بارزان جهوههر سادق، دکتۆرا لە سیستهمى سیاسى، مامۆستاى زانستە سیاسییەکان- زانکۆى سەڵاحەددین- هەولێر
پێشەکى
ئەوەى سیستهمى دیموکراسى لە سیستهمەکانى تر جیا دەکاتەوە، بریتییە لەو ژینگە سیاسییەى کە مەنزڵگەیەکى دادپەروەرانە و یەکسانى بۆ هەموو تاک و گرووپەکانى بونیاد ناوە کە تیایدا پێکەوەهەڵکردن و ڕێزگرتن لە جیاوازییەکان، بۆتە کهلتوورێکى سیاسى و کۆمەڵایەتى و لە دەرەوەى یاسا و ڕێساکان کەس مافى بازدان و پەڕینەوەى نییە بۆ سنوورى ئازادییەکانى ئەوانی تر. تۆلێرانسى سیاسى کە بە یەکێک لە بەها بەهێزەکانى سیستهمى دیموکراسى و ڕۆحى ئەو سیستهمە دادەنرێت، لە سەقامگیرى و ئاسایش و گەشەسەندنى سیستهمى سیاسیى وڵاتدا ڕۆڵى سەرەکى دەگێڕێت. ئەم ڕەگەزە دیموکراسییە لە قۆناغە جیاوازەکانى مێژووى سیاسیى هەرێمى کوردستان بەکەمى پڕاکتیزە کراوە، بەڵام هەر کات پەیڕەو کراوە، دەرەنجامى ئەرێنیى واى هەبووە کە تەکانێکى بەهێزى بە سیستهمى سیاسى داوە بۆ پێشکەوتن و بەهێزبوون. هەوڵ دەدەین لەم نووسینەدا لە ماناى تۆلێرانسى سیاسى بگەین و بزانین ئەم بەهایە چ کاریگەرییهكی هەبووە لە ڕابردووى هەرێمەکە و، بارودۆخى تۆلێرانس ئێستا چۆنە و چ کاریگەرییەكى لەسەر ئاییندەى سیاسیى هەرێمى کوردستان دەبێت؟
تۆلێرانس چییە؟
تۆلێرانس وشەیەکى ئینگلیزییە، لە Tolerantiaى لاتینییەوە وەرگیراوە کە بە ماناى توانا و هۆشیاریى کەسەکان بۆ پێکەوەهەڵکردنى بیروڕا و ڕەفتار و هەمەجۆریى کهلتوورى دێت. لە زمانى کوردى، تۆلێرانس واتاى دڵفراوانى، سنگفراوانى، لێبووردەیى، بەخشندەیى و پەسەندکردنى هەموو جیاوازییەکى بەرامبەر دەدات. لە زمانى عەرەبى، زۆربەى جار چەمکى "التسامح"ى بۆ بەکار دێت. لە ئەدەبیاتى ئینگلیزى، چەند چەمکێکى ترى نزیک لە تۆلێرانس هەن کە هەمان ئامانجیان هەیە، ئەوانیش پلوڕالیزم (Pluralism)، واتە هەمەجۆرى و هەمەچەشنى و جیاوازیى دەنگ و ڕەنگەکان؛ هەروەها کۆئیکزتنس (Coexistence)، کە بە مانای پێکەوەژیانى ئاشتییانە دێت لەگەڵ جیاوازیى بیروڕاکانى نەتەوە و ئایین و کهلتوورە جیاوازەکان.
تۆلێرانسى سیاسى، چوارچێوەیەکى فراوانى دابینکردنى مافە بنەڕەتییەکان و ئازادییە مەدەنییەکانى تاکەکان و گرووپەکانە لە بەرامبەر جیاوازییان لەگەڵ تاک و لایەنەکانى تر. ئەم ڕەگەزە، بناغەى ڕۆحى لیبڕاڵ دیموکراسى بونیاد دەنێت. یەکێک لە فاکتەرە بەهێزەکانى سەرکەوتنى بلۆکى سەرمایەدارى بەسەر سۆسیالیستى لە ماوەى نزیکەى نیو سەدە لە ململانێ و جەنگ، بریتی بوو لە تۆلێرانسى سیاسى لە وڵاتانى ڕۆژاوا، چونکە دەرفەتێکى فراوان دەداتە تاکەکان بۆ سەرقاڵبوون بە داهێنان و پێشکەوتن، هەماهەنگى و پێکەوەهەڵکردن لە جیاتى بیرى سڕینەوەى یەکتر یان خۆخەریککردن بە هونەرى دیسپلینکردنى جڤات و کۆمەڵەکان و تاواندنەوە و نقوومکردنى کۆمەڵگە بە چاندنى ڕۆحى دووبەرەکى و دوژمنایەتى و وێناکردنى دەرەوە بە دوژمن و داگیرکار.
تۆلێرانسى سیاسی، ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکاى دروست کردووە و تاوەکوو ئێستا بەبەهێزى هێشتۆتەوە. ترامپ کە سەرۆکى وڵات بوو و خاوەنى ئەو هەموو هێزە بوو، نەیتوانى ڕێگرى لەو بنەما دیموکراسییە بکات و، ڕێگەی دا کە ڕکابەرەکەى دەسەڵات بگرێتە دەست چونکە براوەى هەڵبژاردن بوو. بە هەمان شێوە ئەم کهلتوورە لە وڵاتانى ئەسکەندیناڤى و ئەوڕوپاى ڕۆژاوا، بۆتە بزوێنەرى پێشکەوتن و سەقامگیریى وڵات.
بارودۆخى ئێستاى تۆلێرانسى سیاسى لە هەرێمى کوردستان
لەو سەردەمى بەرژەوەندیخوازى و خۆپەرستى و چەقبەستوویییەى هەرێم، بەدەگمەن سەرکردەیەک دەبینین کە هەوڵ بۆ چەسپاندنى بنەماکانى تۆلێرانسى سیاسى بدات. نکۆڵى لەوە ناکرێت کە هەوڵەکانى "نێچیرڤان بارزانى" بۆ تۆلێرانسى سیاسى، وای کردووە کە تاوەکوو ئێستا ئەو سەرکردەیە بەگوێرەى ڕاپرسییە مەیدانییەکان لە پێشەنگى ئەو بوارەدا بێت؛ بۆ نموونە لە دوایین کارى کە لەژێر ناونیشانى "یەکڕیزى" بوو بۆ نووسینەوەى دەستوورى هەرێمى کوردستان، لە یەکێک لە وتەکانى گوتى: "هەوڵ دەدەین سەرۆکایەتیى هەرێم بکەینە چەترى کۆکەرەوەى هەموو جیاوازییەکان." ئەمەیش کارکردن بوو بەو بەڵێنەى کە لە ساتەوەختى دەستبەکاربوونى وەکوو سەرۆکى هەرێم خستییە ڕوو: "سەرجەم کوردستانیانی ئازیز دڵنیا دەکەمەوە کە سەرۆکایەتیی هەرێم چەتری یەکڕیزی و کۆکەرەوەی سەرجەم هێز و لایەنە سیاسیيەکانی کوردستان و پێکهاتە ئیتنی و ئایینییەکانی دەبێت، بە جیاوازیی بیر و بۆچوونەکانیانەوە، لە پێناو پێکەوەژیانی ئاشتییانە و ئارامیی گەلی کوردستاندا." واتە بە هەمان چەشنى باوکى، هەڵگرى پەیامى ئاشتى و پێکەوەژیانى هەموو جیاوازییەکانە لە هەر شوێن و پێگەیەک بێت. کارنامەکەى سەرۆکى هەرێم کە لە ڕۆژى دەستبەکاربوونى وەکوو سەرۆکى هەرێم خستییە ڕوو، پڕ بوو لە توخمەکانى لێبوورەدەیى و بنەماکانى تۆلێرانس و پێکەوەهەڵکردن وەکوو "با لهمهودوا له گشت ئاستێكی كۆمهڵايهتى و سیاسیدا لهگهڵ یهكتر كۆك و تهبا و ساز بین. جیاوازيی بیروڕا و بۆچوونمان وهلاوه بنێين. با برينى ڕابردوومان به لێبووردهيى و سنگفراوانى ساڕێژ بكهين، نهك تۆڵه و پلانى نهگونجاو لهگهڵ پێكهوهژيان. ههنگاوى بیناتنهرانه بنێین بۆ ڕێككهوتن لهسهر نهخشهڕێى هاوبهش، بۆ وڵات و حوكمڕانییەكى بێ جیاوازيی نهتهوهیی، ئایینی، مهزههبی و ناوچهيى و هتد."
لە بەرامبەردا شەپۆلێکى توند و دژ بە تۆلێرانس لە هەرێمى کوردستان هەیە کە هەمیشە وا تێ گەیەنراون کە بۆ مانەوە، دەبێت بجەنگن و گوێ بە هیچ بنەمایەکى تۆلێرانسى سیاسى نەدەن، چونکە ئەمە هەوڵێکە بۆ سڕینەوە و لەباربردنى ئەوان! هەندێک لە سیاسەتوانان تا سەرئێسقان بەرگرى لە بنەماکانى پێکەوەهەڵکردن و پڕەنسیپەکانى دیموکراسى دەکەن، بەڵام کە دەگاتە ڕاست بەرژەوندییەکانى خۆیان، پشت لە تۆلێرانسى سیاسى دەکەن و بە یەک کورسیى خۆیان نیوەى دەسەڵاتیان دەوێت و دەچنەوە سەر بنجى شەرعییەتى شۆڕشگێڕى و پێیان وایە کە ئەمە سەنگى مەحەکە بۆ حوکمڕانێتى، نەک هەڵبژاردن و پێوەرە دیموکراسییەکان! ئەمە وای کردووە کە حزبەکانى تریش نەتوانن پابەندى بنەماکانى دیموکراسى و تۆلێرانس بن بەتەواوى، چونکە کاتێک لایەنێکى بەهێزى پەیمانى کۆمەڵایەتى و سیاسى لە ڕێککەوتنەکە پاشەکشە دەکات یان پێچەوانەى بەها سیاسییە هاوبەشەکان دەجووڵێتەوە، لایەنەکانى تریش، لە ترسى دواکەوتن لە پرۆسەى دەسەڵاتدارێتى، ناچارن لە پێناو مانەوە وەکوو لایەنى بەرامبەر سیاسەت بکەن.
بەربەستە سەرەکییەکانى بەردەم تۆلێرانس لە هەرێمى کوردستان
یەکەم و سەرەکیترین فاکتەر بریتییە لە کهلتوور و پەروەردەى حوکمى ڕژێمەکانى پێشوو لە هەرێمى کوردستان. هیچ توندوتیژییەک بێ پێشینە نییە. هەروەک چۆن منداڵ لاساییى دایک و باوک و خانەوادە و ژینگەى کۆمەڵایەتیى خۆى دەکاتەوە، بە هەمان چەشن، ڕەفتارى حزبە سیاسییەکان و بەرپرسە باڵاکان دەرهاوێشتەى کهلتوورى بەعس و شۆڤینییەکان و ئەو ژینگە سیاسییە ئاڵۆزەى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستە کە حزبەکە تێیدا گەشەى سەندووە. ناکرێـت لە ژینگەیەکى ئالوودە بە تۆتالیتارییەت و دیکتاتۆرییەتى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست، چاوەڕێ بکەین ئاوا زوو کیانێکى دیموکراسیى پێرفێکت لە هەرێمى کورستان دروست ببێت، چونکە دەسەڵاتى سیاسى، زادەى ژینگە کۆمەڵایەتییەکەى و ئەو هەرێمەیە کە تێیدا دەژیت.
دووەم بەربەست بریتییە لەو هەوڵە دزێوە فاشیستەى وڵاتانى دەوربەر بۆ دروستکردنى دووبەرەکى و سیناریۆى جیاجیا بۆ ئەوەى ڕۆحى لێبووردەیى و پێکەوەهەڵکردن هەڵتەکێنێ و کورد نەبێـتە خاوەن پێگەیەکى بەهێز لە هەرێمى کوردستان. ئەمە ڕەگەکەى لە سەردەمى ململانێى عوسمانى و سەفەوییەکانەوە دەست پێ دەکات و تاوەکوو ئێستا و لە داهاتوویش بەردەوام دەبێـ.ت. ئێستایش دەزگهکانى وەکوو میتى تورکى و ئیتڵاعاتى ئێران لە ڕێگەى ڕاستەوخۆى خۆیان یان بریکارەکان و هاونەتەوەکانیان لە هەرێمى کوردستان لە پشتى دروستکردنى سیناریۆ و پێکدادانى لایەنەکانن، کە ئەمە ڕۆحى لێبووردەیى و پێکەوەهەڵکردنى لاواز کردووە. بەئاشکرا بەشداریى دانیشتنى مەکتەبى سیاسیى حزبەکان دەکەن و هەڕەشەى باڵادەستیی لایەنێک بەسەر لایەنێکى تر دەکەن لە سنوورى جوگرافیاى دراوسێیەتیى خۆیان و، پێیان وایە مانەوەى ئەو دەسەڵاتدارانە لەو شوێنە، دەچێتە بازنەى پاراستنى ئاسایشى نەتەوەیى و نیشتمانیى ئەوان.
ترس لە لەناوچوون یان بچووککردنەوەى قەوارەى حزبەکە یان لایەنەکە وای کردووە کە، سازشکردن بۆ یەکتر یان لێبووردەیى و ڕێزگرتن لە بنەما دیموکراسییەکان لە هەرێمى کوردستان ئەستەم بێت. وڵاتانى پێشکەوتوو ئەم بەربەستەیان بە هێزى یاسا و ڕێساکانى وڵات چارە کردووە؛ ئەمە جگە لەوەى بەرزکردنەوەى هۆشیاریى تاکەکان بە ڕەهەندەکانى لیبڕالیزم، پلۆرالیزم، تۆلێرانس ڕۆڵى سەرەکیى گێڕاوە لەسەر پێکەوەهەڵکردنى سیاسى و سەقامگیریى سیاسى. لە هەرێم پاراستنى بەرژەوەندییەکان و سەروەت و سامان و خۆدەوڵەمەندکردنى سیاسییەکان و کەسایەتییەکانى نزیک لەمانە، گەوەرەتر و لەپێشترە لە ڕۆحى تۆلێرانس. بوونى ترسەکەیش تا ڕاددەیەک واقعبینانەیە، چونکە بەدەر لەوەى ئەم سیاسییە بازرگانە بەنایاسایى سامانەکەى کۆ کردۆتەوە، هەوڵ دەدات کە پارێزگاریى لێ بکات و زیاترى بکات. بۆیە ئەمە بەلایانەوە لە پەیڕەوکردنى بنەماکانى دیموکراسى گرنگترە، کە لایەنێکى ترى جیاواز ببێـتە حوکمڕانى بازنەى بازرگانیى ئەوان.
بەدامەزراوەیینەبوونى هێزى سەربازى و چەکدار و لاوازیى حوکمى یاسا، بەربەستێکى گەورەى بەردەم تۆلێرانسى سیاسییە لە هەرێمى کوردستان. ئەمە ئێستا بەزەقى لە تێکەڵکردنەوەى هێزەکانى پێشمەرگەیش ڕەنگى داوەتەوە. حزبە سیاسییەکان پێیان وایە کە ئەگەر هێزى چەکدار بەدامەزراوەیى بکرێت، ئیدى ئەمە کۆتاییى قەڵەمڕەوى ئەوانە و هیچیان ئامادە نین بە شێوەیەکى ڕاستەقینە پێشوازى لە پڕۆژەکە بکەن و، لە پێناو بەهێزبوونى دامەزراوە فەرمییەکان سازش بکەن. بە شێوەیەکى سروشتى، تاک بوونەوەرێکى بەرژەوەندخوازە و سنوورێک بۆ مەبەست و حەزەکانى نییە و دروستبوونى دەوڵەتیش بۆ بەرگرتن لەو ئاشوبەیە کە لە ئەنجامى پێکدادانى بەرژەوەندییەکان دێتە کایەوە. بۆیە دەوڵەت پێناسە کراوە بەو دەسەڵاتە باڵایەى کە لە رێگەى هێزەوە ڕەوایەتیى خۆى بەسەر ناوچەیەک دەسەپێنێ. لێرەدا دەبێـت دامەزاراوە فەرمییەکانى دەوڵەت و حکوومەت بەهۆى ئەو هێزەى هەیانە، بەشێکى گەورەى تۆلێرانسى سیاسى بەسەر کۆمەڵگەدا بسەپێنن، چونکە کاتێک هێزێکى نافەرمیى دۆڕاو لە هەڵبژاردن، ڕێگرە لە بەردەم حکومڕانێتیى براوە، ئەوە دەوڵەتە دەبێـت بە بەکارهێنانى هێز دادپەروەرى بچەسپێنێ، نەک براوە چاوەڕوانى بەخشندەییى دۆڕاو بکات کە ئەو مافەى پێ بدات. کهلتوورى دووئیداریى و حزبیبوونى چەکدارەکان و سوپا وای کردووە، کە هەرێمى کوردستان بۆ هێنانەکایەوەى سەقامگیریى سیاسى، پەیڕەوى لە دیموکراسیى سازان (دیموکراسیى پینەوپەڕۆ) بکات لە جیاتى دیموکراسیى ڕاستەقینە و کەمینە و زۆرینە. ئەمەیش تا دێت بەشداریى سیاسى لە هەرێمى کوردستان کەمتر دەکاتەوە؛ بە شێوەیەک نزیک دەبێتەوە لە نیوە بە نیوە.
داهاتووى تۆلێرانسى سیاسى لە هەرێمى کوردستان
بەگوێرەى ئەزموون و تێڕامان لە گەمەى لایەنە سیاسییە بەهێزەکان، بەو ڕاستییە گەیشتووین کە حزبەکان و بەرپرسەکان هەتا ئەو کاتە تۆلێرانس پەسەند دەکەن کە زیان بە حزبەکەیان، یان بەرژەوەندبى تایبەتى ئەوان نەگەیەنێت، یاخود هەر کات کەمینە بوون داواى تۆلێرانس دەکەن و هەر کات کەوتنە دواوە، ئیدى دەیان پاساو بۆ پشتکردن لەم بەها دیموکراسییە دەهێننەوە. دەستوەردان و کۆنتڕۆڵى زیاترى حزبى سیاسى بەسەر دامەزراوەکان و گوێنەدان بە هیچ پێوەرێک، تۆلێرانس دەکوژێ و هیوایەک بۆ پێکەوەژیان و ڕێزگرتن لە جیاوازییەکان ناهێڵێتەوە.
بەردەوامێتیی سیستهمى سیاسى بەو مۆدێلە دیموکراسییە، تا دێت زیانى زیاتر بە هەرێمى کوردستان دەگەیەنێت؛ بە شێوەیەک کە بەشداریى سیاسى، زۆر دابەزیوە و متمانەى سیاسى لە بارودۆخێکى خراپ و مەترسیداردایە. ئەمەیش شەرعییەتى سیاسى دەخاتە ژێر پرسیار و لە داهاتوو کێشەى زیاتر بۆ سیستهمى سیاسى دروست دەکات.
بەهۆى ژینگەى سیاسى و ئابووریى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست و دەوروبەرى هەرێمى کوردستان لە لایەک و، لەلایەکى تریشەوە بەگوێرەى ئەوەى جیهان بەرەو بەلاوەنانى پڕەنسیپەکانى دیموکراسى و گەڕانەوە بۆ دیکتاتۆرییەت دەگەڕێتەوە و بایەخ بە گریمانەکانى ڕیالیزم دەدات بۆ مانەوە و بەهێزبوون، گریمان دەکەین کە حزبە سیاسییەکانى هەرێم زیاتر لە خەمى خۆبەهێزکردنى سەربازى و ئابووریى خۆیان بن لە جیاتى کارکردن بە بنەماکانى تۆلێرانسى سیاسى و بەها دیموکراسییەکان. ئەمەیش دواى شکستى حزبە ئۆپۆزیسیۆنەکان هات کە بە شێوەیەک ئەمەیش وا دەکات کە بەهێزەکانى ئێستا هەر بەبەهێزى بمێننەوە و پارێزگارى لە دەستکەت و بەرژەوەندییەکانیان بکەن. لێرەدا هیوا و دەرفەتێک نامێنێ بۆ گۆڕانکارى یان پێشکەوتن و گەشەسەندنى پڕۆسەى سیاسى و دیموکراسى.
کۆبەند
هەر کات تۆلێرانسى سیاسى لە هەرێمى کوردستان جێبەجێ کرابێت، کورد دەستکەوتى هەبووە؛ هەر کاتیش پشت لەم فاکتەرە کرابێت زۆرترین زیانى کردووە. هۆکارێکى بەهێزى پشتگیریى نێودەوڵەتى لە هەرێمى کوردستان بریتییە لە جێبەجێکردنى تۆلێرانس لە نێوان پێکهاتە جیاوازەکان، کە بەشێکى زۆرى پەیوەستە بە کهلتوورى کوردى کە جەخت لەسەر ڕێزگرتن لە پێکهاتەى نەتەوەیى و ئایینى و مەزهەبیى جیاواز دەکاتەوە؛ جا بە پاراستنى ئەو بەهایە کاریگەرە و ڕێگەخۆشکردن بۆ چەسپاندنى تۆلێرانسى سیاسى لە تەواوى جومگەکانى سیستهمى سیاسیى هەرێمى کوردستان، بەدڵنیایییەوە مانەوە و بەهێزبوونى هەرێمى کوردستان زیاتر دەبێت. کۆمەڵێک فاکتەرى وەکوو ڕاهێنانى تاکەکان لە قۆناغەکانى خوێندنى پەروەردە و خوێندنى باڵا لەگەڵ پڕەنسیپەکانى تۆلێرانسى سیاسى، بەرزکردنەوەى هۆشیاریى تاکەکان و بەهێزکردنى پایە یاسایى و دەستوورییەکانى وڵات و بەگەڕخستنى دامەزراوە میدیایییەکان بۆ برەودان بە کهلتوورى پێکەوەهەڵکردن، دەتوانن لێکەوتەیەکى بەهێز بن بۆ کۆتاییهێنان بە دیموکراسیى سازان و جێبەجێکردنى دیموکراسیى ڕاستەقینە لە پێناو پێکەوهەڵکردن و پێکەوەژیانى لایەنە جیاوازەکان لە هەرێمى کوردستان.