موه‌فه‌ق عادل عومه‌ر، دكتۆرا له سیسته‌مه سیاسییه‌كان و مامۆستا له به‌شی سیسته‌مه سیاسییه‌كان و سیاسه‌تی گشتی-زانكۆی سه‌ڵاحه‌ددین
24ی نیسانی هه‌موو ساڵێك، ساڵیادێك به ناوی كوشتاری ئه‌رمه‌نه‌كان له چه‌ندین وڵاتی جیهاندا به‌ڕێوه ده‌چێت؛ له گرنگترینیان ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا، فه‌ڕه‌نسا، كه‌نه‌دا و ئه‌و وڵاتانه‌ی كه تیایدا لۆبیی ئه‌رمه‌نی چالاك و به‌هێزه. ڕووداوه‌كانی ساڵی 1915 له كاتی جه‌نگی جیهانیی یه‌كه‌مدا له‌سه‌ر خاكی ده‌وڵه‌تی عوسمانی له‌لایه‌ن مێژوونووسانه‌وه به شێوه‌ی جیاواز خوێندنه‌وه‌ی بۆ ده‌كرێت. ئه‌رمه‌نه‌كان و هه‌ندێك وڵاتانی ئه‌وروپی بانگه‌شه‌ی ئه‌وه ده‌كه‌ن كه‌وا ده‌وڵه‌تی عوسمانی كوشتاریان به‌رانبه‌ر ئه‌رمه‌نه‌كان ئه‌نجام داوه؛ به‌رانبه‌ر ئه‌مه توركیا و مێژوونووسه توركه‌كان پێیان وایه ڕووداوه‌كانی ساڵی 1915 كوشتار نه‌بووه، به‌ڵكوو بانگه‌شه‌ی ئه‌وه ده‌كه‌ن ڕووداوه‌كه بریتی بووه له پرۆسه‌ی "ته‌هجیر"كردن واتا ڕاگواستن. بۆیه ئێمه له‌م بابه‌ته زیاتر له‌سه‌ر ئه‌و به‌ڵگه مێژوویییانه ناوه‌ستین كه لایه‌نه‌كان ده‌خه‌نه ڕوو بۆ ئه‌وه‌ی ڕووداوه‌كه به‌پێی به‌رژه‌وه‌ندیی خۆیان به جیهان بناسێنن، به‌ڵكوو هه‌وڵ ده‌ده‌ین لێكه‌وته سیاسی و یاسایییه‌كانی ناساندنی ڕووداوه‌كانی ساڵی 1915 له دژی ئه‌رمه‌نه‌كان له‌لایه‌ن سه‌رۆكی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا، جۆ بایدن به جینۆساید، بخه‌ینه ڕوو.
له ساڵی 1993وه نه‌ریتێكی ساڵانه‌ی سه‌رۆكه‌كانی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا له 24ی نیسانی هه‌موو ساڵێك سه‌ری هه‌ڵداوه كه تیایدا په‌یامێكی تایبه‌ت به ڕووداوه‌كانی ساڵی 1915 به‌رانبه‌ر به ئه‌رمه‌نه‌كان، بڵاو ده‌كرێته‌وه. ئه‌مه‌یش ساڵانه له توركیا گرنگییه‌كی زۆری پێ ده‌درێت و ده‌ست به تاوتوێكردنی ئه‌م پرسیاره ده‌كرێت: ئایا سه‌رۆكی ئه‌مریكا، وشه‌ی جینۆساید به‌كار ده‌هێنێت یاخود نا؟ بێ گومان به‌كارهێنانی وشه‌ی جینۆساید له‌لایه‌ن سه‌رۆكی وڵاتێكی زلهێزی وه‌كوو ئه‌مریكا، له ڕووی یاسایی و سیاسییه‌وه كاریگه‌ریی ده‌بێت له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تی و هه‌رێمی.
سه‌ره‌تا له ڕووی سیاسییه‌وه ئه‌گه‌ر سه‌یری ئه‌رمه‌نه‌كان بكه‌ین، ئه‌وه ده‌بینین كه‌وا به‌چڕی هه‌وڵ ده‌ده‌ن سیاسه‌تێكی سێ ڕه‌هه‌ندی په‌یڕه‌و بكه‌ن. ڕه‌هه‌ندی یه‌كه‌م خۆی له ناساندنی ڕووداوه‌كانی ساڵی 1915 به جینۆساید ده‌بینێته‌وه. له چوارچێوه‌ی ئه‌م ڕه‌هه‌نده، ئه‌رمه‌نه‌كان له سه‌رتاسه‌ری جیهاندا بۆ جێبه‌جێكردنی ئه‌م هه‌نگاوه له ڕێگه‌ی لۆبییه به‌هێزه‌كانییه‌وه كار ده‌كه‌ن. فه‌ڕه‌نسا یه‌كێك بوو له‌و وڵاتانه‌ی كه ڕووداوه‌كانی ساڵی 1915ی به جینۆساید ناساند. ته‌نانه‌ت به‌مه‌یش نه‌وه‌ستان، به‌ڵكوو هه‌وڵیان دا بڕیارێك له ئه‌نجومه‌نی پیرانی فه‌ڕه‌نسی ده‌ربكه‌ن و تیایدا "ئه‌وه‌ی ڕووداوه‌كانی ساڵی 1915 به جینۆساید نه‌ناسێت، ئه‌وه تاوانبار ده‌بێت" جێگیر بكه‌ن و، له ساڵی 2006 ئه‌م بڕیاره ده‌ركرا به‌ڵام دواتر دادگه‌ی باڵای فه‌ڕه‌نسا بڕیاره‌كه‌ی هه‌ڵوه‌شانده‌وه.
ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكایش وڵاتێكی گرنگی دیكه بوو كه لۆبیی ئه‌رمه‌نی گشت تواناكانی خۆی خسته گه‌ڕ بۆ ناوزه‌ندكردنی ڕووداوه‌كانی ساڵی 1915 به جینۆساید. له ساڵی 2019 ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران و پیرانی ئه‌مریكی بڕیاری به‌جینۆساید ناساندنی ئه‌رمه‌نه‌كانیان ده‌ركرد له توركیا، به‌ڵام دواتر سه‌رۆكی ئه‌و كاته‌ی ئه‌مریكا، دۆناڵد ترامپ، كاری به بڕیاره‌كه نه‌كرد و هه‌روه‌كوو سه‌رۆكه‌كانی پێشووی خۆی ڕووداوه‌كانی ته‌نیا به "Meds Yeghern" كه به مانای "كاره‌ساتێكی گه‌وره" دێت ناوزه‌ند كرد. بێ گومان وڵاتانی دیكه‌یش هه‌ن كه بوونه‌ته ئامانجی لۆبیی ئه‌رمه‌نه‌كان بۆ ئه‌وه‌ی له چوارچێوه‌ی هه‌نگاوی یه‌كه‌می سیاسه‌ته‌كانیان ڕووداوه‌كان به جینۆساید بناسرێت.
ڕه‌هه‌ندی دووه‌می سیاسه‌تی ئه‌رمه‌نه‌كان بریتییه له وه‌رگرتنی قه‌ره‌بوو به‌رانبه‌ر ئه‌و ماڵ و مولكانه‌یان كه له ساتی ڕووداوه‌كان ده‌ستیان به‌سه‌ردا گیراوه یاخود له‌ناو چووینه. ئه‌مه‌یش ڕێگه‌خۆشكه‌ر ده‌بێت بۆ هه‌نگاونان به‌ره‌و ڕه‌هه‌ندی سێیه‌م كه بریتییه له داواكردنی خاك. واتا ئه‌رمه‌نه‌كان له چوارچێوه‌ی سیاسه‌ته‌كانیان و له ڕه‌هه‌ندی سێیه‌مدا ئامانجیانه بگه‌نه ڕه‌هه‌ندی سێیه‌م بۆ ئه‌وه‌ی ببنه خاوه‌ن خاك و زه‌وی له توركیا. جا له‌به‌ر ئه‌م هۆكارانه، سه‌ركه‌وتنی لۆبیی ئه‌رمه‌نی له ڕازیكردنی وڵاته ئه‌وروپییه‌كان و وڵاته كاریگه‌ره‌كانی جیهان بۆ به‌جینۆساید ناساندنی ڕووداوه‌كانی ساڵی 1915، له ڕووی سیاسییه‌وه گوشارێكی ڕاسته‌وخۆ ده‌خاته سه‌ر ده‌سه‌ڵاتداران له توركیا. بۆیه ئه‌نقه‌ره هه‌وڵه‌كانی خۆی چڕ كردۆته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی نه‌هێڵێ لۆبیی ئه‌رمه‌نی له‌م ئه‌ركه‌ی خۆیدا سه‌ر كه‌وێ. به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا لۆبیی ئه‌رمه‌نی هه‌نگاوی باشی بڕیوه له‌سه‌ر ئاستی جیهان له ڕووی ڕازیكردنی چه‌ندین وڵاتی جیهانی بۆ ئه‌وه‌ی ڕووداوه‌كانی ساڵی 1915 به جینۆساید بناسن.
له ڕووی سیاسییه‌وه ئه‌رمه‌نه‌كان توانیویانه سه‌ركه‌وتنێكی تر له‌م بواره به‌ده‌ست بهێنن، ئه‌و‌یش ده‌ركردنی بڕیارێكه له په‌رله‌مانی یه‌كێتیی ئه‌وروپا به ناونیشانی "بڕیاری چوارچێوه‌ی دوژمنداریی بیانی". به‌پێی ئه‌م بڕیاره په‌رله‌مانی یه‌كێتیی ئه‌وروپا ده‌سه‌ڵاتی داوه به دادگه ناوخۆكانی وڵاتانی ئه‌ندام له یه‌كێتیی ئه‌وروپا بۆ ئه‌وه‌ی بڕیار له‌سه‌ر ڕووداوێك بده‌ن ئایا جینۆسایده یاخود نا. ئه‌مه‌یش كاری لۆبیی ئه‌رمه‌نی ئاسان ده‌كات له ڕووی جێبه‌جێكردنی ڕه‌هه‌ندی یه‌كه‌می سیاسه‌ته‌كه‌یان كه بریتییه له ناساندنی ڕووداوه‌كانی ساڵی 1915 به جینۆساید. به‌ڵام توركیا ڕه‌خنه‌ی توند له‌م بڕیاره ده‌گرێت و "ئۆنور ئویمه‌ن" كه دیپلۆماتكارێكی دیاری توركیایه ده‌ڵێ، "ئه‌م بڕیاره‌ی په‌رله‌مانی ئه‌وروپا، پێچه‌وانه‌ی ده‌قه‌كانی په‌یماننامه‌ی ڕێگرتن و سزادانی تاوانه‌كانی جینۆسایدی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كانه"، چونكه به‌پێی په‌یماننامه‌ی ڕێگرتن و سزادانی تاوانه‌كانی جینۆسایدی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان، دادگه‌كانی ئه‌و وڵاته‌ی كه تیایدا ڕووداوه‌كان ڕوویان داوه، ده‌توانن بڕیار له‌سه‌ر ئه‌وه بده‌ن كه ئایا ڕووداوه‌كان جینۆسایده یاخود نا؛ یانیش دادگه‌یه‌كی نێوده‌وڵه‌تیی تایبه‌ت و پسپۆر له‌م بواره ده‌توانێ ئه‌م جۆره بڕیاره ده‌ربكات. ده‌ركردنی بڕیارێكی ئاوا له‌لایه‌ن په‌رله‌مانی یه‌كێتیی ئه‌وروپا، هه‌رچه‌نده له ڕووی یاسایییه‌وه له‌وانه‌یه تێبینیی زۆری له‌سه‌ر هه‌بێ، به‌ڵام له‌وانه‌یه ڕاسته‌وخۆ كاریگه‌ریی له‌سه‌ر هه‌وڵه‌كانی توركیا بكات بۆ ئه‌وه‌ی ببێته ئه‌ندام له یه‌كێتییه‌كه‌دا و هه‌ڵوێستی توركیا به‌رانبه‌ر به یه‌كێتیی ئه‌وروپا لاوازتر بكات؛ چونكه هه‌ر له ئه‌سڵدا زۆرینه‌ی وڵاتانی ئه‌ندام له یه‌كێتیی ئه‌وروپا، دژی ئه‌وه‌نه توركیا ببێته ئه‌ندام له یه‌كێتیی ئه‌وروپا، ده‌كرێت ئه‌م بابه‌ته‌یش له دژی توركیا به‌كار بهێندرێت.
به‌كارهێنانی وشه‌ی "جینۆساید" بۆ ڕووداوه‌كانی ساڵی 1915 له‌لایه‌ن "بایدن"ه‌وه ڕه‌هه‌ندێكی سیاسیی دیكه له‌خۆ ده‌گرێت كه بریتییه له دروستكردنی گوشار بۆ سه‌ر خودی سه‌رۆككۆماری توركیا، ڕه‌جه‌ب ته‌ییب ئه‌ردۆغان. چونكه بایدن پێش سه‌ركه‌وتنی له هه‌ڵبژاردنه‌كانی سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌مریكا، له لێدوانێكیدا ئاماژه‌ی به گۆڕینی ئه‌ردۆغان كردبوو له ڕێگه‌ی پاڵپشتیكردنی لایه‌نه‌كانی ئۆپۆزیسیۆنی توركی و، به‌م شێوه‌یه ناڕاسته‌وخۆش بێت دژایه‌تیی خۆی بۆ خودی ئه‌ردۆغان ڕاگه‌یاند و داوای كرد گۆڕانكارییه‌كی سیاسیی دیموكراسییانه له توركیا ئه‌نجام بدرێت. جگه له‌مه له كاتی به‌ڕێوه‌چوونی هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژادنه‌كانی سه‌رۆكایه‌تی له ئه‌مریكا، بایدن بۆ به‌ده‌ستهێنانی پاڵپشتیی لۆبیی ئه‌رمه‌نی كه پێگه‌یه‌كی كاریگه‌ریان هه‌یه له‌سه‌ر ئاستی ئه‌مریكا، هه‌وڵی به‌جێگه‌یاندنی به‌ڵێنه‌كانی ده‌دات كه پێشتر به ئه‌رمه‌نه‌كانی دابوو. هه‌ر بۆیه له‌م چوارچێوه‌یه‌دا و له ڕووی سیاسییه‌وه ده‌توانین بڵێین فاكته‌ری به‌ده‌ستهێنانی پشتگیریكردنی ئه‌رمه‌نه‌كان بۆ بایدن له هه‌ڵبژاردنه‌كان و مسۆگه‌ركردنی ئه‌م پاڵپشتییه دوای هه‌ڵبژاردنه‌كان، وای له بایدن كردووه هه‌نگاوێكی له‌م جۆره بنێت.
به‌رانبه‌ر ئه‌مه له‌وانه‌یه لێكه‌وتی سیاسیی ئه‌م بڕیاره‌ی بایدن له‌سه‌ر ئاستی توركیا، به‌پێی ویست و ئاره‌زوو و چاوه‌ڕوانییه‌كانی بایدن نه‌بێت، چونكه ئێستا له توركیا، به‌تایبه‌تی له‌م ماوه‌یه له ڕووی سیاسییه‌وه ململانێیه‌كی سه‌خت له نێوان حزبی ده‌سه‌ڵاتدار و لایه‌نه‌كانی ئۆپۆزیسیۆن له ئارادایه؛ ئه‌م بڕیاره‌ی بایدن تاكه بڕیاره كه سه‌رجه‌م لایه‌نه سیاسییه‌كانی توركیا له‌گه‌ڵ یه‌كدا كۆك كرد و سه‌رجه‌میان دژایه‌تی و ناڕه‌زایه‌تیی خۆیان بۆ هه‌نگاوه‌كه‌ی بایدن به‌ئاشكرا ڕاگه‌یاند. چونكه بۆچونی توركه‌كان سه‌باره‌ت به‌م بابه‌ته جۆره كۆده‌نگییه‌ك له‌خۆ ده‌گرێت و ئه‌وان ڕاسته‌وخۆ بڕوایان به‌وه‌یه كه ئه‌رمه‌نه‌كان له كاتی جه‌نگی جیهانیی یه‌كه‌م خه‌نجه‌ریان له پشته‌وه له سوپای عوسمانی وه‌شاندووه و له‌گه‌ڵ هێزه بیانییه‌كانی وه‌كوو ڕووسیا و فه‌ڕه‌نسا به‌یه‌كه‌وه له دژی عوسمانییه‌كان شه‌ریان كردووه و، له لایه‌كی دیكه جبه‌خانه و كۆگه‌كانی خۆراكی سه‌ر به سوپای عوسمانییان سووتاندووه. بۆیه گه‌لی تورك به‌رانبه‌ر ئه‌م بابه‌ته زۆر هه‌ستیارن و وه‌كوو بابه‌تێكی نیشتمانی سه‌یری ده‌كه‌ن و هه‌ر هه‌نگاوێكیش له‌م باره‌وه له‌لایه‌ن وڵاتانی ڕۆژاوا و بیانی بگیرێته به‌ر، ده‌بێته هۆی دروستبوونی یه‌كڕیزی له‌سه‌ر ئاستی نیشتمانی و سیاسی.
سه‌رۆككۆماری توركیا ئه‌ردۆغان له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌وتی و ته‌نانه‌ت له‌سه‌ر ئاستی هه‌رێمیش چه‌ندین كێشه و گرفتی به‌رچاوی هه‌یه له‌گه‌ڵ هه‌ندێك وڵاتی به‌رچاو كه گرنگترینیان فه‌ڕه‌نسایه و، جۆره كۆده‌نگییه‌كی نێوده‌وڵه‌تی هه‌یه كه ئه‌ردۆغان وڵاتی به‌ره‌و سیسته‌مێكی دیكتاتۆری ده‌بات و دیموكراسییه‌ت له توركیا خراوه‌ته ژێر پرسیاره‌وه. به‌رانبه‌ر ئه‌مه ئه‌ردۆغان هه‌ڵمه‌تێكی فراوانی ده‌ست پێ كردووه بۆ ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ وڵاتانی ناوچه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ئاسایی بكاته‌وه، بۆ نموونه هه‌وڵێكی دیپلۆماسیی توركیی چڕ ده‌ستی پێ كردووه بۆ ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیی ئه‌نقه‌ره له‌گه‌ڵ هه‌ر یه‌ك له قاهیره، ڕیاز و ئه‌بووزه‌بی ئاسایی بكاته‌وه؛ له لایه‌كی دیكه دیسان ئه‌نقه‌ره هه‌وڵه دیپلۆماسییه‌كانی خۆی خستۆته گه‌ڕ بۆ ڕه‌واندنه‌وه‌ی ئه‌و بێمتمانه‌یییه‌ی كه له نێوان ئه‌نقه‌ره و پاریس‌دا هه‌یه. جا له كاتێكی ئاوا هه‌ستیاردا ورووژاندنی بابه‌تی به‌جینۆساید ناساندنی ڕووداوه‌كانی ساڵی 1915، گوشارێكی سیاسیی ناڕاسته‌وخۆ ده‌كاته سه‌ر توركیا و له‌وانه‌یه ئه‌م هه‌وڵه دیپلۆماسییانه‌ی توركیا، به‌تایبه‌تی له‌گه‌ڵ وڵاتانی ڕۆژاوا شكست پێ بهێنێت یاخود لایه‌نی كه‌م توركیا له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تی و هه‌رێمی ته‌ریق بكاته‌وه.
له لایه‌كی دیكه‌وه جگه له لێكه‌وته سیاسییه‌كان، به‌جینۆساید ناساندنی ڕووداوه‌كانی ساڵی 1915 له‌لایه‌ن بایدن، لێكه‌وتی یاساییشی ده‌بێ. هه‌رچه‌نده ده‌سه‌ڵاتی ناساندنی ڕووداوێكی دیاریكراو به جینۆساید له پسپۆری و ده‌سه‌ڵاتی سه‌رۆكی ئه‌مریكادا نییه به‌ڵام به‌هۆی ئه‌وه‌ی ئه‌مریكا وڵاتێكی زلهێزه و كاریگه‌ره له‌سه‌ر ئاستی جیهان، بڕیاره‌كانی سه‌رۆكه‌كه‌ی لانی كه‌م له‌سه‌ر سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌م وڵاته بۆ ماوه‌ی چوار ساڵ كاردانه‌وه‌ی ده‌بێت. بۆیه ئه‌گه‌ر له ڕووی یاسایییه‌وه هیچ به‌هایه‌كیشی نه‌بێت به‌ڵام یارمه‌تیده‌ر ده‌بێت بۆ نانه‌وه‌ی هه‌ندێك هه‌نگاوی یاسایی له دژی توركیا. بۆ نموونه له ساڵی 1934 ڕێككه‌وتنێك سه‌باره‌ت به بابه‌تی قه‌ره‌بووكردنه‌وه له نێوان ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا و توركیا واژوو كرا؛ ئه‌م ڕێككه‌وتنه بریتی بوو له دیاریكردن و قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی بڕی ئه‌و زیانانه‌ی كه به‌گشتی به‌ر مال و مولكی سه‌رجه‌م ئه‌و كه‌سانه كه‌وتووه له سه‌رده‌می حوكمرانی عوسمانییه‌كان. به‌م پێیه ئه‌رمه‌نییه‌كانیش توانییان سوودمه‌ند بن له‌م ڕێككه‌وتنه و له چوارچێوه‌ی ئه‌م ڕێككه‌وتنه سه‌رجه‌م ئه‌و كه‌س و لایه‌نانه كه بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌یان ده‌كرد زیانیان پێی گه‌یشتووه له سه‌رده‌می حوكمڕانیی عوسمانییه‌كان، داواكاریی خۆیان پێشكه‌ش كرد و له ئه‌نجامدا بڕیار درا توركیا به بڕی ملیۆنێك و سێ سه‌د هه‌زار دۆلاری ئه‌مریكی قه‌ره‌بوو بداته زیانلێكه‌وتووان. به‌پێی ناوه‌رۆكی ڕێككه‌وتنه‌كه ئه‌م كاره ته‌نیا به‌م بڕه قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌یه سنووردار كرابوو؛ واتا دوای ئه‌م قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌یه كه‌س مافی نامینێ داوای قه‌ره‌بووكردنه‌وه بكات له توركیا. دواتریش توركیا به چه‌ند قستێك توانی بڕه دیاریكراوه‌كه بداته خاوه‌نه‌كانی. واتا ئێستا ئه‌رمه‌نییه‌كان و غه‌یره ئه‌رمه‌نییه‌كان به پشتبه‌ستن به‌م ڕێككه‌وتنه ناتوانن داوای قه‌ره‌بووكردنه‌وه له توركیا بكه‌ن.
له لایه‌كی دیكه بابه‌تی جینۆساید له ڕووی یاسایییه‌وه له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تی پێناسه‌ی یاسایی‌ی بۆ كراوه. له‌به‌ر ئه‌م هۆكاره بۆ ئه‌وه‌ی لێكه‌وته یاسایییه‌كانی جینۆساید به‌ده‌ر بكه‌وێ، ئه‌وه پێویسته هه‌ر كردارێك بۆ ئه‌وه‌ی ببێته جینۆساید، ده‌بێ چه‌ند پره‌نسیپی جه‌وهه‌ری له‌خۆ بگرێت. پره‌نسیپی یه‌كه‌م بریتییه له پره‌نسیپی جێبه‌جێنه‌كردنی یاسا تازه ده‌رچووه‌كان له‌سه‌ر ڕووداوه‌كانی پێش ده‌رچوونی یاساكه له یاسای سزاكاندا.
نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان دوای جه‌نگی جیهانیی دووه‌م له كۆتاییی ساڵی 1948 په‌یماننامه‌ی ڕێگرتن و سزادانی تاوانی جینۆساید كه دواتر له ساڵی 1951 كه‌وته بواری جێبه‌جێكردن و توركیایش ته‌ره‌فه له‌م په‌یماننامه‌یه، ده‌ركرد. به‌پێی مادده‌ی (9)ی ئه‌م په‌یماننامه‌یه ده‌سه‌ڵاتی دادگه‌ییكردنی تاوانه‌كانی جینۆساید دراوه‌ته دادگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی، به‌ڵام به‌هۆی ئه‌وه‌ی له یاسای سزاكاندا ناكرێ تاوانه‌كانی پێش ده‌رچوونی ئه‌م په‌یماننامه‌یه دادگه‌یی بكرێت، بۆیه ناتوانرێ به پشتبه‌ستن به‌م په‌یماننامه‌یه ڕووداوه‌كانی ساڵی 1915 بنێردرێته دادگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی.
پره‌نسیپی سه‌ره‌كیی دووه‌م بریتییه له‌م لایه‌نه‌ی كه بڕیار له‌سه‌ر ڕووداوێك بدات ئایا جینۆسایده یاخود نا. بۆ ئه‌وه‌ی كردارێك یاخود ڕووداوێك به‌جینۆساید بناسرێت، ئه‌وه پێویسته ئه‌و كه‌سه یاخود ئه‌و ده‌زگه‌یه كه بڕیارێكی له‌م جۆره ده‌رده‌كات، تایبه‌تمه‌ندیی دادگه‌ییكردنی هه‌بێت. هه‌روه‌كوو له سه‌ره‌وه ئاماژه‌مان پێ كرد به‌پێی مادده‌ی (9)ی په‌یماننامه‌ی ڕێگرتن و سزادانی تاوانی جینۆسایدی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان، ئه‌م ده‌سه‌ڵاته دراوه‌ته دادگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی؛ كه‌واتا له ڕووی یاسای نێوده‌وڵه‌تییه‌وه سه‌رۆكی ئه‌مریكا ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ی نییه و له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تییه‌وه ئه‌م هه‌نگاوه‌ی بایدن هیچ به‌هایه‌كی یاسایی له‌خۆ ناگرێت.
جگه له‌م دوو خاڵه‌ی سه‌ره‌وه، هه‌ر وڵاتێك یاخود ده‌وڵه‌تێك وه‌كوو كه‌سایه‌تییه‌كی یاسایی له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تی، ناكرێت له‌لایه‌ن دادگه‌ی ناوخۆییی وڵاتێكی دیكه دادگه‌یی بكرێت؛ ئه‌مه‌یش پره‌نسیپی سێیه‌م پێك ده‌هێنێت. واتا دادگه ناوخۆیییه‌كانی ئه‌مریكا، ده‌سه‌ڵاتی دادگه‌ییكردنی توركیایان نییه وه‌كوو كه‌سایه‌تییه‌كی یاسایی، چونكه ئه‌مه پێچه‌وانه‌ی پره‌نسیپه‌كانی یاسای نێوده‌وڵه‌تییه. به له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌م سێ پره‌نسیپه یاسایییه، ناكرێ له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تی به‌ته‌نیا ناسینی ڕووداوه‌كانی ساڵی 1915 به‌جینۆساید له‌لایه‌ن سه‌رۆكی ئه‌مریكا، بابه‌ته‌كه وه‌كوو داوا له دادگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی به‌پێی مادده‌ی (9)ی په‌یماننامه‌ی ڕێگرتن و سزادانی تاوانی جینۆساید، له دژی توركیا تۆمار بكرێت؛ واتا ده‌توانین بڵێین بڕیاره‌كه‌ی بایدن له ڕووی یاسای نێوده‌وڵه‌تییه‌وه هیچ به‌هایه‌كی نییه.
ئه‌رمه‌نییه‌كان سه‌باره‌ت به بابه‌تی قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی ماڵ و مولكه به‌جێماوه‌كانیان له جیاتی ئه‌وه‌ی سكاڵاكانی خۆیان له دادگه‌كانی توركیا تۆمار بكه‌ن، زیاتر ده‌چنه دادگه‌كانی ئه‌مریكا و فه‌ڕه‌نسا. واتا ئه‌م بڕیاره‌ی بایدن له ڕووی یاسایییه‌وه كاریگه‌ریی له‌سه‌ر دادگه ناوخۆكانی ئه‌مریكا ده‌بێت، به‌تایبه‌تی بۆ ماوه‌یه‌كه دادگه ناوخۆكانی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا پێشه‌نگ بووینه له دیاریكردنی قه‌ربوو بۆ ئه‌و ڕووداوانه‌ی كه پێش ماوه‌یه‌كی زۆر ئه‌نجام دراون له وڵاتانی دیكه‌ی جیهان و، هه‌روه‌ها دادگه ناوخۆكانی ئه‌مریكا ئه‌ركی "پلاتفۆرمی یاسایی‌ی دابه‌شكردنی عه‌داڵه‌تی جیهانی"یان به خۆیان سپاردووه. به‌تایبه‌تی له‌م بارودۆخانه‌ی كه تیایدا له وڵاتانی بیانیی دیكه داواكارییه‌كان به‌هه‌ند وه‌رناگیرێن، ئه‌وه دادگه ناوخۆیییه‌كانی ئه‌مریكا ئه‌م جۆره داواكارییانه به‌هه‌ند وه‌رده‌گرن. له‌م چوارچێوه‌یه له ئه‌نجامی گوشاره‌كانی هاووڵاتیانی ئه‌مریكی به ڕه‌گه‌ز ئه‌رمه‌نی له ویلایه‌تی كالیفۆرنیا، توانراوه هه‌ندێك یاسا له به‌رژه‌وه‌ندیی ئه‌رمه‌نه‌كان ده‌ربكرێت كه گرنگترینیان ئه‌و یاسایه‌یه كه تایبه‌ته به "قوربانیانی جینۆسایدی ئه‌رمه‌نی".
به‌پێی ئه‌م یاسایه نه‌وه‌ی ئه‌و ئه‌رمه‌نییانه كه له كاتی ڕووداوه‌كانی ساڵی 1915 گیانیان له ده‌ست داوه، مافی داواكردنی قه‌ره‌بوویان هه‌یه له كۆمپانیاكانی بیمه "دڵنیایی" و به‌م شێوه‌یه‌یش نه‌وه‌ی ئه‌و ئه‌رمه‌نییانەی كه له كاتی ڕووداوكان گیانیان له ده‌ست داوه له چوارچێوه‌ی ئه‌م یاسایه سكاڵایان تۆمار كردووه له دژی كۆمپانیاكانی بیمه و، دادگاكانی ویلایه‌تی كالیفۆرنیایش له چوارچیوه‌ی یاسای تایبه‌ت به "قوربانیانی جینۆسایدی ئه‌رمه‌نی" له به‌رژه‌وه‌ندیی ئه‌وان بڕیاری داوه و له ئه‌نجامدا به چه‌ندین ملیۆن دۆلار قه‌ره‌بوو كراونه‌ته‌وه. گرنگترین خاڵ كه به یاسا ڕێك خراوه له‌م ویلایه‌ته‌دا، بابه‌تی "قوربانیانی جینۆسایدی ئه‌رمه‌نی"یه كه ڕووداوه‌كانی ساڵی 1915ی به جینۆساید له چوارچێوه‌یه‌كی یاسایی ڕێك خستووه و بابه‌تی قه‌ره‌بووی به جینۆساید به‌ستۆته‌وه. جا لێكه‌وته یاسایییه سه‌ره‌كییه‌كه‌ی به‌جینۆساید ناساندنی ڕووداوه‌كان له‌لایه‌ن بایدن، هێز ده‌به‌خشێته ئه‌و داوا تۆماركراوانه یاخود له داهاتوودا تۆمار ده‌كرێن له دادگه ناوخۆیییه‌كانی ئه‌مریكا دژی توركیا سه‌باره‌ت به ڕووداوه‌كانی ساڵی 1915. بۆ نموونه ئێستا چه‌ندین داوا له دادگه ناوخۆیییه‌كانی ئه‌مریكا له دژی هه‌ر یه‌ك له كۆماری توركیا، بانكی ناوه‌ندیی توركیا، بانكی زراعه‌ی توركی تۆمار كراوه. هه‌ر بۆیه دوای ڕاگه‌یاندنه‌كه‌ی بایدن هاووڵاتیانی ئه‌رمه‌نی ڕایان گه‌یاند كه ده‌ست به تۆماركردنی داوای قه‌ره‌بووكردنه‌وه ده‌كه‌ن له توركیا. واتا ڕاگه‌یاندنه‌كه‌ی بایدن هانی ئه‌رمه‌نییه‌كانی دا بۆ جووڵه‌ی یاسایی‌ی زیاتر له دژی توركیا له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆییی ئه‌مریكا، كه ئه‌مه‌یش كاریگه‌ریی نه‌رێنی ده‌بێت له‌سه‌ر په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان توركیا و ئه‌مریكا.
له ئه‌نجامدا به‌كارهێنانی وشه‌ی "جینۆسایدی ئه‌رمه‌نی" له‌لایه‌ن سه‌رۆكی ئه‌مریكا له ڕووی یاسایییه‌وه له‌وانه‌یه ئه‌نجامی زۆری لێ نه‌كه‌وێته‌وه، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا ڕێگه‌خۆشكه‌ره بۆ نانه‌وه‌ی هه‌نگاوی هاوشێوه له‌لایه‌ن وڵاتانی هاوپه‌یمانی ئه‌مریكا و زیاتر گوشارخستنه سه‌ر توركیا. به‌ڵام له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م ئه‌و لێكه‌وته یاسایییانه‌ی كه له سه‌ره‌وه خراونه‌ته ڕوو، پێمان وایه ئامانجی سه‌ره‌كیی بایدن له‌م هه‌نگاوه‌ی، ته‌ریقكردنه‌وه‌ی خودی ئه‌ردۆغانه و هه‌وڵێكه بۆ دروستكردنی گوشاری زیاتر له‌سه‌ری بۆ ئه‌وه‌ی له هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتووی توركیا، هه‌ڵوێستی ئه‌ردۆغان و حزبه‌كه‌ی لاوازتر بێت له ڕێگه‌ی گوشاره سیاسییه نێوده‌وڵه‌تی و هه‌رێمییه‌كان كه له‌وانه‌یه له ئه‌نجامی ئه‌م هه‌نگاوه‌ی بایدن، ئه‌م جۆره گوشارانه له‌لایه‌ن حزبه ئۆپۆزیسیۆنه‌كانه‌وه له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆی توركیا به باشی به‌كار بهێندرێت، چونكه به‌ئاشكرا پێش هه‌ڵبژاردنه‌كانی سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌مریكا، بایدن ڕای گه‌یاندبوو ئه‌گه‌ر پاڵپشتیی له لایه‌نه ئۆپۆزیسیۆنه‌كان بكه‌ن، ئه‌وه ده‌كرێ له ڕێگه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌وه كۆتایی به ده‌سه‌ڵاتی ئه‌ردۆغان بهێندرێت.