(دینامیکییەتى هەڵبژاردن و چەقبەستووییى سیاسیى عێراق؛ حوکمڕانێتى دواى ئۆکتۆبەرى ٢٠٢١)
بارزان جەوهەر سادق، دکتۆرا لە سیستهمى سیاسى، پڕۆفیسۆرى یاریدەدەر لە زانستە سیاسییەکان- زانکۆى سەڵاحەددین- هەولێر
پێشەکى
گومان لەوەدا نییە کە هەڵبژاردن پرۆسەیەکى سیاسى، کۆمەڵایەتى و یاسایییە و بە کۆڵەکەى سەرەکیى سیستهمى دیموکراسى دادەنرێت، بەڵام ئەوەى پێویستە هەڵوەستەى لەسەر بکرێت ئەوەیە کە ئایا ئەم سیستهمە، کە ئامانج لێی هێنانەکایەوەى سەقامگیریى سیاسى و کۆمەڵایەتییە، بە کەڵکى هەموو کۆمەڵگە و ژینگەیەکى سیاسى دێت؟ هەڵبژاردن و هەڵبژاردنى پێشوەختەى عێراق چى لە بابەتى حوکمڕانێتیى نوێى عێراق دەگۆڕێت؟ جیاواز لە هەموو هەڵبژاردنەکانى تر، ئەم جارە تەنیا عێراقییەکان چاویان لەسەر هەڵبژاردنەکە نەبوو، بەڵکوو زۆربەى وڵاتانى عەرەبیى کەنداو، ئێران، وڵاتانى ڕۆژاوا و تەنانەت ڕووسیا و چین و...، زۆر بەگرنگییەوە دەیانڕوانییە هەڵبژاردنەکە، چونکە هەموو هەوڵەکانى ئەمریکا، ئیماڕات، سعوودیا و چەند وڵاتێکى تر لە پشتگیریى خۆپێشاندانەکانى تشرینى ٢٠١٩، بۆ وەچەرخانێکى سیاسیى گەورە بوو لەم هەڵبژاردنە. بەڵام ئەوەى لەسەر ئەرزى واقع ڕوو دەدات، لە ئاستى چاوەڕوانییەکان نییە کە پێشبینیى گۆڕانى نەخشەى سیاسیى عێراق بکەین بەهۆى هەڵبژاردنەکانەوە، چونکە گۆڕانێكی ئەوتۆ لە پێکهاتەى شیعەکان و حەشدى شەعبى و هەژموونى ئێران لە عێراق پێش هەڵبژاردن، ڕووی نەدا! هەر بۆیە پێش هەڵبژاردن پێشبینیى ئەوەمان کرد کە هەڵبژاردن نابێتە دینامیکییەتى سیاسى بۆ هەژاندنى ئەم چەقبەستوویییە سیاسییەى عێراق. کێڵگەى لێکۆڵینەوەى ئێمە لەم نووسینەدا عێراقە؛ بۆ ئەو بارودۆخەى هەڵبژاردنى لە پێناو کرا و، تاوتوێکردنى ئەو داهاتووە سیاسییەى کە دەرەنجامەکانى هەڵبژاردن دیارى دەکات.
هەڕەشەى دەرەنجامەکان لەسەر داهاتووى سیاسیى عێراق
هەرچەندە هەڵبژاردن دەرفەتێک بوو بۆ گۆڕانگارى، چاکسازى، پشتگیریى نێودەوڵەتى و هەرێمى، هەروەها دوورخستنەوەى دەستوەردانى ئێران و چەندین دەرفەتى تر، بەڵام بەپێچەوانەوە کۆمەڵێک هەڕەشە و مەترسى لەگەڵ خۆى دێنێت کە لە خوارەوە ئاماژە بە بەشێکیان دەکەین:
یەکەم: کەمبوونەوەى زیاترى بەشداریى سیاسى
یەکێک لە کێشە و مەترسییە گەورەکانى بەردەم هەڵبژاردن و داهاتووى حوکمڕانێتى، دیسان کەمبوونەوەى بەشداریى سیاسییە لە عێراق؛ چونکە وەکوو باس کرا هیچ بارودۆخێک لە دواى هاتنى "کازمى" نەگۆڕاوە تاوەکوو بەشدارى زیاتر بێت؛ بەپێچەوانەوە گرانبوونى لەڕاددەبەدەرى کەلوپەل و خواردن و پێداویستییەکانى ژیان و نەبوونى خزمەتگوزارى و گرانبوونى دۆلار و چەندین قەیرانى تر بەهۆى سیاسەتى کازمییهوه کەڵەکە بووە، کە ئەمانەیش بەردەوام دەبنە بەربەستى بەشداریى سیاسى. بە هەرێمى کوردستانەوە ئهوجا بەشداریى هەڵبژارنەکانى ٢٠١٨ گەیشتە ٤٤%؛ هەندێک ڕاپۆرتى بیانى باسیان لە بەشداریى ٢٥%ى ناوەڕاست و باشوورى عێراق دەکرد. کێشەى جددى لێرەدا ئەوەیە کە هەڵبژاردنى پێشوەختە بۆ بەرزکردنەوەى ڕەوایەتیى سیاسى بوو، بەڵام ئەم جارە ڕەوایەتى کەمتریش بوو، چونکە بەشداریى هەڵبژاردن، هاتە خوار بەشدارییەکەى ساڵى ٢٠١٨. ئەم جارە زیاتر لە ٦٠%ى ئەوانەى مافى بەشدارییان هەبوو بایکۆتیان کرد و ئامادە نەبوون ڕەوایەتى بدەنە هیچ هێزێکى سیاسى.
لێرەدا دەبێ هەڵە ڕاست بکرێتەوە یان ڕاستییەک بۆ خەڵک ئاشکرا بکرێت، ئەویش ئەوەیە کە ئەم ڕێژەیە تەنیا لەسەر ئەوانە هەژمار کراوە کە کارتى دەنگدانیان هەیە؛ واتە نۆ ملیۆن دەنگدەر چۆتە سەر سندووق و دابەشى ٢٢ ملیۆنى تۆمارکراو کراوە، بەڵام لە ڕاستیدا نزیکەى ٢٥ ملیۆن کەس لە عێراق مافى دەنگدانى هەبوو. واتە ئەگەر ژمارەى بەشداریى ڕاستەقینە لە کۆى گشتى دەربکەین، دەبێتە (٣٦%)ى بەشداریى سیاسى لەم هەڵبژاردنە. کەواتە ڕێژەکە بە بەراورد بە هەڵبژاردنى سێ ساڵ لەمەوبەر کە بەهۆى بەشدارییەوە کێشەى ڕەوایەتیى هەبوو، ئەم جارە خراپتر بووە و (٨%)ى تریش هاتۆتە خوارەوە، چونکە ڕێژەى بەشداریى پێشتر (٤٤%) بوو. ئەى لەگەڵ هەڵبژاردنى یەکەم (٢٠٠٥) تاوەکوو ئێستا چەند جیاوازن؟ ئەوە هەر کارەساتە، چونکە بەشداریى سیاسى، سەرەتا نزیکى ٨٠% بوو (٧٩.٦) و، ئێستا (٣٦%)ه؛ واتە نزیکەى (٤٤%) دابەزیوە. ئهوجا لەمەودوا چ میکانزمێک دەگیرێتە بەر بۆ گۆڕانى نەخشەى سیاسیى داهاتووى عێراق؟ کەواتە هەڵبژاردن بۆچى کرا؟ بۆ لێ نەگەڕان ئەو ساڵەى ئەم خولەى پەرلەمان تەواو بێت و لە کاتى خۆى بکرێتەوە، مادام هەمان هێزەکان و بگرە هەندێکیان بە کورسیى زیاترەوە هاتوونەتەوە؟
کەمبوونەوەى بەشداریى سیاسى بە ماناى کەمبوونەوەى متمانەى سیاسى دێت. دابەزینى متمانە و بەشدارى پێکەوە، هاتنەخوارەوەى کێرفى شەرعییەتى سیاسی و بێئومێدیى خەڵکە لە بەکارهێنانى ئەم میکانیزمە بۆ گۆڕانکارى و پێشکەوتن و چارەسەرکردنى ئەو دۆزەخە سیاسییەى هێزە سیاسییەکان لە عێراق دروستیان کردووە. ئێستا خەڵک تێ گەیشت کە بەشدارییەکى ترى هەقیقیى سیاسى هەیە دەبێ بیکەن، کە ئەویش شۆڕش و ڕاپەڕینە بۆ گۆڕینى سیستهمەکە و بەدەر لەمە نە کۆنگرەى نیشتمانى، نە ناوبژیوانیى دەرەکى و نە هەڵبژاردن و هیچ چارەسەرێکى تر هەیە کە بەر لە تەماحکاریى هێزە شیعییەکان و ئێران بگرێت بۆ چاکسازى و دروستکردنى دەوڵەتى هاووڵاتى و دامەزراوەیى لە عێراق.
دووەم: گۆڕانکارى، بەڵام مانەوەى هێزە گەورەکانى شیعە
یاساى نوێى هەڵبژاردن نەک هەر نەیتوانى بەو گۆڕانە لە لیستى حزبى بۆ لیستى تاکەکەسى زیان بە حزبەکان بگەیەنێت، بگرە بووە هۆى باڵادەستیى زیاترى حزبەکان و گورزێک لە سەربەخۆکان و حزبە بچووکەکان. هەرچەندە کاندید و هاوپەیمانیى نوێ هاتنە پێشەوە، بەڵام نەیانتوانى بارودۆخەکە بشڵەژێنن. بەگوێرەى کۆمیسیۆنى هەڵبژاردنەکانى عێراق، ٢١ هاوپەیمانى تۆمار کران و ١٦٧ حزبى سیاسى کە ٥٨یان لەناو ئەو هاوپەیمانێتییانە بوون بەشدار بوون. ژمارەى پاڵێوراوان ٣٢٤٩ کەس بوو کە ٩٥١یان ئافرەت بوون. ٧٨٩ کەسى سەربەخۆ بەشدارییان کرد و ٩٥٩یان لەناو هاوپەیمانێتییەکان و ١٥٠١ کاندیدیش لەسەر حزبە سیاسییەکان چوونە کێبڕکێوە. کەچى لە کۆتایییەکەیدا چیمان بینى؟ بەهێزتربوونى حزبە شیعییەکان و فراوانبوونى کورسییەکانیان!
گەورەترین گۆڕانکاریى هەڵبژاردنى پێشوەختە لە بەرژەوەندیى سائیرون و سەدر و لە دژى حەشدى شەعبى بوو. هاوپەیمانیى سائیرون ڕێژەى کورسییەکانى یەکجار زۆر زیادى کردووە کە تاوەکوو ئێستا نزیک دەبێتەوە لە ٨٠ کورسى. ئەمەیش دەری دەخات کە لە ماوەى سێ ساڵى ڕابردوو موقتەدا سەدرى ڕێبەرى ڕەوتەکە چەندین تاکتیکى گرنگ و سەرکەوتووى بەکار هێنا بۆ ڕاکێشانى دەنگى کوتلەکانى نەسر، فەتح و چەندین دەنگدەرى ترى نزیک لە حەشد و لایەنگرانى ئێران. لێرەدا ئێمە باس لە هەموو فاکتەرەکانى سەرکەوتنەوەى سەدر ناکەین، بەڵام سەرکەوتنى سەدر بۆ عێراقییەکان و بەتایبەت بۆ هەرێمى کوردستان دڵخۆشکەر نییە، چونکە بەکورتى پاڵێوراوانى سەدر لە ماوەى ڕابردوو لە کابینەکانى حکوومەت شکستخواردوو بوون و لە ئاستى چاوەڕوانیى خەڵک نەبوون لە لایەک و، لەلایەکى تر کارى پراکتیکیى ڕەوتەکە لەگەڵ دروشمەکانیان یەک ناگرێتەوە. سەبارەت بە هەرێمى کوردستانیش ئەم ڕەوتە توندڕەون و ئەگەر سەرنج بدەین لە دوایین هەڵوێستیان بەرامبەر بە هەرێم لە مانگى ڕابردوو زۆر دەمارگیرانە و توندوتیژ دەرکەوتن؛ کاتێک سوننەکان لە هەولێر بەبێ ئاگاداریى کورد کۆنگرەیەکیان بەست، خودى سەدر هەڕەشەى ئەوەى کرد کە "ئەگەر بێت و هەرێمى کوردستان نەیانداتە دەست خۆمان، دێیین ئەو سەهیۆنییانە دەبەین." ئەمە جگە لەوەى لە کاتى ڕیفراندۆم، ١٦ى ئۆکتۆبەر، بوودجەبڕین و چەندین وێستگەى تر هەوڵێستى نەرێنییان هەبووە. کێشە هەڵپەسێردراوەکانى هەرێم و بەغدا، مانەوەى هێزەکانى هاوپەیمانان لە هەولێر، هێزە کوردییەکانى پارچەکانى تر لە هەرێم، پەیوەندیى هەرێم و دەرەوە و چەندین پرسى تر، دەبێته جێگەى مشتومڕى توندى هەرێم لەگەڵ سەدرییەکان ئەگەر ببنە حاکمى ڕەهاى عێراق.
گۆڕانێکى ترى هاوکێشەى شیعەکان، لاوازبوونى هەژموونى سیاسیى حەشدى شەعبییە. ئەمە بەئاشکرا لە ڕەوتەکانى نزیک لە ئێران ڕووی دا، کاتێک هادى عامرى و کوتلەى فەتح لە ڕیزى پێشەوە هاتنە خوارەوە و ناتوانن وەکوو جاران لەناو کابینە و لەناو پەرلەمان هەڵوێست بنوێنن؛ واتە جۆرێک لە لێدان بوو لە حەشدى شەعبى. بۆ کوتلەى فەتح، بەتایبەت شۆکێکى سیاسیى گەورە ڕووی داوە؛ ئەم لایەنە لە ٤٨ کورسى هاتۆتە خوارەوە بۆ تەنیا ١٤ کورسى! "هێزى دەوڵهت"یش ١٠ کورسیى هێناوە. هەرچەندە بەهۆى باڵادەستیى سەربازیى حەشد و پشتگیریى ئێران لەلایەکى ترەوە، لەم خولە ناتوانرێت ئەمانە بکرێنە دەرەوە، بەڵام لە ڕووى هەژموونى سیاسییەوە گورزیان بەرکەوتووە. ئەمە بە ماناى چى دێت؟ بێ گومان پێش هەموو شت ئەو ٤٨ کورسییەى پێشووى فەتح و عامرى بههۆی خەبات و قوربانیى حەشدهوه بوو بۆ پاراستنى عێراق لە داعش، بەڵام ئەو مامەڵە نادروست و دژەمرۆڤانەى لە ماوەى سێ ساڵى ڕابردوو دژ بە خۆپێشاندەران، هاوپەیمانان، کابینەى حکوومەت كردی و، هەموو ئەو پێشێلکارییە یاسایییە و ئەو مۆدێلە مافیایییەى دروستیان کرد، کە بەتەواوى هاووڵاتیانى عێراق و وڵاتانى دۆستى عێراقى تووڕە و بێزار کردووە، وای كرد دەنگدەرى عێراقى سزاى بدات. ئەمە گومانى تێدا نییە کە لە بەرژەوەندیى هەرێمى کوردستانە، بەڵام وەکوو لە سەرەوە باسمان کرد، ئەگەر هەرێم بتوانێت دیپلۆماسییەتێکى دروست لەگەڵ ئەو عەقڵییەتە توندڕەوەى سەدرییەکان بکات.
لەگەڵ هەموو ئەمانەیش، هێشتا هێزە شیعییە کاریگەرەکان لە گۆڕەپانەکە بەهێزن! ئەوەتا دەوڵەتى یاسا پاش ئەوەى لە ٩٢ کورسى، هاتە سەر ٢٥ کورسى، ئەمڕۆ بەرز بووەوە بۆ ٣٣ کورسى و بووەوە دووەمین هێزى شیعە لە عێراق. ئەمە بە ماناى چى دێت؟ دەنگدەرى عێراق بە جۆرێک ئاڵوودەى هزرى شیعەگەرایى و زاڵبوونى ئەو ئایدیۆلۆژییه سیاسییە بووە، کە ئەستەمە دەستى دەرەکى و هەوڵى بەدیموکراتیزەبوون و مەدەنییەت گۆڕانکاریى تێدا بکات. ئێستا دەرکەوت کە نەخشەى داهاتووى سیاسیى عێراق لەلایەن ئەم هێزانەوە دەنەخشێنرێت. هاووڵاتیى عێراقى و ناعێراقی چارەى نییە؛ دەبێ سەیرى گەمەى ئەم هێزە شیعییانە بکاتەوە کە پێشتر پۆستە گەورە و بچووەکەکانیان یەکلایی دەکردەوە.
لێرەدا دەرفەت نییە کە بەدرێژى باس لە هۆکارەکانى مانەوە و سەرکەوتنى ئەم هێزانە بکەین؛ تەنیا دەمانەوێت بڵێین کە دەستبەسەرداگرتنى چەک و پارەى عێراق و کەڵەکەبوونى ئەو دوو میکانیزمەى هێز بە چەشنێکە، کە تەنیا بە بەکارهێنانەوەى هەمان ئەو ئامرازانە دەتوانرێت ئامانجى ڕاستەقینەى عێراقییەکان بێتە دى و گۆڕانکارى بکرێت. بەڵام ئەمەیش هیچ دڵنیایییەک نادات کە ئەوکات عێراق وەکوو لیبیا، سووریا و یەمەنى لێ نایەت.
سێیەم: بێهیوابوونى خۆپێشاندەران و دەستپێکردنى زەنگى مەترسى
لە ئان و ساتى خۆپێشاندانەکان کۆمەڵێک ئەجێنداى سیاسى بە ناو و زارى خۆپێشاندەران فڕێ درایە گۆڕەپانەکە، کە گوایە داواى هەڵبژاردنى پێشوەختە، گۆڕینى یاساى هەڵبژاردن، گۆڕینى دەستوور، دەستلەکارکێشانەوەى سەرۆکوەزیران، دانانى کابینە و سەرۆکى نوێ و چەندان شتی تر دەکەن. ئێران و هێزە شیعییەکانى دەسەڵات لە عێراق زۆر جوان مامەڵەیان لەگەڵ ئەم ڕەوشە نوێیەدا کرد کە بە پاڵپشتیى ئەمریکا، ئیسڕائیل و ئیماڕات هاتبووە کایەوە. هاتن هەر خۆیان ئەم داواکارییانەیان بە ناوى خۆپێشاندەرانەوە خستە ڕۆژەڤەوە، یاخود با بڵێین ئەمانە داواکاریى ڕاستەقینەى خۆپێشاندەرانیش بوون، بەڵام بە شێوەیەک موتوربەیان کرد کە وەکوو کورد دەڵێ "کوچک لە ئاگر گەرمتر" بێت؛ بەو مانایەى کە خەڵک ئێستا "سەد خۆزگە بە کفندز" بخوازن. هەموو داواکارییەکانیان بۆ جێبەجێ کردن؛ ئەوەتا هەڵبژاردنى پێشوەختهیان کرد و یاساى هەڵبژاردنى نوێیان دانا و سەرۆکوەزیران و کابینەیان گۆڕى و هتد. بەڵام ئاخۆ ئەمە چ لە بارودۆخەکەى گۆڕى؟
گومان لەوەدا نییە کە هەڵبژاردنى پێشوەختە تەنیا ئازارشکێن (مسکن)ێکى سیاسى بوو کە دەسەڵاتدارانى ئێستا لە خۆپێشاندەرانى تشرینى ٢٠١٩یان دا و، سەرەڕاى کوژرانى نزیکەى ٧٠٠ کەس و برینداربوونى زیاتر لە ١٠ هەزار خۆپێشاندەر، کەچى ئەمڕۆ دەبینین کە هەمان هێزى سیاسى و بە شەرعییەتى زیاترەوە دێنەوە گۆڕەپانى سیاسى، کە ئەم جارە ناتوانرێت باسى میکانیزمى هەڵبژاردنى پێشوەختەیشیان لەگەڵدا بکرێت!
چوارەم: دەستبەرداربوونى ئەمریکا و هاوپەیمانان
ئێران پێش هەمووان پێشوازیى لە شێوازى دەنگدان و دەرەنجامەکانى کرد؛ ئەمەیش بەم مانایە دێت کە هەرچەندە لایەنگرانى حەشد و ئێران شکستیان خوارد، بەڵام ئێران دەتوانێت بەئاسانى لە ڕێگەى سەدرییەکان و دەوڵەتى یاسا و لایەنە شیعییەکانى تر حوکمى عێراق بکاتەوە. دەرکەوت ئێران بە شێوەیەک لە عێراق دای کوتاوە، کە هاووڵاتییەکى عێراقیى شیعى هیچ جیاوازییەک نەکات لە نێوان حوکمڕانێتیى ئێران و عێراق و، وەکوو یەک سەیرى ئامانجى هەردوو وڵات دەکات. ئەمەیش پێویستیى بە کات هەیە بۆ گۆڕانى ئەو ئایدیۆلۆژییە سیاسییەى کە ئێرانییەکان لە ماوەى هەژدە ساڵى ڕابردوودا هاووڵاتیانى عێراقییان پێ پەروەردە کردووە. بەڵام گۆڕانکارى لەم عەقڵییەتە مەحاڵ نییە، چونکە بەشێک لە شیعەکان لەم خۆسەپاندنەى ئێران بێزارن و لە خۆپێشاندانەکانى تشرینى ٢٠١٩ کونسڵگەریى ئێرانیان چەندان جار سووتاند؛ هەروەها کوتلە سیاسییەکانى حەشدیان لە دەنگدان سزا دا.
ئەمریکا و هاوپەیمانەکان چاوەڕوانى ١٠ى ئۆکتۆبەر بوون، تاوەکوو هیچ پاساوێک بۆ عێراقییەکان نەهێڵنەوە کە لە ساتى جێهێشتنى یەکجاریى ئەم وڵاتە وەکوو هاووڵاتیانى ئەفغان گازەندەى جێهێشتنى وڵاتەکە بکەن. ئەمریکا لە کۆتاییى ئەمساڵ هێزەکانى لە عێراق دەکێشێتەوە و وڵاتەکە دەداتە دەستى ئەو چارەنووسەى کە عێراقییەکان خۆیان لە ١٠ى ئۆکتۆبەر بۆ خۆیان و داهاتووى حوکمڕانێتیى عێراق نووسییانەوە. تەنیا هیوایەکى ئەمریکا و هاوپەیمانەکانى، کوتلەى سەدرە کە تاچەند دەتوانێت لە حوکمڕانێتیى داهاتوو سەرکەوتوو بێت و، چەند دەستى ئێران لە ناوچەکە دوور دەخاتەوە؛ چونکە سەدر تا ڕاددەیەکى زۆر هەستى ناسیۆنالیستیى عێراقیبوونى بەهێزە لەگەڵ ئەوەى ڕێبەرێکى شیعییە.
بارودۆخى هەرێمى کوردستان لە پەراوێزى هەڵبژاردنى پێشوەختە
بەپێچەوانەى ئەو ئاواتانەى هەڵچنرابوو لە هەرێمى کوردستان لەسەر گۆڕانى نەخشەى سیاسیى عێراق بەهۆى هەڵبژاردنەوە، لە لیستى حزبى سیاسى بۆ لیستى کەسى و لە زۆرینەى ڕێژەیییەوە بۆ زۆرینەى سادە و لە ١٨ بازنەیییەوە بۆ ٨٣ بازنە و...، کە وا بکات بارودۆخێک بێتە کایەوە کە دەوڵەتى دامەزراوەیى و دەستوورى دروست بێت و ڕێز لە مافە دەستوورییەکان بگرێت، دۆخێک هاتە کایەوە کە هەم تائیفەگەرى و ناوچەگەرى بەهێز دەبێت و هەم حزبە بچووکەکان بەرەو لەناوچوون دەچن و و، بەمەیش لە جیاتى بەرزکردنەوەى یەکڕیزى و فراوانکردنى بەشداریى بەرەى نیشتمانى، بەپێچەوانەوە دوورکەوتنەوە، زیادبوونى ڕق و کینە و نائارامى دروست دەبێت و ئەمەیش پەل دەهاوێ بۆ ناسەقامگیریى سیاسیى لێرە و لەوێ و، بیرکردنەوە لە هێزى بەدیل کە دوور نییە ئەمە هەلێک بداتە داعش و هێزە توندڕەوەکانى تر بۆ بونیادناوەى هەمان بارودۆخى پێش ٢٠١٦. وەکوو لە بایکۆتى هەڵبژاردن و کەمبوونەوەى زیاترى بەشداریى سیاسى بینیمان، کە ئەوە پرسیارى جددى لەسەر ڕەوایەتیى سیاسیى چینى حوکمدار لە عێراق دروست دەکات.
هەڵبژاردنەکانى پێشوەختەى عێراق زیانى زیاتر بوو لە قازانجى، چونکە بەهۆى ڕەوایەتیدانەوە بەو هێزانە، تازە نە دەتوانرێت چاکسازیى سیاسى و ئابووریى ئەوتۆ بکرێت و نە کەشێکى سیاسى و یاسایى و ئابوورى و کۆمەڵایەتیى ئەوتۆ بۆ ئەم ئامانجە دێتە کایەوە. ئەمانە و ئاڵینگارى و بەربەستەکانى سەرەوە و گۆڕانکارى لە ستراتیژیى سیاسیى ئەمریکا و ڕۆژاوا، پێمان دەڵێت کە لە ساڵى داهاتووەوە چارەنووسێکى خراپ چاوەڕوانى عێراقە.
داهاتووى سیستهمى حوکمڕانێتیى عێراق لە دواى هەڵبژاردنى ئۆکتۆبەرى ٢٠٢١
تارمایییەکى تاریک ئاسمانى سیاسیى عێراق دادەپۆشێ و تا ماوەیەک عێراقییەکان و وڵاتانى تر بەدیار هەوڵەکانى گۆڕانکارى و بێسوودى و بێبەهاییى خۆپێشاندان و هەڵبژاردن و میکانیزمە دیموکراسییەکان دادەمێنن. ئەم کابینەیەیش وەکوو کابینەکانى تر لەسەر ڕێکكەوتنى نهێنیى ئێران و ئەمریکا پێک دێت و هیچ بەهایەک تەنانەت بۆ ئەو بەشدارییە کەمەیش دانانرێت كه تاوەکو ئێستا هەبووە، کە هیچ یەک لە پۆستە سەرەکییەکانى (سەرۆککۆمار، حکوومەت و پەرلەمان) لەسەر بنەماى زۆرینە و کەمینە و بە پشتبەستن بە دەرەنجامەکانى هەڵبژاردن دابەش نەکراون.
ئەمە بەو مانایە نایەت کە هەموو شت وەکوو ئێستا بەردەوام دەبێـت و بارودۆخەکە بەدڵى ئەو هێزە گەورانە بەڕێوە بچێت. بەپێچەوانەوە، ئەگەر گۆڕانکاریى گەورە ڕووی بدایە، پێش کۆمەڵگە، لە بەرژەوەندیى دەسەڵاتدارانى ئێستاى عێراق بوو، چونکە دەبووە لەمپەرێک لە بەردەم بیرکردنەوە لە ڕووخانى سیستهمەکە هەمووى. ئەم جارە خەڵک خۆپێشاندان ناکات، بەڵکوو بیر لە ڕێگهى توندوتیژ و ترسناک دەکاتەوە یان پشتگیرى لە هەر هەوڵێک دەکات بۆ لادانى ئەم هێزانە لە دەسەڵات.
کۆبەند
لە ماوەى سێ مانگى داهاتوودا کۆمەڵێک پێشهاتى گرنگ و چارەنووسساز دەبینین. کێشەکانى پێکهێنانى حکوومەتى عێراق، دەرچوونى ئەمریکا لە عێراق و ئەو ڕووداوانەى بەدوایدا دێ و گۆڕانى زیاترى کەشوهەوا و کاریگەرى لەسەر دانیشتووانى عێراق و چەند هەڕەشە و مەترسییەکى تر کە ڕاستەوخۆ کاریگەرییان لەسەر کۆمەڵگەى عێراقى دەبێت. لە عێراقدا، گۆڕانى کۆمەڵایەتى و ئابوورى، وابەستەى گۆڕانکاریى سیاسى و یاسایییە و ئەمانەیش بەئاسانى ناگۆڕێن و پێویستیان بە کاتى درێژە. میتۆدى نوێى گۆڕانکارى تاقى کرایەوە و، قوربانیى زۆریش درا بۆ بەئەنجامگەیاندنى ئەم هەڵبژاردنە پێشوەختەیە، بەڵام بێئەنجام مایەوە؛ بۆیە پێشبینى دەکەین دۆخەکە تا ماوەیەکى درێژ بە ئاراستەى پێش هەڵبژاردن بەردەوام بێت، ئەگەر عێراق لەو سێ مانگەى داهاتوو لەو سێ ڕووداوەى سەرەوە تووشى کێشە نەبێت. عێراقییەکان دەبێت چاوەڕوانى بارودۆخێکى هەرێمیى وەکوو بەهارى عەرەبى، داعش یان ڕووداوى هاوشێوە بکەن کە یارمەتیدەدەر بێت بۆ هەستانەوە دژى ئەو جۆرە حوکمڕانێتییە.