بارزان جەوهەر سادق، دکتۆرا لە سیستهمى سیاسى، پڕۆفیسۆرى یاریدەدەر لە زانستە سیاسییەکان- زانکۆى سەڵاحەددین- هەولێر
پێشەکى
ئامانج و ئەرکى سەرەکیى دروستبوونى دەوڵەت، بۆ هێنانەدیى ئاسایشى نەتەوەیى و کۆمەڵگەیە؛ ئەدى ئەرک و ڕۆڵى سەرەکیى چینى گەنج بۆ پاراستنى ئاسایشى نەتەوەیى چییە؟ ئاسایشى نەتەوەیى بەپوختى بە ماناى پاراستنى نەتەوەیەک دێت لە بەرامبەر هەر مەترسییەک لەسەر ئەندامانى ئەو نەتەوەیە لە ڕووى کردارى تیرۆریستى، جەنگ، کارى ترى نهێنى بۆ وردوخاشکردن و تاواندنەوەى نەتەوەیەک یان کەمکردنەوەى ئینتیما و بەرگرى لە نەتەوەکە بۆ لاوازکردنى و دواتر لەناوچوونى. بە سەرنجدان لە مێژووى نەتەوەکان وەڵامى ئەو پرسیارەمان دەست دەکەوێت کە بەردەوامیى نەتەوەکان هەتا سەر نییە و بە سەدان نەتەوە لەناو چوون و نەتەوەى تر لەدایک بووە. لێرە بەو سیاسەتە تۆکمە نەتەوەیییەى سیاسەتوان و هاریکارەکانیان لەناو خودى نەتەوەیەک بۆ بەرگرى لە مانەوە، پاراستن و بەردەوامى و پێشکەوتن، دەگوترێت ئاسایشى نەتەوەیى. ئێمە هەوڵ دەدەین کە لە چوارچێوەى ئەو ناساندنە تیۆرییە، خوێندنەوەیەک و ناساندنێک بۆ ڕۆڵ و کاریگەریى چینى گەنجانى هەرێمى کوردستان لەو ئەرکە نەتەوەیییانەى بۆ پاراستنى ئاسایشى نەتەوەییى هەرێمى کوردستان پێویستە، بخەینە ڕوو. پرسیارە سەرەکییەکانى ئەم تەوەرانە ئەمانەن: چۆن تایبەتمەندییەکانى گەنجان دیارى بکەین و بە کێ دەگوترێت گەنج لە کۆمەڵگەى باشوورى کوردستان و، ڕێژەیان چەند لەسەدایە لەو کۆمەڵگەیە؟ بارودۆخى ئاسایشى نەتەوەییى هەرێمى کوردستان چۆنە و، چینى گەنجان ڕۆڵیان چییە لە پاراستنى ئاسایشى نەتەوەیى، یان بەپێچەوانەوە کاریگەریى نەرێنیان چى دەبێت لەسەر داهاتووى ئاسایشى نەتەوەییى هەرێمى کوردستان؟
ڕێژەى گەنجان و بار و گوزەرانیان لە ئێستاى هەرێمى کوردستان
ئامارى جیاجیا بۆ پێکهاتەى گەنجان لە کۆمەڵگەى باشوورى کوردستان هەیە، بەڵام ئەوەى جێگەى متمانە بێت ئەو ڕێژەیەیە کە باس لەوە دەکات گەنجانى هەرێمى کوردستان لە سەرووى ٦٧% دانیشتووان پێک دەهێنن. پێشبينيیه ئاماريیهكان دهڵێن، ههتاوهكوو چهندين ساڵى تر ئهم كۆمهڵگهيه بهگهنجى دهمێنێتهوه.
پرسیارێکى تر لێرەدا دێتە پێشەوە کە ئایا چۆن تەمەنى گەنجێتى دیارى دەکرێت و بە چ پێوەرێک؟ سەرەتا سهبارهت به پێناسه و قۆناغى سهرهتا و كۆتايیى گهنجێتی، ڕێككهوتن نیيه له نێوان توێژهرهكان و؛ ناساندن و دياریكردنى قۆناغهكانى گهنجبوون، له وڵات و كهلتوورێكهوه بۆ يهكێكى تر دهگۆڕێت. بۆيه چهندين ناساندن و قۆناغبهندى بۆ ئهم توێژه كراوه. بهشێك پێيان وايه گهنجێتی گوزارشته لهگهشهى عهقڵى، جهستهيى، فيزیكى و ڕهفتارى كۆمهڵايهتیى تاك له كۆمهڵگه. ئهم چينه دهكهونه حاڵى ئاوێتهبوون لهگهڵ پرسيار و ڕهخنه جدديدهكان لهسهر ڕهوشت، ئایين، نۆڕمه كۆمهڵايهتیيهكان، پڕهنسيپه سياسیيهكان كه لهلايهن باوانيان يان كهناڵهكانى ترى پڕۆسهى بهكۆمهڵايهتیبوونهوه بهرهوڕوويان دهبێتهوه. يونسكۆ پێناسهى دهكات وهك تهمهنێك كه تاك تواناكان و بههرهكانى بهرهوپێش دهبات و ئامادهيه بۆ بهرپرسيارێتی. بهگوێرهى پێناسهى ڕێكخراوى نهتهوه يهكگرتووهكان بێت، چينى گهنجان تهمهنهكانى نێوان (15-24) ساڵى دهگرێتهوه، واته قۆناغى نێوان ههرزهكارى و پێگهيشتوو. بە هەمان شێوە حكوومهتى سويدى، گهنجان پێناسه دهكات بهو کەسانەى تهمهنيان له نێوان (13-25) ساڵانه و بهشداریى ژيانى مهدهنى دهكهن وهك هاووڵاتى ئهم وڵاته. ههندێك جاريش قۆناغبهندى لهناو گهنجێتیدا دهكرێـت، وهك قۆناغى يهكهم له سهرهتاى خۆناسينهوهوه بۆ تهمهنى (21) ساڵى و قۆناغى دووهم له نێوان (21-30) ساڵيدايه و قۆناغى سێيهم ههتا (35) ساڵى درێژ دهبێتهوه. ئێستا له كۆنفڕانسه جيهانیيهكان ههتا تهمهنى (40) ساڵيش تاك به گهنج ههژمار كراوه و ههندێك له توێژينهوهكانيش ههر نايبهستنهوه به ساڵ و تهمهن، بهڵكوو پهيوهستى دهكهن به ههڵسوكهت، ڕهفتار، توانا و ڕوخسار و چهندين تايبهتمهندیى ترى كۆمهڵايهتى.
چەند کێشەیەکى گەورە بەرۆکى گەنجانى هەرێمى کوردستانى گرتووە کە ڕاستەوخۆ پەیوەستە بە ئاسایشى نەتەوەییى هەرێمى کوردستان. کۆچکردنى ڕێژەیەکى یەکجار زۆرى گەنجان بۆ دەرەوەى وڵات، بێکاریى گەنجان، کەمبوونەوەى ڕێژەى هاوسەرگیرى و کەمبوونەوەى ئینتیماى نەتەوەیى، لە کێشە لەپێشینەکانى ئەمرۆى گەنجانن کە کاریگەریى زۆرى لەسەر ئاسایشى نەتەوەیى هەیە.
ڕاستە کۆچکردنى بەشێک لە گەنجەکان چارەسەرى بار و گوزەرانى خودى گەنجەکە و بنەماڵە و تەنانەت لە سەرێکەوە حكوومهتیش دەکات، چونکە گەنجەکە بەدواى کاردا دەسووڕێ و دەستى ناکەوێت و بۆ خەرجیى خۆى دەبێتە بار بەسەر بنەماڵەکە و لە زۆربەى کات دژى حكوومهتیش دەوەستێـتەوە؛ بەڵام ئەوەى مەترسییەکە دروست دەکات کەمبوونەوەى ڕێژەى گەنجەکان و ڕێژەى دانیشتووانى گەنج و لەدەستدانى تواناى مرۆیییە و دواتر جێگرتنەوەیەتى لەلایەن گەنجانى دەرەوەى هەرێمى کوردستان.
ساڵ لە دواى ساڵ دەرچووى زانکۆ و پەیمانگهکان زیاد دەبێت و باس لەوە دەکرێت زیاتر لە ٢٠٠ سەد هەزار دەرچووی زانکۆ وپەیمانگەکان لە دامەزراوە فەرمییەکاندا دانەمەزراون. ئەگەرچى بەشێک لەو دەرچووانە لە کەرتى تایبەت کار دەکەن یان خۆیان پیشەیەکى سەربەخۆیان هەیە، بەڵام ئەمە بە ڕێژەیەکى زۆر کەمە و ئەوانی تر بێکارن. لێرەدا بەپێچەوانەوە ئەم گەنجانە هەستێکى دژەنەتەوەیییان بۆ دروست بووە و هەمیشە ڕەخنەى توند ئاراستەى سیستهمى سیاسى دەکەن و ئەگەر سەرنجتان دابێ، پێشڕەوایەتیى هەر خۆپێشاندان و جووڵانەوەیەکى دژ بە هەرێمى کوردستان دەکەن. بە هەمان شێوە جگە لەوەى حزبە سیاسییەکان ئەم بێکارییەى گەنجانیان بەهەل وەرگرتووە و پارە بە کۆمەڵێک گەنج دەدەن تەنیا بۆ جنێودان و سووکایەتیكردن به یهکتر لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا ڕۆژانە تووڕەبوونى لەڕاددەبەدەرى گەنجانى تر دەبینین کە لە دژى هەموو پیرۆزییەکى نەتەوەیى و نیشتمانیى ئەم وڵاتە وەستاونەتەوە. واتە لە جیاتى سوودوەرگرتن لێییان وەکوو دەرفەت، تا ڕاددەیەک بوونەتە مەترسى لەسەر ئاسایشى نەتەوەیى.
لە لایەکى ترەوە، ئەگەرچى پرۆسەى بەجیهانیبوون ڕۆڵى سەرەکیى گێڕاوە لەسەر کەمبوونەوەى هاوسەرگیرى بەگشتى، بەڵام ئەگەر ئێمە بەراوردى پرۆسەى هاوسەرگیریى نێوان ساڵانى ٢٠٠٨-٢٠١٤ بکەین لەگەڵ ساڵانى دواتر تاوەکوو ئێستا، جیاوازییەکى گەورەمان بۆ دەردەکەوێت. جگە لەمەیش ڕێژەى جیابوونەوە تا دێت بەرزتر دەبێـتەوە، بە شێوەیەک لە دوو ساڵى ڕابردوو لە هەر چوار هاوسەرگیرییەک، یەکیان بە جیابوونەوە کۆتایى هاتووە. ئەمەیش مەترسییە لە بەردەم کەمبوونەوەى ڕێژەى دانیشتووان و ڕێژەى گەنجان لە داهاتوودا. ئەمە لە چوارچێوەى مەترسى دەرچووە و بۆتە هەڕەشە لەسەر ئاسایشى نەتەوەیى لە ناوچە کوردستانییەکانى دەرەوەى ئیدارەى هەرێمى کوردستان کە دەرفەت نییە لێرە بەدرێژیى باسى بکەین.
کاریگەریى گەنجانى هەرێمى کوردستان لە پاراستنى ئاسایشى نەتەوەیى
پەیوەندییەکى بەهێز هەیە لە نێوان گەنجان و ئاسایشى نەتەوەییى هەرێمى کوردستان. لهسهر ئهو بنهمايهى كه سیستهمى سياسى، پڕۆسهيهكى ههماههنگى و تهواوكاریى نێوان خهڵك و دهسهڵاتهوه و گهنج ڕهگهزێكى بههێزى ئهم كۆمهڵگهيهيه، گرنگه توێژينهوه لهم توێژه بكرێت و بارودۆخى ئهم چينه كۆمهڵايهتیيه و ڕۆڵيان له پڕۆسهى سياسى و بهشدارى له بڕياردان و پاراستنى ئاسایشى نەتەوەیى بخرێتە ڕوو. لێرەدا دەبێ تیشک بخەینە سەر ئەرکەکانى گەنجانى هەرێمى کوردستان بۆ پاراستنى ئاسایشى نەتەوەیى:
یەکەم: بەشداریى سیاسى
بەشداریى سیاسى، تەنیا بەشدارى لە هەڵبژاردنەکان نییە، بەڵکوو کەناڵەکانى ترى وەکوو ئەندامبوون لە حزبى سیاسى، بەشداریى خۆپێشاندان و دەربڕینى ڕا لە میدیا دەربارەى پرسى سیاسى و... دەگرێتەوە. سەرەڕاى کەمبوونەوەى بەشداریى سیاسیى خەڵکى هەرێم کە دابەزیوە بۆ ٥٨%، بەپێى توێژینەوەیەکى مەیدانیى ئێمە، گەنجان لەناو ئەو ڕێژەیە کەمتر لە نیوە بەشدار بوون؛ بەو واتایەى لەناو ئەم چینەدا کەمتر لە ٥٠% چوونەتە سەر سندووقەکانى دەنگدان لە دوایین هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان (٢٠١٨). بەشدارى لە ڕێگەى ئەندامبوون لە حزبە سیاسییەکان لەلایەن گەنجەکانەوە بارودۆخى زۆر خراپتریشە لە بەشدارى لە هەڵبژاردنەکان؛ بە شێوەیەک کە گەنجەکان ئەندامبوون یان چالاکییان لە حزبێکى سیاسییان پێ عەیبەیەکى گەورەیە! بەپێچەوانەوە بەشدارى لە ڕێگەى کەناڵەکانى ترى بەشداریى سیاسى وەکوو خۆپێشاندان و دەربڕینى بیروڕا لە کەناڵە میدیایییە کلاسکى و نوێیەکان، بەشدارییەکى زۆر نێگەتیڤانەیە و بە زیانى ئاسایشى نەتەوەیى تەواو دەبێت.
گرنگە گەنجەکان وا پەروەردە بکرێن و تێ بگەن کە تاوەکوو ئەو تەمەنە حكوومهت و خێزان و کۆمەڵگە بەگشتى بە ئەرکى نەتەوەیى و نیشتمانیى خۆیان زانیوە کە پێى بگەیەنن و، لەمەیش بەدواوە ئەرکى سەرشانى ئەو گەنجەیە کە بەشداریى سیاسى بکات لە پێناو دیاریکردنى باشترین فۆرمى سیاسى بۆ وڵات و، لە جیاتى تەنیا ڕەخنە و جنێودان بیر لە چارەسەرێک یان میتۆدێکى تر بکاتەوە بۆ خزمەتکردن بە ئاسایشى نەتەوەیى، چونکە لەمە بەدواوە پاراستنى ئاسایشى نەتەوەیى ئەسپاردەى ئەم نەوە گەنجە دەکرێـت و، دەبێ هەست بەوە بکرێت کە چارەنووسى گەنجەکان بەستراوەتەوە بە بەگەڕخستنى تواناکان و ئەرکەکانى خۆیان لەناو چوارچێوەى ئاسایشى نەتەوەییى هەرێمى کوردستان.
دووەم: برەودان بە بەهرە و تواناکانیان
یەکێک لە گەورەترین کێشەکانى ئاسایشى نەتەوەییى هەرێمى کوردستان هەڵکەوتە جوگرافی و جیۆپۆلیتیکەکەیەتى، چونکە هەمیشە شارستانییەتەکانى دەوروبەرى، بەرزبوونەوەى تواناکانى هەرێم و دانیشتووانەکەیان بە هەڕەشە لەسەر ئاسایشى نەتەوەییى خۆیان زانیوە. لەو پێناوەدا هەوڵى زۆر هەیە بۆ بێتواناکردنى گەنجانى هەرێمى کوردستان لە پێناو لاوازکردنى ئاسایشى نەتەوەییى هەرێمى کوردستان. بۆ نموونە جگە لەو ڕەخنانەى لەسەر ستافى مامۆستایانى هەرێم هەیە، مامۆستایانى ترى دەرەوەى هەرێم کە لە هەرێم وانە دەڵێنەوە، هۆکارێکى سەرەکیى ئەو بێتواناکردنەى گەنجانن، وەکوو ئێمە ڕۆژانە لە زانکۆ تایبەت و حکوومییەکان دەبینین. ئەمە هەر تەنیا لە کەرتى پەروەردە و خوێندنى باڵادا نییە، بەڵکوو لە کەرتى ئابوورى، پیشەسازى، بازرگانى، گەشتوگوزار و زۆربەى بوارەکانى تردا هەیە. بەو مانایەى کاڵبوونەوەى هەستى نەتەوایەتى لاى گەنجان بەهۆى خراپیى ئەداى دامەزراوەکان لەلایەن کۆمەڵێک مەزهەب و مەرجەع و دەزگهى هەوڵگریى هەرسێ نەتەوەى دراوسێ بەهەند وەرگیراوە و کار لەسەر دابەزینى زیاترى هەستى نەتەوایەتیى گەنجانى هەرێم دەکرێت؛ بە شێوەیەک کە قوتابى و خوێندکار پێى شەرم بێـت بەکوردى بخوێنێ یان بنووسێ. ئەمە بەداخەوە چەندین ساڵە لە ناوەندى زانکۆکان لەلایەن کۆمەڵێک خەڵکى غەیرەکورد جێبەجێ دەکرێت و سەرکەوتوو بووە. بۆ پاراستنى زمان و ئەدەبى کوردى، پێویستە هۆشیارانە مامەڵە لەگەڵ ئەم پرسە بکرێت. دهبێ حكوومهتى هەرێم بەوردى سەرنجى ئەم خاڵە بدات و ڕێگە نەدات ئەم سیاسەتەی دژ بە ئاسایشى نەتەوەییمان زیاتر برەو بکات لەناو گەنجان و لە ناوەندەکانى پەروەردە و خوێندنى باڵا. لەبەر ئەوەى حكوومهت و لایەنە ناحکوومییەکانى ئەم کۆمەڵگەیە مشورى پرسى ئاسایشى نەتەوەیییان نەخواردووە، بۆیە خەریکە پەروەردەى ناکوردى هەستى تاکى کوردى لە لاى گەنجى کوردى خاڵى دەکاتەوە و ئەمەیش لە ڕێگەى گەورەترین ئامرازەوە دەکات ک پرۆسەى پەروەردەیە.
گرنگە لە هەرێمى کوردستان لە جیاتى قوتابخانە و زانکۆ تایبەتەکانى وڵاتان، ناوەندى ترى ئەکادیمى و پەروەردەییى نیشتمانى و نەتەوەییى بەهێز هەبێت بۆ برەودان بە توانا و بەهرەى گەنجەکان لە پێناو بەهێزکردنى ئاسایشى نەتەوەییى هەرێمى کوردستان؛ وەکوو سەدان ساڵە فەڕەنسییەکان لە پێناو پاراستنى ئاسایشى نەتەوەییى خۆیان جێبەجێى دەکەن. بەتایبەت کاتێک منداڵانى بەرپرسە گەورەکان دواتر هەر ئەوان دەسەڵات وەردەگرنەوە، پێویستە لە قوتابخانە و زانکۆ حکوومییەکان بە پەروەردە و هەستێکى بەرزى کوردپەروەرانە ئامادە بکرێن.
سێیەم: پاراستنى پیرۆزییە نەتەوەیییەکان
بەهۆى فاکتەرى سەرەوە و لە لایەکى ترەوە بەهۆى کاریگەریى تەوژمە ئیسلامییە توندڕەوەکانەوە، هەستى نەتەوایەتى لە لاى گەنجان لاواز بووە؛ یان ڕێزگرتن لە پیرۆزییە نەتەوەیییەکان بە حەرام و نەشیاو دەزانن. بۆ نموونە بەهۆى وتارى ئایینیى چەند وتاربێژێکەوە وەستانەوە دژى نەورۆز زۆر زیادى کردووە و خەریکە لەبار دەبردرێت یان سروودى نیشتمانیى "ئەى ڕەقیب" و هتد.
کێشەى گەورەى گەنجانى باشوورى کوردستان ئەوەیە کە جیاوازى لە نێوان نیشتمان یان وڵات و حكوومهت ناکەن. وڵات و نیشتمان نەگۆڕە و حكوومهت و دەسەڵاتدارەکان بەگوێرەى کات و کابینە و ئەداوە دێن و دەچن، بەڵام نیشتمان و خاک پرۆسەیەکى هەتاهەتایییە و خەڵک و تاکەکان خاوەنى ڕاستەقینەین و خۆشەویستیى خاک و نیشتمان یان خەباتکردن لە پێناویان یەکسان نییە بە خەبات بۆ حزبێكى سیاسى یان سەرکردەیەک. هەمیشە دەبێ ئەو وتە بەنرخەى "جۆن کەنەدى"، سەرۆکى پێشووى ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکامان لەیاد بێت کە دەڵێت: " Do not ask what your country can do for you ask what you can do for your country"؛ (مەپرسە وڵاتەکەت چى بۆ کردووى؛ لە خۆت بپرسە کە چى دەتوانى بۆ وڵاتەکەت بکەى).
کەمبوونەوەى ئينتيماى سياسى لە هەرێمى کوردستان زۆر زیادى کردووە. بەگوێرەى ئەو توێژینەوە مەیدانییەى ئێمە لەناو گەنجاندا بەشداریمان تێدا کردووە، تهنیا (35%)یان ئينتيماى سياسيیان ههبوو. ئهمهیش له لايهك پهيوهندیى به سهقامگيریى سياسى و كهمبوونهوهى بهشداریى سياسیى گهنجان له ئهندامبوونيان و كار و چالاكيیان له حزبهكان و ڕێكخراوه سياسیيهكانهوه ههيه. له لايهكى ترهوه بههۆى ئهداى خراپى حزبه سياسیيهكانى ههرێمى كوردستان، گهنجان بۆ ئینتیمابوون بهو حزبانه له پاشهكشهدان، بۆيه (65%)يان ئينتيماى سياسیيان نیيه.
چوارەم: بەکارهێنانى ئامرازە نوێیەکانى تەکنهلۆژیا بۆ بەرگرى لە نەتەوەى کورد
ئەمڕۆ لە هەندێک ڕووەوە هێزى نەرم زیاتر لە هێزى ڕەق کاریگەرى دەنوێنێت. هەروەکوو چۆن سۆشیال میدیا، بەتایبەت فەیسبووک چەندین جار کاریگەریى لەسەر گۆڕینى ڕای گشتى و بڕیارەکانى فەرمى نواندووە، بە هەمان شێوە ڕۆڵى هەبووە لەسەر بەرزراگرتنى هەستى نەتەوایەتى و بەپێچەوانەکەیشى ڕاستە وەکوو لە سەرەوە باسمان کردووە. واتە دەکرێـت ئەمڕۆ گەنجان لەناو ماڵەکەى خۆیان لە ڕێگەى بەکارهێنانى ئامرازە نوێیەکانى تەکنهلۆژیاوه، بۆ پاراستن و بەرگرى لە ئاسایشى نەتەوەییى هەرێمى کوردستان گەورەترین خزمەت بە ئاسایشى نەتەوەییى هەرێمى کوردستان بکەن.
پێنجەم: خۆبەدوورگرتن لە سیاسەتى نەتەوەپەرستى
یەکێک لە خاڵە بەهێزەکانى ئاسایشى نەتەوەییى هەرێمى کوردستان ئەوە بووە کە، هەرچەندە هەڕەشە لە دژى ئاسایشى نەتەوەیییەکەى ههبووه یان تەنانەت گەیشتۆتە ئاستى جینۆساید و لەناوبردن، بەڵام پەرچەکردارى هاوشێوەى نەبووە. ئەمە لە چەندین لایەنەوە خزمەتى بە هەرێمى کوردستان کردووە؛ لە لایەک هەرێم ئەو توانایەى دژبەرەکانى نییە، لە لایەکى ترەوە هەوڵێکە بۆ خۆبەدوورگرتن لە جەنگ و کارکردن لەسەر مانەوە و پێشکەوتن. لە هەمان کات بۆ نیشاندانى وێنەیەکى جوانى نەتەوەییى کورده بەو لایەنانە و کۆمەڵگەى نێودەوڵەتی. لەمانەدا هەرێم سەرکەوتوو بووە. بۆ نموونە هەرچەندە هەندێک جار گەنجە خوێنگەرمەکانى هەرێم پێیان وایە دەبێ هەمان کرداریان لەدژ بکرێـتەوە، بەڵام ئەمە تەنیا گوتارە و لە ڕووى پەروەردەى نەتەوەیییەوە نە حكوومهت و دەسەڵات و نە کۆمەڵگە ڕێگەى بەم کارە نەداوە. له لايهكى ترەوە، لەناو خودى هەرێم هەرچەند زیاتر لە ٩٥%ى دانیشتووانەکەى کوردن، بەپێچەوانەى سیاسەتى تورکیا، ئێران و عێراق، هەرێمى کوردستان وەکوو وڵاتانى ئەوڕوپا و بگرە لە پێدانى پۆست و پایە بە نەتەوەکانى تر زیاتریشى کردووە بۆ پێکەوەژیانى نەتەوە، ئایین و مەزهەب و پێکهاتە جیاوازەکان پێکەوە. لێرەدا دەمانەوێت بڵێین کە خۆبەدوورگرتن لە هەستى ڕەگەزپەرستى و نەتەوەپەرستى، خۆى لە خۆیدا خزمەتە بە ئاسایشى نەتەوەیى لە هەرێمى کوردستان لە پێناو نەدانەدەستى پاساو بە وڵاتان بۆ دەستوەردان له لايهك و بۆ سەقامگیریى سیاسى و کۆمەڵایەتى و پێشکەوتنى سیاسەتى ناوخۆ و دەرەوە له لايهكى تر.
شەشەم: هاریکاریى کۆمەڵگە بۆ کەمکردنەوەى هەڕەشەکان
خزمەتى نیشتمان لە ڕێى پیشەى هەر تاکێک، یەکێک لە کۆلەکە سەرەکییەکانى بەهێزکردنى ئاسایشى نەتەوەیییە. لە ڕێگەى تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە وا گەنجەکان پەروەردە دەکرێن، کە خزمەتى نیشتمانى بێگانەیەک لەوسەرى دونیاوە و بەو غوربەتى و سووکایەتییەى پێى دەکرێـت، پیرۆزتر بێت لە خزمەتى نیشتمانەکەى خۆى یان بەکەمى بزانێ هەمان پیشە لە نیشتمانەکەى خۆى بکات. ئەگەر گەنجانى باشوورى کوردستان بە ئەرکى نیشتمانیى خۆیان بزانییایە و خزمەتیان بکردایە، ئێستا بۆ بە دەیان هەزار کرێکارى دەرەوەى هەرێم لە کوردستان داهاتى هەمەجۆرى بەدەست دەخست و دەیناردەوە شوێنەکەى خۆى.
وەکوو دیارە ئاسایش تەنیا ئاسایشى سەربازى نییە و گەنجان دەتوانن لە ڕێگەى کەمکردنەوەى خەرجییەکان و کەم بەکارهێنانى خزمەتگوزارییەکان و تەنانەت ڕاگرتنى پاک و خاوێنیى شار و گەڕەک و باخچە و هەر شوێنێکى تر خزمەت بە ئاسایشى نەتەوەییى خۆیان بکەن. حكوومهتى سوید خێزانەکانى لە وڵات ڕاهێناوە کە لە کاتى قەیران ئەوانیش یەکەیەکى بەهێزى بەڕێوەبردنى قەیران بن، چونکە پێیان وا نییە کە بەڕێوەبردنى وڵات تەنیا ئەرکى دەسەڵاتداران بێت. بەپێچەوانەوە لە هەرێمى کوردستان هەندێک جار تاکەکان و کۆمەڵگە خۆیان خوڵقێنەرى قەیرانن یان هەوڵى گەورەکردنى قەیرانەکان دەدەن لە جیاتى هاریکاریى حكوومهت و دامەزراوەکان بۆ سووککرن و دەورەدانى قەیرانەکان.
ئەگەرچى بەشەکانى ترى ئاسایشى ناسەربازى لە وڵاتانى پێشکەوتوو گەشەى سەندووە و ڕۆڵى لەسەر ئاسایشى نەتەوەیییان هەبووە، بەڵام بە حوکمى هەڵکەوتە جوگرافییهکە و ئەو بارودۆخە سیاسییەى هەرێمى کوردستانی تێدایە، هەمیشە هەڕەشە سەربازییەکان ڕۆڵى سەرەکى لەسەر بوارەکانى ترى ئاسایش دەگێڕن، بۆیە ئامادەیى بۆ هەڵگرتنى چەک و بەرگرى لە هەرێمى کوردستان لە هەر هەڕەشەیەکى سەربازى، لە هەندێک کات پێویستییەکى ئاسایشى نەتەوەیییە و، گرنگە بۆ بەرگرى و مانەوەى هەرێم ئەم هەستە لە لای گەنجان دروست بکرێت.
حەفتەم: پێشخستنى ئاسایشى ئابوورى
سیاسەت لەسەر پشتى ئابوورى بەڕێوە دەچێت و گەنجان بڕبڕەى پشتى ئاسایشى نەتەوەییى خۆیانن لەمڕۆوە. ململانێکانى چین و ئەمریکا و هیندستان و بەڕازیل و تورکیا و هەموو ئابوورییە بەهێزەکانى جیهان، بەهۆى بازووى گەنجەکان و بەشداریى ئەو چینەیە لە کەرتى ئابوورى و بازرگانى و بوارەکانى تر. بەپێچەوانەوە بەهۆى نەبوونى پلان و ستراتیژێکى ئاسایشى نەتەوەیى لە هەرێمى کوردستان، گەنجان بوونەتە چینێکى بەکاربەر و ئەوانەى کۆچیش دەکەن دەبنە دەستى کارى وڵاتانى تر. نەخشەڕێژکردنى ستراتیژێکى نەتەوەیى بۆ بەگەڕخستنى ئەو توانا مرۆیییە گەورەیە لە هەرێمى کوردستان، هەم خزمەت بە خودى کۆمەڵگە و هەم بە ئاسایشى نەتەوەییى هەرێمى کوردستان دەکات لە ئێستا و داهاتوودا.
کۆبەند
بە بڕواى ئێمە و سەرنجى توێژەرە بیانییەکانیش لە هەرێم، چارەسەرکردنى کێشەکانى گەنجان دەتوانرێت لە هەڕەشە لەسەر ڕووخانى سیستهمەکە و مەترسى لەسەر ئاسایشى نەتەوەیى کە لە ئێستادا هەستى پێ دەکرێت، بگۆڕدرێت بۆ فاکتەرێکى بەهێزى مانەوە، بەردەوامى و پێشکەوتنى ئاسایشى نەتەوەیى لە هەرێمى کوردستان. چارەنووسى ئاسایشى نەتەوەیى لە دەستى ئەم نەوەیە و نەوەى دواترە کە بە نزیکەى زۆرینەى گەنجان دەکات. پەراوێزخستنى ئەم چینە دەبێتە هۆى لەدەستدانى هەموو ئەو دەستکەوتە گەورانەى چەندین ساڵە قوربانیى بۆ دراوە.