و گرفتی یه‌كه‌م له‌نێو پێكهاته سه‌ره‌كییه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی له ڕووی فیقهییهوهیه و، ململانێیه‌كی شاراوه هه‌یه ده‌رباره‌ی ئه‌و مه‌رجه‌عه باڵایانه‌ی شیعه كه وه‌ك مه‌رجه‌ع قبووڵ ده‌كرێن. واتا ده‌توانین بڵێین ململانێیه‌كی مه‌رجه‌عه‌كان هه‌یه بۆ كۆنترۆڵكردنی ئه‌م ده‌سته‌یه. ئه‌مه‌یش بۆته هۆی دروستبوونی ناسه‌قامگیری له‌نێو باڵه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی.
٢- خاڵی ناكۆكیی دووه‌م له نێوان سێ پێكهاته سه‌ره‌كییه‌كه‌ی حه‌شدی شه‌عبی، بریتییه له كۆنترۆڵكردنی پۆسته گرنگه و كاریگه‌ره‌كانی ده‌سته‌ی حه‌شدی شه‌عبی. گرووپ و میلیشیاكانی سه‌ر به ئێرانی ناو حه‌شد، به شێوه‌یه‌كی به‌رچاو ده‌ستیان گرتووه به‌سه‌ر فه‌رمانده سه‌ره‌كی و جه‌وهه‌رییه‌كانی ده‌سته‌ی حه‌شد؛ به شێوه‌یه‌ك گرووپ و میلیشیاكانی سه‌ر به مه‌رجه‌عی باڵای شیعه له نه‌جه‌ف وه‌ك "فیرقه‌ی عه‌باسی شه‌ڕكه‌ر"، "لیوا عه‌لی ئه‌كبه‌ر"، "لیوای لایه‌نگرانی مه‌رجه‌عیه" و "لیوای ئیمام عه‌لی شه‌ڕكه‌ر" له ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی و فه‌رمانده‌ییی حه‌شدی شه‌عبی دوور خراونه‌ته‌وه. بۆیه هه‌ر له‌به‌ر ئه‌م هۆكاره ئه‌م چوار گرووپه‌ی حه‌شد كه سه‌ر به مه‌رجه‌عی باڵای نه‌جه‌فن، له‌سه‌ر بڕیاری سه‌رۆكوه‌زیران له ڕێكه‌وتی (23/4/2020) بڕیاری كشانه‌وه‌یان له ده‌سته‌ی حه‌شد داوه و ڕاسته‌وخۆ به فه‌رمانده‌ییی گشتیی هێزه چه‌كداره‌كانه‌وه به‌ستراونه‌ته‌وه. ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی لیواكانی سه‌ر به مه‌رجه‌عی نه‌جه‌ف دوای دیاریكردنی "عه‌بدولعه‌زیز محه‌مه‌د" ناسراو به "ئه‌بو فدك" وه‌ك سه‌رۆكی ده‌سته‌ی ئه‌ركانی حه‌شدی شه‌عبی، دێ و ده‌كرێت وه‌ك ده‌ربڕینی ناڕه‌زایه‌تییه‌ك بخوێندرێته‌وه له دژی ههژموونگهراییی گرووپه‌كانی ولائی و زیادبوونی نفووزیان له ده‌سته‌ی فه‌رمانده‌ی گشتیی حه‌شدی شه‌عبی. له لایه‌كی دیكه‌وه ئه‌م هه‌نگاوه په‌یامێكی ڕاسته‌وخۆ و ئاشكرایه بۆ میلیشیا چه‌كداره‌كانی سه‌ر به حه‌شد كه پێویسته چالاكییه‌كانیان له چوارچێوه‌ی هێزه چه‌كداره فه‌رمییه‌كانی عێراق به‌جێ بگه‌یه‌نن.
٣- بابه‌تی كۆنترۆڵكردنی ئه‌و بوودجه‌یه كه بۆ حه‌شدی شه‌عبی ته‌رخان كراوه، كێشه و گرفتێكی به‌رچاوی دیكه‌یه كه له نێوان پێكهاته سه‌ره‌كییه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی هاتۆته ئاراوه. ساڵانه چه‌ندین ملیار دیناری عێراقی بۆ ده‌سته‌ی حه‌شدی شه‌عبی ته‌رخان ده‌كرێت و به شێوه‌یه‌كی فه‌رمی دابینكردنی ئه‌م بڕه پاره زۆره زامن كراوه. به‌ڵام لایه‌نه نزیكه‌كانی ئێران، واتا حه‌شدی ولائی، به‌زه‌قی ده‌ستیان به‌سه‌ر پرۆسه‌ی دابه‌شكردن و خه‌رجكردنی ئه‌م بوودجهیهدا گرتووه؛ ئه‌مه‌یش بۆته هۆی دروستبوونی ناكۆكیی جددی له نێوان پێكهاته سه‌ره‌كییه‌كانی ناو حه‌شدی شه‌عبی. جگه له‌مه، حه‌شدی شه‌عبی بڕگه‌یه‌كی تایبه‌تی له بوودجه‌ی ئه‌مساڵ وه‌ك بوودجه‌ی سیادی، به‌مه‌به‌ستی دابینكردنی چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی بۆ ته‌رخان كراوه. به‌هۆی ئه‌وه‌ی ده‌سته‌ی حه‌شدی شه‌عبی له‌لایه‌ن حه‌شدی ولائییهوه كۆنترۆڵ كراوه، چاوه‌ڕوان ده‌كرێت به‌شی شێری چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نییه‌كان بۆ ئه‌م گرووپه ته‌رخان بكرێت. كێشه جه‌وهه‌ری و مه‌ترسیداره‌كه ئه‌وه‌یه ئه‌م چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نییانه كه له چوارچێوه‌ی بوودجه‌ی گشتییه‌وه ده‌كڕدرێت، ده‌كه‌وێته ژێر كۆنترۆڵی گرووپ و میلیشیا له‌یاسا ده‌رچووه‌كانی ناو حه‌شدی شه‌عبی.
٤- نووسینگه ئابوورییه‌كانی سه‌ر به گرووپه‌كانی حه‌شدی ولائی، بابه‌تێكی دیكه‌ی ناكۆكییه له نێوان باڵه جیاجیاكانی نێو حه‌شدی شه‌عبی و به‌گشتیش ناڕه‌زایه‌تییه‌كی زۆری لێ كه‌وتۆته‌وه. ئه‌م جۆره نووسینگانه له‌لایه‌ن گرووپه‌كانی نزیك تاران، به‌تایبه‌تی له‌و ناوچانه دامه‌زراوه كه تازه له‌لایه‌ن میلشیاكانی سه‌ر به حه‌شد كۆنترۆڵ كراوه. ئه‌م نووسینگانه به شێوه‌یه‌كی ڕاسته‌وخۆ سه‌رجه‌م چالاكییه ئابووری و وه‌به‌رهێنانه‌كانی ئه‌م ناوچانه‌یان قۆرخ كردووه و گوشار ده‌خه‌نه سه‌ر وه‌به‌رهێنه‌ر و پیاوانی كار و به‌ڵینده‌رانی ناوچه‌كه و ته‌نانه‌ت له هه‌ندێك شوێن سه‌رانه له پیشه‌گه‌ران وه‌رده‌گرن. ئه‌م دیارده‌یه پێگه‌ی حه‌شد و ناوی شیعه‌ی له‌كه‌دار كردووه و بۆته هۆی ناڕه‌زایه‌تیی حه‌شدی سه‌ر به مه‌رجه‌عییه‌ی نه‌جه‌ف. له لایه‌كی دیكه گرووپه‌كانی سه‌ر به سه‌دریش، وه‌كوو حه‌شدی ولائی، ئه‌م جۆره نووسینگانهیان كردۆته‌وه و هه‌وڵیان داوه له‌م ناوچانه نفووزی ئابووریی خۆیان زیاد بكه‌ن. ئه‌مه‌یش بووه‌ته هۆی دروستبوونی ململانێیه‌كی ژێربه‌ژێر له نێوان حه‌شدی ولائی و گرووپ و میلیشیاكانی سه‌در له حه‌شدی شه‌عبیدا.
٥- بوونی باڵی سیاسیی میلیشیاكان خاڵێكی ناكۆكیی دیكه‌یه له نێوان حه‌شدی ولائی و حه‌شدی سه‌ر به مه‌رجه‌عییه‌ی نه‌جه‌ف. به‌پێی فه‌رمانی دیوانیی ژماره (237) كه له ڕێكه‌وتی (1/7/2019) له‌لایه‌ن نووسینگه‌ی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق ده‌رچووه و له سه‌ره‌وه‌یش ئاماژه‌مان پێ كردووه، ده‌بێت سه‌رجه‌م لایه‌ن و باڵه سیاسییه‌كانی میلیشاكانی ناو حه‌شد هه‌ڵبوه‌شێنه‌وه؛ واتا نابێ میلیشیای چه‌كداری له هه‌مان كاتدا باڵێكی سیاسیشی هه‌بێت. بژارده‌ی مانه‌وه له حه‌شد به‌بێ باڵی سیاسی یاخود ته‌نیا مانه‌وه له‌ناو حه‌شد وه‌ك كیانێكی چه‌كدار، خراوه‌ته به‌رده‌م سه‌رجه‌م میلیشیا شیعییه‌كان. له‌م چوارچێوه‌یه‌دا حه‌شدی ولائی، حه‌شدی مه‌رجه‌عییه به‌وه تۆمه‌تبار ده‌كات كه سه‌ر به مهرجهعییهیه و نابێت ئه‌و په‌یوه‌ندییه له نێوانیاندا بمینێت؛ به‌رانبه‌ر ئه‌مه‌یش حه‌شدی مه‌رجه‌عییه، حه‌شدی ولائی به بوونی باڵی سیاسی تۆمه‌تبار ده‌كات و ته‌نانه‌ت یه‌كێك له هۆكاره‌كانی كشانه‌وه‌ی لیواكانی مه‌رجه‌عییه له حه‌شدی شه‌عبی ئه‌م خاڵه سه‌ره‌كییه بوو. به‌گشتی میلیشیا شیعه‌كانی ناو حه‌شدی شه‌عبی به هیچ شێوه‌یه‌ك پابه‌ندی بڕگه‌ی نه‌هێشتنی په‌یوه‌ندیی نێوان میلیشیا و باڵی سیاسی نه‌بوون كه له فه‌رمانی دیوانیی ژماره (237) ڕێك خرابوو.
٦- حه‌شدی ولائیش له‌نێو خۆیاندا هه‌ندێك كێشه‌یان هه‌یه. گرنگترینیان بریتییه له‌و گرووپانه‌ی كه ڕاسته‌وخۆ هێزه‌كانی هاوپه‌یمانان و باڵیۆزخانه و كونسوڵگه‌رییه‌كان به كاتیۆشا ده‌كه‌نه ئامانج و پێیان وایه تاكه ڕێگه بۆ ده‌ركردنی هێزه بیانییه‌كان له عێراق ئه‌م جۆره گوشارانه‌یه. به‌رانبه‌ر ئه‌مه گرووپێكی دیكه هه‌ن كه بڕوایان به به‌كارهێنانی هێز و چه‌ك نییه له دژی باڵیۆزخانه و كونسوڵگه‌رییه‌كان و، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ن كه ده‌بێت كێشه‌كان له چوارچێوه‌یه‌كی ئاشتییانه و به به‌كارهێنانی ڕێگه دیپلۆماسییه‌كان و جۆره‌كانی دیكه‌ی گوشار چاره‌سه‌ر بكرێت جگه له بژارده‌ی به‌كارهێنانی هێز.
٧- حه‌شدی ولائی جگه له قۆرخكردنی ئه‌و ئیمتیازانه‌ی كه دراونه‌ته حه‌شدی شه‌عبی، پلانێكی دیكه‌ی داڕشتووه بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ست به‌سه‌ر ئه‌و بوودجانهدا بگرێت كه بۆ وه‌زاره‌ته خزمه‌تگوزارییه‌كانی دیكه ته‌رخان كراوه. ئه‌وه‌یش له ڕێگه‌ی دامه‌زراندنی حه‌شدی خزمه‌تگوزاریی نیشتمانی، كه پێك هاتووه له هه‌ر یه‌ك له وه‌زاره‌ته‌كانی ئاوه‌دانكردنه‌وه و نیشته‌جێكردن و پیشه‌سازی، ئه‌میندارێتیی به‌غدا و ده‌سته‌ی حه‌شدی شه‌عبی. له هه‌نگاوی یه‌كه‌م به بیانووی قیڕتاوكردنی ڕێگه‌وبانه‌كانی به‌غدای پایته‌خت، هه‌وڵ ده‌درێت حه‌شدی شه‌عبی ڕۆڵێكی خزمه‌تگوزاریی پێ بسپێردرێت بۆ ئه‌وه‌ی بیانووێك بۆ هۆكاری مانه‌وه‌ی بخرێته ڕوو. هه‌روه‌ها چاوه‌ڕوان ده‌كرێت ئه‌م حهشدهیش ببێته بابه‌تی ململانێ و كێبڕكێی نێوان حه‌شدی ولائی و حه‌شدی مه‌رجه‌عییه و گرووپه‌كانی سه‌ر به سه‌در. چونكه به‌تایبه‌تی گرووپی سه‌در له كاتی وه‌رگرتنی پۆست له كابینه‌كانی حكوومه‌ت، هه‌وڵی داوه وه‌زاره‌ته خزمه‌تگوزارییه‌كان وه‌ربگرێت بۆ ئه‌وه‌ی به‌ئاسانی بگاته شه‌قام و خۆ له هاووڵاتیان نزیك بكاته‌وه؛ لێره‌ش به هه‌مان شێوه هه‌وڵ ده‌دات حه‌شدی خزمه‌تگوزاریی نیشتمانی كۆنترۆڵ بكات. به‌رانبه‌ر ئه‌مه‌یش حه‌شدی ولائی به‌ئاسانی ڕێگه به گرووپه‌كه‌ی سه‌در نادات بگاته ئه‌م ئامانجه‌ی.
هه‌رچه‌نده هه‌وڵی زۆر دراوه بۆ ئه‌وه‌ی چوارچێوه‌یه‌كی یاسایی و ڕێكخراو ببه‌خشرێته ده‌سته‌ی حه‌شدی شه‌عبی و، كاری زۆر بۆ پاراستنی ئه‌و پێگه‌یه‌ی كه ئێستا هه‌یه‌تی ده‌كرێت، به‌ڵام ئه‌و ناكۆكی و كێشه و گرفت و ململانێ جه‌وهه‌رییانه مه‌ترسیی جددییان خستۆته سه‌ر داهاتووی حه‌شدی شه‌عبی؛ جگه له‌مه ئه‌م میكانیزمه‌ی كاركردن و ههیكهڵیهتی حه‌شدی شه‌عبی و شێوازی دابه‌شكردنی پۆسته باڵاكان تیایدا، كێشه‌ی زۆری تێدایه و چاوه‌ڕوانیش ده‌كرێت حه‌شدی شه‌عبی ڕووبه‌ڕووی هه‌ڵوه‌رینی گه‌لای زیاتر بێت و گرووپ و میلیشیای دیكه لێی بكشێته‌وه به‌تایبه‌تی ئه‌گه‌ر هات و سه‌رچاوه دارایییه‌كانی لێ ببڕدرێت.