موەفەق عادل عومەر، دكتۆرا له سیسته‌مه سیاسییه‌كان و مامۆستا له به‌شی سیسته‌مه سیاسییه‌كان و سیاسه‌تی گشتی-زانكۆی سه‌ڵاحه‌ددین
دوای سه‌رهه‌ڵدان و كۆنترۆڵكردنی ناوچه‌یه‌كی فراوان له خاكی عێراق له‌لایه‌ن ڕێكخراوی تیرۆریستیی داعش، مووسڵ و ناوچه‌كانی ده‌وربه‌ری گرنگترین و ستراتیژیترین شوێن بوو كه له‌لایه‌ن تیرۆریستانه‌وه داگیر كرابوون. شنگال و چیای شنگال به حوكمی پێگه ستراتیژی و هه‌ستیاره‌كه‌ی، بووه ئامانجی سه‌ره‌كیی هێزه ناوخۆیییه‌كان و ته‌نانه‌ت بووه هۆكاری سه‌رهه‌ڵدانی ململانێیه‌كی سه‌خت له نێوان هێزه هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تییه‌كان. هه‌ر له‌به‌ر ئه‌م هۆكاره‌یش میلیشیاكانی حه‌شدی شه‌عبیی نزیك له ئێران، به هه‌ماهه‌نگیی هێزه چه‌كداره‌كانی په‌كه‌كه هه‌وڵه‌كانیان بۆ كۆنترۆڵكردنی شنگال چڕ كرده‌وه. ئه‌مه‌یش بووه هۆی ده‌ستپێكردنی قۆناغێكی نوێ له ململانێ و ناسه‌قامگیریی ئه‌منی و سیاسی له شنگال كه كاردانه‌وه‌كه‌ی گه‌یشته ئاستێكی هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تی.
شنگال له دووریی 120 كیلۆمه‌تره له مووسڵ و 50 كیلۆمه‌تریش له سنووری سووریاوه دووره. له ساڵی 1928، شنگال بوو به قه‌زایه‌كی سه‌ر به شاری مووسڵ. چیای شنگالیش سه‌ر به قه‌زای شنگاله و به‌رزایییه‌كه‌ی نزیكه‌ی 1400 مه‌تره و درێژییه‌كه‌ی 75 كیلۆمه‌تره و پانییه‌كه‌یشی 8 كیلۆمه‌تره. ئه‌م تایبه‌تمه‌ندییانه‌ی چیای شنگال، پێگه ستراتیژییه‌كه‌ی گرنگتر كردووه. له سایه‌ی ئه‌م تایبه‌تمه‌ندییانه و شوێنه جوگرافییه ستراتیژییه‌كه‌ی كه ده‌كه‌وێته خاڵی پێگه‌یاندنی عێراق و سووریا، به درێژاییی مێژوو شنگال بووه‌ته خاڵی پێگه‌یشتنی كاروانه بازرگانییه‌كان. له لایه‌كی دیكه‌وه چیای شنگال زۆر له‌باره بۆ دامه‌زراندنی شوێنی مه‌شقی سه‌ربازی تیایدا. به‌م پێیه‌یش ئه‌و لایه‌نه‌ی كه كۆنترۆڵی شنگال و چیاكه‌ی ده‌كات، ده‌توانێ زۆر به‌ئاسانی هێزی چه‌كداری تیایدا دابمه‌زرێنیت و مه‌شقی سه‌ربازییان پێ بكات؛ هه‌روه‌ها له‌باره بۆ جێگیركردنی هێزه چه‌كدارییه‌كان.
جا له‌به‌ر ئه‌م گرنگییه ستراتیژی و سه‌ربازییه‌ی كه شنگال هه‌یه‌تی، دوو هێزی هه‌رێمیی گرنگ و كاریگه‌ری ناوچه‌كه وه‌كوو توركیا و ئێران، بووه‌ته ململانێ‌یان له‌سه‌ر ئه‌م ناوچه‌یه. لێره‌دا پرسیاری ئه‌وه‌مان بۆ دروست ده‌بێت كه ئایا بۆچی شنگال بۆ هه‌ر یه‌ك له توركیا و ئێران گرنگه؟ هه‌وڵ ده‌ده‌ین گرنگی و هۆكاری بایه‌خدانی هه‌ردوو هێزی هه‌رێمی به‌م ناوچه‌یه، به‌جیا به‌م شێوه‌ی خواره‌وه ڕوون بكه‌ینه‌وه:
یه‌كه‌م: قورسایی و به‌های شنگال بۆ توركیا
- 1. توركیا پێش هه‌موو شتێك، نیگه‌رانه به بوونی چه‌كدارانی په‌كه‌كه له شنگال و ئه‌مه به مه‌ترسییه‌كی ڕاسته‌وخۆ بۆ به‌هێزبوونی په‌كه‌كه ده‌زانێت. دوای ئازادكردنی شنگال له ساڵی 2015 و ڕووداوه‌كانی (16)ی ئۆكتۆبه‌ر جگه له میلیشیاكانی حه‌شدی شه‌عبی، چه‌كدارانی په‌كه‌كه‌یش له شنگال به شێوه‌یه‌كی هه‌میشه‌یی خۆیان جێگیر كرد. ئانكارا چه‌ندین ساڵه به‌ده‌ست قه‌ندیله‌وه ده‌ناڵێنێت و ئێستا نایه‌وێ برینه‌كه‌ی ببێ به دوو برین و شنگالی لێ ببێته قه‌ندیلی دووه‌م.
- 2. ئانكارا له‌سه‌ره‌تای ده‌ستپێكردنی ڕووداوه‌كانی سووریا له ساڵی (2011)وه، هه‌وڵی داوه له سووریا پێگه و ڕۆڵێكی كاریگه‌ری هه‌بێت؛ ئه‌ویش له ڕێگه‌ی پاڵپشتیكردنی هه‌ندێك له گرووپه‌كانی ئۆپۆزیسیۆنی سووری. ئه‌گه‌ر شنگال بكه‌وێته ژێر كۆنترۆڵی چه‌كدارانی سه‌ر به په‌كه‌كه، ئه‌وه ده‌بێته مه‌ترسییه‌كی گه‌وره بۆ سووریا، به‌تایبه‌ت بۆ ئه‌و گرووپانه‌ی كه له‌لایه‌ن توركیاوه پشتگیری‌یان لێ ده‌كرێت، چونكه شنگال له سنووری عێراق-سووریا نزیكه و ئه‌و هێزه‌ی كۆنترۆڵی ئه‌و ناوچه‌یه بكات زۆر به‌ئاسانی ده‌توانێ گوشار بخاته سه‌ر لایه‌نه سوورییه‌كان له ڕێگه‌ی به‌كارهێنانی خاڵی سنووریی نێوان عێراق و سووریا. واته ئانكارا كار بۆ بچڕاندنی ئه‌و هێڵه ده‌كات كه چه‌كدارانی په‌كه‌كه له سووریا به چه‌كدارانی په‌كه‌كه له عێراق (شنگال) ده‌به‌ستێته‌وه.
- 3. توركیا به هیچ شێوه‌یه‌ك نایه‌وێت هێزه‌كانی نزیك ئێران به هه‌ماهه‌نگیی چه‌كدارانی په‌كه‌كه ناوچه سنوورییه‌كانی عێراق و سووریا كۆنترۆڵ بكه‌ن و، کار بۆ ئەوە دەکات دەرفەت نەدرێتە ئێران لە ڕێگەی ئەم گرووپە چەکدارانەوە بگاتە سوریا و دەریای ناوەڕاست. به‌هێزبوونی ئێران له سووریا و عێراق به‌تایبه‌ت و له ناوچه‌كه به شێوه‌یه‌كی گشتی، له به‌رژه‌وه‌ندیی توركیادا نییه. ئه‌گه‌ر خوێندنه‌وه‌یه‌كی گشتی بۆ هێزه هه‌رێمییه‌كانی ناوچه‌كه بكه‌ین، ئه‌وه بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت كه هه‌ر یه‌ك له توركیا و ئێران و ئیسرائیل به پله یه‌ك كاریگه‌رییه‌كی به‌رچاویان هه‌یه و خاوه‌نی توانای ئاراسته‌كردنی ڕووداوه‌كانن، چونكه بۆ ماوه‌یه‌كه وڵاتانی كه‌نداو و عه‌ره‌بی، ئه‌و كاریگه‌ری و هێزه‌ی جارانیان له ناوچه‌كه‌دا نه‌ماوه.
- 4. چه‌ندین ساڵه توركیا پلانی هه‌یه بۆ كردنه‌وه‌ی ده‌روازه‌ی سنووریی "ئاڤا كۆی" له‌گه‌ڵ عێراق؛ ئه‌گه‌ر ئه‌م هه‌وڵانه‌ی توركیا بۆ كردنه‌وه‌ی ئه‌م ده‌روازه سنوورییه سه‌ر بگرێت، ئه‌وه پێویسته هیچ مه‌ترسییه‌ك له‌سه‌ر ڕێره‌وی ده‌روازه سنوورییه‌كه نه‌هێڵێت. به حوكمی ئه‌وه‌ی شنگالیش سه‌ر به مووسڵه، ئه‌وه بوونی په‌كه‌كه له ناوچه‌یه‌كی نزیك له ڕێره‌وی كاروانه بازرگانییه‌كانی توركیا، مه‌ترسییه‌كه‌ی ڕاسته‌خۆیه بۆ سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندییه ئابوورییه‌كانی ئانكارا له عێراق. بۆیه ئه‌مه پاڵنه‌رێكی دیكه‌یه كه وا له ئانكارا ده‌كات گوشاره‌كانی بۆ نه‌هێشتی په‌كه‌كه له شنگال چڕ بكاته‌وه.
- شنگال له قه‌زای ته‌له‌عفه‌ر- كه زۆرینه‌ی دانیشتووانه‌كه‌ی توركمانی شیعه و سوننه‌مه‌زهه‌بن- نزیكه، بۆیه ئانكارا نایه‌وێت په‌كه‌كه گوشار بخاته سه‌ر توركمانه‌كانی ته‌له‌عفه‌ر. دوای شاری كه‌ركووك زۆرترین ڕێژه‌ی دانیشتووانی توركمان له عێراق، له قه‌زای ته‌له‌عفه‌ره. به‌پێی تێڕوانینی ئانكارا، بوونی هێزه چه‌كداره‌كانی سه‌ر به په‌كه‌كه له شنگال مه‌ترسییه‌كه‌ی ڕاسته‌وخۆیه بۆ سه‌ر توركمانه‌كانی قه‌زای ته‌له‌عفه‌ر.
- له توركیا له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆیی، گوشار و مه‌ترسییه‌ك هه‌یه له‌باره‌ی بوونی په‌كه‌كه له شنگال. چونكه خه‌ڵك پێی وایه ئه‌مه ده‌بێته هۆی درێژه‌دان به بابه‌تی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆر له‌لایه‌ن حكومه‌تی توركیا و دابینكردنی چه‌ندین ملیار دۆلار بۆ ئه‌م مه‌به‌سته؛ له كاتێكدا ئابووریی توركیا به‌گشتی ڕووربه‌ڕووی چه‌ندین قه‌یرانی دارایی و ئابووری بووه‌ته‌وه. هه‌روه‌ها چه‌ندین ساڵه سوپای توركیا له كاتی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی چه‌كدارانی په‌كه‌كه، زیانی گیانی و ماددیی پێ كه‌وتووه. جێگیربوونی په‌كه‌كه له شنگال له‌وانه‌یه هه‌مان سیناریۆی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی په‌كه‌كه له قه‌ندیل دووباره بكاته‌وه، به‌بێ ئه‌وه‌ی به شێوه‌یه‌كی بنه‌ڕه‌تی كۆتاییی پێ بهێنێت. ئه‌مه‌یش به واتای زیانی دارایی و ئابووری و گیانی دێت بۆ توركیا و به شێوه‌یه‌كی ڕاسته‌خۆ و سه‌ره‌كی، خه‌ڵك لێ زه‌ره‌رمه‌ند ده‌بێت؛ بۆیه خه‌ڵك نایه‌وێ سیناریۆی قه‌ندیل دووباره بێته‌وه.
- ئانكارا به‌رده‌وام نیگه‌رانیی خۆی له پاڵپشتیكردنی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا بۆ چه‌كدارانی په‌كه‌كه ده‌ربڕیوه. چونكه به‌رپرسه توركه‌كان پێیان وایه ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا له لایه‌ك په‌كه‌كه‌ی وه‌كوو ڕێكخراویكی تیرۆریستی ناساندووه و، له لایه‌كی دیكه‌یشه‌وه ڕاسته‌وخۆ له سووریا پاڵپشتی له گرووپه چه‌كداره‌كانی نزیك له په‌كه‌كه ده‌كات. بۆیه ترسی ئانكارا له‌وه‌دایه دوای ماوه‌یه‌كی تر ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌وكانی ئه‌مریكا، پاڵپشتیی چه‌كدارانی په‌كه‌كه بكات و ته‌نانه‌ت له ئێستاوه به‌رپرسه توركه‌كان ده‌ستیان به‌م بانگه‌شه‌یه كردووه گوایه واشنتۆن یارمه‌تیی چه‌كدارانی په‌كه‌كه ده‌دات له شنگال. چونكه پاڵپشتیكردنی واشنتۆن بۆ چه‌كدارانی په‌كه‌كه له شنگال، كاری توركیا بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی په‌كه‌كه له‌و شاره قورس‌تر ده‌كات. بۆیه ئانكارا له ئێستاوه كار بۆ ده‌ركردنی په‌كه‌كه ده‌كات له شنگال.
دووەم: پێگه‌ی شنگال له ستراتیژییه‌تی ئێران
- شنگال دەروازەيەكى گرنگە بۆ سووريا و پاڵپشتیكردنى ميلشياكانى سەر بە ئێران لە سووريا؛ چونكه ئێران بە هيچ شێوەيەك نايەوێ ئەو هێز و نفووزەى كە لە سووريا هەيەتى لەدەست بدات؛ بەپێچەوانە هەوڵ دەدات پێگەى خۆى بەهێزتر بكات. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌یش شنگال و ناوچه سنوورییه‌كانی نێوان عێراق و سووریا پێگه‌یه‌كی ستراتیژییان هه‌یه بۆ جێبه‌جێكردنی ئه‌م ئامانجه‌ی ئێران.
- پرۆژەى "هيلالى شيعی" لە ناوچەكەدا، پێگەيەكى سەرەكیى هەيە لە ستراتيژيیەتى ئێران؛ چونكە بەستنەوەى عێراق بە سووريا و خۆگەياندنى بە دەرياى ناوەڕاست بە شێوەيەكى ڕاستەوخۆ، لە ڕێگەى كۆنترۆڵكردنى شنگالەوە زۆر ئاسانتر دەبێت. بۆيە ئێران هەوڵەكانى خۆى چڕ كردۆته‌وه بۆ ئەوەى ئەم ناوچەيە كۆنترۆڵ بكات و بووه‌تە يەكێك لە هێڵە سوورەكانى ئێران لە عێراق.
- ناوچەى شنگال، بەتايبەتى ناحيەى جلميران، نزيكەى (١٠٠٠) كيلۆمەتر لە ئيسڕائيله‌وه دوورە و سەددام حوسێن لە ساڵى (١٩٩١) لەم ناوچەيەوه بۆردوومانى ئيسڕائيلی كرد و، ئێرانيش خاوەن "مووشەكى شەهاب"ە كە مەوداكەى (١٦٠٠) كيلۆمەترە. لە ڕێگەى كۆنترۆڵكردنى شنگاله‌وه، ئێران كارتێكى گوشارى باش بەرانبەر ئيسڕائيل بەدەست دەهێنێت؛ هەرچەندە ئەوە نزيكەى ٤٠ ساڵە ئێران هەڕەشەى لەناوبردنى ئيسڕائيل دەكا بەڵام ڕۆژگار سەلماندوويەتى كە ئەمە تەنیا هەڕەشەیه و ناگوێزرێته‌وه بۆ سەر ئەرزى واقع؛ به‌ڵام تاران هەوڵى بەدەستهێنانى ئەم كارتە دەدات بۆ ئەوەى لانى كەم خۆى وەك هێزێكى هەرێمیى بەهێز دەربخات و له دانوستانه‌كاندا توانای مناوه‌ره‌ی هه‌بێت.
- تاران بە هەموو توانايەكى خۆی هەوڵ دەدات ڕێگرى لە زيادبوونى نفووزى ئانكارا بكات لە شنگال، چونكە ئانكارا بە ڕەكابەرى خۆى دەبينێ لە عێراق و ناوچەكەدا. به‌هێزبوونی توركیا، به‌تایبه‌تی له ناوچه توركماننشینه‌كانی وه‌كوو ته‌له‌عفه‌ر، ڕاسته‌وخۆ كاریگه‌ریی ده‌بێت له‌سه‌ر شنگال كه بۆ ئێران یه‌كێكه له هێڵه سووره‌كانی له عێراق؛ جگه له‌وه‌ی توركیا له هه‌مان كاتدا په‌یوه‌ندییه‌كی باشی هه‌یه له‌گه‌ڵ عه‌ره‌به سوننه‌كانی مووسڵ، كه شنگال قه‌زایه‌كی گرنگی ئه‌م شاره‌یه. هه‌ر بۆیه ئێران به‌چڕی پرۆژه‌ی به‌شیعه‌كردنی مووسڵی له ڕێگه‌ی میلیشیاكانی حه‌شدی شه‌عبیه‌وه ده‌ست پێ كردووه، به‌مه‌به‌ستی ڕێگریكردن له زیادبوونی نفووزی توركیا، به‌تایبه‌تی له مووسڵ و شنگال و ناوچه‌كانی دیكه.
- ئێران نایه‌وێت به هیچ شێوه‌یه‌ك نفووزی بازرگانیی توركیا له مووسڵ و شنگال به‌تایبه‌تی و له عێراق به‌گشتی زیاد بێت؛ چونكه توركیا ئه‌گه‌ر له كردنه‌وه‌ی ده‌روازه‌ی سنووریی ئاڤا كۆی سه‌ر كه‌وێ، ئه‌وه ڕاسته‌وخۆ ده‌گاته به‌غدا و له‌وێیشه‌وه ڕوو له به‌سره ده‌كات. هه‌روه‌ك لای زۆرینه‌ی دانیشتووانی شاره‌كانی باشووری عێراق ئاشكرایه، تاران به‌گشتی كۆنترۆڵی چالاكییه بازرگانییه‌كانی كردووه و ته‌نانه‌ت ده‌ستی به‌سه‌ر چالاكییه‌كانی گه‌شتوگوزاریی ئایینیشدا گرتووه. بازاڕه‌كانی ئه‌م شارانه‌ی، پڕ كردووه له به‌رهه‌مه ئێرانییه هه‌رزانه‌كان كه به‌گشتی كه‌رتی كشتوكاڵی و كه‌رتی پێشه‌سازیی له عێراق وێران كردووه و گه‌یاندۆته ئاستێك كه نه‌توانرێ سوودی لێ وه‌ربگیرێت. بۆیه گه‌یشتنی به‌رهه‌می توركی بۆ ئه‌م ناوچانه، مه‌ترسییه‌كی ڕاسته‌وخۆ ده‌بێت بۆ سه‌ر به‌رهه‌مه ئێرانییه‌كان، چونكه به‌گشتی توركیا ئه‌زموونێكی باشی هه‌یه له بواری به‌بازاڕكردنی كه‌لوپه‌له بازرگانی و پێشه‌سازییه‌كانی خۆی. كه‌واته كۆنترۆڵكردنی مووسڵ و شنگال له ڕووی زیادكردنی هه‌ژموونی ئابووری و بازرگانیی ئێران، گرنگییه‌كی زۆری هه‌یه.
- ئێران توانیویه‌تی كارتی په‌كه‌كه وه‌ك گوشار به‌رانبه‌ر توركیا به‌كار بهێنێت؛ سه‌ره‌تا له قه‌ندیل ئه‌م هه‌وڵانه‌ی ده‌ست پێ كردۆته‌وه، ئێستایش له شنگال درێژه‌ی پێ ده‌دات. چونكه تاران ڕێگه‌ی به جێگیركردنی چه‌ندین چه‌كداری سه‌ر به په‌كه‌كه داوه له ڕیزی میلیشیاكانی حه‌شدی شه‌عبی و، ئه‌م چه‌كدارانه ڕاسته‌وخۆ مووچه له به‌غدا وه‌رده‌گرن. ئه‌مه جگه له‌وه‌ی ئه‌م كاره هه‌نگاوێكه بۆ شه‌رعییه‌تدان به بوونی په‌كه‌كه له شنگال و ڕێخۆشكردن بۆ جێگیركردنیان به شێوه‌یه‌كی هه‌میشه‌یی؛ له هه‌مان كاتدا به‌به‌رده‌وامی توركیا به‌م پرسه‌وه سه‌رقاڵ ده‌كات.
به‌م پێیه ئه‌گه‌ر به شێوه‌یه‌كی گشتی هه‌ڵسه‌نگاندنی باردۆخه‌كه بكه‌ین له شنگال، ئه‌وه بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت ئێستا میلیشیاكانی حه‌شدی شه‌عبیی نزیك له ئێران و چه‌كدارانی په‌كه‌كه، له‌ژێر ناو و نازناوی جیاجیا خۆیان ڕێك خستووه و به شێوه‌یه‌كی نایاسایی ئه‌م قه‌زا ستراتیژی و گرنگه‌یان داگیر كردووه و خۆیان تیایدا باڵاده‌ستن. كه‌واته ئێران به‌كرده‌وه و له ئه‌رزی واقعدا له گۆڕه‌پانه‌كه‌دا له ڕووی كۆنترۆڵكردنی ناوچه‌كه چه‌ندان هه‌نگاو پێش توركیا كه‌وتووه. پێناچێتیش تاران به‌م نزیكانه و به‌ئاسانی ده‌ستبه‌رداری شنگال ببێت؛ له‌به‌ر ئه‌و هۆكارانه‌ی له‌سه‌ره‌وه ئاماژه‌مان پێ كردن. بۆیه ده‌بینین له توركیا و به‌تایبه‌تی له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆ، ده‌نگۆی ده‌ستپێكردنی هێرشی سه‌ربازی بۆ سه‌ر شنگال له‌لایه‌ن توركیاوه بڵاو بووه‌ته‌وه. ئه‌مه‌یش ئه‌وه‌مان بۆ ده‌رده‌خات كه به‌ڕاستی توركیا له‌م تابلۆیه‌ی كه له شنگال به سه‌ركردایه‌تی و له‌ژێر كۆنترۆڵی ئێران هاتۆته كایه‌وه، زۆر نیگه‌رانه. به‌ڵام ڕێكخستنی هێرشێكی سه‌ربازی له شنگال ئه‌گه‌رێكی دووره؛ ئه‌وه‌ی توركیا بتوانێت و پێی بكرێت، ته‌نیا بۆردوومانكردنی ناوچه‌كه‌یه له ڕێگه‌ی فڕۆكه جه‌نگییه‌كانی یاخود فڕۆكه بێفڕۆكه‌وانه‌كانییه‌وه. چونكه توركیا له‌به‌ر ئه‌م هۆكارانه‌ی خواره‌وه ناتوانێ ڕاسته‌وخۆ هێرش بكاته سه‌ر شنگال و هێزی سه‌ربازیی خۆی بنێرێته ناوچه‌كه:
- هێزێكی زۆری حه‌شدی شه‌عبیی نزیك له ئێران له شنگال جێگیر كراوه. ئه‌گه‌ر توركیا هێرش بكاته سه‌ر ناوچه‌كه و سه‌ربازی خۆی بنێرێته شنگال، كێشه‌یه‌كی گه‌وره‌ی بۆ دروست ده‌بێت، چونكه حه‌شدی شه‌عبی هه‌رچه‌نده له ئه‌رزی واقعدا سه‌ر به ئێرانه و وه‌لائی چه‌كداره‌كانی زیاتر بۆ تارانه به‌ڵام له ڕووی یاسایییه‌وه به‌شێكه له مه‌نزوومه‌ی به‌رگریی عێراق و سوپای عێراق و ڕاسته‌وخۆ سه‌ر به سه‌رۆكوه‌زیرانه. پێكدادان له‌نێو سوپای توركیا و حه‌شدی شه‌عبی، قه‌یرانێكی جددی له نێوان به‌غدا و ئانكارا دروست ده‌كات.
2.ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا، به‌تایبه‌تی دوای سه‌ركه‌وتنی جۆ بایدن، ڕێگه به توركیا نادات هیرشێكی به‌رفراوانی له‌م جۆره له شنگال ئه‌نجام بدات. پێناچێتیش ئانكارا به‌بێ ڕه‌زامه‌ندیی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا هه‌نگاوێكی سه‌بازیی ئاوا بنێت، چونكه ئانكارا ئێستا له هه‌وڵی ئه‌وه‌دایه په‌یوه‌ندییه‌كانی خۆی له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی نوێی ئه‌مریكا جۆ بایدن ئاسایی بكاته‌وه.
- ئه‌نجامدانی ئۆپه‌راسیۆنێكی سه‌ربازی له شنگال زیانی گیانی و ماددیی لێ ده‌كه‌وێته‌وه؛ بارودۆخی ئابووری و سیاسیی ئێستا، به‌رگه‌ی زیانی گیانی و ئابووریی زیاتر ناگرێت و له‌وانه‌یه كاریگه‌ریی ڕاسته‌وخۆیشی هه‌بێت له‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنی گشتی و سه‌رۆكایه‌تیی داهاتووی توركیا. ده‌سه‌ڵاتی ئێستای توركیا زۆر دووره موجازه‌فه‌یه‌كی له‌م جۆره بكات.
- له ڕۆژگاری ئێستادا ئه‌گه‌ر بتوانرێ كێشه و گرفته‌كان له ڕێگه‌ی هێرشی ئاسمانی و مووشه‌كییه‌وه چاره‌سه‌ر و یه‌كلایی بكرێنه‌وه و ئامانجی خۆیان بپێكن یاخود ده‌ستكه‌وتێكی باش به‌دی بهێنن، ئه‌وه په‌نا نابردرێته به‌ر جووڵاندنی هێزی سه‌ربازی. واته هه‌وڵ ده‌درێت زۆرترین ده‌ستكه‌وت به كه‌مترین زه‌ره‌ر و زیان به‌ده‌ست بهێنرێت. له‌وانه‌یه له‌به‌ر ئه‌م هۆكاره‌یش توركیا په‌نا بباته به‌ر هێرشی مووشه‌كی و ئاسمانی له جیاتی بژارده‌كانی دیكه.
- توركیا چه‌ندین ساڵه خه‌ریكه به هه‌مان پلانه‌كه‌ی ئێران وه‌ڵامی ئێران ده‌داته‌وه له عێراق؛ ئه‌وه‌یش له ڕێگه‌ی ئاماده‌كردن و مه‌شقپێكردنی گرووپی سه‌ربازیی نزیك له خۆی و، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته هه‌وڵی داوه حه‌شدی سوننی له عه‌شیره‌ته سوننه‌كانی مووسڵ و ده‌وروبه‌ری به‌كار بهێنێت. ئانكارا هه‌رچه‌نده له‌م هه‌وڵه‌ی سه‌ركه‌وتوو نه‌بووه به‌ڵام ئه‌م ئه‌گه‌ره هه‌رده‌م له ئارادایه و تا ڕادده‌یه‌كیش ژێرخانی بۆ ئاماده كراوه. به‌م جۆره‌یش ئه‌گه‌ر توركیا له‌م بابه‌ته سه‌ركه‌وتوو بێ، ئه‌وه پێویستی به هێرشی سه‌ربازیی ڕاسته‌وخۆ نابێت.
له ئه‌نجامدا توركیا و ئێران له‌به‌ر ئه‌م هۆكارانه‌ی سه‌ره‌وه ململانێی یه‌كتر ده‌كه‌ن له‌پێناو كۆنترۆڵكردنی شنگال یاخود مانه‌وه‌ی به‌و شێوه‌یه كه له به‌رژه‌وه‌ندیی خۆیدا بێت. بێ گومان جگه له‌م دوو هێزه هه‌رێمییه، چه‌ندین لایه‌ن و هێزی نێوده‌وڵه‌تییش هه‌ن كه كاریگه‌رییان هه‌یه له‌سه‌ر ڕه‌وشی شنگال به‌تایبه‌ت و عێراق به‌گشتی؛ له سه‌رووی هه‌موویانه‌وه ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا دێت. له‌م نێوه‌نده‌یشدا هه‌رێمی كوردستانیش له‌نێو هاوكێشه‌كه‌دایه و ڕۆڵ و پێگه‌یه‌كی تایبه‌تی هه‌یه له ئاراسته‌كردنی ڕووداوه‌كانی ئه‌م ناوچه ستراتیژی و كێشه‌له‌سه‌ره‌ی مووسڵ، چونكه ناوچه‌ی شنگال دوای كه‌ركووك به گرنگترین ناوچه داده‌نرێت له‌نێو ناوچه كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم. بۆیه ده‌كرێ له بابه‌تێكی سه‌ربه‌خۆدا گرنگی و ڕۆڵی شنگال بۆ هه‌رێمی كوردستان بخرێته ڕوو.