موەفەق عادل عومەر، دكتۆرا له سیسته‌مه سیاسییه‌كان و مامۆستا له به‌شی سیسته‌مه سیاسییه‌كان و سیاسه‌تی گشتی-زانكۆی سه‌ڵاحه‌ددین
له هه‌ر سیسته‌مێكی حوكمڕانیدا، بوونی لایه‌نی ده‌سه‌ڵاتدار و ئۆپۆزیسیۆن پێویستییه‌كی گرنگه بۆ پێشخستنی ژیانی سیاسی و ده‌ركردنی بڕیاری ڕاست و دروست. بۆیه ئه‌و وڵاته‌ی كه تیایدا لایه‌نی ئۆپۆزیسیۆن لاوازه یاخود بوونی نییه، ئه‌وه ڕووبه‌ڕووی كێشه و گرفتی زۆر ده‌بێته‌وه كه له گرنگترینیان ده‌ركردنی بڕیاره‌كانه به شێوه‌یه‌كی نادروست، به‌تایبه‌تی بڕیاره چاره‌نووسسازه‌كان.
به‌گشتی ڕه‌خنه بنیاتنه‌ره‌كانی ئۆپۆزیسیۆن یارمه‌تیده‌رێكی باشه بۆ دوورخستنه‌وه‌ی وڵات له نانه‌وه‌ی هه‌نگاوی هه‌ڵه و نادروست له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆیی و نێوده‌وڵه‌تیدا. ده‌توانین بڵێین ئۆپۆزیسیۆن و ده‌سه‌ڵات تا ڕادده‌یه‌كی دیاریكراو و له‌سه‌ر بنه‌مای یه‌كترقبووڵكردن، ته‌واوكه‌ری یه‌كترن. به‌ڵام له هه‌ندێك حاڵه‌تدا ئۆپۆزیسیۆن له جیاتی ئه‌وه‌ی ببێته یارمه‌تیده‌ر بۆ پێشخستنی ژیانی سیاسی و خستنه‌ڕووی كه‌موكوڕییه‌كان و به‌بیرهێنانه‌وه‌ی پهیڕهوپرۆگرامهكانی لایه‌نی ده‌سه‌ڵات له كاتی هه‌ڵمه‌ته‌كانی هه‌ڵبژاردندا، ده‌بێته كۆسپ له به‌رده‌م به‌ڕێوه‌چوونی پرۆسه‌ی سیاسی له وڵاته‌كه‌دا.
له‌م چوارچێوه‌یه‌دا توركیایش له‌م خاڵه گرنگانه به‌ده‌ر نییه؛ ئۆپۆزیسیۆن ڕۆڵێكی گرنگی تێدا هه‌یه، به‌تایبه‌تی له ئاراسته‌كردنی ژیانی سیاسی و دیاریكردنی چوارچێوه گشتییه‌كه‌ی. دوای كۆچی دواییی سه‌رۆككۆماری پێشووتری توركیا، تورگت ئۆزاڵ، پرۆسه‌ی سیاسی له توركیا تووشی كێشه‌یه‌كی جددی بووه‌وه؛ به‌تایبه‌تی دوای ئۆزاڵ و تا ساڵی 2002 سه‌رجه‌م كابینه پێكهاتووه‌كانی حكوومه‌تی توركیا بریتی بوون له حكوومه‌تی هاوپه‌یمانی؛ واتا هیچ حزبێكی سیاسی نه‌یتوانیوه به‌ته‌نیا حكوومه‌ت پێك بهینێت. ئه‌م خاڵه جه‌وهه‌رییه، بووه هۆی تێكچوونی باری سیاسیی وڵات و دواتر بووه هۆی سه‌رهه‌ڵدانی كێشه و قه‌یرانی ئابووری و دارایی له سه‌رتاسه‌ری وڵات‌دا. بارودۆخه‌كه گه‌یشته ئاستێك خه‌ڵك بێزار بوو و، له هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ی ساڵی 2002 حزبی داد و گه‌شه‌پێدانی توركی توانی دوای ماوه‌یه‌كی درێژ، زۆرینه‌ی كورسییه‌كانی په‌رله‌مانی توركیا به‌ده‌ست بهێنێت و به‌ته‌نیا كابینه‌ی حكوومی پێك بهێنێت.
سه‌ركه‌وتنی حزبی داد و گه‌شه‌پێدانی توركیا و به‌ده‌ستهێنانی زۆرینه‌ی كورسییه‌كانی په‌رله‌مان، كاردانه‌وه‌یه‌ك بوو به‌رانبه‌ر ئه‌و لایه‌ن و حزبه سیاسییانه‌ی كه تا 2002 حوكمڕانیی وڵاتیان به‌ده‌سته‌وه بوو. حزبی داد و گه‌شه‌پێدانی توركیا (ئاك پارتی) له‌سه‌ر بنه‌مای دروشمه‌كانی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی 3Y دامه‌زرا. 3Y به زمانی توركی، بریتییه له یه‌كه‌م پیتی وشه‌كانی "هه‌ژاری – Yoksulluk"، "گه‌نده‌ڵی-Yolsuzluk" و "قه‌ده‌غه‌كان-Yasaklar". ئه‌م سێ بنه‌مایه له‌نێو خه‌ڵكدا ڕه‌واجێكی باشی هه‌بوو و، بووه هۆكارێكی سه‌ره‌كی بۆ ئه‌وه‌ی حزبی داد و گه‌شه‌پێدانی توركیا سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ست بهێنێت. بێ گۆمان 3Y، واتا هه‌ژاری، گه‌نده‌ڵی و قه‌ده‌غه‌كان، پێش ساڵی 2002 به شێوه‌یه‌كی به‌رچاو له توركیا بڵاو بووه‌وه و خه‌ڵكی ئاسایی به‌ده‌ست ئه‌م گرفتانه‌وه ده‌یانناڵاند. دوای ئه‌م ڕووداوانه حزبی كۆماریی گه‌لی توركیا، وه‌ك گه‌وره لایه‌ن و حزبی ئۆپۆزیسیۆن ده‌ركه‌وت.
هه‌رچه‌نده "ڕه‌جه‌ب ته‌ییب ئه‌ردۆغان"، سه‌رۆككۆماری توركیا و سه‌رۆكی ئاك پارتی له ساڵی 2002وه تا ئێستا له بواری به‌ڕێوه‌بردنی وڵات و پشكهشكردنی خزمه‌تگوزارییه گشتییه‌كان و ژێرخانی وڵات‌دا هه‌ندێ هه‌نگاوی باش و ئه‌رێنیی ناوه، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا كه‌موكوڕیی زۆر هه‌ن كه بوونه‌ته جێگه‌ی ڕه‌خنه‌گرتن و، گلهیییهكی زۆری لێ ده‌كرێت. به‌رانبه‌ر سه‌رجه‌م ئه‌م كار و هه‌نگاوانه‌ی ئاك پارتی، ئۆپۆزیسیۆنێكی به‌هێز دروست نه‌بووه بۆ ئه‌وه‌ی ببێته شوێنگره‌وه‌ی ئاك پارتی. لێره‌دا ئه‌م پرسیاره‌مان بۆ دروست ده‌بێت كه، ئایا بۆچی له ساڵی 2002 تاوه‌كوو 2021، نزیكه‌ی هه‌ژده ساڵه ئۆپۆزیسیۆنێكی كاریگه‌ر به‌رانبه‌ر ئاك پارتی دروست نه‌بوو؟ له وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌دا هه‌وڵ ده‌ده‌ین ئه‌م خاڵانه‌ی خواره‌وه بخه‌ینه ڕوو:
1- گه‌وره حزبی ئۆپۆزیسیۆن له توركیا كه "حزبی كۆماریی گه‌ل"ه، حزبێكی چه‌پڕه‌وه و دامه‌زراندنه‌كه‌ی بۆ "موسته‌فا كه‌مال ئه‌تاتورك" ده‌گه‌ڕێته‌وه. دوای دامه‌زراندنی كۆماری توركیا، ئه‌م حزبه سیاسییه بۆ ماوه‌یه‌كی دوورودرێژ وه‌ك حزبێكی بێڕكابه‌ر و به‌ته‌نیا ده‌سه‌ڵاتی گرتبووه ده‌ست. گه‌ر هه‌ڵسه‌نگاندنێكی مێژوویی بۆ كار و چالاكییه‌كانی ئه‌م حزبه بكه‌ین، ده‌بینین كه‌وا خه‌ڵك تا ڕادده‌یه‌ك و به‌تایبه‌تی خه‌ڵكی موحافزكار خۆیان له‌م حزبه سیاسییه به‌دوور ده‌گرن و وه‌كوو حزبێكی عه‌لمانیی تۆخ له‌قه‌ڵه‌می ده‌ده‌ن. به‌م شێوه‌یه حزبی كۆماریی گه‌ل، زۆر زه‌حمه‌ته ده‌نگی لایه‌نی موحافزكار به‌ده‌ست بهێنێت و جه‌ماوه‌ره‌كه‌ی زیاتر كه‌سانی چه‌پڕه‌ون. "حزبی كۆماریی گه‌ڵ" له ڕۆژی دامه‌زراندنییه‌وه تاوه‌كوو ئێستا قه‌باره‌ی ئه‌و ده‌نگانه‌ی كه به ده‌ستی ده‌هێنێت دیاره و له نێوان (%15-%25)ی كۆی گشتیی دهنگهكانە لە هه‌ڵبژاردنه گشتییه‌كان لەسه‌ر ئاستی توركیادا، بۆیه ئه‌مه هۆكارێكی سه‌ره‌كی بووه كه له‌و ماوه‌یه‌ی كه ئاك پارتی له ده‌سه‌ڵاته، نه‌توانی به‌ته‌نیا ڕكابه‌ریی ئاك پارتی بكات.
2- تێڕوانینی حزبی كۆماریی گه‌ل به‌رانبه‌ر به دۆزی كورد له توركیا، وای لێ كردووه نه‌توانێ ده‌نگی ده‌نگده‌ری كورد به‌ده‌ست بهێنێت و، ده‌نگه‌كانی زیاتر له‌و ناوچانه سنووردار بكرێت كه بریتین له شاره‌كانی سه‌ر كه‌نار ده‌ریا. ئه‌مه‌یش بووه‌ته هۆی ئه‌وه‌ی نه‌توانرێ له سه‌رتاسه‌ری توركیا بڵاو بێته‌وه. به‌رانبه‌ر ئه‌مه، ئاك پارتی توانی وه‌ك تاكه حزبێكی توركیا، له زۆرینه‌ی شاره‌كانی توركیا، به شاره كوردنشینهكانیشهوه، ده‌نگ به‌ده‌ست بهێنێت. ئه‌مه‌یش هۆكارێكه كه وای كردووه گه‌وره حزبی ئۆپۆزیسیۆنی توركیا تا ئێستا نه‌توانێت به‌ته‌نیا ڕكابه‌رایه‌تیی ئاك پارتی بكات.
3- كێشه ناوخۆیییه‌كانی نێوان سه‌ركرده دیاره‌كانی حزبی كۆماریی گه‌ل، بووه‌ته هۆكارێكی سه‌ره‌كی كه نه‌توانێ ستراتیژییه‌ت و سیاسه‌تێكی كاریگه‌ر بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ئاك پارتی دابڕێژێت. له ساڵی 2010 دوای ململانێیه‌كی زۆر، "كه‌مال كلیچدار ئۆغلوو" توانی ببێته سه‌رۆكی حزبه‌كه. ئێستایش "موحه‌ڕه‌م ئینجا"، كاندیدی پێشووی حزبی كۆماریی گه‌ل بۆ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تیی كۆماری توركیای ساڵی 2018، له حزبی كۆماریی گه‌ل ده‌ستی له‌كار كێشایه‌وه و، له‌گه‌ڵ گرووپێكی دیاری حزبه‌كه سه‌رقاڵی دامه‌زراندنی حزبێكی نوێی ئۆپۆزیسیۆنه. ئه‌مه‌یش خۆی له خۆیدا هێز و پێگه‌ی حزبی كۆماریی گه‌ل به‌رانبه‌ر به حزب و لایه‌نه‌كانی ده‌سه‌ڵات لاوازتر ده‌كات.
4- ڕێژه‌یه‌كی زۆری ده‌نگی موحافزكاره‌كان له‌لایه‌ن ئاك پارتییه‌وه قۆرخ كراوه. دوای ئاك پارتی، حزبی نه‌ته‌وه‌په‌رستی توركیا، دووه‌م گه‌وره‌ترین پارتی موحافزكاری نه‌ته‌وه‌په‌رسته كه چه‌ندین ساڵ وه‌ك ئۆپۆزیسیۆن هه‌وڵێكی زۆری دا بۆ ئه‌وه‌ی كۆتایی به حوكمڕانیی ئاك پارتی بهێنێت، به‌ڵام نه‌یتوانی ئه‌م ئامانجه‌ی بپێكێت. دوای هه‌وڵی كوده‌تای 15ی ته‌مموزی ساڵی 2016 له توركیا، كێشه‌یه‌كی قووڵ له‌نێو حزبی نه‌ته‌وه‌په‌رستی توركیا سه‌ری هه‌ڵدایه‌وه و بووه هۆی جیابوونه‌وه‌ی به‌شێكی نه‌ته‌وه‌په‌رسته‌كان به سه‌رۆكایه‌تیی "مه‌راڵ ئاكشنار" و له 25ی تشرینی یه‌كه‌می ساڵی 2017 حزبێكی نوێیان به ناوی "حزبی باش" (ئیی پارتی – İyi Parti) دامه‌زراند كه وای لێ كرد بارودۆخی حزبی نه‌ته‌وه‌په‌رستی توركیا زۆر خراپ بێت و به‌ناچاریش بێت بڕیاری دا له هه‌ڵبژاردنه‌كانی ساڵی 2018 له‌گه‌ڵ ئاك پارتی هاوپه‌یمانیی کۆمار (ئه‌مه ناوی ئه‌و هاوپه‌یمانییه‌یه كه ئاك پارتی له‌گه‌ڵ حزبی نه‌ته‌وه‌په‌رستی توركیا پێكی هێناوە.) پێك بهێنن. به‌م شێوه‌یه هه‌م ئاك پارتی و هه‌میش حزبی نه‌ته‌وه‌په‌رستی توركیا توانییان سوودیان هه‌بێت بۆ یه‌كتر و، خۆیان به‌رانبه‌ر به لایه‌نه‌كانی ئۆپۆزیسیۆن به‌هێزتر كرد. به‌ڵام ئه‌م جیابوونه‌وه‌یه له هه‌ڵبژاردنه‌كانی شاره‌وانیی ساڵی 2019، بووه هۆی به‌پێشكه‌وتنی حزبی باش كه تیایدا بووه دووه‌م حزبی موحافزكار له‌سه‌ر ئاستی هه‌ڵبژاردنه‌كانی شاره‌وانی. جگه له‌مه توانرا دوای ماوه‌یه‌كی دوورودرێژ سه‌رۆكایه‌تیی شاره‌وانی گه‌وره شاره‌كانی وه‌كوو ئه‌نقه‌ره و ئیسته‌نبووڵ له‌ده‌ست ئاك پارتی ده‌ربهێنرێت و كاندیده‌كانی خۆیان ببنه سه‌رۆكی شاره‌وانیی ئه‌م دوو شاره گه‌وره و گرنگه‌ی توركیا.
5- حزبی دیموكراتی گه‌لان (هه‌ده‌په) حزبێكی كاریگه‌ری دیكه‌ی ژیانی سیاسیی توركیایه كه ئێستا 54 ئه‌ندام په‌رله‌مانی هه‌یه له په‌رله‌مانی توركیا. ئه‌م حزبه حزبێكی كوردیی چه‌پڕه‌وه و له سه‌رتاسه‌ری توركیا چالاكیی هه‌یه، به‌ڵام زیاتر له شاره كوردنشینه‌كان كاریگه‌ره و قورساییی هه‌یه. "هه‌ده‌په" هه‌ر له سه‌ره‌تاوه هه‌وڵی ئه‌وه‌ی داوه بتوانێ كۆتای (%10) تێ په‌ڕێنێت و زیاتر بۆ ئه‌م خاڵه كاری كرد. به‌ڵام كێشه‌یه‌كی دیكه‌ی ئه‌م حزبه ئه‌وه‌یه كه حزبێكی چه‌پڕه‌وه؛ ئه‌مه‌یش وای كردووه كه كورده موحافزكاره‌كان له خۆ دوور بخاته‌وه. وه‌كوو ئه‌لته‌رناتیڤیش بۆ كورده موحافزكاره‌كان ئاك پارتی له ساڵی 2002وه زۆر به‌به‌هێزی ده‌ركه‌وتووه. جگه له‌مه ئێستا ئاك پارتی و لایه‌نه‌كانی ده‌سه‌ڵات، ته‌نانه‌ت حزبه‌كانی ئۆپۆزیسیۆنیش، به حه‌زه‌ر و دیقه‌ته‌وه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ "هه‌ده‌په" ده‌كه‌ن، چونكه كه‌شوهه‌وایه‌كی ئاوا هه‌یه له توركیا، كه‌وا "هه‌ده‌په" و "په‌كه‌كه" نزیكی یه‌كن و ته‌نانه‌ت "هه‌ده‌په" به باڵی سیاسیی "په‌كه‌كه" ناوزه‌د ده‌كرێت. بۆیه لایه‌نی ئۆپۆزیسیۆن و لایه‌نی ده‌سه‌ڵاتیش خۆیان له "هه‌ده‌په" دوور ده‌خه‌نه‌وه و هاوپه‌یمانیی له‌گه‌ڵ پێك ناهێنن. له لایه‌كی دیكه، "په‌كه‌كه"یش به هیچ شێویه‌ك ڕێگه به هیچ لایه‌نێكی سیاسیی كوردی نادات سه‌ر كه‌وێ و ببێته شوێنگره‌وه‌ی "په‌كه‌كه" له توركیا. هه‌روه‌ها ئێستا هه‌وڵێكی جددیش هه‌یه بۆ كۆتاییهێنان به چالاكییه‌كانی ئه‌م حزبه و داخستنی له ڕێگه‌ی دادگه‌ی ده‌ستووری له توركیا. هه‌رچه‌نده دۆسیه‌ی داخستنه‌كه بۆ دادگه‌ی ده‌ستووری نێردرا، به‌ڵام دادگه به‌هۆی كه‌موكوڕیی به‌ڵگه و په‌ڕاوه‌كان، كه‌یسه‌كه‌ی گه‌ڕانده‌وه؛ واتا ڕه‌تی نه‌كرده‌وه به‌ڵكوو به‌هۆی كه‌موكوڕییه‌وه گه‌ڕێندرایه‌وه. واتا تا ئێستایش ده‌رفه‌تی ئه‌وه ماوه كه‌یسی داخستنه‌كه دووباره بجووڵێندرێت. هۆكاری ئه‌م گوشارانه بۆ سه‌ر "هه‌ده‌په" زیاتر بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه كه ڕاسته‌وخۆ كاریگه‌ریی كردۆته سه‌ر پێگه و ڕێژه‌ی ده‌نگه‌كانی ئاك پارتی، به‌تایبه‌تی له ناوچه و شاره كوردنشینه‌كان. له ئه‌نجامدا ئه‌وه‌مان بۆ ده‌رده‌كه‌وێت كه "هه‌ده‌په" له هه‌موو لایه‌كه‌وه گوشار و هه‌ڕه‌شه‌ی له‌سه‌ره، چ له‌لایه‌ن حزبی ده‌سه‌ڵات و چ له‌لایه‌ن حزبه‌كانی ئۆپۆزیسیۆن بێت و ته‌نانه‌ت "په‌كه‌كه"یش ڕێگه به "هه‌ده‌په" نادات ببێته شوێنگره‌وه‌ی له توركیا.
6- ئاك پارتیی ده‌سه‌ڵاتداریش، به‌ده‌ر نه‌بوو له هه‌ڵوه‌رینی گه‌ڵا لێی؛ تا ئێستا دوو حزبی سیاسیی موحافزكار به ناوی حزبی داهاتوو (Gelecek Parti) به سه‌رۆكایه‌تیی "ئه‌حمه‌د داودئۆغلوو" و حزبی دیموكراسی و پێشكه‌وتن (ده‌وا) به سه‌رۆكایه‌تیی "عه‌لی باباجان" دامه‌زراون. ئه‌گه‌ر ئه‌م دوو حزبه سیاسییه نه‌یشتوانن ڕێژه‌ی كۆتا تێ په‌ڕێنن، به‌ڵام له ڕووی كه‌مكردنه‌وه‌ی ده‌نگی ئاك پارتی، ده‌كرێ ڕۆڵی گرنگیان هه‌بێت؛ هه‌روه‌ها له‌وانه‌یشه بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتوو له ڕێگه‌ی به‌شداریكردن له هاوپه‌یمانێتییه‌كان بتوانن له په‌رله‌مانی توركیا كورسی به‌ده‌ست بهێنن. له ئه‌نجامدا ئه‌م دوو حزبه نوێیه ده‌توانن به‌ره‌ی ئۆپۆزیسیۆن به‌هێزتر بكه‌ن و ڕێژه‌ی ده‌نگی ئاك پارتی كه‌متر بكه‌ن. به‌ڵام له‌وانه‌یه ئه‌م دوو حزبه نه‌توانن ئه‌نجامه گشتییه‌كه بگۆڕن و ئاك پارتی له ده‌سه‌ڵات به‌دوور بخه‌ن.
به شێوه‌یه‌كی گشتی كێشه سه‌ره‌كییه‌كانی لایه‌نه‌كانی ئۆپۆزیسیۆن بریتییه له‌م خاڵانه‌ی سه‌ره‌وه كه تا ئێستا نه‌یانتوانیوه ببنه شوێنگره‌وه‌ی ئاك پارتی، به‌ڵام له هه‌ڵبژاردنی شاره‌وانیی ساڵی 2019 هه‌رچه‌نده ئاك پارتی پله‌ی یه‌كه‌می به‌ده‌ست هێنا، به‌ڵام به‌راورد له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژاردنه‌كانی پێشتر ده‌نگێكی زۆری له‌ده‌ست دا؛ جگه له‌مه شاره‌كانی وه‌كوو ئیسته‌نبووڵ و ئهنقهرهیشی له‌ده‌ست دا. "حزبی باش"یش هه‌رچه‌نده له ساڵی 2017 دامه‌زراوه به‌ڵام توانی له‌م هه‌ڵبژاردنه پله‌ی سێیه‌م به‌ده‌ست بهێنێت و به‌پێش حزبی نه‌ته‌وه‌په‌رست بكه‌وێت. به‌گشتی ئه‌م تابلۆیه‌ی كه له هه‌ڵبژاردنه‌كانی شاره‌وانیی ساڵی 2019 به‌دی كرا و دروست بوو، ئاماژه‌یه‌كه بۆ ئه‌وه‌ی كه‌وا كاری ئاك پارتی له هه‌ڵبژاردنی گشتی و سه‌رۆككۆماریی داهاتوو سه‌ختر و قورس‌تر بكات. بۆیه ئێستا ئاك پارتی هه‌وڵ ده‌دات یاسای حزبه سیاسییه‌كان و یاسای هه‌ڵبژاردن له به‌رژه‌وه‌ندیی خۆی هه‌موار بكاته‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی حزبه‌كانی ئۆپۆزیسیۆن گۆشه‌گیر بكات.
به‌رانبه‌ر ئه‌مه‌یش لایه‌نه‌كانی ئۆپۆزیسیۆن هه‌وڵ ده‌ده‌ن له ڕێگه‌ی فراوانكردنی هاوپه‌یمانیی میلله‌ت یاخود هه‌ر هاوپه‌یمانییه‌كی دیكه‌وه، كه له‌وانه‌یه پێش هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتوو پێك بهێنرێت، ئاك پارتی لاواز بكه‌ن. له لایه‌كی دیكه، كه‌موكوڕییه‌كانی ئاك پارتی له‌لایه‌ن حزبه‌كانی ئۆپۆزیسیۆن ده‌خرێته ڕوو و هه‌وڵ ده‌درێت له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایانه هێرش بكرێته سه‌ر ئاك پارتی كه له‌سه‌ری دامه‌زراوه؛ واتا بنه‌ماكانی 3Y ("هه‌ژاری"، "قه‌ده‌غه‌كان"، "گه‌نده‌لی"). بۆیه ئێستا لایه‌نه‌كانی ئۆپۆزیسیۆن به‌رده‌وام هه‌وڵ ده‌ده‌ن له ڕێگه‌ی ئه‌م سێ خاڵه‌وه ڕه‌خنه له ئاك پارتی بگرن، بۆ ئه‌وه‌ی هۆكاری سه‌رهه‌ڵدان و سه‌ركه‌وتنی ئاك پارتی له بنچینه‌وه پووچه‌ڵ بكه‌نه‌وه و گورزی كه‌مه‌رشكێن بوه‌شێننه ئاك پارتی.
له ئه‌نجامدا ده‌توانین ئه‌مه بڵێین كه ئۆپۆزیسیۆن له توركیا له دوای ساڵی 2002 ڕووبه‌ڕووی قه‌یرانێكی سیاسی و ستراتیژی بووه‌ته‌وه و نه‌یتوانیوه ببێته به‌دیلێكی قبووڵكراو؛ ته‌نانه‌ت پهیڕهوپرۆگرامێكی ئه‌وتۆیشی نه‌بووه كه بتوانێت ده‌نگده‌ری چه‌پڕه‌و و موحافزكار له ده‌وری خۆی كۆ بكاته‌وه. جگه له‌مه ئێستا كێشه‌یه‌كی سه‌ره‌كی خه‌ریكه له توركیا سه‌ر هه‌ڵده‌دات، ئه‌ویش دابه‌شكردنی خه‌ڵكه بۆ سه‌ر دوو به‌ره‌ی دژ یه‌ك؛ به‌ره‌یه‌كیان به سه‌رۆكایه‌تیی سه‌رۆككۆماری توركیا "ڕه‌جه‌ب ته‌ییب ئه‌ردۆغان"؛ ئه‌وه‌ی تریان به ڕابه‌رایه‌تیی لایه‌نه ئۆپۆزیسیۆنه‌كانه. واتا ئه‌م جیاوازییه له‌سه‌ر ئاستی كۆمه‌ڵایه‌تیدا به‌ده‌ر كه‌وتووه. ئه‌گه‌ر بارودۆخه‌كه به‌م شێوه‌یه به‌رده‌وام بێت، ئه‌وه ده‌ره‌نجامی زۆر نه‌رێنیی لێ ده‌كه‌وێته‌وه و ته‌نانه‌ت سه‌قامگیریی سیاسیی ناوخۆی توركیایش ده‌خاته مه‌ترسییه‌وه.